عیرفان كەركووكی سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان: لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی هەر پارێزگارێك بۆ كەركووك دابنرێت كەلێنی گەورە دروست دەكات

عیرفان كەركووكی  سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان:  لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی هەر پارێزگارێك بۆ كەركووك دابنرێت كەلێنی گەورە دروست دەكات
هەروەك ئاشكرایە دۆخی سەربازی و نەخوازراو و سەپێندراوی كەركووك بەردەوامە، تەنیا ئاساییكردنەوەی ئەم دۆخەش دەبێتە هۆی زەمینەسازكردن بۆ هەنگاوهەڵگرتن بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان، پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و كۆبوونەوەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لە قەرەهەنجیر، چەند پەرەسەندنێك دەكرێت هەڵوێستەی لەسەر بكرێت، ئەم پرسانە و چەند بابەتێكی دیكەی هەنووكەیی بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ عیرفان كەركووكی سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك.
* ئێوە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كۆبوونەوەیەكتان لە قەرەهەنجیر (واتە لە دەرەوەی شاری كەركووك)ئەنجامدا، بەڵام هەر ئەو كۆبوونەوەیە بوو و كۆبوونەوەی دیكەی بەدوادا نەهات، ئایا ئامانج لەو كۆبوونەوەیە چی بوو؟ هەروەها بۆچی لە دەرەوەی شاری كەركووك كۆبوونەوە و نەچوونەوە ناو بینایەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لەوێ كۆبوونەوەكەتان ئەنجام بدەن؟
- لە راستیدا حزبی شیوعی كوردستان دەستپێشخەری و پێشنیارێكیان خستە بەردەم هەموو حزب و لایەنە كوردستانییەكانی كەركووك، ئێمەش بە خۆشحاڵییەوە وەكو حزبێكی سیاسی توركمانی كوردستانی ئەو پێشنیارەمان قبووڵ كرد، ئەوە بوو بڕیار درا كۆبوونەوەكە لە بارەگای حزبی شوعی كوردستان لە قەرەهەنجیر بێت و هەموو لایەنەكانیش لەو كۆبوونەوەیەدا بەشداربوون، كە چەند خاڵی گرنگ و پەیوەست بە بارودۆخی كەركووك خرانە بەر گفتوگۆ، هەمووشمان لەسەر خاڵەكان كۆك بووین، لەو خاڵانەش ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و گەڕانەوەی ئاوارەكان و تەوافوق و رێككەوتنی سیاسی و بەردەوامیدان بەم جۆرە كۆبوونەوانە بوو، كەواتە ئەوەی روویدا كارێكی باش بوو. ئێمە بۆچوونمان وابوو كە پێویست ناكات ئەو هەموو هێزە لە كەركووكدا بێت، دۆخی كەركوویش مایەی نیگەرانییە، دواتر ئێمە پەرۆشی دۆخی ئەو خەڵكەین كە لە شاری كەركووك و لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئاوارەی شوێنەكانی دیكە بوون. لە كۆتاییدا ئێمە لەسەر ئەو چەند خاڵە رێككەوتین و لە بەلاغی كۆتاییدا بڵاومان كردەوە. ئامانجی ئێمەش بەردەوامیدان و پەرەپێدانە بەم كۆبوونەوانە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و بۆ ئەوەی كۆتایی بەو رەوشە پڕ لە نیگەرانی و دڵەڕاوكێیەی ئەم شارە بهێنین. چونكە بە راستی لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە دیاردەی دزین و كوشتن و رفاندن و تەعریب رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە لە پارێزگای كەركووك و ئەو پارێزگارەی كە بە وەكالەت لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر بە زۆر بەسەر خەڵكی كەركووك و شاری كەركووكدا سەپێندراوە، - كە ئەمە كارێكی ناشەرعی و نایاساییە- هەموو بڕیارە ئیدارییەكانی كە داویەتی دژ بە یاسا و دەستووری عێراقین، هەروەها خزمەتگوزاری بۆ خەڵكەكە دەستەبەر نەكردووە و پتر گرنگی بە تەعریب و بە دەركردنی بڕیاری ستەمكارانە داوە كە خزمەتی خەڵكی كەركووك و هەموو پێكهاتەكان بەگشتی ناكات، واتە ئەو پارێزگارێكی سەپێندراوە و تاكلایەنانە كاردەكات، ئەمەش لەهەقیقەتدا زۆر مەترسیدارە، هەر بۆیە خەڵكی كەركووك نیگەرانن و ئارام نین و لە دڵەڕاوكێ و ترسدا دەژین لە بەر ئەوەی شارەكە بۆتە سەربازگەیەكی گەورە. بۆیە هەموو ئەمانە هۆكارن كە ئێمە ناتوانین بۆ شاری كەركووك بگەڕێینەوە. ئەگەرچی هەموو لایەك ئاگادارن كە لەماوەی رابردوودا داوایان دەكرد ئێمە وەكو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بگەڕێینەوە، بێگومان ئێمەش پێمان خۆشە بۆ كەركووك بگەڕێینەوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە زەمینەسازی هەیە، واتە لە سەرەتادا پێویستی بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شارەكە هەیە، دەبێت ئەو عەسكەرتاریەتەی هەیە، نەمێنێت و بارودۆخی كەركووك ئاسایی و یاسایی بكرێتەوە، هەر وەكو پێش كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر. لەپاشان دەبێت رێككەوتن و تەوافقی سیاسی لەنێوان هەموو لایەنەكانی كەركووك هەبێت، بەبێ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێك و هەموو رێككەوتنێك دەبێت لە بەرژەوەندی خەڵك و شاری كەركووك بێت و لە پاشان دەبێت بە ئالیەتێكی باش و بێ گرفت ئاوارەكان وەكو ماف و هەقی خۆیان بگەڕینەوە سەر ماڵ و موڵك و كارو كاسبی خۆیان لە كەركووك. هەروەها دەبێت حكومەتی ناوەندی پابەند بێت بە جێبەجێكردنی هەموو بڕگەو ماددەكانی دەستوور لە چوارچێوەی ئەمەشدا دەبێت مادەی 140 كە كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكات.
* بە رای ئێوە دەبێت بارودۆخی كەركووك چۆن بێت، هەتا ئێوە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بگەنە ئەو قەناعەتەی بگەڕێنەوە و لە ناو كەركووك كۆبوونەوە ئاساییەكانی خۆتان بكەن؟
- ئەگەر سەیری ناو شاری كەركووك بكەن، دەبینن سەرتاپای هێزی سەربازییە و باڵەخانەی پارێزگای كەركووك ئێستا ئەو باڵەخانەی پارێزگایە نییە كە پێش 16ی ئۆكتۆبەر بوو، چونكە خەڵكانێكی تێدایە غەریبن و ئەو دەموچاوانە ناناسین و هێزێكی زۆر لەسەربان و ناو پارێزگانە هەن كە كردوویانەتە سەربازگەیەكی گەورە. هەروەها ناو شاری كەركووكیش بەجارێك بۆتە بنكەو بارەگای هێزی سەربازی و میلیشیای جۆراوجۆر كە لەخوار و ناوەڕاستی عێراق بۆ ناو كەركووك هێنراون، كە ئەمەش پێچەوانەی یاساو دیموكراتیەت و بنەماكانی مافی مرۆڤە. ئەو هێزە عێراقییانەش ناتوانن خزمەت بە خەڵك و شاری كەركووك بكەن، بەڵكو بە پێچەوانەوە بوونەتە بارێكی گران بەسەر شاری كەركووكەوە.
* لە دوای ئەو كۆبوونەوەیەوە، یەكێتی نیشتمانی هەوڵی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی لەگەڵ نوێنەرەكانی عەرەب و توركمان زۆرینەیەكی سادە پێكبهێنێت و ئەنجومەن كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ شارەكە دابنێتەوە، دیارە هەتا ئێستا ئەم هەوڵەی یەكێتی سەركەوتوو نەبووە، پرسیار ئەوەیە ئەگەر تەنانەت هەوڵەكەی سەركەتوو بوایەو ئەندامێكی یەكێتیش ببوایە بە پارێزگاری كەركووك، ئایا لەم بارودۆخەدا پارێزگارەكەی یەكێتی چ جیاوازییەكی لەگەڵ راكان جبوری دەبوو؟
- ئێمە وەكو لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك -كە هەموو پێكهاتەكانی كەركووكی لەخۆ گرتووە لە كورد و عەرەب و توركمان و كلدو ئاشوورو سریانی- و ئێمەش وەكو پارتی گەلی توركمانی، كە بەشدار بووین لە ناو لیستی برایەتی- لە روانگەی باوڕەبوونمان بە بەرنامەی لیستی برایەتی- پێمانوایە لەم هەلومەرجەدا هەر پارێزگارێك دابنرێت لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكان كەلێن و بۆشاییەكی گەورە دروست دەكات. ئێمە وەكو لیستی برایەتی لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك زۆرینەین كە دوو خول پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگامان داناوە و كارەكانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاكانی ئیداری و پارێزگاری كەركووك بە شێوەیەكی باش و سەركەوتوو راپەڕاندووە و جێبەجێمان كردوون، بەڵام لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە كارەكانی پەكی كەوتووە. ئێستاش ئاشكرایە كە هەموو بڕیارەكانی راكان جبوری كە پارێزگارێكی سەپێندراوە بە سەر خەڵكی كەركووكدا، لە بەرژەوەندیی تاكلایەنەی عەرەبدایە و بەرژەوەندیی توركمان و كوردو كلدو ئاشوور و سریانی پشتگوێ خستووە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئەگەر لەو بارودۆخەی ئێستاكەدا بەبێ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و بەبێ رێككەوتن و تەوافوقی سیاسی هەر پارێزگارێك دابنرێت و راو دەنگی هەموو لایەنە كوردستانییەكانی لەسەر نەبێت، ئەو پارێزگارە دەبێتە مەئموورێك لەژێر دەستی سەركردەیەكی سەربازی. واتە ناتوانێت هیچ بڕیارێكی راستەوخۆ جێبەجێ بكات، چونكە حاكمێكی سەربازی دەسەڵاتی رەهای هەیە لە شاری كەركووك.
* لە ئێستادا حكومەتێكی تازە لە بەغدا پێكهێنراوە و دكتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی تازە بەڵێنی ئەوەی داوە كە لە چوارچێوەی دەستوور و ماددەی 140 هەوڵەكان بخرێنەوەگەڕ بۆ ئەوەی بارودۆخی كەركووك ئاسایی ببێتەوە و عەسكەرتاری لەو شارە كۆتایی بێت، ئایا تاچەند گەشبینی بەم قسانەی د. عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەوەی بارودۆخی كەركووك ئاسایی ببێتەوە؟
- ماوەی چەند رۆژێكە د. عادل عەبدولمەهدی وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەستبەكار بووە، ئەمجارەش ئەوەمان بەدی كرد كە لە دامەزراندنی حكومەتی تازەی عێراقدا جۆرێك لە تەوافوق لە نێوان لایەنەكاندا هەبوو، كە ئێمە ئومێدەوارین ئەو تەوافوقە ببێتە نەخشەڕێگایەك كە هەموو ئەو كێشانەی لە عێراقدا هەیە، بەپێی دەستوور چارەسەریان بكات، كە ئێمەش دەزانین چارەسەركردنی دۆخی كەركووك و ناوچە جێ ناكۆكەكان پەیوەستن بە جێبەجێكردنی دەستووری عێراق، ئەمە لە كاتێكدا كە خودی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش راستەوخۆ كەسی یەكەمە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور بە هەموو بڕگەو ماددەكانی و ماددەی 140یش لە چوارچێوەی ئەو ماددەو بڕگانەدایە. خۆ ئەگەر بێت و حكومەتی د.عادل عەبدولمەهدی هەموو ماددەو بڕگەكانی دەستوورە جێبەجێ بكات، بەڵام ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ نەكات، ئەوا پێشێلكاری دەستووری كردووە. ئەگەرچی د.عادل عەبدولمەهدی كە لە رۆژی یەكەمدا سوێندی یاسایی خوارد، وەكو سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق و لە بەرنامەكەیدا تەئكیدی لەوە كردەوە كە دەستوور جێبەجێ دەكات و ئاساییكردنەوەی كەركووكیش یەكێك بوو لەو خاڵانەی كە لە بەرنامەكەیدا خستیەڕوو، بەڵام ئێمە ئەو كاتە گەشبین و ئومێدەوار دەبین كە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەست بكات بە جێبەجێكردنی دەستوور بەگشتی و بەتایبەتی ماددەی 140 لە چوارچێوەی دەستووردا كە ئەمەش مافێكی دەستووری و یاسایی خەڵكی كەركووك و ناوچە جێ ناكۆكەكانە.
* سەرۆك بارزانی لە دوایین پەیامیدا سەبارەت بە كەركووك راشكاوانە رایگەیاندووە پێكهاتەكانی كەركووك چۆن پێكەوە دەگونجێن بۆ ئەوەی ئەو شارە بەڕێوە بەرن، با رێكبكەون، بەڵام دەبێت ناسنامەی كەركووك هەر كوردستانی بێت، بێگومان ئەمەشی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی شیعە بۆ بەشداری لە حكومەتی ئێستای عێراق باس كردووە، ئایا تاچەند مەزندە دەكەیت لە ماوەیەكی كورتدا، بارزانی رۆڵی خۆی لە ئاساییكرنەوەی كەركووكدا بگێڕێت؟
- ئێمە هەڵوێستی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر بەرز دەنرخێنین، چونكە هەر هەڵویستی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو لە ساڵی 2014 كە بەڕێزیان خۆی هاتە شاری كەركووك، كە ئەو كات تیرۆریستانی داعش موسڵ و حەویجە و ناوچەكانی دیكەیان لە عێراق داگیر كردبوو. لەو سەردانە مەیدانیەی بەڕێزیان سەرۆك بارزانی لەگەڵ فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە لە كەركووك كۆبووە و ئێمە وەكو حزب و لایەنە كوردستانییەكان و وەكو پارتی گەلی توركمانی چووینە خزمەتی بەڕێزیان، كە تەئكیدی كردەوە و فەرمووی ئێمە هاتووین بۆ كەركووك بۆ ئەوەی هەموو نەتەوەو پێكهاتەكانی كەركووك بپارێزین و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پاراستنی شاری كەركووك و هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانەی كەركووكە، بەبێ هیچ جیاوازییەك. كەواتە هەر ئەو تەئكید و ئەو خەبات و تێكۆشانە بوو كە وایكرد تاوەكو رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2017خەڵكی شاری كەركووك بە ئارامی و بەهێمنی و بە خۆشگوزەرانی لە كەركووك و ناوچەكەدا بژین. هەر بۆیە ئێمە وەكو پارتی گەلی توركمانی بە رێز و حورمەتەوە ئەو هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە دەنرخێنین، چونكە هەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون، خۆیان كردە قوربانی بۆ ئازادی و ئاسایش و پاراستنی خەڵكی كەركووك و بەم شێوەیە ئێمە وەكو توركمان و كوردو عەرەب و كلدو ئاشوور توانیمان بەوپەڕی خۆشگوزەرانی و ئارامی و سەقامگیری ئەمنی لە كەركووك بژین. بەڵام دەبینین لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەركووك و ناوچەكانی دیكە تووشی چ نەهامەتی و كارەسات و دەربەدەری بوونەتەوە.
* لە یەك دوو رۆژی دەستبەكاربوونی عادل عەبدولمەهدی بریار دراوە كە نەوتی كەركووك بە رێگەی بۆرییەكانی هەرێمی كوردستان بگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا، ئایا تاچەند هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بە رێگەی بۆرییە نەوتەكانی هەرێم . دەبێتە هۆكاری دابینكردنی زەمینەیەكی لەبار لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شاری كەركووك؟
- ئاشكرایە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بەبێ حكومەتی كوردستان و هەرێمی كوردستان هیچی پێ ناكرێت، چونكە هەرێمی كوردستان واقیعێكی مەشروع و دەستوورییە و هەموو دنیا مامەڵەی لەگەڵ دەكات. ئەوەی پەیوەندی بە نەوتی كەركووكیشەوە هەبێت، ئەوا ئاشكرایە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە نەوتی كەركووك بەرەو ئێران دەڕۆیشت و تەنیا بۆن و دووكەڵەكەی بۆ خەڵك بوو، واتە نەوتەكە ببووە نەهامەتی، نەك خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكەكە، نە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و نە خەڵكی ئەم شارەش ئاگایان لە چۆنیەتی رۆیشتنی ئەو نەوتە نەبووە، مەبەستم ئەوەیە تەنانەت ئێمەش وەك ئەنجومەنی پارێزگا نازانین بە گوێرەی چ بڕیارێك ئەم نەوتە دەڕوات و بە چ شێوازێك دەڕوات- ئەگەرچی رویشتنەكەی دیارە و بە بەرچاوی خەڵكەوەیە، چونكە رۆژانە بڕی (60 تا 80) هەزار بەرمیل لە رێی تەنكەرەوە بۆ ئێران دەڕۆیشت، بەڵام لەدوای ئەوەی كە د.عادل عەبدولمەهدی وەكو سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق دەستبەكار بوو، دووپاتی كردەوە كە دەبێت ئەو نەوتە لە رێی بۆرییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە بكرێت، كە ئەمە رێگا یاساییەكەیە. بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو بڕیارە و رۆیشتنی نەوتی كەركووك بە رێگای كوردستانەوە هەنگاوێكە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی كوردستان. من هیوادارم حكومەتی د.عادل عەبدولمەهدی سوود لە كارو ئەزموون و حوكمڕانیی كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان وەربگرێت، كە توانی لەچەند ساڵی رابردوو سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و تەگەرەییەی لەپێشی بوو، لەسەر پێی خۆی راوەستێت و پشت بەخۆی ببەستێت. من پێموایە حكومەتی ناوەندی لە دۆخێكدا دەبێت كە پەیوەندیەكانی لەگەڵ حكومەتی كوردستان ئاسایی بكاتەوە، چونكە لە ناوچەكەو لە ناوخۆش بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە و دەبێت لە رووی ئیداری و دەستووری و ئەمنییش پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر هەر بەردەوام بێت.
* دوا وتەت چییە
- لە كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی توركمان وەكو پێكهاتەیەك كە لە عێراق هاوبەشە و هیچ پۆستێكی وەزاری پێ نەدراوە، لە كاتێكدا ئێمە وەكو توركمان هەر لەم هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستان 5 ئەندام پەرلەمانمان وەكو كۆتا هەیە. هەم لە كابینەكانی حكومەتی كوردستان پۆستی وەزیرمان هەبووە، وەك وەزیری داد و چەندین بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار و شارەزامان لە كابینەكانی حكومەتی كوردستان هەبووە، واتە حكومەتی كوردستان بە شێوەیەكی كاراو باش لەناو حكومەتدا جێگای بۆ بەشداری توركمان كردۆتەوە، بەپێچەوانەوە لەحكومەتی د.عادل عەبدولمەهدی لە عێراقدا بەشداری بە توركمان نەكراوە. بۆیە لێرەدا داواكارین لە د.عادل عەبدولمەهدی پۆست و پلە بە پێكهاتەی توركمان بدات لە حكومەتی عێراقدا. وەكو پێشتریش ئاماژەم پێدا پێویستە حكومەتی عێراق، دەرس لە حكومەتی كوردستان وەربگرێت كە چۆن حكومەتی كوردستان بە عەقڵییەتێكی واقیعبینانە دەڕوانێتە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی كوردستان و هەر هەموویان لە ئیدارەی حكومەتەكەیدا بەشداری پێ دەكات و توركمان چەندین پۆستی بەدەستەوە بووە لەم حكومەتەدا، بەڵام لێرەدا دەپرسین لەوانەی لەناو بەرەی توركمانی وەكو ئەرشەد ساڵحی و چەندانی تریان كە بووقیان بۆ هاتنی هێزە عێراقییەكان و داگیركردنی كەركووك لێ دەدا، ئایا توركمان چ بەشدارییەكی لە حكومەتی عێراق هەبووە و چ وەزارەتێكی وەرگرتووە و چ پلە و پۆستێكی بەڕێوەبەریی گشتی و راوێژكاری بەرچاو و گرنگی لە عێراق وەرگرتووە؟ كە بینیمان لە حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدییش بەشدارییان بە توركمان نەكرد، هەر بۆیە مافی توركمان لە بەغدا پێشێل كراوە، بەپێچەوانەوە مافی توركمان لە حكومەتی كوردستان زامن كراوە، بەڵام ئەرشەد ساڵحی و ئەوانەی لە بەرەی توركمانی كە دەستێكی زۆر و كاریگەریان لە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر هەبووەو بووقیان بۆ لەشكركێشی و داگیركردنی كەركووك لێ دەدا، تەنیا ئەوەیان دەستكەوت كە توركمانیان، بەتایبەتی توركمانی سوننەیان خستە ژێر ركێفی تایفەگەرییەوە، ئەمەش ئەو كارەیە كە ئێمە وەكو پێكهاتەی توركمان كە حەزی لێ ناكەین و قبووڵمان نییە، چونكە خزمەت بە بنەماكانی مافی مرۆڤ و پێكەوەژیان و دیموكراتیەت ناكات، بۆتە هۆكاری ئەوەی ئەو عەسكەرتاریەتییەو ئەو بارودۆخە ناخۆش و خراپە بەسەر كەركووك بێت كە بۆتە نەهامەتی و كاولكاری و ناخۆشی بۆ خەڵكی كەركووك و بۆ پێكهاتەی توركمان، لەبەر ئەوەی دەبینین پێكهاتەی توركمان و شیرازەی پێكەوەژیان لەو شارەدا تێكچووە، چونكە دەسەلاتێكی عورفی و عەسكەرتاریەت بە تەواوی باڵی بە سەر كەركووكدا كێشاوە، بەتایبەتی بەهۆی ئەو خەڵكانەی لە ناو هێزە عێراقیەكاندان كە خەلكی نەناسراو و نامۆن بە شارەكە و هیچ سۆزێكی نیشتمانی و مرۆڤایەتییان نە بۆ شاری كەركووك و نە بۆ دانیشتووانەكەی نییە كە بەشی زۆریان لەو هێزانە خەڵكی خواروو و ناوەڕاستی عێراقن، هاوكات ئەوەی ئێستا لە كەركووك بەڕێوە دەچیت لەلایەن پارێزگار و دەسەڵاتە عەسكەری و عورفییەكە تەنیا بەشێكە لە پڕۆسەی تەعریب، بۆیە داواكارین بارودۆخی كەركووك ئاسایی و یاسایی بكرێتەوە و بگەڕێتەوە سەر دۆخی پێش 16ی ئۆكتۆبەر و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان رێككەوتن و تەوافوقی سیاسی ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بە هەموو لایەكمانەوە بتوانین ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كارا بكەینەوە، ئینجا هەر بە رێككەوتن و تەوافوقی سیاسیی هەموو لایەكمان لە ئەنجومەنی پارێزگا و بە كۆی دەنگی ئەندامانی لیستی برایەتی پارێزگارێك دابنین و هەر هەموومان لەسەری كۆك بین و لەپاشان بڕیاری لەسەر بدەین.
Top