ئایدن مەعروف پەرلەمانتاری كوردستان لەسەر لیستی بەرەی توركمانی بۆ گوڵان: پێویستە ئەو لایەنانەی بەشداری حكومەت دەكەن، بەرپرسیاریەتیی باش و خراپ لەئەستۆ بگرن

ئایدن مەعروف پەرلەمانتاری كوردستان لەسەر لیستی بەرەی توركمانی بۆ گوڵان: پێویستە ئەو لایەنانەی بەشداری حكومەت دەكەن، بەرپرسیاریەتیی باش و خراپ لەئەستۆ بگرن
ئاشكرایە كە گفتوگۆكانی نێوان حزبە سیاسیەكان بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی 9ی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەرموگوڕیی زیاتر بە خۆیانەوە دەبینن، ئەم پرسە و پرسی چاوەڕوانی و ئومێدەكان لە پەرلەمانی ئێستا و لەو حكومەتەی پێكدەهێندرێت و بەشداری پێكهاتەكان تێیدا، بەتایبەتی پێكهاتەی توركمان بوونە تەوەری گفتوگۆی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ ئایدن مەعروف ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی بەرەی توركمانی.
* سەرەتا دەمانەوێت بزانین چ خوێندنەوەیەكتان بۆ گرنگیی بەشداریی پێكهاتەی توركمان لە پڕۆسەی سیاسی و پەرلەمان و حكومەتی كوردستاندا هەیە؟
- توركمانەكان پێكهاتەو فاكتەرێكی گرنگن لە هەرێمی كوردستان كە بەشدارییان كردووە لە پڕۆسەی سیاسی و بەشدارن لە پەرلەمانی كوردستان و هەبوونی ئێمە وەكو توركمان لە هەموو روویەكەوە واتە لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە بۆ كوردستان گرنگە. هەر بۆیە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی گرینگی بە توركمان و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان بدات، بۆ ئەوەی بتوانرێت پێكەوە ژیانێكی جوان دروست بێت كە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكی كوردستاندا بێت. ئێمە وەكو توركمان بەشدارین لە پەرلەمان و لە پڕۆسەی سیاسی و یاسادانان لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئەمجارە دەمانەوێت بەشێوەیەكی كاراتر بەشدار بین، تاوەكو بتوانین بە شێوەیەكی راستەقینە نوێنەرایەتیی خۆمان بكەین لە هەرێمی كوردستان. چونكە هەروەك ئاماژەم پێكرد، توركمان پێكهاتەیەكی گرنگە لە كوردستاندا و هەمیشە لەگەڵ پێكەوەژیان و ئاشتیدا بووە لە كوردستاندا و هیچ كاتێك جێی مەترسی نەبوون لەسەر هەرێمی كوردستان و لەسەر عێراقیش. واتە هەموو كات لەگەڵ دیالۆگ و ئاشتیدا بووین. لە ئێستادا كە كابینەی 9ی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنرێت، ئێمەش دەمانەوێت بە شێوەیەكی كارا بەشدار بین، واتە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمی كوردستان بۆ ئێمە زۆر گرنگە و دەمانەوێت وەكو توركمانیش بیپارێزین و لە حكومەت و پۆستە سیادییەكان و بڕیارە گرنگەكانیش بەشدار بین. بۆ ئەمەش داواكاری ئێمە ئەوەیە یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهاتەی توركمان بێت، كە ئەمە دەبێتە پاڵپشتێكی گەورە بۆ ئێمە. هەروەها داواكارین حكومەتێك لە هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت بە بەشداریكردنی هەموو حزبە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستان، هەر یەكەو بەپێی ئەو دەرئەنجامەی لەهەڵبژاردن بەدەستی هێناوە. بەڵام نابێت، بەشداریكردنی پێكهاتەكان لەسەر بنەمای ژمارەی كورسیی هەڵبژاردن بێت، چونكە بەشداریپێكردنی پێكهاتەكان (توركمان و كلدان و ئاشووری و سریانی) بەپێی ئیستیحقاقی نەتەوەییە. كە ئەمە لە حكومەتی عێراقیش هەروایە. لەلایەكی دیكەوە ئێمە دەمانەوێت وەزارەتێك، یان دەستەیەك لە حكومەتی ئەمجارەی هەرێمی كوردستان بۆ توركمان و پێكهاتەكان هەبێت، بە ناوی كاروباری پێكهاتەكان كە بەمەش زیاتر سەقامگیریی سیاسی و پێكەوەژیان و ئاشتی لە هەرێمی كوردستان دێتەدی و گەشەدەكات.
* كابینەكانی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بنكەفراوان بوون و كێشەوگرفتیان زۆر بوو، تا ئاستێكیش دەتوانین بڵێین سەركەوتوو نەبوون، هەر بۆیە ئاماژە و بەرنامەیەك لە هەرێمی كوردستان هەیە كە كابینەی 9ی حكومەتی كوردستان بچووك دەكرێتەوە و بنكەفراوان نابێت، ئایا بەو جۆرە حكومەتی كوردستان كاراتر و بەهێزتر دەبێت و خەرجی دامودەزگاكان كەم دەبێتەوە؟
- حكومەتی بنكەفراوان لە كابینەكانی رابردوو تاقی كراوەتەوەو سەركەوتوو نەبووە و رووبەڕووی كێشەوگرفتی زۆر بووە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نایەت كە حكومەتی بچووك دروست بكەین، كە یەك لایەن یان دوو لایەن لە حكومەتەكەدا بەشدار بن، بەڵكو حكومەتەكە دەبێت بە شێوەیەك بێت لەگەڵ رەوش و بارودۆخی سیاسیی ئێستای كوردستان بگونجێت، لەلایەكی دیكەوە هەندێ لایەن و حزب هەر لە سەرەتاوە ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان راگەیاندووە، بەڵام پێموایە ئەو لایەنانەی دەیانەوێت لە حكومەت بەشدار بن، ئەوە پێویستە نەك تەنیا بەشدار بن، بەڵكو دەبێت شەریك بن و تا كۆتایی لەگەڵ حكومەتدا بن و بەرپرسیاریەتی باش و خراپ لەئەستۆ بگرن، چونكە بەشداریكردنی لایەنەكان بۆ بەهێزكردنی حكومەت و یەكڕێزیی لایەنەكانە. بۆیە بەشداریی لایەنەكان و لە نێویاندا پێكهاتەكان لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی كوردستاندا وادەكات، زیاتر سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئارامی و پێكەوەژیان و ئاشتی بۆ كوردستان بێتەدی، ئەمەش وادەكات حكومەتی كوردستان بەهێز بێت.
* وەكو دەزانین بەهۆی ململانێ و موزایەداتی سیاسی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كێشەوگرفت زۆر بوو، سەقامگیریی سیاسیش نەبوو، ئایا ئەو بارودۆخە تا چەند كاریگەری لەسەر ئەدای پەرلەمان دروستكرد و تا چەند هۆكاری پەككەوتنی پەرلەمان بوو؟
- بێگومان ئەو ململانێیەی لەناو پەرلەماندا هەبوو، كاریگەری دروست كردبوو، لە هەمان كاتدا ململانێی دەرەوەی پەرلەمانیش رەنگدانەوەی لەسەر پەرلەمان هەبوو. لە ئەنجامدا نەمانتوانی سەقامگیریی سیاسی دروست بكەین، نە لە پەرلەمان و نە لە دەرەوەی پەرلەمانیش. هەر بۆیە بۆ ماوەی دوو ساڵ پەرلەمان و پەرلەمانتاران نەیانتوانی كاری خۆیان جێبەجێ بكەن و نەتوانرا چەندین پڕۆژە یاسای گرنگ پەسەند بكرێت كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بوون، یەكێك لەو پڕۆژە گرنگانە پڕۆژە یاسای چاكسازی بوو.
* ئەم ئومێدو كارانە چین كە لەم خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەتانەوێت كاری لەسەر بكەن، بەتایبەتی ئەو پڕۆژە یاسایانە كامانەن كە لەبەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە و دەتانەوێت بیكەنە ئەولەوییەتی كاری پەرلەمان و تێیپەڕێنن؟
- لەخولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كێشەو گرفتی زۆر لەناو پەرلەمان هەبوو، جگە لەو ململانێ سیاسی و گرفتانە چەندین هۆكاری تریش هەبوو كە كاریگەری خراپی لەسەر كاری پەرلەمانی دروستكردبوو، وەكو:
یەكەم: شەڕی تیرۆریستانی داعش.
دووەم: قەیرانی دارایی و بڕینی بودجەو مووچەی خەڵكی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە.
سێیەم: تێكچوونی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا.
چوارەم: نەبوونی تەوافوق لەنێوان لایەن و حزبەكانی كوردستان.
پێنجەم: هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كە روویان لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان كرد.
بۆیە پەرلەمانی كوردستان بەپێی پێویست كارا نەبوو. بەڵام چاوەڕوانی و ئومێدی ئەوە دەكرێت خولی ئەمجارەی پەرلەمان ئەو پڕۆژە یاسایانەی پێشوو كە ماون تێپەڕێنێت و لایەنەكان بە گیانی تەوافوقەوە كار لەگەڵ یەكتردا بكەن و ململانێ حزبییەكان رێگری دروست نەكەن. وەك پڕۆژە یاسای چاكسازی و هەمواركردنەوەی هەندێ یاسا، وەك یاسای هەڵبژاردنەكان. هاوكات چەندین پڕۆژە یاسای گرنگی دیكە هەیە كە پەیوەستن بە هاووڵاتیان و بە حكومەتی كوردستان و بە كاری رۆژانەوە كە دەبێت بخرێنە نێو كاری پەرلەمان و جێبەجێ بكرێن. لەلایەكی دی ئاماژە و قسە هەیە كە كابینەی 9ی حكومەتی كوردستان بچووك بكرێتەوە لە19وەزارەت بۆ 11وەزارەت ئەمەش پێویستی بە پڕۆژە یاسا هەیە و دەبێت ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان كاری لەسەر بكات. هەموو ئەو كارو پڕۆژە یاسایانەی لە پەرلەمانی كوردستان كاری لەسەر دەكرێت، دەبێت بە تەوافوق و رێككەوتنی نێوان فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بێت و گرنگترین كار لەم خولەدا ئەوەیە كە پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و كارنامەی كاری خۆی بكات و نەكەوێتە ژێر كاریگەری هیچ حزبێكی سیاسی.
* ئەو متمانە زۆرەی كە خەڵكی كوردستان لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستانی داوە، كە وایكرد 45 كورسی بێنێت، ئایا پارتی ناتوانێت لەگەڵ 11 كورسیی كۆتاو پێكهاتەكان و یەك، دوو لایەنی دی حكومەتێكی بەهێز پێكبهێنیت؟
- راستە پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمەو (45) كورسیی پەرلەمانی كوردستانی هێناوە، بێگومان پێكهاتە و كۆتاكانیش (11) كورسییان هەیە، لەلایەكی دی ئێمە وەكو توركمان هیچ كاتێك نامانەوێت ببینە لایەنگر لە نێوان حزبەكان (لە نێوان پارتی و یەكێتی و لایەنە سیاسیەكانی دی)، چونكە ئەگەر ئێمە بووینە لایەنگر لەگەڵ لایەن و حزبێك، ئەوە بۆی هەیە ململانێی زیاتر لەنێوان حزب و لایەنەكاندا دروست بێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ببینە پردێك بۆ چارەسەری كێشەكان لە نێوان حزبەكانی كوردستان، بەتایبەتی بۆ پارتی و یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان. بۆیە دەبێت ئێمە پارێزگاری لە بێلایەنیی خۆمان بكەین لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵك و پەرلەمان و حكومەتی كوردستاندا.
* پێكهاتەكان لە كوردستاندا بەتایبەتی توركمان لەهەموو كایەیەكی ژیانی سیاسی و حكومەتدا بەشدارن و مافیان دراوە، ئەگەرچی بەپێچەوانەوە لەحكومەتی بەغدا بەتایبەتی لەو كابینە تازەی كە دكتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانە، هیچ وەزارەت و پۆستێك بە توركمان و بەپێكهاتەكانی تری وەك كلدو و ئاشوورو سریان نەدراوە، ئایا ئێوە وەك توركمان هەڵوێستیان لەو بارەیەوە چۆنە؟
- بێگومان پێدانی ماف بۆ هەموو نەتەوەو پێكهاتەكان گرینگە. بەڵام بەداخەوە لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا پێكهاتەی توركمان و كلدو و ئاشوورو سریان بەشداریان پێ نەكراوە، ئەمە كارێكی خراپ و دژی بنەماكانی مافی مرۆڤ و دیموكراتییەتە. چونكە توركمان پێكهاتەیەكی دیارو كاریگەر و گرنگە لە عێراقدا و لە دوای نەتەوەی عەرەب و كورد توركمان نەتەوەی سێیەمین لە عێراقدا و لە ئاستی هەرێمی كوردستاندا نەتەوەی دووەمین و لەپاش نەتەوەی كوردین، كەچی لە حكومەتی عێراقدا بێبەش كراوین، دەبێت توركمان لە عێراقدا بەشدار و شەریك و هاوبەشی كارا و راستەوخۆ بێت لە بڕیاری سیاسی و لە پۆستە سیادییەكان.
* یەكێ لەو پێشبینییانەی هەیە ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانە، نێچیرڤان بارزانی رادەسپێرێت بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەی 9ی حكومەتی كوردستان، ئایا ئێوە ئەم كەسایەتییە چۆن دەبینن؟
- رێزدار نێچیرڤان بارزانی كەسایەتییەكی دیار و میانڕەوە و دەتوانێت بە شێوەیەكی دیموكراتی هەڵسوكەوت لەگەڵ هەلومەرجەكەدا بكات و بایەخ بە مافەكانی مرۆڤ و مافی پێكهاتەكان دەدات، هەر بۆیە ئێمە وەكو پێكهاتەی توركمان لێرەدا داواكارین لە بەڕێزیان كە یەكێك لە جێگرەكانی بۆ توركمان بێت، هاوكات ئومێد دەخوازین لەم كابینەیەدا وەزارەتێك بۆ كاروباری پێكهاتەكان زیاد بكرێت، كە پشتیوانیی بەڕێزیان لەم رووەوە گرنگ دەبێت.
Top