شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: كێشەی ئێمە لەگەڵ ئەقڵییەتی حوكمڕانیە لە عێراقدا و دەبێت ئەم ئەقڵییەتە گۆڕانكاری بەسەردا بێت
October 16, 2018
دیمانەی تایبەت
بەشداریی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و گرنگیی هاوهەڵوێستی و یەكخستنی نێوماڵی كورد بۆ ئەوەی كورد لە بەغدا بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی سەنگ و قورسایی زیاتری هەبێت و كاریگەرییە خراپەكانی ئەم دواییە لە پەیوەندی بە چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و چەند پرسێكی دیكە بوونە تەوەری گفتوگۆی گوڵان لەگەڵ شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان.* دوای ئەوەی یەكێتی خۆی لە ماڵی فراكسیۆنە كوردستانییەكان جیاكردەوە، وا هەست دەكرێت، پێگەی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا گۆڕانكارییەكی خراپی بەسەردا هاتووە، ئایا تاچەند ئەم تاكڕەوی و خۆجیاكردنەوەی یەكێتی كاریگەریی سلبی لەسەر پێگەی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر دەمێكە لە هەوڵی رێكخستنی نێوماڵی كوردو یەك خیتابی كوردستانییە بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە رووبەڕووی هەموو ئەو ئەگەرانە ببینەوە كە دێنەپێش هەرێمی كوردستان، بەڵام ناسەقامگیریی رەوشی سیاسیی نێوخۆی یەكێتی رەنگدانەوەی سلبی لەسەر سرووشتی پەیوەندییەكانی یەكێتی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دروست كردووە، بێگومان بەشێك لەم دۆخە ناسرووشتیەش بەر پارتی كەوتووە. بەداخەوە ئەوەی روویدا كاریگەریی خراپی لەسەر ئێمە و پێگەی كورد لە بەغدا دەبێت، بەتایبەتی كە ئاشكرایە عەقڵییەتی عەرەب بە سوننەو شیعەوە لەگەڵ كوردو پێكهاتەكانی دیكەی عێراق چۆن مامەڵە دەكەن و بە بیر و هزرێكی شۆڤێنی و تایفەگەرییەوە دەڕواننە مافەكانمان كە تاكە زامنێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەوەش تەنیا یەكدەنگیی كوردە، ئەمەش پێویستی بە بونیەیەكی بەهێزی مەعریفی هەیە، كە بەداخەوە ئەوەی ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێت، راست پێچەوانەی ئەمەیە.
* پێش ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەست بە كۆبوونەوەكەی بكات، باس لەوە دەكرا كە پارتی و یەكێتی لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار رێككەوتوون، بەڵام چەند خولەكێك دوای ئەوە بینیمان هیچ رێككەوتنێك نەبوو، ئایا ئەو رێككەوتنە هەبوو؟ ئەگەر هەبوو بۆ پێشێل كرا؟
- هەر لەسەرەتاوە یەكێتی بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان، تاكلایەنانە كاندیدی خۆی بۆ سەرۆك كۆمار دەستنیشان كردبوو، بەڵام خیتابی پارتی دیموكراتی كوردستان روون و ئاشكرا بوو كە پۆستی سەرۆك كۆمار موڵكی كوردەو موڵكی هیچ لایەنێكی سیاسی نییە، لەمەشدا دوو رێگای دیاریكردبوو بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆك كۆمار كە دەبێت یان تەوافوقی سیاسی لەنێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی لەسەر بێت، یان بە رێگەی دووەم كە فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا دابنیشن و لەنێوان خۆیان كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەستنیشان بكەن، ئەمەش هەمووی لەبەر ئەوەیە كە تەنیا پارتی و یەكێتی نەبوون كە كاندیدیان دەستنیشان كردبوو، بەڵكو زیاتر لە 7 كەس لە كورد بۆ ئەو پۆستە خۆیان كاندید كردبوو، بۆیە ئەوەی روویدا پێشینەیەكی خراپ بوو، كاتێك هیچ یەكێك لەم دوو رێگایە پەیڕەو نەكرا. چونكە مەترسییەكە ئەوەیە لە داهاتوودا عەرەبە شۆڤێنییەكان خۆیان بە ئارەزووی خۆیان كەسێك دیاری بكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و دەنگی پێ بدەن، ئەمەیە پاشاگەردانیی یەكێتی كە بەپێچەوانەی سوننە و شیعەوە كە هەریەكەو خۆیان بە تەوافوق و رێككەوتن كەسێكیان بۆ پۆستەكانی سەرۆك پەرلەمان و سەرۆك وەزیران دیاریكرد. بەڵام ترسی پارتی لەوەدا بوو كە د. بەرهەم خۆی كێشەیەك بوو لە ناو یەكێتیدا- كە لە یەكێتی جیا بۆوە و حزبی دروستكرد و دەنگی نەهێنا و دووبارە گەڕایەوە- و ئەم كێشەیەش بگەڕێتەوە بۆ نێوماڵی كورد، دواجار لەم ئاستەش نەوەستان كێشەی ناوماڵی كوردیان گواستەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، ئەمەش پێشینەیەكی خراپ بوو. سەبارەت بە بەشێكی دیكەی پرسیارەكەش كە رێككەوتن لەنێوان پارتی و یەكێتی هەبووە یان نەبووە، ئەوا من كە لە لێژنەی دانوستاندن بووم لە بەغدا و لە سەرەتادا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان ئێمە و یەكێتی نەكرابوو، پاش ئەوەی بەرهەم ساڵح داوای كرد جەنابی سەرۆك بارزانی ببینێت و دوای ئەوەی بینی و بۆی دەركەوت كە سیاسەتی پارتی ئاشكرایە و دیاریكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار عورفێكی سیاسییەو لەلایەن حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانەوە دیار دەكرێت، هەروەكو چۆن لە خولەكانی دیكە پەیڕەو كراوە، بۆ ئەمەش ئەو دوو رێگایەی كە ئاماژەم پێكرد، بە بەرهەم ساڵح وترا، بەڵام ئەو بەمە رازی نەبوو. كاتێك دكتۆر بەرهەم و ئەو چەند كەسەی لە دەوری بوون گەڕانەوە بەغدا، لەوێ لە درەنگانی شەو لە (دارولزیافە) پاڤێڵ تاڵەبانی سەردانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی كردو گفتوگۆ لەسەر ئەوە كرا تا ئاستێك دەتوانرێت لێكتێگەیشتن لەنێوانیان هەبێت، ئەوە بوو لە رۆژی دوایی جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئەو كۆمەڵە كەسەی یەكێتی كردو لەوێ رێككەوتن كە دكتۆر فوئاد حوسێن دەستنیشان بكرێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەبەرامبەر ئەمە هەندێ پۆست و پلە لە كوردستان و لە عێراق بە یەكێتی بدرێت، كەچی پێش پرۆسەی دەنگدان لە پەرلەمان كە خۆم وەكو شاهیدێك لەوێ بووم، كاتێك بەڕێز كۆسرەت رەسوڵ هاتو لەگەڵ كاك نێچیرڤان بارزانی دانیشت و گوتی: ئێمە ناتوانین ئەو رێككەوتنە بكەین، چونكە رەنگدانەوەی لەسەر ماڵی یەكێتی دەبێت و ماڵی یەكێتی پەرتەوازە دەبێت، ئەمەش واتا پەشیمان بوونەوە، لەو لاشەوە هەندێك كەس ئەوانەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح بوون ئیمزایان بۆ هەندێ لایەنی سیاسی عەرەبی عێراقی كردبوو كە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەردەكەوێت ئەوانە ئیمزایان لەسەر چی كردووە.
* پێش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ هاوپەیمانییەكانی شیعە هەبوو، بەتایبەتیش تەحالوفی بینا بە سەرۆكایەتی هادی عامری، ئایا ئەم پەیوەندییە لە ئێستادا وەك پێشان ماوە، یان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە؟
- هەموو لایەنە سیاسییەكان دەزانن پارتی دیموكراتی كوردستان بە چ ئاراستەیەكدا كاردەكات، راستە پارتی گفتوگۆو كۆبوونەوەی لەگەڵ كوتلەی بینا و چەند لایەنێكی دیكە كردووە، بەڵام پارتی ئامادە نەبووە و نابێت لە پێناو پۆست و پلەدا موساوەمە لەسەر هێڵە پرەنسیپی و بنەڕەتییەكان بكات. بە شێوەیەكی گشتی پارتی پەیوەندی توندوتۆڵی هەیە، ئەوە بوو دوای ئەو رووداوە چەندین كوتلەی سیاسی و لایەنی عەرەبی سەردانی كوردستانیان كردو چاویان بە جەنابی بارزانی كەوت و پاساویان بۆ ئەم رووداوە هێنایەوە، بەڵام دواجار ئێمە گلەیی لە كوتلە سیاسییە عەرەبیەكان ناكەین، بەڵكو گلەیی لەوانە دەكەین كە لەپێناو پۆست و پایەدا بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئایندەی وڵاتەكەیاندا دەكەن.
* لە ئێستادا د.عادل عەبدولمەهدی راسپێردراوە بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنێت، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بە گەرمی پشتگیری عادل عەبدولمەهدی دەكات، ئایا تاچەند پارتی بەشداری لەم حكومەتەدا دەكات؟ ئایا دانوستاندنەكان لەگەڵ پارتی بۆ بەشداری لە حكومەت دەستی پێكردووە؟
- سەرەڕای ناكۆكییە توندەكانی ناوماڵی شیعە، بەڵام دواجار لەسەر كاندیدكردنی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی بۆ سەرۆك وەزیران رێككەوتن، كە كەسایەتییەكی پاك و نیشتمانپەروەرە و لە توانایدا هەیە دەوڵەتداری و حوكمڕانی بكات، پشتیوانیی پارتی بۆ ئەم كەسایەتییەش بە مانای ئەوە نییە بەشداری دەكەن، واتە ئەگەر بەشداریشمان نەكرد، ئەوا ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە پاڵپشتی ناكەین. ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە تا ئێستا سیستەمی پێكهێنانی حكومەتەكەی روون نییە، ئایا بە تەوافوقی سیاسییە، یاخود ئیستحقاقاتی هەڵبژاردنە، یاخود بەشێوەی تەكنۆكراتە، ئەگەر بەشێوەی تەكنۆكرات بێت، ئەوا ئێمەی كورد كەسانی شارەزا و تەكنۆكراتمان هەیە، خۆ ئەگەر بە تەوافوقی سیاسیش بێت، ئەوا كوردیش پارتی سیاسی هەیە.
* پێشتر كە پارتی و یەكێتی پێكەوە وەك یەك شاند دەچوون بۆ بەغدا داوای (شەراكەت و تەوافق و تەوازن)یان دەكرد، بەڵام پێدەچێت جارێكی دیكە پارتی و یەكێتی پێكەوە بەشداری دانوستاندن نەبن، ئایا ئێستا شاندی پارتی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا داوای چی دەكات؟
- یەكێتی نیشتمانی كوردستان (تەوافوق و تەوازن و شەراكەت)ی نێوماڵی كوردی شكاند. ئەوەی پەیوەندی بە پارتییەوە هەیە لەعێراق، ئەوا ستراتیژییەتی پارتی روونە كە پێیوایە پێویستە كورد لە عێراقدا هاوبەش بێت نەك بەشدار، لە بابەتە دەستوورییەكانیشدا حزوورێكی جددی هەبێت، بەتایبەتی لەمەسەلەی بودجە و مووچە و جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕانەوەی كوردە دەركراوەكانی ناوچەكانی خانەقین و دووزخورماتوو و كەركووك و مەخموور تا دەگاتە شنگال. پارتیش پێداگری دەكات لەسەر ئەوەی دەبێت سەقامگیریی سیاسی هەبێت، كە ئەمەش بە بێ سەقامگیریی ئەمنی نایەتەدی.
* هەستدەكرێت بەهۆی ئەم هەڵوێستەی یەكێتییەوە كە خیتابی خۆی گۆڕیوە بۆ خیتابێكی عێراقی، خیتابێكی عەرەبی شۆڤێنی دژی كوردستان دەستی پێكردووەو بە شێوەیەكی تایبەتیش دژی خیتابی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئایا تا كوێ ئەم خیتابە شوڤێنییە بە پشتگیری یەكێتی بەردەوامی دەبێت؟
- ئێمە خوازیار بووین كورد خیتابێكی كوردستانی و یەكگرتوویان لە عێراقدا هەبووایە، نەك خیتابی حزبی، هەر بۆیە پارتی خیتابی حزبیانەی نییە و بە خیتابێكی كوردستانییانە لە بەغدا حزووری هەیە و سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانی كوردستانیش ئەمە لەبەرچاو دەگرن. ئێستاش سەردەمی فرت و فێڵ بەسەرچووە، ئاشكرایە پارتی هەمیشە خاوەنی سیاسەتێكی روون بووە. ئەمەش لەو بیروباوەڕەوە هاتووە كە پارتی پشت ئەستوورە بە قاعیدە جەماوەرییەكەی و خەڵكیش باش دەزانێت كە پارتی بە چ ئاراستەیەكدا هەنگاو هەڵدەگرێت.
* هەستدەكرێت شێوازی كاركردنی پەرلەمانی عێراق بەرەو زۆرینە و كەمینە دەڕوات، ئەگەر ئەم ئاراستەیە بەمشێوەیە بێت، چۆن دەتوانین بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەین؟
- زامنی یەكەم پشتیوانیی خەڵكی كوردستانە، خاڵی دووەم ئەوەیە ئێمە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ دەرەوە و ناوەوە بەهێز بكەین، هەروەها یەكڕێزی نێوماڵی كوردیش خۆی لە خۆیدا زامنێكی زۆر باشە، كە بە داخەوە ئێستا كەلێنی تێكەوتووە، هەرچەندە ئێمە دەزانین كە چەندین لایەنی دیكەی سیاسی هەن كە دەتوانن گوتاریان یەكبخەن، خۆ ئەگەر بێت و لایەنێكی سیاسیش لەو گوتارە لابدات، ئەوا ئایندەی لای جەماوەری كوردستان دیارە، یاخود با بڵێین خەڵكی كوردستان لە كاتی گونجاوی خۆیدا وەڵامیان دەداتەوە.
* لەسەرەتای قسەكاندا باسی سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراقت كرد، ئایا ئەم حكومەتە دەتوانێت گۆڕانكاری بكات و حكومەتێكی بەهێز بێت و خواست و داواكارییەكانی خەڵك جێبەجێ بكات؟
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە گۆڕانكاری روودەدن، بەڵام دڵنیا نین ئایا بە چ ئاراستەیەكدا دەبێت، چونكە سەرجەم ئاماژەكان لە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر پێمان دەڵێت عێراق گۆڕانكاری بەسەردا دێت. ئومێدی ئێمەش ئەوەیە كە گۆڕانكارییەكە بە قازانجی گەلانی عێراق و گەلی كورد بێت بەتایبەتی. بەڵام ئەوەی دەمەوێت لێرەدا جەختی لەسەر بكەمەوە، ئەوەیە ئێمە كێشەمان هەیە لەگەڵ چۆنیەتی حوكمڕانیكردن لە عێراقدا، ئەوەتا گەندەڵی بە راددەیەكی زۆر تەشەنەی كردووە، رەوشی سیاسی و ئەمنی بە چەشنێك ناسەقامگیرە خەڵك لە ژیانی منداڵەكانی دڵنیا نییە. ئەگەر لە دۆخی خەڵكی بەسرە و پارێزگاكانی باشوور بە گشتی بڕوانیت، ئەوا چیتر خەڵكی عێراق ناتوانن بەرگەی ئەو شێوازی حوكمڕانییە بگرن كە لە عێراقدا هەیە.