دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی بۆ گوڵان: ناوی مسعود بارزانی رەمزی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانە
January 28, 2019
دیمانەی تایبەت
لەگەڵ ئەوەی بارزانی هیچ پۆستێكی دەوڵەتی نییە، بەڵام ترافیكی دیپلۆماتیی دەوڵەتە گەورەكان و دەوڵەتانی ناوچەكە بۆ دیداریان بەردەوامەو بەسەردانیكردنی بەغداش سەرۆك بارزانی زەمینەی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا فەراهەم كردو دەرفەتی دانوستاندنی خولقاندەوەو جارێكی دی دەرگەی گفتوگۆكانی بۆ پابەندبوون بە دەستووری عێراق كردەوە، چاودێران و بەشێك لە سیاسەتمەدارانی ناوخۆ و دەرەوەش رایانوایە بارزانی دەتوانێت ببێتە ئەو چەترەی كە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێكەوە كۆبكاتەوە، هەتا بە كاری پێكەوەیی بناغەی حكومەتێكی بەهێز دابنێن، ئەمانەو پرسی كەموكوڕییەكانی حوكمڕانی و بەرنامەكانی چاكسازی و بارودۆخی كەركووك لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر و چەند پرسێكی هەنووكەیی و گرنگی دیكە، ناوەرۆكی ئەم دیدارەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی پێكدەهێنن.* لە سەرەتای ئەمساڵەوە جارێكی دیكە كوردستان ترافیكی دیپلۆماتیی دەوڵەتە گەورەكان و دەوڵەتانی ناوچەكە بەخۆیەوە دەبینێت، ئایا چۆن ئەم ترافیكە تازەیەی دیپلۆماتی بۆ كوردستان دەخوێنیتەوە؟
- ئاشكرایە هەتا ئێستا لە مێژوودا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەی گۆڕانكاریی گەورە و دەستێوەردانی گەورە بووە، ئەمریكاش وەك لە دوای راگەیاندنی سیستمی نوێی جیهان گەورەترین هێزە لە جیهاندا، لەم ناوچەیەدا دەستێوەردانی گەورەی كردووە، دەستێوەردانی زلهێزەكانی دیكەش وەك (بەریتانیا، فەرەنسا و رووسیا) تا ئێستاش بوونی هەیە، هەروەها چەند میحوەرێكیش وەك میحوەری شیعە و سوننە كە لەلایەن ئێران و سعودیەوە سەركردایەتی دەكرێن، بوونیان هەیە، بۆیە لەم قۆناخەدا كە ئەمریكا لە رێككەوتنی نیوكلیاری وڵاتانی (5+1) لەگەڵ ئێران هاتووەتە دەرەوە، پێشبینیی گۆڕانكاریی گەورە لەم ناوچەیەدا دەكرێت، هەروەها پێشبینیی شەڕێكیش لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا دەكرێت، لەم ناوچە ئاڵۆز و پڕ لە گۆڕانكارییەدا پێگەی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی ستراتیژی دەگێڕێت، بەتایبەتی كە هەولێر وەك دۆست و هاوپەیمانی ئەمریكا سەیر دەكرێت، هەر بۆیە هاتنی ئەم شاندە دیپلۆماتییانە لە سەرووی هەمووشیانەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كوردستان، مانای ئەوەیە هەولێر و سەرۆك بارزانی رۆڵێكی گەورە دەگێڕن و ئەم رۆڵەش رێزی لێدەگیرێت.
* بەڵام بارزانی ئێستا هیچ پۆستێكی فەرمیی حكوومی نییە، خۆت پێشتر لە حكومەتی عێراقدا وەزیر بوویت و لە پڕۆتۆكۆلی نیودەوڵەتی شارەزایت، ئایا ئەم سەردانانە بۆ لای بارزانی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بێت، یان نا، هەر رەمزی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانە، لەمەش زیاتر بارزانی سەرۆكی پارتێكە كە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق حزبی یەكەمە، زیاد لەمانەش خەباتی بارزانی كە بە درێژایی تەمەنی خۆی هەر پێشمەرگە بووە، ئەمە وایكردووە هەموو لایەك دان بەو راستییەدا بنێن كە ئەو سەنگی مەحەكە بۆ كێشەی كورد، هەروەها سەنگی مەحەكە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقیشدا، ئەو كاتێك لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا بوو، پۆستەكە ئەوی گەورە نەكردبوو، ئەو بێ ئەو پۆستەش هەر رەمزی كوردستان بووە، مسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە ئەم حزبە ماوەی 70 ساڵە رێبەرایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی كردووە و ئێستاش رێبەرایەتیی دەكات، ئەمەش مانای ئەوەیە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسعود بارزانی كەسایەتییەكی گەورەیە و لە دروستكردنی بڕیار رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕێت. ئەمەش لای هەموو لایەك ئاشكرایە، بۆیە بارزانی پۆستی هەبێ و پۆستی نەبێت، هەر سەردانی دەكەن و وەك رەمزی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان سەیری دەكەن و كەسایەتییەكە كە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و دەوڵەتانی ناوچەكە رۆڵی كاریگەری هەیە و كەسایەتییەكی جیهانییشە.
* لەسەدەی بیستەمدا مستەفا بارزانی وەك رەمز و هێمای بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان سەیر دەكرا، ئایا دەتوانین بڵێن مسعود بارزانی لە ئێستا مستەفا بارزانی سەدەی بیست و یەكەمە؟
- پێش هەموو شت كاك مسعود خۆی میراتگری میراتی شۆڕشگێرانەیە هەر لە شیخ عەبدولسەلام بارزانی تا دەگاتە مستەفا بارزانی و پەروەردەی دەستی مستەفا بارزانی-یە و بە راشكاوی دەتوانین بڵێین لە سەردەمی مسعود بارزانی كێشەی كورد زۆر باشتر بەرەو پێشەوە چووە و ئێستا ئێمە گەیشتووینەتە ئەو ئاستە جیهانییەی كە وەزیری دەرەوەی دەوڵەتێكی سۆپەرپاوەری وەك ئەمریكا دێتە هەولێر و لەگەڵ بارزانی كۆدەبێتەوە، بۆیە بارزانی بە راستی دروستكەری ئەو دەستكەوتانەیە كە بۆ كوردستان بەدەستهاتوون.
* ئایا بارزانی دەتوانێت ببێتە ئەو چەترەی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێكەوە كۆبكاتەوە و لەسەر پرسە نیشتمانییەكان تەوافوقیان لەنێوانیاندا دروست بكات؟
- من پێشتریش باسم كردووە، جەنابی مسعود بارزانی تەنیا كەسایەتییە لە كوردستان كە دەتوانێت لایەنە سیاسییەكان پێكەوە كۆبكاتەوە، هەروەها هەر بە كەسایەتیی خۆی تەنیا دەتوانێت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبكاتەوە، وێڕای جیاوازیی ئایدیۆلۆژیەتی سیاسیی لایەنە جیاوازەكان تەوافق لە نێوانیاندا دروست بكات و بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵبگرن كە دەستكەوتی زیاتر بۆ میللەتەكەمان بەدەست بهێنن، بەتایبەتیش لە ئێستادا كە باس لە گۆڕانكاریی گەورە لەسەر ئاستی ناوچەكە دەكرێت، هەروەها هاتنی ئەمریكا بە هێزەوە بۆ عێراق و بوونی كێشەیەكی گەورە لەنێوان ئێران و ئەمریكا گۆڕانكاری دروست دەكات، بۆیە لەم قۆناخەدا كاتی ئەوە هاتووە هەموو لەژێر چەتری بارزانی كۆببنەوە و ببنە یەك دەست و یەك دەنگ بۆ ئەوەی سوود لەم دەرفەتە بۆ میللەتەكەمان وەربگرین.
* ئاشكرایە گەلی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی 2018 چووە سەر سندوقی دەنگدان و متمانەیەكی گەورەی بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەخشی، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستا نەتوانراوە هاوپەیمانییەك پێكبهێندرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی تازە، ئایا پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی تازە چۆن دەخوێنیتەوە؟
- ئەوە شتێكی ئاساییە، لەبەر ئەوەی هەموو جارێك دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستانیش، كێشە لە نێوان لایەنەكان هەبووە و پێكهێنانی حكومەت ئاسان نەبووە، هۆكاری ئەم كێشەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق و كوردستان، وەك ئەو دەوڵەتە دیموكراتییانە نییە كە دوولایەن ململانێ بكەن و یەكێكیان براوە بێت و ئەوی دیكەیان دۆڕاو بێت، لە وڵاتێكی وەك وڵاتی ئێمە فرەلایەنی هەیە، ئەگەر لایەنێكی سیاسی تەنیا یەك كورسیی پەرلەمانیشی بەدەست هێنابێت، خۆی بە براوە دەزانێت و بە مافی خۆی دەزانێت بەشداری لە حكومەتدا بكات، هەر بۆیە هەر لایەنێك رابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، كە لە ئێستا ئەو لایەنە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەو پێیەی كە لایەنی براوەی یەكەمە، بێگومان پارتی دەتوانیت بە هاوپەیمانییەكی سادە زۆرینە تەواو بكات و حكومەت پێكبهێنت، بەڵام پارتی دەزانیت، كوردستان لەم قۆناخە بە تەوافقی سیاسی نەبێت بەڕێوەناچێت، هەتا ئەو تەوافقەش دروست دەبێت، ماوەیەكی پێدەچێت. دیارە لایەنەكانی كوردستان هەموویان چاویان لەوەیە بەشداری لە حكومەت بكەن، بەڵام ئێستا كە وا بڕیار دراوە حكومەتی بنكەفراوان پێكنەهێندرێت، هەروەها گەلی كوردستانیش دەزانێت دەبێت لایەنە سیاسییەكان لەناو خۆیاندا لەسەر پێكهێنانی حكومەت رێكبكەون، بۆیە ئێستاش كە سێ لایەن (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) بڕیاریان داوە لە پێكهێنانی حكومەت رێكبكەون، ئێستا دانوستاندن دەكەن بۆ ئەوەی بە زووترین كات بگەنە تەوافقێك و حكومەت پێكبهێنن، گرنگیی حكومەت لەوەدایە كە بتوانێت خزمەتی خەڵك بكات و بەشێك لەو بەڵێنانەی داویانە جێبەجێی بكەن، وەك نەهێشتنی قەیرانی دارایی و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و دۆزینەوەی دەرفەتی كار، بە تێڕوانینی من ئەم حكومەتە تازەیە دەبێت شتی تازە بۆ كوردستان پێشكەش بكات.
* بارزانی هەر لە سەرەتاوە جەختی لەسەر كوردستانێكی بەهێز و حكومەتێكی بەهێز كردۆتەوە، بۆ ئەمجارەش دوو كەسایەتیی زۆر بەهێزی بۆ پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران كاندید كردووە، كە ئەوانیش نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی-یە، ئایا كەموكوڕییەكانی حوكمڕانی لە كوردستان چین، هەتا لەم حكومەتە پڕبكرێنەوە؟
- هەر لە ساڵی 1992 كە دەستمان بە پرۆسەی حوكمڕانی كردووە، هەتا ئێستا كەموكورتیمان هەبووە، بەڵام بەرەو باشتر رۆیشتوون، لەلایەنی سیاسییەوە بەرەو پێشەوەچوون هاتۆتەئاراوە، راستە ئێمە دوچاری هەندێك قەیران بووین، وەك قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت، بەڵام توانراوە بە شێوەیەك لە شێوەكان مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە حكومەتی كوردستان حكومەتێكی بەهێز بووە، تەنانەت دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و هێرشی عێراق بۆ سەر كوردستان، ئەمریكا هاتە سەر خەت و رایگەیاند، راستە ئێمە عێراقێكی بەهێزمان دەوێت، بەڵام كوردستانێكی بەهێزیشمان دەوێت، بۆیە پشتگیریی نێودەوڵەتییش بەو ئاراستەیە بووە كە حكومەتی داهاتووی كوردستان بەهێزتر بێت، بۆ ئەمەش دوو كەسایەتیی بەهێز بۆ هەردوو پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران كاندید كراون، كە ئەوانیش بەڕێزان كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك مسرور بارزانی-یە، ئەم دوو كەسایەتییە خاوەنی ئەزموونێكی گەورەی حوكمڕانین و خۆیان لە حكومەتدا بوون و لایەنی جێبەجێكار بوون و لە ناو پرۆسەی بڕیار دروستكردندا بوون، بۆیە ئەگەر لایەنەكانی دیكەش بەتایبەتی (یەكێتی و گۆڕان) ئەوانەی كە بەشداری لە حكومەت دەكەن، هاوكارییان بكەن، بەشداریكردنەكەیان وەك پێشان نەبێت كە بە رۆژ لە حكومەت هاوبەش بن و بە شەویش ئۆپۆزسیۆن بن، ئەوا ئەم حكومەتە حكومەتێكی بەهێز دەبێت و ئومێد دەكرێت شتێكی تازە پێشكەشی خەڵكی كوردستان بكەن. بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا نابێت سەقفی مەزندەكانمان زۆر بەرز بێت، بۆ سەركەوتنی حكومەت كۆمەڵێك فاكتەر زۆر گرنگن، لەسەرووی هەموویانە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی بەغدا، واتە چۆن كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەكەین، كێشەكانیش كۆمەڵێك كێشەن، وەك چۆن بتوانین كێشە داراییەكانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین، ئەگەر بۆ ئەمساڵیش نەبێت بۆ ساڵەكانی داهاتوو، كێشەی پێشمەرگە، كێشەی ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان و ماددەی 140ی دەستوور، هەروەها ئێستا باس لە كێشەی كەركووك دەكرێت لەنێوان پارتی و یەكێتی، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیان بۆ دروست كردووە و هەنگاوی باش نراون، بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش من پێشبینی دەكەم ئەم حكومەتە بەهێز دەبێت، ئەگەر لایەنە بەشدارەكان هاوكاریی جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت بكەن.
* حكومەتی هەرێمی كوردستان پار بەرنامەیەكی چاكسازی كارگێڕیی بنەڕەتی ناردە پەرلەمان، بەڵام نەبووە بە یاسا، ئایا ئەگەر لەم خولەی پەرلەمان ئەم یاسای چاكسازییە پەسەند بكرێت، چەند كاریگەری لەسەر بەهێزیی حكومەت دەبێت؟
- من یاسای چاكسازی بە گرنگ دەزانم، بەڵام پێویستە دیراسەتێكی زۆر ورد بكرێت، لەبەر ئەوەی لەسەر مووچە هەندێك شت دروست بووە كە راستە لە رووی یاساییەوە نابێت وابێت، بەڵام كەسێك ئەگەر خانەنشین بێت و تەنانەت موستەهەقیش نەبێت، كە ئێستا بەپێی ئەم چاكسازییە مووچەی خانەنشینییەكەی دەبڕێت، لەوانەیە باری ژیانی تێكبچێت، هەر بۆیە راستە بەپێی ئەم چاكسازییە نزیكەی 100 ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام دەبێت ئەمە نەبێتە هۆكاری ئەوەی كێشەی كۆمەڵایەتی دروست بكات، دەبێت لەو روانگەیەوە سەیری بكەین شتی هەڵە دروست بووە و دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
* لە پرسیاری پێشتر ئاماژەت بە بەربەستێكی گەورە كرد لەبەردەم سەركەوتنی حكومەت لەكارەكانی، ئەویش ئەوەیە كە پێشتر حزبەكان بە رۆژ لە حكومەت هاوبەش بوون و شەوانیش ئۆپۆزسیۆن بوون، ئایا پێتوایە ئەمجارە ئەم دیاردەیە كۆتایی دێت؟
- ئەمەیان دەكەوێتە سەر ئەو لایەنەی كە راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت دانوستاندن بكات، ئەم لایەنە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئێستا برادەرانی پارتی كە دانوستاندن دەكەن، دەبێت ئەم پرسە بە پڕۆتۆكۆڵی و زۆر شەفافانە چارەسەر بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ناكرێت لایەنێكی سیاسی لەناو حكومەت هاوبەش بێت و لە پەرلەمان ئۆپۆزسیون بێت و دژی حكومەت بێت و هەوڵبدات حكومەتەكە شكست بهێنێت، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بهێنێت، زۆر گرنگە ئەو لایەنانەی لە حكومەت بەشداری دەكەن، هاوكار و یاریدەدەر بن بۆ ئەوەی بەرنامە و پڕۆژەی حكومەت سەربكەوێت، دەكرێت سەرنج و پێشنیاریان لەسەر كارەكانی حكومەت هەبێت، بەڵام دەبێت سەرنج و پێشنیارەكانیان بۆ سەركەوتنی پڕۆژەكانی حكومەت بێت، لە وڵاتانی دیموكراتی هەر سێ دەسەڵاتی حكومەت و پەرلەمان و دادوەری، تەواوكاری یەكترین و پەرلەمان بۆیە یاسا دەردەكات، بۆ ئەوەی حكومەت بە سەركەوتوویی جێیەجێی بكات، بەڵام لە پرۆسەی حوكمڕانیی ئێمەدا وا تەفسیر كراوە كە دەبێت پەرلەمان دژی حكومەت بێت، بۆیە ئەگەر ئێستا دووبەرە دروست بێت، بەرەیەكیان بەشداری حكومەت بێت و بەرەیەكی دیكەش لە ئۆپۆزسیۆن بێت، ئەوا لایەنی ئۆپۆزسیۆن مافی خۆیەتی هەرچی دەڵێت، بەڵام ئۆپۆزسیۆنیش نابێت هەموو كارە باشەكانی حكومەت رەتبكاتەوە، سەبارەت بەو لایەنانەشی بەشداری حكومەت دەكەن، دەبێت بەرگری لە بەرنامەی حكومەتەكەی خۆیان بكەن و ئەو حاڵەتەی پێشتر دروست بوو، ئیدی نابێت قبووڵ بكرێت، دەبێت ئەو پڕۆتۆكۆڵەی بۆ كۆتاییهاتن بەم دیاردەیە ئیمزا دەكرێت، بۆ خەڵكی كوردستان و لەناو پەرلەمانیشدا بخوێندرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان شاهید بن كە چ لایەنێك ئەو پڕۆتۆكۆڵە پێشێل دەكات.
* لە پڕۆژەی چاكسازیی حكومەتدا بڕگەیەك هەیە باس لە لامەركەزییەتی پارێزگاكان دەكات، ئایا لامەركەزییەتی پارێزگاكان تا چەند كاریگەری لە سەر سەركەوتنی حكومەتی داهاتووی كوردستان دەبێت؟
- من یەكێكم لەوانەی بەشدار بووم لە نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری عێراقدا، ئەو كاتیش قەناعەتم بەو جۆرە بووە كە دەبێت لە عێراقدا لامەركەزییەتێكی بەهێز هەبێت، ئەو كاتەی لەناو حكومەتی عێراقیش بووم، لیژنەیەك دروست كرا كە دەسەڵاتی پارێزگاكان زیاد بكرێت، من ئەندامی ئەو لیژنەیەش بووم، لەو لیژنەیەدا بڕیار درا كە 7 وەزارەتی حكومەتی عێراق نەمێنێت، یان ئەگەر بشمێنن دەسەڵاتەكانیان بدرێتە پارێزگاكان و وەزارەتەكان تەنیا بۆ رێكخستنی دەسەڵاتەكان بمێنن. سیستمی لامەركەزی پێشكەوتنێكی كارگێڕییە لە جیهاندا، بەڵام لامەركەزییەت بە مانای لەبەریەك هەڵوەشان نابێت، بەڵكو لامەركەزییەت لە چوارچێوەی یەك كیانی سیاسی و یەك حكومەتدا، ئایا ئەم حاڵەتە چەند لەگەڵ واقیعی كوردستان دەگونجێت؟ بەڵێ بۆ كوردستانیش گونجاوە و دەبێت پارێزگاكان دەسەڵاتی زیاتریان هەبێت، بەڵام دەبێت ئێمە وەك یەك میللەت و وەك یەك كیانی سیاسی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و هاوكاری حكومەت بكەین، نەك دژایەتی بكەین. ئەم پرسە پرسە پرسێكی كارگێڕییە و سیاسی نییە و تەنیا جێبەجێكردنی دەسەڵاتەكانە، بە بۆچوونی من ئەزموونی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كوردستان سەركەوتوو نەبووە و دەبێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت و یاساكەی هەموار بكرێتەوە، هەر بۆ نموونە كاتێك ئەنجومەنی پارێزگا هەیە، لە هەمانكاتدا ئەنجومەنی شارەوانیش هەیە، بۆیە كاتێك ئەم فرەییە لە بڕیاردان هەبێت، پاشاگەردانی دروست دەبێت، هەر بۆیە لە پرسی لامەركەزییەتی پارێزگاكانیش دەبێت دیراسەتێكی ورد بكرێت لە پەرلەمان و خەڵكانی پسپۆڕیش بەشداری پێ بكەن، بۆ ئەوەی سیستمی لامەركەزییەكە كارگێڕی بێت و دەسەڵاتێكی زۆر بداتە پارێزگاكان و هەمووشی لەناو چوارچێوەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت.
* كێشەیەكی دیكە كێشەی كەركووكە، ئاشكرایە بارودۆخی كەركووك دوای 16ی ئۆكتۆبەر زۆر نائاساییە، ئێستا یەكێتی نیشتمانی داوا دەكات هاوكاری بكرێن بۆ ئەوەی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە دابنرێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان پێدادەگرێت كە بارودۆخی شارەكە ئاسایی بكرێتەوە، چ رایەكت لەسەر ئەم دوو ئاراستە جیاوازە هەیە؟
- رای من لە تێگەیشتنی برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكترە لەسەر ئەو پرسە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بارودۆخێكی وا لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە لە كەركووك دروست كراوە كە نایەوێت كورد لەو شارە وجوودێكی كارای لە بەڕێوەبردنی شارەكەدا هەبێت، ئەمە لە كاتێكدا كورد نەتەوەی سەرەكییە لەو شارەدا و هەموو نەتەوەكانی دیكە پێكەوە هێندەی كورد نابن، بەڵام وێڕای ئەمانەش ئەگەر پارتی بچێتەوە كەركووك، یان یەكێتی كە ئێستا لە كەركووكە، خۆ ناتوانن پاسەوانی بارەگاكانی خۆشیان دابنێن، برادەرانی یەكێتی ئاڵای كوردستانیان هەڵكرد، هاتن پێیان داگرتن، واتە لە روانگەی ئەوانەوە هەموو جۆرە بوونێك بۆ كورد لە كەركووكدا پەسەند نییە، با گریمانەی ئەوە بكەین پارێزگارێكی كوردمان بۆ كەركووك دانا، ئایا ئەم پارێزگارە لەژێر دەسەڵاتی سەربازیی عێراق و حەشدی شەعبی نابێت؟ بۆیە من قەناعەتم وایە لەسەر ئەم پرسە دەبێت پارتی و یەكێتی رێكبكەون و وەك پێشان لەگەڵ ئەمریكا و حكومەتی ناوەند، هەر سێ لا ئیدارەیەكی هاوبەش بۆ كەركووك پێكبهێنن و هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی كوردی كەركووك هەست بە بوونێكی بەهێز بكات، بەڵام ئەگەر هەر تەنیا پارێزگارێكی كورد دابنێن، كێشەكان چارەسەر نابن، لەمەش زیاتر دەبێت دەسەڵاتی سەرباز و حەشد جێبەجێ بكات، لەم چوارچێوەیەدا ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك زۆر زۆر گرنگترە لە دانانی پارێزگارێك .
* ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بەهێزترین هاوپەیمانیی شیعە كە هاوپەیمانیی بینایە تێگەشتنێكی باش لە نێوانیادا هەیە، ئایا ئەم تێگەیشتنە دەبێتە فاكتەرێك بۆ ئەوەی دەرگای چارەسەركردنی كێشەكان بكاتەوە؟
- پێش هەموو شت نازانین لە بەغدا بڕیار لەدەستی كێدایە. ئایا لە دەستی ئێران یان ئەمریكادایە؟ ئایا بەدەستی عادل عەبدولمەهدی-یە كە هیچ هێزێكی نییە و هەتا ئێستا دوو وەزارەتی حكومەتەكەی خۆی بۆ یەكلایی نەكراوەتەوە؟ كێشەكە ئەوەیە لە بەغدا پاشاگەردانیی سیاسی هەیە، بەڵام ئەگەر دیپلۆماتییەتی كورد یەكگرتوو بێت، دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت. لە ئێستادا هادی عامری سەرۆكایەتیی هاوپەیمانییەكی بەهێز دەكات و رۆڵی كاریگەری خۆی لە سەر سیاسەتی بەغدا هەیە، بۆیە دەكرێت سوودی لێ وەربگیرێت، ئێمە نابێت هەرگیز بەغدا پشتگوێ بخەین، لەبەر ئەوەی كێشەی سەرەكی ئێمە لەگەڵ بەغدایە، ئەوجا مەرج نییە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، دەستبەجێ هەموویمان بۆ جێبەجێ بكەن، یان ئەگەر ئەوان ئاستەنگیان بۆ چارەسەری كێشەیەكی ئێمە دروست كرد، ئێمە لە بەغدا بكشێینەوە، ئەوانەی ئێستا لە بەغدا حوكمڕانی دەكەن، مێژوویەكی دوور و درێژی پەیوەندی و هاوخەباتیمان پێكەوە هەبووە پێش رووخانی رژێمی پێشوو، پێكەوەش خەباتمان بۆ رووخانی رژیمی بەعس كردووە، بۆیە دەبێت بەردەوام حزوورێكی جددیمان لە بەغدا هەبێت و لە هەوڵەكانیشمان بەردەوام بین بۆ ئەوەی كێشەكان نەگەنە حاڵەتی چەقبەستن و دواتر نەتوانین چارەسەری بكەین. لە ئێستادا هەموومان دەزانین كە جەنابی بارزانی رێزی تایبەتی خۆی هەیە و دەتوانێت رۆڵێكی گەورە و كاریگەر بگێڕێت و رۆڵی گرنگی دەبێت لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكان، راستە كێشەكان هەندێكیان ئاڵۆزن، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات دەتوانرێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
* بێگومان كاتێك بارزانی سەردانی بەغدای كرد، لەوێ رایگەیاند كە دەرفەتێكی تازە هاتۆتەپێشەوە و دەبێت سوودی لێوەربگرین، ئایا ئەگەر ئەو دەرفەتە نەبوایە بارزانی سەردانی بەغدای دەكرد؟
- سەردانی جەنابی بارزانی بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو كە لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم بەگشتی و كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بەتایبەتی بەربەستێكی سایكۆلۆژی لەنێوان ئێمە و بەغدا دروست ببوو، لەسەرووی هەموویانەوە لە نێوان پارتی و بەغدا، بۆیە ئەم سەردانە ئەو بەربەستە سایكۆلۆژییەی سڕییەوە. هەروەها شتێكی گەورە بوو، كە بە شێوەیەكی ئەوەندە بەرز پێشوازی لە جەنابی بارزانی كراو فەرشی سووری بۆ راخرا، كە جێگەی دڵخۆشیی هەموومان بوو، لەو سەردانە كۆمەڵێك رەهەندی گشتی و چارەسەركردنی كێشەكان باس كراون، ئەمە بۆتە دەروازەیەك بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی لەگەڵ حكومەتی بەغدا لە رێگەی چەند لیژنەیەكەوە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكان بكەن .
* ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بۆ خەڵكی كوردستان ئەوەیە كە حكومەتی عێراق لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا رایگەیاندووە كە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە تێكەڵی پرسە سیاسییەكان ناكرێت، ئایا تاچەند ئەمە وەك سەرەتایەكی باش سەیر دەكرێت؟
- كاتێك باسی حكومەتی ناوەند دەكەین، بە راستی نابێت مەزندەی زۆر شتی گەورەی لێ بكەین، سەیر بكەن، پێشتر پشكی كوردستان لە بودجە 17% بوو، ئێستا بۆتە 12.6%، بودجە گەڕێندرایەوە بۆ حكومەت و وتیان دەیكەینە 14%، بەڵام هەروەك خۆی مایەوە، سەبارەت بە مووچەی پێشمەرگە پێشتر كە ئێمە لە بەغدا بووین، وەك سولفە شتێك خەرج دەكرا، بەڵام تا ئێستا وەك مووچەی حەشدی شەعبی چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ دروست نەكراوە. بەڵام سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە كە لە ململانێ سیاسییەكان هێنراوەتە دەرەوە، ئەمە شتێكی باشە و خراپ نییە، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ یەك ساڵە و دەبێت هەر لە ئێستاوە هەوڵەكانمان چڕبكەینەوە و بیر لەوە بكرێتەوە هەوڵە سیاسی و دیپلۆماتییەكانمان بخەینەگەڕ، بۆ ئەوەی ئەمساڵ نەمانتوانی بیخەینە ناو پڕۆژە یاسای 2019، بتوانین لە پڕۆژە یاسای 2020 جێیان بۆ بكەینەوە، هەروەها بە رێگەی خەرجی سەروەریی و حاكیمە فیڵێكی گەورەی سیاسی لە كورد كراوە، لەبەر ئەوەی ئەم خەرجییانە زۆر زۆر زیاد كراون و كوردستان لەم دوو پرسەدا هیچی نییە، بۆیە دەبێت هەوڵبدرێت و دەتوانرێت بە رێگەی وەزارەتی دارایی كە ئێستا د.فوئاد حوسێن وەزیری داراییە، پێش ئەوەی پرسی بودجە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، هەر لەناو حكومەتەوە چارەسەر بكرێت.