رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان: لە كەركووك هەوڵی هەراسانكردنی ئەو كەسانە دەدرێت كە هەڵوێستی دەستوورییان هەیە

رێبوار تاڵەبانی  سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان:  لە كەركووك هەوڵی هەراسانكردنی ئەو كەسانە دەدرێت كە هەڵوێستی دەستوورییان هەیە
دوایین گۆڕانكارییەكانی دۆخی پارێزگای كەركووك و ئەو عەسكەرتاریەت و تەعریبەی لەم پارێزگایە ئەنجام دەدرێت، هەروەها ئەو هەوڵە نایاساییانەی بۆ لابردنی سەرۆكی ئەنجومەنەكە دەدرێن، بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك.
* وەكو ئاشكرایە لەم دواییەدا هەوڵێك هەبوو بۆ لادانتان لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و دانانی جێگرێكی دیكە بۆ ئەو پۆستە، ئایا تاچەند ئەم هەوڵانە یاسایین و لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك یەك دەگرێتەوە؟
- راستە چەند هەوڵێك درا لە لایەن دوو ئەندامی یەكێتی لە لیستی برایەتی و چوار ئەندامی بەرەی توركمانی و چوار ئەندامی عەرەبی لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ ئەوەی سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دابمەزرێنن. تەنانەت ئەو كەسانەی ئەو هەوڵەیان دا چەند واژوویەكیان كۆكردەوە، بەڵام ئەو هەوڵانە نایاسایین و بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكە و ئەوەی تا ئێستا لەكەركووك روودەدات، هیچ گۆڕانكارییەكی تازە نییە و ئێمە چاودێریی بارودۆخەكە دەكەین. دواتر دەمەوێت ئەوە بڵێم كە دۆخی كەركووك لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە ناجێگیرەو ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی پرۆسەی تەعریب لە كەركووك لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە دەست پێبكاتەوە، لەگەڵ ئازاردانی خەڵكی و لێسەندنەوەی گرێبەستی ئەو زەوی و زارە كشتوكاڵییانە كە پێشتر بە هۆی ماددەی 140ەوە بۆ كورد گەڕێندرابوونەوە. لە رووی ئەمنییشەوە دەتوانین بڵێین دوای نەمانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش، بارودۆخەكە جێگیر نییە و ئێستا شانە نوستووەكانی داعش دەستیان بە چالاكییەكانیان كردۆتەوە و هێرش دەكەنە سەر خەڵكی مەدەنی و دامودەزگا حكوومییەكان.
* هەر لەم چوارچێوەیەدا دادوەرێك بڕیارێكی لە دژی جەنابت دەركرد، ئایا ئەم بڕیارەی دادگاش هەر لەو چوارچێوەیەدایە؟
- بەداخەوە ئەو دادوەرەی بڕیارەكەی لە دژی من دەركردووە، لە بڕیاردانەكەی پەلەی كردووە، چونكە هیچ كێشەیەكی یاسایی لەسەر من نییەو بە پێی ماددەی (331) وەڵام دراوەتەوە، چونكە كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، بە بێ راوەستان و هیچ هاووڵاتیەكیش تووشی كێشەی ئیداری نەهاتووە. تەنیا كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن نەبێت، كە من داوام كردووە، بەڵام بە داخەوە لیستەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەین. ئەو بڕیارەش كە دەرچووە قابیلی ئەوەیە تانەی لێ بدرێت و تەمیز بكرێتەوە و پشت بە خوا ئێمە بەو شێوەیە كار دەكەین دەسەڵاتی دادوەری لە كەركووك بە شێوەیەكی پیشەییانە كاری خۆی بكات و نەچێتە ژێر فشاری هیچ سیاسەتێك و مافەكان بگەڕێنەوە و بارودۆخی كەركووكیش بەرەو ئاساییبونەوە بڕوات. هەرچۆنێك بێت ئەم بڕیارە بەشێك لە زنجیرە هەوڵێك بۆ هەراسانكردنی ئەو كەسانەیە كە هەڵوێستی یاسایی و دەستوورییان هەبووە و ئامانجی ئەوان ئەوەیە كورد ناچار بكەن، سازش بكات لەسەر كوردستانیبونی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، ئەوەی بە ناوچەكانی ماددەی 140 ناسراوە، بەڵام بڕیاری ئێمە پابەندبوونە بە یاسا و دەستوور و سازش نەكردنە لەسەر مافە رەواكانی میللەتەكەمان.
* ئایا پاڵپشت بەچی ئەو ئومێدەت بۆ دروست بووە كە بڕیارەكەی دادگا هەڵبوەشێتەوە، یان چیتر سزای ئەو كەسانە لە كەركووك نەدرێت كە ناسراون بە هەڵوێستی جوامێرانەو نەتەوەییان؟
- هەڵوێستی جوامێرانەی جەنابی سەرۆك بارزانی بە گرنگ دەزانم و پێموایە لە ئاست گەورەیی و بەرپرسیارێتییەكەی ئەم قۆناغەیە، ئەمە بۆ چەندەمین جارە جەنابیان دووپاتی ئەم هەڵوێستانەی دەكاتەوە و لەسەر بنەمای دەستوور داكۆكی لە مافی هەموو نەتەوەكان لە عێراق دەكات، هەروەها داكۆكیكارێكی سەرسەخت بووە لەبەرامبەر ئەو كەیسانەی ئێستا لە دادگاكانی كەركووك دەجووڵێندرێن لەلایەن كەسانێك كە بە ئەجێندای غەیرە عێراقی كاردەكەن. كەواتە ئەم هەڵوێستەی جەنابی بارزانی هەڵوێستێكی مێژووییە. هەروەها ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو لەگەڵ جەنابی محەمەدی حاجی مەحموود هەڵوێستی گەورەیان لەمبارەیەوە هەبووە، بە هەمان شێوە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بەیاننامەیان دەركرد، جگە لەوەی كە جەنابی دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆك پەرلەمانی عێراق بۆ دووەم جارە سەردان دەكات بۆ پشتگیری و هاودەنگی لەگەڵ ئەو كەیسەدا.
* باسی نادەستووری و عەسكەرتاریەتی بارودۆخی كەركووكت كرد؛ ئایا رێگەی چارەسەر چییە بۆ كۆتاییهاتن بەم دۆخە نائارام و داگیركارییەی شارەكە؟
- بارودۆخی كەركووك نادەستووری و نایاساییە. ئێمە داوامان لە حكومەتی عێراق كردووە، دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە، ئێستاش هەوڵی باش هەیە لەم رووەوە، بە تایبەتی دوای سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی و پەیوەندیكردنی بە سەرجەم سەركردە سیاسییە عێراقییەكان. بە هەمان شێوە لە بەرنامەكەی حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی هاتووە كە دەبێت بارودۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، نەك تەنیا كەركووك، بەڵكو موسڵ و تكریت و ئەنبار كە نابێت عەسكەرتاریەت بمێنێت لەم شوێنانە. بەڵام بە داخەوە هەندێ كورد دەیانەوێت ئەم واقیعە بەسەر میللەتەكەی خۆیاندا بسەپێنن، هەرچەندە من باوەڕ ناكەم ئەمە رای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بێت، بەڵام رەنگە هەندێ لە ئەندامەكانیان بە بێ پرسی حزبەكەیان كەوتبێتنە نێو ئەجێندای غەیرە كوردستانی و غەیرە نیشتمانی، كە پێموانییە خۆشیان سوودمەند بن، بگرە زیان بە خۆیان و حزبەكەشیان دەگەیەنن. ئێمە داوامان كردووە كە حزبەكەیان هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت و دەنگی خۆیان بخەنەڕوو لە بەرامبەر ئەو ئەندامەیان كە دەچنە نێو ئەو جۆرە پرۆسانەوە.
* بەم دواییە بڕیارێك درا سەبارەت بە خاڵە گومرگییەكانی نێوان كوردستان و عێراق، بەڵام پێدەچێت دەسەڵاتدارانی ئێستای كەركووك نەیانەوێت ئەم بڕیارە جێبەجی بكەن، رای ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- ئێمە پێشتریش وتومانە ئەوەی لە كەركووكدا هەیە حوكمڕانیی سەربازییە و حوكمڕانیی مەدەنی نەماوە، بە بەڵگەی ئەوەی دوابڕیاری ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق- كە شوێنی بەرزی بڕیارن- لەم بارەیەوە، بەڵام پۆلیسێكی خاڵەكانی پشكنینی هەولێر-كەركووك یان سلێمانی- كەركووك ئەم بڕیارە جێبەجێ ناكات، ئەمە نیشاندەری ئەوەیە كە دۆخی عێراق لە حاڵەتە دەستووری و یاساییەكە دەرچووە و ئێمەش داوامان كردووە كۆتایی بەم بارە عەسكەرتاریەتە بهێنرێت و خەڵكی بتوانێت ئازادانە كاری سیاسیی خۆیان ئەنجام بدەن.
Top