هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی بەڕێوبەری سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی روتگێرز بۆ گوڵان: ئەمریكا بەرژەوەندییەكی زۆری هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت

هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی بەڕێوبەری سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی روتگێرز بۆ گوڵان:  ئەمریكا بەرژەوەندییەكی زۆری هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت
هوشەنگ ئەمیر ئەحمەدی پڕۆفیسۆرە لە سكوڵی ئیدوارد بلاوستین بۆ پلاندان و سیاسەتی گشتی لە زانكۆی روتگێرز، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك داڕشتن و گەڵاڵەكردنی سیاسەتی گشتی و پەرەپێدانی ئابووریی نێودەوڵەتی. هەروەها بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەمان زانكۆ، دامەزرێنەر و سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمریكی-ئێرانییە، كە ئەنجومەنێكە بایەخ بە پەرەپێدانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن دەدات لە نێوان هەردوو گەلی ئەمریكی و ئێرانیدا. هەروەها دامەزرێنەری سەنتەری شیكاری و توێژینەوەی ئێرانی بووە و بۆ چەندین ساڵ بەڕێوەبەری ئەو سەنتەرە بووە. پڕۆفیسۆر ئەمیرئەحمەدی كاندیدی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئێران بووە لەساڵی 2005دا، بەڵام كاندیدبوونی لەلایەن «شورای نگهبان»ـەوە رەتكرایەوە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێكرد كە پەیوەستن بوون بە رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و پرسی حوكمڕانی لە وڵاتانی ئەم ناوچەیە و ئەو ئەگەرە و پێشهاتانەی دەكرێت لەم ناوچەیەدا بێنەدی.
* ئێوە وەك كەسێكی شارەزای كاروباری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵسەنگاندنتان بۆ دۆخی ئێستای ئەم ناوچەیە چۆنە و پێتانوایە رەوتی رووداو و پەرەسەندنەكان ناوچەكە بەرەو كوێ دەبەن؟
- ئەوەی ئاشكرایە و ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە دۆخەكە جێی دڵخۆشی نییە، بە ئەندازەیەك كە هەموو چەشنە كێشە و قەیرانێك یەخەی ئەم ناوچەیەیان گرتووە، وەك كێشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و نێودەوڵەتی و.. هتد، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین كە ناوچەكە بە خراپترین دەیە و خراپترین ساڵ و سەروەختیدا تێدەپەڕێت لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
* باشە ئێوە زیاتر خراپبوونی دۆخەكە لە چیدا بەدی دەكەن و پێتانوایە پێشتر هەلومەرجی هاوشێوە لەم ناوچەیەدا روویدابێت؟
- لە راستیدا ئێمە دەتوانین بەراوردی بكەین بە سەروەختی جەنگی یەكەمی جیهان، كاتێك كە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی داڕووخا. كەواتە بە شێوەیەكی گشتی ئەو دۆخەی لەئارادایە جێی خۆشحاڵی نییە و لە هەمووشی خراپتر و ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانییە بریتیە لە دۆخە سیاسیەكە، بەتایبەتی كە ئەمە زیاتر لە دوو رەهەندا بەرجەستە بووەو رەنگیداوەتەوە، یەكەمیان كێشە و ناكۆكیی نێوان دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە، دووەمیان بریتییە لەو ململانێ و ناكۆكییە تایفەگەرییەی كە لەم ناوچەیەدا لەئارادایە. هەرچەندە كاتێك لێرەدا من ئاماژە بە كێشە، یان رەهەندی تایفەگەریی دۆخەكە دەكەم، ئەوا نامەوێت لە بایەخ و گرنگی، یان لە كاریگەریی كێشە ئیتنی و نەتەوەییەكان كەم بكەمەوە. بەڵام دەمەوێت جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە بوونی كێشە و ناكۆكی لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەكە دژوارترین و سەختترین تەنگژەیە و بۆتە سەرچاوەی دروستبوونی كێشە و گرفتی دیكە.
* بەڵام هەندێ بۆچوونی دیكە هەن كە پێیانوایە كێشەكان زیاتر كێشەی نێوان پێكهاتە و گرووپە ئیتنی و تەنانەت تایفەگەرییەكانە و ئەمە بۆتە هۆكار و سەرچاوەی ئەوەی ناكۆكی لە نێوان دەوڵەتەكاندا دروست بێت و ئەو ناكۆكییانەش بەرەو هەڵكشان بچن؟
- ئەوە راستە كە تێڕوانینێك هەیە پێیوایە كێشەی نێوان گرووپە ئیتنییەكان بووەتەهۆی ئەوەی دەوڵەتانی ناوچەكە دوچاری ناكۆكی ببنەوە لەگەڵ یەكتردا، بەڵام من لەگەڵ ئەم لێكدانەوە و تێڕوانینەدا هاوڕا نیم و دیدگایەكی تەواو پێچەوانەم هەیە، واتە پێموایە كێشەكە لە دەوڵەتانی ناوچەكەدایە، واتە كێشەكە ئەوەیە كە ئیدارەیەكی خراپی كاروبارەكانی دەوڵەتی دەدرێت، ئیدارەیەكی خراپی ژیانی خەڵك و پەیوەندییەكان لەگەڵ دەوڵەتانی دیكەدا دەدرێت، كە هەموو ئەمانەش بوونەتە هۆكاری دروستبوونی ئەم دۆخە پڕ لە تەنگژە و كێشەیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
* بەڵام ئەگەر بە دیاریكراوی قسە بكەین، ئایا ئەم ناكۆكییە لە نێوان كام لە دەوڵەتانی ناوچەكەدا زیاتر روودەدات و كاریگەری و دەرهاویشتەی خراپی لەسەر كۆی دۆخی ناوچەكە بەجێهێشتووە؟
- ئێمە لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە ناكۆكیی نێوان هەردوو وڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران و عەرەبستانی سعودیە بكەین، یا ناكۆكیی نێوان ئێران و ئیسرائیل، یان نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دیكە، كە ئەمانە بوونەتە كێشەیەكی گەورە. كە بەداخەوە لە نێو چەقی ئەم ململانیێیانەشدا هەردوو وڵاتی ئێران و سعودیە هەن، كە بوونەتە هۆی خراپبوونی بارودۆخەكە، كێشەی نێوان ئەم دوو وڵاتەش نەك تەنیا كێشەیەكی سیاسی و تایفەگەرییە، بەڵكو لەوە خراپتر ئەوەیە كە حوكمڕانەكانی ئەم دوو وڵاتە بیركردنەوەیەكی ستراتیژییانەیان نییە لە تێڕوانین و مامەڵەكردن لەگەڵ یەكدیدا و ئەمەش بۆتەهۆی ئەوەی رەوشەكە بە چەشنێك خراپ بێت كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی هەموو لایەك بگات.
* باشە لە روانگەی ئەم پێشهات و پەرەسەندنانەوە پێتوایە لە ئێستادا دۆخەكە بە چ ئاقارێكدا دەڕوات؟
- پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە كە ناوچەكە لەباری ناكۆكی و ركابەریدایە و هۆكاری ئەم ناكۆكییەكەش بۆ خراپ ئیدارەدانی كاروبارەكانی دەوڵەت دەگەڕێتەوە، لەلایەن حوكمڕانەكانەوە، بە چەشنێك كە گرووپە ئیتنی و ئایینییەكانیش لەم ناكۆكییەوە تێوەگلاون، لە دەرئەنجامدا ناسەقامگیری و پشێویی زیاتر باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشاوە.
* بەڵام زۆر باس لەوە دەكرێت كە دەستێوەردانی دەرەكی و هێزە جیهانییەكان بوونەتە هۆكاری ئەوەی هێندەی دیكە كێشەكانی ئەم ناوچەیە ئاڵۆز بێت، كە ئەم هێزانە زیاتر بەرژەوەندییەكانی خۆیان زاڵ دەكەن و پەرەیان پێدەدەن لەسەر حیسابی بەرژەوەندی و سەقامگیریی ناوچەكە، بۆچون و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەوەی نكۆڵی لێناكرێت، ئەوەیە كە ئەم ناوچەیە رووبەڕووی دەستێوەردانی دەرەكیی هێزە جیهانییەكان بۆتەوە، وەك رووسیا و وڵاتانی ئەوروپا كە دەستێوەردان دەكەن لە كاروبارەكانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە، وەك عێراق و سووریا و یەمەن و لیبیا و.. هتد. ئێمە دەزانین ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە بۆ ئەوەی پشێویی زیاتر بەسەر ئەم ناوچەیەدا زاڵ بێت. من ئومێد دەكەم كە ئەم دۆخە بەرەو باشتر بچێت، بەڵام زۆر گەشبین نیم كە ئەمە رووبدات.
* بەڵام ئێوە ئاماژەتان بە رۆڵی یان دەستێوەردانی ئەمریكا نەكرد لە كاروبارەكانی وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا، كە ئێمە دەزانین ئەمریكا هێزێكی خاوەن هەژموون و دەستڕۆیشتووە و چەندین هاوپەیمانی لەم ناوچەیەدا هەیە؟
- لێرەدا دوو مەسەلە هەیە كە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن، یەكەمیان ئەوەیە كە ئەمریكا وەك ئیمپراتۆریەتێك هێزێكە لەداكشاندایە، واتە چیتر ئەو هێزە كاریگەرو بەهێزو دەستڕۆیشتووە نییە كە لە رابردوو، یان لە 20 ساڵی رابردوودا لەئارادا بوو. لێرەدا من لە روانگەیەكی رێژەییەوە قسە دەكەم و باسی هێزی ئەمریكا دەكەم. واتە هێزێكی ئابووریی رێژەییە و بگرە هێزێكی سەربازیی رێژەییە، دووەمیان ئەوەیە كە لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەمریكا گەورەترین هێزە لە سەر ئاستی جیهان. هەرچۆنێك بێت، پێموایە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانەوە، ئەوا لەم ساڵانەی دواییدا ئەمریكا زیاتر بیری لەوە كردۆتەوە كە لە پرۆسەیەكی هەنگاو بە هەنگاودا لە هەندێ وڵاتی جیهان بكشێتەوە، یان با بڵێین لە هەندێ ناوچەی جیهان بكشێتەوە.
* بەڵام دوایین ستراتیژیەتی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا باس لەوە دەكات كە ئەمریكا دەبێت بایەخ بە پرسی ململانێ، یان ركابەریی نێوان هێزە جیهانییەكان بدات، ئێوە چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟
- حاڵی حازر ئەمریكا، چین وەك هێزێكی هەڵكشاو، بە گەورەترین ركابەری خۆی دەزانێت نەك رووسیا، ئەگەرچی لە روانگەیەكی دوژمنكارانەشەوە لە رووسیا دەڕوانێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چین بە ركابەری سەرەكی دەزانێت، بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە و لەم رووەوە كۆشش و هەوڵەكانی خۆی چڕكردۆتەوە بۆ بایەخدان بەم پرسە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە بڵێین هێشتا ئەمریكا بەرژەوەندییەكی زۆری ماوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مەبەستم ئەوەیە ئەمریكا ناتوانێت بە ئاسانی بڕیاری ئەوە بدات كە ئەم ناوچەیە جێبهێڵێت، لەم روانگەیەوە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ هەوڵیداوە كە هاوپەیمانێتییەك لەم ناوچەیەدا دروست بكات، بۆ ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە بتوانێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا بكات.
* بەڵام پێتوایە چ وڵاتێك دەتوانێت رۆڵی سەرەكی ببینێت بۆ سەركردایەتیكردنی ئەم هاوپەیمانێتییە و بۆ بەرگریگردن لە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا؟
- ئێمە دەزانین 40 ساڵ پێش ئێستا ئەوە ئێرانی سەردەمی شا بوو كە ئەم رۆڵەی دەبینی، بەڵام لەو كاتەوە هیچ هێزێكی دیكە ئەم رۆڵەی نەبینیوە و ئەمریكا ناچار بووە خۆی راستەوخۆ كاربكات لەسەر پاراستن و بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی خۆی لەم ناوچەیەدا. واتە نە عەرەبستانی سعودیە و نە ئیسرائیل نەیانتوانی ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە كە بەهۆی رووخانی شای ئێران لەلایەن شۆڕشی ئیسلامییەوە دروست بوو. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەمریكا بە شێوەیەكی راستەوخۆتر دەستێوەردان بكات، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد لەم ساڵانەی دواییدا ئەمریكا هەوڵدەدات ئاست و ئەندازەی ئەو دەستێوەردانە كەم بكاتەوە.
* ئایا هیچ جیاوازییەك بەدی دەكەیت لە نێوان سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەم رووەوە؟
- من جیاوازییەكی زۆر بەدی ناكەم لەم رووەوە، ئێوە لەبیرتان نەچێت كە ئەوە ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما بوو بڕیاری كشانەوەی دا لە عێراق، هەروەها ئەوە ئیدارەی ئۆباما بوو كە هەوڵیدا لە ئەفغانستان پاشەكشە بكات. مەبەستم ئەوەیە كاتێك ئێمە بڕیاری كشانەوە لە سووریا دەبیستین- لەلایەن سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە- ئەمە شتێكی نوێ نییە. هەرچۆنێك بێت، دەتوانین بڵێین دۆناڵد ترەمپ پتر پابەندە بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دۆناڵد ترەمپ دۆخی ناوخۆیی، یان پرسە ناوخۆییەكان لەبەرچاو بگرێت كە ئێمە دەزانین لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا گفتوگۆیەكی جددی دەكرێت لەم رووەوە، بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەو ماوەیەدا. واتە دەبێت ترەمپ پتر بایەخ بە پرسەكانی پەیوەست بە بواری ئابووری و پرسی كۆچبەرانی وڵاتانی ئەمریكای لاتین بۆ ئەمریكا و.. هتد بدات.
* كەواتە سەرقاڵبوونی ئیدارەی ترەمپ بە كێشە ناوخۆییەكانەوە چ رەنگدانەوە و كاریگەرییەكی لەسەر پابەندبوونەكانی ئەمریكا بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبێت؟
- من پێم وایە ئەمریكا هەوڵی كەمكردنەوەی پابەندبوونەكانی – لە رووی سەربازی و ئابووری و سیاسیەوە- بەم ناوچەیە دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم وایە ئەمریكا كار بۆ ئەوە دەكات كە چارەسەرێكی باشتر بدۆزێتەوە بە بەراورد بە رێگاچارەی كشانەوە و جێهێشتنی ئەم ناوچەیە. هەر ئەمەش بووەهۆی ئەوەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سەربازە ئەمریكییەكان لە سووریا بكێشێنێتەوە، بەڵام لە عێراقدا جێگیریان بكات. لەلایەكی دیكەوە ئەمریكا دەیەوێت ریزبەندییەك بكات و بە گوێرەی گرنگییەكان بایەخ و ئەولەوییەت بە پرسەكان بدات. لە روانگەی ئەمریكاوە تەحەددی راستەقینە لەم ناوچەیەدا بریتییە لە ئێران و تێوەگلان و دەستێوەردانی ئێران لە عێراقدا مایەی نیگەرانی ئەمریكایە. لەبەر ئەوە پێموایە ئەمریكا هەوڵی ئەوە بدات كە لە عێراقدا بەرەنگاری ئێران ببێتەوە. لەلایەكی دیكەوە من پێموایە ئەمریكا ئاسایش و سەلامەتی كوردیش لەبەرچاو دەگرێت و بەلای كەمەوە تا ئایندەیەكی نزیك بە ئاسانی دەستبەرداری ئەم پابەندبوونەی نابێت. چونكە ئەمریكا بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە دەیەوێت پارێزگاری لە كورد بكات و ئەگەر هاتوو توركیا پێشڕەوی بكات بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دروستی دەكەن لە سووریا و ئەگەر هێرش بكاتە سەر كورد لەو وڵاتەدا، ئەوا ئەمریكا زۆر ناڕەحەت دەبێت و سزای توركیا دەدات. لە روانگەی هەموو ئەوانەی وتران، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەمریكا چەند دۆستێكی هەیە لە ناوچەكەدا كە پابەندە بە پاراستنیانەوە، كە كوردیش یەكێكە لەو دۆستانە.
* هەر لە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەگشتی و سیاسەتی لە ئاست ئەم ناوچەیە بەتایبەتی، ئەوا ئێمە دەزانین كە ئیدارەی ترەمپ پتر پەنا بۆ فشار و سزای ئابووری دەبات بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی سیاسەتە دەرەكییەكەی، بەتایبەتی ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن هەڵمەتی فشاركردن لەسەر ئێران، پێتوایە تا چەند ئەمە سیاسەتێكی كاریگەر و سەركەوتوو دەبێت؟
- ئەوەی گومان هەڵناگرێت لەم رووەوە ئەوەیە كە سزا و فشارە ئابوورییەكان ئازاربەخشن، بەڵام نابنەهۆی گۆڕینی دەسەڵاتی حوكمڕان لە وڵاتەكەدا. ئێمە ئەزموونی عێراقمان لەبەرچاوە كە دەسەڵاتی سەدام حوسێن بەهۆی فشار و ئابڵوقەی ئابوورییەوە نەڕووخا. ئەوەی پەیوەست بێت بە وڵاتی ئێرانەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەم سزا ئابوورییانە كاریگەری ئازاربەخشیان هەبووە، بەڵام نابێتەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی حوكمڕانی لەو وڵاتەدا بگۆڕێت. دواتر من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە كێشەی ئێران زیاتر كێشەیەكی ناوخۆییە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم كێشەی سەرەكیی ئێران بریتی نییە لە ئەمریكا، بەڵكو پتر كێشەی ناوخۆیە. واتە كێشەكە لە خراپ ئیدارەدانی كاروبارەكانی وڵاتەكەدایە، كێشەكە لەوەدایە ئێران لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە باری گرانی خستۆتەسەر شانی خۆی لە ناوچەكەدا و لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی، كە پێموایە ئێران ناتوانێت درێژەیان پێبدات لە وڵاتانی عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن و شوێنەكانی دیكە.
* ئاماژەتان بەوە كرد كە ئێران ناتوانێت درێژە بەم پابەندبوونە سەربازی و ئابوورییانە بدات لە ناوچەكەدا، ئایا دەكرێت مەبەستتان لەو بارەوە روونتر بكەنەوە؟
- مەبەستم ئەوەیە درەنگ، یان زوو ئێران پێداچوونەوە بەم ستراتیژیەت و رێچكەیەدا دەكات، دواتر من باوەڕم وایە كاتێك فشار و ناچاركردنی راستەقینە لە بەرامبەر ئێراندا پیادە دەكرێت، ئەوا سەركردەكانی ئێران پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆیاندا دەكەن. ئێمە ئەم حاڵەتەمان لە سەروەختی پرۆسەی گفتوگۆكردن لەبارەی ئەنجامدانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵدا ئێراندا بەدی كرد. كاتێك فشار و سزا ئابوورییەكان گەورەتر و بەرفراوانتر دەبوو و كاریگەری گەورەیان لەسەر ئابووریی ئێران دروستكرد، ئەوا ئێران دەستی بە گفتوگۆكرد لەگەڵ ئەمریكادا. لەم روانگەیەوە باوەڕم وایە كاتێك سزاكان كاریگەری راستەقینەیان دەبێت كە پێموایە ئێستا ئەم كاریگەرییەیان دروست كردووە، ئەوا ئێران دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. لەبەر ئەوەی ئێران رێگاچارەی دیكەی لەبەردەمدا نییە تا بیگرێتەبەر، واتە ئێران ناتوانێت تا سەر لەگەڵ سزا و فشارەكاندا بژیێت، كەواتە كاتێك چیتر بەرگەگرتنی فشارەكان كارێكی كردەنی نابێت، ئەوا ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام بەداخەوە پێموایە درەنگوەخت دەگەڕێنەوە بۆ نێو پرۆسەی گفتوگۆكردنەكە. كەواتە بەڵێ پێشبینی ئەوە دەكەم لە یەكێك لە قۆناغەكاندا ئێران ئامادەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كاتەكە درەنگوەخت دەبێت بۆ ئێران. چونكە ئێمە دەزانین كە دۆخەكە لە ئێراندا خراپە، كە ئەمە هەر تەنیا لایەنی ئابووری ناگرێتەوە، بەڵكو دۆخە سیاسییەكەش خراپە، مەبەستم ئەوەیە خەڵكی ئێران دەیانەوێت ئاڵوگۆڕێك لە چۆنیەتی ئیدارەدانی كاروبارەكانی دەوڵەتەكەیاندا رووبدات. هەموو ئەمانەش دەبنەهۆی ئەوەی درەنگ یان زوو حكومڕانەكانی ئێران خۆیان لە دۆخێكدا ببینەوە كە نەتوانن لە یەك كاتدا بەرگەی فشارە ناوخۆییەكان و فشاری ئەمریكا بگرن. لەو كاتەشدا دەبێت بڕیاری خۆیان بدەن كە من دەزانم بڕیاری ئەوە دەدەن كە ئاشتی لەگەڵ ئەمریكادا بكەن و بەرەنگاری ناوخۆ ببنەوە، بەڵام ئەگەر ئەو كارە بكەن، ئەوا گەورەترین هەڵە دەكەن.
* بەڵام ئێوە كەسێكن كە لە ساڵی 2005دا و لە میانەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئێراندا خۆتان كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری ئێران، دەكرێت بپرسین چۆن بوو ئێوە ئەم بڕیارەتان دا؟
- بەڵێ، ئەمە راستە من كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمار بووم لە ئێراندا، بەڵام لەلایەن شورای نیگەهبانی ئێرانەوە دوورخرامەوە، كە ئەمەش هەڵەیەكی گەورە بوو، لەبەر ئەوەی ئەگەر رێگەی بەشداریكردنیان پێ بدامایە، ئەوا هیچ گومان هەڵناگرێت كە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیم دەبردەوە، لەبەر ئەوەی پشتیوانییەكی زۆرم هەیە. بەڵام ئەوان رێگەیان پێنەدام و بواریان دا كەسێكی دیكە ببێتە سەرۆك كە دۆخی وڵاتەكەی ئاڵۆز كرد، هەم لە رووی ئابووری و هەمو لە رووی سیاسی و هەروەها لە بوارەكانی دیكەشدا. مەبەستم ئەوەیە ئێستا ئەوان باجی ئەم هەڵەیەی خۆیان دەدەن.
* كەواتە پێتوایە كێشەكان قابیلی ئەوەن چارەسەر بكرێن، یان با بڵێین دەكرێت دۆخی ئێران باشتر بكرێن و چاكسازی ئەنجام بدرێت؟
- من بەرنامەی گشتگیرم هەیە و لەم پێناوەدا رێكخراوێكی نوێم دامەزراندووە بە ناوی ئابان و رایەڵێكی تەلەگرافیشیم هەیە لەم رووەوە و ئێمە زۆر چالاكین و كار لەگەڵ خەڵكانێكی زۆردا دەكەین.
* ئەگەر زیاتر لەسەر رۆڵی ئیقلیمیی ئێران هەڵوەستە بكەین، ئەوا ئێمە دەزانین ئەمریكا هەمیشە باس لەوە دەكات كە ئێران هێزێكی دەستڕۆیشتووە لەم ناوچەیە و هەژمونی خۆی بەسەر چەند وڵاتێكدا سەپاندووە و ئەمریكا دەیەوێت ئەم دەستڕۆیشتووییە سنووردار بكات، ئێوە چۆن هەڵسەنگاندنی ئەم مەسەلەیە دەكەن؟
- من پێشتریش ئاماژەم بەوە كرد كە ئێران زیاد لە توانای خۆی پابەندبوونی- لە ناوچەكەدا و لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی- خستۆتە ئەستۆی خۆی- هەم لە رووی ئابووری و هەم لە رووی سیاسی و سەربازییشەوە-. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئێران وڵاتێكە سەرچاوەی پێویستی لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی بیخاتە پێناوی هێنانەدی تمووحەكانی، مەبەستم لە تموح و ئامانجەكانیەتی لە وڵاتانی وەك سووریا و لوبنان و یەمەن و عێراق و.. هتد. ئەوەش سەلمێندراوە كە هەر وڵاتێك هەوڵبدات زیاد لە سەرچاوە و توانا و هێزی خۆی پابەندبوون بخاتە ئەستۆی خۆی ئەوا دەبێت درەنگ یان زوو بڕیاری كشانەوە و پاشەكشە بدات، بە چەشنی ئەوەی وڵاتی بەریتانیا كردی لە ساڵانی حەفتاكاندا، كە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كشایەوە. لە ئێستاشدا ئەمریكا بە رەوتێكی روو لە زیاد بیر لەوە دەكاتەوە كە لە هەندێ ناوچە و وڵاتی جیهان بكشێتەوە، كەواتە ئەمە بەسەر ئێرانیشدا جێبەجێ دەبێت، بە گوزارشتێكی دیكە لەبەر هۆكاری ئابووری دەبێت ئێرانیش بكشێتەوە.
* باشە پێتوایە لە ئێستادا و لە ناو ئێراندا تاوتوێ یان گفتوگۆ بكرێت لەبارەی ئەوەی دەبێت ئێران پتر تەركیز لەسەر ناوخۆی وڵاتەكە بكاتەوە و كەمتر هەوڵی پەرەپێدانی كاریگەری خۆی لە وڵاتانی ناوچەكەدا بدات؟
- لە ئێستادا و لە ناو ئێراندا بۆچوونی جیاواز هەیە لەم رووەوە، واتە لەلایەك ئەوانەی هەڵوێستی سەختیان هەیە پێیانوایە دەبێت ئێران لەم رەوتە بەردەوام بێت، لە كاتێكدا میانڕەوەكان بۆچوون و دیدگایەكی جیاوازییان هەیە. هەروەها لە ناو ئێراندا گرووپێكی ئایینی هەن كە پێیانوایە نابێت شۆڕشی ئیسلامی تەنیا لە چوارچێوە و سنووری ئێراندا قەتیس بكرێت، بەڵكو دەبێت لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو بكرێتەوە، ئەوان پێیانوایە جیهانی ئیسلامی تەنیا پەیوەست نییە بە ئێرانەوە، بەڵكو تا ئەو شوێنەی موسڵمانی لێ بێت سنووری جیهانی ئیسلامییە و ئەمەش فەلسەفەیەكە و باوەڕیان پێیەتی، كەواتە ئەوان پەیوەستن بە دیدگایەكی ئایدیۆلۆژییەوە كە لای ئەوان شۆڕشی ئیسلامی سنوور ناناسێت. مەبەستم ئەوەیە بڵێم كەسانێك هەن لە ناو ئێراندا كە پێیانوایە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە درێژە ناكێشێت، ئەگەر تەنیا تەركیز بكرێتەسەر ناوخۆی ئێران و دەبێت جەخت لەسەر دەرەوەی سنوورەكانی ئێرانیش بكرێت. رەوتێكی دیكەش هەیە لە نێو ئێراندا پێیانوایە پێویستە ئێران هەوڵ و كۆششەكانی لە ناوخۆی وڵاتەكەدا چڕبكاتەوە و پتر تەركیز لەسەر چارەسەركردنی پرس و كاروبارە ناوخۆییەكان بكاتەوە.
* باشە راوبۆچوونی ئێوە چییە لەم رووەوە، پێویستە لە ئێستادا ئێران هەنگاو بە چ ئاراستەیەكدا هەڵبگرێت و تەركیز لەسەر چ لایەنێك بكاتەوە؟
- من لەگەڵ ئەوەدام كە ئێران دەبێت هەوڵەكانی بە ئاراستەی ناوخۆدا چڕ بكاتەوە و بایەخدان بە پرسە ناوخۆییەكان بكاتە ئەولەوییەتی سەرەكی، چونكە پێموایە ئێران ناتوانێت – بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە- لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی بمێنێتەوە و بەرگەی ئەو هەموو شەڕ و ناكۆكییانە بگرێت و هاوكاری و یارمەتی ئەو هەموو گرووپانە بدات. بەتایبەتی كە ئێمە دەزانین كار لەسەر ئەوە دەكرێت هاوپەیمانێتی لە دژی ئێران پێبكهێنرێت.
* لە كۆی وەڵامەكانت ئەوە بەدی دەكەین كە ئێوە ریشەی كێشەكانی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵات بۆ بێتوانایی یان ناكارایی سیستمی حوكمڕانی لەم وڵاتانە دەگەڕێننەوە، پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا چۆن دەكرێت كار لەسەر چارەسەركردن و چاكسازیكردن لەم سیستمی حوكمڕانییەدا بكرێت؟
- ئەگەر بە راشكاوی بدوێم ئەوا پێموایە چارەسەرەكە ئەوەیە حكومەتەكانی ئەم وڵاتانە بێنە گۆڕین، چونكە بە داخەوە دەیڵێم كە هیچ یەكێك لە سیستمە حوكمڕانەكانی ئێستای ئەم ناوچەیە قابیلی ئەوە نین چاكسازییان تێدا بكرێت. بۆ نموونە ئەوە دەركەوتووە كە سیستمی حوكمڕانی لە ئێراندا توانای ئەوەی نییە دەست بداتە چاكسازی، ئەوە بۆ بیست ساڵ دەچێت ریفۆرمخوازان لە ئێراندا هەوڵ دەدەن چاكسازی لەو وڵاتەدا بكەن و هەوڵەكانیان بە ئاكام نەگەیشتووە و خەڵكی ئەو وڵاتەش گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی كە ناتوانرێت چاكسازی بكرێت، بۆیە بەو پێیە داوای گۆڕانكاری دەكەن، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە چۆن ئەم گۆڕانكارییە بكرێت، من ئومێدم وایە كە رێگاچارەیەك بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بە شێوازێكی ئاشتییانە گۆڕانكاری ئەنجام بدرێت. لەلایەكی دیكەوە ئێمە دەزانین جووڵانەوەی سەوز لە ئێراندا نموونەیەكی دیكە بوو بۆ ئەو هەوڵانەی بەم ئاراستەیەدا دران.
* ئەی پێتوایە دۆخەكە لە وڵاتانی دیكەی ناوچەكەدا چۆن دەبێت؟
- بە باوەڕی من ئەوەی پەیوەست بێت بە وڵاتی سعودیەوە، ئەوا شازادەی جێنشین هەوڵدەدات لە سەرەوەڕا دەست بە گۆڕانكاری بكات، هەرچەندە من پێموایە ئەم هەوڵانە بەس نین بۆ ئەوەی بتوانرێت گۆڕانكاری لە دۆخەكەدا بكرێت، لەبەر ئەوە پێموایە پێویستە چاكسازیی زیاتر لە وڵاتی سعودیەدا بكرێت، هەرچەندە ئەوەش رەنگە هاوشان بێت بە دروستبوون و سەرهەڵدانی كێشەی زیاتر. لە وڵاتێكی وەك توركیاشدا، ئەوا جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی لەئارادایە و لەو باوەڕەدا نیم سەرۆك رەجەب تەییب ئەردۆغان بتوانێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو رەوتەی لە ئێستادا پیادەی دەكات، بەتایبەتی بەهۆی ئەو كێشە سیاسیانەی كە رووبەڕووی دەبنەوە. من دووبارە دووپاتی ئەوە دەكەمەوە كە پێویستە گۆڕانكاری لە سیستمی حوكمڕانیدا بە چەشنێك بێت كە نەبێتەهۆی خوڵقاندنی كێشەی زیاتر. هەرچەندە دەبێت ئاماژە بەوەش بكەم كە پێموایە لە مەودای كورتدا دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن سوپاوە یەكێك لە چارەسەرەكان دەبێت، وەك ئەوەی لە میسردا بەدیمان كرد، لەبەر ئەوە من باوەڕم وایە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن سوپاوە لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا و لە ئایندەیەكی نزیكدا یەكێك بێت لە چارەسەرە كورتخایەنەكان.
* كەواتە ئێوە گەشبین نین بەوەی دۆخی ئەم وڵاتانە بە رەوتی سرووشتی و ئاسایی خۆی گەشە بكات و لە پرۆسەیەكی ئاشتییانە و ناتوندوتیژدا بتوانرێت باری لاری سیستمی حوكمڕانی راست بكرێتەوە؟
- من پێمخۆشە ئاماژە بەوە بكەم كە چیتر چینی ناوەڕاست لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا بە چەشنی رابردوو چینێكی شۆڕشگێڕ نییە، واتە لە رۆژگاری ئێستادا چینی ناوەڕاست چینێكی دژە شۆڕشە و پتر مەیلی موحافیزكارانەی هەیە و زیاتر بە دەسەڵاتەوە پەیوەست بووە. كەواتە لە ئێستادا ئەو چینەی كە ماوەتەوە و دەكرێت كاری لەگەڵدا بكرێت، چینی كرێكارە، بەڵام بەداخەوە چینی كرێكاریش بە بێ بوونی سەركردایەتییەك ناتوانێت ئەم كارە ئەنجام بدات و جڵەوەكە بگرێتەدەست، ئەگەرچی دەكرێت و لە توانایاندا هەیە كە هەلومەرجی هەڵگیرساندنی شۆڕش بخوڵقێنن، بەڵام نەك خۆیان جڵەوەكە بگرنەدەست. هەروەك ئاماژەم پێكرد، ئەوان دەتوانن زەمینەی بەرپاكردنی شۆڕشێك بسازێنن و دەرفەتێك بخوڵقێنن بۆ ئەوەی سوپا جڵەوەكە بگرێتەدەست، بە گوزارشتێكی دیكە گرتنەدەستی جڵەوی بارودۆخەكە لەلایەن سوپاوە بە راددەیەكی گەورە بەندە بە جووڵە و بزاوتی چینی كرێكارەوە. دووبارەی دەكەمەوە باوەڕم وایە كە چینی ناوەڕاست تا ئایندەیەكی نزیكیش بە ناكارایی دەمێنێتەوە، یان بەلای كەمەوە بەشێكی زۆری ئەم چینە بە ناكارایی دەمێنێتەوە، واتە ئەمە هەمان ئەو چینی ناوەڕاستە نییە كە پێش 30 بۆ 40 ساڵ بەر لە ئێستا بوونی هەبوو.
Top