دكتۆر محێدین حەسەن یوسف سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: پێویستە هەماهەنگی و هاوكاری لەنێوان پەرلەمان و حكومەتدا دروست بێت
December 15, 2018
دیمانەی تایبەت
هاووڵاتیانی كوردستان چاوەڕوانن لەم خولەی پەرلەماندا سەقامگیری بۆ پرۆسەی سیاسی بگەڕێتەوە و كۆمەڵێك یاسا لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا دەربچێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی كوردستاندا گۆڕانكاری لە قەوارەی حزبەكان و پرۆسەی سیاسی دروست بووە، تێڕوانینی پەرلەمانتارانیش بۆ بەشداریكردن لە حكومەت یان ئۆپۆزسیۆن بوون گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسەو چەند تەوەرێكی پەیوەندیدار چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دكتۆر محێدین حەسەن یوسف سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان كرد.* خولی پێشووی پەرلەمان لە كارەكانی سەركەوتوو نەبوو، تەنانەت بووە سەرچاوەی ناسەقامگیریی سیاسی، ئایا بەڕای ئێوە پەرلەمان لەم خولەی ئێستادا دەتوانێت سەركەوتوو بێت و چاودێريی كاروبارەكانی حكومەت بێت و یاسا دەربكات؟
- ئێمە وەكە حزبی شیوعی پێش دامەزرانی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێمانوابوو، ئەو حكومەتە زۆر سەركەوتوو و سەقامگیر نابێت. چونكە پێكهاتەی ئەو كابینەیە بەناو بنكەفراوان بوو، بەڵام ململانێی سیاسی لەناو سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیراندا بە روونی رەنگی دابووەوە. هەر هۆكاری ئەم ململانێ سیاسییە بوو كە وایكرد پەرلەمان بەو دۆخە بگات و كاریگەریی نەرێنی لەسەر هەردوو دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێكردنیش هەبێت، لە ئەنجامدا كاریگەريی خراپی كردە سەر باری دەروونیی خەڵك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی رۆژانەی خەڵكی. سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەش لای هەمووان ئاشكرایە نەخشەی سیاسی لە كوردستان ئاڵوگۆڕی تێدا كراوە، هەندێك حزب پاشەكشەی كردووە و هەندێك حزبی دیكە ژمارەی كورسییەكانی زیادی كردووە، كاتێكیش لە پەرلەمان لە 6/11/2018 سوێندی یاساییمان خوارد، حزبی براوە لە كوردستاندا كەسی بۆ پێكهێنانی حكومەت رانەسپارد، ئێستاكە ئەگەرچی پارتی بەڕێز مسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپاردووە، لەگەڵ ئەمەشدا تا ئێستا هێزەكان بەتایبەتی هەردوو هێزی پارتی و یەكێتی كە وەكو یەك باكێچ سەیری هەردوو سەرۆكایەتییەكەی پەرلەمان و حكومەت دەكەن، نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، ئەو دوو هێزە بە حوكمی واقیع بەرژەوەندییەكانیان وا دەخوازێت جۆرێك لە سازان لە نێوانیاندا بكەن، تاوەكو بتوانن رێكبكەون لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی حكومەت و ئەو حزبانەی كە بەشدار دەبن لەگەڵیاندا.
* ئێوە وەكو حزبی شیوعی بڕیارتانداوە بەشداریی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكەن، ئەم بڕیارەدانە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، لەكاتێكدا هێشتا گفتوگۆی نێوان لایەنەكان ئەنجام نەدراوە؟
- ئێمە وەكو فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان و بڕیاری سەركردایەتیی حزبیشمان بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونمان داوە، چونكە پێمانوایە نە حكومەتی رابردوو، نە ئەم حكومەتەش لەگەڵ ئەو بەرنامە هەڵبژاردنەی حزبی شیوعی و لیستی ئازادی یەكانگیر نابێت، هەر بۆیە ئێمە وەكو حزبی شیوعی كوردستان بەشداری لە حكومەت ناكەین و متمانەش بە كابینەكە نادەین، ئەمەش بەو مانایە نییە ئێمە دژی كەسەكانی ناو حكومەتەكەین و هەڵوێستمان وەرگرتبێت، بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونمان لەو روانگەیەوە هاتووە مادام حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە ژێر ركێف و مەرجە قورسەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوەیە، ئەوا هەرگیز ئەم حكومەتە ناتوانێت خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بكات، بگرە هەژارەكان هەژارتر و دەوڵەمەندەكان دەوڵەمەندتر دەكات. ئێمە لە حزبی شیوعی كوردستان تێبینی جددی و وردمان لەسەر لایەنی ئابووری و بژێوی ژیانی خەڵك هەیە، گەلی كوردستان بە جیاوازيی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكەیەوە شایەنی لەوە زیاترە.
* هەموومان لەسەر ئەوە كۆكین لە سەردەمی كابینەی پێشووی بنكەفراوانی حزبە كوردستانییەكان كەموكورتی هەبووە؛ پرسیار ئەوەیە لە كاتێكدا خەڵكی چاوەڕوانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، تا چ رادەیەك ئەم كابینەیە دەتوانێت چارەسەری ئەو كەموكورتییانەی كابینەی پێشوو بكات و حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیش چۆن دەتوانن هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی كەموكورتییەكان؟
- تێڕوانینی ئێمە بۆ ئۆپۆزسیۆن جیاوازە و ئێمە تەنیا لە پێناو ئۆپۆزسیۆنبوون و دژایەتیكردنی حكومەت نابینە ئۆپۆزسیۆن، حزبی شیوعی كوردستان و فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان ئۆپۆزسیۆنێكی چەپی دیموكراتی نیشتمانی هەڵبژاردووە، لەگەڵ داوا رەواكانی خەڵك و ئیجابی دەبین، نەك تەنیا لەبەر ئەوەی پێمان بڵێن حزبی شیوعی و فراكسیۆنی ئازادی ئۆپۆزسیۆنە. دواتر خاڵی جیاكەرەوەی ئێمە لە حزبەكانی دیكە ناكۆكیمان لەسەر بەرنامە ئابوورییەكەیە. چونكە لە كابینەی رابردوودا هەر پێنج حزبە بەشداربووەكەی ناو حكومەت هیچ ناكۆكییەكیان لەسەر بەرنامە ئابوورییەكە نەبوو، بەڵكو ناكۆكییەكانیان لەسەر پلەو پۆست و ئیمتیازات و پێگە و پایەی خۆیان بوو، كەواتە خاڵی جەوهەری و جیاكەرەوەی ئێمە لەو حزبانە- چ ئەوانەی لەم كابینەیە دەچنە ناو حكومەت، چ ئەوانەی رایانگەیاندووە كە ئۆپۆزسیۆن دەبن- تەنیا بەرنامە ئابوورییەكەیە، ئێمە دژی مەرجە قورسەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و لیبڕاڵیزمی نوێین كە دەیانەوێت بیسەپێنن بەسەر ناوچەكەدا، دژی ئەو ئاراستە ئابوورییەین كە هەردوو حكومەتی كوردستان و عێراقیش گرتوویانەتەبەر و نەیانتوانیوە ئەو بودجە گەورەیەی كە لەبەردەستیاندایە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و ژێرخانی ئابووری بەكاری بهێنن.
* بەپێی لێدوانی ژمارەیەك پەرلەمانتار ئەولەوییاتی كاری ئەمجارەی پەرلەمان تێپەڕاندنی یاسای چاكسازیی كارگێڕی دەبێت، ئایا تاچەند ئەم یاسایە بۆ هەیكەل و سەركەوتنی كابینەی نۆیەمی حكومەت گرنگە؟
- پڕۆژە یاسای چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان خاڵی باشی تێدایە، بەڵام تێبینی و سەرنجیشمان لەسەر چەند خاڵێكیش هەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە رێكخستنەوەی دەرماڵە و ئیمتیازاتەكانەوە هەیە. كاتی خۆی بەو پێیەی حكومەت ئەو دەسەڵاتەی هەبووە رێنمایی دەربكات، هەر بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتەكان بە بڕیار و رێنمایی ئەو دەرماڵە و ئیمتیازاتانەی بەخشیوەتە توێژێكی فەرمانبەرانی حكومەت، هەر بۆیە ئەو سەردەمە حكومەت نەگەڕاوەتەوە بۆ پەرلەمان، واتە ئەو كات پەرلەمان ئەو دەرماڵەیەی نەداوە بە فەرمانبەران و تەنانەت ئەو دەسەڵاتەی نەداوەتە حكومەتیش، ئێستاكەش پێویستە حكومەت خۆی پێداچوونەوە بۆ ئەو مەسەلانە بكات و یەكلایی بكاتەوە، ئەوەی پەیوەندی بە دەركردنی یاساشەوە هەبێت پێموانییە ئەمجارە پەرلەمانی كوردستان كەمتەرخەم بێت لە پێداچوونەوە و ڕێكخستنەوەی ئەو یاسایانەی كە پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیەو دەتوانێت باری سەرشانی حكومەت كەمێك سووكتر بكات لەم ڕووەوە. واتە بە بەشێوەیەكی گشتی پەرلەمان ئەركی داڕشتنی یاسا و چاودێریكردنی كاروبارەكانی حكومەتە، هەروەها زۆر گرنگە لێرەدا پێویستە لە ماناو پەیوەندیی نێوان هەرسێ دەسەڵاتەكەی (پەرلەمان، حكومەت و دادگا) تێبگەین، كە ئەم دەسەڵاتانە جیاكراونەتەوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە لێكدابڕاون و بە مانای ئەوەش نایەت چوونەتە نێو یەكتری، بەڵكو پەیوەندییەك هەیە لە نێوانیاندا، بەڵام دەبێت پەیوەندییەكانی نێوانیان بە پێی یاسا رێكخرابێت و هەر یەك لەو دەسەڵاتانە پێویستە كاری خۆی بكات.
* تێڕوانینی فراكسیۆنەكەتان و حزبی شیوعی كوردستانیش بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە بواری ئابوورییەوە هەیە لە پرۆسەیەكدا جێبەجێ دەكرێت كە هەرێمەكە بە دۆخێكی سەقامگیردا تێپەڕ بێت، ئایا پێشبینی ئەوە دەكەن ئەمجارە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەقامگیردا تێپەڕ بێت؟
- ئەگەر ئیرادەی هێنانەدی سەقامگیری هەبێت؛ ئەوا كەس و حزب و لایەنەكانی ناو حكومەت یان ئۆپۆزسیۆن دوژمنی یەكتر نین، كەس لەگەڵ ئەوەدا نییە نیشتمانەكەی بڕووخێنێت، بەڵكو دەمانەوێت نیشتمانێكی جوان و بەهێزمان هەبێت. سەرباری هەموو ئەو تێبینیانەی هەمان بووە، دەكرێت شتی لەمە باشتر بكەین. پەرلەمان دەتوانێت هاوكارێكی باش بێت بۆ دەركردنی ئەو یاسایانەی كە لەخزمەتی خەڵكدایە، میللەتی كوردستان میللەتێكی ماندووە و شایستەی ئەوەیە خزمەتی بكرێت، نابێت حكومەتێك بە بیانوو یان پاساوی جۆراوجۆر میللەت برسی بكات، راستە قەیران هەیە، بەڵام دەسەڵاتداران دەرفەتی زیاتریان لەبەردەمدایە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە خەڵك.
* وەكو ئاماژەت پێكرد كاری پەرلەمانی دەركردنی یاساو بەدواداچوونی كاروبارەكانی حكومەتە، ئایا ئومێد هەیە لەم خولەی پەرلەمان كاری پەرلەمانتاری رێڕەوی ئاسایی و سرووشتیی خۆی بەدەست بهێنێتەوەو لەم خولەدا زۆرترین یاسا دەربكرێت؟
- رەنگە كاری پەرلەمانی پێویستی بەكاری دەستەجەمعی بێت، بەڵام ئێمە پێكهاتەیەی حزبیمان هەیە كە رەنگدانەوەی هەبووە لە پێكهاتنی حكومەتیشدا، كە بەداخەوە لەسەرجەم كابینەكانی دیكەدا حكومەت نەیتوانیوە لێپێچینەوە تەنانەت لە یەك وەزیر بكات و لەسەر كاری لابدات. بەڵام دەبینین لە وڵاتانی دیكە وەزیرەكان بانگ دەكرێن و ناچار بە پێشكەشكردنی دەست لەكاركێشانەوەیان دەكەن. ئەوەی پەیوەندی بە چاودێریكردنی كاروبارەكانی حكومەت و جێبەجێكردنی یاساكانەوە هەیە، ئەوا ئێمە دەزانین لە رووی واقیعەوە حكومەت- دەسەڵاتی راپەڕاندن- دەسەڵاتێكی بەهێزترە لە دەسەڵاتی یاسادانان، یەكێك لە كێشەكانیش ئەوەیە هاوسەنگی نییە لەنێوان ئەم دوو دەسەڵاتەدا. خۆ راستە ئەركی حكومەت قورسە و پەیوەستە بە كەلێنە كارگێڕییەكانەوە، بەڵام كاری پەرلەمانە كە چاودێريی حكومەت بكات. كەواتە ئەگەر بمانەوێت هەرێمێكی سەقامگیرمان هەبێت و هاوكاری هەبێت لە نێوان پەرلەمان و حكومەتدا، ئەوا دەبێت جۆرێك لە متمانە لە نێوان ئەم دوو دەسەڵاتەدا هەبێت. و نابێت بە تێڕوانینێكی بەرتەسك لە یەكتری بڕوانین. كەواتە دووبارە جەختی لەسەر دەكەمەوە پێویستە جۆرێك لە متمانە هەبێت بۆ ئەوەی روویەكی گەشی ئەم هەرێمە بخەینەڕوو، ئەویش بە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانان دەبێت.