نەجات عەلی فەرماندەی هێزەكانی80ی پێشمەرگەی كوردستان بۆ گوڵان: ئێستاش فاكتەرەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراقدا ماون

نەجات عەلی فەرماندەی هێزەكانی80ی پێشمەرگەی كوردستان بۆ گوڵان:  ئێستاش فاكتەرەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراقدا ماون
لە ئێستادا باس لە زیادبوونی جموجووڵەكانی داعش و گۆڕینی شێواز و تاكتیكی شەڕی ئەم گرووپە تیرۆریستییە دەكرێت، هۆكارەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش، بەتایبەتی لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پرسی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەست بەم پرسانە لە میانەی دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵ نەجات عەلی فەرماندەی هێزەكانی 80ی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كران.
* وەك دەزانن ساڵی پار حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق كۆتاییهاتنی داعشی لە عێراق راگەیاند، بەڵام وەك ئێستا باس دەكرێت، جارێكی دیكە گرووپە تیرۆریستەكانی داعش زیندوو بوونەتەوە، ئایا هۆكاری ئەم سەرهەڵدانەوەیە بۆچی دەگێڕیتەوە؟
- لە راستیدا سەرهەڵدانی داعش لە عێراقدا پەیوەندی بەو بارودۆخە سیاسییەوە هەبوو كە لە عێراقدا لەئارادا بوو، یان با بڵێین كۆمەڵێك فاكتەر هەبوون كە بوونە هۆی دروستبوونی داعش و ئێستاش ئەو فاكتەرانە لەئارادا ماون. لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین هێشتا داعش لە عێراقدا كۆتایی نەهاتووە، راستە ئێستا بەرەی شەڕیان نەماوە لەبەرامبەر سوپای عێراق و پێشمەرگەدا، بەڵام ئێستا ئەوان شێواز و تاكتیكی شەڕیان گۆڕیوە، واتە هێشتا ئەوان بوونیان هەیە، كە هەم لە سەر ئاستی فیكری و ئایدیۆلۆژی ئەوان بوونیان ماوە، هەم لەسەر ئاستی سەربازیش، كە بە شێوەی گرووپی بچووك بچووك هەن و رۆژانە پەلاماری هێزەكانی عێراق دەدەن. كەواتە ئەوان ماون و هۆكارەكەش ئەوەیە عێراق لە بارودۆخێكی ئەمنی و سیاسی و ئابووریی زۆر خراپدیە. هەروەها ئەو سیاسەتەی حكومەتی عێراق گرتیەبەر، كە سیاسەتێكی تایفەگەری بوو، هۆكار بوو بۆ دروستبوونی داعش كە تا ئێستاش ئەو سیاسەتە بەردەوامە. بەڵام ئومێد دەكرێت حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی، گۆڕانكاری لەو سیاسەتەدا بكات كە جیاكاری لەخۆ دەگرێت لە بەرامبەر پێكهاتەكانی عێراق، لە نێویاندا سوننەكان كە هەست بە ستەمێكی زۆر دەكەن.
* سەرهەڵدانەوەی داعش بە زۆری لەو ناوچانەیە كە پێشتر هێزی پێشمەرگە دەیپاراست، بەڵام لەو كاتەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی هاتوونەتە ئەو ناوچانە داعش پەیدا بۆتەوە، ئایا هۆكارەكەی بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە كە هێزەكانی حەشدی شەعبی بە هاوشێوەی پێشمەرگە ئەزموونی شەڕی دژی داعشیان نییە؟
- بەدڵنیاییەوە هەر هێزێك لە هەرناوچەیەك بێت سەركەوتوو نابێت، ئەگەر لەسەر خاكی خۆی نەبێت و خەڵكی ناوچەكەش هاوكاری نەكەن. بەڵام كاتێك هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو ناوچانە بوو، ئەوا خەڵكی سنوورەكە هاوكاریی پێشمەرگەیان دەكردو زانیارییان پێدەدان، تەنانەت لەكاتی شەڕەكانیشدا خەڵكێكی زۆر شانبەشانی پێشمەرگە خۆبەخشانە بەشداریی راستەوخۆی شەڕەكانیان دەكرد. بەڵام ئێستا هەمان ئەو خەڵكە وەكو داگیركەر تەماشای حەشدی شەعبی دەكەن و هاوكاری ناكەن و زانیارییان پێ نادەن، چونكە حەشدی شەعبی مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ عەرەبی سوننە و كورد دەكات .
* باس لەوە دەكرێت كە لەوانەیە جارێكی دیكە ئەو ناوچانە بە هاوبەشی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بپارێزرێن، ئایا تاچەند پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كاری لەسەر كراوە؟ یان ئەمەش بەستراوەتەوە بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە؟
- لە راستیدا لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ هاوپەیمانان زۆر باس لەم پرسە دەكرێت، واتە چۆن دەكرێت ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بپارێزرێن، بەتایبەتی كە ئێستا لەو ناوچانەدا داعش بوونی هەیە و ئێمەش دەزانین كە داعش لەو ناوچانەدا دەستی بە هێرش و پەلامار كردووە و ئێستاش هاوپەیمانان هەست دەكەن بۆشاییەكی گەورە لەو ناوچانەدا هەیە و هەوڵ دەدەن هێزێكی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراقی- نەك حەشدی شەعبی- دروست بكەن. بەڵام ئەم پرسە هەر لە چوارچێوەی قسە لەسەركردندا ماوەتەوە و نەبۆتە پرسێكی جددی و پڕۆژە.
* ئەی ئومێد و چاڕەوڕوانیتان لە گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا لە بارەی بایەخدانی زیاتر بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان چییە؟
- ئێمە چاوەڕوانین حكومەتی نوێ لە هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت -كە تا ئێستا تەشكیلەی حكومەتەكەی كوردستان دیار نییە چۆن دەبێت و لەچەند لایەن و حزب پێك دێت-، بەڵام هەر كاتێك ئەم حكومەتە پێكهێنرا، ئەوا ئومێد دەكەین كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە شێوازی دیالۆگ و ئاشتییانە چارەسەر بكرێن. دواتر ئێمە هەمیشە داوامان لە هاوپەیمانان كردووە كە ئەو گرنگییەی لە رووی مەشق و راهێنان و پڕچەككردنەوە بە سوپای عێراقی دەدەن، بە هەمان شێوە بە هێزەكانی پێشمەرگەشی بدەن. هیواداریشین گفتوگۆكانمان لەگەڵ عێراقدا بە ئاقارێكی باشدا بڕوات و كێشەكان چارەسەر بكرێن و هاوپەیمانانیش، بەتایبەتی ئەمریكا، پشتیوانییەكی زیاتر لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن.
* سەرۆك بارزانی بەم دواییە رایگەیاند ئەم سەرهەڵدانەوەی داعش لە شەڕی دژی داعش ترسناكترە، لەبەر ئەوەی پێشتر شوێنی داعش زانرابوو، بەڵام ئێستا نەزانراوە، ئایا تاچەند شەڕی دژی داعش لەم قۆناخە سەختتر بووە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە راستە، چونكە شەڕی ئەوەی پێی دەوترێت پارتیزانی زۆر قورسترە لە شەڕی بەرەكان، بەڵام رەنگە ئەمە بۆ ئێمە زۆر قورس نەبێت، بە بەراورد بە حەشدی شەعبی، یان سوپای عێراق، چونكە هەموو توانای سوپای عێراق پەیوەستە بەو چەكانەی هەیانە، بەڵام پێشمەرگە پشتئەستورە بە بیرباوەڕ و ئیرادەی خۆی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پێشمەرگە دەتوانێت سوود لە ئەزمونی خۆی وەربگرێت، بەتایبەتی هەندێ لە فەرماندەكان كە ئەزمونی پێشمەرگایەتی و شەڕی شاخیان هەیە، واتە شارەزان لە شەڕی پارتیزانی. كەواتە راستە ئەمە شەڕێكی قورسە، بەڵام ئەوەندەی بۆ سوپای عێراق قورسە، ئەوەندە بۆ پێشمەرگە قورس نییە.
* بەرێزت ماوەیەكی زۆر سەرپەرشتیاری میحوەری مەخمور بوویت، ئێستا زۆر باس لەوە دەكرێت كە لەو ناوچانە جارێكی دیكە گروپەكانی داعش لەو ناوچەیە سەریهەڵداتەوە، ئایا ئێوە وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاچەند ئەم سەرهەڵدانەوەیەتان بە جددی وەرگرتووە و ئامادەباشیتان بۆ كردووە؟ ئایا هێزەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە هاوكاریتان دەكەن؟
- ئەو سنوورەی كە ئێمە لێی بەرپرسین توانیومانە بە باشی بیانپارێزین و كۆنتڕۆڵمان كردوون و هەموو حیساباتی سەربازیی خۆمان كردووە، بەڵام ئەو شوێنانەی دەكەونە نێوان ئێمە و سوپای عێراق- كە سوپای عێراق لێی بەرپرسە- مەفرەزەكانی داعشی لێیە. لەوە ماوەیەشدا ئۆپەراسیۆنێك لەسەر داوای هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریكا ئەنجامدرا و ئامانج لێی پاككردنەوەی چیای قەرەچوغ بوو لە داعش. ئێستا ئێمە تیمی هاوبەشی هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانان هەیە و ئەگەر دۆخەكەش پێویستی كرد، ئەوا ئێمە هەماهەنگی دەكەین و ئەوانیش ئامادەن بۆ هاوكاری.
* ئایا لەم قۆناخەدا ئەركە قورسەكەی شەڕی دژی داعش زیاتر دەكەوێتە سەرشانی هێزی پێشمەرگە، یان دەزگاكانی هەواڵگری؟ یان لەسەر شانی هەردوولاتانە و دەبێت هەماهەنگی جددیتان هەبێت؟ ئایا تاچەند لەم رووەوە ئەم هەماهەنگیە بوونی هەیە؟
- دەزگاكانی هەواڵگریی پێشمەرگە بەردەوام و رۆژانە زانیارییەكان بە ئێمە دەدەن و ئاگادارمان دەكەنەوە لە هەر جموجووڵ و زیانیارییەك كە پێویست بێت پێمان بگات، زانیاری و ئاگادارییەكانی ئەوان بۆ ئێمە گرنگە و خۆشبەختانە سەرچاوەو زانیاریی باشیان هەیە.
* لەسەر ئاستی بەرەی ناوخۆی كوردستانیش، دیارە وەك لەماوەكانی پێشوو بینیمان چەند كەسێك بەیعەتیان بە داعش دابوو، دەستگیر كران، ئایا تاچەند لەسەر ئاستی ناوخۆ هێزەكانی ئاسایش دەبنە بەشێك لەشەڕی دژی داعش لە ئێستادا؟
- هێزەكانی ئاسایشی كوردستان لەكاتی شەڕی داعشیشدا شانبەشانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوە بوون، هەر بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەگەر پێویست بكات ئەوا ئەوان هاوكاری و پاڵپشتی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن. ئەگەرچی ئێستا داعش هەڕەشەكانی ئەوەندە گەورە نییە لەسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە، تاوەكو داوا لە ئاسایش بكەین یارمەتیمان بدەن. بەڵام كارو چالاكییەكانی ئەوان بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی شارەكانی كوردستان بەرچاوە و توانیویانە روڵی خۆیان بە باشی ئەدا بكەن.
* ئایا پڕۆژە چاكسازییەكەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی هاوپەیمانەكانیشدایە بە كوێ گەیشتووە؟
- راستە هێزەكانی هاوپەیمانان پڕۆژەیەكیان هەیە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكبخەن. بەڵام هەموومان دەزانین كە هەندێك ئاستەنگی گەورە لەبەردەم یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدایە، ئەو ئاستەنگانەش لە بنەڕەتدا ئاستەنگی سەربازی نین، بەڵكو ئاستەنگی سیاسین، بۆیە دەبێت بەشێوازێكی سیاسی چارەسەر بكرێن و دواتر هەنگاوی دیكە بنرێت بۆ ئەوەی هەرچی یەكەو هێزەكانە لەناو چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخرێن.
* ئێستاكە دەنگۆیەكی زۆر هەیە لەسەر بڕیارەكەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوا؛ ئەگەر ئەمە بارودۆخەكە لەوێ بەرەو خراپی ببات، ئایا كاریگەریی لەسەر ناوچە سنوورییەكانی ئێمە ناكات بەتایبەتی لە ئەگەری دزەكردنی داعش و گروپەكانیان؟
- كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا هێشتا دیار نییە و ماوەی 60-100 رۆژیان داناوە بۆ ئەو كشانەوەیە، كاتی خۆیشی سەرۆكی روسیا (پوتین) كشانەوەی هێزەكانی راگەیاند، كەچی نەكشایەوە. كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكاش بەهەمان شێوە تا ئێستا روون نییە، بەتایبەتی كە زۆر لە كۆنگرێسمانەكان رەخنەیان لەو بڕیارەی ترەمپ هەیە. لەهەموو حاڵەتێكدا كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا هیچ كاریگەرییەكی خراپ و نێگەتیڤی لەسەر هەرێمی كوردستان نییە، چونكە ئێمە پشتمان بەخۆمان و بە گەل و حكومەتی خۆمان بەستووە.
* دوا پەیامت چییە؟
- دەمەوێت ئەوە بڵێم كە هەر وەك چۆن لە رابردوودا پێشمەرگە بەرگریكاری خاك و خەڵكی كوردستان بووە، لە ئایندەشدا هەر پارێزەری ئەم خاك و گەلە دەبێت.
Top