بۆئاتز ئەتزیلی تایبەتمەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: ئیدارەی ترەمپ سیاسەتێكی تاكلایەنانەی گرتۆتەبەر
December 26, 2018
دیمانەی تایبەت
بۆئاتز ئەتزیلی زانایەكی سیاسییە و توێژەر و وانەبێژی پەیوەندیی نێودەوڵەتییە لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن دی سی. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە ئاسایشی نێودەوڵەتی دەدات و جەخت لەسەر چەند پرسێكی گرنگ دەكاتەوە، وەك لایەنە نێودەوڵەتییەكانی لاوازیی دەوڵەت و بە شێوەیەكی تایبەت تەركیز لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكاتەوە. ئەتزیلی وانەبێژی تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و داینامیكیەتی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی لاواز و شەڕ و چەند بوارێكی گرنگی دیكەیە. لە میانەی دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێكرد كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە شرۆڤەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و گرتنەبەری رێكارە ئابوورییەكان لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە، هەروەها سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.* هەروەك ئاشكرایە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا مشتومڕی زۆری لەبارەوە دەكرێت، پرسیارەكە ئەوەیە بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ئەمریكا دەڕوانیت؟
- ئەمە پرسیارێكی بەرفراوانە، بە شێوەیەكی گشتی من پێموایە ترەمپ و بەرپرسانی دیكەی كۆشكی سپی بە دوو شێوازی جیاواز قسە دەكەن، بۆ نموونە، وەزیری بەرگری- كە ئێستا دەستی لە كاركێشاوەتەوە- پتر پارێزگاری لە رەوتە تەقلیدییەكەی پەیوەست بە ئەنجامدانی كاروبارەكانەوە دەكرد، لە كاتێكدا خودی ترەمپ سیاسەت و رەوتێكی زۆر جیاواز پیادە دەكات، ئەمەش تەمومژی و ناڕوونی دروست دەكات، لەبارەی ئەوەی ئایا سیاسەتی راستەقینەی كۆشكی سپی لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چییە؟ بۆ نموونە ئایا سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لە ئاست وڵاتێكی وەك سعودیە چییە؟ ئاشكرایە ترەمپ لەگەڵ ئەوەدایە پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ سعودیە بكرێت، بە چاوپۆشین لەوەی سعودیە چ سیاسەتێك دەگرێتەبەر و چی دەكات، چونكە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پێیوایە ئەمە لە بەرژەوەندیی ئەمریكادایە-لە بەرژەوەندیی بزنسدایە-، هەروەها ترەمپ هەڵوێستێكی جیاوازی هەیە لە پەیوەندی بەو شەڕەی سعودیە لە یەمەندا ئەنجامی دەدات.
* لە روانگەی هەموو ئەو هەڵوێست و سیاسەتانەی ئیدارەی ترەمپ پیادەیان دەكات، ئایا بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئەمریكا بە سیاسەتێكی تاكلایەنە، یان گۆشەگیرانە بچوێنین؟
- بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین كە سیاسەتەكانی ئیدارەی ترەمپ، سیاسەتی تاكلایەنانەن، هەروەها من دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە كە مەسەلەكان زیاتر پەیوەستن بە خودی ترەمپ خۆیەوە، نەك بە باقی ئیدارەكەوە. بۆ نموونە ئەوەی پەیوەندی بە ناتۆوە هەبێت، ئەوا باقی ئیدارەكەی ترەمپ باوەڕیان بە گرنگیی درێژەپێدانی هاوكاری هەیە لەگەڵ ناتۆدا و دەیانەوێت ئەمریكا كاردانەوەیەكی توندتری هەبێت لە ئاست دەستێوەردانی رووسیا لە ئۆكرانیا، لە كاتێكدا ترەمپ وا دەردەكەوێت كە دژ بە ناتۆ بێت، یان مرونەتی هەبێت لە ئاست رووسیادا. كەواتە دووپاتی دەكەمەوە كە بە دڵنیاییەوە ئەم ئیدارەیە سیاسەتێكی تاكلایەنەی گرتۆتەبەر، هەروەها ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە ترەمپ ئەنجامدانی رێككەوتنی دووقۆڵی لە رێككەوتنی چەند قۆڵی بە باشتر دەزانێت.
* باست لەوە كرد كە ترەمپ پێی باشە ئەمریكا رێككەوتنی دووقۆڵی بكات لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا، كە ئێمە دەزانین لەم پێناوەدا ترەمپ سزا و فشاری ئابووری بەكاردەهێنێت، تەنانەت لە دژی هاوپەیمانەكانی بۆ ئەوەی ناچاریان بكات رێككەوتنێك لە بەرژەوەندیی ئەمریكا بكەن، لێكدانەوەی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- بە تێڕوانینی من ئەمە رێچكەیەكی گرفتئامێزە، چونكە نەك هەر تەنیا جیاكاری ناكات لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمان و ناوهاپەیمان، بەڵكو پێیوایە گەمەكە دەبێت لایەنی براوە و دۆڕاوی تێدابێت، واتە پێیوایە ئەگەر لایەنی براوە نەبیت، ئەوا دۆڕاوی. كە پێموایە لە هەندێ حاڵەتەدا توانیویەتی سازش بە بەرامبەرەكانی بكات، ئەگەرچی سازشی گەورەش نەبوون، بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین كە توانیوتی لە دوای كشانەوەی لە رێككەوتنی نافتا رێككەوتنێكی جیاواز ئەنجام بدات، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئەمریكا لە رووی ئابوورییەوە وڵاتێكی زۆر دەستڕۆیشتووە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانێت لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا رێككەوتنی دوو قۆڵی ئەنجام بدات، بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمریكا پێگەی سەركردایەتیكردنی جیهان لە دەست بدات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمەش لە مەودای دووردا كاریگەری و دەرئەنجامی سلبی لێدەكەوێتەوە.
* كەواتە دەتوانین بڵێین كە گرتنەبەری رێكاری سزا و فشاری ئابووری رێچكەیەكی ناكارایە و بگرە لە مەوددای دووردا دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە؟
- بەڵێ، ئەمە راستە.
* باشە پێتوایە سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كێشە و تەحەددییە ئاڵۆزەكانی ئەم ناوچەیە چۆن بووە و ئایا چ هەڵسەنگاندنێكت هەیە بۆ دەرئەنجامەكانی سیاسەتەكەی لە ئاست وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا؟
- من پێموایە ئیدارەی ئەمریكا و خودی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ شێوازێكی گرتۆتەبەر بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەگەڵ تەحەددییە دژوارەكانی ئەم ناوچەیە، كە سادەكردنەوەی پرس و تەحەددییەكان لەخۆ دەگرێت. بۆ نموونە سەرۆك ترەمپ رایگەیاند كە ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران دەكشێتەوە، چونكە ئێران كاراكتەرێكی خراپە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەوڵی پەرەپێدانی دەسترۆیشتوویی خۆی دەدات لەم ناوچەیەدا و لە تێڕوانینی ترەمپدا رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی رێگای بۆ ئێران خۆشكرد بۆ برەودان بە دەستڕۆیشتووییەكەی لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا. ئەگەرچی رەنگە ئەم لێكدانەوە و پاساوهێنانەوەی سەرۆك ترەمپ هەندێ راستی تێدا بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوە لە یاد بكەین كە ئەم رێككەوتنە پەیوەست بوو بە پرسی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە و ئەمەش پرسێكی سەرەكییە و ئەولەوییەتێكی باڵای هەیە، چونكە ئەو هەڕەشە و مەترسییەی لە پڕۆگرامی ئەتۆمییەوە سەرچاوە دەگرێت، گەورەترە لە هەر هەڕەشە و مەترسییەكی دیكە، لەبەر ئەوەی ئەگەر وڵاتی ئێران بتوانێت چەكی ناوكی بەدەست بهێنێت، ئەو كاتە سعودیەش هەوڵی بەدەستهێنانی ئەم چەكە دەدات، هەروەها كاراكتەرەكانی دیكەی ناوچەكەش هەمان هەنگاو هەڵدەگرن و هەمان رێچكە دەگرنەبەر، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی دۆخێك كە مایەی هەڵكشان و تەقینەوە بێت كە تێیدا كاراكتەرەكان خاوەنی چەكی ناوكی بن. كەواتە لێكدانەوە و سادەكردنەوەی پرسەكان بەم شێوەیە، دەبێتەهۆی دروستبوونی دۆخێكی مەترسیدار.
* ئەی چ هەڵسەنگاندنێكت هەیە بۆ سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست وڵاتی سووریادا، بە تایبەتی دوای پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە بڕیاری ئیدارەكەوە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتەدا؟
- ئەوەی من دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە چارەسەرێكی باش بۆ دۆخی سووریا لەئارادا نییە، هەروەها ئەوەی بەدی دەكەین، بەتایبەتی دوای بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا ئەوەیە كە ترەمپ نایەوێت زۆر لە دۆخی سووریاوە تێوەبگلێت و خوازیاری پیشاندانی مرونەتە لە ئاست رووسیادا لە وڵاتی سووریا، ئەوەش دەزانین كە ژەنەڕاڵ جەیم ماتیس بۆچوون و تێڕوانینی جیاوازی هەبوو لە ئاست سووریادا- كە ئێستا ئەویش دەستی لەكار كێشاوەتەوە-. كەواتە بە شێوەیەكی گشتی دەتوانم بڵێم بڕیار و كردارەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست سووریادا بوونەتەهۆی لاوازكردنی پێگەی ئەمریكا لەو وڵاتەدا.