جێراڵد فێرشتاین باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە یەمەن بۆ گوڵان: ناڕوونی سیاسەتی ئەمریكا مەترسیدارە بۆ سەقامگیریی ناوچەكە
February 2, 2019
دیمانەی تایبەت
جێراڵد فێرشتاین جێگری سەرۆكی ئەنستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە واشنتۆن دی سی. بۆ ماوەی 41 ساڵ كاری سیاسی و دیپلۆماتی كردووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا- لە ساڵی 2016 خانەنشین بووە بە پلەی وەزیر-، لە ساڵی 2010دا، سەرۆك باراك ئۆباما جێراڵد فێرشتاینی وەك باڵیۆزی ئەمریكا لە یەمەن دامەزراند كە تاوەكو ساڵی 2013 لەم پۆستەدا مایەوە. بەڵام لە ساڵی 2013ەوە تاوەكو خانەنشین بوونی، بووە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروبارەكانی رۆژهەڵاتی نزیك. هەروەها رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە پەرەپێدان و جێبەجێكردنی سیاسەت و پڕۆگرامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی. بە شێوەیەكی گشتی تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتی ئەمنیی ئەمریكا، هاوكاری ئیقلیمی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا كە تەوەرەكانی پتر پەیوەست بوون بە سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ئێستای ئەم ناوچەیە و ئەو ئەگەر و پێشهاتانەی دەكرێت لە ئایندەدا رووبدەن.* وەك كەسێكی شارەزا و دپیلۆماتكارێكی گەورەی ئەمریكی كە پێشتر باڵیۆزی ئەمریكا بوویت لە وڵاتی یەمەن، ئایا بە تێڕوانینی ئێوە گەورەترین كێشە و تەحەددیی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چین؟
- پێموایە گەورەترین كێشە و تەحەددیی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەیە كە دیار نییە ئایا دەقاودەق ئەم سیاسەتە چییە، واتە روون نییە سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا چییە. چونكە ئێمە بینیمان پێشتر ئەمریكا پێداگری دەكرد لەسەر هێشتنەوەی هێزەكانی لە سووریا تاوەكو تێكشكاندنی داعش و كۆتاییهێنان بە بوونی وەكیلەكانی ئێران لەو وڵاتەدا، بەڵام ئەوەتا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دێت و بە بێ راوێژكردن لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەكەی، یان هاوبەش و هاوپەیمان و دۆستەكانی لە ناوچەكە و لە جیهاندا، رایدەگەیەنێت كە لە سووریا دەكشێتەوە.
* باشە نەبوونی سیاسەتێكی روون و جێگیر لەلایەن هێزێكی گەورە و دەستڕۆیشتووی وەك ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چ كاریگەری و دەرهاویشتەیەكی لێدەكەوێتەوە، بەتایبەتی بڕیاری كتوپڕی كشانەوە لە سووریا؟
- لە راستیدا ئەم چەشنە راگەیاندن و بڕیارانە ناڕوونییەكی زۆریان لێكەوتۆتەوە، چونكە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، جۆن بۆڵتۆن، سەردانی ناوچەكەی كرد و رایگەیاند نەخێر ئەمریكا دەمێنێتەوە، بە هەمان شێوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش، مایك پەمپیۆ لە ناوچەكە بوو و رایگەیاند ئێمە بەردەوام دەبین، كەچی دواتر سەرۆك ترەمپ دووپاتی كردەوە كە ئیدارەكەی سوورە لەسەر بڕیارەكەی و وەزارەتی بەرگریش پشتڕاستی كردەوە كە دەكشێتەوە. كەواتە كێشە گەورەكە ئەوەیە كە سیاسەتێكی روون بەدی ناكرێت و هەماهەنگییەك بەدی ناكرێت لە گرتنەبەری سیاسەتەكاندا.
* با پرسیارەكە زیاتر ورد بكەینەوە، ئایا نەبوونی سیاسەتێكی جێگیر لەلایەن ئەمریكاوە تا چ راددەیەك نیگەرانی و مەترسی لای دۆست و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا دروست كردووە؟
- بە دڵنیاییەوە، ئەمە نیگەرانی لای دۆستەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە دروست كردووە، چونكە ئەم هاوپەیمان و دۆستانە نازانن چ چاوەڕوانی و پێشبینییەكیان هەبێت لە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و نازانن چ پلانێك بگرنەبەر. لە هەمان كاتدا ئێمە دەزانین كە ئیدارەی ترەمپ رایگەیاندووە كە سوورە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی رەفتارەكانی ئێران و دەستتێوەردانی لە كاروبارە ناوخۆییەكانی دەوڵەتە دراوسێكانیدا، هەروەها لایەنەكانی دیكەی سیاسەتی ئێرانی كە ئەمریكا بە مایەی كێشەی دەزانێت بۆ خودی ئەمریكا و بۆ دۆست و هاوپەیمانەكانی. بەڵام لە هەمان كاتدا ئەم ئیدارەیە هیچ پلانێكی نییە بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە و تەنیا قسە و لێدوان دەدات لەبارەی ئەوەی چەند بە توندی رووبەڕووی ئێران دەبێتەوە، بەڵام لە واقیعدا تەحەددی ئێرانیان نەكردووە.
* ئێوە زیاتر تەركیزتان لەسەر ئێران كردەوە، ئایا چۆن لەلایەنەكانی دیكەی سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكا دەڕوانن لە ئاست پرس و بابەتەكانی دیكەدا، ئایا دەكرێت هەمان رەخنەكانی پێشوو لە لایەنەكانی دیكەی سیاسەتی ئەمریكا بگیرێت؟
- ئەگەر ئێمە لەبارەی لایەنەكانی دیكەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئەمریكاوە لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتدا بدوێین، ئەوا دەبینین ئەم ئیدارەیە باسی پلانی ئاشتی دەكات كە بیخاتەڕوو بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیی نێوان فەلەستین و ئیسڕائیل، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداریمان بەدی نەكردووە لەم رووەوە. تەنانەت ئەو بڕیارانەشی كە لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە دەركراون لە ئاست ئەم ناكۆكییەكەدا بڕیاری تاكلایەنانە بوون و ئەو بڕیارانە پتر لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیل بوون، بە چەشنێك دەتوانین بڵێین كە بۆتەهۆی ئەوەی بەدیهێنانی بەرەوپێشچوون لە پێناوی گەیشتن بە ئاشتییەكی درێژخایەن لە مەحاڵەوە نزیك بێت.
* ئایا مەبەستتان ئەوەیە كەلێن و دابڕانێك هەیە لە نێوان ئامانجە راگەیەندراوەكانی ئیدارەی ئەمریكا و ئەو سیاسەت و هەنگاوانەی ئەم ئیدارەیە لەسەر ئەرزی واقیع هەڵیاندەگرێت؟
- بەڵێ ئەمە وایە و ئەوەی دەتوانین لەم رووەوە بیڵێین ئەوەیە كە ئێمە دەزانین ئەو ئامانجانە چین كە سەرۆك ترەمپ رایدەگەیەنێت، هەروەها ئێمە دەزانین كە ئەو ئامانجانە چین كە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا دەیانخەنەڕوو، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە ئێمە رایەڵێك بەدی ناكەین لە نێوان ئەو ئامانجانەی دەستنیشانیان دەكەین، لەگەڵ ئەو كارانەی بەنیازن ئەنجامی بدەن، یان ئەنجامیان دەدەن بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە.
* باسی ئەوەتان كرد كە ناڕوونییەك هەیە لە سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست ئەم ناوچەیەدا، بەڵام خودی سەرۆك ترەمپ پێیوایە تەم و مژی و ناڕوونی خاڵێكی بەهێزە بۆ ئەداكردنی كاروبارەكانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، بۆچوون و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- بە دڵنیاییەوە پێموایە ناڕوونی لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئەمریكادا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا دەرئەنجامی ناسەقامگیركاری لێدەكەوێتەوە، لەبەر ئەوەی دۆست و هاوپەیمانی ئێمە نازانن سیاسەتەكانی ئێمە چییە، هەروەها دوژمن و ركابەرەكانی ئێمەش نازانن سیاسەتەكانی ئێمە چین، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شڵەژانێك لە ناوچەكەدا دروست بكات و لەم روانگەیەوە پێموایە ئەمە مەترسیدارە بۆ سەقامگیریی ناوچەكە.
* پێشتریش باسی ئێرانت كرد، بەڵام هەندێ لە چاودێران دەڵێن ئەمریكا سیاسەتێكی روون و ئاشكرای هەیە لە ئاست وڵاتێكی وەك ئێران، لەبەر ئەوەی ئەم ئیدارەیە هەوڵدەدات لە رێی گرتنەبەری ئامراز و فشاری ئابوورییەوە ئێران ناچار بكات بە گۆڕینی سیاسەت و بڕیارەكانی لە ناوچەكەدا، لێكدانەوە و راڤەكردنی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئاشكرایە ئەمە ئەو ئامانجەیە كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە كە خوازیارە بیهێنێتەدی، واتە باوەڕی وایە كە دروستكردنی فشاری ئابووری لە سەر ئێران دەبێتەهۆی ئەوەی ئەو وڵاتە سیاسەتەكانی خۆی لە ناوچەكەدا هەموار بكاتەوە و ئەو هەنگاوانە هەڵدەگرێت كە دەبنەهۆی ئەوەی نیگەرانییەكانی ئەمریكا بڕەوێنێتەوە و لە هەمان كاتدا نیگەرانییەكانی دۆستەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا چارەسەر بكات. لەگەڵ ئەوەشدا بەلای منەوە روون نییە كە ئەم رێگاچارەیە سەركەوتوو بێت. چونكە لە رابردووشدا ئێران دوچاری سزای سەخت بۆتەوە، كە ئەو سزایانەش بە زەروورەت نەبوونەتەهۆی ئەوەی ناچار بێت بە دەستبەرداربوون لە ئامانج، یان سیاسەتەكان و روونیش نییە ئایا ئەمجارەیان ئەم ئەنجامەی لێدەكەوێتەوە. هەروەها ئەوەی دەتوانین بیڵێین ئەوەیە كە جگە لە سەپاندنی سزاكان ئەمریكا هیچ هەنگاوێكی دیكەی هەڵنەگرتووە بۆ تەحەددیكردنی ئێران. بە هەمان شێوە دەتوانین بڵێین ئەو بڕیارەی ئێستا ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست سووریادا دەریكردووە، دەبێتەهۆی بەهێزكردنی پێگەی ئێران، نەك لاوازكردنی.
* كەواتە پێتوانییە ئەم فشار و سزا ئابوورییانە ببنەهۆی ناچاركردنی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەپێناو واژووكردنی رێككەوتنامەیەكی نوێ؟
- بە تێڕوانینی من ئێران بەرهەڵستی هەوڵێكی لەم چەشنە دەكات و ئێران هەموو كارێك كە لە دەستی بێت، ئەنجامی دەدات بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری و دەرهاویشتەكانی سزاكان لەسەر ئابووری وڵاتەكەی. هەرچەندە گومان لەوەدا نییە كە لە رووی ئابوورییەوە ئەو سزا سەپێندراوانە كاریگەری ئازاربەخشیان هەبووە لەسەر ئێران، بەڵام ئایا ئەم سزایانە سەردەكشێن بۆ ئەوەی ئێران ناچار بكەن ئەو سازشانە بكات كە ئیدارەی ئەمریكا داوایان دەكات، ئەوا ئەمە پرس و بابەتێكی دیكەیە. بەڵام بە دڵنیاییەوە و تا ئایندەیەكی نزیكیش ئەم سزایانە نابنەهۆی ئەوەی ئێران گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی و گەورە لە سیاسەتەكانیدا بكات.
* ئەگەر دووبارە بگەڕێینەوە سەر پرسی پابەندبوونی ئەمریكا بە پاراستنی ئاسایشی هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا، ئەوا ئاشكرایە كە ئێستا دۆست و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە گومان و دوودڵییەوە لە ئامادەیی ئەمریكا دەڕوانن بۆ بەرگری لێكردنیان، ئایا ئەمە نابێتەهۆی ئەوەی ئەم وڵاتانە هەنگاوی تاكلایانە هەڵبگرن بە بێ ئەوەی راوێژ لەگەڵ ئەمریكا بكەن؟
- ئەوەی لێرەدا دەكرێت بیڵێین ئەوەیە كە ئیدارەی ئەمریكا ئامادە نییە تەحەددی و بەرهەڵستی هەندێ لە سیاسەتەكانی هاوپەیمانەكانی بكات لە ناوچەكەدا، وەك سیاسەتی وڵاتی ئیسڕائیل لە بارەی دروستكردنی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێكردنەوە، هەروەها هەندێ پرسی پەیوەندیدار بە ناوخۆی سعودیە و چەند وڵاتێكی دیكەی ناوچەكە، وەك میسر، هەموو ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەی ئەم وڵاتانە بە متمانەبەخۆبوونێكی زیاترەوە ئەو سیاسەتانە بگرنەبەر كە بە دڵنیاییەوە لە رابردوودا ئەمریكا بەرهەڵستی دەكردن.
* ئێوە لە نزیكەوە چاودێری دۆخی وڵاتێكی وەك یەمەن دەكەن، كە ئێستا بۆتە گۆڕەپانی ململانێ و ركابەریی نێوان ئێران و سعودیە و ئەو وڵاتەش بە راددەیەكی گەورە كاول بووە و خراپترین كارەساتی مرۆیی تێیدا روویداوە، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ هەوڵەكانی ئەم دواییەی لە پێناوی كۆتاییهێنان بە شەڕی ئەو وڵاتە چییە؟
- لە راستیدا منیش وەك هەر كەسێكی دیكە ئومێدەوار بووم لە ئاست ئەو گفتوگۆیانەی دەست پێكران لەلایەن نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەمەن- مارتن گریفیس- لە ستۆكهۆڵم، كە ئامانج لەم گفتوگۆیانەش بەدیهێنانی رێككەوتن بوو لە نێوان حكومەت و حوسییەكاندا. هەرچۆنێك بێت ئومێدی ئەوە دەكرێت ئەم هەوڵانە سەربكێشن بۆ گفتوگۆیەكی جددی لە نێوان لایەنە ناكۆكەكاندا تاوەكو بتوانرێت دواجار كۆتایی بهێنرێت بە شەڕەكە. بەڵام لە روانگەی ئەوەی تا ئێستا روویداوە ئەوا رەنگە ئێمە زۆر گەشبین بووین لەم رووەوە، مەبەستم ئەوەیە رەنگە ئێمە روودانی ئەو پەرەسەندنە نەبینین كە چاوەڕوانمان دەكرد. ئێمەش دەزانین دۆخی ئەو وڵاتە زۆر ئاڵۆزە و هەروەك ئێوەش ئاماژەتان پێكرد، كاریگەرییە راستەقینەكە بریتییە لە كارەساتە مرۆییەكە كە بۆتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر زۆرینەی خەڵكی یەمەن. هەرچۆنێك بێت ماوەیەك پێش ئێستا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند كە لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت و رەنگە تا راددەیەك گەشبین بن بەوەی كە گەڕێكی دیكەی گفتوگۆ دەست پێ بكاتەوە. بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین ئایا مارتن گریفیسی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەتوانێت لەم هەوڵەیدا سەركەوتوو بێت، یان نا. كە ئومێدی ئێمە ئەوەیە بتوانێت، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت ئێمە ئەو راستییەشمان لەبەرچاو بێت كە بارودۆخەكە زۆر دژوارە و لە ئێستادا پێناچێت هیچ لایەك ئامادە بێت بۆ ئەوەی سازش بكات تاوەكو بتوانرێت شەڕەكە كۆتایی پێبهێنرێت.
* كەواتە ئەگەر بە شێوەیەكی واقیعبینانە بڕوانین، ئەوا ناكرێت چاوەڕوانی پەرەسەندنێكی گەورە بكەین لە ئایندەیەكی نزیكدا؟
- من هاوڕام لەگەڵ ئەمەداو لە ئێستادا ئێمە روودانی ئەم پەرەسەندنە بەدی ناكەین.
* هەر لە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاوە، ئەوا ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت ئەوەیە ئەم ئیدارەیە بە بەدگومانییەوە لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و رێككەوتنە فرەلایەنە نێودەوڵەتییەكانیش دەڕوانێت، بۆچون و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە وایە، كە بە ئاشكرا ئەم ئیدارەیە نایەوێت وەك هاوبەشێكی گرنگ لە رێكخراوە جیهانییە فرەلایەنەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و لە رێكخراوی ناتۆ و رێكخراوی بازرگانی جیهانی بڕوانێت، واتە وەك هاوبەشێكی گرنگ لەم لایەنانە ناڕوانێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ئیدارەی ئەمریكا.
* بەڵام ئایا ئەمریكا هیچ پشتیوانییەكی لە هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان نەكردووە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی وڵاتی یەمەن و ئایا ئێستا نەتەوە یەكگرتووەكان بە بێ ئەمریكا هەوڵی چارەسەركردنی دۆخە دژوار و كارەساتە مرۆییەكان دەدات؟
- ئەگەر ئێمە ئەم پرسە گرێبدەینەوە بە دۆخی یەمەنەوە، كە دەبینین نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵ و كۆششەكانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی گفتوگۆ و دیالۆگ ئەنجام بدرێن لە نێوان لایەنە ناكۆكەكانی یەمەندا لە پێناو كۆتاییهێنان بە شەڕ لەو وڵاتەدا، مەبەستم ئەوەیە سەرەڕای بەدگومانیی ئەمریكا لە ئاست رێكخراوە فرەلایەنە نێودەوڵەتییەكان بە نەتەوە یەكگرتووەكانیشەوە، ئەوا ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پشتیوانیی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی تایبەتیی ئەم رێكخراوە دەكات لەم رووەوە. هەرچەندە پێویست بوو ئیدارەی ئەمریكا پاڵپشتی زیاتری نەتەوە یەكگرتووەكانی بكردایە لەم دەستپێشخەرییەیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریكا دەستنیشانكردنی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ یەمەنی قبووڵ كردووە.
* هەروەك ئاشكرایە ئیدارەی ئەمریكا سیاسەتێكی تاكلایەنانەی گرتۆتەبەر لە كاتێكدا دەیتوانی هەماهەنگی و هاوكاری هاوپەیمان و دۆستەكانی بەدەست بهێنێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی، كەچی لە ئێستادا بە تەنیا ئەركەی خستۆتەسەر شانی خۆی، بۆ نموونە تەنیا سزا بەسەر هەندێ وڵاتی دیاریكراودا دەسەپێنێت، بە بێ ئەوەی ئەمە كۆدەنگی و پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتی لەگەڵدا بێت، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- بە داخەوە پێناچێت ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بە بایەخەوە لە گرنگیی بەدەستهێنانی هاوكاری و هەماهەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بڕوانێت
* باشە دەكرێت پێشبینی ئەوە بكەین كە گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ئەمریكادا بێتەدی لەم رووەوە، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی ئەو دەرهاویشتە و ئاكامە سلبییانەی ئاماژەتان پێكردن؟
- لە راستیدا من پێموانییە بتوانین چاوەڕوانی گۆڕانكارییەكی لەم چەشنە بین، چونكە بەرپرسانی نێو ئیدارەی كۆشكی سپی پێیانوانییە كە پێویست بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری بكات لە سیاسەتی ئەم ئیدارەیەدا. رەنگە ئەگەری ئەوەش هەبێت كە پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانی خۆیاندا بكەن، بەڵام تا ئێستا ئەمە رووی نەداوە و ئەم گۆڕانكارییە بەدی نەكراوە.
* باشە پێتوایە رەوتی رووداوەكان ئایندەی ئەم ناوچەیە بە چ ئاراستەیەكدا دەبەن؟ ئایا ئێوە گەشبینن بە باشتربوون و بەرەوپێشچوونی بارودۆخەكە، یان دۆخەكە هێندە سەخت و دژوارە كە بواری بۆ گەشبینی نەهێشتۆتەوە؟
- بە تێڕوانینی من ئەگەری ئەوە هەیە ئەو بارودۆخەی ئێستا لە ئارادایە درێژە بكێشێت و بەردەوام بێت، واتە پێشبینی درێژەكێشان و باڵكێشانی ئەو پشێوییە دەكەم كە حاڵی حازر بوونی هەیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. واتە ناكۆكی و ركابەری لە نێوان ئێران و سعودیە بەردەوام دەبێت، هەروەها پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونێكی گەورە بەدی ناكرێت لە هەوڵەكانی پەیوەست بە سەقامگیركردنەوەی دۆخی سووریا، هەروەها ئێستا ئەو ئەگەرە لە ئارادا نییە كە بەشار ئەسەد لە دیمەشق دووربخرێتەوە.
* ئێوە كەسێكی شارەزا و تایبەتمەندن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تۆندڕەوەی و تیرۆردا و رۆڵتان بینیوە لە داڕشتنی پڕۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئایا تا چ راددەیەك هۆكاری ئەوە هەیە كە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش نیگەران بین؟
- لە ئێستادا هۆكار و پاساوی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی نیگەران بین لەبارەی ئەوەی داعش بتوانێت هەندێ لەو گوڕوتینە بەدەست بهێنێتەوە كە پێشتر لەدەستی دا بەهۆی فشارە سەربازییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیەوە. كەواتە دووپاتی دەكەمەوە كە بە شێوەیەكی گشتی دۆخەكە وەك ئەوەی ئێستا هەیە درێژە دەكێشێت. لە هەمان كاتدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئەگەری ئەوە هەیە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەردەوام بێت لە كەمكردنەوەی رۆڵی ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەو چەشنە سەركردایەتیی ناوچەكە بۆ خودی لایەنەكانی ناوچەكە جێبهێڵێت.