جێنی سۆرێز بەڕێوەبەری پڕۆگرامی كاروباری نێودەوڵەتیی لە زانكۆی نیوهەمپشەیەر بۆ گوڵان: تەوژمێك هەیە پێیوایە مەزنبوونی ئەمریكا لەوەدایە گۆشەگیر بێت

جێنی سۆرێز  بەڕێوەبەری پڕۆگرامی كاروباری نێودەوڵەتیی لە زانكۆی نیوهەمپشەیەر بۆ گوڵان:  تەوژمێك هەیە پێیوایە مەزنبوونی ئەمریكا لەوەدایە گۆشەگیر بێت
جێنی سۆرێز پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی نێوهەمپشەیەر و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی كاروباری نێودەوڵەتیی لە هەمان زانكۆ، پێشتریش توێژەر بووە لە سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆلێژی سانت ئەنتۆنی، ئۆكسفۆرد، هەروەها لە سەنتەری بەلفێر بۆ زانست و كاروباری نێودەوڵەتیی لە زانكۆی هارڤارد. وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك پێگەی ئەمریكا لە كاروباری نێودەوڵەتیی، سیاسەتی بەراوردكاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەت و كۆمەڵگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە كاروباری نێودەوڵەتیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرسێكی دیكە كە بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* وەك كەسێكی شارەزا، پێتوایە لە ئێستادا رەوشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ململانێی هێزە نێودەوڵەتییە مەزنەكان بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا دەڕوات و ئایا دەكرێت پێشبینی هەڵكشانی زیاتری گرژییەكانی نێوان ئەو هێزانە بكەین؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە، بە دڵنیاییەوە ئێمە هەندێ لە هەڵكشانی بارگرژییەكان بەدی دەكەین، بەڵام لە نێوان هێزە ئیقلیمییەكاندا، لەگەڵ ئەوەشدا من باوەڕم وانییە ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ رۆژگاری شەڕی سارد، ئەگەر تەنیا لەبەر ئەوەش بێت كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ نایەوێت بچێتە نێو ئەم جۆرە ململانێیەوە لەگەڵ رووسیادا، هەروەها لە ئەمریكا جیاوازی هەیە لە نێوان هەڵوێستەكانی كۆنگرێس و ئیدارەی كۆشكی سپیدا. كەواتە ناكرێت بڵێین ئەمریكا یەك چەشنە سیاسەت لە هەموو بەشەكانی جیهاندا پیادە دەكات، چونكە خۆی لە تێوەگلان لە هەندێ ناوچە بە دوور دەگرێت، بەڵام لە هەندێ ناوچەدا رۆڵی هەیە. ئەوەی پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەبێت، ئەوا هەروەك ئاشكرایە ئەمە ناوچەیەكی ئاڵۆزە، كە بەهۆی بوونی دەوڵەتی شكستخواردوو و دەوڵەتی ناكاراوە (بەراورد بە رابردوو)، لە ئێستادا كاراكتەرە ناودەوڵەتییەكان لەسەر ئاستی مەحەلی و هەرێمە نیچمە سەربەخۆكان رۆڵێكی زیاتر دەبینن. كەواتە لە ئێستادا سیاسەتی مەحەلی بە راددەیەكی گەورە گرنگە، هەروەها ململانێی نێوان هێزە ئیقلیمیەكانیش كە هەڵدەستن بە دابینكردنی دارایی و پڕچەككردنی ئەم هێزە مەحەلییانە زۆر گرنگە.
* ئاماژەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، كە ئێمە دەزانین لە ئێستادا مشتومڕێكی زۆر دەكرێت دەربارەی سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست ئەم ناوچەیە، پێتوایە ئەولەوییەت و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەم ناوچە گرنگ و ستراتیژەدا چین؟
- لە راستیدا ئەوەی بەدیدەكرێت ئەوەیە كە ئەم ئیدارەیە بڕیاری داوە ئەولەوییەت بداتە چەند هاوپەیمانێك لەسەر حیسابی ناوچەكە بەگشتی، كە بە دڵنیاییەوە و بە راددەیەكی سەرەكی تەركیزی لەسەر سعودیە و ئیسڕائیل كردۆتەوە. كارێكی كردووە ئەم دوو وڵاتە بتوانن چەند رەفتار و هەڵسوكەوتێك ئەنجام بدەن كە دژ و پێچەوانەی نۆرمە نێودەوڵەتییەكانن، كە دەكرێت لەم روانگەیەوە بڵێین سیاسەتێكی تەواو تێكدەرانە بووە.
* بەڵام ئەوەی زەق و بەرچاوە لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا پەنابردنیەتی بۆ گرتنەبەر و بەكارهێنانی سزا و فشاری ئابووری بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی یان بۆ ناچاركردنی نەیارەكانی تاوەكو ناچار بە سازشكردنیان بكات، بەتایبەتی لە ئاست ئێراندا، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم شێوازی كاركردنە چییە؟
- ئەوە ئاشكرایە كە ئەمریكا بڕیاری جێهێشتنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران داوە، روونە ئەمریكا لەم هەنگاوەیدا هاوتەریب بە تێڕوانینی سعودیە- كە تێڕوانینێكی ناتەواوە- بۆ ناوچەكە هەنگاوی هەڵگرت. كە لە دەرئەنجامدا ئەو بەرەوپێشچوونەی لە هەوڵە هاوبەشەكانی نێوان ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپادا بەدیهاتبوو، لە ئێستادا لەئارادا نەماوە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بڵێم كە فشارخستنە سەر ئێران دەرئەنجام و رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا، كە رەنگدانەوە و دەرهاویشتەیەكی تەواو سلبییە. هەروەها ئەوەی پەیوەندی بە كاریگەریی سزاكانەوە هەبێت لەسەر ئێران، ئەوا ئەم سزایانە دەبنە هۆی بەهێزكردنی پێگەی كەسایەتییە سەختگیرەكان، چونكە بە تێڕوانینی ئەوان دەكرێت لە ساتەوەختێكدا كۆتایی بە هاوكاریكردن بهێنرێت لەلایەن وڵاتە بەهێزەكانەوە، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی لاوازكردنی میسداقیەتی ئەمریكا لەو گفتوگۆیانەی لە داهاتوودا ئەنجامیان دەدات لەگەڵ هەر لایەنێكدا بێت، نەك تەنیا ئێران.
* ئاماژەت بە كشانەوەی ئەمریكا كرد لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە ئەمریكا لە چەند رێككەوتنی دیكەی نێودەوڵەتی كشاوەتەوە، هۆكاری ئەم هەنگاو و بڕیارانەی ئەمریكا بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- ئەوە راستە كە ئەمریكا لە چەندین پەیماننامەی دیكە كشاوەتەوە، وەك نافتا و رێككەوتنی پاریسی تایبەت بە ژینگە و.. هتد، بە راشكاوی من پێموایە هۆكارەكە بۆ تێنەگەیشتنی ئەم ئیدارەیە دەگەڕێتەوە لەوەی بۆچی پێویستە ئەمریكا ببێتە ئەندام لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، واتە بە تێڕوانینی من ئەوان دیدگایەكی كورتبینانەیان هەیەو پتر لە هەوڵی رازیكردنی قاعیدەی جەماوەری ناوخۆییدان، كە پێیانوایە – ئەم بنكە جەماوەرییە- زۆر دژ بە رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانە، واتە ئەوان جیهان سادە دەكەنەوە و هەوڵی رازیكردنی ئەم تەوژمە پۆپۆلیستیانە دەدەن، كە باوەڕیان وایە مەزنبوونی ئەمریكا لەوەدایە بەرەو گۆشەگیری بڕوات و بەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵبگرێت. بەڵام من باوەڕم بەوە نییە كە زۆرێك لە خەڵكی ئەمریكا هاوڕا بێت لەگەڵ ئەم لێكدانەوە و بۆچوونەدا. هەرچەندە من لەگەڵ ئەوەدام كە دەبێت وریا بین و هەڵسەنگاندن بكەین بۆ كاریگەریی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئابووری و سیاسەتی ناوخۆی وڵاتەكەت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوەمان لە یاد بێت كە هەندێ لەو رێككەوتنانە پێویستن بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بەتایبەتی رێككەوتنی تایبەت بە ژینگە. چونكە حاڵی حازر ئەمریكا زیانمەندە لە گۆڕانی ژینگە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم فەرامۆشكردن و گوێنەدان بەم كێشانە بە مانای ئەوە نییە ئەم كێشانە كۆتاییان هاتووە و چارەسەر بوون. هەمان شت بۆ رێككەوتنەكانی تایبەت بە كۆنتڕۆڵكردنی چەك راستە، واتە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكانی پەیوەست بە كۆنتڕۆڵكردنی چەك بە مانای ئەوە نییە كێشەیەك بە ناوی كۆنتڕۆڵكردنی چەكەوە لە ئارادا نەماوە.
* كەواتە پێتوایە ئەم بڕیار و هەنگاوانەی ئەمریكا-كشانەوە لە رێككەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان- كاریگەری پێچەوانە و نەخوازراویان لێدەكەوێتەوەو دەبنەهۆی لاوازكردنی ئەو هاوپەیمانێتییانەی ئەمریكا لە جیهاندا هەیەتی؟
- ئەمە راستە و من هاوڕام لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا. هەروەها من دەمەوێت لێرەدا ئەوەش زیاد بكەم كە ئەمریكا سیاسەتێكی روونی نییە لە ئاست عێراق، یان ئەفغانستاندا، واتە لەم رووەوە گوزارشتیان لە سیاسەتێكی دەرەكیی دیاریكراو نەكردووە. ئەوەی هەیە ئەمریكا وەك هاوپەیمانی سعودیە و ئیسڕائیل هەنگاو هەڵدەگرێت و ئێرانی كردۆتە دیوەزمە، بەڵام بە دڵنیاییەوە چارەسەری دۆخی عێراق بەشداریپێكردنی ئێران لەخۆ دەگرێت. لەلایەك ئەمریكا هیچ سیاسەتێكی نییە لەبارەی پلانی ئاشتی پەیوەست بە ئیسڕائیل و فەلەستینەوە، تەنیا ئەوە نەبێت كە هاوڕایە لەگەڵ هەڵوێستەكانی ئیسڕائیلدا. هەروەها لەگەڵ میسریشدا، كەواتە پاشەكشەپێكردنی بەرەوپێشچوونەكانی بەهاری عەرەبی و كارنەكردن بۆ پەرەپێدانی دەستكەوتە دیموكراتییەكان و تەنانەت گوزارشت نەكردن لە پشتیوانیكردنی بۆ دیموكراسی، هەنگاوی كورتمەودان و سەركەوتن بەدەست ناهێنن.
* باشە لەبەر رۆشنایی نەبوونی سیاسەتێكی روون لەلایەن ئەمریكاوە بۆ ئەم ناوچەیە- كە ئێمە دەزانین خودی ئەم ناوچەیە بەدەست چەندین قەیران و تەنگژەوە دەناڵێنێت- پێتوانییە دەبێت پێشبینی رۆژگارێكی دوور و درێژی ناسەقامگیری و نائارامی بكەین لە داهاتوودا؟
- لە راستیدا ئەمە بەندە بەوەی ئێمە باس لە بارودۆخی چ وڵاتێك دەكەین، چونكە رەنگە تۆ هەوڵی پتەوكردنی سەقامگیری لە وڵاتێكدا بدەیت، بەڵام بۆی هەیە ئەمە لە مەودای دووردا مایەی گیروگرفت بێت. مەبەستم ئەوەیە پتەوكردنی رژێمە خۆسەپێنەكان لە ئایندەی دووردا كێشەی لێدەكەوێتەوە، هەروەها نەخستنەگەڕی هەوڵی جددی بۆ هێنانەدی ئاشتی و چارەسەرنەكردنی ناكۆكییەكانی ئەم ناوچەیەش دەبنەهۆی لەباربردنی سەقامگیری. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە ئەمە دەبێتەهۆی دروستبوونی پانتایی بۆ وڵاتانی رووسیا و چین، هەروەها ئێرانیش، كە رەنگە ئەم وڵاتانەش بیانەوێت سیستمێكی نوێ لە ناوچەكەدا دابمەزرێنن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، دەكرێت بڵێین رۆژگاری هەژموونی ئەمریكا بەسەرچووەو ئەمەش كاریگەری تێكدەرانەی لێدەكەوێتەوە، بە واتای ئەوەی ململانێی نێوان هێزە ناوچییەكان لەگەڵ یەكتردا توندتر دەبێتەوە و ئەمریكا دەبێتە گەمەكارێكی لاواز، هەرچەندە رەنگە ئەمە هەر رووی بدایە، بەڵام ئەمانە بوونە هۆی خێراتر روودانی.
* بەڵام سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە چیتر ئەمریكا هەوڵی بنیادنانی دەوڵەت، یان پەرەپێدانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ نادات لە جیهاندا، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێتوایە ئەم خۆبەدوورگرتنەی ئەمریكا دەبێتە هۆی ئەوەی كێشەكانی ئەم ناوچەیە ئاڵۆزتر بكات؟
- سەرەتا با ئەوە بڵێین كە هەوڵ و كۆششەكانی ئەمریكا لە پەیوەندی بە بنیادنانی دەوڵەتەوە زۆر سەركەوتوو نەبوون، چونكە هەرگیز ئەوەی لەبەرچاو نەگرتووە كە دەكرێت لە ناوخۆوە چ جۆرە دەوڵەتێك دروست دەبێت، واتە ناكرێت بڵێین پرۆسەیەكی سەركەوتووی بنیادنانی دەوڵەت هەبووە لە سایە و سێبەری دەسترۆیشتوویی ئەمریكادا، نەك تەنیا لەبەر ئەوەی پابەندبوونێكی تەواویان نەبووە بەم پرسەوە، بەڵكو بەهۆی ئەوەی كاتی پێویستیشیان تەرخان نەكردووە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن دەكرێت ئەم دەوڵەتە لە نێو خودی هەلومەرجی ناوخۆییەوە بێتەئاراوە. كەواتە دەكرێت ئەمە واقیعێك بێ، ئەویش ئەوەیە ئەمریكا ناتوانێت وەك هێزێكی دەرەكی دەوڵەتێك بنیاد بنێت. بەڵام پێموایە پەرەپێدانی مافەكانی مرۆڤ پرسێكی تەواو جیاوازە، چونكە ئیدارەی ترەمپ هیچ رێزێكی بۆ مافەكانی مرۆڤ لەسەر ئاستی ناوخۆییش نەنواندووە، چ جای ئەوەی ئەم رێزەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خستبێتەڕوو. كەواتە كاتێك تۆ كار لەسەر ورووژاندنی دەمارگیری و ترس لە كۆچبەران و لەوانی دیكە دەكەیت، ئەوا بوێری دەدەیتە ئەو كەسانەی ئەم كارانە لە شوێنەكانی دیكە دەكەن، ئەمە لایەنە خراپەكەی ئەم جۆرە سیاسەتەیە، چونكە ئەو كاتە وڵاتانی دیكەش ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەوەتا ئەمریكاش بەم شێوەیە هەڵسوكەوت دەكات. بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەیاد بێت كە ئەمریكا سیاسەتێكی ناجێگیری هەبووە لە بارەی مافەكانی مرۆڤەوە، بەڵام ئەوەی نوێیە ئەوەیە بە تەواوەتی ئەم پرسە پشتگوێ بخات. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەی ئاماژەم پێكردن، ئەوا من پێموانییە دوای دوو ساڵی دیكە جڵەوی دەسەڵاتی ئیدارەی ئەمریكا بە دەست دۆناڵد ترەمپەوە بێت.
* بەڵام پێتوایە كشانەوە و بە خۆبەدوورگرتنی ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بژارەیەكی واقیعبینانە بێت، بەتایبەتی كە ئەمریكا چەند بەرژەوەندیی ستراتیژی و گەورەی لەم ناوچەیەدا هەیە؟
- ئەوەی ئێوە دەیڵێن راستە، بەڵام دەبێت ئێمە وریا بین، كاتێك مەسەلەكە بە پاشەكشە و خۆبەدوورگرتن وەسفی دەكەین، چونكە ئێمە دەزانین ئەمریكا خۆی بە دوور نەگرتووە لە كەنداوی فارس، هەروەها ئەوەش راستە كە ئەمریكا بەردەوامە لە درێژەپێدان بە هاوكاری سەربازی و فرۆشتنی چەك نەك تەنیا بە وڵاتانی كەنداوی فارس، بەڵكو بە وڵاتانی دیكەی ناوچەكە. كەواتە دەكرێت بڵێین ئەم خۆبەدوورگرتنە تەنیا لەسەر ئاستی گوتارەو ئەوەتا هێشتا پەیوەندییە ئابووری و سەربازییەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا كۆتاییان نەهاتووە.
* بەڵام ئاماژەت بەوە كرد كە هەندێ لە هەنگاوەكانی ئەمریكا بوونەتە هۆی ئەوەی بۆشایی و پانتایی دروست بێت و ئەمەش دەرفەتی دروست كردووە كە هێزەكانی دیكە هەوڵی پڕكردنەوەی بدەن، دەكرێت لەم رووەوە روونكردنەوەی زیاتر بدەن؟
- من ناتوانم بە شێوەیەكی گشتی قسە بكەم، چونكە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی یەكڕەنگ نییە، واتە دەبێت لەم رووەوە زۆر وریا بین لەبارەی ئەوەی ئێمە باس لە چ كەیس و چ وڵاتێك دەكەین و باس لە چ ماوەیەكی زەمەنیش دەكەین، چونكە نەك تەنیا ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی دیكە جیاوازە، بەڵكو ناوچەیەكی دیاریكراو لە دوو ماوەی زەمەنیدا جیاوازە. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە باسی سووریا بكەین، ئەوا ئاشكرایە كە ئەمریكا گەمەكارێكی گەورە نییە لەم وڵاتەدا و پتر گۆڕەپانەكەی بۆ هێزەكانی دیكەی -وەك رووسیا- چۆڵ كردووە.
* ئەگەر پێشبینی بۆ داهاتووی ئەم ناوچەیە بكەیت، ئایا باشترین و خراپترین سیناریۆ چین كە دەكرێت رووبدەن؟
- باشترین سیناریۆ ئەوەیە كە حكومەتەكانی ئەم ناوچەیە بڕیاری ئەنجامدانی چاكسازی بدەن و لە بری كوشتن و سەركوتكردنی خەڵكەكە گوێیان بۆ بگرن و كاری زیاتر بكەن لەوەی تا ئێستا وڵاتانێكی وەك ئەردەن و مەغریب ئەنجامیان داوە، واتە درك بەوە بكەن كە دەبێت خۆیان لەگەڵ هەلومەرجەكەدا بگونجێنن. بە دڵنیاییەوە خراپترین سیناریۆش بەردەوامبوونی شەڕە درێژخایەنەكانە كە هیچ دەرئەنجام و چارەسەرێكیان لێ نەكەوتۆتەوە، وەك ئەوەی لە عێراق و سووریادا بەدی دەكەین، واتە بە دەست رۆژگارێكی دوورو درێژی توندوتیژی سیاسی و ناسەقامگیریی ئابووری و نەبوونی دەرفەت بۆ زۆرێك لە خەڵكی دەناڵێنن.
Top