هۆشەنگ شەهابی پڕۆفیسۆری مێژوو و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: دەوڵەتانی ئەوروپی ناتوانن لەسەر سزاكانی ئێران دژایەتیی ئەمریكا بكەن

هۆشەنگ شەهابی  پڕۆفیسۆری مێژوو و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان:  دەوڵەتانی ئەوروپی ناتوانن لەسەر سزاكانی ئێران دژایەتیی ئەمریكا بكەن
هۆشەنگ شەهابی پڕۆفیسۆری مێژوو و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی بۆستن، هەروەها توێژەرە لە سكووڵی فریدریك ئێس، پاردی بۆ دیراساتی جیهانی لە هەمان زانكۆ، پێشتر لە چەند زانكۆیەكی بە ناوبانگ وانەی وتووەتەوە، وەك زانكۆكانی هارڤارد، سانت ئەندرۆز، كالیفۆرنیا (لۆس ئەنجەلوس)، خاوەنی چەندین پەرتووك و توێژینەوە لە بارەی مێژوو و سیاسەتی وڵاتی ئێران، تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك مێژووی كەلتووری و سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شیعەگەرایی و یاسای نێودەوڵەتی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵ تاوتوێ كرد لەبارەی بارودۆخی ئێستای كاروبارە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و پرسی سەپاندنەوەی سزاكان لەلایەن ئەمریكاوە بە سەر ئێراندا.
* سەرەتا چۆن لە سیاسەتی دەرەكیی تاكلایەنەی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا لە ئاست جیهان بەگشتی و لە بەرامبەر ناوچەیەكی گرنگی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی دەڕوانیت؟
- ئەم ئیدارەیە بە راددەیەكی زۆر ناسیۆنالیستییە و باوەڕی بە كاری هەمەلایەنە نییە و پتر تەركیز لەسەر ناوخۆی وڵاتەكە دەكات و لە راستیدا تەنیا هاوپەیمانێكی ئەم ئیدارەیە كە مابێتەوە، سعودیە و ئیسڕائیلن.
* واتە سیاسەتی دەرەكیی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆتە هۆی لاوازكردن و تێكدانی هاوپەیمانێتییەكان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان؟
- دەتوانین بڵێین تا راددەیەكی زۆر ئەم دەرئەنجامەی لێكەوتۆتەوە. دەكرێت بەڵگەی ئەمە لەو زیانەدا بەدی بكەین كە بەر وەزارەتی دەرەوە كەوتووە، وەزارەتی دەرەوە كە ئامرازی پەیوەندیكردنی ئەمریكابە بە جیهانەوە، لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە لاواز كراوە و تا ئێستاش چەندین پۆستی باڵیۆزەكان بە بەتاڵی ماونەتەوە. كەواتە ئیرادەیەكی كەمتر هەیە بۆ پەیوەندی دروستكردن لەگەڵ وڵاتانی دیكە و ئەنجامدانی سازش، و لە بنەڕەتدا خواستی ئەوەی هەیە ئیرادەی خۆی بەسەر هەموو لایەكدا بسەپێنێت.
* لەو باوەڕەدایت ئەم سیاسەتەی ئەمریكا ببێتە هۆی گرتنەبەری هەنگاوی پێچەوانە لەلایەن هێزە جیهانییەكانی دیكەوە، وەك رووسیا و چین؟ ئایا دووبارە پێ دەنێینە نێو رۆژگاری ململانێی هێزە جیهانییە گەورەكان؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە راستە، بەڵام پێموایە رووسیا رۆڵێكی كەمتری هەیە بە بەراورد بە چین، واتە ئێمە بەرەو جیهانێك دەڕۆین كە چین دەبێتە هێزێكی هەڵكشاو لە بەرامبەر ئەمریكا وەك سوپەرپاوەرێك و لەو باوەڕەدام رووسیا دەبێتە هاوپەیمانی چین.
* ئەی باشە چۆن لە ئایندەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، یان سیستمی جیهانی دەڕوانیت لە روانگەی ئەگەری گەڕانەوەی ململانێی هێزە گەورەكاندا؟
- پێموایە پێ دەنێینە نێو شەڕێكی ساردەوە لە نێوان ئەمریكا و چیندا كە تێیدا وڵاتانی دیكە تووشی گیروگرفت دەبنەوە لە رێكخستنەوەی پێگەی خۆیاندا.
* ئێمە دەزانین ئیدارەی ئێستای ئەمریكا زۆر پەنا دەباتە بەر بەكارهێنانی سزا و فشارە ئابووری و بازرگانییەكان وەك ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم شێوازی ئەنجامدانی سیاسەتی دەرەوە چەند سەركەوتوو دەبێت؟
- بە زۆری سەركەوتوو نابن، ئێوە بڕواننە وڵاتی كوبا، كە ئێمە دەزانین لە دوای شۆڕشی كۆمۆنیستییەوە- لە ساڵی 1958- سزای ئابووری بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوەو هێشتا كۆمۆنیزم لەو وڵاتەدا ماوە. كەواتە سزاكان ئازار بەو كەسانە دەگەیەنن كە دەبوو ئازاریان پێ نەگەیەنن و كەسانی حكومڕانیش بەردەوام لە دۆخ و گوزەرانێكی باشدا دەبن. لەم روانگەیەوە باوەڕم وایە زۆربەی سزا ئابوورییەكان كارا نابن و تەنیا ئەو كاتە كاریگەرییان دەبێت كە لایەنێكی دیاریكراو بكەنە ئامانج، بۆ نموونە سزاكانی سەر ئێران ئەو كاتە كاریگەرییان دەبێت كە سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە بە دیاریكراوی بكاتە ئامانج. بەڵام ئەگەر سزاكان بۆ سەر ئێران گشتگیر بن، ئەوا ئەمە كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر كەرتی تایبەتی ئێران و لەسەر بەكاربەری ئێرانی.
* ئاماژەت بە سەپاندنەوەی سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا كرد، كە ئاشكرایە ئەمریكا گەڕی دووەمی سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاندۆتەوە، هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ ئەم هەنگاوانەی ئەمریكا و ئایا ئاكامەكانی سەپاندنەوەی ئەم سزایانە چین؟
- بە دڵنیاییەوە ئاكامەكانی بۆ ئێران زۆر سلبین، چونكە زۆرێك لە وڵاتانی وەك كۆریای باشوور، هیندستان و وڵاتانی ئەوروپا دەست لە چالاكییە ئابوورییەكانیان لەئێران و كڕینی نەوتی ئێران هەڵدەگرن، لە دەرئەنجامدا دۆخی ئێران تەنیا بەرەو خراپتر دەچێت.
* هەروەك ئاماژەتان پێكرد، ئەم سزایانە زۆر كاریگەریان دەبێت و رەنگدانەوەی نەرێنییان لەسەر ئێران دەبێت، پێتانوایە لەسەر ئاستی ناوخۆ كاریگەری ئەم سزایانە چ دەرهاویشتەیەكیان لێدەكەوێتەوە؟
- بێگومان بێكاری لێ دەكەوێتەوە، هەروەها رێژەی ئەو بێكارییەش هەڵدەكشێت و نرخی هەموو شتێك گران دەبێت، بەو پێیە هەڵاوسانی نرخیش هەڵدەكشێت، واتە سزاكانی ئەمریكا كاریگەریی زیانبەخشی لەسەر چینی ناوەڕاست و چینەكانی خوارەوەی ئێران دەبێت، ئەو خۆپیشاندانانەش كە لە ماوەی یەك دوو ساڵی رابردوودا بینیمان، پێموایە بەردەوام بن و رەنگە خراپتریش بن.
* ئەی پێتوایە لەسەر ئاستی دەرەكی كاریگەریی ئەم سزایانە چی دەبن؟ مەبەستمان ئەوەیە ئایا حكومەتی ئێران دووبارە دەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ئایا ئەگەری ئەوە هەیە رێككەوتنێكی دیكەی هەمەلایەن لەگەڵ ئەمریكادا واژوو بكات؟
- من گومانم هەیە لەم رووەوە، چونكە جڵەوی كاروبارەكان لە ئێراندا بەدەست كەسایەتییە سەختگیرەكانەوەیە و پێموانییە لە دۆخێكدا بن كە سازش بكەن، هەروەها رابەری باڵاش هەمان ئەو دەسەڵاتەی نییە كە ئایەتوڵا خومەینی هەیبوو، كە ئایەتوڵا خومەینی رایگەیاند قبووڵكردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی عێراقەوە بۆ ئەو ئازاربەخشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناچار بوو، قبووڵی بكات و تەنانەت بە خواردنەوەی پەرداخێك ژەهری شوبهاند. بەڵام پێموانییە رابەری ئێستای ئێران هەمان ئەم دەسەڵاتەی هەبێت، لەم روانگەیەشەوە پێشبینی ناكەم سازش بكەن و ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی بڵێین ئەگەری ناكۆكیی چەكداریش لەئارادایە.
* ئەی پێتوانییە وڵاتە ئەوروپییەكان بتوانن رۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و ئەمریكا ببینن بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكان و بۆ سازكردنی زەمینەی گفتوگۆ لە نێوانیاندا؟
- نەخێر، چونكە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا هیچ رێزێك لە حكومەتە ئەوروپییەكان نانێت و رەنگە ئیدارەی ئەمریكا مشتومڕی ئەوە بكات كە حكومەتە ئەوروپییەكان پەیوەندیدار نین بەم پرسەوە.
* ئەی پێتوایە پێداگریی ئەمریكا لەسەر سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێران بە بێ لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی وڵاتە ئەوروپییەكان لە كۆتاییدا ببێتەهۆی دروستبوونی گرژی و ناكۆكی لە نێوان ئەمریكا و ئەوروپادا؟
- نەخێر، لەبەر ئەوەی پێموانییە وڵاتانی ئەوروپا ئامادە بن بەرەنگاری ئەمریكا ببنەوە لە پێناو بوونی پەیوەندییەكی باشتر لەگەڵ ئێراندا، واتە ئەگەر وڵاتە ئەوروپییەكان ناچار بن لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا یەكێكیان هەڵبژێرن، ئەوا بژارەكەیان ئەمریكا دەبێت.
* ئێمە دەزانین هەندێ وڵاتی گرنگی وەك چین رایانگەیاندووە كە ئەوان پشتیوانی لە سەپاندنی سزای تاكلایەنانەی ئەمریكا بەسەر ئێراندا ناكەن، پێتوایە ئەمە ببێتەهۆی كەمكردنەوەی كاریگەریی ئەو سزایانە و سووككردنی كێشە ئابوورییەكانی ئێران؟
- بەڵێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێران باجێكی گەورە دەدات، هەمان شت بۆ رووسیاش راستە، واتە رووسیا دەبێتە هاوپەیمانی سەرەكیی ئێران. من باوەڕم وایە سزاكان ئێران ناچار دەكەن و دەیخەنە دۆخێكەوە كە ببێتە پاشكۆی دەوڵەتی رووسیا.
* باشە ئەمە نابێتەهۆی ئەوەی رووسیا لە پێگەیەكدا بێت كە رۆڵ ببینێت بۆ نزیككردنەوەی ئێران و ئەمریكا و بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵیاندا؟
- لە راستیدا من نازانم چ لایەنێك دەتوانێت ئەمە بكات، چونكە لە ئێستادا ئەمریكا هەڵوێستەكانی لە ئاست رووسیادا خستۆتە باری دژایەتییەوە بە كشانەوەی لە رێككەوتنی پەیوەست بە مووشەكە ئەتۆمییەكان، هەروەها پەیوەندییەكانی لەگەڵ چیندا ژەهراوییە. كەوابێت نازانین چ وڵاتێك ماوە بۆ ئەوەی رۆڵێكی باش ببینێت لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا، رەنگە عومان بتوانێت ئەم رۆڵە ببینێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێموانییە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا خوازیاری ئەوە بێت هیچ جۆرە گفتوگۆیەك لەگەڵ ئێراندا ئەنجام بدات.
* ئەی پێتواییە ئەم سزایانەی ئەمریكا بەسەر ئێراندا هیچ كاریگەرییەكییان دەبێت لەسەر كەمكردنەوە و سنوورداركردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكەدا؟
- بەڵێ، بۆی هەیە، واتە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران باجێكی زۆر بدات لە بەرامبەر ئەو دەستڕۆیشتووییەی ئێراندا، چونكە تێوەگلانی ئێران لە عێراق و سووریا و لوبناندا داهاتی دەوێت، كەوابێت ئەگەر دۆخی سووریا بەرەو جۆرێك لە سەقامگیری بچێت، كە پێدەچێت ئێستا ئەمە رووبدات، ئەوا لەو باوەڕەدام ئێران هەندێ لە پشتیوانییەكانی بۆ ئەو وڵاتە كەم دەكاتەوە.
Top