دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم بۆ گوڵان: لە ماوەی داهاتوودا گۆڕانكاریی باش لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە لەم هەرێمەدا روودەدەن

دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم بۆ گوڵان:  لە ماوەی داهاتوودا گۆڕانكاریی باش لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە لەم هەرێمەدا روودەدەن
وردە وردە كوردستان قۆناغی سەختی قەیران و دژواری ئابووری تێدەپەڕێنێت و ئاماژەكانیش ئەگەری هاتنەئارای هەلومەرجێكی باشتر دەخەنەڕوو، كە هەموو ئەمانە ئومێد و گەشبینی بە داهاتوو دروست دەكەن، بۆ تاوتوێكردن و تیشكخستنەسەر باشتربوونی رەوشەكە و ئەگەرەكانی ئایندە لەم رووەوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكێتیی ژوورە بازرگانیی و پیشەسازییەكان ئەنجامدا لێرەدا دەقی دیمانەكە بڵاو دەكەینەوە.
* لەگەڵ ئەو گۆڕانكاری و كرانەوانەی كە لە رووی سیاسیی ئابوورییەوە بەسەر هەرێمی كوردستاندا هاتوون، ئایا ئێوە وەكو سەرۆكی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان پێتانوایە هەرێمی كوردستان قۆناغی قەیرانی ئابووری تێپەڕاندووە؟
- هەموو ئاماژە و داتاكان ئەوە دەسەلمێنن كە دۆخی ئابووری و بازاڕ بەرەو كرانەوەو باشبوون دەچێت، ئەمەش بۆ ئەو هەوڵانەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە لە بوارەكانی سیاسەت و ئابووری هەنگاوی بۆ ناوەو لەماوەیەكی كەمدا توانی گەمارۆ و سزاكانی سەر خەڵكی كوردستان هەڵگرێت و دیالۆك و دانوستان لەگەڵ ناوەند دەستپێبكات، تەنانەت بە هەوڵ و پاڵپشتی جەنابیان بۆ هەریەك لە ئەنجومەنی باڵای ئابووری و ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم هەموو ئەو كۆنگرەو كۆنفرانس و كۆبوونەوانە بەستران كە لەماوەی رابردوودا لەگەڵ ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی وڵاتانی دراوسێ و بیانی رێكخرا، ئەوانەش بوونە هۆی هاتنی وەبەرهێنەران و بیزنسكاران و گەورە كۆمپانیاكانی دەرەوە، هەر لەسەر داواكاریی بەڕێزیان هەوڵێك هەیە بۆ دابینكردنی هەلی كار لە كەرتی تایبەت بۆ گەنجان و دەرچووانی زانكۆكان. بەشێوەیەكی گشتی بە بۆچوونی ئێمە كێرڤی رەوشی ئابووری و بازاڕ روو لەهەڵكشانە، بەتایبەتی دوای نەمان و كەمبوونەوەی هەموو ئەو هۆكارانەی ئابووری و داراییان پەك خست، بەهۆی شەڕی داعش و دابەزینی بەهای نەوت و بڕینی بودجە كە دوچاری گەلەكەمان بوو، جگە لەنەمانی ئەم هۆكارانە ئێستا پێكهێنانی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی ئومێدێكی دی دەداتە كرانەوەی ئابووری، سەرۆك وەزیرانی نوێ بە كەسایەتییەكی میانڕەوە ناسراوەو لەكارنامەكەیدا جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند كردووەتەوە. هەربۆیە لە ماوەیەكی نزیكدا جووڵەیەكی ئابووری و بازرگانیی گرنگ دەبینین كە ئەم دوو بوارە بە شادەماری هەموو پێشكەوتنێك لە وڵاتدا دادەنرێت، ئێستا داهاتەكان روو لە زیادبوون دەكەن و زۆر لە پڕۆژەكان دەست بەجێبەجێكردنیان كراوەتەوە و مووچەی خەڵكی لە كاتی خۆیدا دەدرێت، ئەمەش كاریگەری لەسەر كڕین و فرۆشتنەكان هەیە، بەتایبەتی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان كە سەقامگیری و بوونی وەكو پایتەختێك و ئەو ئاشتەوایی و كرانەوەیە بە روونی رەنگی بەسەر ئابوورییەكەیدا داوەتەوە، لە مێژووشدا هەولێر بە شاری پێكەوەژیان و لێبووردەیی ناوبانگی دەركردووە، ئەمەش رۆڵی لە بووژانەوەی كەرتی بازرگانی و ئابووریدا هەیە.
* هەر ئەم ئاماژانەیە كە بۆتە هۆی هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی سەرۆك و نوێنەرانی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی وڵاتانی بیانی و كۆمپانیا ئەمریكییەكان؟
- دانوستان و دیالۆگەگانی نێوان هەرێم و ناوەند كە هاوكاتە لەگەڵ هاتنی بودجە و باشبوونی تا رادەیەكی باشی مووچە، جووڵەیەكی باشی خستۆتە ناو كاروباری بازاڕ و ئابوورییەوە، واتا كێرڤی دووبارە گشەسەندنی ئابووری و بووژانەوەی بازاڕەكان رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و ئومێدێكی گەورەی دروست كردووە، بێگومان ئەم دوو بوارەش بە شادەماری ئابووری و گەشەسەندن دادەنرێت و زۆربەی سێكتەرەكان لەگەڵ خۆیدا دەجووڵێنێت. سەبارەت بە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی بازرگان و وەبەرهێنەران و بیزنسكار و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستە دەگەڕێتەوە كە دەمانەوێت جووڵەیەكی زیاتری ئابووری و بازرگانی دروست بكەین، بەستنی هەموو ئەو كۆنگرەو كۆنفرانسە ئابووری و بازرگانییانەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئێران و توركیا و كۆمپانیا عێراقییەكان و بەهاتنی شاندێكی باڵای كۆمپانیا ئەمریكییەكانیش هەر لەم چوارچێوەیەدا دێت، هەموو ئەمانەش واتایەكی روونیان هەیە كە كوردستان بە دۆخێكی سەقامگیریدا تێپەڕ دەبێت و هەموو پێشبینییەكان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچن كە لەماوەی داهاتوودا گۆڕانكاریی باش لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە لەم هەرێمەدا روودەدەن و هاتنی ژمارەیەكی زیاتری كۆمپانیا بیانییەكان بەتایبەتی لە وڵاتانی پێشكەوتووی ئەوروپا و ئەمریكاوە دەبینین، بەتایبەتی لە هەردوو بواری وزە و كارەبادا كە شاندی باڵای كۆمپانیاكانی ئەمریكا زۆر گرنگییان بەم دوو بوارە داوە، ئەوەش بۆ بەهێزكردنی ئابووریی هەرێمیش بایەخ و ستراتیژیەتی خۆی هەیە .
* تاچەند كۆمپانیاكانی كوردستان و بێزنسكارو وەبەرهێنەرانی ناوخۆ خۆیان بۆ ئەو گۆڕانكارییانە ئامادە كردووە، ئەمە لەكاتێكدا لەناوخۆدا گلەیی و گازندەیەكی زۆر لەسەر ئەداو توانای كۆمپانیا ناوخۆییەكان هەیە؟
- لەهەموو دنیادا كەرتی تایبەت و كۆمپانیا ناوخۆییەكان لەگەڵ حكومەتدا تەواوكەری بەڕێوەبردنی ئابووری و پێشكەوتنەكانن، منیش هاوڕام لەگەڵتاندا كە دەبێت كەرتی تایبەت هاندەر بێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو پاڵەپەستۆیانەی كەوتوونەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم، هەر لە دامەزراندنی گەنجان و دۆزینەوەی هەلی كارەوە تاوەكو بەڕێوەبردنی سێكتەرە گرنگەكان، بەڵام خۆ دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی باڵای ئابووری بە بەرنامە و پلانێكی تۆكمە ئاراستەی كەرتی تایبەت بكەن بۆ ئەو سێكتەرو كەرتە گرنگانەی كە وڵاتەكەمان پێویستیەتی، بەتایبەتی لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاریدا، ئەمەش پێویستی بە یاسای نوێ و هەمواركردنەوەی یاسا كۆنەكان و رێنمایی وا هەیە كە بە هەماهەنگی لەگەڵ ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێم و ئابووریناسان دابڕێژدرێت و رۆڵی لە كەمكردنەوەی رۆتین و هەڵگرتنی هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانە هەبێت كە دێنە بەردەم بووژانەوەی ئابووریی وڵاتەكە و كاركردنی كۆمپانیاكان. سەبارەت بە دۆزینەوەی هەلی كاریش وەكو لەسەرەتای قسەكانمدا ئاماژەم پێدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە ئێمە كردووە هەموو هەوڵەكانمان بەگەڕ بخەین بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆكانی كوردستان و دەستی كار بەگشتی، بۆ ئەم مەبەستەش بەهاوكاری لەگەڵ چەند رێكخراو و ناوەندێكی بیانی لە هەوڵی ئەوەداین بەرەو پەرەپێدانی تواناكانی گەنجان بڕۆین، تاوەكو لە قۆناخی داهاتوودا گەنجان ئامادە بكرێن بۆ بازاڕی كار و بەڕێوەبردنی ئابووری و ئەو ئابوورییەی لەدنیای پێشكەوتوودا قۆناغی بەرزی بڕیوە.
* لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری و سزا بەسەر هەرێمی كوردستاندا، خەڵكی كوردستان و بازرگان و پیشەسازیكاران زیانێكی گەورەیان بەركەوت و چەندین كۆمپانیا دوچاری مایەپووچبوون بوون، ئایا تا چ رادەیەك كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان رۆڵیان دەبێت لەوەی سیاسەت لە خزمەتی ئابووریدا بێت ؟
- پێویستە ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو ئابوورییەكی بەرهەمهێن بچێت، بەتایبەتی كە كوردستان خاوەنی سامانێكی سرووشتیی دەوڵەمەندە و دەكرێت لەزۆر بواری كشتوكاڵ و كانزاكاریی و پیشەسازی نەوتدا پرۆژەو هەنگاوی باش بنێت، ئەمە هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە خاوەنی ئاسایشی خۆراكی بین و هیچ كەس و دەوڵەتێك نەتوانێت گەمارۆمان لەسەر دابنێت، لەلایەكی ترەوە گرنگیدان بە كەرتی بەرهەمهێنان بۆ هەلی كار زۆر گرنگە، هەروەها هەوڵی ئەوەش بدەین ئەو وەبەرهێنەرە بیانییانەی دێنە ئەم وڵاتەوە، روو لە كەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنان بكەن، ئەمەش بەدی نایەت ئەگەر زەمانەت و پاراستنی مافەكانیان دەستەبەر نەكرێت، بەمشێوەیە هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی ئابوورییەكی بەهێز كە تێیدا كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیەكان بەرژەوەندییان تێدا بێت، فشارو پاڵەپەستۆیەكی باش دەبێت بۆ رێگەگرتن لە سەپاندنی سزاو گەمارۆی ئابووری، چونكە ئابووریی ئەو وڵاتانەش تێكەڵ بە ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبن و زیانگەیاندن بەم ئابوورییە واتا زیانگەیاندنە بە ئابووریی وڵاتەكانی خۆیان.
* لەسەرەتای قسەكاندا باسی كابینە وەزارییەكەی د.عادل عەبدولمەهدیت كرد، كە هەموو پێشبینی و بۆچوونەكان بەرەو ئەوە دەچن، كرانەوەیەك لە نێوان سەنتەرو هەرێمدا روو بدات. ئەمە تا چەند لەسەر ئابووری هەرێم كاریگەری دەبێت؟
- كورد پێكهاتەیەكی گرنگە لە وڵاتی عێراقدا و بە هاوبەشیكرن و تەوازنكردنی دەسەڵاتەكانیش ئومێدمان زۆرە گرژی و ململانێكانی ناوەند لەگەڵ هەرێمدا كۆتایی بێت و ئەوەش بۆ هەردوو لا جێگای بایەخ و گرنگیدان دەبێت. ئابووریی هەرێم بۆ عێراق و بەپێچەوانەوە ئابووریی عێراق بۆ هەرێم گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە و بێ یەكتر زەحمەتە بتوانرێت كاری باش و گرنگ بكرێت، بە دامەزراندنی هەر دوو حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر لە كێشە و گرفتەكانی نێوان هەردوولا بەرەو چارەسەربوون دەچێت، بەتایبەتی ئەو گەمارۆ و سزا و دانانی بازگە گومركییانەی كە لە نێوان كەركووك و هەولێر و سلێمانی و موسڵ و دهۆك دانراوە كە زیانی گەورە بە بازرگان و پیشەسازیكارانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت و زیانیشی بۆ خێراكردنی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە سوننەنشینەكان دەبێت. من لێرەدا دەمەوێت باسی بابەتێكی دیكەی هەستیار بكەم كە كاریگەریی زۆر خراپ و توندی لەسەر رەوشی ئابووری و باری بژێوی ژیانی هاووڵاتیان هەیە، ئەویش ململانێی نێوان حزبە كوردستانیەكانە بەتایبەتی گواستنەوەی ئەو ململانێیە بۆ بەغدا، لە هەموو دنیا كێبڕكێی نێوان حزبەكان هەیە، بەڵام كاتێك دێتە سەر بابەتی ئابووری و بژێوی ژیانی خەڵك، نابێت هەریەكەو بە ئاراستەیەك بجووڵێتەوە و دەبێت هەموویان پاڵپشتی و پشتگیری ئەو پڕۆژەو كارانە بكەن كە رۆڵی دەبێت لە پێشكەوتنی ئابووریی هەرێمەكە و دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كوردستان.
* ئێستاكە رەشنووسی پڕۆژە یاسایەكی بودجە ئامادەكراوە كە تێیدا دووبارە غەدرێكی گەورە لە پشكی بودجەی كوردستان و مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێم كراوە، ئایا كەمكردنەوەی پشكی كورد لە بودجەی گشتی عێراقدا بەمشێوەیە زیانی ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان چی دەبێت؟
- من لە میدایاكانەوە گوێبیستی ئامادەكردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسایەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2019 بووم، ئومێدەوارم سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق و حكومەتە نوێیەكەی بەغدا لەگەڵ شاندی باڵای دانوستانی حكومەتی هەرێم بگەنە رێككەوتنێكی كۆتایی و پشكی بودجەی هەرێم بۆ 17% بەرزبكەنەوە، تا ئەو كاتەی سەرژمێریی گشتیی عێراق ئەنجام دەدرێت، چونكە كەمكردنەوەو دەستكاریكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراقدا شوێنەواری خراپی لەسەر هەموو سێكتەرەكان دەبێت، بەتایبەتی سێكتەری بازرگانی و ئابووری.
Top