پڕۆفیسۆر د.محەمەد شەعبان بۆ گوڵان: سیاسەتی سەركەوتووی ئابووری پێویستی بە دیدگایەكی روون و ئاشكرا هەیە

پڕۆفیسۆر د.محەمەد شەعبان بۆ گوڵان:  سیاسەتی سەركەوتووی ئابووری پێویستی بە دیدگایەكی روون و ئاشكرا هەیە
لە جیهانی ئەمڕۆدا سیاسەتی ئابووریی حكومەت و ئابووریی بازاڕ بە پایە گرنگەكانی حوكمڕانی دادەنرێت، هەر بۆیە ئەركی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە ژینگەیەكی لەبار بۆ سەركەوتنی ئەم سیاسەتە و چاكسازییەكانی دابین بكات و میكانیزمێكیش بۆ رێكخستنەوەی كەرتی گشتی و تایبەت بدۆزێتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرێكی پەیوەندیدار دیدارێكمان لەگەڵ ئابووریناس پڕۆفیسۆر د.محەمەد شەعبان ساز كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لە رۆژگاری ئەمڕۆدا دەتوانین بڵێین ئابووریی بازاڕ بە راددەیەكی زۆر جێگەی سیاسەتی گرتۆتەوەو ئەوەی تەحەكوم بە حكومڕانییەوە دەكات، سیاسەتی ئابووریی حكومەت و ئابووریی بازاڕە، وەك هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا كەموكورتیمان چییە و ئایا دەبێت سیاسەتی ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر چ بنەمایەك رێكبخرێتەوە؟
- پێش داڕشتنی هەر سیاسەتێكی سەركەوتوو بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت بیر لە گەرەنتیی سەركەوتنی ئەو سیاسەتە و بەدیهێنانی ئامانجەكانی بكەینەوە، بۆیە لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە: ئایا ژینگەیەكی گونجاو بۆ سەركەوتنی ئەم سیاسەتە بوونی هەیە؟ دیارە مەرجەكانی سەركەوتنی ئەم سیاسەتە چەند خاڵ لەخۆ دەگرێت. یەكەم: دەبێت حكومەتی داهاتووی كوردستان دیدگایەكی روونی ئابووری هەبێت و هەروەها دەبێت ئەم دیدگایە زۆر بە وردی دابڕێژدرێت و دەبێت رەچاوی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییە بكات كە هەرێم تێیدا دەژی، هەورەها پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ ناوەند و دەوڵەتانی ناوچەكە و بارودۆخی ئابووری و سیاسیی جیهان لەبەرچاو بگرێت دووەم: لە كاتی داڕشتنەوەی ئەم دیدگایەدا دەبێت رەچاوی ئەو بارودۆخە وەرچەرخانە بكەین لە پەیڕەوكردنی سەنترالیەتی بەهێز هەیە، كە عێراق بە شێوەیەكی گشتی و كوردستان بەتایبەتی پێش 2003 تێیدا ژیاوە و ئەو میراتەشی كە ماوەتەوە بۆ دوای 2003، لە رووی دامەزراوەكان و هزر و پرەنسیپ و یاساكان و بوونی كەرتێكی گشتی زۆر گەورە لە بارودۆخێكی خراپی ئابووری كە بەو جۆرە بێكاریی رووپۆشكراو و بەرهەمی نزم بۆتە بارێكی زۆر گران بە سەر بودجەوە. سێیەم: دەبێت ئەو دیدگایە رەچاوی پێداویستیی ئەو قۆناخە راگوزەرە بكات لە دەستبەرداربوون لە سەنترالیەتێكی توند و بونیادنانی ئابوورییەكی ئازاد، ئەمەش دەبێت بەو جۆرە بێت كە كەمترین زیانی هەبێت و گەورەترین دەسكەوتنی مومكینی هەبێت. چوارەم: دەبێت ئەم دیدگایە وەك یەكەی پێكەوە گرێدراو سەیری ئابووریی كوردستان بكات، ئاراستەی سیاسی حزبەكان كاریگەریی لەسەر نەبێت. پێنجەم: باشترە پێش ئەمە كۆتایی بە داڕشتنی دەستووری هەرێم بهێنرێت، لەبەر ئەوەی دەستوور دایكی یاساكانە و ئەو تا راددەیەكی دوور رەهەندەكانی ئەم دیدگایە دیاری دەكات. هەروەها گرنگ و پێویستە بنەمای سیستمێكی ئابوورەی سەربەخۆ لە چوارچێوەی مەرجەكانی سیستمی فیدڕاڵیی عێراقدا بونیاد بنرێت، بۆ ئەمەش حكومەت دەبێت كاری گەورە لەگەڵ ناوەند بكات، بۆ دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی فیدڕاڵی لە هەموو بوارەكاندا، هەروەها دامەزراوەكانی ئەم سیستمە هەر لە سەرۆكایەتییەوە تا دەگاتە بچووكترین یەكە بونیاد بنرێت، لەگەڵ رەتكردنەوە و پەرەپێدانی یاساكان و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی بڕیاری ئابووری زۆر بە وردی لەسەر ئاستە جیاوازەكان و لە چوارچێوەی هەیكەلێكی دامەزراوەیی بەبێ بوونی هاودژی و دەستێوەردان و یان تەمومژ لەم بوارەدا. هەروەها كاركردن لە بارودۆخی ئێستا بۆ جێبەجێكردنی هەر سیاسەتێكی ئابووری پەیوەستە بە سیاسەتی ئابووری ناوەندەوە، بەتایبەتیش لە داڕشتنەوەی سیاسەتی دارایی و نەختیی باش لە بەر ئەوەی گەوهەری هەر سیاسەتێكی ئابووری سەركەوتووە.
* كێشەیەكی دیكەی حكومڕانی لە ئێستای جیهاندا، بریتییە لە تێكچوونی هاوسەنگیی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، زۆر لە ئابووریناسان باسی ئەوە دەكەن هاوسەنگیی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، هاوسەنگیی سەقامگیری كارگێڕی و ئابووریی حكومەت رێكدەخات، لە ئێستای كوردستاندا هاوسەنگییەكە زۆر لاسەنگ بووە، ئایا میكانیزمی رێكخستنەوەی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت چۆن دەبێت؟
- دوای كۆتاییهاتن لە داڕشتنەوەی دیدگا ئابوورییەكە، رەهەندەكانی سیاسەتی ئابووری بە شێوەیەكی گشتی و سیاسەتی بەڕێوەبردنی هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت دەردەكەون، سەرەنجامیش بە بۆچوونی سادەی من هەر كەرتێك لە رەهەندی رۆڵی ئابووری خۆی بۆ چۆنیەتی گەمەكردنی و كێ دەبێتە فەرماندەی جێبەجێكردن تێدەگات، لە پرسیاری پێشوودا باسی گرنگبوونی قۆناخێكی وەرچەرخانم كرد، ئەو قۆناخە دەبێتە چوارچێوەیەك بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ كاری هەردوو كەرتەكە و كێ لە داهاتوو سەركردایەتی دەكات و ئامانجە دیاركراوەكانی هەر دوو كەرتەكە و...هتد، سەرەنجامیش رەهەندەكانی هەماهەنگی لە نێوان ئەو دوو كەرتە و كاریگەرییان لەسەر ئابووری دیاری دەكرێت، بە بۆچوونی من هیچ هاوسەنگیەك لە هەڵسوڕانی نێوان هەردوو كەرتەكە (گشتی و تایبەت) لە هیچ سیستمێكی ئابووریدا نییە، بەڵام گرنگە هاودژی لە ئامێر و ئامانجی هەردوولا بۆ خۆشگوزەرانیی ئابووری نەبێت، بەڵكو لە ئامانجەكاندا هەر كەرتێك تەواوكاری ئەوی دیكە بێت، یان كاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی سیاسی و كارگێڕی دەبێت، بۆیە دەبێت پێشوازی لەوە بكەین كە نەشتەرگەرییەكی قەیسەری بە ئازار ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی بتوانین سەركەوتوویی لە رێوشوێنەكانی ئەو وەرچەرخانە بكەین، وەك بە تایبەتكردن، هەروەها ئەو فاكتەرانەی دەبنە هۆی بێكاری و بتوانین رێگری لە قۆرخكردن و پاراستنی مافی بەكارهێنەران بكەین، هەروەها دەبێت هەموو لایەنەكان هاوكار بن، لەبەر ئەوەی ئەم ئامانجە دەرهاویشتەی سیاسی و ئابووری دەبێت، بۆیە دەبێت هەموو لایەك ئامادەباشی ئەوەیان تێدا بێت كە قوربانی بە بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی خۆیان بدەن لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا.
* ماوەیەكی زۆرە باسی پەرەپێدانی بەردەوام و وەبەرهێنان لەكوردستاندا دەكرێت، بەڵام وەك دەبینین وەبەرهێنان بەشی هەرە زۆری لە كەرتی نیشتەجێبووندایە و بوارەكانی دیكە وەك كشتوكاڵ، پیشەسازی، پڕۆژەی مامناوەندیی بچووك، پەرەپێدان و وەبەرهێنانی تێدا نەكراوە، ئایا بەبێ ئەم بوارانە پەرەپێدانی بەردەوام بوونی دەبێت؟
- بە بەراورد بە یاساكانی وەبەرهێنان لە ناوچەكەدا، ئێمە یاسایەكی پێشكەوتوومان هەیە و ئەمەش سەرنجی هەموو لایەك بە تایبەتی وەبەرهێنەران رادەكێشێت، بەڵام هەڵەكە لە جێبەجێكردنی یاساكەدایە، بە جۆرێك یاساكەیان لە راستەرێی خۆی بە لاڕێدا بردووە، هەر بۆ نموونە لە بواری نیشتەجێكردن لە هەرێمدا پێداویستییەكی زۆرمان هەبووە، ئەمەش بۆتە هاندەر بۆ بەرپرسان لەكاتی جێبەجێكردنی یاساكەدا ئاسانكارییەكی زۆریان بۆ وەبەرهێنەران كردووە (لە ناویاندا پێدانی زەوی بە خۆڕایی) ئەمەش بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ و بەبێ بوونی سەقفێكی زەمەنی بۆ ئەم ئاسانكارییانە، ئەمەش وایكردووە ئێستا ئەم كەرتە تەنگژەی خستنەڕووی هەیە كە پێشتر تەنگژەی داواكاریی هەبوو، ئەمە سەرباری ئەوەی گەندەڵیەكی گەورەی كارگێڕی لە بواری وەبەرهێنان لە كەرتەكانی دیكە هەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە لە كەرتی نیشتەجێكردن گەندەڵی نییە، بەڵام ئەو داهاتە گەورەیەی كە مەزندە دەكرا بەدەست بێت، كەمترە هەتا ئەو ئاستەی وەبەرهێنەران هەستاون بە ئیحتواكردنی گەندەڵ و گەندەڵكاران، ئەمە لە كاتێكدا بەهۆی سنوورداریی دەستكەوت و نەبوونی گەرەنتی، ئەمە بۆتە ئاستەنگێك كە وەڵامی داواكاریی گەندەڵكاران لە فەرمانگاكانی حكومەت نەدرێتەوە، یان بۆتە هۆكاری ئەوەی وەبەرهێنان لەبواری دیكەدا نەكرێت، بۆیە لێرەدا من پێشنیاری ئەوە بۆ حكومەتی داهاتوو دەكەم كە ئاسانكاریی بۆ كۆمەڵێك پڕۆژە بكرێت بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت جێبەجێ بكات، و كار لەسەر چارەسەركردنی كۆمەڵێك كێشەی ئابووری لەسەر ماوەی كورت و مامناوەندی بكات، بەڵام بە مەرجێك سنوورێك بۆ گەندەڵیی دارایی و كارگێڕی لە هەموو جومگەكانی حكومەت دابنرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەم پڕۆژانە جێبەجێ بكرێن، لەوانە: پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی وزە بە هەموو جۆرە كانیەوە. پڕۆژەكانی پاڵاوتنی نەوتی خاو. پڕۆژەكانی دروستكردنی های وەی لە نێوان پارێزگاكانی هەرێمدا. پڕۆژەی هێڵی ئاسنین. پڕۆژەكانی فڕۆكەخانەی لۆكاڵ بەپێی پێداویستی راستەقینە. پڕۆژەكانی پشتگیری و گەرەنتی لە ئاسایشی خۆراك بە پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی. بایەخدانێكی شارستانی و پێشكەوتوو بە پڕۆژەكانی كەرتی گەشتیاری. پڕۆژەی بەنداوەكان زۆر گرنگە بە جددی بیر لە جێبەجێكردنی بەنداوی بێخمە بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی تەواوكردنی ئەم پڕۆژەیە بە چارەسەری كێشە پێشبینیكراو و پێشبینینەكراوەكانیش دادەنرێت. ئەوەی گرنگە وەك تێبینی و سەرنجی لەسەر بێت، ئەوەیە كە دەبێت جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە لە لایەن كەرتی تایبەت و گشتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی ناوەند و بە سوودوەرگرتن لە قەرز و بەخشینە نێودەوڵەتییانە بێت لەبەر ئەوەی بەشێكیان فیدڕاڵین.
* حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی هەشتەمدا راشكاوانە هەستی بەوەكرد كە پێویستی بە یاسایەكی چاكسازیی بنەڕەتیی كارگێڕی هەیە، ئەمەش بەو مانای حكومەتی كوردستان دەبێت حكومەتێكی بچووك و ئەكتیڤ بێت، ئایا تاچەند ژینگەی سیاسیی كوردستان رێگرە بۆ ئەنجامدانی ئەم چاكسازییە كارگێڕییە بنەڕەتییە؟
- تەنگژە سیاسییە ناوخۆییەكان لە هەرێمدا سێبەرێكی رەشی لەسەر ئەم پرسە دروست كردووە و بۆتە سەرچاوەیەكی بەپیت بۆ دروستكردنی چەندین كێشە لە ئێستا و لە داهاتووشدا، یەكێك لەو پرسانەی بە میراتی لە حكومەتە یەك لەدوایەكەكان بۆمان ماوەتەوە، فەرمانبەرێكی زۆرە بە ژمارە و ئاستی نزمی بەرهەم لە هەمان كاتدا، ئەمەش بارێكی قورسی خستۆتە سەر شانی حكومەتی هەرێم و ئەم بارەش زۆر بە راشكاوی لە كاتی تەنگژەی ئابووری دەركەوت و هەتا ئێستاش، تەنگژە حزبییەكانیش گرنگترین هۆكاری ئەم حاڵەتە بووە و ئەم تەنگژەیە دەبێتە ئاستەنگێكی گەورە لە ئەدای كابینەی داهاتووشدا، بۆیە دەبێت یەكەمجار لەسەر میكانیزمێكی دیاریكراو و سەقفێكی زەمەنی دیاریكراو رێكبكەوین بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەم تەنگژەیە، چاكسازی دەبێت سەرتاسەری بێت و یەكگرتنەوەی بۆچوونەكانە لەسەر هەموو پرسەكانی گەندەڵی و كەمكردنەوەی بندیوارو چاككردنی ئابووری و وەرچەرخانی خێرا بەرەو حكومەتی ئەلیكترۆنی و لە هەمووشیان گرنگترە بەرژەوەندیی حزبی و تاكەكەسی بخرێتە دوای هەموو شتێكەوە. من هیچ رووناكییەك لە كۆتایی تونێلەكە نابینم، ئەگەر هەندێك لایەنی دیاریكراو لە پێكهێنانی حكومەتدا پێداگری لەسەر بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی بكات و هەوڵبدات پێكهێنانی كابینەی داهاتوو دوابخرێت، هەر بۆ نموونە لەسەر ئەم حاڵەتە، حكومەتی دامەزراوەكان دەبێت ئامانجی هەموومان بێت.
* زۆر باس لە پەیداكردنی سەرچاوەی زیاتر بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەمەش بە زۆری پشتی بە كەرتی تایبەت بەستووە، بەڵام وەك دەبینین لە زۆر بواردا كەرتی تایبەت خۆی بووە بە بار بەسەر حكومەتەوە، ئایا چۆن كەرتی تایبەت بەو ئاستە ئەكتیڤ دەكرێتەوە كە ببێتە سەرچاوەی داهات و هەلی كار بۆ هاووڵاتیان؟
- پێدانی رۆڵێكی گونجاو بە كەرتی تایبەت كلیلە بۆ چارەسەركردنی چەندین كێشە و هەروەها سووككردنی باری سەرشانی دارایی حكومەت، بەمەش دەستی حكومەت دەكرێتەوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لەسەر ئاستی چەندی و چۆنی بەتایبەتی لەو بوارانەی كە كەرتی تایبەت ناچێتە ناویەوە، هەروەها دەبێتە هۆكاری كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی ئابووری لەبەر ئەوەی كەرتی ئابووری بەپێی هێزی بازاڕی ئازاد كاردەكات، بۆیە لە حاڵەتێكدا ئازادییەكەی لێ تێكنەدرێت، دەبێتە باشترین ئامێر بۆ وەبەرهێنانێكی نموونەیی و سەرچاوەی دیكە دابین دەكات و ئاراستەی ئەو كەرتانەی دەكات كە زیاتر بەرهەمهێنن، ئەمەش سەرەنجام دەبێتە هۆكاری بەرهەمهێنانی زیاتر لەلایەك و زیادكردنی سەرچاوەی داهاتی بەرهەمهاتووی تازە بۆ ئابووریی هەرێم، لەمەشدا رۆڵی روون و ئاشكرا بوو لە كاتی ئەو تەنگژە ئابوورییەی ئەم دوای كە حكومەت توانی پشتی پێ ببەستێت، سەرەنجامیش بووە هۆكارێك بۆ مانەوەی حكومەت و بەردوامبوونی لە رۆڵی خۆی لە هەموو بوارەكاندا، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم كەرتە رۆڵی نیشتمانیی خۆی بگێڕێت، ئەوا دەبێت بە دەركردنی چەندین یاسا كارەكانی رێكبخرێت و ئاستەنگەكانی بەردەمی لاببرێت، وەك یاساكانی پارێزگاری كڕیار و رێگرتن لە قۆرخكاری، هاندانی بانكەكان لە پرۆسەی دابینكردنی ئاسانكاریی گونجاو و فراوانكردنی قەرزەكان و چاودێریكردنی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و پارێزگاریكردن لە سەرچاوە نیشتمانییە دەگمەنەكان.
* بەشێوەیەكی گشتی لێكۆڵینەوەی ئابووری بۆ دووبارە رێكخستنەوەی ئابووریی كوردستان سنووردارو كەمە، جاری واهەیە هەست دەكرێت ئەم كارە تەنیا كاری حكومەتە و ئابووریناسەكانی كوردستان نەیانتوانیوە ئەم پرسە لەناو رای گشتیدا رەنگدانەوەی پێ بدەن، یان شێوازێكی ئابووریی كوردستانی و خۆماڵی لە هەموو بوارەكاندا دابڕێژنەوە، ئایا كەموكورتی ئەم بوارە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- كاری توێژینەوەو لێكۆڵینەوە لە هەرێمدا شكستخواردوو نییە، بەڵكو میتۆد و جددییەتی سوودوەرگرتن لە دەرهاویشتەكانی كاری توێژینەوە بۆ ئاسەتەنگ لە بەردەم سوود لێوەرگرتنی دەگەڕێتەوە، ئەمەش بەپلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك هۆكار كە بریتین لە:
1- لاوازیی پەیوەندیی زانكۆكانی هەرێم لەگەڵ ئەو ژینگەیەی كاری تێدا دەكات.
* نەبوونی هاوكاریی دامودەزگا حكوومییەكان لەگەڵ زانكۆكان، هەروەها خۆی لەو لێكۆڵینەوانە بێ ئاگا دەكات، كە ناوەندەكانی توێژینەوەی زانكۆیی دەیكەن، لەمەش زیاتر هاوكاری توێژەران ناكات بە پێدانی داتا و زانیاری بۆ ئەوەی لە توێژینەوەكەی سوودی لێ وەربگرێت. هەروەها زۆربەی زانكۆكان ناوەندێكیان بۆ پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵگە نییە بۆ ئەوەی ببێتە ئەڵقەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا. بۆیە دەبێت وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی چاوبگێڕێتەوە بە دابینكردنی رێوشوێنی پێویست و پشتگیری توێژینەوەی زانستی بە شێوەیەكی بەڵگەدار بكات، كە رەنگدانەوەی ناو و ناونیشانی كارەكەی بێت.
* ئایا هیچ پێشنیارێك یان بۆچوونێكی تایبەتتان بۆ كابینەی داهاتوو هەیە؟
- پێموایە ئەمە پرسیارێكی باش بوو، خۆشحاڵم كە لە رێگەی گوڵانەوە ئەم پێشنیارانە بخەمە بەردەمی سەرۆك وەزیرانی كابینەی داهاتوو:
یەكەم: پێویستە بایەخێكی گرنگ بە پەیوەندییە ئابوورییەكانی هەرێم لەگەڵ ناوەند بدرێت لە میانەی دەركردنی یاسای نەوت و گاز.
دووەم: كۆتاییهێنان بە جێبەجێنەكردنی ماددەی140.
سێیەم: دانانی پلانێكی هاوبەش بۆ پڕۆژە فیدڕاڵییەكان.
چوارەم: پێداویستیی دەركردنی ئەو یاسایانەی كە زۆر بە راشكاوی دەسەڵاتەكانی نێوان هەرێم و ناوەند و لایەنە ئیقلیمییەكان دیاری دەكات، ئەمەش لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش و بونیادنانی پەیوەندی ئابووریی پتەو و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گەلی كوردستان داڕێژدرابێت.
پێنجەم: گرنگە دووبارە بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەند بونیادنی سیستمی دارایی و نەختی بكرێتەوە، لەگەڵ گەرەتنیی ئەوەی دامەزراوە نەختی و داراییەكان شێوەیەكی فیدڕاڵی وەربگرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ هەرێم هەیە، وەكو ئەو پەیوەندییە نابێت كە پارێزگاكان لەگەڵ ناوەند هەیانە. ئەمەش كەسایەتی مەعنەوی و دارایی داهاتووی هەرێم دەپارێزێت.
شەشەم: گرنگە بە راشكاوی رێبەرایەتی ئابووریی هەرێم و ئاستەكانی دیاری بكرێت.
حەوتەم: دەستێوەردان لە نێوان دەسەڵاتی كارگێڕی و دەسەڵاتی حزبەكان كۆتایی پێ بهێندرێت.
هەشتەم: دانانی سنوورێك بۆ دوو دەسەڵاتی كارگێڕی لە نیوان هەولێر و سلێمانیدا.
نۆیەم: گرنگە بەردەوامی هەبێت لە بونیادنانی هێزێكی بەرگریی زۆر بەهێزدا، واتە دامودەزگای ئاسایشی پێشكەوتووی شارستانی ببێتە سەرچاوەی دڵنیایی و ئاشتی لە ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی لە هەرێمدا و دەبێت لەهەموو كوردستاندا یەكگرتوو بێت.
Top