رۆبەرت لۆرەنس تایبەتمەندی بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان: ئەمریكا بە رۆحییەتی بازرگانییەوە سیاسەتی دەرەوە هەڵدەسووڕێنێت

رۆبەرت لۆرەنس   تایبەتمەندی بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان:  ئەمریكا بە رۆحییەتی بازرگانییەوە سیاسەتی دەرەوە هەڵدەسووڕێنێت
رۆبەرت زاكاری لۆرەنس، پڕۆفیسۆری بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە لە سكوڵی جۆن كێنێدی بۆ حكومەت لە زانكۆی هارڤارد و بەڕێوەبەری گرووپی بازرگانییە لە هەمان سكووڵ. هەروەها توێژەری باڵایە لە ئامۆژگای پیتەرسۆن بۆ ئابووریی نێودەوڵەتی، پێشتریش توێژەرە بووە لە بیرۆی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی ئابووری. لە ساڵی 1999بۆ2001 ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكارانی ئابووریی سەرۆك بیل كلینتۆن بوو. پتر لە 100 توێژینەوە و وتاری لەبارەی ئابووری نێودەوڵەتیدا نووسیوە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤەكرد كە تایبەت بوون بە بەكارهێنانی سزا و فشاری ئابووری و بازرگانییەكانەوە لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوە، یاخود ئەوەی پێی دەوترێت شەڕی بازرگانی، ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* لە ئێستادا زۆر باس لەوە دەكرێت كە ئیدارەی ئەمریكا بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی پەنا دەباتە بەر سەپاندنی ئابڵوقە و سزای ئابووری، ئەوەی پێی دەوترێت شەڕی بازرگانی، تێڕوانین و لێكدانەوەی ئێوە بۆ ئەم پرسە چییە؟
- سەرەتا من دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەوەی پەیوەست بێت بە زیادكرنی سەپاندنی رسوماتی گومركییەكەوە پتر بە ئاراستەی هێنانەدی ئامانجە ئابووری و بازرگانییەكانن، نەك بە ئاقاری بەدیهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی –ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ-. من ئەمە دەڵێم بە بێ ئەوەی مەبەستم ئەوە بێت كە ئەم دوو پرسە لێكدابڕاو بكەین، لەبەر ئەوەی لە ماوەی یەك دوو ساڵی رابردوودا ئیدارەی ئەمریكا دوودڵ بوو لە سەپاندنی رسوماتی گومركی زیاتر بەسەر چیندا بەهۆی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەكیی وڵاتەكەی لە ئاستی كۆریای باكووردا. بەڵام ئەوەی بەم دواییە بەدیمان كرد لە گرتنەبەری زۆرێك لە رێكارە بازرگانییەكان، ئەوا ئامانج لەو رێكارانە زیاتر بەدیهێنانی ئامانجە بازرگانییەكان بووە.
* كەواتە پێتوایە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پرسی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی گۆڕیوە بۆ جۆرێك لە مامەڵە و سەفقەی بازرگانی، یان با بڵێین ئایا بە رۆحییەتی ئەنجامدانی سەفقەی بازرگانییەوە سیاسەتی دەرەوە هەڵدەسووڕێنێت؟
- لە راستیدا ئەمە تا راددەیەكی گەورە هەستی پێدەكرێت، نموونەیەكی باش لەبارەی ئەوەی ئێوە ئاماژەتان پێكرد، بەكارهێنان یان سەپاندنی رسوماتی گومركی بوو بەسەر توركیادا، بۆ ئەوەی ناچاری بكەن قەشە ئەمریكییەكە ئازاد بكات، كە چەند ساڵێك بوو لە زینداندا بوو.
* باشە پێتوایە لە مەودای دووردا تا چەند ئەمە سیاسەتێكی سەركەوتوو و درێژخایەن دەبێت؟
- ئەگەر باس لە سەركەوتن، یان كاریگەریی ئەم سیاسەتە بكەین، ئەوا پێموایە دەبێتەهۆی لاوازبوونی ئەو متمانەیەی یان هەستكردن بەو ئامانجە هاوبەشەی كە ئیدارەكانی پێشووی ئەمریكا هەوڵی بنیادنانیان دا لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەكانی ئەمریكادا. بەتایبەتی رێكخراوێكی وەك ناتۆ، كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت ئەندامەكانی خەرجی زیاتر بگرنەئەستۆ، كە ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو چەشنە رۆحییەتەیە كە ئاماژەمان پێكرد لە پەیوەندی بە ئەنجامدانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیەوە. كەواتە ئەمە سیاسەتێكی كورتبینانە و لاوازە و پێموایە دەبێتەهۆی بێهێزكردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی. لەلایەكی دیكەوە ئەو رێكارە بازرگانییانەی گیرانەبەر لە چوارچێوەی رێساكانی ئاسایشی نەتەوەییدا هەڵگیران، كەواتە كاتێك ئەمریكا رێكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە بەرامبەر وڵاتانێك لە ئەوروپا دەگرێتەبەر كە بەشێكن لە ناتۆ، یان لەبەرامبەر وڵاتی كەنەدا كە لە چەندین شەڕدا هاوهەڵوێستی ئەمریكا بووە، ئەوا ئەمە خۆی لە خۆیدا دەبێتەهۆی لاوازكردنی پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا.
* باشە ئەگەر ئەم هەڵوێست و رێكارانەی ئەمریكا ببێتەهۆی لاوازكردنی پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ وڵاتە هاوپەیمانەكانی، ئایا ئاكام و دەرهاویشتەكانی ئەم هەنگاوانە چی دەبن؟ ئایا بە مانای نەمانی هاریكاری نێوان ئەمریكا و ئەم وڵاتانە دێت و ئەمە تێكڕای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە چ ئاراستەیەكدا دەبات؟
- لە راستیدا ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە لە ئێستادا ئەمریكا لە هەندێ رووبەڕووبوونەوەكان پاشەكشە دەكات، بۆ نموونە لە ئێستادا ئەمریكا دەستی كردووە بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپیدا بۆ كردنەوەی دەروازە بە رووی بازاڕەكاندا. ئەوەی پەیوەندی بە یابانەوە هەبێت، ئەوا لە چەند هەفتەی پێشوودا دەستكرا بە گفتوگۆ لەگەڵیدا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی بازرگانیی ئازاد، كەواتە پێموانییە هەڵوێستەكانی پێشووی ئەمریكا درێژە بكێشن. چونكە لە ئێستادا هاوكاریی زیاتر هەیە لە نێوان هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە پەیوەندی بە هەڵوێستیانەوە لە ئاست چیندا، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی گرژی و هەستی دژ بە ئەمریكا بوون لە نێو ئەو وڵاتانەی بۆ رۆژگارێكی دوورو درێژ هاوپەیمانی ئەمریكا بوون.
* باشە دەتوانین بڵێین ئەم بارە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمان و ركابەرەكانی بوونەتەهۆی لاوازبوونی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، یان دامەزراوە فرەلایەنەكان، وەك نەتەوە یەكگرتووەكان؟
- من پێموایە ئەمە بەندە بە كاردانەوەی ئەو دامەزراوانەوە، بۆ نموونە ئەمریكا داوای ئەنجامدانی گۆڕانكاری كرد لەنێو رێكخراوی بازرگانیی جیهانیدا، كە ئەمەش سەرنجی وڵاتانی دیكەی كێش كرد و ئێستاش بەنیازن گفتوگۆ بكەن لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو چاكسازییانە چین كە پێویستە ئەنجام بدرێن. كەواتە لەم رووەوە دەتوانین بڵێین ئەگەری ئەوە هەیە ئەو دامەزراوانە لە مەودای دووردا بەهێزتر بن و مرونەتی زیاتریان هەبێت تەنانەت بە بێ سەركردایەتی ئەمریكاش. بەڵام ئەوەی پەیوەندی هەبێت بە پرسی گۆڕانی ژینگەوە، ئەوا لەبەر ئەوەی بەشداربوون و رۆڵی ئەمریكا گرنگە، ئەوا هەڵوێستی ئەمریكا كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئەم پرسە. بە شێوەیەكی گشتی ئەوەی پەیوەست بێت بە پابەندبوون بە رێساكانی ئەو رێكخراوەو دامەزراوە نێودەوڵەتییانەوە - بۆ نموونە رێكخراوی بازرگانیی جیهانی- ئەوا هەڵوێستەكانی ئەمریكا بوونەتەهۆی لاوازكردنی ئەو رێسایانە و لاوازكردنی ئەو سیستمانەی لەسەر بنەمای پابەندبوون بە رێساكانەوە بنیادنراون.
* زۆر باسی ئەوە دەكرێت چین وەك هێزێكی هەڵكشاو تەحەددی بۆ ئەمریكا دروست دەكات، ئێوە چۆن وەسفی پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەكەن و تا چەند ناكۆكبوونیان كاریگەری و رەنگدانەوەی خراپی لەسەر پرس و كاروبارە جیهانییەكان دەبێت؟
- بە تێڕوانینی من مەترسیەكە گەورەكە لەمەدایە، چونكە ئێمە دەزانین ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ وەك ركابەرێكی ستراتیژی وەسفی چینی كردووە و لەم رووەوە رایگەیاندووە كە یان دەبێت چین سیستمی ئابووریی خۆی بگۆڕێت، یان رووبەڕووی سزا و رێكاری بازرگانی دەبێتەوە، كە من پێموانییە چینیش هەروا بە ئاسانی بگۆڕێت. بەڵام دۆناڵد ترەمپ پێداگری دەكات لەسەر پاراستنی بازاڕەكانی ئەمریكا و دروستكردنی بەربەستی بازرگانی لەبەردەم كاڵاكانی چیندا و ئەم كارەشی كردووە. هەروەها من پێموانییە ئێمە بتوانین بە ئاسانی ئەو ناكۆكییانە چارەسەر و یەكلا بكەینەوە. لەلایەكی دیكەوە پرسی پەیوەندییەكان لەگەڵ چیندا گرێدراوەتەوە بە مەسەلەی ئاسایشی نەتەوەییەوە، كەواتە لە ئێستادا نەهجێكی رووبەڕووبوونەوە دەبینین، ئەمە لە كاتێكدا ئیدارەكانی پێشووی ئەمریكا- وەك ئیدارەی سەرۆك بیل كلینتۆن- پشتیوانییان دەكرد لەوەی چین بێتە نێو رێكخراوی بازرگانی جیهانییەوە، هەروەها ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما لەگەڵ چیندا كاری دەكرد لە پرسەكانی پەیوەست بە گۆڕانی ژینگەوە. مەبەستم ئەوەیە ئەگەرچی ئیدارەكانی پێشوی ئەمریكا ناكۆكییان هەبوو لەگەڵ وڵاتی چیندا، بەڵام ئەوەشیان دەخستەڕوو كە بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە و دەكرێت پێكەوە كاریان لەسەر بكرێت. بەڵام ئیدارەی ئێستای ئەمریكا جەخت لەسەر ناكۆكی و بارگرژییەكان دەكاتەوە.
* ئایا پێتوایە ناكرێت رۆڵی چین نادیدە بگیرێت لە رووبەڕووبوونەوە و چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشە جیهانییەكاندا؟
- بەڵێ، ئەمە راستە، بەڵام ئیدارەی ئێستای ئەمریكا هەمیشە تیشكدەخاتەسەر هەنگاو و رێكارە ناڕەواكانی چین.
* لە دەرئەنجامی پرسیار و وەڵامەكانی پێشووە ئەو راستییە دەردەكەوێت كە ئێستا رەوشێكی نوێی جیهانی دروست بووە، ئایا ئێوە لەم رووەوە گەشبینن یان بە بێهواییەوە لەم پەرەسەندنانە دەڕوانن و پێتانوایە ئایندەیەكی نادیار چاوەڕێی جیهان دەكات؟
- من لە مەودای نزیك و مامناوەنددا زۆر رەشبینم، بەڵام لە مەودای دووردا ئومێدەوارم كە دەسەڵاتی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ چوار ساڵ زیاتر درێژە نەكێشێت و هیوادارام هەندێ لەو كێشانەی بەڕێز ترەمپ ئاماژەی پێكردوون، ببنەهۆی دروستبوونی هاندەر و پاڵنەر بۆ بەهێزكردن و پتەوكردنی دامەزراوە جیهانییەكان و بۆ هێنانەئارای هەندێ گۆڕانكاری لە وڵاتی چیندا، بۆ ئەوەی كراوەتر و دۆستانەتر بن لە بەرامبەر وەبەرهێنانی دەرەكیدا لە وڵاتەكەیاندا. كەواتە پێموایە هەڵوێست و سیاسەتەكانی ترەمپ بۆی هەیە لە مەودای دووردا كاریگەریی ئەرێنییان لێ بكەوێتەوە، بەڵام ئەگەر دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی بۆ چوار ساڵی دیكە هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا من زۆر زۆر رەشبین دەبم.
Top