ئیتان گیلبوا تایبەتمەندی سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا ناپاكیكردنە لە كورد
December 26, 2018
دیمانەی تایبەت
ئیتان گیلبوا، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی بار ئییان، تایبەتمەندی بواری دیپلۆماسییەتی گشتی و سیاسەتی ئەمریكایە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڕێوەبەری سەنتەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە هەمان زانكۆ. هەروەها لە چەندین زانكۆی دیاری ئەمریكی و ئەوروپی پڕۆفیسۆر بووە و لە چەندین وڵاتدا كاری راوێژكاری كردووە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە بڕیاری سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا و هۆكارو پاڵنەرو دەرئەنجامەكانی ئەم بڕیارە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.* وەك كەسێكی شارەزای بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چۆن لەو سیاسەتەی ئەمریكا و بەتایبەتی بڕیاری سەرۆك ترەمپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا دەڕوانیت؟
- بە بۆچونی من سەرۆك ترەمپ هەڵەیەكی گەورەی كرد، دواتر من پێموایە ئەم مەسەلەیە پتر پرسێكی سایكۆلۆژییە، نەك پەیوەندی هەبێت بە چۆنیەتی ئیدارەدانی ئۆپەراسیۆنەكانەوە. هەروەها ئەمە پەیامێكی هەڵە دەنێرێت بۆ جیهان و بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، كە چیتر ئەمریكا بایەخ و گرنگی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادات. رەنگە ئیدی چیتر هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیە پشت بە پابەندبوونەكانی ئەمریكا نەبەستن.
* باشە لە تێڕوانینی ئێوەدا هۆكارە بنەڕەتییەكانی پشت دەركردنی ئەم بڕیارە چی بوون؟
- لە راستیدا چەند هۆكارێك هەن، یەكێكیان بریتییە لەوەی كە سەرۆك ترەمپ لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بەڵێنی دا ئەم بڕیارە بدات و جێبەجێی بكات، هۆكاری دووەم ئەوەیە كە ئەمریكا تێڕوانینێكی زۆر سادەی هەیە لەبەرامبەر پەیوەندیی نێوان رەهەندەی سەربازی و رەهەندی سیاسیدا. بۆ نموونە، سەرۆك ترەمپ رایگەیاند كە ئامانجی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا بریتی بوو لە تێكشكاندنی داعش و ئێستاش ئەمریكا ئەم ئامانجەی بەدەستهێناوە. بەو پێیە ئەمریكا دەتوانێت هێزەكانی لەو ناوچەیە بكێشێنێتەوە- كە ژمارەی 2000 سەرباز دەبێت-. بەڵام لە واقیعدا دۆخەكە بەم شێوەیە نییە، چونكە هێشتا هەلومەرجی سووریا یەكلانەبۆتەوە و تەنانەت چەند مانگێك پێش ئێستا، چەند سیاسەتداڕێژەرێكی ئەمریكا، بۆ نموونە، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، جۆن بۆڵتۆن رایگەیاند، ئەمریكا ناكشێتەوە تاوەكو رووسیا و ئێران نەكشێنەوە، بەڵام پێدەچێت، ئێستا ئەم سیاسەتە گۆڕابێت و ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ترەمپ كەسێكە و دەیەوێت سیاسەتێكی گۆشەگیرانە پیادە بكات. ئەو رایگەیاند كە ئەمریكا شەكەت بووە بە دەست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریكا لە سووریا كاری لەگەڵ كوردا كرد، لەبەر ئەوەی كورد باشترین هاوپەیمان بوون لە شەڕی دژ بە داعشدا، تەنانەت لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباماشدا ئەمریكا رایگەیاند كورد باشترین لایەنن لە شەڕی دژ بە داعشدا، بەڵام ئێستا كە بە نیازی كشانەوەیە لەو ناوچانەی كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردە، بە مانای ناپاكیكردنە لە كورد، ئەمەش دووبارە گومان لەسەر ئەمریكا دروست دەكاتەوە وەك هاوپەیمانێكی متمانەپێكراو.
* باس لەوە دەكرێت ئەم بڕیارەی ترەمپ بۆ كشانەوە لە سووریا، دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەك كە هێزەكانی دیكە هەوڵی پڕكردنەوەی دەدەن، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئاكامەكانی ئەم بڕیارە چی دەبن و چ لایەك سوودی لێ وەردەگرێت؟
- چەند لایەنێك هەن سوود لەم كشانەوەیەی ئەمریكا وەردەگرن، یەكێك لەو هێزانە ئێرانە، چونكە ئێران بواری ئەوەی بۆ دروست دەبێت كە پەرە بە هەژمونی خۆی بدات لە سووریا. هەروەها رووسیاش سوودمەند دەبێت، چونكە رووسیاش خوازیاری ئەوە بوو كە ئەمریكا لەم وڵاتە بكشێتەوە و خۆی ببێتە تاكە هێزی باڵادەست بۆ دیاریكردنی رەوتی رووداوەكان لە سووریا، هەروەها بەشار ئەسەدیش سوودمەند دەبێت لەم بڕیارە. كەواتە ئەم فاكتەرانە هۆكاری ناسەقامگیری و توندوتیژی و تیرۆریزمن لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. كەواتە ئەم بڕیارەی ئەمریكا دەبێتەهۆی ئەوەی ئەو هێزانە بەردەوام بن لە سەر سیاسەت و كردارە نەرێنییەكانیان كە كاریگەری خراپی لەسەر تەواوی ناوچەكە دەبێت. دواتر من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، كە ئەم بڕیارەی ترەمپ دژیەكی لەخۆدەگرێت لە ئاست ئێراندا، چونكە ترەمپ لەلایەك رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندەوە و سزای سەختی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام لەلایەكی دیكەوە كاریگەری و دەستێوەردانەكانی ئێران لە سووریا فەرامۆش دەكات. لەلایەكی دیكەوە ترەمپ هەوڵیداوە هاوپەیمانێتیەكی ناوچەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران دروست بكات، ئەو هاوپەیمانێتیەش چەند وڵاتێك لەخۆ دەگرێت، وەك سعودیە و ئەردەن و میسر و ئیسرائیل و ئێستاش ئەم هاوپەیمانانە پرسیاری ئەوە دەكەن، ئایا چی روودەدات و ئەوە بۆچوونەیان لا دروست بووە كە ئەم هاوپەیمانێتیە وەك پێویست بەهێز نابێت.
* ئایا ئەمە چ كاردانەوەیەكی لە ناو بەرپرسانی ئەمریكا دروست كردووە؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم كە من لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە، پێموایە ئەم بڕیارە هەڵەیەكی گەورە بوو. بۆیە چەندین بەرپرسی نێو كۆشكی سپی بەرهەڵستییان كرد، وەك جەیم ماتیس-وەزیری بەرگری، كە ئێستا دەستی لەكاركێشاوەتەوە-، جۆن بۆڵتۆن- راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی-، هەروەها دامەزراوەی هەواڵگرییش بەرهەڵستییان كردووە. كەواتە ئەم بڕیارەش بە چەشنی بڕیارەكانی دیكەی ترەمپ، هیچ یەكێك لەو دەرئەنجامانەی لەبەرچاو نەگرتووە كە بۆی هەیە بێنەئاراوە كە من پێشتر ئاماژەم پێكردن.
* هەروەك پێشبینی دەكرێت كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا، دەبێتەهۆی ئەوەی ئێران بتوانێت پەرە بە دەستڕۆیشتوویی خۆی بدات لەو وڵاتەدا، ئایا تا چ راددەیەك ئیسرائیل بە ترسەوە چاودێری ئەم پەرەسەندنانە دەكات؟
- من پێموایە ئەم پەرەسەندنانە دەبنەهۆی زیانگەیاندن بە ئاسایشی ئیسرائیل، ئێمە دەزانین ئیسرائیل هاوپەیمانی ئەمریكایە لەم ناوچەیەدا، كاتێك ئەمریكا بوونێكی بەهێزی دەبێت لەم ناوچەیە، ئەوا ئیسرائیلیش لە پێگەیەكی بەهێزدا دەبێت. بەڵام پێموایە لە دوای ئەم كشانەوەیە دەبێت ئیسرائیل ستراتیژیەتێكی نوێ بگرێتەبەر و دەبێت لەوە دڵنیابێت ئەگەر ئێران ئەم دۆخە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاربهێنێت لە سووریا، ئەوا دەبێت ئیسرائیل بەو زمانە لەگەڵ ئێران بدوێت كە تێی دەگات، ئەویش بەكارهێنانی هێزە. كەواتە ئەم دۆخە دەبێتەهۆی ئەوەی دوژمنەكانی ئیسرائیل بیانەوێت سوودی لێوەربگرن و ئەگەر هاتوو ئەمە روویدا، ئەوا دەبێت ئیسرائیل هێز بەكار بهێنێت.
* پێتوایە دۆخەكە بە چەشنێك هەڵكشێت كە ئەگەری شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بێتەئاراوە؟
لە راستیدا هەمیشە ئەم مەترسییە لە ئارادایە، ئەگەرچی من لە ئێستادا روودانی ئەمە بەدی ناكەم، چونكە پێدەچێت هیچ لایەك خوازیاری ئەمە نەبێت. بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێمە راهاتووین لەسەر ئەو راستییەی كە ئەگەرچی هیچ لایەك خوازیاری توندوتیژی نین، بەڵام ئەمە روودەدات، ئەویش لەبەر چەندین هۆكار، وەك پەرەسەندنە پێشبینی نەكراوەكان و تێڕوانینە هەڵەكان. ئەوەتا ئێستا ئیسرائیل ئەو تۆنێلانە ئاشكرا دەكات كە لەسەر سنوورەكانی لەگەڵ لوبنان دروستكراون، كە حزبوڵا ئەم تۆنێلانەی دروست كردووە، ئەمەش دۆخێكی پڕ لە مەترسی و تەقینەوەی دروست كردووە، كە ئێمە دەزانین حزبوڵا باڵی ئێرانە لە لوبنان و قەوارەیەكی سەربەخۆ نییە، ئەمە بۆ حەمماسیش راستە، بۆی هەیە كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا، وەك ئاماژەی لاوازیی لێكبدرێتەوە، بەڵام هەروەك پێشتر باسمكرد، ئەگەر ئەم لایەنانە بیانەوێت سوود لەم دۆخە وەربگرن، ئەوا دەبێت ئیسرائیل هەوڵبدات بیانوەستێنێت.