ئەمیر عەبدولخالق بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی رێگاوبان لە كۆمپانیای هێمن گروپ بۆ گوڵان: دوای تەوابوونی شەقامی 150 مەتری پشتێنەی سەوز بە دەوری هەولێردا دروست دەكرێت
October 23, 2018
دیمانەی تایبەت
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە26 /9/2018 بەردی بناغەی بۆ شەقامی 150 مەتری لە هەولێر دانا، كۆمپانیای هێمن گروپیش راستەوخۆ دەستی بە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە كرد، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ تەواوبوونی زۆربەی كارەكانی شەقامی 120 مەتری لە هەولێر؛ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پڕۆژە گرنگە بۆ شاری هەولێر چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ئەمیر عەبدولخالق بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی رێگاوبان لە كۆمپانیای هێمن گروپ كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.شەقامی 150 مەتری ئاسانكارییەكی زۆر بۆ هاتوچۆ دەكات و قەڵەبالغی ناو شاریش كەم دەكاتەوە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە26 /9/2018 بەردی بناغەی بۆ شەقامی 150 مەتری لە هەولێر دانا، كۆمپانیای هێمن گروپیش راستەوخۆ دەستی بە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە كرد، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ تەواوبوونی زۆربەی كارەكانی شەقامی 120 مەتری لە هەولێر؛ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پڕۆژە گرنگە بۆ شاری هەولێر چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ئەمیر عەبدولخالق بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی رێگاوبان لە كۆمپانیای هێمن گروپ كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* ئێمە دەزانین كە دروستكردنی شەقامی 120 مەتری لە شاری هەولێر جێگای دەستخۆشی و گرنگی پێدان بووە لەلایەن دانیشتووانی شاری هەولێرەوەو كارەكانیشی بەرەو تەواوبوون دەچێت كە هێمن گروپ ئەنجامی دەدات، ئێستاش باس لە دروستكردنی شەقامی 150 مەتری دەكرێت لە هەولێر، دەكرێت بە شێوەیەكی گشتی باسی گرنگیی دروستكردنی ئەم شەقامە نوێیەمان بۆ بكەیت؟
- لە راستیدا كۆمپانیای هێمن گروپ لە كۆمەڵێك سێكتەردا كاردەكات یەكێك لەو سێكتەرانەی كۆمپانیاكەمانی پێ ناسراوە، سێكتەری رێگاوبانە، كە لە ساڵی 2009وە دەست بەكار بووین و لەو ماوە كورتەدا توانیومانە هەنگاوی گرنگ بنێین لە بواری ئەندازیاریی رێگاوبان و دروستكردنی شەقامی 120 مەتریش یەكێكە لە دەستكەوتەكانمان، یەكەم قۆناغی لەنێوان رێگای هەولێر- موسڵ تاوەكو رێگای سەرەكیی هەولێر – سەڵاحەدین بە درێژایی 15 كیلۆمەتر تەواو بوو، ئێستاكەش لە دوای قۆناغەكانی تەواوبوونی پڕۆژەكەداین ئەویش رێگای نێوان (هەولێر- سەلاحەدین تاوەكو رێگای نێوان هەولێر – كەركووك)ـە كە بەشی یەكەمی لە ساڵی رابردوو تەواو كراوە. سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەشت كە تایبەتە بە جێبەجێكردنی شەقامی 150 مەتری، ئەوا دروستكردنی ئەم شەقامە كە بە یەكێك لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەكانی رێگاوبان دادەنرێت، كە بۆ گەشەكردن و فراوانبوونی پایتەختی كوردستان زۆر گرنگە، ئەویش نەك تەنیا لەبەر ئەوەی ئەم شەقامە بازنە گەورەیە بە چواردەوری هەولێردایەو سەرجەم شەقامەكانی پێكەوە دەبەستێتەوە، بەڵكو لەبەر ئەوەی ئاسانكاریش بۆ هاتوچۆكردنی شوفێران دەكات لە كاتی تێپەڕبوونیان بۆ ناوچە و شارەكانی تری كوردستان، ئەم پڕۆژە گەورەو ستراتیژییە لە 26/9/2018 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەردی بناغەی بۆ دانراوە و ئێستاكە بە درێژایی 14 كیلۆمەتر دەست بە كارین لەنێوان شەقامی بەحركە تاكو شەقامی سەرەكیی نێوان هەولێر – كۆیە، سەرەتا دەستمان بە پاككردنەوەی هەموو خۆڵ و خاشاكەكان كردووە كە دێتە بەردەم رێڕەوی شەقامەكە و خۆڵی كشتوكاڵی فڕێ دەدەین و رێگای كاتی بۆ هاتوچۆكردن دادەنێین بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە هاتوچۆدا زەحمەتی نەكێشن.
* هەڵبەتە ئەم شەقامە لە رووی درێژی و فراوانییەوە لە شەقامی 120 مەتری گرنگترە؛ ئایا دەكرێت لەسەر دیزاین و لایەنی ئەندازەیی پڕۆژەكە وردەكاریی زیاتر بزانین؟
- شەقامی 150 مەتری لە هەولێر شەقامێكی بازنەییەو بە چواردەوری شاری هەولێر دەسووڕێتەوە، ئەم شەقامە بەرفراوانییەكەی زۆر زیاترە لە شەقامی 120 مەتری كە بە درێژایی 150 مەتری 70 كیلۆمەتر درێژە لە كاتێكدا شەقامی 120 مەتری 38 كیلۆمەترە و لە دوای شەقامەكەشەوە پشتێنەی سەوزایی جێبەجێ دەكرێت، كە لە رووی ژینگەیی و تەندروستییەوە گرنگییەكی لە رادەبەدەری بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەری هەیە، قۆناغی یەكەمی شەقامەكە لەنێوان بەحركە و شەقامی سەرەكیی هەولێر- كۆیە جێبەجێ دەكرێت و 14 كیلۆمەترە و بە گوژمەی 131 ملیۆن دۆلار، كە لەماوەی تەنیا 150 رۆژدا ئەم قۆناغە تەواو دەكەین، ئەم 14 كیلۆمەترەی كە بەردی بناغەشی بۆ دانراوە لە دیزاینی یەكەم و سەرەتادا 3 پرد و 3 ئەندەرپاس لەخۆ دەگرێت، ئەمەش ئەگەری گۆڕانكاریی و زیادكردنی پرد و ئەندەرپاسەكانی تێدایە، بگرە رەنگە پێداچوونەوە و گۆڕانكاری لە دیزاینەكەدا بەپێی پێویستییەكانی پرۆژەكە بكرێت، بۆ ئەوەی پرۆژەیەكی تەواو و پێشكەوتوو جێبەجێ بكەین.
* باسی دەستپێكردنی شەقامەكەتان كرد لەنێوان شەقامی بەحركە و رێگای كۆیە، دەكرێت بزانین بۆچی لە قۆناغی یەكەمدا دروستكردنی شەقامی 150 مەتری لەو شوێنەوە دەستی پێكردووە؟
- لەبەر گەورەیی و ستراتیژیی پڕۆژەكە پێویستە ریزبەندی بۆ شوێنەكان دابنرێت، بۆ نموونە دەبێت رەچاوی گەشەكردن و ئاوەدانی شاری هەولێر بكرێت، كاتێك شەقامەكە لە بەحركەوە بۆ رێگای هەولێر كۆیە جێبەجێ دەكرێت، رەچاوی ئەو حاڵەتە كراوە، كە چەندین گەڕەك و شوێنی نیشتەجێبوون لەسەر رێڕەوی ئەم شەقامەیە لە كاتێكدا لە زۆربەی شوێنەكانی تر جارێ هێشتا ئاوەدانی پێ نەگەیشتووە، لەلایەكی ترەوە قەڵەباڵغی هاتوچۆ و ئاوەدانی فەرمانگاكانی حكوومی دەكەوێتە سەر، بۆ نموونە فەرمانگەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر كە رۆژانە 3 تاكو 4 هەزار ئۆتۆمبێل سەردانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەكەن، ئەمە وێڕای ئەوەی كە چەندین كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی زۆری لەسەرە، هەروەها ئەو رێگا سەرەكییانەی دەچێتە دەرەوەی شار بە ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس چارەسەری دەكەین و خۆمان لە ترافیك رزگاردەكەین و بەردەوامی بە هاتوچۆی ئاسانتر دەدەین، ئەمە وێڕای ئەوەی زۆربەی شوفێرانی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەكان كە دەیانەوێت بچنە ناوچەكانی دیكە، یا بۆ بەشێكی تری هەولێر بڕۆن، لەمەودوا ناچار نابن بێنە ناو شار و قەڵەباڵغی دروست بێت.
* لەكاتی ئەنجامدانی هەر پڕۆژەیەكی گەورەدا لەقۆناغی جێبەجێكردندا ئاستەنگ و گرفت دێتە بەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، ئایا تاچەند رەچاوی هەموو ئەگەرەكان كراوە بەتایبەتی لە رووی گۆڕینی نەخشەی دیزاینەوە؟
- یەكێك لەو خاڵانەی بووە هۆی سەركەوتنی پڕۆژەی 120 مەتری ئەوە بوو لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا بە بەردەوام پێداچوونەوەو گۆڕانكاریی بنەڕەتیمان لە دیزاینی رێگاكە كردووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی باش و سەركەوتوو خزمەتی شارەكەمان بكەین، لە شەقامی 150 مەتریش بەهەمان شێوە بەرەدەوام پێداچوونەوە و گۆڕانكاریی بنەڕەتی بە دیزاینی پڕۆژەكە ئەنجام دەدەین و پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو كێشەو بەربەستانە دەكەین كە دێتە بەردەم جێبەجێكردنی شەقامەكە، بۆ نموونە لەسەر ئەم شەقامە سەرەكییەی 150 مەتری حیساب بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر نەكرابوو، كە رۆژانە قەڵەباڵغییەكی زۆری لەسەرە، هەر بۆیە لەسەر حیسابی خۆمان گۆڕانكاریمان لە دیزاینەكە كردووە و بە پرد، یا ئەندەرپاس رێگای چوونە ژوورەوەی ئۆتۆمبێل دەكەینەوە، تەنانەت حیساب بۆ پردی پەڕینەوەش نەكراوە، لە كاتێكدا رێگای خێرایە و پەرژینی هەیە و رێگای پەڕینەوەی خەڵكی نییە، هەر بۆیە پردی پەڕینەوەی بۆ دەكەین.
* لەكاتی جێبەجێكردنی هەر پڕۆژەیەكدا بەدەستهێنانی هەلی كار خاڵێكی ئیجابیی پرۆژەكانە، لە دروستكردنی شەقامی 150 مەتری مەزەندە دەكرێت چەند هەلی كار دەستەبەر بكرێت؟
- لەشەقامی 120 مەتری هەلی كار بۆ 800 كەس دەستەبەر كراوە، واتا 800 خێزان لە هەولێر لێی سوودمەند بووە، ئەمە وێڕای ئەو هەموو كاسبكارو پیشەوەرەی لە كارەكە و لەگەڵ بەڵێندەرە لاوەكییەكان سوودمەند بوون، لەئێستادا قۆناغ بەقۆناغ تا كۆتایی كارەكانی شەقامی 120 مەتری هەموو ئەو كرێكارو ئەندازیار و كاسبكار و شوفێرانە دەگوازینەوە بۆ سەر پرۆژەی شەقامی 150 مەتری واتا لەگەڵ تەواوبوونی 120 مەتری ئەو 800 كەسە بێكار نابن و لە كارەكانیان بەردەوام دەبن.
* لەم قەیرانە داراییەو لەگەڵ نەبوونی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان تاچەند توانیوتانە هاوكاری حكومەت بن؟
- كۆمپانیای هێمن گروپ لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستی كردووە، ئەم پڕۆژەیە بە شێوەی قەرز ئەنجام دەدەین، لە كاتێكدا كۆمپانیاكانی دیكە لە كاتی ئەنجامدانی هەر بەش و قۆناغێكدا دەبێت گوژمەی تێچووی ئەو بەشە، یاخود ئەو قۆناغەی پڕۆژەكە كە تەواو بووە، پارەكە وەربگرن، ئێمە رەچاوی بارودۆخی دارایی كوردستانمان كردووە و لەساڵی 2015بەشێكی پرۆژەكە تەواو كراوەو كۆمپانیاكەمان موستەحەقاتی خۆی وەرنەگرتووە و لە 2016 و 2017 بەشێكی دیكەمان تەواو كردووە و بەهەمان شێوە پارە وەرنەگیراوە، لە 2018 هەموو پرۆژەی شەقامی 120 مەتری تەواو دەكەین بەتێچوونی 312 ملیۆن دۆلارە كە لەم موستەحەقاتە تا ئێستا تەنیا 18 ملیۆن دۆلارمان وەرگرتووە، دواكەوتنی دانەوەی قەرزەكە بارقورسی و زەحمەتی زۆری بۆ دروست كردووین، بەتایبەتی بۆ دروستكردنی شەقامی 150 مەتری كە پارەو بودجەی زۆرتر لە شەقامی 120 مەتری دەوێت، بەڵام ئێمە هەر كۆڵمان نەداوە و ئێستا بەدوو شەفت بە شەو و رۆژ كار دەكەین، تاوەكو بەخێرایی كارەكان لەوادەی خۆیدا تەواو بكەین، لە شەقامی 150 مەتریش بەهەمان شێوە بە دوو شەفت كار دەكەین.
* تاچەند حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی و هاوكارن لە سەركەوتنی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری لە هەولێر؟
- رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی و هاندانێكی زۆر گەورە و گرنگە بۆ سەركەوتنی پڕۆژەكە، ئێمە وەكو هێمن گروپ شانازی بەو متمانەیە دەكەین كە بە ئێمەی داوە، هەربۆیە ئێمەش دەمانەوێت لە ئاست و ئەو متمانەو شانازییەدا بین، هەروەها جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە پێشكەشكردنی ئاسانكاری و هاوكاری درێخی نەكردووە، ئەگەرچی بەهۆی رۆتینەوە فەرمانگە حكوومییەكان لە راپەڕاندنی كارەكانماندا كاریگەرسی نەرێنی دروست دەكەن، هیوادارم ئەو رۆتین و لاوازییە لە راپەراندنی كارەكان كەم بێتەوە، چونكە خێرا جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی وا گەورە سوودی بۆ هەموو تاكێكی ناو كۆمەڵگەو بەتایبەتی دانیشتووانی خۆشەویستی شاری هەولێر دەبێت، لە هەموو دونیا شەقام و رێگاوبانەكان بەشێكی گرنگ و شادەماری پێشكەوتن و خۆشگوزەرانیی وڵاتە. ئێمە بەپێچەوانەی ئەو كۆمپانیا و بیزنسمانانەوە كاردەكەین كە لە كاتی بچووكترین كێشەو گرفت نەك كارەكانیان راوەستاند، بەڵكو وڵاتەكەشیان بەجێهێشت.