ئایدن مەعروف ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی بەرەی توركمانی بۆ ( گوڵان) : -خولی ئەمجارە پەرلەمانی كوردستان كاراتر دەبێت و حكومەتی هەرێمیش زۆر بەهێزتر دەبێت
November 10, 2018
دیمانەی تایبەت
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەرۆژی 6/11/2018 بەكەم دانیشتنی ئەنجامدا لەمیانەی ئەو كۆبوونەوەیەدا كە بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێز رێڤێنگ محەمەد هروری سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی كرد و بەرنامەی كاری خستەڕوو و یەكێك لەكارەكان پاش خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و مارشی نیشتیمانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایان خوارد لەپاشان یاداشتنامەیەك بە واژووی فراكسێۆنەكان پێشكەش بە سەرۆكی دانیشتنەكە كر ا بۆ ئەوەی تا حزب و لایەنەكان بۆ دانانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەگەنە سازان و رێككەوتن دانیشتنەكە بەكراوەی بهێلدرێتەوە، تیمی گۆڤاری كوڵان بۆ راوەرگرتن و بۆچوونی ئەندام پەرلەمانەكان لەسەر ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان چەندین پەرلەمانتاری بەڕێزمان دواند لێرەدا پوختەی قسەكانیان دەخەینەڕوو.خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەرۆژی 6/11/2018 بەكەم دانیشتنی ئەنجامدا لەمیانەی ئەو كۆبوونەوەیەدا كە بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێز رێڤێنگ محەمەد هروری سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی كرد و بەرنامەی كاری خستەڕوو و یەكێك لەكارەكان پاش خولەكێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و مارشی نیشتیمانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایان خوارد لەپاشان یاداشتنامەیەك بە واژووی فراكسێۆنەكان پێشكەش بە سەرۆكی دانیشتنەكە كر ا بۆ ئەوەی تا حزب و لایەنەكان بۆ دانانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەگەنە سازان و رێككەوتن دانیشتنەكە بەكراوەی بهێلدرێتەوە، تیمی گۆڤاری كوڵان بۆ راوەرگرتن و بۆچوونی ئەندام پەرلەمانەكان لەسەر ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان چەندین پەرلەمانتاری بەڕێزمان دواند لێرەدا پوختەی قسەكانیان دەخەینەڕوو.
• ئایدن مەعروف ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی بەرەی توركمانی بۆ ( گوڵان) :
- خولی ئەمجارە پەرلەمانی كوردستان كاراتر دەبێت و حكومەتی هەرێمیش زۆر بەهێزتر دەبێت
ئێمە وەكو خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنی یەكەمی پەرلەمان رۆژ سێشەممە لەرێكەوتی 6/11/2018 سوێندی یاسایمان خوارد، ئێمەش وەكو پێكهاتەی توركمانی وەكو خولەكانی دیكەی پەرلەمان لەم خولەشدا بەشدارین و جگە لەوەی بەزمانی كوردی سوێندی یاسایمان خوارد بەزمانی توركیش سوێندی یاسایمان خوارد ، ئومێد دەخوازین ئەم خولەی پەرلەمان لەخولی پێشتر كاراتر بێت و سەقامگیری لەناو پەرلەماندا دروست بێت، چونكە جگە لەوەی سەقامگیری بۆ پەرلەمان زۆر گرنگە، هاوكات ئەو ژینگەو دۆخە سەقامگیرییەی ناو پەرلەمان سەقامگیری سیاسیش بۆ هەرێمی كوردستان و حكومەتیش دەهێنێت ، هەمووشمان دەزانین هیچ حكومەتێك لەدنیادا بەهێز و كارا نابێت تاوەكو ژینگەیەكی سەقامگیری بۆ نەخوڵقێنرێت، لەیەكەم دانیشتنی پەرلەمانیشدا كە سوێندمان بە زمانی توركمانی خوارد ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو چونكە دەیسەلمێنێت پرسی دیموكراتیەت و پێكەوە ژیان لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی باش مومارەسە دەكرێت و هەنگاوی باشی بڕیوە. ئێمە وەكو بەرەی توركمانی داواكارین لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو حزبی یەكەمی براوە لەهەڵبژاردنەكاندا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا بەزووترین كات دەست بەدانوستان و گفتوگۆكان بكەن بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە رێككەوتن بۆ دامەزراندنی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئێمە وای دەبینین كە ئەمجارە پەرلەمانی كوردستان كاراتر دەبێت و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر بەهێزتر دەبێت.
• بژار خالید كۆچەر ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:
- پارتی پشت ئەستوورە بە متمانەی جەماوەری و پاڵپشتی خەڵكی بۆیە بەدەستهێنانی كوردستانێكی بەهێزو ئارام كارێكی ئاستەم نییە
هەموو ئاماژەو پێشبینیەكان بۆ ئەوە دەچن ئەمجارە پەرلەمانی كوردستان بەهێزو سەقامگیرەوە لەخزمەتی خەڵكی كوردستاندا دەبێت، ئومێد دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادەی سیاسی هەموو حزب و لایەنەكانی بەشداربوو لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، بەم ئیرادە بەهێزەی سیاسی پەرلەمان دەبێتە دامەزراوەیەكی بەهێزو كارا بۆ دانانی یاساكان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی دا، نەك وەكو پێشتر پەرلەمان بكرێتە پێكەیەك بۆ ململانێ و نانەوەی كێشەو گرفتی سیاسی نێوان حزب و لایەنەكان، من ئومێدم زۆرە خولی ئەمجارەی پەرلەمان كاراتر بێت و ببێتە شوێنێك بۆ دەركردن و هەمواركردنی ئەو یاسایانەی لەبەرژەوەندی گشتی و بەهێزبوونی پێگەی هەرێمەكەدا بێت و نەكرێتە مینبەرێك بۆ موزایەدەو یەكلاكردنەوەی رق و قین و هاتوهاوار. لەلایەكی ترەوە بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەیە و زۆرترین ژمارەی و دەنگی بە 45 كورسی بەدەستهێناوە ، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت كە پارتی زۆرترین متمانەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بەدەستهێناوەو ئەركەكانی قورس دەبێت، هەربۆیە ئێمەی پەرلەمانتارانی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان هەروەكو پێشتریش پەرلەمانتارەكانمان لەهەموو قۆناغ و سەردەمێكدا بەو پەڕی دڵسۆزی و لەخۆبوردەییەوە كاریان كردووە ئێمەش هەروەكو چۆن لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیشدا بەڵێنمان بەخەڵكی كوردستان داوە هەرواش هەموو هەوڵ و كۆششێك دەكەین لە پێناو دامەزراندنی هەرێمێكی بەهێزو خۆشگوزەران ، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەكانمان لەپێناو گەڕانەوەی ئەركی سەرەكی پەرلەمان و متمانەی خەڵكی بە پەرلەمانەكەیان دەبێت كە خۆی لە دانانی ئەو یاساو بڕیارانەدا دەبینێتەوە كە لەخزمەتی بەرژەوەندی گشتی دا بێت، بەڵێنیش بەهەموو خەڵكی كوردستان دەدەین كە بەهیچ جۆرێك كەمتەرخەم نەبین لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستاندا. ئەم ئەركەش گەرچی بۆ ئێمە ئاسان نییە بەڵام ئاستەم نییە، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەم و بەدەستهێنانی زۆرترین متمانەی خەڵكی كوردستان پشت ئەستوورە بە جەماوەرو پاڵپشتی خەڵكەوە ، مێژووش سەلماندوویەتی لەهەر كات و شوێن و قۆناغێكدا پارتی بەهێز بووبێت سەقامگیری و ئارامی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو خاوەنی زۆرترین یاساو تەشریعاتی پەرلەمانی و پرۆژەو كاری دەسەڵاتی جێبەجێكار بووە ، هیوادارم لەم خولەی تەمەنی پەرلەماندا بتوانین كوردستانێكی بەهێزو سەقامگیر بۆ خەڵكی كوردستان دابین بكەین و پاڵپشتی لەحكومەتێكی بەهێزو كاراو خزمەتگوزار بكەین ، بەمەش پەرلەمان و حكومەت تەواوكاری یەكتر و پاڵپشت و هاوكاری یەكتر دەبن بۆ دەركردنی یاساو بڕیارو جێبەجێكردنی زۆرترین پرۆژەو رێكخستنی كارەكان.
• هێڤیدار ئەحمەد ئەندام پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:
- پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەرك و كارەكانی لەهەموو لایەن و حزبەكانی دیكە قورسترو زەحمەتر دەبێت ، چونكە خەڵكی كوردستان لەهەموو لایەنەكانی تر زیاتر و زۆرتر متمانەیان بەو داوە
ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان چاوی خەڵكی كوردستان و دەرەوەشی زۆر لەسەرە و ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵچنیوە، بەتایبەتی كە لەخولی چوارەمی پەرلەماندا ئەزموونێكی ناخۆش هەبوو كە نائومێدی و ناتەبایی لەكوردستاندا دروست كردوو گەیشتە ئاستێكی ئەوەندە مەترسیدار كە كاریگەری لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سەربازیش هەبوو، پشێوی و نائارامی بۆ خەڵكی كوردستان هێنا، هەربۆیە ئامانجی ئێمەیە لەم خولەی پێنجەمی پەرلەماندا سەقامگیری سیاسی لەناو پەرلەماندا دروست بكەین و پەرلەمانێكی بەهێز دروست بكەین ، هەربۆیە خەڵكی كوردستان چاوی لەم پەرلەمانە بڕیوەو هیواو ئاواتی ئەوەی هەیە سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵیەتی و ئابووری و سەربازی لەكوردستان هەبێت، ئەو سەقامگیرییەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان دەستەبەر بێت ، تۆ بزانە ئەو جیاوازییەی كە ناتەبایی و پشێوی حزبەكان دروستیان كردوو لەكاتێكدا پێشتر خەڵكی لەدەرەوەی وڵات دەهاتنەوە كوردستان لەو نائارامی و ناسەقامگیرییەی لەخولی چوارەمی پەرلەمان كەوتەوە خەڵكی كۆچیان دەكردەوەو دووبارە دەچوونەوە دەرەوەی هەرێم ، بۆیە ئێمە دەمانەوێت چوار ساڵی ئارام و سەقامگیری دروست بكەین و دیاردەی كۆچ كردن پێچەوانە بكەینەوە و لە ڕێگەی پەرلەمان و یاسادانانەوە هەیبەت بۆ خەڵكی كوردستان بگێڕینەوە، بۆ ئەم مەبەستە ئێمە لە پەرلەمان دەبین نەك بۆ خۆشگوزەرانی خۆمان بەڵكو لە پەرلەمان كار دەكەین وەكو پارتی بۆ خۆشگوزەرانی هەموو خەڵكی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز. سەبارەت بەحكومەتی كوردستانیش وا چاوەڕوان دەكرێت بنكە فراوان نەبێت چونكە لە ئێستاوە چەندین لایەن و حزب ئۆپۆزسیۆنی خۆیان راگەیاندووە، هەر بۆیە پارتی بەرچاوی روونە لەگەڵ كێ مامەڵە دەكات، هەرچی ئەو حزب و لایەنانە هەیە كە لەگەڵ پارتی لەحكومەتەكە بەشدار دەبن ئەوە شەریك دەبن و پێكەوە كار دەكەن و بەرپرسیارێتی دەخەنە سەر شانیان و پێكەوەش ئارامی و سەقامگیری ئاسایش و یاسایی لەكوردستان بەرقەرار دەكەن. پارتی دەیەوێت حكومەتێكی بەهێزو سەقامگیرو خزمەتگوزار دروست بكات بۆ رازیكردنی خەڵكی كوردستان نەك رازیكردنی حزب و لایەنەكان، هەر بۆیە پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەرك و كارەكانی لەهەموو لایەن و حزبەكانی دیكە قورسترو زەحمەتر دەبێت ، چونكە خەڵكی كوردستان لەهەموو لایەنەكانی تر زیاتر و زۆرتر متمانەیان بەو داوە، پەیوەندی نێوان پەرلەمان و حكومەت پەیوەندیەكی دژایەتی و دوژمنكارانە نییە، بەڵكو پەیوەندییەكی تەواوكارە بۆ دەركردن و هەمواركردنی ئەو یاساو تەشریعات و بڕیارانەی كە كاری حكومەت ئاسان دەكات و متمانەی نێوان حكومەت و خەڵكی بەهێز دەكات، پارتی لە ئێستاوە كار بۆ چوار ساڵی ئایندە دەكات واتا تا ساڵی 2022 ، بۆ ئەوەی لەو چوار ساڵەی داهاتوودا ئەو متمانەیە لەدەست نەدا كە خەڵكی كوردستان پێیان بەخشی، متمانەدانی خەڵكیش بە پارتی بەخزمەتكردنی خەڵك دەبێت، لەم روانگەیەوە لەم خولەی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا كارو بەرنامەكانمان لە یاسای چاكسازییەوە دەست پێدەكەین، ئەو یاسایەی دوا یاسا بوو لەبەردەستی ئەندامانی خولی چوارەمی پەرلەمان كە بەداخەوە نەیانتوانی تێیپڕێنن، ئێمە ئەو سەروەرییە تۆمار دەكەین و پارتی كە ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان 45 كورسییەو لەگەڵ دۆست و لایەنگرانی و خەمخۆرانی گەلەكەمان زۆر زیاتر لە 50+1 دەكات ، بەم ژمارەیەی دەنگ هەم دەتوانێت حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرێنێت و هەم دەتوانێت لەهەموو دەستكەوت و پلەو پۆست و كارەكانیدا سەقامگیری سیاسی و ئارامی بۆ خەڵكی دەستەبەر بكات ، پارتی دەستكەوتی حزبی و پلەو پۆستی لا گرنگ نییە بەقەد ئەوەی دەیەوێت لە ڕێگەی دەستكەوتە مێژووییەكان و خزمەتكردنی خەڵك و متمانەی خەڵكی بەدەست بهێنێت، هەربۆیە رایگەیاندووە هەر حزب و لایەنێك دەیەوێت بەشداری لە حكومەتی نوێی كوردستان بكات دەبێت تا كۆتایی لەگەڵ حكومەت بێت و لە دەستكەوت و شكستەكان بەرپرسیارێتی هەڵگرێت و هەر بڕیارێك هەبێت لە سلێمانی تا زاخۆ وەكو یەك جێبەجێ بێت.
• جەلال پەرێشان ئەندام پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:
- خەڵكی تواناو تاقەتی ململانێ و رق و قین و كێشمەكێشی نێوان حزبەكانی لەناو پەرلەمان نەماوە، خەڵكی چاوەڕوانی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لەبەرژەوەندی خەڵكدا لەپەرلەمان كار بكات
لەم خولەی پەرلەماندا ئومێد ئەوەیە ململانێ و كێشمەكێش لەنێوان لایەن و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان دروست نەبێت و موزایەدەی سیاسی نەهێننە ناو پەرلەمانەوە، ئەو یاسایانەی هەیە هەموار بكرێنەوە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت، ئومێد زۆرە لەم خولەی پەرلەماندا لە سایەی پارتی و بەهێزی و ژمارەی زۆری كورسیەكانی پارتی ئەو یاسایانە دەربچن یاخود هەموار بكرێنەوە كە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو خەڵكی كوردستان بكات، لەخولی پێشووی پەرلەمان ململانێ و ناسەقامگیری و نائارامی كەوتەوە خەڵكی تواناو تاقەتی زۆر شتی نەماوە تاقەتی ململانێ و رق و قین و كێشمەكێشی نێوان حزبەكانی لەناو پەرلەمان نییە، هەر بۆیە خەڵكی چاوەڕوانە پارتی لە رێگەی یاساو هەمواركردنی ئەو یاسایانەی لەبەرژەوەندی خەڵكدایە لەپەرلەمان كار بكات بۆ ئەوەی خەڵكی لەو ناخۆشی و نەهامەتییەی تێیدایە رزگاریان بێت، هەر لەبەر ئەمەشە زۆرترین متمانەی بەدەستهێناوە و خەڵكی زۆرترین دەنگی داوەتێ، پێویستە پارتی بەبەرنامەو كارەكانیدا بچێتەوە تاوەكو زۆرترین كارو خزمەت بەخەڵكی بكات، هەروەها من پێمباشە پارتی ئەمجارە بۆ پێكهێنانی حكومەت پەلە نەكات و بەووردی دیراسەی ئەو حزب و لایەنانە بكات كە بەشداری حكومەت دەكەن و لەنیوەی ڕێگادا خۆیان لەبەرپرسیارێتی نەدزنەوە، هەوڵیش بدات حكومەتەكەی بچووك بكاتەوە و ژمارەی وەزارەت و وەزیرەكان و فەرمانگاكانی كەم بكاتەوە كە بەمەش خەرجیەكانی حكومەتی كوردستان كەم دەبێتەوە، لەو كاتەدا دەتوانێت خزمەتی زیاتر پێشكەش بەخەڵكی بكات. سەبارەت بەهاتنی من بە پایسكیل بۆ یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان پەیامێكە بۆ ئەوانەی باسی دەستكەوتی ماددی و ژمارەی زۆری پاسەوان و شوفێرو ئۆتۆمبێل و زۆر شتی تری پەرلەمانتار دەكەن، من چاوم لەم دەستكەوت و ئیمتیازاتانە نییە و پەرلەمان گرنگترین شوێنی دەسەڵاتی یاسادانان و بەدواداچوونە و لێرەوە خزمەت بەخەڵكی دەكرێت، ئەگەر هەموو یاساكان لەخزمەتی خەڵكدا بێت و پێكهێنانی حكومەت و سازانی نێوان لایەنەكانی بەشداربوو بۆ ئەم مەبەستەیە ئەوا بەدەستی من بێت هەر ئەمڕۆ حكومەتی كوردستان دەست بەكار بێت.
• زانا مەلا خالید پەرلەمانتاری كوردستان لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:
- لەڕیزبەندی كارەكانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە سەرجەم خاڵ و بڕگەكانی كارو بەرنامەكەمان كە لەكارنامەی پارتییە بیهێنینە ناو ئەم خولەی پەرلەمان بۆ ئەوەی پرۆژەیان بۆ دەربكەین
وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئومێدو بەرنامەی ئێمە لە ناو پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە ئەو پەڕی هێمنی و سەقامگیری سیاسی دروست بكەین، هەر لەیەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیشدا ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان یاداشتێكمان لەگەڵ زۆرینەی فراكسێۆنەكانی تری پەرلەمانی كوردستان پێشكەش بەسەرۆكی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان كرد بۆ ئەوەی دانیشتنەكە بە كراوەیی بەجێبهێڵین تاوەكو لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەگەینە سازان و رێككەوتن، ئێمە پێمانوایە ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان دەبێت كەمترین كێشەو ململانێی سیاسی تێدا بێت، لەڕیزبەندی كارەكانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە سەرجەم خاڵ و بڕگەكانی كارو بەرنامەكەمان كە لەكارنامەی پارتییە بیهێنینە ناو هۆلی پەرلەمان بۆ ئەوەی پڕۆژەیان بۆ دەربكەین، لەهەمان كاتیشدا بەدواداچوون لەسەر پڕۆژەو یاساكان بكەین و چاودێری بەردەوام و كاراش بین بەسەر دامودەزگاكانی حكومەتەوە و شێوازی حوكمڕانیەت لەهەرێمی كوردستان، ئێمە وەكو لیستی براوەی یەكەم لەكوردستان كە ژمارەی كوردسیەكانمان 45 كورسییە پێكهێنانی حكومەت بەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێت، بۆیە چۆن لە رابردوودا لە سیستەمی حكومڕانیدا لەم هەرێمە سەركەوتوو بووین و بەرپرسیارێتی هەموو قۆناغەكانمان لەئەستۆ گرتووەو لەهەوڵی چارەسەری هەموو قەیران و كێشەكاندا بووین هەرواش لەم خولەی پەرلەماندا بەڵێن دەدەین هەرچی ئەو بڕگەو خاڵانە هەیە كە لەكارنامەی پارتی هەیە هەرهەمووی جێبەجێ بكەین و راستگۆ بین لەگەڵ دەنگدەرانی خۆماندا، تاوەكو باشنرین شێوازی حوكمڕانی پێشكەش بەهاوڵاتیانی خۆمان بكەین، لەم خولەدا بەرپرسیاریەتی مێژوویی لەكارەكانماندا بەر پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەوێت كە زۆرترین متمانەی خەڵكی كوردستانی بەدەستهێناوە، پارتی دیموكراتی كوردستان پێش هەموو كارو ئیشێك خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستانی مەبەستە بۆیە دەبێت هەر حزب و لایەنێكیش كە بەشدار دەبێت لەحكومەتی نوێ ئەوە دەبێت بەهاوبەشی بەشداری ئەو پرۆژەو كارانە بكات كە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دەهێنێت تاوەكو كوردستانێكی سەقامگیرو ئارام بێتەدی و باری بژێوی خەڵك ببوژێنرێتەوە و متمانەی هەموو خەڵكی كوردستانیش بەدەست بهێنین، گومانمان نییە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە حكومەتی داهاتوودا دەتوانێت ئەو كوردستانە بەهێزە بونیاد بنێت. هەروەها ئەرك و كار بەر ئەو لایەن و فراكسێۆنانەش دەكەوێت ئەگەر یەك كورسیشیان لەپەرلەمان هەبێت و پارتی دیموكراتی كوردستان پێش هەموو كارێك خۆشگوزەرانی خەڵكی مەبەستە بۆیە دەیەوێت هەر حزب و لایەنێك لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی كوردستان بەشداربێت ئەوە دەبێت لەحكومەتەكەدا شەریك بێت و ئەرك و بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ بگرێت تا كۆتایی كە بەمەش كوردستان سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و كۆمەلایەتی و . . .تاد بۆ دەستەبەر دەبێت.