ئەحمەد مەجیدیار شارەزای كاروباری ئێران بۆ گوڵان: پێشبینی ململانێی توندتر لە نێوان ئێران و ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەكەم

ئەحمەد مەجیدیار  شارەزای كاروباری ئێران بۆ گوڵان:  پێشبینی ململانێی توندتر لە نێوان ئێران و ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەكەم
پڕۆفیسۆر ئەحمەد مەجیدیار بەڕێوەبەری پڕۆژەی چاودێریكردنی ئێرانە لە ئاموژگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕوانامەی ماستەری لە رۆژنامەگەری لە زانكۆی وێستمینستەر بەدەست هێناوە، هەروەها بڕوانامەی دیپلۆمی لە بواری كاروباری نێودەوڵەتیدا هەیە، شارەزای چەند بوارێكی گرنگە، وەك تیرۆریزم و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، تایفەگەری نێوان شیعە و سوننە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا. هەروەها شارەزای كاروباری وڵاتانی ئێران و ئەفغانستان و پاكستانە. بۆ قسەكردن لەسەر كاریگەرییەكانی گەڕی نوێی سزاكانی ئەمریكا لە دژی ئێران و چەندی پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا.
* ئاشكرایە ئەمریكا لە چوارچێوەی هەڵمەتی فشارخستنەسەر ئێراندا گەڕی دووەمی سزاكانی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندۆتەوە، كە كەرتی نەوتی كردۆتە ئامانج، ئێوە چۆن لە ئاكام و دەرهاویشتەكانی ئەم سزایانە دەڕوانن؟
- روونە كە ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێندراون بە راددەیەكی گەورە كاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە هەبووە، ئەوەتا بەهای دراوی ئێرانی بە ئاستێكی گەورە دابەزیوە، واتە نیوەی بەهاكەی لەدەست داوە، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیش بە ئەندازەیەكی زۆر دابەزیوە. گەڕی ئەم جارەی سزاكانیش پتر كاریگەریی خراپیان دەبێت لەسەر ئابووریی ئێران، لەبەر ئەوەی بانكی مەركەزیی ئێران و كەرتی نەوتی ئەو وڵاتەی كردۆتە ئامانج. تەنانەت پێش ئەم سزایانەش كۆمپانیا و بانكە ئەوروپییەكان چالاكییەكانی خۆیان سنووردار كردووە لە ئێراندا، یان بە تەواوەتی لە بازاڕی ئێران كشاونەتەوە. راستە حكومەتەكانی وڵاتانی ئەوروپا هانی كۆمپانیاكانیان دەدەن، بەڵام لە كۆتاییدا ئەو كۆمپانیایانە بڕیاری خۆیان دەدەن، چونكە دەیانەوێت خۆیان لە سزاكانی ئەمریكا لابدەن، یان خوازیاری ئەوەن پشكیان لە بازاڕی ئەمریكادا لە دەست نەدەن لە پێناوی بازاڕێكی بچووكتردا، كە بازاڕی ئێرانە.
* ئەمریكا رایگەیاندووە كە خوازیاری ئەوەیە هەناردەكردنی نەوتی ئێران بە تەواوەتی رابگرێت، پێتوایە ئەمە كارێكی كردەنییە و ئایا ئێران ناتوانێت رێگایەك بدۆزێتەوە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەم سزایانە؟
- پێموایە كارێكی واقیعییانە نییە پێشبینی ئەوە بكرێت هەناردەكردنی نەوتی ئێران بە تەواوەتی رابگیرێت، چونكە پێشتریش ئێران رووبەڕووی سزا بۆتەوە و دەزانێت چۆن سنوورداریان بكات و لە رێگەی چەند وڵاتێكی جیاوازەوە نەوتی خۆی بفرۆشێت، بۆ نمونە چین رایگەیاندووە كە بەردەوام دەبێت لە هاوردەكردنی نەوتی ئێران، بە هەمان شێوە هیندستانیش ئەوەی خستۆتەڕوو كە بەردەوام دەبێت لە كڕینی بەشێكی نەوتی ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا، بە دڵنیاییەوە هەناردەكردنی نەوتی ئێران سنوودار دەبێت، بەتایبەتی كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندوە كە ماوەیەكی دیاریكراو دەبەخشێتە وڵاتانی هاوردەكاری نەوتی ئێران، بۆ ئەوەی دەست لە كڕینی نەوتی ئەو وڵاتە هەڵبگرن. هەموو ئەمانەش بە مانای ئەوە دێت كە دۆخی ئابووریی ئێران خراپتر دەبێت و ئەمەش ناهەمواری ئابووری بە دوای خۆیدا دەهێنێت لە وڵاتەكەدا. هەرچۆنێك بێت، نابێت ئەو راستییەمان لەیاد بچێت كە كێشە ئابوورییەكانی ئێران تەنیا پەیوەست نین بە سزاكانەوە، بەڵكو لە هەمان كاتدا دەرئەنجامی ئیدارەدانی خراپ و گەندەڵییشە. هەروەها دەمەوێت ئەوەش زیاد بكەم كە پلانێكی گشتگیر لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە بەدی ناكەم بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەركردنی دۆخەكە.
* باشە پێتوایە كاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران چی دەبێت لە ئاست ئەم سزایانەدا؟ ئایا باوەڕت وایە ئامادەبن بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەن لەبارەی گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ كە گشتگیر و هەمەلایەن بێت؟
- لە راستیدا ئەمە خواستی سەرۆك دۆناڵد ترەمپە، واتە ئومێدی ترەمپ ئەوەیە كە بە زیادكردنی فشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەكان سەركردە ئێرانییەكان ناچار بكات بۆ ئەوەی بێنە سەر مێزی گفتوگۆ تاوەكو رێككەوتنێك بكرێت كە نەك تەنیا پرسی ئەتۆمی چارەسەر بكات، بەڵكو رۆڵی ئێرانیش لە ناوچەكەدا بگرێتەوە، لەگەڵ پڕۆگرامی مووشەكیی ئەو وڵاتە. واتە دەیانەوێت هەمان ئەو ستراتیژیەتە پیادە بكەن كە لەگەڵ وڵاتی كۆریای باكووردا گرتیانەبەر، بەڵام لە ئێراندا دۆخی ناوخۆی سیاسیی ئەو وڵاتە دەبێتەهۆی ئەوەی زەحمەت بێت بۆ رۆحانی كە كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بكات.
* ئاشكرایە كە وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی ئەوانەی واژوویان لەسەر رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كردووە، هەوڵی رزگاركردنی رێككەوتنی ئەتۆمییەكە دەدەن، پێتوایە ئەم وڵاتانە بتوانن هیچ رۆڵێكی ناوبژیوانی ببینن لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا بۆ گەیشتن بە جۆرێك لە تێگەیشتن، یان رێككەوتنێك لە نێوانیاندا؟
- راستە وڵاتانی ئەوروپا هەوڵی ناوبژیوانی دەدەن لە نێوان ئێران و ئەمریكادا لە رێی خستنەڕووی رێككەوتنێكی پاشكۆوە كە نیگەرانییەكانی ئەمریكا لەبەرچاو بگرێت، كە نەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە. بەڵام ئەمەش كارێكی سەخت و دژوارە، لەبەر ئەوەی رابەری باڵای ئێران بە روونی رایگەیاندووە كە نایەوێت گفتوگۆ بكات لەبارەی پێگە و رۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا. بەڵام ئەگەر كێشە ئابوورییەكانی ئێران بە ئەندازەیەك خراپ بوون كە ببنە هەڕەشە و مەترسی لەسەر وجوودی سیستمی حكومڕانی لە ئێراندا، ئەوا رەنگە مرونەتێكی زیاتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بەدی بكەین.
* هەندێ لە چاودێران باس لەوە دەكەن كە ئەگەر سزا ئابوورییەكان كاریگەری زۆر ئازاربەخشیان لێ بكەوێتەوە، ئەوا ئێرانیش دەستەوەستان نابێت و پەنا دەباتەبەر گرتنەبەری هەندێ رێوشوێن كە زیان بە بەرژەوەندی یان هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بگەیەنێت لە ناوچەكەدا، لێكدانەوەی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- راستە هەڕەشە هەبووە بۆ لێدانی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و تەنانەت سەرۆكی ئێرانیش باسی لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز كرد، كە یەك لەسەر سێی نەوتی هەناردەكراوی جیهانی پێدا دەگوازرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا من نابینم تاران بە راددەیەكی گەورە بارگرژییەكان بەرەو هەڵكشان ببات، بەڵكو پێموایە حكومەتی ئێران هەوڵ دەدات كار لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپیدا بكات بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری سزاكان و هێشتنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە. بەڵام ئەگەر دۆخە ئابوورییەكە خراپتر بێت و سزاكانیش كاریگەری گەورەتریان لێ بكەوێتەوە، ئەوا رەنگە هەڵكشانی بارگرژییەكان لەلایەن ئێران و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا ببینین.
* ئەی پێتوایە رووسیا- كە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ ئێراندا لە نزیكەوە كاری كردووە، بەتایبەتی لە سووریا- بتوانێت هیچ رۆڵێكی هەبێت بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا؟
- رووسیا هەوڵی داوە كار لەگەڵ ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا بكات و كۆششی كردووە بۆ خاوكردنەوە و كەمكردنەوەی گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی ئەمریكا و ئێران، بەڵام ئەو هەوڵ و كۆششانەی رووسیا بێهوودە بوون، چونكە جیاوازی بەرژەوەندی و سیاسەتەكانی نێوان تاران و واشنتۆن قووڵن و ناتوانرێت لە رێی ناوبژیوانی رووسیاوە چارەسەر بكرێن. لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە رووسیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ خاوكردنەوەی ئەو گرژییانە بەتایبەتی كاتێك كە كاریگەرییان لەسەر بەرژەوەندییەكانی خۆی دەبێت.
* ئەی تا چەند هاوڕایت لەگەڵ ئەو لێكدانەوەو شرۆڤەكارییەدا كە دەڵێت ئەم سزایانە كاریگەریی پێچەوانەیان لێدەكەوێتەوە و تەنیا دەبێتەهۆی ئەوەی ئێران پێداگیرتر بێت لەسەر هەڵوێستەكانی و زەحمەتتر سازش بكات؟
- ئەوە راستە كە دەتوانیت ئاماژە بەوە بكەیت كە رەنگە كەسایەتییە سەختگیرەكان و سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵی كەڵكوەرگرتن لە دۆخەكە بدەن و تەنانەت بۆی هەیە سوپای پاسداران زیاتر پەرە بە رۆڵی خۆی بدات لە ئابووریی ئێراندا، كەواتە بەڵێ بە دڵنیاییەوە ئەمە یەكێكە لە ئەگەرەكان.
* ئەی پێتوایە باشترین رێگاچارە كە ئەمریكا بیگرێتەبەر بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا چییە كە دەرئەنجامی خوازراوی لێبكەوێتەوە، نەك دەرئەنجامی پێچەوانەی بەدوادا بێت؟
- بۆ ئەوەی سزاكان كاریگەری ماناداریان لێ بكەوێتەوە و ئێران ناچاربكەن كە نەك تەنیا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەیەوە بكات، بەڵكو گفتوگۆ لەبارەی پشتیوانیكردنی بۆ چەندین گرووپ لە ناوچەكە و پڕۆگرامە مووشەكییەكەشی بكات، ئەوەیە كە دەبێت ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا كاربكات، هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا و لەوەش گرنگتر لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا، چونكە كاریگەریی سزا ئابووریەكانی زۆر زیاتر دەبێت، كاتێك كۆدەنگییەكی نێودەوڵەتی یان چوارچێوەیەكی نێودەوڵەتی هەبێت، چونكە راستە سزا ئابوورییە تاكلایەنەكان كاریگەرییان دەبێت، بەڵام نابنەهۆی ئەوەی دووبارە ئێران بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لەم رێگاچارە تاكلایەنەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا؟
- بە دڵنیاییەوە ئەم شێوازی سیاسەتەكردنە بۆتە هۆی دوورخستنەوەی هەندێ لە هاوپەیمانە نزیكەكانی ئەمریكا لە ئەوروپا، چونكە ئەوروپا خوازیاری هێشتنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەیە لەگەڵ ئێراندا، واتە راستە ئەوانیش هاوڕان لەگەڵ ئەمریكا لەبارەی چالاكییەكانی ئێران لە ناوچەكە و پڕۆگرامی مووشەكیی ئێران، بەڵام دەیانەوێت بە جیا مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسانەدا بكرێت. كە تارانیش دەیەوێت سوود لەم كەلێنەی نێوان واشنتۆن و ئەوروپا وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەوروپییەكان لایەنگری ئێران بكەن لەم پرسەدا، كەواتە مەسەلەكە بۆ ئەمریكا ئەوەیە چ كارێك بكات بۆ ئەوەی ئەوروپییەكان هاوهەڵوێست بن لەگەڵ سیاسەتەكانیدا.
* لە كۆتاییدا دەمانەوێت بزانین چۆن لە ئایندەی پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا دەڕوانیت؟ ئایا پێشبینی بەرەنگاربوونەوەی زیاتری نێوان ئەم دوو وڵاتە دەكەیت، یاخود پێتوایە دەرفەتی لێك نزیكبوونەوە لە نێوانیاندا هەیە؟
- لە راستیدا من بەرەنگاربونەوەی زیاتر نەك هاوكاری زیاتر بەدی دەكەم لە نێوان ئەم دوو وڵاتە لە ئایندەیەكی نزیكدا، چونكە بە دڵنیاییەوە دووبارە سەپاندنەوەی سزاكان بارگرژییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتەی زیاتر كردووە. هەروەها ئێمە دەزانین لە ئێستادا كە داعش لە رووی سەربازییەوە تێكشێندراوە، كە دوژمنی هاوبەشی ئێران و ئەمریكا بوو، بوارێكی كەمتر ماوەتەوە بۆ هاوكاریی نێوان ئەم دوو وڵاتە، كەواتە پێشبینی هەڵكشانی زیاتر و ململانێی توندتر دەكەم لە نێوان ئێران و ئەمریكا لە ناوچەكەدا.
Top