مونا نەبی قەهوەچی پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسيۆنی پارتی چاكسازی توركمان بۆ گوڵان: پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینە بۆ كوردستان گەورەترین دەستكەوت دەبێت
December 13, 2018
دیمانەی تایبەت
دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان مسرور بارزانی وەك كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت یەكلاكردەوە، قسە و باسەكان چڕبوونەتەوە لەسەر فۆرمی كابینەی نۆیەم و ئەو ئومێد و چاوەڕوانییانەی لە ئەدای حكومەتی نوێ دەكرێت، لەگەڵ باسكردنی چۆنیەتی بەشداریكردنی پێكهاتە جیاوازەكان لەم حكومەتەدا، لەم روانگەیەوە گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ مونا قەهوەچی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی چاكسازی توركمانی ئەنجامدا.* چاوەڕێ دەكرێت كابینەی نۆیەمی كوردستان بە فۆرمێكی نوێوە دابمەزرێت، ئایا ئێوە وەك پێكهاتەی توركمان و ئەوەندەی قسەتان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە، چاوەڕێ دەكەن فۆرمی كابینەی نۆیەم چۆن بێت؟
- ئێمە هەر وەكو پێكهاتەی توركمان و پارتی چاكسازی توركمان چاوەڕوانین ئەو فۆڕمە تازەیەی باس دەكرێت لەكابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا رەنگدانەوەی هەبێت، واتە پێكهاتە جیاجیاكانی كوردستان لە دەسەڵاتدا بەشدارییان هەبێت و پێویستە پێكهاتەكان پۆستیان لە ئاستی دەسەڵاتە سیادییەكان پێ بدرێت، ئەویش وەكو جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان. هەروەها من پێموایە كابینەی نوێی حكومەتی كوردستان لە كابینەكانی دیكەی پێش خۆی جیاوازتر دەبێت، واتە ئەو حزبانەی تێدا نابێت، كە بە رۆژ لە حكومەتن و بە شەویش ئۆپۆزسیۆنن. لەهەمانكاتدا پێداگری دەكات لەسەر چەسپاندنی پڕۆژە یاسای چاكسازی، تاوەكو گوزەرانی خەڵكی كوردستان باشتر بكرێت. هاوكات پێموایە پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینە گەورەترین دەستكەوت دەبێت بۆ كوردستان.
* لە خولی پێشووی پەرلەمانیشدا پەرلەمانتار بوویت، لەمبارەوە زۆر كەس باس لەوە دەكەن، خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان خولێكی سەركەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە هاریكاری حكومەت بكات، ئایا هۆكاری سەرنەكەوتنی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان چی بوو؟
- هۆكاری سەرەكیی سەرنەكەوتی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەندێك لە فركسێونەكانی ناو پەرلەمان موزایەدەی سیاسیان دەكرد، ئەگەرچی دەزانین پەرلەمان حەرەمێكە دەبێت لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان پڕۆژە یاسا ئامادە و پەسند بكات، بەڵام ئەو موزایەدە سیاسییانەی لە خولی رابردوو لەناو پەرلەمانی كوردستان ئەنجام دەدرا، بۆ ورووژاندنی خەڵكی كوردستان لە دژی حكومەت و دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بوو، ئەو كێشەو گرفتانەش كە لە دەرەوە لە نێوان حزبەكان هەبوو، لەخولی چوارمدا دەیانهێنایە ناو پەرلەمان، هەرچەندە ئەو كێشەو گرفتانە جێگایان ناو پەرلەمان نەبوو كە گفتوگۆی لەسەر بكرێت، بەڵام ئەوان بیانوویەكیان دروست دەكرد و دەیانهێنایە ناو هۆڵی پەرلەمان، ئەم كێشانەش لەناو پەرلەمان یەكلا نەدەكرایەوە، بەمەش ململانێ و موزایەدەی سیاسی دروست دەبوو و پەرلەمانی كوردستان پەك دەخرا. بەڵام لەم خولەی ئێستای پەرلەمانی كوردستاندا كەمترین موزایەدە و ململانێ سیاسی ئەنجام دەدرێت، بەهۆی بەهێزبوونی حزبی دەسەڵاتەوە كە بواریان پێ نادرێت ئەو كارە بكەن.
* لەم خولەدا كە هەتا ئێستا یەك دانیشتن ئەنجام دراوە و بەكراوەیی ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی كوردستان هێڵدراوەتەوە، هەست دەكرێت هەموو پەرلەمانتارانی كوتلە جیاوازەكان بە ئارامی رەفتار دەكەن و بەمەش پێشبینی ئەوە دەكرێت، ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان زۆر ئەكتیف و هاوكاری حكومەتی كوردستان بێت، ئایا هۆكاری دروستبوونی ئەو مەزندانە لەسەر خولی ئەمجارە چین؟
- بە بۆچوونی من ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان چاوەڕوانییەكی زۆری لێدەكرێت كە باشترین پڕۆژە یاسای تێدا تێپەڕێندرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەندام پەرلەمانەكانی حزبەكان كەسانی پڕۆفیشنال و ئەكادیمین و بۆ موزایەدەی سیاسی نەهاتوونەتە ناو پەرلەمانی كوردستان. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە پێویستە ئەندامانی حزبەكان كە هاتوونەتە ناو پەرلەمان بۆ خزمەت و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان كار بكەن، نەك بۆ بەرژەوەندیی حزبەكانیان. ئێمە هەوڵدەدەین لەیەكەم دانیشتنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا بە جددی كار لەسەر پرۆژە یاسای چاكسازی بكەین و یاساكە تێپەڕێنین. بۆیە ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان كاراو بەهێز دەبێت، پەرلەمانێكیش دەبێت كارو هەنگاوەكانی پاڵپشتی حكومەتی كوردستانە و دەبێت لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا كەمترین قسە و زۆرترین یاسا پەسند بكرێت و ئەمجارە كردار لە دروشم و قسەكردن زیاترە، چونكە خەڵكی كوردستان تێربوون لەقسەو دروشم، ئەمەش پێویستی بەوەیە هەر حزبێك لە حكومەت بەشدار بوو، دەبێت پاڵپشتی تەواوی حكومەت بێت و لە موزایەدەی سیاسی دەست هەڵگرێت.
* وەك هەندێك لە پەرلەمانتارەكان لە میدیاكانەوە باسی دەكەن، ئەولەوییەتی كاری پەرلەمانی لەم خولەدا تێپەڕاندنی یاسای چاكسازییە، ئایا یاسای چاكسازی تا چەند كابینەی نۆیەم تەرشیق دەكات و گرنگیی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان چییە؟
- بێگومان لە خولی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستاندا هەر لە دانیشتنی یەكەمەوە كارو بەرنامەمان لەسەر تێپەڕاندنی یاسای چاكسازییەوە دەبێت، چونكە بە پەسندكردنی یاساكە لە پەرلەمان و بە جێبەجێكردنی لەلایەن كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشی زۆری كێشە داراییەكانی حكومەت بە رێژەی (70%) چارەسەر دەبێت و ئەو دامودەزگاو دامەزراوانەی كە خەڵكیان بە نایاسایی دامەزراندووە و پلە و پۆستیان بە ناهەق بەخشیوە، ئەو حاڵەتانە هەر هەمووی چارەسەر دەكرێت. بۆیە كاریگەریی زۆر باش و پۆزەتیڤ لەسەر ئەدای حكومەت دروست دەكات.
* باس لەوە دەكرێت پێكهاتەی توركمان ئەمجارەیان لە پۆستە سەرۆكایەتیەكاندا پشكی دەبێت، ئایا ئەمە هەر داواكارییە، یان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیش باستان كردووە؟
- هەموو حزب و لایەنەكان لە پێكهاتەی توركمان لە هەرێمی كوردستاندا پڕۆژەیەكمان بۆ ئەو مەبەستە ئامادە كردووە و بە فەرمی رامانگەیاندووە كە لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان داواكارین یەكێك لە پۆستە سیادەكان وەكو جێگری دووەمی پەرلەمان، یان جێگری سەرۆكی حكومەت بە پێكهاتەی توركمان بدرێت و لەكاتی سەردانی شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لامان ئێمە پڕۆژەكەمان پێشكەشیان دەكەین و گفتوگۆی لەسەر ئەنجام دەدەین، هەروەها جەخت لەوە دەكەینەوە بەشداری پێكهاتەكانی كوردستان لە دەستەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و رەنگدانەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەبێت بۆ دیموكراتیەت و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان. لەسەردانەكانمان بۆ لای كونسوڵخانەكان هەمان داواكاریمان لەگەڵیان باس كردووە و ئەوانیش زۆر بە باشی دەزانن و جەختیشیان لەسەر كردۆتەوە كە دەبێت پێكهاتەكانی كوردستان لە پۆستە سیادییەكانی هەرێمی كوردستان بەشداربن، ئەگەر پێكهاتەكان وەكو توركمان و كلدو و ئاشورو سریان لە پۆستە سیادییەكانی دەستەی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پۆستیان هەبێت، ئەوە پێكەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتی لە كوردستاندا زیاتر بەرجەستە دەكات، بەڵام لە كاتێكدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان تەنیا لە پێكهاتەی كورد بێت، ئەوە ئەو پەرلەمانە كوردستانی نییە، بۆیە لێرەدا داواكارین لە هەموو حزب و لایەنە كوردستانییەكان كە پاڵپشتمان بن و ماف و داواكارییەكانمان قبووڵ بكەن، نەك چاوەڕوان بن تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان داواكارییەكەی ئێمەی قبووڵ بێت و پاڵپشتیمان بكات.
* وەكو ئاگادارین لە كابینەی یەكەمی حكومەتی كوردستانەوە لە ساڵی 1992تا ئێستاكە كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستانە پێكهاتەی توركمان بە پراكتیكی هاوبەش و بەشدارن لە حكومەت و پەرلەمان و هەموو جومگەكانی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستاندا، ئەگەرچی دەبینین پێكهاتەی توركمان لە حكومەتی عێراقیدا بەتایبەتی لە كابینەی عەبادی و دكتۆر عادل عەبدولمەهدی پۆستی وەزارییان نییە، ئایا ئەمە چۆن دەخوێنیتەوە؟
- من لە هەموو شوێن و كاتێكدا گوتوومە جیاوازیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراقدا لەبەرامبەر داواكاری و مافەكانی توركمان و پێكهاتەكانی دیكەش زۆرە، ئەمەش لە سایەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردو كوردستان و بەتایبەتی لە سایەی جەنابی سەرۆك بارزانی بووە كە باوەڕێكی سەداسەدو گەورەی بە پێكەوەژیان و لێبووردەیی و ئاشتی لە كوردستاندا هەیە، ئەمەش وایكردوە لە كوردستان توركمانەكان مافی كەلتووری و رۆشنبیری و سیاسی و دەستوورییان بەرقەرار بووە، ئەگەرچی ئەو نوێنەرانەی بەرەی توركمانی كە بەناو نوێنەری پێكهاتەی توركمانن لە عێراقدا نەیانتوانیوە یەك كار بۆ پێكهاتەی توركمان بكەن، و تاكە كێشەیەكیان پێ چارەسەر نەكراوە، چونكە عێراق باوەڕی بە پێكەوە ژیان نییە، هەر بۆیە لە كابینەی تازەی حكومەتی عێراقدا رێگەیان نەدا توركمان هیچ وەزارەتێك و پۆستێك وەربگرێت و لەكابینەی عبادیش هەر بەهەمانشێوە بوو، هەموو ئەوانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو كەسانەی لە بەرەی توركمانین و بە شان و باڵی عێراقدا هەڵدەدەن، هەم خۆیان و هەم خەڵكی توركمان بەتایبەتی ئەوانەی ناو بەرەی توركمانی بە هەڵەدا دەبەن و لەلایەكی دیكەوە كەسانێك هەبوون پڕوپاگەندەی وایان بڵاو دەكردەوە، گوایە مافی پێكهاتەی توركمان لە كوردستان پێشێل و قۆرخ كراوە، ئەمە وادەرنەچوو، بەڵكو پێچەوانەكەی راستە، كە ماف و داواكاریی پێكهاتەی توركمان لەلایەن حكومەتی كوردستان جێگیر و پارێزراوە و ساڵ لە دوای ساڵیش مافەكانمان زیاتر و بەهێزتر دەبن، ئەگەرچی ئەوە چەند رۆژێكە ئەرشەد ساڵحی و كەسانی تریشیان ناڕەزایی دەردەبڕن لە بەرامبەر كابینە تازەكەی حكومەتی عێراق كە هیچ پۆستێكی پێ نەداون، بەتایبەتی پۆستی وەزاری، بەڵام ئێمە كە ئێستاكە لە كابینەی تازەی حكومەتی كوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا وەكو پێكهاتەی توركمان داوای پۆستی سیادی دەكەین، لەمبارەشەوە نە پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمە و نە حزبەكانی تری كوردستان رێگری و ناڕەزاییان لەبەرامبەر داواكارییەكەی ئێمە دەرنەبڕیوە، هەربۆیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و كونسوڵەكانیش لە كوردستاندا باش دەزانن كە مافی توركمانەكان لە كوردستاندا تا ئاستێكی زۆر باش پارێزراوە و هەر چەند ناتوانین بڵێین 100%مافی توركمان هەیە، بەڵام لە عێراقدا بە هیچ جۆرێك مافی نەك توركمان، بەڵكو مافی هەموو پێكهاتەكان، بە كوردیشەوە نەدراوە و پێشێل كراوە، لەكاتێكدا ئەگەر مافی كورد بە تەواوی بدرێت و بەرقەرار بێت، ئەوە ئێمە دڵنیاین كە مافی توركمانەكانیش لە كوردستان بە تەواوی دەستەبەر و پارێزراو دەبێت.