پاوڵ كوادرۆس پڕۆفیسۆری رۆژنامەگەری بۆ گوڵان: چەمكی هەواڵی ساختە بۆتە چەكێكی سیاسی بۆ هێرشكردنە سەر دەسەڵاتی چوارەم

پاوڵ كوادرۆس  پڕۆفیسۆری رۆژنامەگەری بۆ گوڵان:  چەمكی هەواڵی ساختە بۆتە چەكێكی سیاسی بۆ هێرشكردنە سەر دەسەڵاتی چوارەم
پاوڵ كوادرۆس پڕۆفیسۆری سكووڵی رۆژنامەگەرییە لە زانكۆی نۆرس كارۆلاینا، نووسەری رۆژنامەی نیویۆرك تایمز و ستووننوسی زە شاپێڵ هیڵ نیوزە، ئەزموون و شارەزاییەكی زۆری لە كاری رۆژنامەنووسیدا هەیە و كاری رۆژنامەگەری بۆ (تایم مەگەزین، پیوپڵ ویكلی) و چەندین رۆژنامە و گۆڤاری دیكە ئەنجام داوە، بۆ قسەكردن لەبارەی ئەو كێشە و گرفتانەی لە ئێستادا رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن دەبنەوە، هەروەها بۆ شرۆڤەكردنی دوایین گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونەكان لەم بوارەدا و تاوتوێكردنی ئایندەی ئەم پیشەیە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا.
* لە ئێستادا زۆر مشتومڕ دەكرێت لەبارەی كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندنەوە، هەندێك دەڵێن گۆڕانكاریی بنەڕەتی بەسەردا هاتووە و رۆڵی سرووشتی و تەقلیدیی خۆی لەدەست داوە، بەتایبەتی لە وڵاتی ئەمریكا، ئێوە چۆن لە واقیعی كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن دەڕوانن؟
- لە راستیدا كێشەی ژمارە یەك كە رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەری دەبێتەوە لە ئەمریكا، بریتییە لە بێمتمانەیی خەڵك لە ئاست كاری رۆژنامەگەری و بەدواداگەڕانی راستییەكان و تاوتوێكردنی راستییەكان.
* باشە پێتوایە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەم نەبوونی متمانەیە لە چیدا رەنگی داوەتەوە؟
- نەبوونی متمانە سەری كێشاوە بۆ دابەشبوونی پیشەی رۆژنامەگەری، كە تێیدا خەڵكی تەنیا بەدواداچوون و خوێندنەوە بۆ ئەو رۆژنامانە دەكەن، كە پێیانوایە راستییەكان بڵاو دەكەنەوە، یان با بڵێین تەنیا ئەو رۆژنامانە دەخوێننەوە، كە بیروبۆچوونەكانیان پشتڕاست دەكەنەوە و پەیوەندییان بە پرسێك، یان سیاسەتێك، یان سیاسەتمەتدارێكی دیاریكراوەوە هەیە.
* چ كێشەیەكی دیكە هەیە بتوانین ئاماژەی پێ بكەین، كە رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووس بە دەستیەوە دەناڵێنن؟
- ئەگەر ئێمە لە وڵاتی ئەمریكا بڕوانین، ئەوا لە پاڵ كێشەی نەبوونی متمانە بە پیشەی رۆژنامەگەری، هاوكات كێشەی دەستەبەرنەبوونی داراییش لەئارادایە، كەواتە پێویستە دەزگاو ناوەندە رۆژنامەگەرییەكان پێداچوونەوە بە كاری خۆیاندا بكەن، بۆ ئەوەی رۆژنامەگەری كە لەم رۆژگارەدا بۆتە رۆژگاری دیجیتاڵ، بتوانێت كاری خۆی ئەنجام بدات.
* باشە ئەو هۆكارە ریشەییانە چین لە ئاست كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندندا كە بوونەتە هۆی ئەوەی بەم ئاست و ئەندازەیە بێمتمانەیی دروست ببێت؟
- دەتوانین لێرەدا ئاماژە بە نەبوونی وەبەرهێنان لە رۆژنامەگەریدا بكەین، لەگەڵ بوونی كارنامە و ئەجێندای سیاسیی لایەنە سیاسییە جیاوازەكان، كە هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی خوڵقاندنی ئەو بێمتمانەییەی كە لە بەرامبەر رۆژنامەگەریدا لەلایەن خەڵكەوە هەیە.
* ئێمە دەزانین رۆژنامە و راگەیاندن بە دەسەڵاتی چوارەم ناسراون و لە چاودێریكردن و خستنەڕووی راستییەكاندا رۆڵیان هەیە، ئایا لە ئێستادا سرووشتی كاری راگەیاندن هێندە گۆڕاوە كە چیتر نەتوانێت ئەم ئەركە تەقلیدییە ئەدا بكات؟
- ئەوەی لەم رووەوە دەتوانین ئاماژەی پێ بكەین ئەوەیە كە لە ئەمریكا بە هۆی نەبوونی متمانە بە رۆژنامە و راگەیاندنەكان، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە بواری رۆژنامەگەریدا وەبەرهێنان ناكرێت، كاریگەریی راگەیاندن وەك دەسەڵاتی چوارەم كەمتر بۆتەوە. هەموو ئەمانە و روماڵنەكردنی هەواڵەكانی كۆمەڵگە مەحەلییەكان بوونەتە هۆی ئەوەی بۆشایی و كەلێنێكی گەورە دروست بێت، واتە لە ئێستادا خەڵكێكی زۆری ئەمریكا هەواڵەكانی پەیوەست بە رووداوەكانی نێو كۆمەڵگە مەحەلییەكانیان لەبەردەستدا نییە.
* ئەوەی لە ئێستادا لە ئەمریكا و بەتایبەتتر لەلایەن خودی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە مشتومڕی زۆری لەبارەوە دەكرێت و زۆر بەكار دەهێنرێت، بریتییە لە چەمكی هەواڵی ساختە، كە سەرۆك ترەمپ دەزگاكانی راگەیاندنی وڵاتەكەی پێ تۆمەتبار دەكات، بیروبۆچونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا چەمكی هەواڵی ساختە بۆتە چەكێكی سیاسی بۆ هێرشكردنە سەر دەسەڵاتی چوارەم و دەزگاكانی راگەیاندن، واتە لە ئێستادا سیاسەتمەدارەكان و پارتە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی دیكە ئەم چەمكە بەكار دەهێنن بۆ وەسفكردنی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی كە لەگەڵ كارنامە و تێڕوانینەكانیاندا یەك ناگرێتەوە، لە ئێستاشدا بۆتە كارێكی ئاسان كە دەستەواژەی هەواڵی ساختە بۆ هەر شتێك بەكار بهێندرێت، ئەویش بەهۆی ئەو بێمتمانەییەی كە خەڵكی لە ئاست رۆژنامەگەریدا هەیەتی.
* بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا و دروستبوونی ئامرازی دیكەی ناتەقلیدی لە بواری راگەیاندندا، كاریگەرییەكی زۆری لە سەر كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن هەبووە، بەڵام چۆن دەكرێت رۆژنامەگەری خۆی لەگەڵ ئەم بەرەوپێشچوونانەدا بگونجێنێت؟
- لە راستیدا ئێمە ئەوە بەدی دەكەین كە چۆن بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا لە ئاست رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووساندا كاریگەریی لەسەر سەرهەڵدانی بێمتمانەیی لەلایەن خەڵكەوە هەبووە، بەتایبەتی كە ئەمە لە ئەمریكادا بەدی دەكرێت، دەبینین چەندین راپۆرتی هەواڵگریمان هەیە كە ئاماژە بەوە دەكەن چۆن هێزی دەرەكی هەن و هەوڵدەدەن، لە رێی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بێمتمانەیی لەنێو رای گشتیی ئەمریكا لە ئاست رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووساندا دروست بكەن.
* شرۆڤەی ئێوە بۆ ئەم حاڵەتە چییە؟
- من پێموایە ئەمە لە وڵاتی ئێمەدا هێرشكردنەسەر دیموكراسییە، ئێمە دەزانین خودی دیموكراسی دەرفەت و پانتایی بۆ رەخنەگرتن و چاودێریكردنی كار و بڕیارەكانی دەسەڵاتی فیدراڵی و دەسەڵاتە مەحەلییەكان و دامەزراوە و كۆمپانیا تایبەتەكان دەڕەخسێنێت، بەڵام ئەوەی ئێستا روودەدات، حاڵەتێكی جددییە و دەبێت لەبەرچاوی بگرین.
* باشە با پرسیارەكە بە شێوەیەكی دیكەی بكەین، ئایا ئەم بێمتمانەییەی لە ئاستی رۆژنامەگەری و راگەیاندندا بوونی هەیە، لەسەر ئەدای دیموكراسی چ رەنگدانەوە و كاریگەرییەكی خراپی دەبێت؟
- بە تێڕوانینی من ئەم بێمتمانەییە لە ئاستی راگەیاندندا هەیە، دەرئەنجام و دەرهاویشتەی گەورەی دەبێت، چونكە ئەمە دۆخێك دروست دەكات كە چیتر خەڵكی نەزانن باوەڕ بە كێ بكەن، بگرە رەنگە هەلومەرجێك دروست بكات كە خەڵكی خۆیان لە حاڵەتێكدا ببیننەوە، كە چیتر باوەڕ بە هیچ شتێك نەهێنن.
* باشە ئەگەر ئەمە بارودۆخەكە بێت، ئایا لە دیدی ئێوەدا پێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی راگەیاندن بتوانێت رۆڵی سرووشتی و چاوەڕوانكراوی خۆی ئەدا بكات؟
- ئەوەی پەیوەندی بە ئەمریكاوە هەبێت، ئەوا هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، ئێمە بە دەست نەبوونی رۆژنامەگەرییەكەوە دەناڵێنین، كە هەواڵ و زانیارییە مەحەلییەكان روماڵ ناكات، واتە پێویستمان بە بوونی رۆژنامەگەرییەكی مەحەلی هەیە، كە تێیدا رۆژنامەنووسە مەحەلییەكان لەسەر ئاستی مەحەلی هەواڵ و زانیارییەكان روماڵ بكەن و بیگوازنەوە، بەڵام ئەنجامدانی ئەم كارەش بەهۆی دۆخە ئابوورییەكەوە سەخت و دژوارە، ئەمە لەسەر ئاستی مەحەلی. لەسەر ئاستی نیشتمانییش ئەوا هاووڵاتیان پێویستیان بە رۆژنامەگەرییەكە كە راستییەكانیان بۆ ئاشكرا بكات و تەحەددی دەسەڵات بكات و كەموكوڕی و درۆكانیان بۆ بخاتەڕوو.
* لەسەر بنەمای ئەو بەرەوپێشچون و گۆڕانكارییانەی ئاماژەت پێكردن كە لە كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندندا هاتوونەتەئاراوە، ئایا پێتوایە ئایندەی كاری رۆژنامەگەری چۆن دەبێت؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە كە بتواندرێت مسداقییەت و متمانە بەدەست بهێنێتەوە، یان كاری رۆژنامەگەری رۆڵی بەرەو كزبوون و ئاوابوون دەچێت؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر جددییە و لە راستیدا من وەڵامێكم بۆ ئەم پرسیارە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە ئومێد و هیوای من ئەوە بووە كە رۆژنامەنووس و راگەیاندنكاران ئەو دەرفەت و بوارەیان هەبێت، كە بتوانن راستییەكان بخەنەڕوو، یان گێڕانەوەكانیان نزیك بن لە راستی و ئەو رووداوانەی روودەدەن، بە چەشنێك كە خەڵكی بتوانن باوەڕ و متمانە بە رۆژنامەنووسان بهێننەوە، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە كە بارودۆخە ئابوورییەكە دژواری دروست كردووە و، بۆتەهۆی ئەوەی گۆڕانی هەلومەرجەكە بەم ئاراستەیەدا كارێكی زەحمەت بێت. دواتر من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە خەڵكی لە ئەمریكا درك بە گرنگیی پەیوەندی نێوان كاری رۆژنامەگەری و دیموكراسی دەكەن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئایا ئامادەن راستەوخۆ ئەو رۆژنامانە بكڕن، یان با بڵێین ئایا ئەو مۆدێلە ئابوورییە چییە كە دەبێت لەم رووەوە بگیرێتەبەر و لە دەرئەنجامدا بە خزمەتكردنی بەرژەوەندیی گشتی بشكێتەوە؟ واتە هەمیشە خەڵكی خوازیاری ئەوەن كە حوكمڕانەكان لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن، ئومێدەكە ئەوەیە كە خەڵكی رێگا و شێوازێك بدۆزنەوە كە لە رێیەوە بتوانن ئەو كەسانە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی كار و كردارەكانیان بكەنەوە، كە لە پێگەی حوكمڕانی و دەسەڵات و بەرپرسیارێتیدان.
Top