جۆن مولەر تایبەتمەندی بواری ئاسایشی نەتەوەیی بۆ گوڵان: لە ئێستادا ئەمریكا هەموولایەكی كردۆتە دوژمنی خۆی
January 9, 2019
دیمانەی تایبەت
جۆن مولەر زانایەكی سیاسییە و تایبەتمەندی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە، هەروەها توێژەری بواری مێژوویی سەمایە. لە ئێستادا بەرپرسی دیراساتی ئاسایشی نەتەوەییە لە سەنتەری مێرشۆن بۆ دیراساتی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و سەمایە لە زانكۆی ویلایەتی ئۆهایۆ، چەندین كتێب و تویژینەوەی هەیە دەربارەی جەنگ و چەكی ناوكی و سەرۆكەكان و رای گشتی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پتر پەیوەست بوون بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و تەحەددییەكانی بەردەم ئەم سیاسەتە و پەیوەندیی نێوان هێزە جیهانییەكان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.* وەك شارەزایەكی بواری كاروبارە نێودەوڵەتییەكان، پێتوایە دۆخی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە ئێستادا لە چ بارێكدایە و بە چ ئاقارێكدا دەڕوات، بەتایبەتی دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی؟
- من پێموانییە گۆڕانكارییەكی زۆر بەدی هاتبێت لەم رووەوە، ئەو گۆڕانكارییەشی كە بەدی هاتووە، تەنیا لە بواری بازرگانی و ئابووریدا روویداوە، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە چەندین رێككەوتن كشاوەتەوە.
* كەواتە بۆچوون و تێڕوانینی ئێوە چییە لەبارەی بەركاهێنانی ئامرازە ئابوورییەكان لە بواری ئەنجامدانی كاروباری سیاسەتی دەرەوە و ئەوەی پێی دەوترێت شەڕی بازرگانی؟
- ئەمە رێچكەیەكی تا بڵێی گەمژانەیە، چونكە رەوشی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە دۆخێكی زۆر باشدایە. بەڵام كردارەكانی ترەمپ بوونەتە هۆی دروستبوونی بێ متمانەیی لەنێو وڵاتە جیاوازەكاندا، لە نێویاندا بێ متمانەیی لە نێوان وڵاتی ئەمریكا و كەنەدا.
* باشە پێتوایە گرتنەبەری ئەم رێچكەیە لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا درێژخایەن، یان سەركەووتو دەبێت؟
- من نازانم، رەنگە بەردەوام بێت و درێژە بكێشێت. چونكە بازرگانی بە جۆرێك لە جۆرەكان بەردەوام دەبێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە لە ئاستێكی باشدا بەردەوام دەبێت یان نا، بەڵام بەهۆی سیاسەتە گەمژەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە، بۆی هەیە لە ئاستێكی خراپدا بەردەوام بێت. چونكە كردارەكانی كەمبوونەوەی متمانەیان لێدەكەوێتەوە.
* كەواتە لە دەرئەنجامدا میسداقیەتی ئەمریكا لاواز بووە؟
- بەڵێ، ئەمە راستە، چونكە ئەگەر تۆ لە رێككەوتنێك بكشێیتەوە كە پێشتر رەزامەندیت لەسەر داوە- لەگەڵ نەیار و هاوپەیمانەكاندا- ئەوا ئەمە تەنیا دەبێتە هۆی خراپتركردنی دۆخەكە. خۆ رەنگە ئەم بڕیاری كشانەوەیە لە مەودای نزیكدا دەرئەنجامی ئیجابی لێ بكەوێتەوە، بەڵام كاتێك تۆ رێككەوتنێك واژوو دەكەیت لەگەڵ لایەنێكدا، ئەوا تۆ خوازیاری ئەوەیت بۆ تاسەر لایەنەكان پێوەی پابەند بن. مەبەستم ئەوەیە بڵێم، ئەگەر وا دەربكەوێت كە ئەم هەنگاوانە- واتە كشانەوە لەم رێككەوتنانە- لە ئایندەیەكی نزیكدا دەرئەنجامی باشیان بەدوادا دێت، ئەوا ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە لە ئایندەی دووریشدا هەمان ئەم دەرئەنجامەیان لێدەكەوێتەوە و ئاكامی باشیان بەدوادا دێت.
* باشە بۆچی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی دا لەم رێككەوتنە نێودەوڵەتییانە، بەتایبەتی ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەم بڕیارانە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا ناكەن، هەروەك ئێوە ئاماژەی پێ دەكەن؟
- من نازانم، رەنگە باشتر بێت ئەم پرسیارە لە خودی ترەمپ بكەن، هەرچۆنێك بێت من پێموایە ئەمانە بڕیاری گەمژانەن. چونكە ئەگەر تۆ رێككەوتنێكت هەبوو و دواتر كێشەت بۆ دروست بوو لەگەڵیدا، ئەوا دووبارە گفتوگۆی لەبارەوە دەكەیتەوە بۆ ئەوەی هەمواری بكەیتەوە، یان گۆڕانكاری تێدا بكەیت و دەبێت لەم پرۆسەیەدا متمانەی ئەو لایەنانە بەدەست بهێنیت كە كاریان لەگەڵدا دەكەیت، چونكە بەم شێوەیە ئەوانیش متمانەت پێدەكەن و ئەو كاتە دەتوانیت ئەو گۆڕانكارییە ئەنجام بدەیت. لەم روانگەیەوە من پێموایە هەنگاو و سیاسەتەكانی ترەمپ بۆ بواری بزنس و بازرگانییش خراپن و لە راستیدا ترەمپ بزنسمانێكی خراپە.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە سیاسەتەكانی ترەمپ دەڕوانیت لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی لە ئاست ئێراندا؟
- پێموایە سیاسەتەكانی لە ئاست ئەم ناوچەیە و ئەم وڵاتەدا بە چەشنی زۆرێك لە سیاسەتەكانی دیكەی گەمژانەن، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە رێككەوتنی ناوكی لەگەڵ ئێراندا هەبێت، چونكە ئەم رێككەوتنە بە باشی كاری خۆی دەكرد، هەرچەندە ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە ئەم رێككەوتنە كێشەی نەبووە. بەڵام كاتێك تۆ رێككەوتنێك دەكەیت و كێشەی دیكەش لە ئارادا دەمێنن، ئەوا تۆ كار لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەش دەكەیت.
* كەواتە پێتوانییە ئەم فشار و سزایانەی ئەمریكا سەپاندوونی بەسەر ئێراندا لە كۆتاییدا دەبنەهۆی ئەوەی ئێران سازش بكات؟
- نەخێر، ئەمانە چەند كردارێكی گەمژانەن، پێم وایە باشترە كار بەو رێككەوتنە بكرێت كە ئیدارەی ئۆباما لەگەڵ ئێراندا واژووی كرد و هەروەها پێویستە كار لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا -بە ئێرانیشەوە- بكرێت، ئەگەرچی جیاوازی و ناكۆكییەكی گەورەشت هەبێت لە گەڵیدا.
* هەندێ لە چاودێران و توێژەران رەخنەی ئەوە لە سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەگرن، كە نەدەبوو ئەمریكا سزای تاكلایەنانە بسەپێنێت و بە تەنیا ئەرك و بەرپرسیارێتیی سەپاندن و چاودێریكردنی ئەم سزایانە بگرێتەئەستۆ، تێڕوانین و بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- من هاوڕام لەگەڵ ئەم رەخنانەدا، هەروەها من باوەڕم وایە سزا سەپێندراوەكان كاریگەریی خوازراویان لێناكەوێتەوە ئەگەر وڵاتانی دیكە بە بەردەوامی رێگایەك بدۆزنەوە بۆ خۆدزینەوە لێیان. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەگەر خوازیاری ئەوەین سزاكان كاریگەرییان هەبێت و سەركەوتوو بن، ئەوا پێویستت بە هاوكاری و پاڵپشتی وڵاتانی دیكە دەبێت، واتە ئەگەر تاكلایەنانە ئەنجامی بدەیت، ئەوا دۆخەكە خراپتر دەكەیت، ئەمە بۆ وڵاتێكی وەك ئەمریكاش راستە كە گەورەترین ئابووری هەیە لە جیهاندا، ئەمە ئەگەر هەر لە بنەڕەتدا بیرۆكەی سەپاندنی سزاكان بە هەنگاوێكی باش بزانین.
* هەر دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، زۆر كەس پێیانوایە كە ئەمریكا دەستی لە بەرپرسیارێتی و رۆڵی سەركردایەتیكردنی جیهانی هەڵگرتووە، ئێوە تا چەند لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا هاوڕان؟
- من نازانم ئەمریكا توانیویەتی چ جۆرە سەركردایەتییەك بكات، جگە لەوەی كە توانیی رێبەرایەتی و سەركردایەتیی ئوستڕالیا و بەریتانیا بكات بۆ داگیركردن و دەستتێوەردان لە عێراقدا، هەروەها سەركردایەتیی هاوپەیمانەكانی كرد بۆ دەستێوەردان لە ئەفغانستان و دواتریش هاوپەیمانەكانی جێیان هێشت. لەلایەكی دیكەوە، ئەمریكا تاكلایەنانە بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزی ئەمریكای لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس دەركرد، لە كاتێكدا پتر لە 100 وڵات- لە نێویاندا وڵاتانی نزیك لە ئەمریكا- دژی ئەم بڕیارە دەنگیان دا. دواتر سەركردایەتی بە مانای ئەوە دێت كە تۆ شوێنكەوتەت هەبێت، بەڵام ئێستا ئێمە شوێنكەوتەیەكی زۆر نابینین بۆ سەركردایەتیی ئەمریكا. هەمان شت روویدا لە سەروەختی شەڕی ڤێتنامدا، كە ئەمریكا خوازیاری ئەوە بوو وڵاتانی دیكەش بەشداری لەگەڵدا بكەن، بەڵام ئەو وڵاتانە رایانگەیاند ئەمە هەنگاو و كارێكی ناژیرانەیە و ئەگەر ئەمریكا پێداگری لەسەر دەكات، ئەوا با بە تەنیا ئەم كارە بكات و ئێمە نابینە هاوبەش و هاوپەیمانی.
* بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە ئیدارەی ترەمپ رێكارە ئابوورییەكانی لە دژی وڵاتە هاوپەیمانەكانیشی بەكاردەهێنێت، وەك توركیا و كەنەدا و وڵاتانی ئەوروپا، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم حاڵەتە چییە؟
- من هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە كە ترەمپ ئاشنا نییە بە هونەری ئەنجامدانی رێككەوتن، راستە ترەمپ كتێبێكی نووسیوە لەبارەی هونەری ئەنجامدانی رێككەوتنەوە، بەڵام ئاشكرایە ئەو نازانێت چۆن رێككەوتنەكان بكات. چونكە دەبێت بە وریایی و لە پرۆسەیەكی لەسەرخۆدا رێككەوتنەكان بكرێن و لایەنەكانیش پێوەی پابەند بن.
* ئایا پێتوایە هەنگاو و سیاسەتەكانی ئیدارەی ترەمپ بوونەتە هۆی لاوازكردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و ئەوەی پێی دەوترێت سیستمی نێودەوڵەتی؟
- نەخێر، پێموایە سیستمی نێودەوڵەتی لە بارێكی باشدایە و ئەگەر ئەمریكاش بە تەواوەتی پاشەكشەی لێ بكات، ئەوا ئەم سیستمە هەر لە ئارادا دەمێنێت. چونكە ئەمریكا تەنیا لایەنێكە لەم سیستمە، واتە راستە ئەمریكا بەشدار بووە لە چەندین رێككەوتنی بازرگانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەگەر ئەمریكاش لەم رێككەوتنانەدا نەمێنێتەوە، ئەوا كۆتاییان نایەت.
* ئەی پێتوانییە هەر كشانەوە و پاشەكشەیەكی ئەمریكا لەم دامەزراوە نێودەوڵەتییانە بۆشاییەك جێدەهێڵێت كە هێزەكانی دیكە پڕی دەكەنەوە و ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی دۆخێك كە بارگرژی لە نێوان ئەمریكا و هێزە جیهانییەكانی دیكەدا بەرەو هەڵكشان ببات؟
- رەنگە ئەمە رووبدات، ئەوەی پەیوەندی بە بارگرژییەوە هەبێت، ئەوا حاڵی حازر بارگرژی لە نێوان ئەمریكا و هێزەكانی دیكەدا هەیە و ئەمریكا هەمووانی كردۆتە دوژمن لە خۆی. ئەمە لە كاتێكدا دروستكردنی دوژمن بۆ خۆت جگە لە كارێكی گەمژانە هیچ وەسفێكی دیكە هەڵناگرێت.
* ئایا پێتوایە سیاسەتەكانی ترەمپ لەسەر بنەمای بە هەڵەتێگەیشتن لە كاروبارە دەرەكییەكان بنیاد نراون؟
- من پێم وایە دۆناڵد تێگەیشتنی بۆ هیچ بابەت و پرسێك نییە، لە نێویاندا چۆنیەتی ئەنجامدانی كاروبارەكانی پەیوەست بە بزنسەوە.
* لەبەر رۆشنایی ئەو لێكدانەوە و بۆچوونانەی لە وەڵامەكاندا گوزارشتت لێكردن، چۆن ئایندەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەبینیت؟
- لە راستیدا هەمیشە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا ناجێگیر بووە، بەڵام لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە ئەم دۆخە خراپتر بووە.