رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی هاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەیی لە فراكسیۆنی كلدان – سریان – ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان: پێویستە بەشدار بین لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا و جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە مافی خۆمان
November 13, 2018
دیمانەی تایبەت
دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی كورسییەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا، ئومێدی ئەوە دروست بووە كە حكومەتێكی بەهێزتر بونیاد بنرێت و رەوتی چاكسازییەكانی حكوومی لە سەر هەنگاوی خێراتر بڕوات، لە ئێستاشدا خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەستی بە كارەكانی كردووە و یەكەم كۆبوونەوەشیان لە كەشێكی پڕ لە یەكترخوێندنەوە و بە نییەتی هاوكاری و كاری زیاتر بەڕێوەچوو. ئەوەو چەند پرسێكی هەنوكەیی لە بارەی ئەدای پەرلەمان و تاوتوێكردی فاكتەرە بەهێزەكان بۆ سەركەوتنی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی ئەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی هاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەیی لە فراكسیۆنی كلدان – سریان – ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان پێكدەهێنن.دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی كورسییەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بەدەستهێنا، ئومێدی ئەوە دروست بووە كە حكومەتێكی بەهێزتر بونیاد بنرێت و رەوتی چاكسازییەكانی حكوومی لە سەر هەنگاوی خێراتر بڕوات، لە ئێستاشدا خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەستی بە كارەكانی كردووە و یەكەم كۆبوونەوەشیان لە كەشێكی پڕ لە یەكترخوێندنەوە و بە نییەتی هاوكاری و كاری زیاتر بەڕێوەچوو. ئەوەو چەند پرسێكی هەنوكەیی لە بارەی ئەدای پەرلەمان و تاوتوێكردی فاكتەرە بەهێزەكان بۆ سەركەوتنی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی ئەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی هاوپەیمانیی یەكێتی نەتەوەیی لە فراكسیۆنی كلدان – سریان – ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان پێكدەهێنن.
* پێشتر لە خولی دووەم پەلەمانتار بوویت و لە خولی پێنجەمیش جارێكی دیكە هەڵبژێردرایتەوە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا جیاوازیی خولی پێنجەمی پەرلەمان لەگەڵ خولەكانی پێشتر چۆن دەبێت؟
- ئەوەی من تێبینم كردووە هەر لە دانیشتنی یەكەمی ئەمجارەی خولی پێنجەمەوە هەست دەكرێت كە جیاوازییەكی زۆر هەیە، پێش ئەوەی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان دەست پێبكات هەموو فراكسیۆنەكان ئەو بەڵێنەیان ئیمزا كرد كە ئەم كۆبوونەوەیە بە هێمنی و ئارامی بەڕێوە بچێت و دانیشتنەكە بە كراوەیی بهێڵدرێتەوە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان بە دانوستاندن بگەنە شێوازێك لە رێككەوتن هەم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و هەمیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. ئەمەش مانای ئەوەیە هەر لەگەڵ دەستپێكی یەكەم كۆبوونەوەی ئەم خولەی پەرلەمان جۆرە تەوافقێك لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەبووە، كە پەرلەمان رۆڵێكی بەهێزی هەبێت و لە چوارچێوەی گفتوگۆیەكی هێمنانەدا كارەكان بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت بەكاری ئاسایی و یاسایی خۆی هەڵبستێت و خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات. ئێمە ئومێدی ئەوە دەخوازین ئەم خولەی پەرلەمان زۆر جیاواز بێت لە خولی چوارەم، چونكە لە خولی چوارەمدا، پەرلەمان بۆ ماوەی دووساڵ زیاتر نەیتوانی هیچ كارێكی ئاسایی و یاسایی خۆی بكات و، ژمارەیەكی كەم یاسا و بڕیاری دەركرد، بۆیە من ناڵیم خولی چوارەم سەركەوتوو نەبوو، بەڵام هۆكاری سیاسی و رەفتاری هەندێك لە فراكسیۆنەكان بوونە هۆكاری ئەوەی پەرلەمان نەتوانێت بەكارەكانی خۆی بە باشی هەڵبستێت.
* ئەوەی لە ئومێدی تۆ تێگەیشتین ئەوە بوو كە لە خولی ئەمجارەدا پەرلەمان رۆڵێكی بەهێزی چاودێری و یاسادانان دەگێڕێت و دەبێتە فاكتەرێكی بەهێز بۆ سەركەوتنی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئایا ئەمە بەس خۆزگەیە، یان زەمینەیەكی لەباریش بۆ ئەمە هەیە؟
- لە راستیدا پەرلەمان دوو ئەركی سەرەكی هەیە، یەكەمیان دەركردنی یاسایە و دووەمیان چاودێریكردنی ئەدای حكومەتە، هەر بۆیە ئەگەر بارودۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەكە سەقامگیربێت و هەروەها فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان هاوكاری یەكتری بكەن، ئەوا ئەم هاوكاریكردنە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ئەدای پەرلەمانیش دەبێت. بۆ ئەمەش ئەوەی گوێمان لێ بووە و ئەوەشی تێبینیمان كردووە، هەموو خوشك و برا پەرلەمانتارەكان ئامادەن هاوكاریی جددی بكەن بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و هەروەها پشتگیری لە پڕۆژەی چاكسازی لە دامودەزگاكانی حكومەت بكەن، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە ئەم كابینەیە بتوانێت باشتر لە كابینەی پێشوو خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات، بەڵام ئەگەر بێتو جارێكی دیكە هەندێك لە فراكسیۆنەكان هەمان سیناریۆی خولی پێشوو دووبارە بكەنەوە و لە یەك كاتدا هەم رۆڵی ئۆپۆزسیۆن بگێڕن و هەمیش بەشدار بن لە حكومەت، ئەوا ئاستەنگی گەورە بۆ ئەدای پەرلەمان دروست دەكەن، لە ساڵانی رابردووش ئەوەندە ئاستەنگی گەورە بۆ ئەدای پەرلەمان دروستكراوە، كە هەموو لایەك دەرهاویشتە خراپەكانی ئەو ئاستەنگانەی بینیوە، بۆیە هەقە سەرجەم فراكسیۆنەكان بەشێوەیەكی دیكە بڕواننە پەرلەمان و بە شێوەیەكی باشتر مامەڵە لەناو پەرلەماندا بكەن.
* ئێستا هەموو لایەك گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەزموونی كابینەی بنكەفراوان بە هاوشێوەی كابینەی هەشتەم ئەزموونێكی سەركەوتوو نەبووە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەو شكستە دووبارە نەبێتەوە، ئایا دەبێت ئالیەتی پێكهێنانی كابینەی ئەمجارە چۆن بێت؟
- پێموایە یەكێك لە هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی حكومەت لە بەشێك لە ئیش و كارەكانی و ئاستەنگ دروستبوون لە هەندێك لە وەزارەتەكان دوای ئەوەی برادەرانی گۆڕان و یەكگرتوو و چەند لایەنێكی دیكە لە حكومەت كشانەوە، هۆكاری ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم كابینەیە تەنیا حكومەتێكی بنكەفراوان نەبوو، بەڵكو بنكەكەی زۆر فراوان بوو، بۆیە ئەمجارە ئەو حزبە سیاسییەی كە ژمارەیەكی زۆری كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەست هێناوە و بۆتە فراكسیۆنی گەورە كە ئەویش پارتی دیموكراتی كوردستانە، جارێكی دیكە نابێت بكەوێتەوە ناو ئەم هەڵەیەوە، بۆیە فراكسیۆنی گەورە دەتوانێت بە هاوپەیمانی لەگەڵ چەند لایەنێك و نوێنەری پێكهاتەكان حكومەتێكی رێكوپێك و بەهێز دروست بكەن، ئاشكراشە لە هیچ شوێنێكی جیهان نەبووە هەموو حزبەكان لەحكومەت بەشدار بن، ئەگەر ئەمە كرا، ئەوا كێشەی هەموو حزبەكان دێتە ناو حكومەت و ئاستەنگی گەورە لەبەردەم كارەكانی حكومەت دروست دەكات. بۆیە گرنگە فراكسیۆنی پارتی وەك گەورەترین فراكسیۆن هەروەك لە لێدوان و گوتاریان راشكاوانە باسی ئەوە دەكەن، ئەزموونی حكومەتی بنكەفراوان شكستی هێناوە، ئەوا دەبێت بیر لەوە بكەنەوە لەگەڵ چەند لایەنێكی سیاسی و نوێنەری پێكهاتەكان هاوپەیمانییەكی گەورە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم پێكبهێنن، ئەمە هەم بۆ پارتی و هەم بۆ حكومەت و هەمیش بۆ خەڵكی كوردستان باشترە.
* لە قسەكانتدا جۆرێك لە گەشبینی و ئومێد بە بەم خولەی ئێستای پەرلەمان و كابینەی داهاتووی حكومەت دەخوێندرێتەوە، ئایا بنەمای ئەو گەشبینی و ئومێدە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- من وای دەبینم ئەمجارەش بە دڵنیاییەوە هەر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم رادەسپێردرێت، ئەم كەسایەتییە بەڕێزە كە ئەزموونێكی گەورەی لە كابینەكانی پێشتری حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە، باش دەزانێت هەڵە و كەموكورتییەكانی كابینەكانی پێشتر لە چیدا بوون و دەتوانێت بە باشی دەستنیشانیان بكات و ئالیەتی گونجاو بۆ چارەسەركردنی ئەو هەڵە و كەموكورتییانە فەراهەم بكات، لە قسەكانی بەڕێزیان و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنی پارتیش، ئاماژە بەوە دەكرێت پارتی وەك فراكسیۆنی گەورە لەگەڵ چەند لایەنێك و نوێنەری پێكهاتەكان حكومەت پێكدەهێنێت، ئەمەش هەم حكومەتێكی رێكوپێك و بەهێز دەبێت، هەم حكومەتێكی بنكەفراوانی ماقووڵ، هەمیش كابینەیەكی تۆكمەتر دەبێت لە كابینەی پێشوو، هەر بۆیە ئەگەر كابینەی نۆیەم بەم ئالیەتە پێكبهێنرێت، ئەوا ئیشوكارەكانی حكومەت باشتر بەڕێوە دەچێت و بەرنامەی حكومەت باشتر جێبەجێ دەكرێت و لەماوەی چوار ساڵی داهاتووشدا دەتوانێت خزمەتێكی هێجگار زۆر بە خەڵكی كوردستان بكات، لەمەش زیاتر ئەو بەرنامە چاكسازییەی كە بەنیازن لە كابینەی داهاتوو جێبەجێی بكەن، دەتوانرێت بە باشی جێبەجێ بكرێت، بەمەش هەم حكومەت لە دەستێكی ئەمیندا دەبێت و هەمیش كارەكان باشتر بەڕێوە دەچن. هەر بۆ نموونە پێشتر ئەگەر لە وەزارەتێكدا وەزیرەكەی سەر بە لایەنێكی سیاسیی دیكە بوایە، بۆ حكومەت قورس بوو چاكسازی پێویست لەو وەزارەتە بكات، بەڵام لەم كابینەیەدا ئەگەر بە ئالیەتێكی تازە حكومەت پێكبهێنرێت، ئەوا حكومەت دەتوانێت بە شێوازێكی یەكسان مامەڵە لەگەڵ دامودەزگاكانی بكات و بەمەش دەتوانرێت خزمەتی زیاتر پێشكەش بكات.
* ئایا بۆ ئەوەی حكومەت باشتر بتوانێت جڵەوگیری بەرنامەی خۆی بكات و باشتر جێبەجێی بكات، باشتر نییە پارتی لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكان و یەك دوو حزبی دیكە ریژەی 50+1 دروست بكات و بە تەنیا حكومەت پێكبهێنێت؟
- یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە كە هەرگیز بیری لەوە نەكردۆتەوە هەموو وەزارەتەكانی حكومەت بۆ خۆی ببات، لە هەندێك كابینەی حكومەتدا پارتی براوەی گەورە و یەكەم بووە، بەڵام لەوانەیە هەر هێندەی حزبێك كە نیوەی كورسییەكانی پارتی هەبووە، وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتی بەدەستەوە بووە، من وای دەبینم تێروانینی پارتی بۆ كابینەی نۆیەمیش هەر بەهەمان شێوەیە و بە ژمارەی كورسی مامەڵە ناكات، ئەمەش كارێكی زۆر باشە و قازانجێكی زۆریشی بۆ پارتی و مێژووی خەباتەكەی هەیە، لەمەشدا بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەگەر لایەنێكی دیكە بێجگە لە پارتی ئەو ژمارە زۆرەی كورسی هەبوایە، ئەوا بە پێچەوانەی پارتی مامەڵەی دەكردو بە پێچەوانەی پارتی حكومەتی پێكدەهێنا، جارێكی دیكە دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی بۆ ئەوەی كابینەی نۆیەم سەركەوتوو بێت، كە دڵنیام بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەر بەو شێوەیە كە خۆی بۆ ئامادە كردووە، بەشێك لە حزبەكان و نوێنەری پێكهاتەكان هاوپەیمانی پارتی دەبن، بۆ پێكهێنانی ئەم كابینەیە و كابینەكەش كابینەیەكی بەهێز دەبێت و ئەو توانایەی دەبێت خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات.
* ئەی سەبارەت بەو ماوەیەی كە پێكهێنانی حكومەت دەیخایەنێت، ئایا پێتوایە لە ماوەی یاسایی خۆیدا دەتوانرێت كابینەی نۆیەم رابگەیەندرێت؟
- ئێمە هیوادارین لەو ماوە یاساییەی بۆ پێكهێنانی حكومەت دیاری دەكرێت، لایەنە سیاسییەكان بگەنە رێككەوتنێك بۆ پێكهێنانی حكومەت و، وەك پێكهێنانی حكومەتی ناوەندی عێراقی لێ نەیەت كە دوای 6-7 مانگ هێشتا حكومەتەكە بەتەواوەتی پێكنەهاتووە، هەروەها ئومێدەوارم بە زووترین كات پەرلەمان بتوانێت كۆبوونەوەی خۆی بكات و سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێرێت، ئێمەش وەك گەلی كلدانی و سریان و ئاشووری كە خۆمان بە پێكهاتەیەكی سەرەكیی گەلی كوردستان دەزانین، بە مافی خۆمانی دەزانین بەشدار بین لە سەرۆكایەتی پەرلەماندا و جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە مافی خۆمان دەزانین، دیارە ئەمە بۆ پێگە و شكۆی پەرلەمانی كوردستانیش كارێكی زۆر گرنگە كە سەرۆكایەتی پەرلەمان پێكهاتەیەكی مۆزائیكی هەبێت، هەروەك چۆن پەرلەمان پێكهاتەیەكی مۆزائیكی هەیە و نوێنەری نەتەوە جیاوازەكانی كوردستانی لەخۆی گرتووە، هەروەها ئومێد دەخوازین لە كابینەی نۆیەمیشدا هەم لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و هەمیش لە وەزارەتەكان و دامەزراوەكانی حكومەتدا نوێنەرانی نەتەوەی ئێمە هەبن، ئەمەش كارێكی زۆر گرنگە، چونكە وادەكات ئەم كابینەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە جێگەی رەزامەندی بێت.