شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بۆ گوڵان: سەردانەكەی بارزانی لە كاتێكی گونجاو و بۆ ئامانجێكی گەورە ئەنجام درا

شوان محەمەد تەها  بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بۆ گوڵان: سەردانەكەی بارزانی لە كاتێكی گونجاو و بۆ ئامانجێكی گەورە ئەنجام درا
سەردانەكەی سەرۆك مسعود بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا، ئومێدی ئەوەی لێدەكرێت ببێتە دەروازەی خستنەگەڕی هەوڵ و كۆششی جددی بۆ كردنەوەی گرێ كوێرەكان و خاوكردنەوەی كێشەكان، هەروەها ئەو راستییەی دوپات كردەوە كە چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی بارزانی هەیە. گرنگی و بایەخ و دەنگدانەوە و ئاكامەكانی ئەم سەردانە بوونە تەوەری گفتوگۆیەكی گوڵان لەگەڵ شوان تەها بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا.
* سەردانی بەڕێز مسعود بارزانی بۆ بەغدا بووە چەقی بایەخپێدانی هەموو لایەنەكان و دەنگدانەوەیەكی گەورەی لێكەوتەوە، ئێوە چۆن لە گرنگیی ئەم سەردانە دەڕوانن؟
- لە راستیدا گرنگی ئەم سەردانە لەوەدا بوو كە لە كاتێكی گونجاو و بۆ ئەنجامدانی كار و ئەركێكی گونجاو و ئامانجێكی گەورە ئەنجام درا. دواتر ئێمە دەزانین ئەم سەردانە لە هەلومەرجێكدا روویدا كە ناوچەكە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی بە قۆناغێكی سەخت و هەستیاردا تێدەپەڕێت، هەروەها ئەوەی ئێمە گوێبیستی بووین لە سەركردە عەرەبە شیعەكان ئەوەیە كە ئەوان پێیانوایە تەنیا سەردانەكە خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی هێوركردنەوەی زۆربەی كێشەكان و رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی دانوستاندن و لێك نزیكبوونەوەی زیاتر رووبدات بۆ ئەوەی كێشەكان بە یەكجاری چارەسەر بكرێن. هەروەها ئەوان زۆر بە ئیجابییەوە لە تێڕوانینەكانی بارزانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەڕوانن. لە هەمان كاتدا زۆربەی دەزگاكانی راگەیاندن بەو شێوەیە باسی بارزانی-یان كرد كە بریتییە لە پیاوی رێككەوتنەكان لە سەروەختی ناكۆكییەكاندا (رجل الاتفاق فی زمن الاختلاف). كەواتە ئەم سەردانە لەنێو شەقامی عەرەبیدا دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو، هەروەها لە نێو سوننە و شیعەكانیشدا زۆر بەرز نرخاندیان. چونكە سوننەكان پێیانوابوو دووریی بەرێز مسعود بارزانی لە بەغدا، دەبێتە هۆی ئەوەی پێگەی ئەوان بە شڵەژاوی بمێنێتەوە. هەروەها بەڕێزان عادل عەبدولمەهدی، نوری ئەل مالیكی، هادی عامری و عەممار حەكیم و محمەد حەلبوسی هەموویان رایانگەیاند ئەمە سەردانێكی گرنگ بووە و بە هەندی وردەگرین و تەنانەت داوایان لێكرد لە داهاتوودا درێژە بە سەردانانەكانی بدات، بۆ ئەوەی بتوانن پێكەوە كاری زیاتر لەسەر كێشەكان بكەن. بە هەمان شێوە جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە عێراق پێویستی بە كەسایەتییە ژیر و هۆشیارەكان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت كێشەكانی چارەسەر بكات. تەنانەت بەڕێزان نوری مالیكی و عادل عەبدلمەهدی و عەممار حەكیم بە ئاشكرا رایانگەیاند پێویستمان بە بارزانی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. چونكە كێشەكانی عێراق گەورەن و لە راستیدا كێشەكان بە بنبەست گەیشتوون. واتە ئەوان بەم گرنگییەوە لە پێگەی بارزانی دەڕوانن. راستە هەندێ كەس و لایەن ویستیان لە بایەخی سەردانەكەی كەم بكەنەوە، بەڵام هەڵمەتی راگەیاندنەكەی نێو شەقامی عەرەبی بە چەشنێك بوو كە زۆر بە ئیجابی مامەڵە لەگەڵ ئەم سەردانەی بارزانی بۆ بەغدا كرا. دواتر بارزانی بە راشكاوی رایگەیاند كە عادل عەبدولمەهدی كەسێكی گونجاو و لێوەشاوەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەكی ئیجابی مامەڵە لەگەڵ كێشەكاندا بكات. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە رەنگە پەرلەمانی ئەمجارە باشتر بتوانێت ئەركەكانی خۆی راپەڕێنێت، بە پێچەوانەی پەرلەمانی خولی سێیەم كە خۆی لایەنێك بوو لە كێشەكان. لێرەدا دەمەوێت دووپاتی بكەمەوە كە هەندێ لە سیاسەتمەدارەكان زۆر بە روون و ئاشكرایی رایانگەیاند كە ئێمە جارێ هیچ لێدوانێك نادەین، بەڵام لە ناخەوە دەزانین بە هاتنی بارزانی دۆخەكە لە بەغدا گۆڕانكاری بەسەردا دێت. بۆ نموونە لە سەردانەكەی بۆ ماڵی ساڵح موتڵەگ و لە سەردانەكەی بۆ لای حەلبوسی، ئەوان رایانگەیاند كە هاتنی بارزانی گەشبینی بە ئێمە بەخشی و هیوامان لا دروست بووە كە كێشەكان قابیلی چارەسەركردنن.
* بەڵام هەندێ لایەن ئاماژەیان بەوە كرد كە رێككەوتنی سیاسی كراوە لە میانەی ئەم سەردانەدا، روونكردنەوەت لەم بارەیەوە چییە؟
- لە راستیدا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ رێككەوتنێكی سیاسی نەكردووە، بەڵكو تەنیا بە شێوەیەكی عاقڵانە مامەڵە لەگەڵ كۆی كێشەكان دەكات، چونكە پارتی خۆی هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە كە پارتی خاوەنی دۆزێكە و هەر لەم روانگەیەشەوە مامەڵە لەگەڵ كێشەكان دەكات.
* ئەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ شاری نەجەف چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- ئێمە دەزانین پێشتر سەماحەتی موقتەدا ئەل سەدر سەردانی كوردستانی كردبوو، واتە ئەمە لە پای ئەو سەردانەدا بوو، بۆچوونەكانی بەڕێز سەدریش روون و ئاشكرایە كە پێیوایە هاتنی سەرۆك بارزانی هاوكارە بۆ ئەو كەسانەی كە خوازیاری ئەوەن دۆخی عێراق چارەسەر بكەن. واتە بەو شێوەیە لە بارزانی دەڕوانن كە دەتوانێت هاوكار بێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان و دەربازكردنی عێراق لەو قەیرانە سیاسی، ئابووری و داراییەی بە دەستیەوە دەناڵێنێت. ئەگەرچی وردەكاری كێشەكان بۆ لیژنە پەرلەمانی و حكوومییەكان و لیژنە تایبەتمەندەكان جێ دەهێڵن. چونكە بارزانی وەك خاوەن دۆزێك سەردانەكەی ئەنجامدا و بەو شێوەیەی مامەڵەی دەكرد و ئەوەی دەخستەڕوو كە ئەگەر ئیرادە هەبێت، ئەوا كێشەكان چارەسەر دەبن، بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەگەر سیستمی حوكمڕانی لە عێراق گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت، كێشەكان چارەسەر ناكرێن، چونكە كێشەی عێراق كێشەی سیستمی حوكمڕانییە و سرووشتێكی سیاسی هەیە. ئەمەش بۆچوونێكی راست و دروستە، چونكە بەهۆی ئەوەی سیستمی حكومڕانی عێراق سیستمێكی ناتەندروستە، ئەوا ئێمە كێشەی كەركووك و نەوت و بودجەمان لەگەڵ حكومەتی عێراق هەیە.
Top