عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان: پێویستە خاڵی بنەڕەتی گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەغدا پێداگری بێت لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك
November 1, 2018
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە رەوشی ئەمنی و ئیداریی كەركووك لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئاڵۆزتر و نائارامتر بووە لە سایەی ئەو دەسەڵاتە عەسكەرتاریەتەی بەسەر ئەو شارەدا سەپێندراوە، بە چەشنێك ئێستا مەترسیی هەڵكشانی رووداو و كردارە تیرۆریستییەكان لەئارادایە، ئەم پرسانە و پرسی چۆنیەتی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و چەند مەسەلەیەكی پەیوەندیداری دیكە بوونە تەوەری دیمانەیەكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ عەمید سەرحەد قادر بەڕێوبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی پارێزگای كەركووك و ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.* سەرەتا دەمانەوێت بزانین رەوشی سەربازی و ئەمنیی شاری كەركووك لە چ دۆخێكدایە؟
- بارودۆخی ئەمنیی كەركووك بەتایبەتی لە سنووری قەزاكانی حەویجە و دوبز و داقوق زۆر خراپە، چونكە چەكدارانی داعش لە گوندەكانی ئەو سنوورەدا دەبیندرێن و ئازادانە جموجووڵیان هەیە و بەردەوام كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و هەرچییەك مەبەستیان بێت، وەكو دانانی بۆمبی چێنراو تەقەمەنی و هێرشكردنە سەر هێزە عێراقییەكان لەم سنوورەدا بێباكانە ئەنجامی دەدەن. هەروەها رۆلێكی زۆر خراپ و تێكدەرانەیان هەیە و مانەوەی تیرۆریستانی داعشیش لەم سنوورەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەداخەوە لە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر هیچ ئۆپەراسێۆنێكی گەورە بۆ پاككردنەوەی ئەو ناوچە و سنوورانە لە تیرۆریستانی داعش و گرووپە چەكدارەكانی تر ئەنجام نەدراوە.
* ئەی سەبارەت بە ناو شاری كەركووك؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بەناو شارەوە، ئەوا ئەو هێزە عێراقییانەی وەكو پۆلیسی فیدڕاڵی و دژەتیرۆر و سوپای عێراق و چەندین هێزی تریش كە بوونیان هەیە لە شارەكە نەیانتوانیوە وەكو پێویست كۆنتڕۆڵی بارودۆخی ناو شاری كەركووك بكەن، واتە نەیانتوانیوە گرووپە چەكدارە تیرۆریستییەكان دەستگیر بكەن، یان لە سنوورەی كەركووك دووریان بخەنەوە. هەر بۆ سەلماندنی ئەو راستییەش لەماوەی رابردووش بینیمان كە تیرۆریستان چەند جارێك ئۆتۆمۆبیلی بۆمبڕێژكراویان لەناو شاری كەركووك تەقاندۆتەوە. ئەمانە هەر هەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێزە عێراقییەكان نەیانتوانیوە كۆنترۆڵی بارودۆخەكەی كەركووك بكەن. لەلایەكی دیكەوە و لەماوەی رابردوو لە گوندەكانی كاكەیی كە چەندین ساڵە ئەو كاكەییانە نیشتەجێی ئەو شوێنانەن و خەڵكی رەسەنی گوندەكانن، بەهۆی پەلامار و كاری تیرۆریستانی داعش لە دژیان، بەشێكی زۆریان گوندەكانیان چۆڵ كردووە، هەروەها چەندین خەڵكیان لێ تیرۆر كراون و رفێندراون كە تا ئێستاكەش كەسوكاری ئەو كاكەییانە بەدوایاندا دەگەڕێن و چاوەڕوانی چارەنووسی ئەو خەڵكانەیان دەكەن، هەر بۆیە هەموو ئەو كارە تیرۆریستییانە و نەبوونی هێزێك كە ناوچەكە كۆنتڕۆڵ بكات وایكردووە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر كاریگەری لەسەر كاكەییەكان و خەڵكی ئەو سنوورانە دروست بكات و دەرئەنجام لەم دواییانەدا ئەو خەڵكانەی لە سنوور و گوندەكانی كاكەییەكان مابوونەوە ناچار بوون بەرەو شاری كەركووك كۆچ بكەن.
* ئایا حەشدی شیعە و هێزە عێراقییەكان مەبەستیان ئەوەیە كە بارودۆخەكەی كەركووك هەر بەم شێوە نائاسایی و نایاسیە خراپە بێت، تاوەكو پاساویان هەبێت بۆ ئەو عەسكەرتاریەتییە و مانەوەیان بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان و دژی كورد لە شاری كەركووك و سنوورەكەدا؟
- من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەو هێزە عێراقییانەی كە هاتنە سنووری پارێزگای كەركووك بۆ رزگاركردنی حەویجە و ناوچەكانی تر لە دەستی تیرۆریستانی داعش بە رێگای قیڕدا هاتن و هەر ئەو رێگا قیڕەشیان لە بەردەستە و نەیانتوانی ناوچەكە بەگشتی و بەتایبەتی گوندەكانی سنوورەكە لە چەكدارانی داعش پاك بكەنەوە و ئەو گوندانەی كە لە سنووری قەزاكانی حەویجەو داقوق و دوبزدا هەیە، كە ژمارەیان لەسەدان گوند زیاترە و تا ئێستاكە هێزە عێراقییەكان نەچوونەتە ئەو گوندانەوە هەر بۆیە چەكدارانی داعش لەو سنوورانەدا ماون و لەماوەی ساڵی رابردوو داعش بەناوی زەكات چوونەتە ئەو گوندانە و مەڕوماڵات و هەرچیەكی جووتیار و گوندنشینەكان هەیانبووە داوایان لێیان كردووە و وەریانگرتووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە چەكدارەكانی داعش هیچ ترس و هێزێك بەدی ناكەن كە بەدوایاندا بن و بیانگرن. بۆیە لێرەدا چەند پرسیارێك دێتەپێشەوە و دەپرسین ئەو هێزە عێراقییانە بۆ بە دوای چەكدارانی داعشدا نەچوون؟ بۆ ئۆپەراسۆنیان لە دژی داعش ئەنجام نەداوە بۆ دەستگیركردنیان، یان بۆ دوورخستنەوەیان و پاككردنەوەی سنوورەكە لێیان؟
* هیچ هێزێكی كوردی بەتایبەتی ئەوانەی دەستیان لە 16ی ئۆكتۆبەر هەبوو، ئایا هیچ رۆڵ و دەسەڵاتێكیان لە كەركووك و سنوورەكەدا هەیە؟
- لێرەدا شتێك هەیە كە پێویستە هەموو تاكێكی كوردو كەركووكییەكان لایان ئاشكرا بێت، ئەویش ئەوەیە كە پێش 16ی ئۆكتۆبەر هێزی پێشمەرگە لە كەركووك هەبوو و دەرەوەی شاری كەركووكی بە هەموو سنوورەكەیەوە پاراستبوو و هێزی ئاسایش لەناو شار هەبوو كە سەر بە حكومەتی ناوەندی بوون و ئەمنییەتی ناو شارەكەیان پاراستبوو. ئەو تاكە هێزە عێراقییەی كە لە كەركووك هەبوو و شان بەشانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش ماوەی چوار ساڵی رابردوو شەڕی دەكرد، ئەوە پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركووك بوون و لەماوەی ئەو چواردە ساڵدا زیاترە لە 300 شەهیدمان داوە. بەڵام لەدوای ئەو كارەساتەی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو دەسەڵاتە لە دەستی پۆلیسی قەزاو ناحیەكان نەما و ئێستاكە دۆسیەی ئەمنی و ئیداری و سەربازیی كەركووك كە زۆر گرنگن لەلای كورد نەماوە و لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە كەركووك ئێستا حاكمی عەسكەری بەڕێوەی دەبات، بۆیە ئەمانە وایكردووە هیچ هێزێكی تر دەسەڵاتی لە كەركووك نەمینێت، تەنیا هێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵ و دژەتیرۆر و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دەسەلاتدارن. هەر بۆیە دۆسیەی ئەمنیی ئەو شارە باش بێت، یان خراپ بێت، لەئەستۆی ئەواندایە.
* باس لەوە دەكرێت كە دژایەتی كادیر و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك و سنوورەكەی بەردەوام لەزیادبوونە، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن و ئایا ئەمە بۆتەهۆی ئەوەی كۆچكردنی خەڵكانی دیكەی لێ بكەوێتەوە ؟
- من ناڵێم حاڵەتی كۆچكردن نییە، چونكە بارودۆخەكەی كەركووك تا ئێستا عەسكەرتاریەت و حوكمی عورفیە، بۆیە دەبێت ئەو لیژنەو شاندەی لە یەكێتی و پارتی پێكهێنران بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق پێویست بوو خاڵی بنەڕەتی لە گفتوگۆیەكاندا ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك بووایە، بەڵام بەداخەوە شاندەكە تەنیا یەك كۆبوونەوەیان ئەنجامدا، ئەگەرچی پێویست بوو ئەو شاند و لیژنەیە لەگەڵ دەستبەكاربوونیان بەدواداچوونی وردیان لەسەر بارودۆخی ئەمنی و سەربازی و ئیداریی شاری كەركووك بكردایە بۆ ئاساییكردنەوەی. دەبێت ئەوەش بزانین كە كەركووك ئەو شارەیە كە مەلا مستەفای بارزانی خۆی و شۆڕشێكی لەسەر دانا، ئەوەشمان لەبیر نەچێت، هەرچی ئەنفال و كیمیاباران و مەرگەساتە كە بەسەر گەلی كورد داهاتووە، هەر هەمووی لەسەر كەركووك بووە، بەڵام بەداخەوە سەركردایەتی سیاسیی كورد بەرامبەر كەركووك كەمتەرخەم بوون، چونكە كە شاندی كوردستان بۆ گفتوگو بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق چوونە بەغدا دەبووایە خاڵێكی سەرەكیی دانوستاندنەكە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك بووایە و دەبووایە شاندەكە زانیاری وردو تەواوی لەبەرپرسانی ئەمنی و سەربازی و ئیداری كەركووك كە پێش 16ی ئۆكتۆبەر لەكەركووك بوون وەربگرتبایە و بكرابایەتە دۆسییەك و لە بەردەستی شاندەكەی كوردستان بووایە و ئەو كردەوەو كارو بڕیارانەی كە حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان و پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت ئەنجامی دەدەن لەدژی كورد، و شاری كەركووك و سنوورە، زەقیان بكردایەتەوە و لە راگەیاندنەكانیشەوە كارو بەرنامەی تێروتەسەلی لەسەر ئەنجام بدرابایە و شاندەكەی یەكێتی و پارتیش زۆر زیاتر و بە جددی كاریان لەسەر ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك بكردایە، لە هەمووشی گرنگتر ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك و ئەوانەی ئاوارە و دەربەدەربوون بۆ شاری كەركووك بگەڕانایەتەوە و كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجام بدەن، چونكە ئەوان نوێنەری خەڵكی كەركووكن و پێویستە رۆڵیان زۆر زیاتر هەبێت بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و ئێستا قایمقام و كەسانی تریش بۆ كەركووك گەڕاونەتەوە و پێویستە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە ڕۆڵی خۆیان هەستن و لەسەر ئەو حاڵەتە خراپ و نایاساییانەی بارودۆخی كەركووك هەڵوێست وەربگرن و دۆسیە نەخوازراو خراپەكان بخەنەڕوو و لەسەر پێشێلكارییەكان بێنە وەڵام و سكاڵا تۆمار بكەن لەسەر ئەو كەس و لایەنانەی كە كاری نایاسایی و نابەرپرسانە دەرهەق بەخەڵكی كەركووك ئەنجام دەدەن. بەڵام كە دۆسیەی كەركووك لەنێوان یەكێتی و پارتی ببەسترێتەوە بە كێشەو ململانێی حزبی، ئەوە بە پلەی یەكەم خەڵكی كەركووك زەرەرمەند دەبێت، ئەگەرچی راستە ئەوەی لە كەركووك كرا، قابیلی قبووڵ نییە، بەڵام دەبوایە دوای ئەو رووداو و كارەساتە پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی حكومەتی كوردستانیش زیاتر هەوڵبدەن بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك، بەڵام لەم رووەوە كەمتەرخەم بوون، چونكە پێویست بوو لیژنەیەك بۆ روودانی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر دروست بكەن ئەو لیژنەیە هەقیقەتی كارەساتەكەی روون بكردبایەتەوە كە بۆچی ئەو كارەساتە روویداوەو كێ تێیدا تاوانبار و بەرپرسە و بۆچی واكراوە و ئەو هەموو هێزەی كوردستان لەوێ بوون بۆ شەڕیان نەكردو كشانەوە؟ ئایا هێزە كوردییەكان زانیارییان هەبوو كە ئەم كارەساتە روودەدات، ئەگەر بڵێن زانیارییان نەبووە، بە راستی كارەساتە و ئەگەر زانیاریشیان هەبووە و هیچ ئیجرائاتێك نەكراوە، ئەوەش هەر كارەساتە. لەلایەكی دیكەوە ئێمە وەزارەتی پێشمەرگەمان هەیە كە بەرپرسە لەهەر خروقاتێكی ئەمنی كە لە سنوورەكە روودەدات، ئایا وەزارەتی پێشمەرگە هیچ زانیاری و جموجووڵێكی لەشەوی 16ی ئۆكتۆبەر هەست پێ نەكردبوو و وەزارەتی پێشمەرگە ئەو شەوە چ رۆڵێكی هەبووە، یان بۆچی رۆڵیان وەكو پێویست نەبوو. ئەو بابەت و پرسیارانە دەبێت بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت و ئەوەی تاوانبار و كەمتەرخەمە دەستنیشان بكرێن و ئەوەی بۆتە هۆكاری ئەو كارەساتە دیاری بكرێت، بەم كارانە دەگەینە دەرئەنجامی باش، بەڵام ئەگەر بچین تەنیا هەندێ قسەی ناخۆش و بێ بنەما بەرامبەر بەیكتر لە راگەیاندن و فیسبووك بكەن، ئەمە تەنیا یەكتر ناشیرینكردن و تۆمەتبەخشینەوەی خراپە كە ئەمەش بەمشێوەیە بێت،ـ نە قەزیەی میللەتەكەمان چارەسەر دەبێت، نە بارودۆخی كەركووك ئاسایی دەبێتەوە و ئەوەی زەرەرمەندیش دەبێت هەر كورد و كەركووكییەكانن.