نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بۆ گوڵان: دەبێت لاوازیی توانای سەركردە كارگێڕییەكان لە جومگە گرنگەكانی ناو پەیكەری حكومەتدا چارەسەر بكرێت

نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بۆ گوڵان:  دەبێت لاوازیی توانای سەركردە كارگێڕییەكان لە جومگە گرنگەكانی ناو پەیكەری حكومەتدا چارەسەر بكرێت
متمانەپێدانی هاووڵاتیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، ئەركی سەرشانی پارتی بۆ حوكمڕانییەكی پڕ لە خزمەتگوزاری و حكومەتێكی بەهێز و خاوەن پلان و بەرنامەی وردبینانە زۆر قورستر كردووە، بۆ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بكارێ كارنامەی خۆی درەوشاوەتر بكات. ئایا چۆن دەكرێ بەسەر كەموكوڕییەكانی رابردوودا زاڵ بێت؟ بەرنامەی حكومەتی داهاتووی كوردستان چی دەبێت و چاكسازییەكان بە كوێ دەگەن؟ لاوازیی توانای سەركردە كارگێڕییەكان لە جومگە گرنگەكان لەناو پەیكەری حكومەتدا تا چەند زیانی بە كارنامەی حوكمڕانیی كوردستان گەیاندووە؟ نەخشەڕێگە و رێكارەكانی چارەسەر چین؟ ئەمانە و چەندین پرسی گرینگی ناوەرۆكی ئەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان پێكدەهێنن.
* سەرۆك بارزانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنی بە دەنگدەرانی كوردستان دا، ئەگەر خەڵكی كوردستان متمانە بە پارتی بدەن، ئەوا پارتی ریفۆرمێكی گەورە لە هەموو بوارەكانی حوكمڕانی دەستپێدەكات، ئاشكراشە كە پێش ئەم قسەیەی بارزانی، حكومەت دەستی كردبوو بە ئەنجامدانی ریفۆرمێكی باش، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو ریفۆرمەی بارزانی باسی دەكات، لە ریفۆرمەكەی كابینەی هەشت گەورەترە، ئایا تاچەند ئەم ریفۆرمە گەورەیە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە؟
- بێگومان جەنابی سەرۆك بارزانی ماوەیەكی درێژە بە خەمخۆرییەوە گرنگی بە بەرنامەی ریفۆرم دەدات و بەرنامەی جەنابیان نەك بەرنامەیەك بوو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی كوردستان، بەڵام بەداخەوە هەلومەرجی كوردستان و ئەو زەمینەیەی كە پێویست بوو دروست بێت بۆ ئەم هەنگاوە پیرۆزە، دروست نەبوو و هەرێمی كوردستان تووشی چەندین بارودۆخی نالەبار بوو، لەوانە هەڵوێستی نادادپەروەرانەی حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق و دژایەتیی راستەوخۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم و پاشان هەرێمی كوردستان تووشی هێرشێكی هۆڤانە بوویەوە لەلایەن تیرۆریستانی داعش و قەیرانی سیاسی لە هەرێم تاكو گەیشتە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و...هتد، هەر هەمووی هۆكاری سەرەكی بوون، بەڵام بە بڕوای من كابینەی داهاتوو ریفۆرمی گەورە دەیگرێتەوە سەرەڕای ئەوەی رێگای ریفۆرم ئاسان نییە و بێگومان چەندین كۆسپ و تەگەرە دەكەونە رێگای ئەم ریفۆرمە، بەڵام بە بڕوای من گرنگترین هەنگاوی دەستپێكردنی ئەم ریفۆرمە ئیرادەی سیاسییە و ئەم ئیرادەیە دەبێ لەلای گشت لایەنە سیاسییەكان هەبێت و پارتی دەبێت بە كردەوە ئەم ئیرادەیە پیشان بدات و ئەو متمانەیەی كە خەڵكی كوردستان ئەمڕۆ داویانە بە پارتی لە ئەنجامی سەروەری و دەوڵەمەندیی خەبات و قوربانی و خۆڕاگری و دەستكەوتەكانی پارتین، بۆیە دەبێت پارتی بە كردەوە ریفۆرم بكاتە بەرنامە و ستراتیژی خۆی لە پێناو دامەزراندنی حكومەتێكی كارا و بەتوانا لەسەر بنەماكانی پیشەیی و زەلال و دادپەروەری و دەبێت گوێڕایەڵی خەڵكی كوردستان بێ بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە كوالێتییەكی بەرز و ئامادە بێ بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و بنبڕكردنی و لە ئاست بەرپرسیاریەتیی خۆی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت پشتیوانی و رەزامەندیی خەڵك بە دەست بهێنێت و بە گەرموگوڕی پشتیوانی لە ئامانجەكانی گەشەپێدان و پشتیوانی لە گەلی خۆی بكات. ئومێدەوارم ئەم حەز و خەونە ببێتە نەخشەڕێگای كابینەی داهاتوو و بە كردەوە ببێتە واقیع و بەرهەمەكەی بۆ نەوەی ئەمڕۆ و داهاتوو بێتەئاراوە.
* تەنگژەی سەرەكی لە پرۆسەی حوكمڕانیدا، هەیكەلەی دامەزراوەكان و شێوازی هەڵسووڕاندنی دامەزراوەكانە، هەندێك جار هەیكەلەی دامەزراوەكان و شێوازی هەڵسووڕاندنی دامەزراوەكان دەبنە فاكتەرێكی گرنگ بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەت، زۆر جاریش هەیكەلەی دامەزراوەكان و شێوازی هەڵسووڕاندنیان دەبنە ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەت، لەم چوارچێوەیەدا خەڵكی كوردستان ئومێدێكی زۆری لەسەر كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكردووە، بەوەی هەم ریفۆرم لە هەیكەلەی دامەزراوەكانی دەكات و هەمیش لە شێوازی هەڵسووڕاندنیان، ئایا ئەو ریفۆرمەی پێویستە بۆ كابینەی داهاتوو كاری لەسەر بكرێت، بە بۆچوونی ئێوە چۆن دەبێت؟
- بەداخەوە ئێمە چەندەها ساڵمان لەسەر ئەزموونی حوكمڕانی تێپەڕاند، بەڵام وەك پێویست نەمانتوانی واقعی كارگێڕی بگەیەنینە رەوتی كارگێڕیی هاوچەرخ. بە بڕوای من هەرچەندە ئێمە زۆر دواكەوتین بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی ریفۆرم، بەڵام ئەمڕۆ كاتی ئەوە هاتووە، ئێمە جددیتر بین و هەموو ئەو بەربەستانە ببەزێنین كە رێگرن لە جێبەجێكردنی ریفۆرم، تاكو بتوانین بەرەو گەشەسەندن و پێشكەوتنی گشتگیر لە هەرێمی كوردستان بەردەوام بین و بە بۆچوونی من و بەپێی شارەزایی و ئەزموونی چەندەها ساڵ لە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە پایە و بەرپرسیاریەتی جیاجیادا پێویستە پڕۆژەی چاكسازی و پێشخستنی دامەزراوەیی كەرتی گشتی لە میانەی پڕۆگرامێكی گشتگیر بە جەخت لەسەر بنەمای زانستی دەست پێ بكرێت بۆ لەخۆگرتنی كۆمەڵێك ستراتیژ و سیاسەتی لەگەڵ یەكتر گونجاو بۆ گەیشتن بە حكومەتێكی بەتوانا و كاریگەر و هاوچەرخ و شەفاف و پڕبەرهەم. بە بۆچوونی من بۆ ئەوەی كە ئەو حكومەتەی باسمان كرد بێتە ئاراوە، دەبێت ریفۆرم ئەم تەوەرانە لەخۆ بگرێت:
* چاكسازیی پەیكەری رێكخستن لە پێناو كۆمەڵێك ئامانج.
* بڕیاردان لەسەر دانانی پلانێكی روونی چاكسازیی حكوومی بە ئامانج و ستراتیژێكی دیار بۆ دواڕۆژێكی خوازراو.
* رێكخستنی رێكخراوی حكوومی بە گشت دامەزراوەكانیەوە و دووبارە بنیادنانەوەی پەیكەرە هاوچەرخەكان بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەكان
* كەمكردنەوەی ژمارەی رێكخراوە كارگێڕییەكانی پەیوەست بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەروەها ناپەیوەست بە وەزارەتێك و دووبارە پەیوەستكردنەوەیان بە وەزارەتەكان بەپێی پسپۆڕی.
* توێژینەوە و دەستنیشانكردنی گشت بارەكانی دووانەیی و تێكەڵبوون و دووبارە بوونەوە لەلایەنە پیشەییەكان، تەكنیكییەكان و كارگێڕییەكان و چارەسەركردنی هەڵە و كەموكوڕتییەكان.
* داڕشتن و دەستنیشانكردنی ئامانج و كار و ئەركەكانی دامەزراوە حكوومییەكان بۆ رێگرتن لە دووانەیی لە كار و سەركەوتووبن لە :
بەرزكردنەوەی ئاست و كوالێتیی خزمەتگوزارییەكان.
بەرزكردنەوەی لێهاتوویی دامەزراوە و فەرمانبەرەكان.
ئامادەكردن و پێشخستنی سامانە مرۆییەكان و سامانەكانی تر.
وردبوونەوە لەسەر ئەركە سەرەكییەكان بەپێی پلانەكان.
رەچاوكردنی جیاوازیی پسپۆڕی لە دابەشكردنی كارەكان و گرنگیدان بە یەكە كارگێڕییەكان و یەكە كارگێڕی و تەكنیكییە پاڵپشتەكان.
رەچاوكردنی ئەو یاساو رێسایانەی كە كاری فەرمانگە حكوومییەكان رێكدەخەن.
یاسا، یان رێسای دامەزراوەیی یان فەرمانگە.
رێسای نوێكردنەوەی فەرمانگە حكوومییەكان.
رێسای رێكخستنی كارگێڕی بۆ دامەزراوە، یان فەرمانگە.
یاسای راژەی شارستانی (یاسایەكی تایبەت ئامادە بكرێت بە هەرێمی كوردستان).
رێسای پێناسە و پۆلێنی كار.
رێبەری فەرمانبەری حكوومی.
رێبەری هەڵسەنگاندنی كارایی فەرمانبەرێتی.
كاراكردنی بنەمای یەك دەروازە (OneStopShop)بۆ چالاكی و خزمەتگوزاریی پەیوەندیدار بە هاووڵاتییان و لادانی بازنەكانی رۆتین.
پاراستنی بواری نزیكبوونی نێوان سێ ئاستی سەرەكی كە بریتین لە كارگێڕی باڵا و كارگێڕی ناوەندی و كارگێڕی جێبەجێكار.
پێداچوونەوە لە گشت یاسا و پەیڕەو و رێنماییە كاراكان لە هەرێم لە پێناو هەمواركردن و نوێكردنەوەیان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توانستی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم.
* بەپێی ئەو ئەزموونە كەڵەكەبووەی لە بواری حوكمڕانی لەماوەی 25 ساڵی رابردوو هەتانە، ئایا خاڵە لاوازەكانی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا چین، بەتایبەتی ئەو خاڵە لاوازانەی كە بوونە ئاستەنگ بۆ پرۆسەی حوكمڕانی؟
- بە بڕوای من ئەو خاڵانەی كە بوونەتە ئاستەنگ بۆ پرۆسەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان زۆر لایەنی جیاجیا لەخۆ دەگرێت، لەوانە:
1. باری سیاسیی هەرێمی كوردستان لە قۆناغەكانی هەر لە كابینەی یەكەمەوە تاكو ئەمڕۆ سەقامگیرییەكی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینیوە و نێوماڵی كوردی بەداخەوە تا وەكو ئێستا رێك نەخراوە و هەبوونی دووئیدارەیی لەكاتی خۆی و تاوەكو ئەمڕۆ مۆركی دووئیدارەییەكە لەسەر حكومەت دیارە.
2. لەلایەكی ترەوە ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە سیستەمی كارگێڕییەوە، كاردانەوەی نەرێنیی زۆری لەسەر گشت پرۆسەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەیە، كە بەچەند خاڵێكی سەرەكی دەستنیشانی دەكەین:
هەبوونی پەیكەری رێكخستنی كلاسیك دوور لە بنەماكانی كارگێڕیی سەردەمییانە.
هەبوونی میلاكێكی زۆر بووەتە گەورەترین ئاستەنگ بۆ پرۆسەی گەشەپێدانی كارگێڕی و بارقورسییەكی ئێجگار زۆر لەسەر بودجەی دارایی حكومەت.
جێگیربوونی مەركەزییەكی توند لە ناو وەزارەتەكان و دانەبەزاندنی دەسەڵاتەكان وەك پێویست بۆ جومگە گرنگەكان.
نەبوونی پێناسەی وەزیفی.
گرنگی نەدان بە سامانە مرۆییەكان و نەبوونی پلان و بەرنامەی كار بۆ گەشەپێدانی مرۆیی.
لاوازیی توانای سەركردە كارگێڕییەكان لە جومگە گرنگەكان لەناو پەیكەری حكومەتدا.
زۆریی یاسا و پەیڕەوە كارپێكراوەكان كە زۆربەیان ماوەیەكی زۆر بەسەریاندا چووە و لەگەڵ ئاستی پێشكەوتنە سەردەمییەكان نین و هەروەها هەمواری زۆریان لەسەر كراوە كە بووەتە هۆكاری لە دەستدانی ناوەڕۆكی یاساكە و هەروەها بوونەتە گەورەترین كۆسپ بۆ بەردەم ئەوانەی لەم بوارانەدا وەك فەرمانبەرانی یاسایی كار دەكەن، كە ناتوانن ئەم هەموو هەموار و گۆڕانكارییە بە ئاسانی وەرگرن، بۆیە زۆرجار رێكارە كارگێڕییەكان و یاساكان لەكەدار دەبن.
پەیڕەونەكردنی بنەماكانی شەفافییەت و لێپرسینەوە و فراوانبوونی گەندەڵی لە ناو دامودەزگاكانی حكومەتدا.
هەبوونی بۆشاییەكی فراوان لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت و نەبوونی چوارچێوەیەكی یاسایی كارپێكراو بۆ رێكخستنی بنەما هاوبەشەكانی هەردوو كەرتەكە.
* گەورەترین كێشە كە لە دوای ساڵی 2014وە و پاش بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە رووبەڕووی حكومەتی كوردستان بووەوە، ئەوە بوو كە ئێمە پشتمان بە یەك سەرچاوەی داهات بەستبوو، ئەویش داهاتی ئەو نەوتەیە كە بودجەی عێراق پێكدەهێنێت، لەماوەی ئەم چوار ساڵەی رابردوو حكومەتی كوردستان هەوڵێكی زۆری داوە سەرچاوەی داهات زیاتر بكات، ئەمەش بە گرتنەبەری چەند ریفۆرمێك لە ناو هەیكەلەی حكومەتدا، بەڵام هەتا ئێستا بوارەكانی دیكە وەك (كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزاری) نەبوونەتە سەرچاوەیەكی باش بۆ داهاتی كوردستان، ئایا بە بۆچوونی ئێوە سیاسەتی حكومەتی داهاتوو بۆ دروستكردنی سەرچاوەی داهاتی زیاتر چۆن دەبێت؟
- پشت بەستن بە یەك سەرچاوەی داهات یەكێك بوو لەو هەڵانەی كە كاردانەوەی خۆی بە نەرێنی هەبوو لەسەر كردەوەی گەشەپێدانی گشتگیر و بە بڕوای من پێویستە بۆ كابینەی داهاتوو حكومەتی هەرێم بە بینایەكی ستراتیژی و فەلسەفی ئامانجە ئابوورییەكانی خۆی داڕێژێ بەپێی نەخشەڕێگای سیاسەتی گشتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كاتی ئەوە هاتووە گرنگییەكی جددی بدرێت بە بەرەوپێشبردنی گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكان و هەروەها كەرتی پیشەسازی و گەشتوگوزار و سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێم بەهێز بكرێن و لە هەمان كاتدا ئاستی بژێویی خەڵك بەرز بكرێت و رێژەی بێكاری كەم بكرێتەوە. بە پێویستی دەزانم حكومەتی هەرێمی كوردستان پلان و بەرنامەیەكی ستراتیژی هەبێت بۆ ئاوەدانكردنی گوند و شارۆچكەكانی كوردستان و بەرنامەی «كۆچكردنی بەرەو گوند» پەیڕەو بكات، واتە لە شارەوە بەرەو گوند، ئەمە خۆی لە خۆیدا دەبێتە باشترین پاڵپشتی بۆ بەهێزكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی زۆر لە كێشەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی و ئاسایش سیاسی، لە هەمان كاتدا پێویستە پێداچوونەوە بە یاسای وەبەرهێناندا بكرێت و پڕۆژە یاسایەك ئامادە بكرێت كە ببێتە رێخۆشكەر بۆ راكێشانی سەرمایەدارانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ پێشخستن و پەرەپێدان لە هەر چوار كەرتە گرنگەكان (كشتوكاڵ، گەشتوگوزار، پیشەسازیی جۆراوجۆر و سەرچاوەكانی ئاو و بەنداوەكان)
* لە وڵاتانی دیموكراتیدا، حكومەتی سەركەوتوو ئەو حكومەتەیە كە پێكهاتەی حكومەت بچووك بێت و بڕیار و كارەكانی حكومەت كاریگەری و رەنگدانەوەی گەورەی هەبێت، ئاشكرایە یەكێك لە گرفتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە حكومەتەكە زۆر گەورەیە، كۆمەڵێك دامەزراوەی زیادو ژمارەیەكی لە رادەبەدەر فەرمانبەری زیادەی هەیە، ئایا بە چ میكانیزمێك دەتوانرێت حكومەتی كوردستان بكەین بە حكومەتێكی تەرشیقكراو و چالاك؟ ئایا هێڵە گشتییەكانی ئەم تەرشیقكردنەی حكومەت چۆن دەبێت؟
- راستە یەكێك لە كێشەو و گرفتەكانی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە پێكهاتەی حكومەت زۆر گەورەیە، هەر لە وەزارەتەكان و دامودەزگاكانی نەبەستراو بە وەزارەت و یەكە كارگێڕییەكانی تر، بۆ ئەمەش لەگەڵ خودی جەنابی سەرۆكی حكومەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران چەندین جار باسی لێكراوەو لەسەر راسپاردەی جەنابیان كاتی خۆی خۆم چەندین دیراسە و توێژینەوەم ئامادە كرد لەسەر چاكسازیی كەرتی گشتی و لەوانە یەكێك تایبەت بوو بە پەیكەری سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران كە لە ساڵی (2013- 2014) كۆتاییم پێ هێنابوو، هەروەها لە مانگی (10ی 2014) توێژینەوەی دووەمم ئامادە كردو لە (حوزەیرانی 2015) كۆتاییم پێ هێناوە لەسەر چاكسازیی كەرتی گشتی و تەرشیقی حكومەت و لەم توێژینەوەیە وەزارەتەكان كەم كراوەیە لە كۆی 19 وەزارەت و 3 وەزیری هەرێم بۆ 11 وەزارەت. توێژینەوەی سێیەم تایبەتە بە لامەركەزییەت و حوكمی خۆجێیی «پارێزگاكان» و هەر سێ توێژینەوەكەم لە دوو سمیناردا لە مانگی (9ی2018) لە ئینستیتیۆتی توێژینەوە و گەشەپێدان – كوردستان (IRDK) پێشكەش كردو لە هەمان كاتدا لیژنەیەكی پسپۆڕ و ئەكادیمی بە راسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەت پێكهێنرا بۆ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی هەر سێ توێژینەوەكە و تا ئێستاش لیژنەكە لە كاری خۆی بەردەوامەو هەردوو توێژینەوەی یەكەم و دووەم كۆتایی پێ هاتووە .
سەبارەت بە چاكسازیی گشتی و هێڵە گشتییەكانی توێژینەوەكە، بە كورتی، بەم شێوەیەیە:
وەزارەتەكان ئاماژەمان پێدا، دەستەو لیژنە باڵاكان كە سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانن هەر یەكەو بەپێی پسپۆڕێتی خۆی دەچێتە سەر وەزارەتی پەیوەندیدار و لە جیاتی پەیڕەوكردنی سیستەمی كۆن بۆ دامەزراندنی پەیڕەو بە سیستەمی دامەزراندنی ئەنجومەنی پسپۆڕی دەدرێت، كە پێكدێت لە بەڕێزان وەزیرەكان كە پەیوەندیدارن، بۆ نموونە وەك ئەنجومەنی باڵای كشتوكاڵ و ئەنجومەنی باڵای بازرگانی و پیشەسازی و...هتد. تەوەرێكی دیكەی گرنگتر ئەوەیە كە تایبتە بە چاكسازیی كارگێڕی و دارایی ئەویش تایبەتە بە (سیستەمی ژمێریاری - سیستەمی باج - سەرچاوەی داهاتە داراییەكان سیستەمی بانك و كۆمپانیاكانی دڵنیایی و دروستكردنی یەكەی كارگێڕی بۆ قەرزە حكوومییەكان). لەلایەكی دیكەوە بۆ هەر وەزارەتێك پشكێنەرێكی گشتی دانراوە، كە خۆی لە وەزارەت دەبێت، بەڵام راپۆرت و یاداشتەكانی ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكات و دانەیەك ئاراستەی وەزیری پەیوەندیدار دەكات. لە هەمان بەرنامەدا پەیڕەوكردنی سیستەمی تایبەت بۆ چاكسازیی فەرمانگەكان و دامەزراوەكانی حكومەت دانراوە بۆ چۆنیەتی كاركردن بە گۆڕانكاری لە رووی نەهێشتن- لێكدانەوە - نوێكردن - گۆڕینی شوێنی پەیوەست)، هەروەها لەم بەرنامەیەدا دوو دامەزراوەی زۆر گرنگ هەن كە ئەوانیش (ئەنجومەنی راژەی شارستانی) و (پەیمانگای پێشخستن و پەرەپێدانی كارگێڕی)ـن و لە هەمان كاتدا ئەولەوییەتی وەزارەت وەك هێڵی گشتی دیاری كراوە. لە راستیدا وردەكاریی زۆر لەم بەرنامەیەدا هەیە، كە لە توانادا نییە لە چاوپێكەوتنێك، یان دیدارێكدا هەمووی بخرێنەڕوو و بچینە قووڵایی وردەكارییەكان.
لەو بەشەی توێژینەوەكەدا كە پەیوەستە بە پارێزگاكان، زۆر لایەن لەخۆ دەگرێت لە رووی یاسایی و كارگێڕی و تەكنیكی و لە هەمووی گرنگتر پەیڕەوكردنی سیستەمی لامەركەزی و پۆلینكردنی خزمەتگوزارییەكان و جیاكردن لە نێوان ئەو خزمەتگوزارییانەیە كە لە دەسەڵاتی حكومەتی خۆجێیین و ئەوانەی كە ستراتیژین لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و ناوەنددان. هەروەها چەندین رێكار ئەنجام دراون بۆ هەمواركردنی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان - عێراق ژمارەی 3ی ساڵی 2009 و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارەی 4ی ساڵی 2009 هەموار كراو بە یاسای ژمارەی 1ی ساڵی 2011.
* لە وڵاتانی دیموكراتی، حوكمڕانی لە دوو بەشی سەرەكی پێكدێت، یەكەمیان كەرتی گشتییە (حكومەت) كە ئەم كەرتە لەبەر رۆشنایی سیاسەت حكومەت هەڵدەسووڕێت، بەشەكەی دیكەی كەرتی تایبەتە كە بە سیاسەتی ئابووریی بازاڕ هەڵدەسووڕێت. پسپۆڕان زۆر بە گرنگی دەزانن جۆرە هاوسەنگییەك لە نێوان حكومەت و كەرتی تایبەت هەبێت، ئەمەش بەو مانایەی چەند حكومەت دەبێتە بوارێك بۆ دۆزینەوەی كار، بەهەمان شێوەو زیاتریش كەرتی تایبەت دەبێت ببێتە بوارێك بۆ دۆزینەوەی هەلی كار، هەتا ئێستا لای زۆربەی خەڵكی كوردستان تەنیا حكومەت ئەركی سەرشانیەتی هەلی كار بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، ئایا پێتانوایە دەبێت سیاسەتی حكومەتی داهاتووی كوردستان چۆن بێت بۆ ئەوەی كەرتی تایبەتیش بكاتە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و دروستكردنی هاوسەنگی لە نێوان هەردوو كەرتەكەدا (گشتی و تایبەت)دا؟
- بێگومان ئەمڕۆ كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهاندا بوونەتە یەكێك لە گرنگترین تەوەری چالاكیی گەشەی ئابووری و جڤاكی بەپێی بنەمای هاوبەشی كە ئەمە ئەمڕۆ بووەتە هەنگاو و رێكارێكی كاریگەر بۆ كۆكردنەوەی تواناكانی كۆمەڵگە بۆ ئەوەی بەشداری پێ بكرێت بۆ رێكخستنەكانی دامەزراوەیی بۆ جێبەجێكردن و كارپێكردنی پڕۆژەكانی جیاواز، بۆیە پێویستە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بەرەو بنەمای سیستەمی هاوبەشی بڕوات لەگەل كەرتی تایبەت بۆ بەڕێوەبردن و كارپێكردنی پڕۆژە گرنگەكانی وەك ئاو و كارەبا و ...هتد. هەروەها چالاكییەكانی دیكە بەرەوپێش ببەن و گەشە بكەن بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە جیاجیاكان لە رووی كارگێڕی و یاسایی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای شەفافییەت و لێپرسینەوە و مافی هاوتا بۆ خاوەن بەرژەوەندی و دیاریكردنی بەرپرسیارێتییەكان لە پیناو بڵندكردنی توانای بەكارهێنانی سامانەكان و بەهێزكردنی توانای كێبڕكێ و راكێشانی سەرمایەداران و فراوانكردنی پڕۆژەكان بۆ پەیداكردنی هەلی كار لە ناو كۆمەڵگەدا و چارەسەركردنی كێشەی بێكاری، بەتایبەت لە ناو گەنجاندا كە گەنج گەورەترین سەرمایە و سامانی كۆمەڵگەن.
* تەنیا لە پارێزگای هەولێر بێجگە لە زانكۆ حكوومیەكان، نزیكەی 20 زانكۆی ئەهلی بۆ خوێندنی باڵا هەیە، ئەمەش واتە ساڵانە بە دەیان هەزار خەڵك لەو زانكۆیانە لەبوارە جیاوازەكان دەردەچن و چاوەڕێن حكومەت دایانبمەزرێنێت، لەبەرامبەردا لە كەرتی تایبەت ئیستعاب ناكرێن، بۆیە جۆرە نائومێدییەك لای لاوە دەرچووەكان دروست بووە، ئایا تاچەند پێویستە حكومەت سیاسەتێكی بۆ رێكخستنەوەی زانكۆكان بە سیاسەتی ئابووریی بازاڕەوە هەبێت ؟
- ئەم بابەتەمان زۆرجار باس كردووە راستەخۆ لەگەل جەنابی سەرۆك وەزیران، كە من وەڵامی تایبەتی خۆم دەردەبڕم، بەداخەوە هەر لە كابینەی یەكەم تاكو ئەمڕۆ زۆر كەموكوڕی بەدی دەكرێت لە سیاسەتی خوێندنی باڵا دا لە هەرێم، بە بڕوای من ئەم هەموو ژمارەی زۆرەی زانكۆكان لە هەرێم كە بەبێ خوێندنەوەی زانستی و ئەكادیمی بووە كە 15 زانكۆی حكوومی و 20 زانكۆی ئەهلی هەن و ژمارەیان بەرەو هەڵكشانە. پێویستە كابینەی داهاتووی حكومەت ئەم دیاردەیە بكاتە وێستگەیەكی لەسەر راوەستان و خوێندنەوەیەكی وردی بۆ بكات و هەولی ئەوە بدات كە كۆنتڕۆڵی كوالێتی و بەرزكردنی ئاستی زانستی بكات بە رێگەی بەرنامە و سیستەمێك كە گرنگی بە توانستی زانستی و رۆشنبیری و ئەكادیمی قوتابیان بدات، نەك زیادكردنی زانكۆكان و لە جیاتی ئەم هەنگاوە، دەبێت هەول بدرێت بۆ نەهێشتن و كۆنتڕۆڵكردنی ئەم دیاردەیەو دەبێ پلان و بەرنامەی زانستی و ئەكادیمی هەبێت بۆ دابەشكردنی كۆلێژ و بەشەكان و پەیمانگەكان بەپێی پێویستیی شار و شارۆچكەكان و گرنگیدان بە توانستی زانستی و بەرهەمهێنانی نەوەیەكی ئەكادیمی و رۆشنبیر لەو بوارانەی كە كەرتی گشتی و تایبەتی پێویستیانە، ئومێدەوارم ئەم بیرۆكەیە ببێتە بەرنامەیەك كە جێگایەكی گرنگی هەبێ لەناو نەخشەڕێگای كابینەی داهاتوو و بەپێی زانیاری و چاوەڕوانیمان ئەم گرنگییە دەدرێتە ئەم كەرتەو دەبێتە بەشێكی گرنگی سیاسەتی گشتی لە كابینەی داهاتوو.
* فاكتەری سەرەكی بۆ حوكمڕانیی دیموكراتیی سەركەوتوو، بایەخدانە بە كادری تەكنیكیی مامناوەندی، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر لە پڕۆژەیەكدا ئێمە پێویستمان بە ئەندازیارێكی كارەبا بێت، ئەوا لە هەمان پرۆژە پێویستمان بە 20-30 كادری مامناوەندی لە بەشی كارەبایی ئامادەیی پیشەسازی هەیە، بەڵام وەك دەبینین لە چاو بایەخدان بە كردنەوەی زانكۆی زۆر، بایەخ نەدراوە بە ئامادەییە پیشەییەكان، ئایا تاچەند بۆ كابینەی داهاتوو گرنگە كار لەسەر پەروەردەكردنی كادری تەكنیكیی مامناوەندی بكات؟
- گرنگیدان بە دروستكردنی كادری مامناوەندی پیشەیی لە بەرنامەی كابینەی حەوت و هەشتدا هەبوو كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە پێشكەش كرابوو و جەنابی سەرۆك وەزیران پەسەندی كردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی پیشەوەری پێویستی بە بودجەیەكی گەورە هەبوو، هەروەها لەبەر قەیرانی دارایی لە توانادا نەبوو جێبەجێ بكرێت و بێگومان هەمان بەرنامە لە كابینەی داهاتوودا دووبارە دەبێت، بۆ ئەوەی بوجەی پێویستی بۆ دابین بكرێت.
* لەو كاتەوەی كە باری دارایی حكومەت باشتر بووە، دەبینین حكومەت هەوڵی بۆ ئەوەیە كە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دووبارە دەست پێ بكەنەوە و ئەم مانگەش بڕی 100 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی هەرسێ پارێزگای (هەولێر و سلێمانی و دهۆك) خەرجكرد، بێگومان ئەم سەرەتایە، بە سەرەتایەكی دڵخۆشكەر دەدانرێت بۆ حكومەتی داهاتووی كوردستان، ئایا بە بۆچوونی ئێوە و لە رووی عەمەلییەوە تاچەند سیاسەتی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەركیز دەكاتە سەر پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان؟
- بە بڕوای من ئەگەر كێشەكانی هەرێم لەگەل بەغدا كۆتاییان بێت و چارەسەر بكرێن، بەتایبەت كێشەكانی بودجە و پێشمەرگە و نەوت و غاز و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بێگومان ئەولەوییەتی حكومەت دەبێتە پلان و بەرنامە لە سوودی هاووڵاتییان و لە سەرووی هەموویان پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.
* هەنگاوێكی دیكەی حكومەتی كوردستان دوای هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی رابردوو، ئەو ریفۆرمە گەورەیە بوو كە بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی لە كەرتی بازرگانیی دەرمان ئەنجام درا، خەڵك ئومێدی زۆرە لە كابینەی داهاتوو، ئەم ریفۆرمە گەورەیە هەموو كەرتەكانی دیكەش بگرێتەوە، ئایا ئەم ریفۆرمە گەورەیە دەبێتە ناوەڕۆكی سیاسەتی حكومەتی داهاتووی كوردستان؟
- خۆی بەرنامەی چاكسازی نابێت پچڕپچڕ بێت، واتە كەرتێك لەخۆ بگرێت و كەرتی دیكە دووربخرێتەوە، چاكسازی و بەرەو سیستەمی كارگێڕی چالاكییەكی كاریگەر و راستەوخۆ پەیوەستە بە گەشەپێدانی ئابووری و جڤاكی و رۆشنبیری، ئەگەر پلان و بەرنامەی چاكسازی گشتگیر و یەكگرتوو نەبێ، مەحاڵە بتوانرێت دەزگای كارگێڕیی حكومەت لەسەر پێ بوەستێت و بەرەوپێش بڕوات و گەشە بكات. ئەگەر چاوخشاندنێكی مێژوویی بكەین بە قۆناغەكانی گشت وڵاتانی جیهاندا كە دەستیان بە پلان و چاكسازیی خۆیان كردووە، دەبینین هەموو پلانەكان گشتگیر بوون و یەك رێرەو و رێكار و یەك شێواز بوون و راسپاردەكان جیاواز نەبوون لەسەر جیاوازیی شوێن، تەنیا هەندێ رێكاری تایبەت نەبێ كە ئەزموونی ولاتێك لەم بوارەدا مۆركی خۆی لەسەر بوو، جیاواز بوون لە ئەزموونی وڵاتی دی. زۆر وڵات هەبوون لە هەمان ئەو قۆناغانەی كە ئێمە تێیدا تێپەڕبووین، ئەوانیش تێپەڕبوون، بەڵام بە پلان و بەرنامەی یەكگرتوو توانییان ئەمڕۆ لە رێزبەندی وڵاتە هەرە پێشكەوتووەكان بن. بۆیە پلان و بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت پلانێكی یەكگرتوو بێت و هەموو سێكتەرەكان لەخۆ بگرێت لە ناو پێكهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەو پەڕی بوێری و شەفافییەت و بەرپرسیاریەتی و دادپەروەری رێكارەكانی چاكسازی بە گشتگیری جێبەجێ بكرێن بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی، ئەوكات دەرگای سەربەرزی و سەرفرازی مێژوویی بۆ سەركردەكانی چاكسازی دەكرێنەوە و دەچنە ژوورەوە و ناویان بە زیندوویی دەمێنێتەوە لەسەر رووپەڕی مێژوو تا كۆتایی دنیا.
Top