رێناس جانۆ ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: هەوڵە مەترسیدارەكە ئەوەیە كە دەیانەوێت بڕیاری كورد لە دەستی كورد دەربچێت
October 17, 2018
دیمانەی تایبەت
عێراق وڵاتێكی پڕ لە كێشە و تەنگژەیە و كاركردنی كوردیش بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی لە نێو ئەم دەوڵەتە پڕ لە قەیرانەدا كارێكی سەخت و دژوارە، بەتایبەتی بەهۆی ئەو عەقڵییەتەی كە حوكمڕانیی بەغدا دەكات، بەڵام بەداخەوە هەروەك بینیمان ئەو یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە لە نێو كورد لە بەغدا بەدی نەهات كە چاوەڕوان دەكرا، گۆڤاری گوڵان هۆكارەكانی نەبوونی ئەم یەكڕیزییە و كاریگەرییەكانی و هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ یەكخستنی گوتاری كورد لە بەغدا و چەند پرسێكی دیكەی لەگەڵ رێناس جانۆ ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كردووە.* هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق مشتومڕی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و زۆر تەركیز لەسەر ئەوە دەكرێت كە یەكێتی تاكلایەنانە بڕیاری داوە، تێڕوانین و بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- ئێمە لە زووەوە ئاگاداری ئەم هەنگاوەی یەكێتین، تەنانەت لە خولی رابردووی پەرلەمانیشدا هەر یەكێتی هۆكاری دروستنەبوونی هاوپەیمانیی كوردستانی بوون، ئەوان نەك تەنیا خۆیان لەماڵی كورد جیاكردۆتەوە، بەڵكو خۆیان لە خۆشیان جیاكردۆتەوە، لە خولی پێشوودا ئەوەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بوو، ئەمجارە لەسەر فراكسیۆنی دیكە هاتۆتەوە ناو پەرلەمان و ئەمجارەش بۆ بەدەستهێنانی پۆست و بەرژەوەندیی تایبەت خۆیان كۆكردۆتەوە. دواتر من پێموانییە كێشەكە ئەوە بێت كە ئەوان خۆیان جیاكردۆتەوە، بەڵكو زیاتر ئەوان دەیانەوێت بڕیاری كورد لە دەستی كورد خۆی دەربچێت، ئەمە مەترسییەكەیە. چونكە ئەگەر سیناریۆی هەڵبژاردنی د.بەرهەم دووبارە ببێتەوە، ئەوا جارێكی دی رەنگە كوردێكی ناو كوتلەكانی عەلاوی و سەدر بكەنە سەرۆك كۆمار و وەكو تەها محێدین مەعرووف، یان تەها یاسین رەمەزان تەنیا ناوی كورد بێت و بە دڵی ئەوان بێت، چونكە ئەوان كوردێكیان دەوێت كە باسی مافەكانی كورد نەكات و ئەگەر باسی جێبەجێكردنی دەستووریش بكات، ئەوا دەیانەوێت بەو شێوەیە بێت كە لە بەرژەوەندیی خۆیان بێت.
* پێش ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەست بە كۆبوونەوەكەی بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، یەكێك بووی لەو كەسانەی كە بە میدیا عێراقییەكانت راگەیاند كە پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار رێككەوتوون، بەڵام چەند خولەكێك دوای ئەوەی بینیمان هیچ رێككەوتنێك نەبوو، ئایا ئەو رێككەوتنە هەبوو؟ ئەگەر هەبوو بۆ پێشێل كرا؟
- بەڵێ، یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتن كە دكتۆر بەرهەم ساڵح لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پاشەكشە بكات و لە بەرامبەردا یەكێتی پۆستەكانی دیكەی لە حكومەتی عێراق پێ بدرێت، بەڵام ئەوان لەو رێككەوتنە پاشگەز بوونەوە. واتە ئەوان پلانێكی رێكخراویان هەبوو كە ئامادەكارییان بۆ كردبوو، رۆڵەكشیان لەنێوان خۆیاندا دابەش كردبوو.
* پێش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ هاوپەیمانییەكانی شیعە هەبوو، بەتایبەتیش تەحالوفی بینا بە سەرۆكایەتی هادی عامری، ئایا ئەم پەیوەندییە لە ئێستادا وەك پێشان ماوە، یان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە؟
- با بە راشكاوی بیڵێین، كێشەكە لەگەڵ عەرەب نەبوو، بەڵكو لەنێوماڵی كورددا بوو، شەڕی پارتیش شەڕ نەبوو لەسەر پۆستەكە، هێندەی ئەوەی شەڕ بوو لەسەر هێشتنەوەی بڕیاری كورد لەدەستی كورددا، واتە ئەوەی پارتی كردی شەڕی شەخسی نەبوو، چونكە د.بەرهەم یان هەر كەسێكی دیكە سەرۆك بێت، كەی كێشەیە، بەڵام ئێمە وتمان با میكانیزمی دانان و دەستنیشانكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار لە دەستی فراكسیۆنە كوردییەكاندا بێت، چونكە ئەگەر ئەمە تێكچوو، ئەوا لە دواڕۆژدا ئەوان بە ئارەزووی خۆیان خەڵكی دیكە دادەنێن. دواتر ئەگەر باس لەوە دەكرێت كە بۆیە دەنگ بە كاندیدی پارتی نەدرا، لەبەر ئەوەی پارتی سەرمەشقی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو، بەڵام ئێمە ریفراندۆممان بۆ ئەوە كرد، لەبەر ئەوەی ئەوان دەستووریان جێبەجێ نەدەكرد و مافەكانی كوردیان دەستەبەر نەدەكرد، ئێستاش ئەگەر ئەوان درێژە بدەن بە نەهجی خۆیان و دەستوور جێبەجێ نەكەن و بەردەوام بن لەسەر خۆبەگەورەزانین و بەرامبەر بە كەمزانین، ئەوا بە دڵنیاییەوە كێشەكان بەردەوام دەبن، بڕیاری پارتییش كە جددی بوو لەوەی كاندیدی هەبێت بۆ سەرۆك كۆمار بۆ ئەوە بوو ئەو كێشانە چارەسەر بكەین، ئەوانەش كە نایانەوێت كێشەكان چارەسەر بكەن ئەوا هێندەی كوردستان زەرەرمەند دەبن، دواتر پرسیار ئەوەیە چۆن كەسێك دەكرێتە سەرۆك كۆمار، ئەگەر نەتوانێت كێشەكانی بەغدا و هەرێم چارەسەر بكات.
* لە ئێستادا د.عادل عەبدولمەهدی راسپێردراوە بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێت، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە چەند لێدوانێكدا پێشوازی لە راسپاردنی ئەم كەسایەتییە كردووە، ئێوە چۆن لە پرسی بەشداریكردنی پارتی لە حكومەتی داهاتوی عێراقدا دەڕوانن؟
- من دەڵێم كورد لە هەڵسەنگاندنی پێشوەختەی كەسایەتییەكان زیانی زۆری بەركەوتووە، هەربۆیە وا باشە لە هەڵسەنگاندنی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی پەلە نەكەین و با سەرەتا ئیش و كارەكانیان ببینین. دواتر ئەم پۆستە بۆتە مایەی نەهامەتی بۆ عێراق و لە راستیدا هەر كەسێكیش ئەو پۆستەی گرتێبتەدەست، ئەوا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. لەبەر ئەوە پێموایە باشترە پەلە نەكەین، هەرچەندە ئەو كەسێكی رابردووپاكە و دۆستی ئێمە بووە و كەسێكی بەڕێز و سەنگینە، بەڵام هەموو ئەمانە بە واتای ئەوە نایەت كە بۆ كورد باش بێت. دەبێت چاوەڕێی داهاتوو بین. بەڵام بێگومان بە هەمان جددیەتی پرسی سەرۆك كۆمارەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەتدا دەكەین. بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت كە كێشەیەكی زۆر لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستاندا كەڵەكە بووەو ئەم كێشانە بە كەسێك چارەسەر ناكرێن، ئەگەر بێتو ئیرادەیەكی راستەقینە لە ئارادا نەبێت، واتە ئەگەر هەموو لایەنەكان پێكەوە كۆنەبنەوە و ئەگەر بە هەمان ئەو عەقڵییەتەی ئێستا كار بكرێت، ئەوا كێشەكان بە عادل عبدولمەهدییش چارەسەر نابن.
* پێشتر پارتی و یەكێتی پێكەوە وەك یەك شاند دەچوون بۆ بەغدا، بەڵام دوای ئەم رووداوانەی دوایی پێتوایە ئایندەی كاركردنی یەكێتی و پارتی لە بەغدا چۆن دەبێت؟
- ئێستاشی لەگەڵدا بێت پارتی و یەكێتی پێكەوە دەبن، بەڵام لەسەر بنەمای ئیستیحقاقی هەر لایەك، دواتر پارتی هیچ بڕیاڕێكی نییە بۆ ئەوەی خۆی لە یەكێتی جیابكاتەوە، چونكە یەكێتی لە شاخ و شار هاوبەشی ئێمە بووە و خاڵی زۆری هاوبەشمان پێكەوە هەیە، باوەڕیش ناكەم وا بەخێرایی بڕیارێكی وا بدەین، هەموو شتێك كۆتایی پێ بێنین، بەڵام لەو لاشەوە ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن مەسەلەیەكی دیكەیە و دەبێت رێزی لێ بگیرێت و حیسابی بۆ بكرێت.
* هەستدەكرێت شێوازی كاركردنی پەرلەمانی عێراق بەرەو زۆرینە و كەمینە دەڕوات، ئەگەر ئەم ئاراستەیە بەمشێوەیە بێت، چۆن دەتوانین بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین؟
- ئێمە داوای شەراكەتی راستەقینە لە حوكم و تەوافوق لە بڕیار و تەوازن لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان دەكەین، بۆ ئەوەی گەلی كورد نەبێتە شەریكی پلە دوو و عێراق بە زۆرینە بڕیارەكان بدات و یاساو تەشریعاتەكان لە پەرلەماندا بە دەنگی زۆرینە تێپەڕێندرێت، تاكو ئێستا هەروا كراوە، ئەوەتا بودجە بە دەنگی زۆرینە و بێ گوێدانە مافەكانی گەلی كوردستان تێدەپەڕێندرێت و لە 17% بۆ 12% كەم دەكرێتەوە، كە رەنگە لە داهاتوو دا هەر بەو ئارەزووەی خۆیان پشكی كورد لە بودجە بكرێتە 10% و بگرە 6%، دەبێت لە هەموو بڕگەكانی دەسەڵات تەوازن هەبێت، ناكرێت رێژەی كورد 17% بێت و لە سوپادا 4% بێت، هەر لەسەر ئەم سێ بنەمایەی (شەراكەت و تەوافوق و تەوازن) لە حكومەتی عێراقدا بەشدار دەبین و بەهیچ شێوەیەكیش پارتی ئامادە نییە دەستبەرداری مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بێت. دواتر من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە پاڵپشت و هێزو توانای پارتی گەلی كوردستان و دەنگدەرانی كوردستانە، ئەوان تاوەكو زیاتر دژایەتی ئێمە بكەن، ئەوا ئێمە بەهێزتر دەبین، باشترین بەڵگەش هەڵبژاردنەكانی كوردستان بوو، ئێمە ئەوانە بووین كە ریفراندۆممان كرد و داوای سەربەخۆییمان كرد و 45 كورسیمان بەدەست هێناوە، كەواتە دەبێت لایەنەكانی بەغداش لەو راستییە تێبگەن كە خواستی خەڵكی كوردستان بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات و بیر لە هۆكارەكان بكەنەوە، دەبێت بزانین دژایەتیی ئەوان بۆ پارتی دژایەتیكردنی خواستی خەڵكی كوردستانە، ئەگەر ئەوان دژی سەربەخۆیین، ئەوا دژی 93%ی خەڵكی كوردستانن و ئەگەر دژی پارتین، ئەوا دژی 45% بۆ 50%ی خەڵكی كوردستانن. پرسیارەكە ش ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت چۆن مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكەن؟ ئایا دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ بەشێكی كوردستان بكەن، یان دەیانەوێت لەگەڵ سەرجەمی خەڵكی كوردستاندا مامەڵە بكەن، ئەگەر ئەمەی دووەمیان بێن ئەوا دەبێت بێنەدەنگ، ئەگەرنا كێشەكان هەر بەردەوام دەبن.
* كەواتە پێتوایە ئایندەی عێراق چی دەبێت، ئەگەر دەسەڵاتی بەغدا پێداگری كرد لەسەر كاركردن بە بنەمای زۆرینە و كەمینە؟
- من پێموایە دەبێت رەچاوی مافی پێكهاتەكان بكرێت، ئەگەرنا ئەمە دەبێتە شكستێكی گەورە بۆ شیعە بەوەی نەیتوانیوە بە رازیكردنی سەرجەم پێكهاتەكان- بە ئایینی و نەتەوەیی و .. هتد- حوكمڕانی بكات، كە بە راستی تا ئێستا شیعە لەم پرسەدا سەركەوتوو نەبووە، مەبەستم ئەوەیە شیعە لە ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراقدا سەركەوتوو نەبووە و شكستی هێناوە، هەم لە رووی سیاسی و هەم لە رووی ئەمنی و سەربازی، هەم لە رووی ئابووری و دابینكردنی خزمەتگوزارییشەوە، ئەوا ناوچە سوننەنشینەكان وێرانن، ناوچەكانی دیكەش هەر كاولن. كە كوردستانیش ئاوەدانە ئەوا لەبەر ئەوەیە كە لەژێر دەسەڵاتی ئەوان نەبووە و ئەوان بۆیان نییە شانازی پێوەبكەن و كاتێك دەتوانن شانازی بكەن كە بەسرەیان وەك هەولێر لێكرد. بەڵام ئەگەر هەر بڕیار بێت كار بە زۆرینە و كەمینە بكرێت، ئەوا ئێمە جیا دەبینەوە و نامانەوێت كەمینە بین و لەم رووەوە بڕیاریشمان بەدەستەوەیە.
*زۆرینەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەندێك لە حزبە كوردستانییەكانیش بە ئاقارێكی خراپدا دەڕۆن و قسەو كرداریان وەكو یەك نییە و هەنگاوەكانیان دژی رێككەوتن و عورفە سیاسییەكانە كە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە، ئایا پێتوایە لەم دۆخەدا چارەسەر چییە؟
- سەرەتا پێویستە ئەو لایەنانەی كە لە ناوماڵی خۆیان ناڕێك و پەرتەوازەیی هەیە، با ماڵی خۆیان رێكبخەن، دواتر ئەگەر دەسەڵات لە عێراقدا دەیەوێت وڵاتەكە پێش بخات و دۆخێكی سەقامگیر دروست بكات، ناكرێت بەهیچ شێوەیەك رۆڵ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی پشتگوێ بخات. هاوكات پێویستە نێوماڵی كورد رێكبخرێتەوە و ئەوانەی دەیانەوێت لەسەر حیسابی لێكترازاندنی ماڵی كورد پۆست و پایە بەدەست بێنن، ئەوا دەبێت ئاوڕی جددی لە خۆیان بدەنەوە، چونكە ئەمانە شتی تێپەڕ و كاتین و مەسەلەی ستراتیژی نین، مەسەلە ستراتیژییەكە ئەوەیە كە تۆ خاوەنی كێشەی میللەتێكی كە سەدان ساڵە ستەمی لێكراوە و دەبێت مافەكانی بەدەست بهێنیتەوە.