تۆماس بریستۆن تایبەتمەندی كاروبارە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: زۆربەی ئابووریناسان هاوڕا نین لەگەڵ ئەو شەڕە بازرگانییەی ترەمپ بەرپای كردووە

تۆماس بریستۆن تایبەتمەندی كاروبارە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: زۆربەی ئابووریناسان هاوڕا نین لەگەڵ ئەو شەڕە بازرگانییەی ترەمپ بەرپای كردووە
تۆماس بریستۆن پرۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی واشنتۆن ستەیت، لە ئێستادا بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ماستەرە لە بواری دادپەروەریی جیهانی و دیراساتی ئەمنی، هەروەها توێژەرە لە ئامۆژگای مۆینیهان بۆ كاروباری جیهانی لە سكوڵی ماكسۆێڵ لە زانكۆی سیراكیو. تایبەتمەندە لە بواری سیاسەتی ئەمنی، كاروباری دەرەكی و سایكۆلۆژیای سیاسی. وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، شرۆڤەكاری سیاسییەو چەندین توێژینەوە و كتێبی نووسیوە لەبارەی سەركردایەتی، ئاسایشی نێودەوڵەتی و شرۆڤەی سیاسەتی دەرەكی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی گرنگی لەگەڵدا تاوتوێكرد، كە پەیوەست بوون بە رەوشی كاروباری نێودەوڵەتی و ململانێی نێوان هێزە گەورەكان و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و پرسی كشانەوەی ئەمریكا لە چەندین رێككەوتنی نێودەوڵەتی و چەند پرسێكی دیكە كە بەمجۆرە راوبۆچوونی خۆی خستەڕوو.
* ئایا پێتوایە گەورەترین و سەختترین تەحەددییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە چین؟
- بە تێڕوانینی من خراپترین لایەن، یان بڕیاری پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڕیاری كشانەوە بوو لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، بە تایبەتی كە ئێمە دەزانین ئێران پابەند بوو بە بڕگەكانی ئەم رێككەوتنەوە و ئاشكراشە كە یەكێتیی ئەوروپا هاوڕا نییە لەگەڵ سەپاندنەوەی سزاكان و لایەنەكانی دیكەی رێككەوتنەكە و لێی ناكشێنەوە. كەواتە پێموایە ئەمە بڕیارێكی خراپی ئیدارەی ئەمریكا بوو كە لەم رێككەوتنە كشایەوە، چونكە دەرئەنجامی ئەم بڕیارە لاوازكردنی ریفۆرمخوازەكانە، وەك رۆحانی و لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی كەسانی سەختگیر لە ئێران. كەواتە ئەمە هەنگاوێك بوو كە دەرئەنجامی پێچەوانەی لێ دەكەوێتەوە.
* باشە كە ئەمە بڕیارێك بێت، دەرئەنجامی پێچەوانەی لێ بكەوێتەوە، هەروەك ئێوە وەسفی دەكەن، ئایا هۆكار و پاڵنەری سەرەكیی پشت ئەم هەنگاوە چی بوو؟
- لە راستیدا من پێموایە پاڵنەری دەركردنی بڕیاری كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریكا بوو، چونكە لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیشدا ترەمپ باسی لەوە دەكرد كە ئەمە رێككەوتنێكی خراپە، ئەگەرچی نەیدەتوانی شەرحی رێككەوتنەكەش بكات، واتە ترەمپ پەنای بردەبەر سادەكردنەوەی مەسەلەكان و كێشە ناوخۆییەكانی كردە پاڵنەری داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە، مەبەستم ئەوەیە كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە پەیوەست نەبوو بە لەبەرچاوگرتنی راستییەكانی سەر ئەرزی واقیع، یان بوونی بەڵگە لەبارەی پێشێلكردنی رێككەوتنەكە لەلایەن ئێرانەوە، بەڵكو تەنیا و تەنیا پەیوەست بوو بە پرسە ناوخۆییەكانەوە.
* ئایا دەتوانین بڵێین هەر ئەمەش هۆكاری كشانەوەی بوو لە چەندین رێككەوتنی نێودەوڵەتی دیكە، وەك رێككەوتنی پاریسی تایبەت بە ژینگە؟
- بەڵێ، هۆكارەكە ئەو بەرنامە پۆپۆلیستیە بوو كە ترەمپ لە سەروەختی هەڵبژاردنەكاندا خستیەڕوو كە دروشمی ئەوەی بەرز دەكردەوە كە دەبێت ئەولەوییەتی یەكەم بۆ ئەمریكا بێت و بایەخی نەدا بە هاوكاریكردن لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوە بوو لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە، هەروەها لە رێككەوتنی پاریس، بە هەمان شێوە لاوازكردنی ناتۆ، هەروەها لە رێككەوتنی شەراكەتی هەردوو بەرەی ئەتڵەسی كشایەوە، كە ئەمە رێككەوتنێكی ئابووری بوو بۆ ئیحتیواكردنی دەستڕۆیشتوویی چین. كەواتە دەتوانین بڵێین ترەمپ پلانێكی جێگیری نییە بۆ هەنگاوەكانی داهاتووی، مەبەستم ئەوەیە كاتێك لەم رێككەوتنانە دەكشێتەوە ئەوا تەنیا دەكشێتەوە بە بێ ئەوەی رێككەوتنێكی بەدیل پێكبهێنرێت. هەر ئەمەش هۆكاری بوونی ناجێگیرییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا بەگشتی.
* مەسەلەیەكی دیكە كە جێی سەرنجە و پەیوەستە بە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپەوە بریتییە لە بەكارهێنانی فشاری ئابووری وەك ئامرازێك بۆ ئەنجامدانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكەی، تێڕوانینی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟
- ئەوەی بەدی دەكەین، ئەوەیە كە زۆربەی ئابووریناسان هاوڕا نین لەگەڵ ئەو شەڕە بازرگانییەی ترەمپ بەرپای كردووە، ئێمە نموونەی مێژووییمان هەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سییەكان كە شەڕی بازرگانی، ستراتیژێكی ژیرانە نەبوو و سەركەوتنی تێدا بەدی نەهات، ئەوەتا ئێستا كێشە بۆ جووتیارانی ئەمریكا دروست بووە، بەهۆی لەدەستدانی بازاڕی ساغكردنەوەی كاڵاكانیان لە چین و شوێنەكانی دیكە. كەواتە گرتنەبەری ئەم رێچكەیە لە رووی ئابوورییشەوە یارمەتیدەر نییە. تێڕوانینی من ئەوەیە كە ترەمپ دەیەوێت وڵاتانی دیكە بترسێنێت، لە كاتێكدا وڵاتانی یابان و یەكێتیی ئەوروپا و وڵاتانی دیكە نایانەوێت بترسێندرێن. چونكە ئەمە تەنیا شەڕی بازرگانی نییە لەگەڵ چیندا، بەڵكو لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیكەشدایە. لەم روانگەیەوە پێموایە سیاسەتەكانی ترەمپ لەسەر راستییەكانی سەر ئەرزی واقیع بنیاد نەنراون، بەڵكو لەسەر بنچینەی جیهانێك داڕێژراون كە لە خەیاڵی خۆیدا دروستی كردووە. لە دەرئەنجامدا چەندین سیاسەتیان پیادە كردووە كە دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە و نەیانتوانی پشتیوانی لە جیهاندا بۆ ئەم سیاسەتانە دەستەبەر بكەن.
* باشە پێشبینییەكانت چین بۆ ئەو كاردانەوەی لە بەرامبەر ئەم ستراتیژیەت و سیاسەتەدا دروست دەبن؟
- ئێمە حاڵی حازر كاردانەوەمان بەدی كردووە، وەك دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی كۆنگرێس و پێموایە ئەگەر ترەمپ لەسەر سیاسەتەكانی بەردەوام بێت، پارتی كۆمارییەكان رووبەڕووی چەندین شكستی هەڵبژاردن دەبنەوە. هەروەها ئەو جۆرە سیاسەتە چەندین دەرئەنجامی نەرێنیی ئابوورییان لێدەكەوێتەوە لەسەر جووتیارانی ئەمریكا و ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2020، مەبەستم ئەوەیە ئەم سیاسەتانەی ئەمریكا رەنگدانەوەی لەسەر ناوخۆ دەبێت و كاریگەریی دەبێت لەسەر كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا. چونكە ئێستا ناڕەزایبوونێكی زۆر هەیە و ئاستی جەماوەری ترەمپیش داكشاوە.
* ئەی پێتوایە ئەم هەڵبژاردنانەی كە ئەنجام دران كاریگەرییان دەبێت لە سەر سنوورداركردنی رەوتی تاكلایەنانەی ترەمپ لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا؟
- نەخێر، كاریگەریی نابێت، لەبەر ئەوەی لە سیستمی حوكمڕانی ئەمریكادا، سەرۆك دەسەڵاتێكی زۆری هەیە بۆ هەڵسووڕاندنی كاروباری دەرەكی، راستە كۆنگرێس دەتوانێت دانیشتن بكات و دەست بە لیكۆڵینەوە بكات، بەڵام ناتوانێت ترەمپ ناچار بكات بۆ ئەوەی بە رەوتێكی جێگیر هەڵسوكەوت بكات. بەڵام ئەگەر سیاسەتەكانی لە ئاست ناوخۆدا سنووردار بكات، واتە ئەگەر ترەمپ هەوڵی كەمكردنەوەی بودجەی تەرخانكراو بۆ چاودێریی تەندروستی بدات، یان هەوڵی كەمكردنەوەی باج لەسەر دەوڵەمەندەكان بدات، ئەوا ئەمە روونادات لە ئێستادا، لەبەر ئەوەی دیموكراتەكان دەتوانن رێگە لە تێپەڕاندنی بگرن لە ئەنجومەنی نوێنەراندا. هەروەها دیموكراتەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانن بانگەشەكانی بوونی گەندەڵی – وەك ئەوەی پەیوەستە بە دارایی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەوە- بورووژێنن، كە تا ئێستا كۆمارییەكان پەردەپۆشیان كردووە.
* وەك شارەزایەكی سیاسەتی ئەمنی، ئایا پێتوایە سیاسەتەكانی ترەمپ بە شێوەیەكی حەتمی سەردەكێشن بۆ سەرهەڵدانی ململانێی نێوان هێزە مەزنەكانی جیهان؟
- ئێستا ئێمە سەرهەڵدانەوەی ئەم ململانێیە بەدی دەكەین، ئەوەتا ئەمریكا و چین ململانێی یەكتر دەكەن لەسەر درێژكردنەوەی دەستڕۆیشتووییان، كە پێموایە چین براوەیە تێیدا، ئەوەتا رووسیاش هەوڵی بەهێزكردنی پێگەی خۆی دەدات، یەكێتیی ئەوروپاش دەیەوێت رۆڵێكی زیاتر ببینێت، چونكە ترەمپ نایەوێت كاریان لەگەڵدا بكات. دواتر من باوەڕم وایە گەورەترین كێشەی ئێستای جیهان سەرهەڵدانەوەی پۆپۆلیزم و كاندیدە پۆپۆلیستییەكانە، ئیدی لە هەنگاریا بێت، یان بەڕازیل، كە هەموویان هاوشێوەی ترەمپن، ئەمەش پەرەسەندنێكی ئەرێنی نییە. چونكە ئەم كەسانە كار لەسەر ترس دەكەن و ئۆباڵی دروستبوونی كێشەكان دەخەنە ئەستۆی كەمینە و كۆچبەران و لایەنە دەرەكییەكان.
* باشە تا چەند هەڵكشانی پۆپۆلیزم بۆتە هۆی دروستبوونی مەترسی لەسەر دیموكراسی لە جیهاندا؟
- ئێمە دەزانین دروستبوونی پۆپۆلیزم لە هەندێ شوێنی جیهان بۆتە هۆی پێچەوانەبوونەوەی رەوتی بە دیموكراسیبوون، تۆ بڕوانە پۆڵەندا، كە هەنگاوێكی باشی بڕیبوو لە بەرەوپێشچوونی دیموكراسیدا، بەڵام ئێستا حكومەتێكی توندڕەو و موحافیزكاری هەیە كە ئازادیی رۆژنامەگەری و دەسەڵاتی دادوەری لاواز كردووە. واتە لە بنەڕەتدا ئەم رەوتە پۆپۆلیستیانە نەك پشتیوانی لە دیموكراسی ناكەن، بەڵكو دژ بە دیموكراسین.
* لەلایەكی دیكەوە باس لەوە دەكرێت كە ئەمریكا خۆی بە دوور گرتووە لە هەندێ ناوچەی گرنگی ستراتیژی و ئەمەش بۆتەهۆی ئەوەی گۆڕەپانەكە بۆ هەندێ هێزی جیهانی چۆڵ بكات كە ئەو بۆشاییەیان پڕكردۆتەوە، بە چەشنی دەستڕۆیشتوویی رووسیا لە سووریا، لێكدانەوەی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە راستە، چونكە بێگومان هەڵوێست و سیاسەتەكانی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پێگەی ئەمریكای لە ئاسیا لاواز كردووە و لەم رووەوە گۆڕەپانەكەی بۆ چین چۆڵ كردووە. بە هەمان شێوە هەڵوێست و بڕیارەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ئەم دەرئەنجامەی لێكەوتۆتەوە، وەك بڕیاری كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران و پشتیوانیكردنی تاكلایەنانەی ئیسڕائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس و كشانەوەی لە هەموو هەوڵەكانی لێكنزیكردنەوەی ئیسڕائیل و فەلەستین. كەواتە ئەوەی بەدی دەكەین بریتییە لە دەستهەڵگرتنی ئەمریكا لە بەرپرسیارێتییەكانی بۆ مامەڵەكردنێكی بنیادنەرانە لە زۆرێك لە ناوچەكانی جیهاندا. تاكە كارێكی ئیجابی كە ئەنجامی دابێت، هاوكاریكردنێتی لە تێكشكاندنی داعشدا، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هەر كاتێك داعش ریشەكێش كرا، ئەوا ئەمریكا دەكشێتەوە، بەڵام كاتێك تۆ دۆخێكی پڕ لە پشێوی جێ دەهێڵێت، ئەوا جارێكی دیكە دادەڕووخێت.
Top