ڤیان سەبری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: لەو چوار وەزارەتەی لە بەغدا بەر كورد دەكەوێت، پارتی وەزارەتی سێیەمیش وەردەگرێت
December 8, 2018
دیمانەی تایبەت
دوای سەردانە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغداو ئەو پێشوازییە گەورەو گەرمەی لێی كرا، چاوەڕوان دەكرێت وتوێژەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لێكتێگەیشتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت، بۆ پرسەكانی تایبەت بە پشكی كورد لە بودجەی گشتی عێراق و دۆسێكانی نەوت و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پرسی پێشمەرگە و چەندین بواری دیكە؛ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم تەوەرانە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ڤیان سەبری ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا لەلایەن سەركردەكانی شیعەی عێراقەوە بە پیرۆز و مێژوویی وەسف كرا، ئایا كاریگەریی ئەم سەردانە لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چۆن دەبینیت؟
- هەروەك سەركردەكانی شیعە ئاماژەیان پێ دا، ئەو سەردانەی بارزانی بۆ بەغدا جگە لەوەی سەردانێكی مێژوویی و پیرۆز بوو، كۆتایی بە بەستەڵەكی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق هێنا، بەتایبەتی كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دابڕانێكی قووڵ لەنێوان هەرێم و ناوەنددا هەبوو. دیارە سەردانی سەرۆكێكی كاریزمای وەك بارزانی بۆ كوردستان و عێراقیش گرنگە و سەركردەكانی شیعەش جەختیان لەسەر ئەم گرنگییە كردەوەو رایانگەیاند سەرۆك بارزانی نەك تەنیا سەركردەیەكی كاریزمایە لەناو كورد و عێراقدا، بەڵكو كەسایەتی و سەركردەیەكی نیشتمانی و گەورەشە و دەتوانێت لە رۆژە سەختەكاندا رۆڵی خۆی بگێڕێت، هاوكات ئەم سەردانە لە كاتێكی هەستیارو گرنگدا ئەنجام درا كە عێراق بە دۆخێكی ناسكدا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی بوونی ناكۆكییەكی زۆری نێوان حزبەكان لەسەر پێكهاتەی حكومەتی عێراق و یەكلانەبوونەوەی زۆر لە كەیسەكان، هەر بۆیە سەرۆك بارزانی پاڵپشتی حكومەتەكەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كردو پەیامێكیشی هەبوو بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق كە پاڵپشتی لە دكتۆر عادل عەبدولمەهدی بكەن لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا و كۆتایی بە هەموو ناكۆكییەكانی نێوان خۆیان بهێنن. تەوەرێكی دیكەی سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا چارەسەركردنی هەموو ئەو گرفت و كێشانە بوو كە لەنێوان عێراق و كوردستاندا بوونیان هەیە، هەمووتان دەزانن زۆر كەیس و دۆسێی گرنگ و هەستیار هەیە لەنێوان هەردوو لادا یەكلا نەكراوەتەوە، ئەمەش پێویستی بە ژینگەیەكی لەبارو گونجاو هەیە، تاوەكو لەم چوارچێوەیەدا گفتوگۆكان دەست پێ بكەن، كە بە تەئكید دروستبوونی ئەو ژینگەیە پێویستی بە سەركردەیەكی كاریزمای وەك بارزانی هەیە.
* دیارە كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆك بارزانی و د.عادل عەبدولمەهدی ئیجابی بووە، ئەم لێكتێگەیشتنە چ كاریگەرییەكی لەسەر چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، بەتایبەتی لەسەر دۆسێكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و نەوت و بودجەی هەرێم؟
- ئەو پێشوازییە گەورەو گەرمەی لەلایەن سەرجەم سەركردەكانی سوننە و شیعەوە لە سەرۆك بارزانی كرا، ئەوە دەردەخات كە سەرۆك بارزانی چ رۆڵێكی گرنگی لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا هەیە، كاتێك سەركردەكانی شیعە بە (ابو مسرور) بانگیان كرد، هەروەكو چۆن لە ناو كلتووری عەرەبدا باوە ئەگەر رێز و گەورەییان بۆ كەسێك هەبێت، بەو شێوەیە ناوی دەهێنن، ئەوە بوو سەرۆك بارزانی چەندین دیداری ئەنجامدا لەگەڵ هەریەك لە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون و نوری مالیكی سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی یاسا و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆكی كوتلەی نەسر و عەمار حەكیم و ساڵح موتڵەگ و ئەندامانی كوتلەی جەبهەی عێراقی بۆ حیواری وەتەنی و سەركردەكانی كوتلەی مەشروعی عەرەبی عێراقی و لێژنەی تەنسیقی لایەنە توركمانەكان و چەندین كەسایەتیی سیاسی و رووناكبیری و پەرلەمانتارانی دیكەی عێراقی، هەموو ئەم سەركردەو كەسایەتییانەی عێراق جەختیان لەسەر پێویستی و گرنگی بوونی سەرۆك بارزانی لە بەغدا كردەوە، داوایان لە جەنابی كرد، رۆڵی زیاتری لە چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق هەبێت، تەنانەت داوایان لێ كرد، بارەگایەكی تایبەتیی بارزانی لە بەغدا بكرێتەوە، چونكە بارزانی سەركردەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانییە و بوونی لە بەغدا و سەرانسەری عێراق زۆر پێویستە. بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەم سەردانە كاریگەریی خۆی دەبێت بۆ ئاسانكردن و پاڵپشتیكردنی ئەو لێژنە و ئەنجومەنانەی كە بۆ لایەنی هونەری و تەكنیكی چارەسەركردنی كێشەكان دادمەزراون، یان هەندێكی لە داهاتوودا لەنێوان هەرێم و ناوەند دادەمەزرێن.
* چارەسەركردنی كێشەكانی (نەوت و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پێشمەرگە و بودجە) پێویستی بە دامەزراندنی لێژنەی تەكنیكی و هونەری هەیە، پرسیار ئەوەیە ئایا بەنیازن لە رێگەی لێژنەكانی پەرلەمانەوە ئەم كارە بكرێت، یان راستەوخۆ لە نێوان لیژنەكانی هەرێم و حكومەتی بەغدا؟
- هەموو ئەم كێشانە پێویستیان بە دانوستان و گفتوگۆو لێكتێگەیشتن هەیە، بۆ ئەمەش بوونی لێژنە پەیوەندیدارەكان پێویستن، بۆ نموونە بۆ كێشەی بودجە بەتایبەتی پشكی كوردستان، لە پەرلەمانی عێراق لێژنەیەكی دارایی هاوبەش لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكار هەیە، ئێمەش وەكو فراكسیۆن و كوتلە كوردستانییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق نوێنەرمان لەو لێژنەیە هەیە بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەین بۆ گەڕانەوەی ئیستحقاقاتی خەڵكی كوردستان، هەر لە پشكی هەرێمەوە تاوەكو مەسەلە پەیوەندیدارەكانی تایبەت بە ئیستحقاقاتی پێشمەرگە و مووچە و جووتیاران و بەڵێندەران و ئاوارەو كۆمپانیا پێترۆڵییەكان و پەرەپێدانی رێككەوتنی ناردنە دەرەوەی نەوتی كەركووك لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە و هەروەها مەسەلەی پێترۆ دۆلار بۆ ئەو ناوچانەی نەوتیان لێ بەرهەم دەهێندرێت و چەندین بواری دیكە، تەنانەت لەبواری قەرزە دەرەكییەكان پێویستە رەچاوێكی دادپەروەرانەی پشكی هەرێمی كوردستان بكرێت. لەمەشدا دوو بۆچوون هەیە، بۆچوونێكیان پێی وایە لەناو پەرلەمان كار بكرێت، بۆچوونی دووەمیش كاركردنە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا، ئەمەش لە رێگەی لێژنە پەیوەندیدارەكانی وەكو لێژنەی بودجە و دارایی و شەهیدان و گەڕانەوەی مافەكانی جووتیاران، واتا هەماهەنگی لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق هەبێت بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشە و گرفتانە .
* تا چەند بوونی دكتۆر فوئاد حوسێن وەكو وەزیری دارایی بۆ ئەو لێژنانە گرنگە؟
- بوونی كەسایەتییەكی كوردی وەكو دكتۆر فوئاد حوسێن لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق زۆر گرنگە، چونكە وێڕای ئەوەی وەزیری داراییە سەرۆكایەتیی ئەو لێژنە هاوبەشەش دەكات كە لەنێوان پەرلەمان و حكومەتدا بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە دانراوە، هاوكات ئیعتیبار دەكرێت كە جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری ئابووری .
* ئایا هیچ ئومێدێك هەیە پشكی هەرێمی كوردستان لە رەشنووسی بودجەی گشتی عێراقدا زیاد بكرێت، بەتایبەتی ئەو پشكە لە رێگەی بودجەی پارێزگاكانەوە بەرز بكرێتەوە؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو لایەنە كوردستانییەكانیش بەگشتی لە مەلەفی بودجەدا كارنامەیەكیان دەركردووە و هەمووشیان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە هاوڕان، بەوەی:
1- ئیستحقاقاتی هەرێمی كوردستان زیاد بكرێت، ئەم زیادبوونەش مەرج نییە بۆ 17% بەرز ببێتەوە، بەڵام دەبێت لەو رێژەیەی ئێستا كە دانراوە زیاتر بكرێت.
2- پێویستە لەناو بودجەدا پڕۆژەی سەرژمێریی گشتی جێگیر بكرێت و بودجەی پێویستی بۆ دابنرێت.
3- خەرجی سەروەریی (نفقات سیادية) كەم بكرێتەوە یان لە بودجەی فیعلی جیا بكرێتەوە.
4- پشكی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان لەناو بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەی عێراقدا جێگیر بكرێت، هەر لە مەسەلەی مووچەوە تاوەكو پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوشێوەی هێزەكانی سوپای عێراق.
5- بودجەكە لە بودجەیەكی رەیعی و بەكارخستنەوە بگۆڕێت بۆ بودجەیەكی پەرەپێدان و وەبەرهێنان.
بەشێوەیەكی گشتی لەسەر پرسی بودجەو ئەو رەشنووسە پڕۆژە یاسایەی بودجەی 2019ی عێراق رەخنە و تێبینی زۆر هەیە، خۆی لە بنەڕەتدا رەشنووسەكە لەلایەن حكومەتێكی كاربەڕێكەری عەبادییەوە دانراوە و بودجەیەكی «رەیعی»یە، ئەمە وێڕای ئەوەی چەندین كەموكورتی و ناڕێكی دەرهەق بە عێراق و كوردستانیشی تێدایە، پێموایە ئەركی پەرلەمانە چیتر خۆی سەرقاڵی كێشەو ناكۆكییە حزبییەكان نەكات و روو بكاتە ئەركە سەرەكییەكەی كە دەركردنی ئەو یاسایانەیە كە بواری ئابووری رێك دەخات و پەرەپێدانێكی بەردەوامی راستەقینە لەسەرجەم بوارەكاندا دروست دەكات، لەمەشدا ئێمە لەناو لێژنەی پلاندانان و بەدواداچوونی بەرنامەی حكومەت بە كاری پێشخستن و بەدواداچوونی ئەداو پرۆگرامەكانی حكومەت هەڵدەستین بۆ ئەوەی بزانین بەرنامە حكوومییەكان تاچەند خزمەت بە پێشخستنی بوارەكە دەكات و رەچاوی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی كردووە، پێشتر ئەم لێژنەیە نەبووە لەسەر داوای ئێمە و پەرلەمانتارێكی تر دامەزراوە و ئەوەی پەیوەندی بە كوردستانیشەوە هەیە، دەستبەرداری دژایەتی و سزادانی خەڵكی كوردستان بێت.
* پرسی یەكلاكردنەوەی هەردوو پۆستی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و زۆر لە وەزیرەكانی دیكە بۆچی وا دواكەوت؟
- كێشەو گرفتە گەورەو چڕەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەسەر هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆدایە، ئەمەش بە روونی دیارو لەبەرچاوە كە چ ناكۆكییەكی لە نێوان سوننەو شیعەكان لەلایەك و لەناو یەك پێكهاتەی وەكو سوننە و شیعەش لە لایەكی دی هەیە، ئەوەتا تا ئێستا لایەنە شیعەكان لەسەر دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ رێكنەكەوتوون كە وا پێدەچێت بۆ زیاتر لە مانگێك ئەم دۆسێیە یەكلا نەبۆتەوە، ئەمەش زیان بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەگەیەنێت، كە تەنیا 14 وەزیر یەكلا كراوەتەوە لە كاتێكدا 8 وەزارەتی زۆر گرنگ ماون كە وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری و پلاندانان و داد و پەروەردە و خوێندن و ئاوارەو كۆچ و كۆچبەران، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتی لە د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەكەین و هەوڵیش دەدەین بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم كێشەیە.
* لەم ناوەندەدا پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو ئیستحقاقاتێكی هەڵبژاردنی دوو وەزیری سوێندی یاسایی خۆیان خواردووەو دەڵێن سێیەمیش مسۆگەرە، ئایا وەزیری چوارەمیش دەدرێت بە كورد؟ ئەگەر درا بە كورد ئەویان بەر چ لایەنێك دەكەوێت؟
- لایەنە سیاسییەكانی كوردستان خاوەنی 58 كورسیی پەرلەمانن و بەپێی ئەم دەنگانەش بێت پێویستە كورد چوار وەزارەتی پێ بدرێت كە تا ئێستا تەنیا دوو وەزارەت دراوە بە كورد، لەمەشدا پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو دوو وەزارەتەی وەرگرتووە و وەكو ئیستحقاقاتێكی هەڵبژاردنیش پێویستە وەزارەتی سێیەم وەربگرێت، بەمەش تەنیا یەك وەزارەت دەمێنێتەوە كە رەنگە ئەوەیان بۆ لایەنێكی تری حزبە كوردستانییەكان بێت، كە تا ئێستا یەكلاكردنەوەی ئەمە روون نییە و رۆژانە پڕوپاگەندە و قسەی جیاواز لەسەر ناوی وەزیرەكان هەیە.