جۆشوا لاندیز سەرۆكی سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئۆكلاهوما: پەیوەندییەكانی سووریا لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمیدا بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت
October 25, 2018
دیمانەی تایبەت
جوشوا لاندیز پڕۆفیسۆری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی ئۆكلاهۆما و لە هەمان زانكۆش بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە لەو زانكۆیە، وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كۆمەڵگە و كەلتوور لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخدا. لە توێژینەوەكانیدا زیاتر بایەخ بە كاروباری سووریا دەدات، گوڵان لە میانەیەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵ شرۆڤە كرد كە پەیوەست بوون بە دوایین پێشهات و پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا، ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە شرۆڤەكارییەكانی خستەڕوو.* وەك كەسێكی شارەزای كاروباری سووریا چۆن لە رێككەوتنی ئەم دواییە پەیوەست بە دۆخی ئیدلیب دەڕوانیت؟
- ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە سووریا و رووسیا رازی بن بەو دۆخەی لەسەر سنوور هەیە، مەبەستم دروستبوونی ناوچەی لە چەك داماڵدراوە- ناوچەیەكی 20 كم لە چەك داماڵدراو- ئەگەرچی هەندێ لە گرووپە جیهادییەكانیش تا ئێستا نەكشاونەتەوە، بەڵام چەكەكانیان گواستۆتەوەو پێدەچێت لە ئێستا ئەمە قابیلی قبووڵكردن بێت. هەرچەندە ئەمەش بەندە بەوەی ئایا دەستڕێژی لە هێزەكانی پۆلیسی رووسی دەكەن، چونكە بڕیارە هێزی پۆلیسی رووسی و هێزی توركیا ئەم ناوچەیە بپارێزن. لەلایەكی دیكەوە رووسیا و رژێمەكەی ئەسەد رایانگەیاندووە كە ئەمە تەنیا ئاگربەستێكی كاتییە و ئەوان دەیانەوێت تەواوی ئیدلیب كۆنتڕۆڵ بكەنەوە. كەواتە بە دڵنیاییەوە دوای ماوەیەكی دیكە داوای ئەوە دەكەن یاخیبووان زیاتر پاشەكشە بكەن. كە ئەمەش فشارێكی زۆر لەسەر توركیا دروست دەكات.
* باشە لێكدانەوەی خۆت چییە بۆ ئەم رێككەوتنە، ئایا ئەمە بۆ رژێمەكەی ئەسەد بە سەركەوتن دادەنرێت؟
- بەڵێ، ئەمە رێككەوتنێكی سەركەوتووە، راستە پشێوی باڵی بەسەر رەوشەكەدا كێشاوە، بەڵام ئەمە رێككەوتنێكی سەركەوتووە، چونكە ئێمە دەزانین كە تەواوی رەوشەكە زۆر دژوارە، لەبەر ئەوە ئاساییە كە چاوەڕوانی ئاست و ئەندازەیەك لە پشێوی بكەیت.
* ئاشكرایە لە ئێستادا رژێمەكەی ئەسەد توانیویەتی دووبارە دەسەڵاتی خۆی بەسەر بەشێكی زۆری خاكی وڵاتەكەیدا بسەپێنێتەوە، ئایا پێتوایە ئەمە ئاماژەیە بۆ كۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە و یەكلابوونەوەی سەربازییانەی ئەو شەڕە؟
- بەڵێ، ئەسەد لە سەركەوتن و بردنەوەدایە، ئەمە گومانی تێدا نییە و زۆربەی جیهانیش چیتر پشتیوانی لە یاخیبووان ناكەن و ئێمە لە هەفتەكانی رابردوودا بینیمان ئەسەد لەلایەن هێزە ئیقلیمییەكانی ناوچەكەوە دەرگای بە روودا كراوەتەوە، ئەوەتا رێگای خێرای نێوان سووریا و ئەردەن كراوەتەوە كە پێدەچێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو كە ساڵانە لە رێگەیەوە بە بەهای 2 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكرا. هەروەها رێگای بەرزاییەكانی جۆلانیش كراوەتەوە و ئیسرائیلیش ئەو راستیەی قبوڵكردووە كە ئەسەد گەڕاوەتەوە بۆ ئەو ناوچانە و گفتوگۆی لەگەڵدا كردووە. وەزیری دەرەوەی بەحرەینیش بە بەرچاوی كامیراكانەوە وەلید ئەل موعەلەمی وەزیری دەرەوەی سووریای لە ئامێز گرت. خودی بەشار ئەسد چاوپێكەوتنێكی دورودرێژی ئەنجامدا لەگەڵ رۆژنامەیەكی كوەیتیدا. كەواتە هەموو ئەم رووداوانە لەگەڵ ئاگربەستەكەی ئیدلیبدا ئەوە دەخەنەڕوو كە هێزە ئیقلیمییەكان ئەو راستیە قبوڵ دەكەن كە ئەسەد دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات.
* باسی ئەوەتان كرد كە وردە وردە سووریا لە گۆشەگیریەكەی رزگاری دەبێت و دووبارە لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمیدا ئاوێتە دەبێتەوە، ئایا دەكرێت بڵێین دۆخەكە دەگەڕێتەوە بۆ پێش روودانی شەڕە ناوخۆییەكەی سووریا؟
- لە راستیدا هەرگیز بە تەواوەتی ناگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە، كە ئاشكرایە ئەمە شەڕێكی تا بڵێی خوێناوی بوو، كە بە سەدان هەزار خەڵكی سووریا كوژراون و بە ملیۆنان خەڵكیش ئاوارە بوون. كەواتە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی سووریا كاتێكی زۆری دەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی لایەنە پەیوەندیدارەكان خوازیاری سەقامگیربوونەوەی دۆخەكەو دەستكردنەوە بە جموجووڵی بازرگانی و برەودان بە ئابوورییەكی سەقامگیرن.
* ناكرێت ئێمە باسی شەڕی سووریا و ئەگەری كۆتاییهاتنی ئەو شەڕە بكەین و رۆڵ و پشتیوانیی ئێران بۆ ئەسەد نادیدە بگرین، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا یەكلابوونەوەی شەڕەكە لە بەرژەوەندی ئەسەد بە مانای ئەوە نایەت ئێران لە هێنانەدی ئامانجەكانی لەو وڵاتەدا سەركەوتوو بووە؟
- بەڵێ، ئێران توانیویەتی زۆرێك لە ئامانجەكانی بەدەست بهێنێت، چونكە نەك هەر تەنیا هاوكار بوو بۆ مانەوەی ئەسەد، بەڵكو ئەوەتا ژێرخانێكی سەربازی لەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست كردووە، لەگەڵ بوونی حكومەتی دۆست بە ئێرانیش لە عێراق و سووریا و لوبنان. ئاشكرایە ئەمریكا هەوڵ دەدات پاشەكشە بە رۆڵی ئێران بكات و ئیسرائیلیش بەم ئاراستەیەدا كاردەكات و تەنانەت توركیاش تا راددەیەكی دیاریكراو بەم ئاقارەدا هەوڵ دەدات. كەواتە لە ئێستادا ئێران رووبەڕووی فشارێكی زۆر كراوەتەوە، بۆیە ئەوەی لە ئارادایە هەلومەرجێكی داینامیكی و گۆڕاوە، بەڵام ئەوەی ئێوە ئاماژەی پێدەكەن راستە كە ئێران زۆرێك لە ئامانجەكانی بەدەست هێناوە. هەرچۆنێك بێت لە ئێستادا گۆڕینی عێراق و سووریا و لوبنان بۆ نەتەوەیەكی تەندروست و بنیادنانی حكومڕانیی باش لەم وڵاتانە و هێنانەئارای ئابوورییەكی گەشەكردوو تەحەددی داهاتووە و قورسترین تەحەددیش دەبێت.
* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە ئێران سەرقاڵی بنیادنانی ژێرخانی ئابوورییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە ئەمە زیاتر لە سووریاشدا بەدی دەكرێت، ئایا ئەمە تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە سەربكێشێت بۆ دروستبوونی بارگرژی و بگرە پێكدادانی نێوان ئێران و ئیسرائیل یاخود تەنانەت ئەمریكاش؟
- بەڵێ ئەمە راستە، بەڵام ئاشكرایە كە رووسیا خوازیاری ئەوە نییە ئەمە رووبدات و پێموانییە ئەسەدیش بیەوێت ئەمە رووبدات و دەیەوێت وڵاتەكەی بنیاد بنێتەوە. بەڵام ئیسرائیل كار لەسەر ئەم پرسە دەكات و گومانی تێدا نییە كە ئەمەش دەبێتە تەحەددیەك بۆ ئێران. بەڵام پێموایە ئێران بۆ ماوەیەكی زۆر لە سووریادا دەمێنێتەوە، چونكە ئەسەد ناتوانێت بە بێ پشتیوانی ئێران بەردەوام بێت.
* چۆن لە رۆڵی كوردی سووریا لە ئایندەی كورد لەو وڵاتەدا دەڕوانیت؟
- ئاشكرایە ئەمە دەبێتە تەحەددییەكی گەورە بۆ ئەسەد، چەند رۆژێك پێش ئێستا وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند كە دوای ئیدلیب روودەكەنە رۆژهەڵاتی فورات، بەڵام پێموایە تاوەكو ئەمریكا لەو ناوچەیە بمێنێتەوە، كە پێدەچێت لە ئێستادا ئەمە نیازی ئەمریكا بێت- بەلای كەمەوە لە ماوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا-، ئەوا زەحمەتە ئەسەد بتونێت ئەم ناوچانە كۆنتڕۆڵ بكاتەوە. بەڵام ئێران و توركیا پەرۆشن بۆ ئەوەی ئەمریكا لە باكووری سووریادا نەمێنێت و گومانی تێدا نییە كە ئەمەش هۆكاری بارگرژییەكی بەردەوام دەبێت.