قەشە زیا لە كەنیسەی مارگورگیس لە عەینكاوە بۆ گوڵان: ئومێد زۆرە ئەمجارە حكومەت كارو بژێوی باش بكات و خۆشگوزەرانی روو لەكوردستان بكاتەوە
December 8, 2018
دیمانەی تایبەت
كریستیانەكانی كوردستان وەكو هەموو پێكهاتەكانی دیكەی هەرێم چاوەڕوانن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەو كاری هەبێت لە پێناو خۆشگوزەرانی و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان، ئەوان پێیانوایە راستە دۆخی مەسیحییەكانی كوردستان لەچاو دۆخی مەسیحییەكانی عێراق زۆر جیاوازە، بەڵام لێرەش بارودۆخە خراپەكەی ئابووری تەنگی بە گەنجەكانیان هەڵچنیوە و رێگای هەندەرانیان گرتۆتەبەر. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی قەشە زیا لە كەنیسەی مارگورگیس لە عەینكاوە كرد.* لەكوردستان پێكەوەژیان و كەلتووری یەكتر قبووڵكردن لەنێوان ئایین و ئایینزاكاندا مێژوویەكی قووڵی هەیە، سەرەتا دەكرێت وەكو پیاوێكی ئایینی باسی ئەو مێژووەمان بۆ بكەیت؟
- باسكردنی چەمكی پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە كوردستاندا شتێكی نوێ نییە و پێشتر هەموو ئایین و ئایینزاو نەتەوەكان لەم خاكەدا پێكەوە ژیاون و تابلۆیەكی جوانی یەكتر قبووڵكردنیان نیشان داوە، سەدان ساڵیشە لەم نیشتمانەدا مەسیحی و موسڵمان پێكەوە دەژین و جیاوازی لەنێوانیاندا نەبووە، هیچ كەس و خێزانێكیش لەسەر ئینتمای ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی هەڵسوكەوتی لەگەڵ نەكراوە، هەموو پێكەوە ئیش و كاری خۆیان كردووە، زۆر ئاسایی بووە، كەسێكی كریسیتان خاوەن كار بووە و موسڵمان لای كار بكات، یان بەپێچەوانەوە مەسیحییەك لای كەسێكی موسڵمان كاری كردووە. راستە ئازار و مەینەتییەكانی مەسیحی و موسڵمانەكانیش لە كوردستاندا بە هۆی شەڕو ماڵوێرانییەوە بووە و ئەوانەش گۆڕانكاری بەسەر بارودۆخەكەدا هێناوە، بۆ نموونە بە هۆی قەیرانی ئابوورییەوە زۆر لە خێزانە مەسیحییەكان بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە، هەر لە شارێكی وەكو شەقڵاوە زیاتر لە 400 ماڵی مەسیحی شەقڵاوەیان بەجێهێشتووە و بەشێكیان هاتوونەتە عەینكاوە و بەشێكیشی چوونەتە دەرەوەی وڵات، كە ئەم حاڵەتە لە عێراق زۆر زیاترە، چونكە لەوێ مەسیحییەكان بەهۆی شەڕو توندوتیژیی ئایینی و مەزهەبی و كوشتن و ڕفاندن و داگیركردنی ماڵ و حاڵیانەوە كۆچ دەكەن، ئەمە وێڕای ئەوەی لەوێ خزمەتگوزارییەكانیش بەو شێوەیە نییە. ئەوەتا تازە بە تازە لە شارێكی دەوڵەمەندی وەكو بەسرا هاووڵاتیانی بەهۆی خراپیی خزمەتگوزارییەكان و نەبوونی ئاوی پاك و خاوێنەوە كۆچ بۆ هەرێمی كوردستان دەكەن، مەسیحی هەبووە بە منی وتووە، ئێوە لە كوردستان جگە لەوەی ئازادی و ئارامیتان هەیە، خاوەنی شارێكی پاك و خاوێن و خزمەتگوزاریشن، ئەمەش مانای ئەوەیە دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان لە كوردستان هەیە بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراقدا. بۆیە لە كوردستان كێشیەیەك بەناوی ئەوە نییە كە جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی هەبێت، بەڵكو بەشێوەیەكی گشتی خواست و ویستی كەسەكان و خێزانەكان زیاتر بوون، گرنگە حكومەتیش گرنگی بە كێشەكانی كۆمەڵگە وەك چارەسەری بێكاری و دابینكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بدات. راشكاوانە دەڵێم: ئێمە وەكو مەسیحییەكانی كوردستان هەڕەشەی تەعریب و دەركردن و كوشتنمان لەسەر نییە بەڵام زیاتر كێشەی ئابووری و هەلی كار و كێشەی كۆمەڵایەتیمان هەیە، واتە كێشەی نەبوونی كار و خزمەتگوزاری، ئەمانە ئەگەر چارەسەر بكرێن، كێشەی دیكەمان نییە . ئەمڕۆ وردە وردە دۆخەكان ئاسایی دەبنەوەو باروبژێوی ژیان بەرەو باشی دەڕوات، كە دەكرێت حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەنگاوێك بنێت، چونكە جاران تەنیا داهاتی گومرگی هەبوو، ئێستا دەیان داهاتی ناوخۆ و نەوت و غازی سرووشتی هەیە، تەنانەت خودای گەورە بەزەیی پێمان هاتۆتەوە و وشكەساڵی نەماوە و باران دەبارێت، كوردستان ئارامە و دەكرێت گەشتوگوزار پەرە پێ بدەین كە داهاتەكەی بەرامبەر داهاتی نەوتە، لە گەشەكردنی كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزارو پیشەسازی سەدان هەلی كار بۆ گەنجەكانمان دابین دەكرێت و رێگا لە بەفیڕۆچوونی هێزو توانایان دەگرین، كاتێك بەرەو دەرەوەی وڵات كۆچ دەكەن، ئەمەش پلان و بەرنامەی حكومی دەوێت .
* وەكو ئاشكرایە ئایین لەپێناو خۆشی و بەختەوەری مرۆڤدایە، چۆن بتوانین ئەو تابلۆ جوانەی پێكەوەژیان لەهەرێمی كوردستان بپارێزین و دەوڵەمەندتری بكەین كە لەگەڵ واقیعی ئێستاو داخوازیی خەڵكەكەدا بگونجێت؟
- من ئاماژەم بەوەدا كاتێك ناخۆشی و شەڕو ماڵوێرانی و دەربەدەری و گەمارۆ و برسێتی هەبوو، بۆ هەمووان بوو، هەربۆیە كاتێكیش خۆشی هەیە، هەر دەبێت بۆ هەمووان بێت، زۆر ناخۆشە منێكی مەسیحی هەست بەوە بكەم لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوەو مەزهەب جوداییم بەرامبەر دەكرێت، ئەمە كاریگەری لەسەر تێكشكانی دەروونی تاكەكانی ناو كۆمەڵگە دەبێت، بەڵام ئەمە لە كوردستان بوونی نییە. لەم ساڵانەی دوایی ئەم پرسە باسی لێوە دەكرێت، ئەگەرنا پێكەوەژیان لە كوردستان هەر هەبووە، دووبارەی دەكەمەوە ئەمڕۆ ئەركی سەرەكیی حكومەت ئەوەیە كە كێشە كۆمەڵایەتییەكان چارەسەر بكات، هەر بۆ نموونە خانەنشین هەیە، مووچەكەی بەشی 10 رۆژی ناكات، قوتابی دەرچووی زانكۆ هەیە، چەندین ساڵە دانەمەزراوە، ژمارەی ئەو خێزانانەی لە یەكتر جیا دەبنەوە رووی لە هەڵكشان كردووە، لەلایەكی دیكەوە كەرتەكانی پەروەردەو تەندروستی لە ئاستێكی باشدا نین. ئەمانەش بوونەتە سەرچاوەی كێشە كۆمەڵایەتییەكان، ئەگەر ئەو كێشانە چارەسەر بكرێن، هیچ كێشەیەكی دیكەمان نییە. بۆیە خواستی خەڵك لە حكومەت ئەوە نییە، كام حزب بەشداری دەكات، یان ناكات، بەڵكو خەڵك چاوەڕوانە پڕۆژەكان بەگەڕبخرێنەوە و كارو كاسبی زیاد بێت و بژێویی خەڵك روو لە باشی بكات، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم ئومێدە بە حكومەتە نەمێنێت، ئەوا دیاردەی كۆچكردن بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامی دەبێت، بەتایبەت لەناو پێكهاتەی مەسیحییەكەدا.
* بڵاوبوونەوەی فكری توندوتیژی مەترسی لەسەر چارەنووسی هەموو كۆمەڵگەیەك دروست دەكات، كوردستان لەو رووەوە چۆن دەبینن؟
- لە كوردستان بە رێژەیەكی كەمتر فكری توندوتیژی ئایینی و دەمارگیری و مەزهەبی بوونی هەیە، بەڵام بڵاوبوونەوەیەكی كەمی ئەم پەتایە كاریگەریی توندی لەسەر كۆمەڵگاكە و چارەنووسی هەرێمەكەشمان هەیە، هەربۆیە لەناوبردنی ئەم فكرە توندوتیژ و دەمارگیرییە، تەنیا ئەركی سەرشانی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و پیاوانی مەسیحی نییە، بەڵكو لە پەروەردەكردنی ناو ماڵەكانەوە دەست پێ دەكات، كە ئێمە چ فكرێك لەناو مێشكی منداڵەكانماندا دەچێنین، دواتر كاربەدەستانی هەر دوو كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا و مامۆستا و كادیرەكانی ئەم كەرتە، چ پڕۆگرام و پەروەردەیەك پێشكەشی نەوەی نوێ دەكەن، پاشان دەبێت رێز لە فكری كۆمەڵگەكان و ئایین و ئایینزاكان بگیرێت، لێرەدا رۆڵی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دێت، كە لەم ساڵانەی دواییدا چەند هەوڵێك هەبووە بۆ رێكخستنەوە و راستكردنەوەی رێڕەوی كاروباری ئایینی لە كوردستاندا.
* خەڵكی كوردستان لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگێكی زۆریان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دا، ئایا بەدەستهێنانی ئەم دەنگانە ئەركی سەرشانی ئەو حزبە قورس ناكات، تاوەكو هەموو ئەو داواكاری و داخوازییانەی باست كرد، بە چەند قۆناغێك لە ماوەیەكی كەمدا جێبەجێیان بكات؟
- لە هەڵبژاردن و كێبڕكێی حزبی و پێكهێنانی حكومەت لە كوردستان زۆر كورتبینانە و تەقلیدییانە بیر دەكەینەوە، لە بری ئەوەی بیر لەوە بكەینەوە بەرنامەی حكومەت و چارەسەركردنی قەیرانەكانمان چۆن دەبێت، سەرقاڵی بەخشینەوەی تۆمەت و دژایەتیكردنی یەكترین، ئێمە دەیان حزبمان هەیە كەچی ئەوەندەی سەرقاڵی دژایەتیكردنی یەكترن ئەوەندە لە خزمەتی كوردستاندا نین، با هەر دوور نەڕۆین، سەیری هەر دوو حزبی دیموكراتییەكان و كۆمارییەكان لە ئەمریكا بكەین، خەڵكی لەسەر بنەمای بەرنامەی بۆ حكومەتی داهاتوو دەنگیان دەداتێ، پێش چەند ساڵێك لەمەوبەر دیموكراتەكان لەسەر حوكم بوون، ئێستا كۆمارییەكانن، لەماوەی رابردوودا لە هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێسدا دیموكراتەكان سەركەوتن، كەچی ترامپ گوتی: با هەموومان خزمەتی ئەمریكا بكەین.. با لە كوردستانیشدا ئەوەی زۆرترین كورسی بەدەستهێناوە، خاوەنی دەسەڵات بێت و ئەركی پێكهێنانی حكومەتی بكەوێتە ئەستۆ، ئەگەر ئەمجارە كارو خزمەتی كرد، بە تەئكید لە هەڵبژاردنی چوار ساڵی ئایندەدا پێویستی بە هەڵمەتی بانگەشەكردنیش نابێت، چونكە خەڵكی چاویان كراوەیە و خۆیان هەڵسەنگاندن بۆ ئەداو خزمەت دەكەن و دەنگی زیاتری پێ دەدەن، لە هەموو دنیاشدا هەروایە، ئەوەی زۆرترین كورسیی پەرلەمانی بەدەست دەهێنێت، ئازادیی تەواوی هەیە لەو چوار ساڵەدا بەرنامەی خۆی جێبەجێ بكات، ئەگەر بە بڕیاری خەڵك دەرچووەو بووەتە خاوەنی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی، كەواتە دەبێت مەجالیشی پێ بدرێت خزمەت بكات، ئەگەر نەیكات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەو دەنگانە بەدەست ناهێنێت، ئەمە وەكو نەمامێكە كە دەیچێنیت و گەورە دەبێت و خەڵكی سەیری بەرهەمەكەی دەكات، ئەگەر بەرهەمی جوان بێت، بە هاوشێوەی ئەو حزبانەی لە دنیادا تەمەنێكی زۆریان هەیە، گەشە دەكات، راستە ئێمە لە هەرێمی كوردستان پاڵپشتی و دۆستمان زۆرە، بەڵام دەبێت ئێمە سەرەتا پشت بە خۆمان ببەستین و لەناو خەڵكیدا بین و خەڵك هێزو ئیرادەی ئێمە بێت، ئەوەی دەمێنێت دەكرێت بە گفتوگۆ و دانیشتن پێكەوە چارەسەری هەموو كێشەكان بكەین.