د. ئەحمەد سەفار پەرلەمانتاری عێراق بۆ گوڵان: چۆن دەبێت د.عادل عەبدولمەهدی و كابینە تازەكەی بودجەی حكومەتێكی بێ بەرنامە جێبەجێ بكەن؟ بودجەی 2019ی عێراق بۆ سزادانی خەڵكی كوردستان و عێراق داڕ
November 21, 2018
دیمانەی تایبەت
بودجەی 2019ی عێراق جگە لەوەی گوزارشت لە بەرنامەو پڕۆگرامی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی ناكات، هەمان ئەو بودجەیەی حەیدەر عەبادییە كە بۆ دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان و قووڵكردنەوەی قەیرانی دارایی هەرێم داڕێژدرابوو. كە پێشێلكاریی دەستووریی دەرهەق بە كوردستان تێدایە و هێنانی بۆ پەرلەمان ناڕەزایەتی سەرجەم پێكهاتەكانی لێكەوتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر دواپێشهاتەكانی ئەم پرسە و هەڵسەنگاندنی پڕۆژە یاسای بودجەكە؛ ئەم دیدارەمان لەگەڵ دكتۆر ئەحمەد سەفار پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان سازدا.* وەكو پەلەمانتارێكی عێراق و پسپۆڕ و شارەزایەكی ئابووری هەڵسەنگاندنت لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2019ی عێراق چییە؟ ئایا ئەو بودجەیەی كە لەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەری حەیدەر عەبادی دانراوە بۆ قۆناغی ئەمڕۆی عێراق دەگونجێت؟
- بودجەی 2019ی عێراق كە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئامادەكراوە، كۆپییەكی خراپی بودجەی 2018یە، كە ئەو كاتە دۆخێكی نائاسایی هەبوو بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئەو كاتە عەبادی ویستی بودجە وەك چەكێك بەكار بهێنێت بۆ قووڵكردنەوەی قەیرانی دارایی كوردستان و سزادانی خەڵكی كوردستان. ئەمڕۆ قۆناغەكە گۆڕاوە، داعش نەماوە و پەیوەندییەكانی كوردستان و عێراق ئاسایی بۆتەوە و ئێمە چووینەتە بەغدا كاری خۆمان دەكەین و بەشداری لە حكومەت دەكەین. هەروەها ئێستا كێشەكانی عێراق گۆڕاون و تەحەددییەكانی پێشووی بەردەم عێراق جیاوازن و پەیوەست نین بە لایەنی ئەمنییەوە، بەڵكو پەیوەندیدارن بە كەمیی خزمەتگوزاری و نەبوونی هەلی كار و لاوازبوونی كەرتی ئابووری. كەواتە ئەو بودجەیەی كە دادەنرێت دەبێت گوزارشت بێت لەم واقیعە، چونكە دەبێت بودجە گوزارشت بێت لە بەرنامە و رەوتی كاركردنی حكومەت كە عادل عەبدولمەهدی بەرنامەی حكومەتەكەی كە لە 120 لاپەڕە پێكهاتووە و پێشكەشی پەرلەمانی كردو ئێمەش دەنگمان لەسەر دا، كە بۆ ماوەی چوار ساڵ لە 2018وە بۆ 2022 كە دەبێت هەر ساڵێك پلانی ئەدا دابنرێت و دەبێت بودجەی هەر ساڵێكیش بە چەشنێك بێت بەشێكی ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكات. باشە چۆن دەبێت بودجەی حكومەتێكی دیكەی بێ بەرنامە بهێنێت و بیەوێت جێبەجێی بكات؟ لەبەر ئەوە تێگەیشتنێك لە نێوان پەرلەمانتارەكانی ئێمە و عەرەبەكانیش دروست بوو كە دەبێت ئەو بودجەیە بگەڕێتەوە بۆ حكومەت بۆ ئەوەی بودجەیەك دابڕێژدرێت كە دەربڕی بەرنامەكەی خۆی بێت. ئەوە بوو كاتێك بودجەكە نێردرایە پەرلەمان سەرجەم پەرلەمانتارانی عەرەب و بەتایبەتی پەرلەمانتارانی كورد هەوڵماندا ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجەكە گفتوگۆی لەسەر نەكەین و بیگەڕێنینەوە بۆ حكومەت، بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێت پڕۆژەیەكی نوێ بۆ بودجە ئامادە بكات كە گوزارشت لە بەرنامەو پڕۆگرامی خۆی بكات، بەڵام حكومەت راوبۆچوونێكی وابوو لەبەر كەمی كات ناكرێت بودجەكە بگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەت.
* باشە ئەگەر لەناو پەرلەماندا كۆدەنگیی لەسەر خراپیی بودجەكە هەبوو، بۆچی پڕۆژە یاساكە بۆ حكومەت نەگەڕێندرایەوە، تاوەكو حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی خۆی چارەسەری كەموكورتییەكان و تێبینییەكان بكات؟
- وەكو ئاماژەم پێدا حكومەت راوبۆچوونی وابوو لەبەر كەمیی كات ناكرێت بودجەكە بۆ حكومەت بگەڕێندرێتەوە، تەنانەت كاتێك جەنابی وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ شاندێكی وەزارەت لەبەردەم پەرلەماندا ئامادەبوون كە سەرۆكی بانكی ناوەندیشی لەگەڵدا بوو، گفتوگۆ كرا لەسەر دامەزراندنی هەردوو لێژنەی پەرلەمانی و حكومەت، هەربۆیە پەرلەمان و حكومەت لەسەر ئەوە رێككەوتن كە دوو لێژنەی تایبەتمەند لە پەرلەمان و حكومەت دابمەزرێنن و گفتوگۆ لەسەر داخوازی و تێبینییەكانمان بكەن و بۆ چارەسەركردنی ئەو بڕگەو بابەتانەی كە ناكۆكی لەسەرە دەست بە دانوستاندنەكانیان بكەن، هەر كاتێكیش داواكاریی ئێمەی پەرلەمانتاران لەبەرچاو گیرا، ئەوا پڕۆژەكە لە ناو هۆڵی پەرلەمان قۆناغە یاساییەكانی خۆی دەبڕێت و ئەو كات پڕۆژە یاسای بودجەی 2019ی عێراق دەبێتە یاسا و پەسەندی دەكەین، بەپێچەوانەوە ئەگەر تێبینی و داواكارییەكانی ئێمەی پەرلەمانتاران رەچاو نەكرا، ئەوا مومكین نییە ئێمەی پەرلەمانتاران رەزامەندی لەسەر دەركردنی پڕۆژە یاسایەك بدەین كە سزای خەڵكی كوردستان و عێراق دەدات.
* ئاماژەت بە خراپیی پڕۆژە یاسای بودجەكە كرد؛ بەتایبەتی كە بۆ دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان و بچووككردنەوەی قەبارەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم دانراوە؛ ئایا جگە لە كەمكردنەوەی پشكی كورد لە بودجەكەدا خاڵە نەرێنییەكانی دیكەی ئەم بودجەیە بۆ هەرێمی كوردستان چییە؟
- لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2019ی عێراقدا خاڵی سلبی و كەموكوڕتی زۆری بەگشتی بۆ عێراق و بەتایبەتی بەرامبەر هەرێمی كوردستانی تێدایە، وەك زیادكردنی خەرجییە سەروەرییەكان. هەروەها ئەوەی بۆ ئێمەی كورد جێگای هەڵوەستەیە كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجەكە لە 17%ەوە بۆ لە 12.67%، هەروەها لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2019ی عێراقدا بەهیچ شێوەیەك باسی پێشمەرگە و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و خانەوادەی ئەنفالكراوانی نەكردووە، بەشێوەیەكی گشتی بودجەكە نەك تەنیا رەچاوی مافە دارایی و ئابوورییەكانی كوردی نەكردووە، بەڵكو رەچاوی مافەكانی هەموو میللەتی عێراقیشی نەكردووە، لەكاتێكدا لە عێراقیشدا كێشەكانی خزمەتگوزاریی و ئابووری وەكو عەرەب دەڵێت كێشەی زەق و ترسناكن.
* پێشتر لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ گوڤارەكەمان ئاماژەت بەوە كرد، ئەگەر بودجەكە بۆ پەرلەمان بەرزیش بكرێتەوە، ئەوا سەرەتا بۆ لێژنەی دارایی پەرلەمان دەنێردرێت، ئایا نوێنەرانی كورد بەتایبەتی لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو ئەو لێژنەیەدا دەتوانن رۆڵی خۆیان لە چارەسەركردنی كەموكورتییەكاندا بگێڕن؟
- سەرەتا دەمەوێت ئەوە روون بكەمەوە كە دانانی سەرۆكایەتیی لێژنەكانی ناو پەرلەمان واتا (سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر)ی لێژنەكانی ناو پەرلەمان، پەیوەندی بەو پۆستە وەزارییانەوە هەیە كە پارتە سیاسییەكان وەكو ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن پێیان راسپێردراوە، واتا نابێت فراكسیۆنێك وەزارەتێكی دیاریكراوی لەناو حكومەت پێ راسپێردرابێت، لە پەرلەمانیش سەرۆكایەتی لێژنەی پەیوەنداری پێ راسپێردرێت، بەو پێیە پارتی لە حكومەتی عێراقدا پۆستی وەزیری دارایی وەرگرتووە هەر بۆیە لە پەرلەمان سەرۆكایەتیی لێژنەی دارایی پێ نادرێت، بەڵام خۆشبەختانە ئەم لێژنەیەی لە پەرلەمان بۆ بودجە دادەنرێت جیاواز دەبێت و كۆمەڵێك پەرلەمانتاری تایبەتمەند لەخۆدەگرێت. لێرەدا پێویستە ئەركی پەرلەمان لە پرسی بودجەدا بزانین كە لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە پشكی هەرێمی كوردستان زیاد و كەم بكات، بودجە بە خولی خۆیدا تێپەڕ دەبێت كە 4 قۆناغی (ئامادەكردن و داڕشتن، پەسەندكردنی وەك یاسا، جێبەجێكردن، چاودێری و بەدواداچوون)ە، كە لە دواقۆناغدا واتا لە حیساباتی ختامی لە كۆتایی ساڵدا لێكۆڵینەوە لەسەر رێژەی جێبەجێكردنی بودجەكە دەكرێت، پەرلەمان تەنیا دەسەڵاتی گواستنەوە و جێگۆڕكێی بڕە پارە تەرخانكراوەكانی هەیە لە بڕگەیەكەوە بۆ بڕگەیەكی دیكە، هەرچۆنێك بێت تێبینی و بۆچوونەكانی خۆمان دەگەیەنینە حكومەت تاوەكو لەبەرچاو بگیرێت.
* لە دوادانیشتنی پەرلەماندا جگە لە پرسی بودجە چەند بابەتێكی دیكەی تایبەت بە بانكی ناوەندی و سیاسەتی فرۆشتنی دۆلار و یەدەگی دراوی بیانی و پرسی بازگە گومركییەكانی نێوان پارێزگاكانی هەرێم و عێراق تاوتوێ كرا، ئایا دواگفتوگۆكانی ئەو پرسانە لەپەرلەماندا بە گوێ گەیشتن؟
-گرفتی دانانی بازگە گومركییەكانی حكومەتی بەغدا لەسەر رێگاكانی نێوان پارێزگاكانی موسڵ و دهۆك و هەولێر و كەركووك و سلێمانی، یەكێكە لەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و ناوەندا سەریان هەڵداوە، ئەگەرچی لە پەرلەمان بڕیاری هەڵگرتنی ئەو بازگە گومركییانەی نێوان هەرێم و ناوچەكانی عێراق دراوە، بەڵام حكومەتی عێراق چەند مەرجێكی بۆ هەڵگرتنی ئەم بازگە گومركییانە داناوە، لەوانە یەكخستنی رسوماتە گومرگییەكانی دەروازە سنوورییەكانی كوردستان لەگەڵ تەواوی رسوماتەكانی دەروازە سنوورییەكانی ناوچەكانی دیكەی عێراق. لەلایەكی ترەوە هەر لەو دانیشتنەی پەرلەماندا كە بانگهێشتی عەلی موحسین ئەلعەلاقی پارێزگاریی بانكی ناوەندی (بە وەكالەت) كرابوو، بەڕێزیان لەگەڵ ژمارەیەك راوێژكار و بەرپرسی بانكەكە ئامادە بوون بۆ روونكردنەوەی سیاسەتی نەختینەیی و دانانی ناوی خۆی لەسەر چاپی نوێی دراوی عێراق. كە جگە لەوەی ناوبراو بەوەكالەت پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراقە، بەپێی عورف و رێوشوێنە پەیڕەوكراوەكانیش لەعێراقدا نەدەبوو ناوی خۆی لەسەر چاپی نوێی دیناری عێراقی دابنایە، لەو دانیشتنەدا جگە لەم پرسە چەندین پرسیاری دیكەی لێكرا، كە ئەمڕۆ لە شەقامی عێراقیدا مشتومڕێكی زۆری لەسەرەو باس لە گەندەڵییەكی گەورە دەكرێت لە پرۆسەی فرۆشتنی دۆلاری ئەمریكی، تەنانەت ئەو میكانیزمەی بۆ ئەم فرۆشتنە پەیڕەو دەكرێت، روون و ئاشكرا نییە و گومانی ئەوە هەیە پارەیەكی زۆری عێراق بەفیڕۆ درابێت، ئەمەو گەلێك پرسیاری دیكە لە پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق بەوەكالەت كرا، بۆ نموونە لەسەر بانكە ئەهلییەكان كە لەژێر چاودێریكردندان. هەروەها پرسیارەكان پەیوەست بوون بە یەدەگی دراوی بانكی ناوەندی چەندەو چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، هەروەها لە بودجەكەدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 56 دۆلار خەمڵێندراوە، لەكاتێكدا لەبازاڕە جیهانییەكاندا لەنێوان 75 بۆ 80 دۆلارە، كە ئێمەی پەرلەمانتاران پێمان باشە ئەو 56 دۆلارە كەمتریش بكرێتەوە. كە زیادەكەشی دەخرێتە سندوقێكەوەو وەكو بودجەیەكی بچووكی تەواوكاری مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و رەنگە لەكاتی داشكانی نرخی نەوتدا بەكاربهێنرێتەوە، بەڵام زۆر گرنگە ئەو زیادەیە بۆ وەزارەتەكان نەگەڕێندرێتەوە و وەكو یەدەگ یان بودجەیەكی تەواوكاری هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێت، لەم روانگەیەوە لەم خولەی پەرلەماندا پرس و كێشە ئابووری و داراییەكان لە ریزبەندی پێشەوەی ئەو پرسانە دەبێت كە ئەركی سەرشانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدیی قورس دەكات و پێویستی بە چارەسەركردنی خێرا دەبێت.