د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەكی گوڵاندا: سەردانە سەركەوتووەكەی سەرۆك بارزانی هۆكاری سەرەكیی ئەو دەسكەوتانە بوو كە لە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراقدا بۆ كوردستان بەدەس

د.بەشیر حەداد  جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەكی گوڵاندا:  سەردانە سەركەوتووەكەی  سەرۆك بارزانی هۆكاری سەرەكیی ئەو دەسكەوتانە بوو كە لە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراقدا بۆ كوردستان بەدەس
پێدەچێت خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ خولەكانی دیكەی ئەم ناوەندە یاسادانەرەدا جیاوازییەكی زۆری هەبێت، بەتایبەتی كە جۆرێك لە هەماهەنگی لەنێوان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بەدی دەكرێت، فراكسیۆنە كوردستانییەكانیش بە ئاراستەی كاری هاوبەش و پێكەوەیی و كوردستانی چەندین هەنگاوی گرنگیان هەڵگرتووە. شێوازی كاركردنی ئەم چەند مانگەی رابردوو لە پەرلەمانی عێراق و كاریگەریی سەردانی بارزانی بۆ بەغدا و باسی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان و تاوتوێكردنی پرسی ئاساییكردنەوەی كەركووك و چەند تەورێكی هەستیاری دیكەی دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق ناوەرۆكی ئەم دیدارەی گوڵان لەگەڵ د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێكدەهێنن.
كێشەی كەركووك بە دوو كلیل دەكرێتەوە
كە یەكێكیان بەغدایە و ئەوی دیكەیان
هەرێمی كوردستانە



* هەست دەكرێت خولی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەك لە شێوەكان لە خولەكانی پێشوو جیاوازە و جۆرێك لە هاوكاری و هەماهەنگی لەنێوان دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بەدی دەكرێت، ئایا دەكرێت باسی شێوازی كاركردنی ئەم چەند مانگەی رابردوومان بۆ بكەیت؟
- بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان. لەم چوار مانگەی دەستپێكی وەرزی یەكەمی ئەم خولەی پەرلەمان، تەنیا خەریكی ئەوە بووین كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار هەلبژێرین و حكومەت پێكبهێنین، لیژنەكانی ناو پەرلەمان دووبارە پێكبهێنینەوە و ئەندامانی فراكسێۆنەكان بەسەر لیژنەكاندا دابەش بكەین، هەروەها كارمان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە كردووە و ئەم یاسایەش پەسەند كراوە و تێپەڕیوە. لە پەڕاوێزی ئەم كارە گشتییانەی پەرلەماندا، خۆم وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەوڵمداوە هەر لەسەرەتاوە جگە لە كاری یاسادانان و چاودێریی پەرلەمانی، نەخشەڕێگایەك بۆ چوار ساڵی داهاتووی كاركردنم دابڕێژم لەسەر بنەمای دوو ئاراستە كە بریتین لە یەكەم: كۆكردنەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و لێكنزیكردنەوەیان بە مەبەستی دروستكرنی تێگەیشتنێكی هاوبەش لەنێوانیاندا، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، پێشتر جۆرێك لە ساردی و ئاڵۆزی لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا هەبوو، ئەمە وەك هەوڵێك بوو بۆ ئەوەی ئەو ساردی و ئاڵۆزییە كۆتایی پێبهێنرێت. بۆ ئەم مەبەستەش هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێجگە لە فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) بە دەنگەوەهاتنیان بۆ كاری پێكەوەیی هەبووە، تا ئێستاش چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان و كۆبوونەوەیەكیشمان لەگەڵ كۆی ئەندامانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەنجامداوە، هەروەها بڕیارمان داوە لیژنەیەك بە ناوی (لیژنەی هەماهەنگیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان) دروست بكەین و هەموو مانگێك كۆببینەوە بۆ ئەوەی رای هاوبەش لەسەر پرسە كوردستانییەكان دروست بكەین. دووەم: هەوڵمانداوە لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن و كاری هاوبەش لەگەڵ لایەنی عەرەبی لە عێراقدا پەیوەندی دروست بكەین، هەم لەناو پەرلەماندا لەگەڵ فراكسیۆنەكانی شیعە و سوننە، هەم لە دەرەوەی پەرلەمانیش هەوڵمانداوە لینكێك لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دروست بكەین، بۆ ئەم مەبەستە سەردانی زۆربەی فراكسیۆنەكان و سەركردە سیاسییەكانی عەرەبمان كردووە، بۆیە ئەم دوو هەنگاوە، كۆبوونەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراوانكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی عێراق گرنگترین ئەو كارانە بوون كە لە ماوەی رابردوو پێیەوە خەریك بووین.
* ئێوە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانن بۆ ئەم پۆستە و بێگومان كارەكانتان رەنگدانەوەی بەرنامەی پارتییە لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، ئایا فراكسیۆنە كوردستانییەكان وەڵامدانەوەیان بۆ كاری پێكەوەیی و هاوبەشیی كوردستانی لە چ ئاستیكدا بوو؟
- بەڵێ، من كاندیدی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانم بۆ ئەم پۆستە، سیاسەتی پارتیش لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەموو كات بەو ئاراستەیە بووە كە نوێنەرانی هەرێم بە یەكدەنگی و یەك هەڵوێستی داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، هەر بۆیە كە ئەم پۆستەمان وەرگرت، پێویست بوو وەك نوێنەرانی خەڵكی كوردستان پێكەوە كۆببینەوە، خۆشتان دەزانن هەموو حزبەكان خەڵكی دەستەبژێر و ئەكادیمی بۆ ئەندام پەرلەمان هەڵدەبژێرن و ئەوانەشی ئەمجارە ببوونە ئەندام پەرلەمانی عێراق بەشی زۆریان تازە بوون، بۆیە دەبوو پێكەوە تێگەیشتنێكی هاوبەش دروست بكەین، لەسەر ئەم بنەمایە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونمانەوە داوامان كرد لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆببینەوە، لەم كۆبوونەوەیەدا جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە ئێمە هەموومان نوێنەرایەتیی میللەتێك دەكەین، نەك تەنیا لایەنێك، واتە پەیامی میللەتێكمان پێیە كە ئەویش گەلی كوردستانە، هەروەها راستە ئێمە هەر فراكسیۆنێكمان سەر بە لایەنێكی سیاسیی دیاریكراوین و دەبێت پابەندبوونمان بە سیاسەتی لایەنەكەی خۆمان هەبێت، بەڵام لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكاندا كە پەیوەستن بە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان، كۆی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان خاڵی هاوبەشی زۆریان هەیە و پێویستە ئێمە لەسەر ئەم پرسانە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بین، ئەوەشی پەیوەندی بە تێڕوانین و سیاسەتی حزبییەوە هەبێت، ئەوا هەر فراكسیۆنێك ئازادە چۆن بیر دەكاتەوە. سوپاس بۆ خوا، لەسەر ئەم پرسە هەموو لایەك یەكدەنگ و یەك هەڵوێست بووین، بۆیە دوای ئەم كۆبوونەوەیە چەندین كۆبوونەوەی دیكەمان ئەنجامدا، ئەمەش نەك هەر لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان، بەڵكو لەگەڵ هەر 58 پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و دوو كۆتا كۆبووینەوە، جگە لە (فراكسیۆنی نەوەی نوێ) كە هەر لە سەرەتاوە بایكۆتی كۆبوونەوەكانی فراكسیۆنە كوردستانییەكانیان كرد، دیارە لە خولەكانی پێشووتردا هاوپەیمانیی كوردستانی هەبوو، ئەم هاوپەیمانییە وەك یەك فراكسیۆن كاری دەكرد، ئێستاش تابلۆی ئەم هاوپەیمانییە لەناو پەرلەمانی عێراقدا ماوە، كاتێك داوا كرا كە ئەو تابلۆیەی (هاوپەیمانیی كوردستانی) لاببرێت، چونكە نەماوە، پێشنیارمان كرد با ئەو تابلۆیە هەربمێنێت بەو هیوایەی رۆژێك هەمان هاوپەیمانی دروست ببێتەوە و هەموومان پێكەوە وەك فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی لە ناو پەرلەمانی عێراق داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، ئەوەیە كە ئاكامی باشی ئەم یەكڕیزییە داكۆكیكردن بوو لە پشكی كوردستان لە یاسای بودجەی عێراق، كە توانرا ئەو داكۆكییە سەركەوتوو بێت و بودجەكە تێپەڕێت، بەڵام لێشتان ناشارمەوە، هەندێك جاریش ئەم هەماهەنگییە لەسەر هەندێك پرس و بۆچوونی جیاواز لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا درزی تێدەكەوێت، وەك پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پرسی دانانی وەزیری (داد) لە حكومەتی عێراقدا.
* ئایا هەوڵتان نەداوە جیاوازیی تێڕوانینی لایەنە سیاسییەكان لە یەكتری نزیك بكەنەوە بۆ ئەوەی ئەو درز و كەلێنانەش پڕ بكەنەوە؟
- بەڵێ، بیرمان لەمەش كردۆتەوە، گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتەی، چەند پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە كوردستان لە یەكتری نزیك بێت و تێگەیشتی هاوبەش لە نێوانیاندا هەبێت، ئەوا كارەكەی ئێمەش لە بەغدا ئاسانتر دەبێت. هەر بۆ ئەم مەبەستە لە گەڕانەوەی ئەمجارەمان بۆ كوردستان بڕیامان دا كە سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكان بكەین، ئەم سەردانانە لە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو (7/2/2019) دەستمان پێكردووە و پێمان راگەیاندوون، ئێمە وەك نوێنەرانی گەلی كوردستان لە بەغدا داواتان لێدەكەین لە كوردستان لەسەر جیاوازییەكانی نێوخۆتان رێكبكەون بۆ ئەوەی ئێمە لە بەغدا بەهێز بین، سوپاس بۆ خوا ئەوەی لەو كۆبوونەوانە گوێمان لێی بووە، پەرۆشیی لایەنەكان بووە بۆ بەهێزیی نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا و ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە.
* دەكرێت دەستپێكی كاری نوێنەرانی كوردستان لە خولی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا بە دەستپێكێكی سەركەوتوو لە قەڵەم بدرێت، هەر ئەم سەرەتا سەركەوتووەش بووە هۆكاری ئەوەی بارزانی سەردانی بەغدا بكات و هەر لەوێ رایگەیاند دەرفەتێكی باش هاتۆتە پێشەوە، ئایا گرنگیی ئەو سەردانەی بارزانی بۆ بەغدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا بە مانای وشە سەردانێكی مێژوویی و گرنگ بوو، لەبەر ئەوەی بەم سەردانە بەستەڵەكی نێوان هەرێم و بەغدای تواندەوە و رۆڵێكی هێجگار گەورەی لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوولادا هەبوو، بۆیە ئەم سەردانە هێز و توانایەكی گەورەشی بە ئێمە بەخشی بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر كاربكەین. راشكاوانە دەڵێم ئەو دەستكەوتەی لە پشكی كوردستان لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ بەدەستهاتووە، هۆكارە سەرەكییەكەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بوو بۆ بەغدا، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو بە هاتنی بەڕێزیان بۆ بەغدا لایەنە سیاسییە عەرەبییەكانی عێراق لە نییەتپاكیی بەڕێزیان تێگەیشتن كە ئەو ئامانجیەتی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێت، بەمەش فراكسیۆنە عەرەبییەكان لە پرسی بودجە نەرمییان نواند و توانرا تێپەڕێندرێت، جارێكی دیكە دووپاتی دەكەمەوە، راستە هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێكەوە كارمان كرد و ماندوو بووین لە سەركەوتنی ئەم پرسەدا، بەڵام بە ویژدانەوە دەبێت ئەو راستییەش بڵێین كە كاریگەریی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی هێندەی هەموو هەوڵەكانی ئێمە و زیاتریش رۆڵی هەبوو بۆ ئاسانكردنی كارەكانی ئێمە.
* سەردانی بارزانی بۆ بەغدا چ پەیامێكی راشكاوانەی بۆ بەغدا لە خۆ گرتبوو؟
- سەردانی سەرۆك بارزانی پەیامێكی بۆ بەغدا لە خۆی گرتبوو، كە هەرێمی كوردستان دەستی ئاشتی درێژ كردووە و دەیەوێت كێشەكان بە ئاشتی چارەسەر بكرێت و دەمانەوێت لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدرێتەوە و پەیوەندییەكی تازە لەگەڵتان دروست بكەینەوە، بەڵام بەو مەرجەی ئێوەش بە سیاسەتە چەوتەكانی خۆتاندا بچنەوە و دووبارەی نەكەنەوە لەگەڵماندا. كە لایەنە سیاسییەكانی بەغدا ئەم پەیامە راشكاوەیان لە سەرۆك بارزانی بیست، ئەوانیش پەیامی خۆی پێشكەش كرد، پەیامی ئەوان ئەوە بوو: بەڵێ جەنابی سەرۆك، پێتان رادەگەیەنین، ئێوە وەك هەرێمی كوردستان چەند پێویستان بە بەغدا هەیە، بەغدا زۆر زیاتر پێویستی بە هەرێمی كوردستانە بۆ بەردەوامیی پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری لە عێراقدا، بەڵام با بپرسین ئەم پەیامەی بەغدا بە چی دەركەوت؟ بێگومان بە راخستنی فەرشی سوور و ئەو پێشوازییە بەرزەی لە سەرۆك بارزانی كرا، ئەمە لە كاتێكدا جەنابی سەرۆك بارزانی هیچ پۆستێكی فەرمیی دەوڵەتی نییە، هەتا فەرشی سووری بۆ رابخرێت، بۆیە ئەم پێشوازییە بەرزە مانای ئەوە بوو، چۆن ئێوە پێویستتان بە بەغدایە، بەغدا بە هەمان ئاست و زیاتریش پێویستی بە هەرێمە، ئەوجا ئەمە نەك هەر لە بەغدا، بەڵكو لە نەجەفیش هەر فەرشی سووری بۆ راخرا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە نەك هەر حكومەت، بەڵكو لایەنە سیاسییەكانیش چاوەڕێی ئەوەن كە سەرۆك بارزانی رۆڵێكی گەورە بگێڕێت، لەمەش زیاتر لەسەر ئاستی ناوچەكەش لە چەند رۆژی رابردوو بینمان چۆن شای ئوردن پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرد، هەروەها بینیمان چۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی سەرۆك بارزانی كرد، هەروەها هاتنی رۆژانەی ئەو هەموو سەرۆك وەزیر و وەزیرانەی لەو وڵاتانی جیاوازی دنیاوە سەردانی هەولێر دەكەن، ئەمانە هەموویان یەك راستیمان پێ دەڵێن، ئەویش ئەوەیە كە جەنابی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان رۆڵێكی دیارو بەرچاویان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش هەیە و ئەمە تێڕوانینی عێراق و ناوچەكە و جیهانە بۆ ئەو رۆڵە گەورەیەی سەرۆك بارزانی دەیگێڕێت.
* ئایا لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، تەوەری سەرەكی گفتۆگۆكانی بارزانی لەگەڵ كۆی لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر چی بوو؟
- نەك بە تەنیا ئێمە، بەڵكو كۆی سەركردە سیاسییەكانی عێراق (بە شیعە و سوننەوە) سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بە مێژوویی و گرنگ وەسف دەكەن، ئەمە مانای ئەوەیە ئەم سەردانە بە كلیلی ئاساییكردنەوە و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە قەڵەم دراوە، بۆیە لە میانی گفتۆگۆكاندا سەرۆك بارزانی زۆر راشكاوانە جەختی لەسەر كۆی ئەو كێشانە كردۆتەوە كە لەنێوان بەغداو هەرێم بوونی هەبووە، وەك: دووبارەنەبوونەوەی ئەو سیاسەتە هەڵانەی پێشتر روویانداوە، دانانی میكانیزمێك بۆ ئاساییكردنەوەو چارەسەری ناوچە كێشە لە سەرەكان و دەستپێكردنەوەی هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140، چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی هەولێر وبەغدا لەسەر یاسای نەوت و گاز، چارەسەركردنی پشكی كوردستان لە یاسای بودجەی عێراق و.. هتد، بۆیە بە دروستكردنی رایەڵەی تێگەیشتن لەسەر ئەم پرسانە كارەكانی ئێمەی لە پەرلەمانی عێراق زۆر ئاسان كرد، لە بەرامبەریشدا بەڕێز د. عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق، كەسێكی شایستە و لێهاتووە بۆ ئەو پۆستە و وەڵامدانەوەكانی جددییەتێكی زۆری پێوە دیارە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
* وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق چەند جارێك سەردانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانت كردووە، ئایا هەر سەردانێكی رۆتینی بووە، یان بۆ ئامانجێكی دیاریكراو بوون؟
- من چەند جارێك سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراقم كردووە، جاری یەكەم بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی حكومەت بووە، دواتر بۆ بەدواداچوونی ئاكامی ئەو پرسانە چووین كە لە دوای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بڕیار دراوە هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنیان بخرێنەگەڕ. ئێمە بەردەوام بەدواداچوونیان بۆ دەكەین، لە سەردانی دووەممان بۆ لای سەرۆك وەزیران باسمان لە رۆڵی بەڕێزیان كرد لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها هەڵگرتنی ئەو بازگانە كە لەنێوان (هەولێر – كەركووك و هەولێر – موسڵ) دانرابوون، هەروەها باسی شایستە داراییەكانی جووتیارانمان كرد، لەسەر هەموو ئەم پرسانە وەڵام و تێڕوانینەكانی بەڕێز سەرۆك وەزیران زۆر واقیعی و ئیجابییانە بوون و جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دەبێت بە زووترین كات ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا ماون، چارەسەر بكرێن و نەمێنن، بێگومان بە كردەییش هەنگاوی باشی هەڵگرتووە و هەموو ئەو بڕیارانەی حكومەتی پێشووی عێراقی هەڵوەشاندۆتەوە كە بەرامبەر هەرێم دراون، ئێمەش لە پەرلەمان چەندین بڕیاری حكومەتی پێشوومان هەڵوەشاندۆتەوە، لە یەكێك لە دانیشتنەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیران، وەزیری نەوتی عێراقیش ئامادە بوو، لەسەر ئەم پرسە باسكرا كە بەپێی یاسای بودجەی عێراق دەبێت كوردستان پابەند بێت كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بكات، لەم كاتەدا وەزیری نەوتی عێراق گوتی: نەخێر 250 هەزار نییە، بەڵكو دەبێت كوردستان رۆژانە 485 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بكات، منیش پێمگوت: ئێمە باسی موعەدەلی رۆژانە دەكەین، لەمەش زیاتر ئێوە ماوەی چەند ساڵە بودجەی كوردستانتان بڕیوە و قەرزاری ئێمەن، حكومەتی كوردستان بە قەرزی كۆمپانیاكان توانیویەتی ژیانێكی مەمرەو مەژی بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكات، ئێمە ئەوە دەبینین كە سەرۆك وەزیران پشتگیری لەو بەرگرییانە دەكات كە ئێمە لە مافەكانی خەڵكی كوردستانی دەكەین.
* ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسی پشكی كوردستان لە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراقدا، ئاشكرایە لەو یاسایەدا پشكی كوردستان بە 12.6% تێپەڕیوە، ئایا خەڵكی كوردستان دڵی بە چیی ئەم بودجەیە خۆش بێت؟
- یاسای بودجە بە رێژە هات، بەڵام لە سەرەتادا كە رێژەی 17% وەك پشكی كوردستان دیاری كرابوو، یاسا نەبوو، بەڵكو رێككەوتنی سیاسی بوو، بۆیە هەموو ساڵێك مشتومڕ لەسەر كەمكردنەوەی دروست دەبوو، هەر بۆ دڵنیایی خوێنەرانیشتان، لەو كاتەی بەناو پشكی 17% بۆ كوردستان دیار كرابوو، هیچ ساڵێك ئەو پشكە رێژەی 9-10% ی زیاتری بۆ كوردستان نەهاتووە، چونكە بە لایەكی دیكە پارەكەیان دەبڕی، بەڵام ئەمساڵ لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەرژمێرییەكی ناراستەوخۆ كرابوو، بەپێی سەرژمێرییەكە كوردستان بە ناوچە كێشە لەسەرەكانیشەوە 13.9% دانیشتووانی عێراق پێكدەهێنێت، بەبێ ئەو ناوچانە رێژەكەی 12.6%، لە بەرامبەر ئەمە ئێمە چیمان كرد؟ گوتمان گرنگ نییە رێژەكە چەندە و ئەسڵەن رێژە لای ئێمە گرنگ نییە، بەڵام بەشە یاساییەكانی خۆمان لە یاسای بودجە چییە وەك خۆی بماندەنێ، بۆ نموونە، مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، مووچەی پێشمەرگە، بودجەی بەكاربەر بۆ دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پشكی كوردستان لە بودجەی وەبەرهێنان، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، لە خەرجی سەروەریی و حاكیمە، ئەو خاڵانەی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، لەو بودجە پشكی كوردستان بدەن و لێمان مەبڕن، بۆیە بە وەرگرتنی هەموو ئەو پشكانەی لە ماددە جیاوازەكانی بودجەی عێراقدا هەیە، كوردستانیش دەگرێتەوە، رێژەی 12.6% بە بەرارورد بەو پشكەی پێشتر بە ناوی 17% دەنێردرا، زیاتر دەبێت، هەر بۆ نموونە بڕی 454 ملیار دینار مانگانە دانراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران، 68 ملیار دینار مانگانە بۆ مووچەی پێشمەرگە كە دەكاتە كۆی 522 ملیار دینار مانگانە كە ئەم بڕە پەیوەندی بە كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغداوە نییە، ئەمەش سەرەتایەكی گرنگە بۆ پەیوەندییەكانی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدا.
* چۆن توانیتان ئەمانە لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان بچەسپێنن؟

- وەك لە سەرەتادا ئاماژەم پێكرد، سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی بارودۆخەكەی گۆڕی و ژینگەیەكی تازەی دروست كرد كە ئێمە باشتر دەمانتوانی كاربكەین و لایەنەكانی بەرامبەریش نەرمیی زیاتر بنوێنن، لەلایەكی دیكەوە ئێمە بیرمان لەوە كردبۆەوە كە بەردەوام پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا لە تەنگژە و هەڵكشان و داكشاندا بووە، بۆیە هەموو كات ئەو هەڵكشان و داكشانە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ناردن و نەناردنی بودجەی كوردستان كردووە، بۆیە ئێمە هەوڵماندا پشكی كوردستان لەم هەڵكشان و داكشانە بێنینە دەرەوە و بە یاسا بیكەین بە پابەندبوون بە سەر حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەر بۆ نموونە ئێستا حكومەتی كوردستان دەبێت پابەند بێت رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، لەبەرامبەر ئەمەدا بەغدا بودجەی هەرێمی كوردستان بدات، ئەمە پابەندبوونێكی یاساییە، بەڵام با گریمانەی ئەوە بكەین، ئەگەر حكومەتی هەرێم لە بەر هەر هۆكارێكی تەكنیكی، یان شتی دیكە نەیتوانی رۆژانە ئەو بڕە رادەستی حكومەتی بەغدا بكات، ئەوا حكومەتی بەغدا دەتوانێت لەو بڕەی كە بە نزیكەی 10 ترلیۆن دینار بۆ بودجەی كوردستان دانراوە، ئەو بڕە پارەیە ببرێت كە حكومەتی كوردستان نەوتی رادەست نەكردووە، بەڵام نابێت دەستكاریی مووچەی فەرمانبەران بكرێت، ئەوان لە وەڵامی ئەمەدا گوتیان چۆن دەبێت ئێوە نەوتیش رادەست نەكەن و ئێمە مووچەكانیش بنێرێن؟ لە وەڵامدا پێمان گوتن، مووچەی خەڵكی كوردستان پەیوەندی بە كێشەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغداوە نییە، هەر بۆیە كاتێك حكومەتی بەغدا كێشەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەبێت، پرسیار ئەوەیە ئایا دەستوور و یاسا سنووری دەسەڵاتەكانی هەردوو حكومەتەكەی دیاری نەكردووە؟ وتیان بەڵێ، ئینجا گوتمان با هەر دەستوور و یاسا كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكات، با حكومەتی بەغدا لە دادگای فیدڕاڵی گازندەی خۆی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار بكات، ئەم پرسە چ پەیوەندییەكی بە فەرمانبەرانی كوردستانەوە هەیە، هەتا مووچەكەی ببڕێت؟ لەمەش زیاتر ئایا هاووڵاتیانی كوردستان عێراقی نین؟ لە وەڵامدا وتیان، بەڵێ، عێراقین، وتمان باشە ئەگەر عێراقین چۆن دەبێت حكومەتی عێراق وەك عێراقی سەیرمان نەكات و مووچەی فەرمانبەران ببڕێت؟ بۆیە پێمان گوتن، ئەگەر ناتوانن لێمان گەڕێن ریفراندۆمەكەی خۆمان تەواو دەكەین و لێتان جیا دەبینەوە، ئێوە نە بەوە رازین ئێمە عێراقی بین، نە بەوەش رازین لێتان جیا ببینەوە، ئێوە كێشەتان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە، بۆ گەلی كوردستان سزا دەدەن؟ كێشەكانی خۆتان لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە دەستوور و یاسا چارەسەر بكەن. لەمەدا گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە نەرمی بنوێنن و پرسی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە گرێ نەدرێتەوە بە كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداوە. لێرەدا نابێت رۆڵ و ماندووبوونی خوشك و برایانمان و ئەندامانی كورد لە لیژنەی دارایی لە بیر بكەین، كە بە راستی هەوڵێكی زۆریاندا و جاری وا هەبوو تا سەعات دوو و سێی شەو كاریان دەكرد، كە بریتین لەو بەڕێزانە: (د. ئەحمەد سەفار- سەرۆكی لیژنە، ئەحمەدی حاجی رەشید، هوشیار عەبدوڵا، د. جەمال كۆچەر، شیروان میرزا و ئیخلاس سەباح.)

* خاڵێكی دیكەی گرنگ كە باسی لێوە دەكرێت مەسەلەی گێڕانەوەی پۆستەكانی دیكەی بەغدایە بۆ كوردستان، ئایا لەسەر ئەم پرسە كارتان كردووە؟
- بەڵێ، ئەم بابەتەش یەكێك بوو لەو پرسانەی لەگەڵ سەرۆك وەزیران د. عادل عەبدولمەهدی باسمان لێوە كرد، لەسەر ئەم پرسە پێمان راگەیاند، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان بەشمان خوراوە، نەك هەر لە پرسی بودجە، یا ماددەی 140، بەڵكو چەندین پۆست و پلە لە بەغدا پشكی كورد بوون، وەك بریكاری وەزارەت و سەرۆكی ئەركانی سوپا و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و شارەزاو راوێژكار و ..هتد، كە ئیستا بە خەڵكی غەیرە كورد پڕكراوەتەوە، پێویستە ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ خەڵكی كوردستان، لەبەرامبەر ئەمەشدا سەرۆك وەزیران وتی ئەمەش كاری لەسەر دەكەین و هەموو پۆستەكانتان بۆ دەگێڕینەوە. بەڵام لێرەدا خاڵێكی گرنگ هەیە كە دەبێت ئاماژەی پێ بدەین، ئەویش ئەوەیە كە زۆر جاران هێندەی خۆمان غەدر لە خۆمان دەكەین، هیندە نەیارەكانمان غەدریان لێ نەكردووین، ئێمە ئەگەر لەناوماڵی خۆمان تەبا بین و بە هێزەوە قسە لەگەڵ بەغدا بكەین، قەناعەتم وایە هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان وەردەگرینەوە. بەڵام ئەگەر لایەك هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی بینایەك دروست بكات و لایەكی دیكە هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی بیڕووخێنێت، ئەوا قەت ئەو بینایە تەواو نابێت.
* دوایین پرسیارمان سەبارەت بە پرسی كەركوكە، ئایا لەسەر ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك گەیشتوونەتە میكانیزمێكی هاوبەش؟
- من قەناعەتم وایە ئێستا بەغداش گەیشتۆتە ئەو راستییەی كە كەركووك نە تەنیا بە بەغدا بەڕێوە دەچێت، نە تەنیا بە هەرێمی كوردستان، بەڵكو كلیلی چارەسەری كێشەی كەركووك لە بەغدا و لە هەرێمی كوردستانە و ئەو كێشەیە بەو دوو كلیلە دەكرێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستە بە شێوازێك كێشەی كەركووك چارەسەر بكرێت، كە هەموو پێكهاتەكانی شارەكە بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی شارەكەدا، ئومێدەوارم باشتر ئەم پرسە بچێتە پێشەوە و هەموو هێزەكان لەناو شارەكە بچنە دەرەوە و پاراستنی ئاسایشی شارەكەش بدرێتە هێزێكی هاوبەش كە هەموو پێكهاتەكانی كەركووكی تیدا بێت.
Top