پەرلەمانتار د. ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: هەوڵدەدەین مەسەلەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوە

پەرلەمانتار د. ئەحمەد سەفار ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:  هەوڵدەدەین مەسەلەی  مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە  ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكانەوە نەبەسترێتەوە
ئاشكرایە لە ئێستادا گفتوگۆیەكی زۆر بەڕێوەدەچێت لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2019ی عێراق، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگە و چاككردنی چەند پێشێلكارییەكی دیكەی دەستووری؛ ئێستا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی كۆبوونەوەو گفتوگۆكردنە لەسەر ئەم پڕۆژەیە یاسایە. هەموو ئەوانە بوونە تەوەری دیداری گوڵان لەگەڵ دكتۆر ئەحمەد سەفار ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان.
* وەكو ئەندامێكی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە درێژایی ئەم دوو هەفتەیە گفتوگۆو كۆبوونەوەتان لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت كردووە؛ دەكرێت بزانین دواپێشهاتەكانی قسەكردن و گفتوگۆكردن لەسەر پرسی بودجە بەكوێ گەیشتووە؟
- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە بودجە بە كۆمەڵێك كەموكورتی و هەڵەوە لەلایەن حكومەتی پێشووی كار بەڕێكەرەوە دانراوە؛ لە كاتێكدا نەدەبوو بەو هەموو هەڵەو كەموكورتییەوە بودجە بۆ پەرلەمان بەرز بكرێتەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی بودجەكە گوزارشت لە بەرنامەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی ناكات و لە ئاست داواكاری و پێداویستییەكانی ناوچە وێرانبووەكانی شەڕ و پێداویستیەكانی خەڵكی كوردستان و عێراقدا نییە، بەتایبەتی لە پارێزگاكانی موسڵ و رومادی و تكریت و دیالە و كەركووك، هاوكات بەپێی پێویستیش گرنگیی بە ناوچە كوردستانییەكان نەدراوە. لەمەش گرنگتر لەساڵی 2014وە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەكەدا نەنێردراوە، قسەكردن و گفتوگۆكردن لەسەر بودجە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، پێویستی بە دابینكردنی ژینگەیەكی ئارام و دۆخێكی سەقامگیریی سیاسییەوە هەیە، بەهەستكردن بەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە جەنابی سەرۆك بارزانی هاتە بەغدا و زنجیرەیەك چاوپێكەوتن و گفتوگۆی لەگەڵ سەركردەو سەرۆكەكانی سوننەو شیعە ئەنجام دا، ئەمەش كاریگەریی ئیجابی هەبوو لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخەكەی نێوان هەرێم و بەغدا، تەنانەت دەرگای گفتوگۆو هاریكاریی نێوان هەردوو لا كرایەوە تاوەكو بتوانین بەهەمووان لەكەش و هەوایەكی هێمن و دۆستانەدا گفتوگۆ لەسەر داخوازییەكانی گەلی كوردستان بكەین، لەناویانیشدا پرسی پشكی كوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2019ی عێراق. ئەوە بوو دووبارە پڕۆژە یاساكە بۆ حكومەت گەڕێندرایەوەو توانرا چەند بڕگەیەك دەستكاری بكرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی هەبوو بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگەو گۆڕینی ناوی پارێزگاكانی كوردستان بۆ هەرێمی كوردستان، ئێمە وەكو لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە 8ی ئەم مانگەوە تا ئێستا لە پەرلەمانی عێراق لە كاتژمێر 8ی بەیانییەوە تاكو 7ی شەو بە بەردەوام گفتوگۆیەكی چڕوپڕ لەسەر هەموو ئەو ماددەو بڕگانە دەكەین كە پارەی بۆ تەرخان كراوە، بۆ ئەم مەبەستەش بانگهێشتی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتمان كردووە، تاوەكو كۆنتڕۆڵی هەموو ئەو خەرجییانە بكەین كە لەلایەن وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتەوە سەرف دەكرێت، هاوكات ئەو بڕگانەشمان تاوتوێكردووە كە پەیوەندیان بە بونیاتنانی ناوچە رزگاركراوەكان و داواكاری خۆپیشاندەرانەوە هەیە، بەپێی توانا هەوڵ دەدەین هیچ بوارێك لە بودجەكەدا پشتگوێ نەخەین، بەو ئومێدەی لە ماوەیەكی نزیكدا بتوانین لە هۆڵی پەرلەمان دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە ئەنجام بدەین و بە زۆرینەی دەنگ بودجەی گشتی 2019ی عێراق ببێتە یاسا و هەمووان پێوەی پابەند بن.
* وەكو پەرلەمانتارێك و شارەزایەكی ئابووری پرسی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و مەسەلەی جێگیركردنی ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە بەكوێ گەیشتووە؟
- رێكەوتنێكی سەرەتایی لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2019ی عێراقدا هەیە، بۆ ئەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان بگاتە 10 تریلیۆن بەو مەرجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە رادەستی حكومەتی عێراق بكات، ئێمە هەوڵدەدەین بەوەی بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەوە بە جیا لە پشكی هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت و لایەنی بەغدا پابەند بكرێت بە جێبەجێكردنی، واتا ئەگەر لەبەر هەر هۆكارێك نەتوانرێت پابەندی مەرجی ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بین، ئەوا كار بكەین بۆ ئەوەی بەغدا مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە بنێرێت، واتە مەسەلەی مووچەی فەرمانبەران نەبەسترێتەوە بە ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكانەوە، هەموو كوتلە كوردییەكانیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵی ئەوەدان ئەم ماددەیە لە پەرلەمان تێپەڕێنین، لەمەشدا ئێمە وەكو پەرلەمانتارانی كورد هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەكەدا زیاد بكەین لە رێگەی دەستكاریكردنی هەندێك بڕگە و ماددە لە بەرژەوەندیی بەرزكردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دێت.
* راوبۆچوون و هەڵوێستی پەرلەمانتاران و كوتلە عەرەبییەكان لەناو پەرلەماندا لەسەر پرسی پشكی كورد لە بودجەكە و جێگیركردنی ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە مووچەی فەرمانبەران و مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و جیاكردنەوەی لە پشكی هەرێم لە بودجەكە چۆنە؟
- من وەكو سەرۆكی كاتیی لێژنەی دارایی لە پەرلەمان و ئەندام لەو لێژنەیەدا بە پاڵپشتی وەزیری دارایی و پەرلەمانتارە بەڕێزەكانی دیكەی كورد، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ناچاركردنی پەرلەمان و حكومەتی عێراق بە پاپەندبوونیان بە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، بەڕێز فوئاد حوسێن وەكو وەزیری دارایی لە حكومەتی عێراق خاڵی باشی لە پڕۆژە یاسای بودجەكە زیاد كرد، ئەوەی دەمێنێتەوە لە پەرلەمانی عێراق و بەهاوكاری دۆستەكانمان ئەوەیە كوتلە عەرەبیەكان ناچار بكەین بەوەی دژی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو بڕگەیە رانەوەستن كە تایبەتە بە موچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە بەتایبەتی كە هەرچی لایەنی عەرەبی و كوتلەكانی ناو پەرلەمان هەیە، زۆر جەخت لەسەر ناردنی ئەو بڕە نەوتە دەكەن و لەمەدا سوورن لەسەر ڕای خۆیان كە ئەگەر ئەو بڕە نەوتە رادەستیان نەكرێت، ئەوان پابەندی ناردنی بەشە بودجەی هەرێم نابن. ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەكو فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەوڵی خۆمان دەدەین، بەڵام ئەمە پێویستی بە تەوافوقی سیاسی و رێكەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق و نێوان سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان هەیە، رێككەوتن بۆ دەنگدان بەو ماددە و بڕگانەی تایبەتن بە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانەوە.
* سەرەتای قسەكانت باسی كەموكورتییەكانی بودجە و هەوڵەكانی راستكردنەوەی هەندێك ماددە و بڕگەی ناو پڕۆژەكەت كرد، دەكرێت بزانین گرنگترینی ئەو ماددە و بڕگانە چین كە توانراوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق چاك بكرێتەوە؟
- وتووێژ و گفتوگۆكانمان لەناو لێژنەی پەرلەمان لەگەڵ وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت بۆ ئەوەیە لەهەندێك بڕگەدا كە پێویستی بە پارەی زۆر نییە كەم بكرێتەوەو هەندێك بڕگەو داواكاریی دیكە زیاد بكرێت، بۆ نموونە پارەی زیاتر تەرخان بكەین بۆ ئەو ناوچە و شوێنانەی شەڕ وێرانی كردووە، یاخود بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەركەوتووە، هاوكات رەچاوی داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانیش بكەین، خۆشبەختانە هەندێك لەو خاڵانەی بودجەكە كە تایبەت بووە بە پێشێلكاری دەستووری بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان چاككراوەتەوە، وەكو ناوهێنانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە بری هەرێمی كوردستان، هەروەها جەختمان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە لە بودجەكەدا زۆر تەئكید لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بكرێت، لەبری ئەوەی جەخت لەسەر بودجەی بەكارخستن بكرێت، ئەمە وێڕای ئەوەی چەند تێبینی و سەرنجێك لەسەر خەرجی حاكیمەكان و هەڵكشانی خەرجییە سیادییەكانەوە هەیە. هەر لەم چوارچێوەیەشدا بڕی 50 ملیار دۆلار تەرخانكراوە بۆ لێژنەی دارایی ماددەی 140 و حكومەتی عێراقیش داوای لیستی مووچەخۆران و فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگەی كردووە.
* لە دۆخێكی وا ناجێگیری بەهای نەوت و ناسەقامگیری سیاسیدا ئایا لەرووی ئابوورییەوە حكومەت دەتوانێت پابەندی جێبەجێكردنی هەموو ماددەو بڕگەكانی ناو پرۆژە یاساكە بێت؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە، چونكە پرۆژە یاسای بودجە جگە لەوەی دەبێت گوزارشت لە بەرنامەو پلانی حكومەت بكات، زۆر پێویستیشە هەمووان پێوەی پابەند بن، بودجەكە بودجەیەكی «رەیعی»یە واتا پشتی بە داهاتی فرۆشتنی نەوت بەستووە، كە هەر بەرمیلێك نەوتی خاو بە نزیكەی 56 دۆلار لە بودجەكەدا هەژمار كراوە، هاوكات كورتهێنانی تێدایە، ئەگەرچی ئەوەی لە میدیاكانەوە باسی دەكرێت كورتهێنانی راستەقینە نییە، چونكە بەهای بەرمیلێك نەوت لەبازاڕە جیهانیەكاندا جێگیر نییە، بۆیە زەحمەتە بتوانرێت لەسەر ژمارەیەك رێكبكەوین بۆ دیاریكردنی ئاستی كورتهێنانەكەی بودجە، هەوڵێكیش هەیە بۆ راستكردنەوەی باڵانسی نێوان بودجەی بەكارخستن و بودجەی وەبەرهێنان. ئەوەی تایبەتیشە بە پشكی كوردستان و شایستە داراییەكانی هەرێمەوە پێویستە ئەو راستییە بزانین كە مەسەلەكە زیاتر ناردنی ئەو شایستە دارایی و پارەیەیە نەك رێژەی 12% و 14% و 17% چونكە هەموو ئەم رێژانە لەسەر بنەمای یاسایی نین و قسەكردن لەسەری لەلای عەرەب زۆر هەستیارە، پێویستە ئەوەش بزانین كە لە ساڵی 1987 ەوە لە عێراق سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان نەكراوە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین هیچ بوارێك لە بودجەكەدا فەرامۆش نەكەین، رەنگە نەتوانرێت دەستكاری بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بكرێت، بەڵام بە دەستكاری هەندێك بڕگە و جیاكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە لە مەرجەكانی بەغدا بۆ ناردنی بڕە بودجەی پێویستی كوردستان دەتوانین سوود وەربگرین، گرنگ ئەوەیە بڕێكی باشی پارە بچێت بۆ هەرێمی كوردستان و هەموو حزب و كوتلە كوردستانییەكانیش بتوانن ئەو بڕگەو ماددانە جێگیر بكەین كە لەبەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندایە، بەتایبەتی مەسەلەی جیاكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە لە مەرجی ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان، لەكۆتاییشدا گفتوگۆكردن و بەدەستهێنانی مافەكانی هەرێمی كوردستان لە عێراقی فیدڕاڵ بەتایبەتی ماف و شایستە داراییەكانی بەستراوەتەوە بەو ژینگە سەقامگیرو دۆخەی لەنێوان هەردوو حكومەتی عێراق و كوردستان هەیە، پێویستە هەردوو حكومەت رێكبكەون لەسەر پرسی نەوت و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و پشكی كورد لە بودجەی گشتیی عێراق و ژمارەی فەرمانبەران و پێشمەرگە.
Top