دكتۆر محەمەد رێكانی ئەندامی داواكاری گشتی بۆ گوڵان: پێویستە داواكاری گشتی سەربەخۆ بێت و یاسایەكی بەهێزی هەبێت

دكتۆر محەمەد رێكانی  ئەندامی داواكاری گشتی بۆ گوڵان:  پێویستە داواكاری گشتی سەربەخۆ بێت و یاسایەكی بەهێزی هەبێت
كاتێك باسی حكومەت و پەرلەمانی بەهێز دەكرێت، ئەوا دەبێت بوار بۆ سەرجەم دامودەزگاكان بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی بتوانن ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و ئەدایان لە ئاستی چاوەڕوانكراودا بێت، هەتا پێكەوە بتوانن بە باشترین شێوە رۆڵی خۆیان ئەدا بكەن، دەزگای داواكاری گشتیش لەم رووەوە رۆڵێكی بنەڕەتی و بەرچاوی هەیە و بەهێزبوونی ئەم دەزگایەش بۆتە پێویستییەك كە چیتر دواخستن و خەمساردی هەڵناگرێت، ئەم پرسە بووە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ د.محەمەد رێكانی ئەندامی داواكاری گشتی.
* لە ئێستای كوردستاندا زۆر باس لە حكومەت و پەرلەمانی بەهێز دەكرێت، ئایا دەكرێت بۆ دەسەڵاتێكی دادوەریی بەهێزیش باس لە داواكارێكی گشتی بەهێز بكەین؟ لەم چوارچێوەیەدا ئایا دەتوانین بڵێین لە كوردستاندا داواكارێكی گشتیی بەهێزمان هەیە؟
- لەهەر وڵاتێك، یان لە هەر دەزگایەك كە ئیدارەی وڵاتێك دەكات، ئەوا پێویستمان بە بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەیە، واتە (سێ دەسەڵاتەكان دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێكاری) لە یەكدی جیابكرێنەوە، تاوەكو هەر یەكێك لەوانە كاری خۆی بكات، ئەگەر بمانەوێت كوردستانێكی بەهێز وەكو هەرێمێك، یان دەوڵەتێك كار بكات، ئەوە پێویستمان بەوە هەیە هەر یەكێك لەو سێ دەسەڵاتە سەربەخۆ بن، تاوەكو بتوانن كاری خۆیان بكەن و، داواكاری گشتیش وەكو یەكێك لە دەزگاكانی دادوەری پێویستی بەوە هەیە هەم سەربەخۆیی خۆی هەبێت، هەم یاسایەكی بەهێزیشی هەبێت، بەڵام ئەو یاسایەی ئێستای داواكاری گشتی لە كوردستان، یاسایەكی كۆنە و لەگەڵ بارودۆخی ئێستا ناگونجێت، بۆیە پێویست بەوە دەكات هەمواركردنەوە لە یاسای دواكاری گشتی ئەنجام بدرێت. هەر چەندە ئەو یاسایەی ئێستای داواكاری گشتی، تا رادەیەك كاری خۆی كردووە، بەڵام كارەكانی داواكاری گشتی بەپێی ئەو یاسایەی هەیە زیاتر لەناو دادگاكانە و زیاتر لەو شوێنانەیە كە دەسەڵاتی هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی كارێك بكرێت كە جێگای ئومێد بێت و لە ئاست چاوەڕوانی خەڵكدا بێت، ئەوا دەبێت داواكاری گشتی كارێكی فراوانتر بكات، كەواتە یاسای داواكاری گشتی پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، یان دەبێت یاسایەكی دیكەی بۆ دەربچێت. ئێمە تا ئێستاكە زیاتر لە سێ پڕۆژە یاسای داواكاری گشتیمان بۆ حكومەت و پەرلەمانی كوردستان رەوانە كردووە لەو سێ یاسایەدا دوو پڕۆژە یاسایان لەساڵی 2015 خوێندنەوەی یەكەمیان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ كراوە و ئەو دوو پڕۆژە یاسایە تا ئێستاكە پەسند نەكراون. هەر بۆیە لەم خولە تازەیەی پەرلەمانی كوردستان دەبێت پڕۆژە یاسایەكی دیكە بۆ داواكاری گشتی رەوانەی پەرلەمان بكەین، تاوەكو ئەو ئومێدانەی خەڵك بە داواكاری گشتی هەیەتی، لەناو ئەو یاسایەدا جێگای بكرێتەوە.
* ئەگەر بە راشكاوی باس لە رۆڵی داواكاری گشتی بكەین، ئایا لە كوردستاندا چۆن دەبینە خاوەن داواكاری گشتیی بەهێز و رۆڵی داواكاری گشتیی بەهێز بۆ گەرەنتی سەروەریی یاسا چۆن دەبێت؟
- داواكاری گشتی و هەر دەزگایەكی دی پێویستی بەوە هەیە یاسایەكی تۆكمە و هاوچەرخی هەبێت، بەڵام ئەو یاسایەی داواكاری گشتی كە ئێستا لەئارادایە و لە ساڵی (1979) دەرچووە، دەبێت ئەم یاسایە چەندەها گۆڕانكاری بەسەردا بێت بۆ ئەوەی داواكاری گشتی بتوانێت بە ئەركی خۆی هەڵبستێت بۆ پاراستنی سامانی گشتی و مافی گشتی و سیستمی دیموكراتی لەم وڵاتە. ئەوەشیان بە دەسەڵات دەكرێت، كە مەبەستمان لەوەیە دەبێت بەپێی یاسا دەسەڵات بە داواكاری گشتی بدرێت، چونكە داواكاری گشتی ناتوانێت لە دەرەوەی یاسا كارێكی دیكە بكات.
* هەندێك كەس كە باسی دادگاكانی كوردستان دەكەن، راشكاوانە ئەوە دەخەنەڕوو كە جۆرێك لە دووئیدارەیی لەناو دادگاكانی كوردستاندا هەیە، ئەمەش بەو مانایەی زۆر كەیسی تاوان هەیە كە لە شارێكی كوردستان ئەنجامدراوە و لە شارەكانی دیكە ئەو تاوانبارانە دەستگیر ناكرێن، ئایا ئێوە وەك داواكاری گشتی تاچەند دەتوانن لەسەر ئەم كەیسانە بێنەدەنگ؟
- دادگاكان كە بڕیاریان دەركرد، پێویستە جێبەجێ بكرێن. كاتێك دادوەرێك -لە گەرمیان، هەڵەبجە، یان دهۆك بێت- بڕیارێك دەردەكات، ئەوا دەبێت ئەو بڕیارە لەسەرتاسەری كوردستان و بگرە لە سەرتاسەری عێراقیش جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئەوەی جێبەجێی دەكات، دەسەڵاتی جێبەجێكردنە كە پۆلیس و ئاسایشی هەیە و دەبێت جێبەجێی بكات. بۆ نموونە بڕیارێك كە لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر لەسەر تۆمەتبارێك دەردەچێت كە لە هەڵەبجەیە، یان لە سلێمانی، یان لە دهۆكە، ئەوا لە كاتی گەیشتنی بڕیاری دەستگیركردنەكە بەو شوێنە، ئەو بڕیارە دەنێردرێت بۆ ئەو جێگایەی كە تۆمەتبارەكەی لێیە، بۆ نموونە بنكەی پۆلیسی گەڕەك یان ناوچەكە، ئەو كاتە پێویستە ئەو فەرمانە جێبەجێ بكرێت، واتە پێویست بەوە ناكات دووبارە دادگای ئەو شوێنە بڕیارەكە دەربكاتەوە، بەڵكو كە بڕیارەكە دەرچووە، ئەوە ئەركی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە كە بڕیارەكان جێبەجێ بكات. چونكە جاری وا هەیە نووسراوێك لە دادگای ئەنبارەوە دێت كە بڕیاری دەستگیركردنی تۆمەتبارێكە و ئەوە دەبێت لێرە و لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێ بكرێت، واتە هەر بڕیارێك لەلایەن دادوەر دەردەچێت، دەبێت لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێ بكرێت، ئەمەش ئەرك و دەسەڵاتی جێبەجێكارە كە دەبێت ئەنجامی بدات كە لە پۆلیس و ئاسایش و لایەن و هێزی دیكە پێكدێن. هەركاتێك دەسەڵاتی جێبەجێكردن بڕیاری دادگای پێدەگات، ئەركە لەسەری كە جێبەجیێ بكات، ئەگەر جێبەجێی نەكرد، ئەوا داواكاری گشتی بەدواداچوونی بۆ دەكات بۆ ئەوەی بزانرێت بۆچی جێبەجێی ناكەن. لەلایەكی دیكەوە جێبەجێكردنی بڕیارەكان هیچ پەیوەندی بە دووئیدارەییەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە دەسەڵاتی پۆلیس و ئاسایشەوە هەیە، بۆ نموونە كە لەكاتێكدا دادگای سلیمانی بڕیاری دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی دەركرد كە ئەو تۆمەتبارە لە هەولێر بێت، ئەوا ئەم پرسە پەیوەندی بە دادگای هەولێرەوە نییە، بەڵكو دەبێت راستەوخۆ پۆلیسی هەولێر ئەو بڕیارە وەربگرن و جێبەجێی بكەن.
* زۆر جار داواكاری گشتی، داوای لەسەر سیاسەتمەدارێك، یان بەرپرسێك بەرز كردۆتەوە و فەرمانی دادگای بۆ دەرچووە كە دەستگیر بكرێت، بەڵام بە ئازادی سەفەری كردووە و گەڕاوەتەوە كوردستان، ئایا ئەم بێ باكییە بەرامبەر بە یاسا كاریگەری لەسەر رۆڵی داواكاری گشتی نەبووە؟
- ئەركی داواكاری گشتی ئەوەیە كە سكاڵا تۆمار بكات و ئەگەر سكاڵای لەسەر هەر تۆمەتبارێك تۆماركرد، ئەوا ئەو سكاڵایە لە دادگاكان لێكۆڵینەوەی بۆ دەكرێت و بڕیاری بۆ دەردەچێت، ئیدی بە دەستگیركردن بێت، یان قەدەغەكردنی سەفەر لەسەر تۆمەتبارەكە، لەپاشان ئەو بڕیارەی دادگا دەچێتە فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان، ئەوا دەبێت ئەو شوێنانە بڕیارەكە جێبەجێ بكەن، واتە ئەو شوێنانەی كە بڕیارەكەیان بۆ دەچێت و جێبەجێ ناكەن، ئەوە ئەوان كەمتەرخەمن، كەواتە ئەگەر بڕیارەكە بەو شوێنانە گەیشتبێت و جێبەجێشی نەكردبێت، ئەوە لەلایەن داواكاری گشتی دەبێت رێكاری یاسایی دژی ئەو لایەنە بگیرێتەبەر كە بڕیارەكەی جێبەجێ نەكردووە.
* لە كوردستاندا خەریكە میدیا دەبێت بە هەڕەشە لەسەر پرۆسەی حوكمڕانی و سەروەریی یاسا، ئایا ئێوە وەك داواكاری گشتی هەوڵتان نەداوە لەسەر ئەم پێشێلكارییە گەورەی كە دژی مافی گشتی دەكرێت كارێك بۆ رێكخستنەوەی كاری میدیایی لە كوردستان بكەن؟
- سەرەتا بۆ بەرچاوڕونی دەبێت ئەوە بڵێین ئەگەر شتێك بەپێی یاسا قەدەغە نەكرابێت، ئەوە ئێمە وەكو داواكاری گشتی ناتوانین هیچ رێكارێك لەسەری بگرینەبەر. لەلایەكی دیكەوە ئێمە یاسای رۆژنامەگەری و یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنمان هەیە كە مۆبایل و فەیسبوك و ئەنتەرنێت دەگرێتەوە، لەیاساكاندا هەر هەمووی دیارو روونە، و ئەگەر هاتوو یەكێك بەو رێگایانە خەڵكێكی دیكەی هەراسان كرد و تەشهیری بەرامبەر یەكێك ئەنجامدا، ئەوە لێرەدا مافی كەسی دروست دەبێت و دەبێت ئەو كەسەی كە رووبەڕووی هەراسانكردن، یان ناوزڕاندن بۆتەوە، خۆی بێتە دادگا و سكاڵا تۆمار بكات و لەوكاتەدا دادگا بەپێی یاساكە كاری بۆ دەكات و ئێمە ناتوانین لە جیاتی ئەو كەسە سكاڵا تۆمار بكەین. بەڵام داواكاری گشتی لە كاتێكدا دەتوانێت دەستێوەردان بكات، ئەگەر هاتوو بە راستی مەسەلەكە ببێتە هەڕەشەیەك لە دژی ئابووری و ئاسایشی گشتی، یان لە رێگای هۆكارەكانی راگەیاندن، چ تەلەفزیۆن، یان رادیۆ، یان ئینتەرنێت، بەهەر شێوازێك شتێك بڵاو بكرێتەوە و زەرەر و زیان لە ئابووریی هەرێمی كوردستان بدات، یان هێرشێك بێت لە دژی ئاسایشی كۆمەڵگە و بیەوێت سەقامگیری كوردستان لەناو ببات، یان بیخاتە مەترسییەوە، ئەو كاتە داواكاری گشتی دەبێت بە ئەركی خۆی هەستێت و سكاڵا لەسەر ئەو لایەنە تۆمار بكات كە ئەم هەڕەشەیەی دروست كردووە، چونكە داواكاری گشتی لەو حاڵەتەدا نوێنەرایەتی كۆمەڵگە دەكات. لەلایەكی دیكەوە ئەو رێكخراو سەندیكایانەی كە یەكێك دەكەنە ئەندامی خۆیان و ناسنامەی پێدەدەن پێویستە مەرج و پابەندبوونی ئەندامەكانیان بەپێی یاساكانیان بۆیان روون و دیاری بكەن، چونكە یاسای رۆژنامەگەری هەندێك ئاسانكاری، یان پارێزبەندی بۆ ئەندامەكانی كردووە، تاوەكو لەكاری خۆی كە نووسین و رادەربڕینە، ئازاد بێت، بەڵام نابێت نووسین و رادەربڕینەكان لەسەر كەسێك بڵاو بكاتەوە كە بگاتە ئەو ئاست و رادەیەی كە ناوزڕاندنی تێدابێت و دووربێت لەزانیاریی راست، ئەو كات دادگاكان رێكاری یاسایی دەگرنەبەر لەبەر ئەوەی ئەوە لە دەرەوەی پیشەیی خۆی بە بێ رەچاوكردنی مەرج و یاساكە كارێكی دیكەی ئەنجامداوە. چونكە پیشەی رۆژنامەنووسی و رۆژنامەگەری گەڕان و بەدواداچوونی راستییەكانە تاوەكو راستییەكان بە هاووڵاتیان بگەن، نەك ئەوەی كەسێك تەشهیر بە كەسێكی دیكە بكات كە هیچ بەڵگەیەكی لەسەری نەبێت. هەر بۆیە كە بمانەوێت ئیجرائات لەگەڵ كەسێك بكەین ئەوە دادگا دەبێت بەو كارە هەستێت. بۆ نموونە، ئەگەر رۆژنامەنووسێك دەیەوێت گەندەڵكارێك ئاشكرا بكات، ئەوە دەبێت زانیارییەكان بە دادگا بدات بۆ ئەوەی ئەو دادگایە بە ئیجرائاتی خۆی هەستێت، تاوەكو بزانێت ئەو زانیارییانە لەسەر ئەو كەسە دراوە، راستە یان وا نییە، چونكە هەموو كێشە و قەزیەیەك تا دادگا یەكلای نەكاتەوە و تاوەكو نەگاتە دواقۆناغ كە بڕیاری دادگای تەمییزە، ئەوە نازانین ئەو كەسە تاوانبارە، یاخود بێتاوانە و تاوەكو تۆمەتەكە بەتەواوی لەسەر تۆمەتبارەكە نەچەسپێت ئەوە ناكرێت ناوی ئەو كەسە بڵاوبكرێتەوە، لەبەر ئەوەی بۆی هەیە لەقۆناغی دادگای تەمییز دەربكەوێت ئەو كەسە بێتاوانە. لەم حاڵەتەدا ئەو كەسەی ئەو تۆمەتەی بۆ دروست كردووە دەبێت ئیجرائاتی لەگەڵدا بكرێت. چونكە ئەگەر وانەبێت، هەر كەسێك دەتوانێت كەسێكی دیكە تۆمەتبار بكات، لە كاتێكدا لەناو كۆمەلگای ئێمەدا هەر كاتێك وترا كەسێك دراوەتە دادگا، ئەوە ناوبانگی ئەو كەسە زیانی پێدەگات. بۆیە لەمەدا دەبێت زۆر ئاگادارو هەستیار بین لەبەر ئەوەی كەسایەتی و ئازادیی خەڵك نابێت بە ئاسانی پێشێل بكرێت. كەواتە لە پەیوەندی بە مافی كەسییەوە، دەبێت خودی كەسەكە خۆی سكاڵا تۆمار بكات، بەڵام لەسەرهەر قەزیە و سكاڵایەك كە پەیوەندی بە سامانی گشتی و مافی گشتی و بە ئاسایشی گشتی و بە تەندروستیی گشتی هەبێت، ئەوانە داواكاری گشتی دەتوانێت و ئەركی خۆیەتی سكاڵا لەسەر تۆمەتبار تۆمار بكات و ئەرك و كاری هەموو هاووڵاتیەكیشە لەسەر ئەمانە زانیاری و ئاگاداری بە داواكاری گشتی بدات، چونكە بۆی هەیە داواكاری گشتی هەموو ئەو هۆكارانەی نەبێت كە ئاگاداری هەموو شتێك بێت، بەڵام ئەگەر رۆژنامەنووسێك هەواڵی پێدرا، یان خۆی ئاگادار بوو لە شوێنێك فعلەن كارێك كراوە لە دژی بەرژەوەندیی گشتی، ئەوە دەتوانێ داواكاری گشتی لێ ئاگادار بكاتەوە، ئەو كات ئەوان هەڵدەستن بەو ئەركەی كە پێیان سپاردراوە.
* بەرپرسانی دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش بە ئاشكرا ئەوەیان پێ گوتووین كە لە هەندێك شوێنی كوردستان تاوانباران دەستگیر ناكرێن، ئەوەشی ناهێڵێت دەستگیر بكرێت، حزبە سیاسییەكانن، ئایا دەكرێت لە وڵاتێكدا حزب دەسەڵاتی لە سەرووی یاساوە بێت؟ ئەگەر ئەمە گونجاو نییە، ئایا چی بكەین بۆ ئەوەی یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت؟
- ئەمە هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازیی دەسەڵاتە فەرمییەكانی وڵات، بۆ نموونە كە پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵبستێت بە چاودێریكردنی حكومەت و لێپرسینەوە لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاساكانی، ئەگەر دادگاش بە شێوەیەكی بێلایەن كاری خۆی بكات، دەسەڵاتی جێبەجێكاریش كە حكومەتە بڕیارەكان جێبەجێ بكات، ئەو كاتە هیچ حزبێكی سیاسی ناتوانێت دەستێوەردان بكات. بەڵام ئەگەر بینیان پەرلەمان بە ئیشی خۆی هەڵناسێت و دەسەڵاتی دادوەری بێلایەن نەبووە و دەسەڵاتی جێبەجێكار بە كاری خۆی هەڵناسێت، ئەو كاتە بەئاسانی رێگا خۆش دەكرێت بۆ ئەوەی حزبێكی سیاسی باڵادەست بێت. هەروەها لێرەدا ئیشكالیەتەكە لەوەدایە ئەو پەرلەمان و حكومەتەی هەیە هەر لەلایەن حزبەكانەوە پێكهاتووە، كە دەبێت بەپێی یاسا دەسەڵات بەو لایەنانە بدرێت، واتە هەر یەكێك لەمانە یاسای خۆیان هەیە كە كاری لەسەر دەكەن، ئەگەر هاتوو رێگایان دا بەئاسانی دەستێوەردان بكەن لە كارەكانیان، ئەوا ئەو كات باڵادەستی بۆ حزبە سیاسییەكان دەبێت، ئەمەش وای لێدەكات لە چوارچێوەی دامەزراوەیی و سەروەریی یاسا دەربچێت، ئەو كات سەروەریی بۆ خزمایەتی و حزبایەتی و میزاج و بەرژەوەندیی تاكەكەسی دەبێت و سەروەریی بۆ بەرژەوەندی گشتی نابێت.
* سەبارەت بە كەیسی گەندەڵی، ئایا ئێوە وەك داواكاری گشتی چاودێری بەرپرسە گەندەڵەكان دەكەن كە دەستدرێژی بۆ سەر مافی گشتی دەكەن؟ مەبەستمان ئەوەیە ئایا ئێوە خۆویستانە چاودێری و لێكۆڵینەوە لەو دیاردانە دەكەن كە رۆژانە لەسەر بەرپرسان لە میدیاكانەوە بڵاو دەبێتەوە؟ ئایا ئێوە ئەو دەسەڵاتەتان هەیە ئەم كارە بكەن؟
- ئێمە وەكو داواكاری گشتی لە چوارچێوەی یاسای داواكاری گشتی كار دەكەین، ئەو دەسەڵاتەی كە لەو یاسایە بە ئێمە دراوە، تۆماركردنی سكاڵایە لەسەر ئەو هەواڵ و زانیارییانەی كە بە ئێمە دەگات. هەروەها ئێستا لە كوردستاندا دەزگایەكی دیكە هەیە بە ناوی دەستەی دەستپاكی، كە ئەوان دەسەڵاتێكی زیاتریان لە ئێمە پێدراوە كە بەدواداچوون بكەن و سەردانی شوێنەكان بكەن و داوای دۆسییەكان بكەن. بەشێوەیەكی گشتی دەسەڵاتێكی زیاتریان هەیە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. بەڵام ئێمە وەكو ئەندامانی داواكاری گشتی ناتوانین چاودێری كەسێك بكەین، ئەگەر پێشتر زانیارییەكمان لەسەری نەبێت، بەڵام لەكاتێكدا زانیارییەكمان لەسەر كەسێك لە فەرمانگەیەك پێدەگات، ئەو كات بەدواداچوون بۆ ئەو كەیسە دەكەین. ئێمە زیاتر لەسەر دۆسیە و كەیسەكان ئیش دەكەین، نەوەك لەسەر كەسەكان، بەڵام ئەگەر هەوڵ و زانیارییەكمان لەسەر كەسێك بۆ بێت كە كارێكی كردووە و كارەكەی سەرپێچی یاساییە، یان دژی مافی گشتییە، ئەو كات ئێمە كار لەسەر ئەو دۆسیەو كەسە دەكەین، بەڵام ئێمە لایەنێكی چاودێری نین لەسەر خەڵك.
* لەساڵی 2014 تا دەگاتە ساڵی 2018 ساڵ لەدوای ساڵ سكاڵاو ئەو كێشانەی كە بۆ ئێوە هاتووەو تۆماركراون زیادی كردووە، ئایا هۆكاری زیادبوونی ژمارەو رێژەی سكاڵاكان چییە و چۆن و چەندتان لەو داواو سكاڵایانە یەكلا كردووەتەوە؟
- داواكاری گشتی چەند جۆرە كارێكی هەیە، كە هەندێكیان لەو كارانەمان پەیوەندی بە چاودێریكردنی بڕیارەكانی دادگاوە هەیە، كە ئەمەش هەموو كێشەیەك دەگرێتەوە كە جەزائین و ئەوانەی كە مەدەنین و ئەوانەی پەیوەندیان بە دەوڵەتەوە هەیە، هەر داواكاری گشتی داخیل دەبێت و كاری لەسەر دەكات. هەروەها دەستەی مافی گشتیمان هەیە كە كاری ئەوان تایبەتە بە بەدواداچوونی ئەو كەیسانە كە پەیوەندییان بە ماف و سامانی گشتییەوە هەیە، بەڵام ئەو كەیسە زۆرانەی كە دەبیندرێت و لەلایەن داواكاری گشتی تۆماركراون، ئەوە مەرج نییە هەر كەیسەك هەبوو بە ناوی گەندەڵی یان جەزائی فعلەن وابێت، بەڵكو بۆی هەیە لەپاش بەدواداچوون و لە دواجاردا بڕیار بە داخستنی دۆسیە بدرێت، لەسەر بنەمای نەبوونی بەڵگە. كەواتە زۆربوونی كەیسەكان مەرج نییە بە مانای ئەوە بێت كە ئەو كارانە ئەنجام دراون. بەڵام لەگەڵ ئەوەش بۆی هەیە تاوانی زۆر خراپ و گەورەش هەبێت، ئەگەرچی بە ئێمە نەگەیشتووە، یاخود نەتوانراوە بەڵگەی لەسەر بەدەست بهێندرێت، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە هەندێ بوارو كەرتی تایبەتەوە. بەڵام گرنگە زیاتر سكاڵاو كێشەكان ببرێنە دادگا، نەك لە دەرەوەی دادگا هەوڵی چارەسەركردنیان بدرێت، چونكە كە كێشە نەگاتە دادگا ئەوا رەنگە لە دەرەوە و بە شێوەی عەشائری و حزبی چارەسەر بكرێت و بۆی هەیە مافی كەسێك، یان لایەنێك لە كێشەكەدا و هەندێجار مافی گشتی پێشێل بكرێت، بۆیە پێویستە هەموو كێشەو سكاڵایەك ببرێتە دادگا تاوەكو یاسا سەروەر بێت، بەڵام دادگاش دەبێت لە یەكلاكردنەوەی دۆسیەو كێشەكاندا پەلە بكات و رۆتین كەم بكاتەوە، تاوەكو كێشەو دۆسیەكان زۆر لەسەر یەكتر كەڵەكە نەبن، بۆ ئەمەش لەبری ئەوەی یەك دادگا هەبێت، ئەوا باشترە چەند دادگایەك بكرێتەوە تاوەكو بە زووترین كات كێشەكان یەكلا ببێتەوە و خەڵكیش تووشی ماندووبن و نائومێدی نەبن و بۆ ئەوەی نەڵێین ئەگەر ئێمە كیشە بەرینە دادگا ئەوا پێنج ساڵی پێدەچێت، تا یەكلا ببێتەوە، ئەمانەش هۆكارن بۆ ئەوەی خەڵكی پەنا بباتەبەر چارەسەر و دەسەڵاتێكی دیكە.
* ئایا هۆكار چییە هەندێك لەو دۆسیە گەندەڵییانەی لە كوردستان هەیە، تاوەكو ئێستا نەتوانراوە یەكلابكرێتەوە، یاخود ئەو دۆسیانە بەكوێ گەیشتوون كە زیاتر سپیكردنەوەی موڵك و ماڵ بووە؟
- ئێمە هەر لەساڵی (2008 و 2009)دەستەیەكمان پێكهێنا بە ناوی دەستەی مافی گشتی و ئەو دەستەیە لە (6 تا 7) دادوەری داواكاری گشتی پێكهاتبوو، لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان، كە تایبەتە بە بەدواداچوونی ئەو كەیسانەی كە پەیوەندی بە سامانی گشتی و گەندەڵی لەناو دامودەزگاكانی دەوڵەتدا هەیە و ئەو دەستەیەش زۆر ئیشی كردووە، بە هاوكاریی چاودێری دارایی، ئەو كات لە سلێمانی و كارێكی زۆر لەگەڵ راگەیاندن لە هەولێر بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدرا و زۆر كەیسشیان بەدادگا داوە. بەڵام پاشان كە دەستەی دەستپاكی دروستبوو، ئەوە دەسەڵاتی زیاتر بە ئەوان درا و ئەو كەیسانەی گەندەڵی لەلای ئەوانە و ئەوان دەتوانن بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانەی گەندەڵی بكەن، هەر ئەوانیش دەزانن ئەو كەیسانە بۆ یەكلا ناكرێنەوە و بۆچی ناتوانن رێكاری یاسایی دژی ئەو كەس و دۆسیە گەندەڵییانە بگرنەبەر. هەروەها دەستەی دەستپاكی پاش ئەوەی كە كەیسەكە و زانیاری لە بارەیەوە كۆدەكەنەوە، ئینجا رەوانەی دادگای دەكەن، بەڵام پێش ئەوەی كەیسەكە بۆ دادگا بنێرن، دەبێت ئەو هەواڵ و زانیارییانەی سەر كەیسەكە پشتڕاست بكەنەوە و بەڵگەیەكیان لەدەست بێت، لەبەر ئەوەی دادگا هیچ رێكارێك ناگریتەبەر بەبێ بەڵگە، بۆیە، یەكەم: تاوەكو بەڵگەی فەرمی یان شاهێد نەبێت، ئەوا ناتونرێت هیچ رێكارێك بگیرێتەبەر. خاڵی دووەم ئەوەیە دەبێت ئەم رێكارانە بە گوێرەی یاسا ئەنجام بدرێت، كە هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، دەبێت داواكاری گشتی دەسەڵاتی بەرفراوانتری پێ بدرێت. ئەو یاسایەی داواكاری گشتی كە ئێستا ئێمە كاری پێ دەكەین لە عێراق نەماوە و بە یاسایەكی دیكە گۆڕاوە كە لەساڵی 2017 دەرچووە، كە داواكاری گشتی دەسەڵاتێكی بەرفرەوانتر و زیاتری پێ دراوە، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هاوكات پێویستە یاسای داواكاری گشتی لە كوردستانیش بگۆڕدرێت و تێیدا دەسەڵاتێكی زیاترمان پێ بدات، هەر بۆیەش زۆر داوا دەكرێت لە خولی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی نوێ بۆ داواكاری گشتی دەربچێت كە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا بگونجێت و لە ئاستی ئومێدی خەڵك بێت و ئەو ئامانجە بەدی بهێنێت كە بۆ ئەو دەزگایە بۆ داواكاری گشتی دانراوە، كە بریتییە لە پاراستنی مافی گشتی و سەروەت و سامانی گشتی. چونكە لە راستیدا ترسناكترین تاوان، تاوانی گەندەڵییە كە خەڵكی ئێستاو نەوەی داهاتوو هەموو تێیدا دەبنە قوربانی، بێ كارەبایی و بێ ئاوی و بێ سەروەت و سامانی هەر هەمووی بەهۆی لە گەندەڵییەوە دەست پێدەكات، چونكە لەم حاڵەتەدا مافی كەسێكت هەیە كە كەسێكی دیكە دەستی بەسەردا دەگرێت و مافی میللەتێكت هەیە كە چەند كەسێك دەستی بەسەردا دەگرن. ئەمانە هەر هەمووی پێویستی بەوەیە كە دەسەڵاتێكی زیاتر بە داواكاری گشتی بدرێت، تاوەكو بە ئەركەكانی هەڵبستێت. من وەكو ئاگادارم لە كابینەی حەوتەم دروشمێك هەبوو كە بریتی بوو لە بەهێزكردنی داواكاری گشتی، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەوە هەر بە دروشم ماوەتەوە. بەڵام هیوادارم لەم كابینەی تازەی حكومەت و خولی پێنجەمی پەرلەماندا بەهێزكردنی داواكاری گشتی بكرێتە بەرنامە، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو چاكسازییانە بكرێت كە خەڵك خوازیاری ئەنجامدانیانن، چونكە داواكاری گشتی لە رێی دادگاوە نوێنەرایەتی كۆمەڵگە دەكات و زۆر گرنگە بایەخی پێ بدرێت.
Top