دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نەخشەڕێگایەكی نوێ دروست بووە
December 18, 2018
دیمانەی تایبەت
دوا گۆڕانكارییەكانی ناو پەرلەمان و زیادكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق و پرسی دەستێوەردانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە كاروباری حكومەتی عێراق و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری گفتوگۆیەكی گوڵان لەگەڵ دكتۆر بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.* پێشبینی دەكرا خولی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق بەهێز بێت و جۆرێك لە سەقامگیریی پەرلەمانی تێدا بەدیبێت، بەڵام وەك لە كۆبوونەوەی جاری پێشوو بۆ دەنگدانی 8 وەزیرەكە تێبینمان كرد، پەرلەمان بە جۆرێك ناسەقامگیرە كە نەتوانرا كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت، خوێندنەوەتان بۆ ژینگەی سیاسیی ناو پەرلەمان چییە و هۆكاری ئەو ناسەقامگیرییەی لە چیدا دەبینن؟
- پەرلەمانیش بەشێكە لەو وڵاتەی ئێمەی تێدا دەژین، ژینگەی سیاسیی ناو پەرلەمانیش بەشێكە لەو ژینگە سیاسییەی دەرەوەی پەرلەمان. سەرجەم پەرلەمانتارەكان سەر بە كوتلە و فراكسیۆنە سیاسییەكانن و سەر بەلایەنی سیاسین و ئەجیندای ئەو لایەنە سیاسییانە لەناو پەرلەمان جێبەجێ دەكەن. هەر بۆیە زۆر ئاساییە گرژییەكانی دەرەوەی پەرلەمان بۆ ناو پەرلەمانیش بگوازرێتەوە. ئێمە لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەو پەڕی لێپرسراوێتییەوە مامەڵە دەكەین و ناهێڵین گرژی بگاتە رادەیەك كە رەوشی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و شكۆ و پایەی پەرلەمانی تێدا بشكێندرێت. ئەوەی لە دوو دانیشتنی رابردووشدا روویانداوە، كە دەكرا دەنگدان هەبێت و دانیشتنەكە تێپەڕێنین، هەر لەم پێناوەدا بوو، تاوەكو ناسەقامگیری و ئاژاوە دروست نەبێت، ئێمە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دڵنیا بووین ئەگەر بە دەنگدان كۆبوونەوەكەمان یەكلا بكردایەتەوە، دەرئەنجامەكەی خراپ دەبوو، تەنانەت پێشبینی ئەوە دەكرا توندوتیژیی زیاتر لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانیش روویان بدایە، ئەگەری پێكدادانی نێوان لایەنەكانیش لەئارادا بوو، هەربۆیە نەمانهێشت بارودۆخەكە بگاتە ئەو قۆناغە. بۆیە بەلای ئێمەوە شكاندنی نسابی یاسایی باشتر بوو لە ئەگەری كەوتنەوەی فیتنەیەك كە دەرئەنجامەكەی زۆر خراپتر بووایە لەوەی كە هەیە. تا ئێستا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان جۆرە دانبەخۆداگرتنێك هەیە و نەمانهێشتووە شكۆی پەرلەمان بشكێت، بەو ئومێدەی لە دەرەوەی پەرلەمان لایەنە سیاسییەكان لەنێوان خۆیاندا رێككەوتن بكەن لەپێناو شكاندنی ئەم چەقبەستووییە سیاسیە و بۆ ئەوەی تەواوكردنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بەسەلامەتی تێپەڕێت.
* ئەگەر لەدەرەوەی پەرلەمان ژینگە سیاسییەكەی نێوان لایەنەكان خراپ بێت، ئایا چۆن ئەو رێككەوتنە لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان ئەنجام دەدرێت؟
- منیش هاوڕام لەگەڵ ئەوەی كە ژینگەی سیاسی لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان لە دەرەوەی پەرلەمان زۆر خراپە، ناتەبایی لایەنەكان و سووربوونیان لەسەر هەڵوێستی خۆیان و نەگۆڕینی كاندیدەكان وایكردووە ئەم كێشەیە دروست بێت، هەر ئەمەشە هۆكاری تەواونەبوونی پێكهێنانی كابینە وەزارییەكەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی، هەموو لایەنێكی سیاسی دەیەوێت راوبۆچوونی خۆی بسەپێنێت بەسەر لایەنەكانی دیكەدا، لەم دۆخەدا حكومەتیش تا ئێستا دانی بە خۆیدا گرتووە و نایەوێت عێراق و حكومەتەكە بەرەو هەڵدێر بچێت و شكست بهێنێت و هەڵبوەشێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا لە رۆژانی داهاتوودا ئومێد زۆرە كرانەوە رووبدات.
* باس لەوە دەكرێت دوای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، نەخشەڕێگەیەك دروست بووە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئایا ئەو لیژنانەی كە پێكدەهێنرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەناو پەرلەمانی عێراقدا تا چەند بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە ئامادەباشیان تێدایە؟
- ئێستاكە نەخشەڕێگایەكی تازە دروست بووە بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و تەنانەت بۆ پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە عێراقییەكانیش، ئێمە چەند پێویستیمان بە بەغدا هەیە بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم، بەغداش دوو هێندە پێویستی بە كورد و هەرێمی كوردستانە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان لایەنە عێراقییەكان. كەواتە نەخەشەیەك هەیە هەر بەپێی ئەم نەخشەیەش كاردەكرێت. بەڵام پەرلەمان بەشێك نابێت لەم نەخشەیە. چونكە ئەرك و كاری پەرلەمان یاسادانان و چاودێری و بەدواداچوونە، ئەوە كاری حكومەتە كە لەگەڵ حكومەتی هەرێم دانیشتن و گفتوگۆ و رێككەوتن ئەنجام دەدات، یان لایەنە سیاسییەكانە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان یاخود یەكێتی و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی دیكە گفتوگۆی سیاسی دەكەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پەرلەمان داوا دەكات و بگرە پێی خۆشە پەیوەندیی لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی لەنێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندییەكی دروست و بەهێز بێت و لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و وەرگرتنی مافەكانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بونیات نرابێت. وەكو پەرلەمانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە حكومەتی عێراق بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بكات، لەسەرجەم بوارەكانی بودجەو نەوت و غاز و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و سەرجەم بوارەكانی دیكە.
* سەبارەت بە پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق باس لەوە دەكرێت رێژەكە بەرز كراوەتەوە بۆ 14%، ئایا ئەم ریژەیە بە چ پێوەرێك دانراوە؟ ئایا بودجە و مووچەی پێشمەرگە كە پێویستە لەسەر بودجەی سیادی بێت، ئەمە بۆ پێشمەرگە كراوە؟
- كاتێك حكومەتی عێراق رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2019ی ناردە پەرلەمان، پشكی هەرێمی كوردستان لەو بودجەیەدا 12.6% بوو ئەمە وێڕای چەندین تێبینی و سەرنجی دیكەی پەرلەمانی كە خۆی لە 50 خاڵ دەبینییەوە لەمەش 9 خاڵی راستەوخۆ تایبەت بوو بە هەرێمی كوردستان، ئەوە بوو لێژنەیەكی هاوبەش پێكهێنرا لە نێوان پەرلەمان و حكومەتی عێراق بۆ پێداچوونەوە بە یاسای بودجەی گشتی و چارەسەركردنی ئەو 50 خاڵ و تێبینیەی كە لەسەر بودجەكە هەبوو، ئێستاكە بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان لایەنە كوردستانیەكان و وەزارەتی دارایی عێراقدا ئەنجامدراوە، بڕیارە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بكرێتە لە 14%، بەڵام تا ئێستا ئەم زیادكردنەی پشكی كورد لە بودجەی گشتیی عێراقدا رێككەوتنێكە و نەبۆتە بڕیارێكی فەرمی، بۆ ئەوەی ببێتە بڕیارێكی فەرمی پێویستە لە یاسای بودجەدا دابنرێت و پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات. ئەگەر ئەم لە 14%ـەی پشكی هەرێمی كوردستان جێگیر كرا، پێویستە لەشوێنی دیكەشەوە هەوڵبدرێت پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا زیاد بكرێت، بۆ نموونە لە خەرجییەكانی سەروەری و حاكیمە كە بڕە پارەیەكی زۆر لە بودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بۆ ئەم خەرجییانە و بەشی هەرێمی كوردستانیشی لێ نادرێت، ئەگەر بتوانین بەشی هەرێمی كوردستان لە خەرجییەكانی سەروەری و حاكیمە بەدەست بهێنین، بەتایبەتی لە خۆراك و دەرمان و پێداویستیی پزیشكی و سەربازی و هەموو یارمەتییەكانی دیكە ئەوا ئێمە دەتوانین رێژەكەی لە 14%یش زیاتر بكەین، یان بتوانین سوود لەو قەرزە سەروەرییە نێودەوڵەتییانە وەربگرین كە حكومەتی عێراق لە وڵاتانی بیانی و بانكی نێودەوڵەتی وەری دەگرێت، یاخود هەرچی بودجە و مووچە و ئیمتیازاتی پێشمەرگە هەیە، بخرێتە سەر حكومەتی مەركەزی، ئەو كات ئەو رێژەیە زیاد دەبێت كە بۆ هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق تەرخانكراوە. هەر سەبارەت بە بودجە و مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە هەوڵ و كارێكی زۆر هەیە تەنانەت لەو 9 خاڵ و تێبینیەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێشكەشی وەزارەتی دارایی عێراقمان كردووە، مەسەلەی هێزەكانی پێشمەرگە و بودجە و مووچە و ئیمتیازاتەكانی تێدایە، دڵنیاشم خاڵێكی گرنگی گفتوگۆكانی جەنابی سەرۆك بارزانی كە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراقیدا باسی كردووە، مەسەلەی پێشمەرگە و ماددەی 140 و زۆر لەو بابەت و پرسانە بووە كە پەیوەندییان بە چارەنووسی هەرێم و خەڵكی كوردستانەوە هەیە.
* هەر سەبارەت بە ماف و ئیمتیازاتی كوردستان لە بودجەدا ئایا ئەو لافاو و رووداوانەی ئەمساڵ لەهەرێمی كوردستان روویاندا، مەسەلەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووەكانی ناكەوێتە سەر بڕگەیەكی بودجەی سەروەری؟
- بودجەی فریاكەوتن لەناو هەموو بودجەیەكی عێراقدا بوونی هەیە، لە بودجەی 2019ی عێراقیشدا بڕە پارەیەك بۆ بودجەی كارەساتە لەناكاوەكان دانراوە، كارەساتەكانی وەكو لافاو و زەمین لەرزە و ...هتد. ئێمە یەكەم جار داوامان كرد لە سنووری پارێزگای هەولێر لە قەزاكانی سۆران و چۆمان و رواندز و ئەو گوندانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەركەوتووە، خەڵكەكەی قەرەبوو بكرێنەوە، لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتاریش سەردانی ئەو شوێنانەمان كردو راپۆرتێكی تێروتەسەلمان دایە حكومەتی عێراق و لە 10/11/ 2018 بە نووسراوی فەرمی داوامان لەوەزارەتی دارایی عێراق كرد بۆ ئەوەی لە بودجەی فریاكەوتن قەرەبوونی هاووڵاتیانی زیانلێكەوتوو بكرێتەوە. لە لافاوەكەی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بەهەمان شێوە پەرلەمان بڕیارێكی دەركرد، بەوەی پێویستە حكومەتی عێراق بە زووترین كات قەرەبووی ئەو شارانە بكاتەوە كە زیانیان لە لافاوەكان بەركەوتووە، لەم بڕیارەشەدا دەكرێت هەرێمی كوردستان سوودمەند بێت، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی دەستی بەجێبەجێكردنی نووسراوەكەی ئێمە و بڕیارەكەی پەرلەمانیش نەكردووە.
* لەسەرەتای قسەكانت باسی ئەوەت كرد كە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق لە رێگەی دانوستاندن و گفتوگۆكانی نێوان هەر دوو حكومەت دەبێت، پرسیار ئەوەیە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاچەند گرنگە بۆ دەستپێكردنی ئەو دانوستاندنانە؟
- ئەگەر دانوستاندنەكانی نێوان هەرێم و عێراق دەست پێ بكات، ئەوا بەدڵنیاییەوە لە رێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، ئەم حكومەتەی ئێستای هەرێمی كوردستانیش حكومەتی كاربەڕێكەرە، هەر بۆیە زۆر گرنگە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان زوو پێكبهێندرێت و زۆربەی لایەنەكان تێیدا بەشدار بن بۆ ئەوەی بەهێزەوە بتوانن مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەن و رێككەوتنی یاسایی و سیاسی و ئیداری لەگەڵ حكومەتی بەغدا ئەنجام بدرێت.
* دوا پەیامتان چییە؟
- ئێمە ئومێدەوارین ئەم بارودۆخە وا نەمێنێت و لایەنە سیاسییەكان بوارێك بدەن بە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی تاوەكو بەرنامەكەی جێبەجێ بكات و هاوكات پابەندی ئەو بەڵێنە بن كە حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە سەرۆك وەزیرانیان دابوو بەوەی دەستێوەردان ناكەن لەناو كاروباری حكومەتدا و خۆی وەزیرو كابینەكەی دەستنیشان بكات و كەسانی تەكنۆكرات بێنێتە پێشەوە. حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە سەرەتادا ئازادییەكی باشیان بە عادل عەبدولمەهدی دا و ئومێدەوارم لەسەر ئەو رێچكەیە بڕۆن و حكومەتەكە بەشێوەیەك پێكبهێنێت، بتوانێت بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ بكات. چونكە ئەمڕۆ خەڵك پێویستی بەخزمەتگوزاری هەیە، لە راستیدا بارودۆخەكە لە شارەكانی عێراقدا زۆر خراپە و خزمەتگوزاری نییە و ئاوی خواردنەوە و چاودێری تەندروستی كەمە و رێژەی بێكاری زۆر زیاد بووە و خەڵكی چیتر ناتوانن دان بە خۆیاندا بگرن.