د. فازل نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ گوڵان: دەبێت كورد هاوكاری د.عادل عەبدولمەهدی بێت بۆ ئەوەی بتوانێت چوار ساڵ وەك سەرۆكی حكومەت بمێنێتەوە
October 28, 2018
دیمانەی تایبەت
لایەنی كوردستانی بەشێوەیەكی گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی تایبەتی، پرسی بەشداریكردنیان لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا گرێدابووەوە بە بەرنامەی حكومەتەی د.عادل عەبدولمەهدی-یەوە، بەو پێیەشی كە پارتی بە شێوەیەكی بەهێز بەشداری لە حكومەتكەی عەبدولمەهدیدا كردووە، مانای ئەوەیە جۆرە رازیبوونێك لەو بەرنامەیە هەیە، بەرنامەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لەگەڵ متمانەپێدانی پەرلەمانی عێراق بڵاوكرایەوەو راشكاوانە ئاماژە بەوە كراوە كە ئەم حكومەتە ئامادەباشی ئەوەی پیشانداوە كە بەپێی دەستوور و یاسا دانوستاندن لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بكات، بۆ هەڵسەنگاندنی بەرنامەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەتیش لەو بڕگانەی پەیوەندی بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە، ئەم دیدارەمان لەگەڵ د.فازل نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 14 وەزارەتی كابینە تازەكەی حكومەتی عێراق دا، د.عادل عەبدولمەهدی بە فەرمی بووە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئایا بۆ كورد جیاوازیی د.عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانەكانی پێشووی عێراق چییە؟
- دیارە د.عادل عەبدولمەهدی وەك شەخس، كەسێكی زۆر زانا و لێهاتوو و لەسەرخۆیە و بوغز و كینەی بەرامبەر هیچ لایەنێك نییە، من وەك خۆم كە ئەوكات بریكاری وەزارەتی دارایی بووم و ئەویش وەزیری نەوت بوو، بە شێكی زۆری ئیشەكانمان پێكەوە بوو، شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵماندا زۆر باش بوو، سەبارەت بە تێڕوانینی لەگەڵ كوردیش، دیارە جیا لەوەی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان هەیە، لە هەمانكاتیشدا مەزندەی ئەوە دەكەم كە لایەنی كوردی پشتیوانی دەكات و ئەویش مامەڵەی لەگەڵ كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا باشتر دەبێت، بەڵام گرنگ لیژنەی دانوستاندنی هەرێمی كوردستانە كە بتوانێت هاریكاریی تەواوی بكات بۆ ئەوەی كێشەكان بە هەوڵی هەردوولا چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
* لەماوەیەكی زۆر كورتداو دوای ئەوەی ناوەرۆكی بەرنامەی حكومەتەكەی راگەیاند، بەشێوەیەكی گشتی وادیارە خەڵك لە بەرنامەكەی .عادل عەبدولمەهدی رازییە، ئایا لەو بەشەی كە پەیوەندی بە كێشەكانی هەرێم و بەغداوە هەیە، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەو بەشە چۆنە؟
- بەشێوەیەكی گشتی بەرنامەی حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی لە رووی داڕشتن و تیۆرییەوە، بەرنامەیەكی باشە، ئەوەی پەیوەندی بە كێشەكانی عێراقەوە هەیە لە زۆر بواردا چۆتە ناو وردەكارییەكانەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، ئەو خاڵانەیە كە داخوازی كوردن و بەشێوەیەكی گشتی ئاماژەی پێكراوە، وەك پرسی بودجە، ماددەی 140، ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك، كە دەشڵێم بە شێوەیەكی گشتی باسیان لێوەكراوە، واتە ئاماژە بەوە كراوە كە بەپێی دەستوور و یاسا ئەو كێشانە چارەسەر دەكرێن، ئەمەش قسەیەكی گشتییەو زۆر جاری دیكەش لەم جۆرە بەڵێنانە دراون و شتێكی كۆنكرێتی نین كە بڵێن 100% جێبەجێ دەكرێت، بۆیە ئەم جۆرە بەڵێنانە مەتاتین و تەفسیری جۆراوجۆر هەڵدەگرن و پێشتر زۆر بەڵێنی لەوە زیاتر بە كورد دراون، بەڵام بەداخەوە كێشەكانیش هەتا ئێستا بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە.
* وەك كەسێك كە خاوەنی ئەزموونی لە بەشێك لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئایا لە حاڵەتی لەمجۆرەدا پێویستە لایەنی كورد چۆن ئیدارەی ئەم كێشانە بدات، بۆ ئەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنیان دابین بكرێت؟
- لە ئێستا كورد پێویستی بەوەیە كە لیژنەی دانوستاندن لە كەسانی زانستی و زیرەك و لێهاتوو و لەسەرخۆ دیاری بكات، كە لە پرۆسەی دانوستاندا توانای قەناعەت پێكردنی بەرامبەری هەبێت، ئەم لیژنەیە مەرج نییە لە خەڵكانی سیاسی پێكبهێنرێت، بەڵكو دەكرێت كە خەڵكانی زانستی و تەكنۆكرات بن و سیاسییەكان سەرپەرشتی بكەن، هەروەها گرنگە ئەم لیژنەی دانوستاندنە تەنیا یەك لیژنە نەبێت بۆ هەموو كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەڵكو گرنگە بۆ هەر كێشەیەك لیژنەیەكی تایبەت هەبێت، هەر بۆ نموونە ناكرێت ئەو لیژنەیەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بودجە پێكدەهێنرێت، هەمان لیژنەی دانوستاندن بێت بۆ چارەسەری كێشەی ماددەی 140ی دەستوور و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك، هەروەها دەبێت ئەم لیژنانە بەردەوام بەدواداچوونیان بۆ رەوتی بەرەوپێشەوەچوونی دانوستانەكان هەبێت و بەشێوەیەكی لۆژیكی و زانستییانە لەگەڵ بەغدا دانوستاندن بكەن، كە ئەمە دەڵێم، بێگومان مەبەستمە راشكاوانە ئاماژە بەوە بكەم كە لیژنەكانی دانوستاندن پێشتر بەدواداچوونیان نەبوو، هەر بۆ نموونە لیژنە دەهاتە بەغدا جاری وا هەبوو یەك رۆژ دەمایەوە و شەو دەگەڕایەوەو، كۆبوونەوەكانیان تەنیا بریتی بوون لە هەندێ قسەی گشتی و رووكەش، بۆیە لەو ماوە كورتەدا نەیدەتوانی بە شێوەیەكی ورد و چڕ بچێتە ناو میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكانەوە، بۆیە پێویست بوو ئەو لیژنانە لە بەغدا بمێننەوە و بچنە ناو وردەكاریی كێشەكان و خاوەنی دەسەڵات بن بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر بگەینەتە قەناعەت و چارەسەری هاوبەش بۆ كێشەكان بدۆزرێتەوە. بەڵام ئەوەی من هەتا ئێستا لە برادەرانی لیژنەی دانوستاندن گوێم لێ بووە، یەك لیژنە پێكهێنراوە بۆ چارەسەری هەموو كێشەكان، بۆیە من پێوایە لیژنەیەك بە تەنیا بەبێ خەڵكی زانستی و لێهاتوو توانای چارەسەركردنی كێشەكانی نابێت.
* مەبەستت لە بەدواداچوون و دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش چییە؟ لەكاتیكدا نەخشەڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكان دەستوورە، ئایا بەپێی دەستوور نابێت كێشەكان چارەسەر بكرێت؟
- ئێمە باس لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتی عێراق دەكەین، لەم بەرنامەیەدا بەشێوەیەكی گشتی باس لە چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی یاسا و دەستوور كراوە و باس لە وردەكاریی چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسا و دەستوور نەكراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە دەچینە ناو وردەكارییەكان كاتێك دانوستاندن دەكەین، سرووشتی دانوستاندیش هەر لە ناوەكەیڕا دیارە، واتە تۆ شتێك دەدەیت و لەبەرامبەردا شتێك وەردەگریت، راشكاوانەتر واتە تۆ لە نێوان (سفر و 100) چەند بەدەست دەهێنێت، ئەمەش پێویستی بەوەیە ئەو خەڵكانەی پرۆسەی دانوستاندنەكە بەڕێوەدەبەن، دەبێت بە شێوەیەكی زانستی و لۆژیكانە بەرامبەر بگەیننە قەناعەت لەسەر شێوازی ئەو میكانیزمەی كێشەكانی لە چوارچێوەی دەستووردا پێ چارەسەر دەكرێت، بۆیە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەر ئەوەندە نییە، لایەنی كوردی داوابكات ئەم داواكارییەمان هەیە و دەبێت حكومەتی بەغدا جێبەجێی بكات، بەڵكو دەبێت لایەنی كوردی خۆیشی هاوكار بێت بۆ ئەوەی رێگەچارەی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خۆی لەگەڵ بەغدا.
* ئەگەر وەك نموونە باس لە كێشەكانی هەرێم و بەغدا بكەین، سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجە و پشكی كوردستان لە بودجەی عێراقدا، ئایا لە پڕۆژەی یاسای بودجەدا كێشەكانی كوردستان و عێراق چین؟
- كێشەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا یەكێكە لەو كێشانە كە پێویستە پێش هەموو كێشەكانی دیكە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی كێشەیەكە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەی خەڵكی كوردستانەوە هەیە، سەبارەت بەم كێشەیە وەك من بیستوومە لە ئەندامانی لیژنەی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، دەڵێن د.عادل عەبدولمەهدی ئامادەباشی پیشانداوە كە لە چوارچێوەی دەستوور دانوستاندن لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەستپێبكات، بەڵام كێشەی بودجە خۆی كێشەیەكی ئاڵۆزە و جاران و پێش ئەوەی رێژەی 17% پشكی كوردستان كەم بكرێتەوە بۆ 12.67% كە شاندی دانوستاندن دەهاتنە بەغدا بۆ دانوستان لەسەر ئەم پرسە، زۆر جار وایان مەزندە دەكرد كە لە دانوستاندنەكەدا سەركەوتوو بوون، بەڵام من بە حوكمی ئەوەی بریكاری وەزارەتی دارایی بووم، رامدەگەیاند، نەخێر سەركەوتوو نەبوون، بەڵكو فێڵێكیان لێكراوە و ئەوان هەستیان پێ نەكردووە، ئەوجا ئەمە بۆ ئەو كات وابوو، ئێستا پرسەكە زۆر لەو كاتە قورستر و ئاڵۆزتر بووە، بەداخەوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 و 2019 دا، بۆ ئەوەی پشكی كوردستان لە 17% ەوە كەم بكەنەوە بۆ 12.67 چەندین فێڵی تەكنیكییان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو پڕۆژە یاسای بودجەیە هێندە بە شارەزایی داڕێژراوە كە زۆر قورسە بتوانرێت بە ئاسانی هەڵبوەشێندرێتەوە، لە ئێستاشدا كێشەكە ئەوەیە كە كێشەی گەورە لە یاسای بودجە بۆ كوردستان دروستكراوە، ئەگەر ئەم كێشانە نەبوونایە، چارەسەركردنی كێشەكان ئاسانتر بوو، ئەمە دروست وەك ئەو حاڵەتەیە كە دەڵێن (تەواو گۆزەكە شكا) بۆیە ئەگەر بمانەوێت گۆزەكە چاك بكەینەوە، ئەوا دەبێت زۆر بە وەستایی و بە زیرەكی و بە لێهاتوویی هەموو پارچەكان پێكەوە بنێینەوە بۆ ئەوەی گۆزەكە دروست بكەینەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو فێڵە تەكنیكییانەی لە پڕۆژە یاسای بودجەدا دژی پشكی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراون، هەر یەكەیان مینێكە لەناو ئەو بودجەیە چێنراوەو هەڵگرتنەوەی ئەو مینانەش لە ئێستادا كارێكی ئاسان نییە، لەمەش زیاتر ئەگەر باس لە كابینەی تازەی حكومەت بكەین بە سەرۆكایەتی د.عادل عەبدولمەهدی، راستە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كورد هەیە، بەڵام ئەویش ناوێرێت بەئاسانی هەموو ئەو شتانە راست بكاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەویش ترسی لە شەقامی سیاسیی عەرەبی و كوتلە سیاسییە شیعەكانی دیكە هەیە، بۆیە لەم حاڵەتەدا ئەوە دەبێتە ئەركی ئێمە میكانیزمی بۆ بدۆزینەوە و هاوكاری بكەین بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە كراون، ئەوجا كێشەی ماددەی 140 و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووكیش بەهەمان شێوە پێویستیان بە ئیشێكی هێجگار گەورە هەیە، ئەمە ناچارمان دەكات ئێمە كاری زیاتر بكەین و كەمتر قسە بكەین، لێرە بەدواوە هەرێمی كوردستان دەبێت هەوڵبدات چۆن بە شێوەیەكی پراكتیكی خۆی دەبێتە بەشێك لە چارەسەركردنی كێشەكان، كە دەڵێم هەرێمی كوردستانیش واتە (حكومەتی هەرێمی كوردستان و تەواوی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لەناو پرۆسەی ساسیی عێراقدا) دەبێت هەردوولا وەك یەك تیم هەوڵبدەن ئەو كێشانە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن.
* پرۆسەی بڕیاردروستكردن لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا كارێكی زۆر قورسە بۆ بڕیاردان سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەك ئەزموونی خۆت پێتوایە چۆن دەتوانین لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا كاریگەریمان لەسەر پرۆسەی بڕیاردروستكردن هەبێت؟
- ئەمە كێشە سەرەكییەكەی كوردە لە ناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، من پێشتر باسم كرد، ماددەكانی دەستووری عێراق بە شێوەی گشتی باسی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان دەكات، ئەمەش مانای ئەوەیە خودی ماددەكە لاستیكی و مەتاتییە و هەر لایەك دەتوانێت لە دیدگای خۆیەوە تەفسیری ئەو ماددەیە بكات، بۆیە كاتێك دەچینە وردەكارییەوە دەبێت بە لۆژیك و ئەقڵ و زانست هەوڵبدەین بەرامبەر بگەیەنینە قەناعەت، لەم رێگەیەش زیاتر لەبەردەم لایەنی كورددا نییە، لەم بوارەدا راستە من بریكاری وەزارەتی دارایی بووم، بەڵام ئەو كات دەبوو لە هەموو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەبم، زۆر جار توانیومانە شتیان پێ بگۆڕین بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەگەر ئەم توانایەمان نەبوو كە بە قەناعەت پێكردن رای بەرامبەر بگۆڕێن، ئەوا بە پەنابردن بۆ هێز، یان دەنگدان، ئێمە هیچمان پێ ناكرێت، هەر بۆ نموونە لە ئێستا لە 22 وەزیر و بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە كە دەكاتە 23، ئێمە تەنیا 3 وەزیرمان هەیە كە دەكاتە سێ دەنگ، باشە سێ دەنگی كورد بەرامبەر 20 دەنگی عەرەب چی پێدەكرێت؟ بۆیە دەبێت ئێمە پشت بە لۆژیك و لێهاتوویی ئەو نوێنەرانەی خۆمان ببەستین كە وەزیرن و ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقن.
* لە بەرنامەی حكومەتی تازەی عێراقدا زۆر جەختكراوەتەوە سەر بنبڕكردنی گەندەڵی، وەك دەزانن مەسەلەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا كارێكی ئاسان نییە، ئایا تاچەند د.عادل عەبدولمەهدی لەم پرسەدا سەركەوتوو دەبێت؟
- پرسی گەندەڵی لە عێراقدا كێشەیەكی هێجگار گەورەیە و گەندەڵییەكە هەموو عێراقی گرتۆتەوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە، پرسی گەندەڵی لە عێراقدا ئەوە نییە فەرمانبەرێك ئەوجا ئەو فەرمانبەرە هەر پلەیەكی هەبێت، هەتا ئەگەر وەزیریش بێت، لەو داهاتەی كە لەبەر دەستیەتی هەندێك گەندەڵی تێدا بكات، مەسەلەكە لەمە گەورترەو لە عێراقدا مافیای گەورەی گەندەڵی هەیە، ئەو وەزیر، یان بەڕێوەبەرە گشتییەش بیەوێت گەندەڵی گەورە بكات، ئەگەر مافیایەكی گەورەی لە پشتەوە نەبێت، ناتوانێت ئەو گەندەڵییە گەورەیە بكات، كەواتە كێشەی سەرەكیی عێراق گەندەڵە گەورەكانە، نەك گەندەڵیی وەزیرێك، یان بەڕێوەبەرێكی گشتی، ئەم گەندەڵكارە گەورانەش زۆر ئەستمە بە ئاسانی ریشەكێش بكرێن، یان حكومەتی ئێستای عێراق بڵێت من گەندەڵی ریشەكێش دەكەم، ئەگەر لێرەوە سەیری قسەكانی سەرەتای د.عادل عەبدولمەهدی بكەین كە راگەیاند (حكومەتێكی بەهێز و تەكنوكرات پێكدەهێنم)، بەڵام ئەمرۆ كە تەماشای پێكهاتەی حكومەتەكەی دەكەین، دەبینین ئەوەی بەڵێنی دابوو بۆی جێبەجێ نەكرا، ئەمەشی بۆیە بۆ جێبەجێ نەكرا، چونكە كوتلە سیاسییەكان دەستیان تێوەردا، ئەوجا لەمەوە ئەگەر بێینە سەر ئەو گەندەڵییە گەورانەی كە كراون و تیایاندایە بە زیاتر لە سەدان ملیۆن دۆلار گەندەڵی تێدا كراوە، ئەوانە لایەنی زۆر گەورەیان لە پشتەوەیە و بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ ناكرێن، بۆیە دووبارەی دەكەمەوە، گەندەڵی لە عێراقدا بریتی نییە لەوەی وەزیرێك، یان بەڕێوەبەرێكی گشتی لەسەر ئاستی وەزارەتەكەی یان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكەی ئەو پەڕی 20-30 هەزار دۆلار گەندەڵی كردبێت، ئەمە لەچاو بودجەی عێراقدا هەر گەندەڵی نییە، بەڵام سەیری كۆنتراكتەكانی وەزارەتی بەرگری بكەن كە بە سەدان ملیۆن دۆلارە، سەیری گەندەڵیی وەزارتی بەرگری و ناوخۆ بكەن لە دامەزراندنی بندیواردا، سەیر كۆنتراكتەكانی وەزارەتی كارەباو بازرگانی و كۆنتراكتی دەرمانی وەزارەتی تەندروستی بكەن، ئەمانە هەر یەكەیان بە سەدان ملیۆن دۆلار گەندەڵییان تێدا كراوە، لە كابینەكەی پێشوودا د. عەبادی لەگەڵ ئەوەی كاری زۆر خراپی دژی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، بەڵام لە پرسی گەندەڵیدا بۆ عێراق هەنگاوی باشی هەڵگرت، بەڵام ئەویش نەیتوانی بەرامبەر مافیای گەندەڵكارە گەورەكان هیچ بكات، بۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا د.عادل عەبدولمەهدی دەتوانێت ئەمە بكات؟ بێگومان لە ئێستاوە دەڵێم ئەم كارەی پێناكرێت لەبەر ئەوەی لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا نەیتوانی ئەو كارە بكات، بۆیە راشكاوانە دەڵێم لەوانەیە بتوانێت هەنگاوی بۆ هەڵبگرێت، بەڵام لەماوەی ئەم چوار ساڵەی كابینەكەیدا ئەمەی بۆ ناكرێت.
* د.عادل عەبدولمەهدی بەوە ناسراوە بەردەوام دەست لەكاركێشانەوەكەی لە گیرفانیدایەیە ئایا مەزندە دەكرێت چوار ساڵ لە پۆستی سەرۆك وەزیران بمێنێتەوە؟
- بێگومان ئەم پرسیارە، پرسیارێكی گەوهەرییە، لەبەر ئەوەی د.عادل عەبدولمەهدی چ ئەو كاتەی جێگری سەرۆك كۆمار بووە و چ ئەو كاتەشی وەزیری نەوت بووە، هەر كاتێك ئاستەنگی بۆ دروستكرابێت، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كردووە، لە دانیشتنێكدا لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی كە بەڕێز هۆشیار زێبارییش ئامادەبوو، قسەیەكی زۆر جوانی كردو گوتی: (قەت ملی خۆم ناخەمە بەر چەقۆی ئەو خەڵكانەی كە شایستە نین، بۆیە نامەوێت لەسەر ئەوانە بەیانی بێن لێپرسینەوەم لەگەڵ بكەن، بۆیە دەستم لەكاركێشایەوە.) بۆیە د.عادل وێڕای زیرەكی و لێهاتوویی خۆی، ئەگەر تەگەرە و ئاستەنگی بۆ دروست بكرێت، دەست لەكار دەكێشێتەوە، بۆیە ئەو پرسیارە هەمیشە ئامادەیە (ئایا د.عادل عەبدولمەهدی چوار ساڵ لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەردەوام دەبێت؟) بۆ ئێمەی كورد گرنگە بەردەوام بێت، بۆیە دەبێت ئێمە وەك كورد هاوكارییەكی باشی بكەین، چونكە لەوانەیە د.عادل عەبدولمەهدی لە خەڵكانێكی دیكە بۆ ئێمە باشتر بێت.