د. فرسەت سۆفی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: گرنگە لە كابینەی نۆیەمدا لێپرسینەوە و سزادان هەبێت و خەڵكی لێهاتوو و بەتواناش پاداشت بكرێن

د. فرسەت سۆفی  ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: گرنگە لە كابینەی نۆیەمدا لێپرسینەوە و سزادان هەبێت و خەڵكی لێهاتوو و بەتواناش پاداشت بكرێن
ئومێد و چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستان لە حكومەتی داهاتووی كوردستان-كابینەی نۆ- زۆرە، بەتایبەتی لە بواری چاكسازیی كارگێڕی و دارایی و هەنگاوهەڵگرتنی جددی بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نەخوازراو و دژوارەی دوچاری هەرێمی كوردستان بووە، ئەم پرسە و چەندین بابەتی دیكە بوونە تەوەری دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵ دكتور فرسەت سۆفی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان.
* زۆر باسی پڕۆژە یاسای چاكسازیی كارگێڕی و بنەڕەتی دەكرێت، هەڵسەنگاندنتان بۆ گرنگیی ئەم پڕۆژە یاسایە چییە بۆ كابینەی 9ی حكومەتی كوردستان؟
- بەهۆی ئەو واقیعەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕیوە، كۆمەلێك كەموكوڕی و كێشەی گەورەی ئیداری رووی لە هەرێمی كوردستان كرد، ئەو كێشانەش بەشێكی بۆ ئەو ململانێ حزبییە دەگەڕێتەوە كە لە هەرێمی كوردستان هەبووە و بەشێكی بۆ قۆناغی دووئیدارەی و بەشێكیشی بۆ ئەو سەرەتایەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە هەیبووە، جا ئەمانە وایكرد كە حكومەتێك دابمەزرێت، هەیكەلیەتێكی زۆر قەبە و فراوانی هەبێت، هەر بۆیە دامودەزگا و دامەزراوەكانی حكومەتی كوردستان بەشێوازێكە كە پێویسیان بە پێداچوونەوە و رێكخستنەوە و تەرشیقكردن و جیاكردنەوە هەیە، بۆیە بە فیعلی قۆناغی داهاتوو دەبێت قۆناغی چاكسازی بێت و ئیدارە خۆی چاودێری لەسەرخۆی دابنێت، وەكو ئەوەی كەپێی دەڵێن نیزامی «موفەتیشی عام»، هەروەها پێویستە لە ئیدارەدا پرەنسیپی پاداشت و لێپرسینەوە پیادە بكرێت، ئومێدەوارم كابینەی داهاتووی حكومەتی كوردستان ئەو كابینەیە بێت كە یەكێك لە ئامانجەكانی چاكسازی ئیداری بێت لە هەیكەلی ئیدارەی حوكمڕانی و چاكسازی ئیداری بێت لە كاركردن و خێراكردنی ئەدای كاری حكومەت، ئەمەش ئۆتۆماتیكی كاریگەری دەبێت بۆ ئەوەی ئەو حكومەتە ئەدای باشتر بێت و هاووڵاتیان كێشەیان كەمتر بێت و بەهەدەردان و گەندەڵی كەمتر ببێتەوە، هەروەها بۆیە ئێمە پێویسێمان بە چاكسازیی بانكی و دارایی هەیە و پێویستمان بەوەیە كە بە فیعلی پلان هەبێت و وەزارەتی پلاندانان كاری گەورەی خۆی ئەنجام بدات، تاوەكو بزانین لە ئایندەدا كوردستان بەرەوكوێ دەڕوات، هاوكات دەمانەوێت بزانین لەچەند ساڵی داهاتوو ئاستی ئابووری و دارایی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازیی كوردستان بەرەو كوێ دەڕوات.
* خاڵی گرنگی ئەو چاكسازییە لەوەدایە بەرنامەیەكی لۆكاڵییە و بیركردنەوەی خەڵكی كوردستانە بە راوێژكاری و ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو، ئایا ئەوانەی لە حكومەت نین و ئۆپۆزسیۆنن تا چەند هاوكار دەبن و پاڵپشتی لەم بەرنامە چاكسازییە دەكەن؟
- بۆ چاكسازیی ئیداری دەبێت هەیكەلی حكومەت رێكبخەیتەوە و تەرشیقی بكەیت، بۆ ئەمەش پێویستمان بە راوێژكاری و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان هەیە، من زانیاریم هەیە كە كۆمپانیای راوێژكارانی بیانی لەم پڕۆژە یاسای چاكسازییەدا هاوكارن و دەبێت خۆشمان سوود لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە وەربگرین كە چۆن توانیویانە بەكەمترین تێچوو و زۆرترین خزمەت پێشكەش بكەن، بۆ نموونە: ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتێكی وەكو دانیمارك سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەكەی تەنیا 74 فەرمانبەری هەیە، لێرەدا دەپرسین: ئایا دانیمارك چۆن توانی بە 74 فەرمانبەر ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێوە بچێت و بۆچی ئێمە بە زیاتر لە هەزار فەرمانبەریش ناتوانین بە رێكوپێكی كارەكان رایی بكەین؟ واتە لێرەدا لە هەرێمی كوردستاندا كەموكوڕی و ناڕێكی هەیە، هەر بۆیە پێویستمان بە خۆچاك كردنەوەو چاكسازی و رێكخستنەوە هەیە، ئەمەش بەشێكی پێویستی بە هەموارو بە تەشریعی یاسا هەیە، واتە دامەزراوەكان دەبێت هەر هەمووی یەكتر تەواو بكەن، بەتایبەتی حكومەت و پەرلەمان تاوەكو ئەم پڕۆژە یاسای چاكسازییە سەربگرێت. بێگومان بۆ ئەو چاكسازییە دەبێت بەرنامەكە خۆماڵی بێت و لەگەڵ بارودۆخی هەرێمی كوردستان بگونجێت، بەڵام هەر دەبێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دونیاش وەربگرین، چونكە حاڵەتێكی ئاسایی و سرووشتییە و دەبێت بزانین بۆچی ئەو وڵاتانە توانیویانە خۆیان چاك بكەن و بەرەوپێشەوە بچن، ئەگەرچی هەموو وڵاتانی دنیا بە هەمان ئەو قۆناغانەی وەكو ئێمەدا تێپەڕیون، بەڵام بۆ هەر بەرنامەو پڕۆژە یاسایەك بێت، لەگەڵ ئەودانین كە كۆپیی وڵاتان بێت.
* ئاماژەت بە ئابووری و ژێرخان كرد، هەڵبەتە حكومەتی بەهێز، بەبێ ئابووریی بەهێز هیچ مانایەك ناگەیەنێت، ئایا حكومەتی كوردستان چی بكات تا ئابوورییەكی بەهێزی هەبێت و خۆی لە قەیرانی دارایی رزگار بكات و حكومەتەكەش بەهێز بێت؟
- حكومەتی كوردستان بۆ ئەوەی ئەو توانا داراییانەی كە هەیەتی بتوانێت لەگەڵ خەرجییەكان بگونجێنێت، پێویستی بە چاكسازی هەیە لە كەرتی وەزیفەی گشتی و لە فەرمانبەرو مووچەخۆر كە هەدەردانی تێدا كەم بكرێتەوە و دوو مووچە و سێ مووچە و چوار مووچە و مووچەخۆری بندیوار و مشەخۆر چارەسەر بكەن و ئیجرائات بكەن لەو بەهەدردانانەی لە هەیكەلی حكومەت و لەم دامودەزگاو دامەزراوەكان بەبێ ئەوەی بەرهەم هەبێت بەفیڕۆدەچن، چارەسەریان بكەن و چاودێریی پەرلەمانی و دادوەری و ئیداری و حكومی لەسەر ئەدای حكومەت و دامودەزگاكان بەهێزتر بكەین و لێپرسینەو سزادان هەبێت، لە هەمانكاتیشدا خەڵكی لێهاتوو و بەتوانا پاداشت بكرێن و بێنە پێش و سەرپەرشتی و ئیدارەی دامودەزگاكان بكەن، بە تەئكید لەو كاتەدا دەتوانین توانا دارایی و ئابوورییەكانی خۆمان بگونجێنین لەگەڵ پێداویستییەكانی خۆمان، چونكە ئێستاكە ئێمە توانا داراییەكانمان كەمن، بەڵام خەرجییەكانمان زۆرن، ئەمە بۆچی وایە؟ بێگومان ئەمە لە ئەنجامی هەڵە و كەموكوڕییەكانی ئیدارەدانە.
* هەموو ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كابینەی 9ی حكومەتی كوردستان لە كات و ماوەی یاسایی خۆی پێكدەهێندرێت، بەتایبەتی كە نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەم كارە رادەسپێردرێت، ئایا ئەزموون و شارەزایی و میانڕەوی ئەو سەركردەیە تاچەند كاریگەر و گرنگە بۆ سەركەوتنی كابینەی 9ی حكومەتی كوردستان؟
- گەشبینم بەوە هەوڵبدرێت پێش كۆتایی ساڵی 2018حكومەتی تازەی هەرێمی كوردستان پێكبهێندرێت، بە تەئكید پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەم كە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان 45 كورسی هێناوە و بوونی جەنابی سەرۆك بارزانی بەو ئەزموون و تەجروبە قووڵەی كە هەیەتی و هەروەها بوونی كاك نێچیرڤان بارزانی بەو تەجروبە دوورو درێژەی كە لە حوكمڕانیدا هەیەتی لەسەر ئایندەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان كاریگەرییەكی گەورەیان دەبێت، سەرەڕای ئەمەش پێویستە ئێمە بتوانین هاوپەیمانیەتییەكی بەهێز دروست بكەین لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە لە حكومەتی داهاتوودا بەشدار دەبن و ئەو هاوپەیمانیەتییە ببێتە مایەی سەقامگیری لە كوردستان.
* لەخولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئەندام بوویت و ئەزموونێكی باشت لە كاری پەرلەمانیدا هەیە، ئایا ئایندەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان چۆن دەبینیت و پێتوایە ئەو پڕۆژە یاسایانەی ماونەتەوە لەم خولەدا تێپەڕێندرین و ببن بە یاسا؟
- خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆمەلێك ئەركی قورسیان لەسەرشانە، چونكە بەداخەوە خولی پێشوو بەهۆی ئەو دۆخە زاتی و مەوزووعییانەی كە پەیوەندییان بە پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانەوە هەبوو، نەتوانرا ئەدایەكی باش پێشكەش بكات، بۆیە ئومێدەوارین ئەم خولەی ئێستای پەرلەمانی كوردستان مەسەلەی دەستووری هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاكان و یاساكانی تایبەت بە نەوت و داواكاری گشتی و یاساكانی تایبەت بە بوارەكانی خزمەتگوزاری لە پەرلەمانی كوردستان تەشریع بكات، تاوەكو كۆمەڵێك دەستكەوتی گرنگی تەشریعی لە هەرێمی كوردستان هەبێت، چونكە لەم خولەدا زەمینە لەبارە بۆ پەسندكردنی و تێپەڕاندنی ئەم بابەت و پڕۆژە یاسا گرنگانە و دەتوانن پڕۆژە یاساكان بەرەو پێشەوە ببن. هاوكات هیوادارم لە كابینەی9دا حكومەتی كوردستان پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمانی كوردستان بنێرێت، لەو بوارانەی كە پێویستن، بەتایبەتی لەبواری كاروباری حكومەتدا، ئەگەرچی بەداخەوە حكومەتی كوردستان لە قۆناخی پێشووتر كەمتەرخەم بوو بە درێژایی ماوەی كابینەی 8 و لە ماوەی خولی چوارەمی پەرلەماندا، تەنیا چوار پڕۆژە یاسای بۆ پەرلەمانی كوردستان نارد.
* ئایا چۆن حكومەت و پەرلەمانی كوردستان دەبنە هاوكارو هەماهەنگی یەكتر تاوەكو بەرنامە و پڕۆژەی تۆكمە هەبێت بۆ خۆشگوزەرانی كە هەموو خەڵكی كوردستان تێیدا سوودمەند بێت؟
- لە سیستەمی پەرلەمانی دەبێت حكومەت و پەرلەمان هاوكارو هەماهەنگ بن و باڵانس و تەوافوق و لێكتێگەیشتن لەنێوانیاندا هەبێت، نابێت پەرلەمان و حكومەت لە دوو دونیای جیاواز بن و ركابەری یەكتری بكەن، ئەگەرچی پەرلەمان چاودێرە لەسەر حكومەت، بەڵام لە هەمانكاتیشدا دەبێت پەرلەمان و حكومەت پرەنسیپی رێز لە لێك جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بگرن و لە هەمانكاتیشدا دبێت حكومەتیش بەپێی ئەو رێكارە چاودێرییانەی لەناو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هاتوون، رێز لە ئەدای چاودێریی پەرلەمانی بگرێت، بۆیە دەبێت پەرلەمان و حكومەت هەموو كات لە تەماسی تەواودا بن لەگەڵ یەكتر و تەفاهوم و لێكتێگەیشتن لە نێوانیاندا هەبێت.
* پارتی دیموكراتی كوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا زۆر جەختی لەسەر بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز دەكردەوە، ئایا بنەماكانی دروستبوونی ئەم حكومەتە بەهێزەی كوردستان لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟
- ئێمە هەوڵدەدەین كیان و یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان و سیادە و سەروەریی هەرێمی كوردستان بپارێزین و ئەو كیانەی بەدەستمان هێناوە، لەدەستی نەدەین و پارێزگاری لێ بكەین، بێگومان كوردستانێكی بەهێز بەوەوە دەبێت كە بەیەكەوە هەوڵبدەین ئەو دۆخەی ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان كۆتایی پێ بهێنین، هەروەها كوردستان بەهێز دەبێت كە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان یەك بخەین و لە رووی مەشق و راهێنان و پڕچەككردن بەهێزیان بكەین، بەوە بەهێز دەبین لەبواری سامانە سرووشتییەكان و وزە و نەوت و گاز، كوردستان زیاتر گەشە بكات و بەرەوپێشەوەی ببەین و كۆمپانیای زەبەلاحی دنیا زیاتر بۆ كوردستان رابكێشین، لەلایەكی دیكە بۆ ئەوەی كوردستان بەهێز بێت، دەبێت یەك تێڕوانین و یەك ستراتیژمان هەبێت لەبەرامبەر عێراق و وڵاتانی هەرێمی و ریزەكانی ناوخۆمان یەك بخەینەوە و هەوڵی ئەوە بدەین كە ئێمە لە قۆناغی داهاتوو پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و دامەزراوەكانمان بەهێز بن و بەرەوپێشەوەیان ببەین و دژی گەندەڵی بوەستینەوە و چاكسازییەكی ئیداری و بنەڕەتی و راستەقینە ئەنجام بدەین و بەخۆداچوونەوەیەكی گشتی بكەین و لێی بگەڕێین حكومەت حوكمڕانیی خۆی بكات و حزبە سیاسییەكانیش حزبایەتیی خۆیان بكەن و نابێت حزبە سیاسییەكان لەسەر حیسابی گیرفانی حكومەت بەهێز ببن و حكومەتیش لاواز بێت، بەڵكو دەبێت مەسافەیەكی باش بۆ حوكمڕانییەكی باش بۆ حكومەتی كوردستان بڕەخسێنن و دەبێت بە راستی مافەكانی مرۆڤ و ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە رووی پارێزگاریكردن لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و پێكەوە ژیان و تەبایی لەنێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان پەرە پێ بدەین، هاوكات لە كوردستاندا نموونەیەكی جوانی دیموكراتیەت و دەستاودەستكردنی دەسەڵات پێشكەش بكەین، هەروەها كوردستان بكەینە خاوەن دەستوور و كۆمەڵێك یاسای گرنگ بۆ بە دامەزراوەكردنی نەوت هەبێت لە هەموو روویەكەوە یاسا سەروەر بێت و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت و لێك جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان وەكو پرەنسیپك بپارێزین، پێموایە كوردستانێكی بەهێز بەم تەوەر و خاڵانەی ئاماژەمان پێدا دروست دەبێت و ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان كاریان لەسەر دەكەین.
* لەمێژە سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازین كە ئەمە كەرتی گشتی دەگرێتەوە، ئایا تا چەند پێویستە چاوخشاندنەوەیەكیش بە كەرتی تایبەتدا بكرێتەوە، چونكە كەرتی تایبەت جگە لەوەی هاوكار نییە بەسەر كەرتی گشتی، هەندێكجار بارێكی قورسیشە لەسەر كەرتی گشتی، ئایا ناكرێت پڕۆژە یاسای چاكسازی فراوانتر بكرێت و كەرتی تایبەتیش بگرێتەوە؟
- من 100%لەگەڵ ئەو راوبۆچوونەم، چونكە ئەگەر بمانەوێت كوردستان پێش بكەوێت، ئەوە دەبێت كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتی بەیەكەوە بەرەوپێشەوە ببەین و پاڵپشتی و هانی كەرتی گشتی بدەین، نەك ببێتە ئەرك لەسەر حكومەت، بەڵكو ببێتە هۆكاری رزگاركردنی حكومەت لە دروستكردنی هەلی كار بۆ خەڵك و دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆكان، لەلایەكی تر بتوانین كەرتی تایبەتی بیانی و ناوخۆ تێكەلاو بكەین و هانیان بدەین و بواریان بۆ بڕەخسێنین كە كێبڕكێی ئازاد و سەربەست هەبێت و زیاتر بوار بۆ كۆمپانیا بیانییەكان بڕەخسێنین، تاوەكو بێنە كوردستان و وەبەرهێنانی زیاتر بكەن، بەمەش پارە رابكێشینە ناو كورددستان لە بری ئەوەی پارە بچێتە دەرەوەی كوردستان، هەموو ئەو شتانە دەبێت لە چوارچێوەیەكی ستراتیژیی گەورە حكومەت كاریان لەسەر بكات و كەرتی تایبەت لە كوردستان پاڵپشتی بكرێت و هان بدرێت تاوەكو دەرفەتی كارو بووژاندنەوەی ئابووری لە كوردستان بەدوای خۆیدا بێنێت.
Top