د.ڤالا فەرید پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی بۆ گوڵان: لە خولی چوارەمدا پەرلەمان دژایەتیی حكومەتی دەكرد بۆیە سەركەوتوو نەبوو

د.ڤالا فەرید پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی بۆ گوڵان: لە خولی چوارەمدا پەرلەمان دژایەتیی حكومەتی دەكرد بۆیە سەركەوتوو نەبوو
خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بە یەكێك لە خولە خراپ و سەرنەكەوتووەكانی پەرلەمانی كوردستان دادەنرێت، هەر بۆیە خەڵكی كوردستان چاویان لەوەیە كە لە خولی پێنجەمدا هەڵەكانی خولی چوارەم راست بكرێتەوە و پەرلەمان ببێتەوە بەو پەرلەمانە سەقامگیر و ئەكتیڤەی كە بتوانێت یاسا دەربكات و لە نزیكیشەوە چاودێریی حكومەت بكات بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی. د.ڤالا فەرید كە سەرۆكی لیژنەی یاسایی خولی چوارەمی پەرلەمان بووە و لەم خولەشدا جارێكی دیكە بۆ پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوەتەوە، لەم دیمانەی گوڵاندا و لە وەڵامی پرسیارەكاندا هەندێك لایەنی گرنگی روون كردۆتەوە كە بوونەتە هۆكاری ئەوەی پەرلەمان لە خولی چوارەمدا سەركەوتوو نەبێت.
* فراكسیۆنی پارتی كە خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانە گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمانە، پێشبینی و دیدوبۆچوونی ئێوە بۆ ئەدای پەرلەمان لە خولی پێنجەمدا چییە؟
- ئێمە زۆر بە گەشبینیەوە سەیری رۆڵی پەرلەمان لە خولی پێنجەم دەكەین و لەو باوەڕەدام زۆر لە خولی چوارم باشتر دەبێت و دەتوانێت بە رێگەی دەركردنی یاساكانی پەیوەست بە خزمەتگوزاریی زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات و سەركەوتوو بێت لە كارەكانیدا، لەم خولەدا لەبەر ئەوەی ژمارەی كورسییەكانی فراكسیۆنی پارتی زیادی كردووە، ئەوا بێگومان ئەركەكانیشی زیاتر و قورستر دەبن و دەتوانێت لەگەڵ هاوپەیمانەكانی خزمەتی زیاتر بە خەڵكی بكەن.
* ئایا ئێوە وەك فراكسیۆنی پارتی كۆبوونەوەتان لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی كردووە بۆ ئەوەی بزانن دیدوبۆچوونی پارتی بۆ كاری خولی پێنجەمی پەرلەمان چییە؟
- ئێمە تەنیا لە ناو فراكسیۆنی خۆماندا كۆبوونەوەمان كردووە، دیدوبۆچوونی پارتی نەك هەر بۆ ئەم خولە، بەڵكو بۆ هەر چوار خولەكەی پێشووی پەرلەمان روون و ئاشكرا بووە، پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە پەرلەمان ئەكتیڤ بێت و ئەركەكانی خۆی كە بریتین لە یاسادانان و چاودێریكردنی حكومەت و پەسەندكردنی بودجە بە باشی جێبەجێ بكات.
* هەندێك خەڵك باس لەوە دەكەن ئەو ناسەقامگیرییەی پێشتر لە كاری پەرلەمانی كوردستاندا هەبووە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سیستمی هەڵبژاردن كراوەیە، كە ناتوانرێت پێوەری گرنگ بۆ پەرلەمانتار دابنرێت، ئایا پێتوایە یاسای هەڵبژاردنی كوردستان پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە؟
- هەتا ئێستا نازانرێت ئەم یاسایە هەموار دەكرێتەوە و دەكرێتەوە بە شێوازی هەڵبژاردنی داخراو، یان نە، بەڵام وەك رای كەسی خۆم نەك رای پارتی، یان فراكسیۆن، كەسانی دەستەبژێر و پسپۆڕ زۆر كەم دەتوانن لە چوارچێوەی شێوازی هەڵبژاردنی كراوەدا سەركەوتوو بن و بێنە ناو پەرلەمان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەشی زۆری دەنگدەری كوردستان لەسەر بنەمای سۆز دەنگ دەدەن و دەنگ دەدەن بەو هونەرمەند و راگەیاندكارانەی كە زیاتر دەردەكەون و كەمتر دەنگ بە كەسێكی پسپۆڕ، یان مامۆستایەكی زانكۆ دەدەن، بۆیە پێموایە بۆ ئێستا لەوانەیە باشترین چارەسەر ئەوە بێت كە سیستمەكە بكرێت بە نیمچە كراوە، واتە 50% كراوە بێت و پەرلەمانتارەكان راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە دەنگیان پێ بدرێت، 50%ی دیكەشی حزب خۆی خەڵكانی پسپۆڕ و تایبەتمەند دەستنیشان بكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لیژنەكانی پەرلەمان پێویستیان بە خەڵكانی پسپۆڕ و تایبەتمەند لە هەموو بوارەكاندا هەیە، بەم شێوازەش دەتوانرێت هاوسەنگی لەنێوان هەردوولادا رابگیرێت.
* بۆچوونێك هەیە كە پێیوایە یاسای پارتە سیاسییەكان پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، ئایا بە رای تۆ تاچەند ئەمە پێویستە؟
- هەموو یاسایەك رەنگدانەوەی ئەو كاتەیە كە یاسایەكەی تێدا دەركراوە، ئەوجا لەبەر ئەوەی كۆمەڵگە و ژیانیش بەردەوام لە پێشكەوتندایە و گۆڕانكاری بەسەردا دێت، ئەوا ئەم گۆڕانكارییە كاریگەری لە سەر حزبەكانیش دەبێت و ئەوانیش بەشێكن لەم كۆمەڵگەیە، هەر بۆیە یاسای پارتە سیاسییەكانیش وەك هەر یاسایەكی دیكە رەنگە پێویستی بە هەمواركردنەوە هەبێت، بۆ ئەوەی هاوشانی گۆڕانگارییەكانی كۆمەڵگە بڕوات.
* لە خولی پێشووشدا كارت لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان كردووەو ئاگاداری ئەو پرۆژە یاسایانەیت كە لە خولی پێشوو نەتاتنوانیوە دەنگی لەسەر بدەن، ئایا ئەو پرۆژە یاسایانە چین كە دەبێت لەم خولەدا پەلەی لێ بكرێت؟
- من لە خولی پێشوودا سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمان بووم، بەشێكی زۆر لە پرۆژە یاساكان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هەر پرۆژە یاسایەك خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، یاسایەكی دروست بێت، یان پێویست بن كە ببن بە یاسا، ئەو حاڵەتە خراپەی خولی چوارەم دروستی كرد، ئەوە بوو پەرلەمان لەلایەك بوو، حكومەت لەلایەكی دیكە بوو، پەرلەمان دژایەتیی حكومەتی دەكرد، بۆیە كاتێك پەرلەمان دەتوانێت سەركەوتوو بێت كە هاوكار و هەمانگ بێت لەگەڵ حكومەتدا، بەڵام كاتێك پەرلەمان دژایەتیی حكومەت بكات و بە دوژمنی خۆی بزانێت، ئەوا ئەو پەرلەمانە بە هیچ جۆرێك سەركەوتوو نابێت، ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە خولی چوارەم سەركەوتوو نەبوو. هەر بۆیە ئەو كەلێنە گەورەیەی پەرلەمان لەگەڵ حكومەت دروستی كرد، لەلایەك بووە هۆكاری ئەوەی نەتوانێت ئەدای خۆی بە سەركەوتوویی ئەنجام بدات، هەمیش هاووڵاتیان زەرەریان كرد. لەم چوارچێوەیەدا پەرلەمان دەستی بۆ یاسای ئەوتۆ دەبرد كە ناتوانێ وەك پەرلەمان بە بێ هاوكاریی حكومەت دەستیان بۆ بەرێت، هەر بۆ نموونە پەرلەمانتار بۆی نییە بە بێ رەزامەندیی حكومەت پرۆژە یاسایەك بۆ زیادكردنی مووچە پێشكەش بكات، لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە یاسایانە شێوازێكی داراییان هەیە و پەیوەستن بە حكومەت و بودجەكەی بەردەستی، بۆیە ئەگەر حكومەت ئەو ئیمكانیەتەی لەبەر دەست نەبێت، ئەو یاسایە ئاستەنگ بۆ حكومەت دروست دەكات، لێرە ئەگەر وەك نموونە باس لە پەرلەمانی بەریتانیا بكەین، دەبینین 90%ی ئەو یاسایانەی كە دەریدەكەن لە حكومەتەوە بۆیان دەنێردرێت، بۆیە كە یاساكان دەردەكەن، حكومەت بە رێكوپێكی و سەركەوتوویی جێبەجێیان دەكات. بەو پێیەی من سەرۆكی لیژنەی یاسایی بووم لە خولی پێشوو، راستە پرۆژە یاسای زۆر ماونەتەوە، بەڵام بە بۆچوونی من ئەو پرۆژە یاسایانە مەرجی بوون بە یاسایان تێدا نییە.
* كارێكی زۆرتان لەسەر پرۆژەی چاكسازیی ئیداریی بنەڕەتی كردووە، ئەم پرۆژەیە، پرۆژەیەكی هاوبەشی پەرلەمان و حكومەت بووە، ئایا ئەم پرۆژەیە لەم خولەدا دەبێتە یاسا بۆ ئەنجامدانی ئەو چاكسازییانەی كە پێویستن لە حكومەتدا بكرێن؟ ئایا ئەو بوارە گرنگانەی ئەم پرۆژە یاسای چاكسازییە دەیگرێتەوە چین؟
- تەنیا پرۆژە یاسایەك كە زۆر بەپەرۆش بووم بۆی و لە خولی چوارەم نەتوانرا بكرێت بە یاسا، پرۆژە یاسای چاكسازیی كارگێڕی بوو كە لەلایەن حكومەتەوە نێردرابوو بۆ پەرلەمان، ئەم پرۆژەیە ئەگەر ببوایە بە یاسا، دەتوانرا بەم یاسایە چارەسەری خەڵكی نایاسایی بكەیت، هەروەها دەتوانرا چارەسەری پاشەكەوتی فەرمانبەران بكرێت و مووچەكەیان ئاسایی ببێتەوە، لەمەش زیاتر لە رێگەی ئەم یاسایەوە زۆر كێشەی گەورە چارەسەر دەكران، بەڵام چەند لایەنێك كە پێویست ناكات ناویان بهێنم و خەڵكی كوردستان خۆیان باش دەزانن، ئاستەنگیان دروست كردو نەیانهێشت ئەو یاسایە تێپەڕێندرێت.
* تاچەند پەرلەمان لە گەڵاڵەكردنی ئەو پرۆژەیەدا هاریكاری حكومەت بوو، چونكە هەندێك وەك پرۆژەی هاوبەشی پەرلەمان و حكومەت ناوی دەبەن؟
- ئەو پرۆژەیە تەنیا پرۆژەی حكومەت بوو، پەرلەمان لە خولی چوارەمدا زۆر زۆر باسی چاكسازی دەكرد، بەڵام نەیتوانی پرۆژەیەك ئامادە بكات، بۆیە باشترین پرۆژەی چاكسازی كە حكومەت توانی پێشكەشی بكات، ئەم پرۆژەیە بوو كە هاتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كرا، بەڵام نەتوانرا بكرێت بە یاسا، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم یەكێك لە كارە هەرە لە پێشەكانی فراكسیۆنی پارتی لە خولی پێنجەمدا هەوڵدان دەبێت بۆ دەركردنی یاسای چاكسازیی كارگێڕی، بەمەش پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران كۆتایی دێت و ئەو بارودۆخە نایاساییەش كۆتایی دێت كە بەشێك لە خەڵك هەتا ئێستا لێی سوودمەند بوون.
* هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كارێكی دیكەی خولی پێشووی پەرلەمانەو ئەویش دەنگی لەسەر نەدراوە، ئایا گرنگیی ئەم یاسایە بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان چییە و تاچەند زەروورە پەلە لە هەمواركردنەوەی بكرێت؟
- ئەم یاسایە دەنگی لەسەر دراوەو لە ئێستادا یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2006 یاسایەكی بەركارە و جێبەجێ دەكرێت، سەبارەت بەم یاسایە هەندێك پێشنیار هەبوو بۆ هەمواركردنەوەی هەندێك لە ماددە و بڕگەكانی بە دیاریكراوی، ئەم پێشنیارانە لەبەر چاوگیراون و هەندێك دەستەواژە هەیە سەبارەت بە (ئەشكەنجەدان) نووسراوە، (لایجوز التعذیب) ئەم دەستەواژەیە بۆ (ئەشكەنجەدان) ناگونجێت و دەبێت بگۆڕێت بۆ (یمنع التعذیب) یان (یحرم التعذیب)، هەندێك لەم شتە وردانە چاككردنەوەی دەوێت، بەڵام ئەگەر بڵێین یاساكە كەموكورتی زۆری تێدایە، نەخێر، كەموكورتی زۆری تێدا نییە، بەڵام هەندێك لە فراكسیۆنەكان و بەتایبەتی ئیسلامییەكان پرۆژەیەكیان بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە پێشكەش كردبوو و داوایان كردبوو كە ماددەكانی(1و2و3و4)ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لاببرێت، ئەمەش وەك ئەوەیە بەشێوەیەكی گشتی یاساكە نەمێنێت و رەتبكرێتەوە، ئەمەش نابێت كە ئێمە یاسایەكمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نەبێت. دیارە هەموو لایەك دەزانن، لە ئێستا و بە فەرمانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەر دەوڵەتێك ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان بێت، دەبێت یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەبێت، عێراقیش یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەیە، هەرێمی كوردستانیش كە بەشێكە لە عێراق و خاوەنی پەرلەمانی خۆیەتی و مافی خۆیەتی یاسای تایبەتی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەبێت، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراقدا بە رێژەی 90% مافەكانی مرۆڤی پێشێل كردووە، بەڵام لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەرێمی كوردستاندا بە زەقی نابیندرێت كە مافەكانی مرۆڤی پێشێل كردبێت، بەڵگەشمان بۆ ئەم قسەیەمان ئەوەیە كە تیمەكانی یونامی راپۆرتی خۆیان لەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەرێمی كوردستان نووسیوە و بۆیان ناردووین، تەنیا 13 تێبینییان هەبووە كە 9 تێبینییان ستایشی یاساكە دەكەن و چوار تێبینییەكەی دیكەشیان داوایان لێكردین پێناسەی تیرۆر فراوان بكەین بۆ ئەوەی لەگەڵ ستاندەری نێودەوڵەتی بگونجێت، ئەم فروانكردنەش لەبەر ئەوەیە كاری تیرۆریستی بەردەوام لە گۆڕاندایە، تیرۆریستان شێوازی نوێ دەگرنەبەر بۆ ئەنجامدانی كارە تیرۆریستییەكانیان، بۆیە دەبێت بەردەوام پێناسەی تیرۆر فراوان بكرێت بۆ ئەوەی ئەو شێوازە نوێیانەش بگرێتەوە.
* یاسایەكی دیكە كە كارتان لەسەر كردووە، یاسای مافی نەخۆشە، ئایا ئەم یاسایە تەنیا نەخۆش وەك تاك دەگرێتەوە، یان بوارەكانی دیكەی چاودێریی تەندروستیی تاكیش دەگرێتەوە؟
- پرۆژە یاسای مافی نەخۆش یەكێك بوو لەو پرۆژە یاسانەی كە لە خولی چوارەم پێشكەشی پەرلەمان كرا و، لیژنەی تەندروستی راپۆرتی خۆیان لەسەر نووسی و پاشان بەرزكرایەوە بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە كات نەبوو بۆ ئەوەی بیكەین بە یاسا، ئەم یاسایەش تەنیا تایبەتە بە مافی نەخۆش لەو كاتەی دەچێتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەروەرگرتن هەتا لە نەخۆشخانە دێتە دەرەوە و چاك دەبێتەوە و هیچ بوارێكی دیكە ناگرێتەوە.
* ئەی یاساكانی دیكەی بواری كەرتی تەندروستی پێویسیتان بە هەمواركردنەوە نییە؟
- كەرتی تەندروستی پێویستی بە دەركردنی یاسای نوێ و هەمواركردنەوەی هەموو یاسا كۆنەكان هەیە، لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئەوە بڵێم كەرتی تەندروستی و تەنانەت كەرتی پەروەردە، یاساكانیان یاسای ساڵانی شەست و حەفتاكانی سەدەی رابردوون و بە مەنزوورێكی سۆشیالیستییانە نووسراون و پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەیە، بۆ ئەوەی هاوشانی ئەو گۆڕانكاری و پێشكەوتنانە بن كە لە ئێستادا روویانداوە و لەگەڵ سیستمی نوێی جیهاندا بگونجێن.
* لەبواری كاری راگەیاندن ئاشكرایە فەوزایەكی گەورە هەیە، پسپۆڕان پێیانوایە دەبێت ئەم فەوزایە بە یاسا رێكبخرێتەوە، ئایا بەرنامەیەكی ئەوتۆتان لەبەر دەستە كە كار بۆ یاسایەكی لەو جۆرە بكات؟
- ئەمەش پرسێكی گرنگە و فەوزای راگەیاندن زۆر زۆر بووە، من یەكێكم لەو پەرلەمانتارانەی كە لە ماوەی خولی پێشووی پەرلەماندا زۆر كەم قسەم بۆ راگەیاندن كردووە، لەبەر ئەوەی شێواندێكی زۆر بۆ قسەو لێدوانەكان دەكرێت، بۆیە من پێموایە راگەیاندن لە كوردستاندا راگەیاندێكی بەرپرسیار نییە.
* سەبارەت بەو پرۆژەی حكومەت كە بۆ كەمكردنەوەی وەزارەتەكانی كابینەی نۆیەم ئامادەی كردووە، هەندێك دەڵێن تا دوو ساڵ ئەو پرۆژەیە جێبەجێ ناكرێت لەبەر ئەوەی پێویستی بە یاسای نوێ هەیە، ئایا ئەو ماوەیەی پێویستە؟
- ئەمە هەم پێویستی بە یاسایە و هەمیش پێویستی بە هەمواركردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران هەیە، بۆ ئەم پرسە حكومەت هەوڵی خۆی داوەو بەرنامەی خۆی هەیەو پرۆژەكەیان ئامادە كردووە، بۆیە هەر كاتێك ئەو پرۆژەیە بنێرێتە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ دەكرێت و دەكرێتە یاسا و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سەبارەت بەم پرسە من گەشبینم بەوەی بە زووترین كات ئەو پرۆژەیە دەكرێتە یاسا.
Top