مەسعود حەیدەر چاودێر و شرۆڤەوانی سیاسی بۆ گوڵان: پرسی سەرەكی لای كاك مسعود بارزانی بەرنامەی داهاتووی حكومەتی عێراقە نەك پرسی پۆستەكان

مەسعود حەیدەر چاودێر و شرۆڤەوانی سیاسی بۆ گوڵان:  پرسی سەرەكی لای  كاك مسعود بارزانی بەرنامەی داهاتووی حكومەتی عێراقە نەك پرسی پۆستەكان
پێویستە رێز لە ئیرادەی دەنگدەرانی كوردستان بگیرێت و قۆناخی داهاتوو، قۆناخی سەقامگیری و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان بێت
پێویستە رێز لە ئیرادەی دەنگدەرانی كوردستان بگیرێت و قۆناخی داهاتوو، قۆناخی سەقامگیری و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان بێت

پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و كاردانەوەكانی ئەو جۆرە هەڵبژاردنە لەسەر پێگەی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، هەروەها هەڵسەنگاندنی رۆڵی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق لە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی و چەند پرسێكی پەیوەندیدار بە دۆخی ئێستا و دادێی كورد لە چوارچێوەی عێراقدا تەوەری سەرەكیی ئەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ مەسعود حەیدەر چاودێر و شرۆڤەوانی سیاسیی كورد پێكدەهێنن.

* دوای هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار بەوشێوەیە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان رەخنەی لەسەر ئەو میكانیزمە هەیەو هەر ئەمەش وایكرد كاندیدەكەی خۆی بكێشێتەوە، ئایا خراپیی ئەو میكانیزمە بۆ پێگەی كوردستان لە عێراقدا چییە؟
- پێش هەموو شت، پۆستی سەرۆك كۆمار وەك عورفێكی سیاسی پشكی پێكهاتەی كوردە لە عێراقدا و ئیستحقاقی هیچ حزبێكی سیاسی نییە بە پارتی و یەكێتیشەوە، لەسەرەتاوە هەماهەنگی هەبوو كە بۆ ئەم پۆستە یەك كەس كاندید بكرێت و كاندیدی هاوبەش بێت، بەڵام یەكێتی نیشتمانی وەك سەفقەیەك بۆ كێشەی ناوخۆیی حزبەكەیان، د.بەرهەم ساڵحیان كاندید كرد، بەبێ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ هیچ لایەنێكی كوردستانی بكەن، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی چەند كەسی دیكە لەلایەن حزبەكانی دیكەوە خۆیان كاندید بكەن و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ ئەم پۆستە د.فوئاد حوسێنی كاندید كرد، ئێمە كە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم پۆستە چووینە بەغدا، جەختمان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە ئەم پۆستە ئیستحقاقی كوردەو دەبێت لایەنە سیاسییەكان لەنێوان هەموو كاندیدەكاندا یەك كاندید وەك نوینەری گەلی كوردستان دیاری بكەن، بۆ ئەمەش دەبوو پێڕەوی دوو میكانیزم بكرێت، یەكەمیان دەكرا كە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر بنەمای تەوافق یەك كاندید دیاری بكەن، یان دەكرا وەك ساڵی 2014 كە چۆن لە نێوان د.فوئاد مەعسوم و د.بەرهەم ساڵح هەڵبژاردن كرا، ئەمجارەش بەو شێوەیە هەڵبژاردن بكرێت و هەر كاندیدێك دەرچوو ئەو پۆستەكە وەربگرێت. بۆ ئەمە هەوڵێكی زۆر درا و لە رۆژی كۆتاییشدا ئەو تەوافقەی كە ئێمە دەمانویست كرا و لەنێوان كاك نێچیرڤان بارزانی و پاڤڵ تاڵەبانی رێككەوتن كرا، بەڵام دوای ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان كرا و دەنگدان دەستی پێكرد، خەڵكانێكی دیكە لەناو یەكێتی لە رێككەوتنەكە پەشیمان بوونەوەو گوتیان ئەو تەوافقەی كە كراوە، ئێمە پێی رازی نین و كاندیدەكەمان ناكشێنینەوە، بێگومان ئەو رەفتارەی یەكێتی مەسجێكی زۆر خراپی تێدابوو، ئەویش ئەوە بوو كە ئیستحقاقی كوردیان لە دەستی كورد دەرهێناو دایانە دەستی پێكهاتەكانی دیكەی عێراق، ئەمە لە كاتێكدا بەشی زۆری سوننە بە بڕیاری خۆیان سەرۆك پەرلەمانیان داناوە، هەروەها لایەنە شیعەكان بە تەوافق كاندیدێكیان بۆ سەرۆك وەزیران دیاری كردووە، هەربۆیە ئێمە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا لە كۆی پرۆسەكە ناڕازی بووین، لەسەر ئەم بنەمایەش ئەوە بوو هێشتا خولی یەكەمی دەنگدان كۆتایی نەهاتبوو، بە بڕیارێكی سیاسی لەلایەن جەنابی كاك مسعود بارزانی، بڕیار درا كە كاندیدەكەمان بكشێنینەوە و وەك بینیشتان د.فوئاد حوسێن لە جەولەی دووەمی دەنگداندا بەشداری نەكرد.
* بەپێی ئەوەی ئەزموونێكی باشت لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە، ئایا پێتوایە دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بەم میكانیزمە سەرۆك كۆماری هەڵبژارد، چ گۆڕانكارییەك لە پێگەی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دێتە ئاراوە؟
- پێش ئەوەی باس لە كاریگەرییە خراپەكانی ئەم شێوازەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكەم، پێویستە ئاماژە بەوە بكەم كە پێشتر هەموو سەركردە سیاسییەكانی عێراق جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دەبێت ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك كۆمار پشتیوانییەكی بەهێزی لەلایەن جەنابی مسعود بارزانی-یەوە هەبێت، ئەمەش نەك وەك سەرۆك حزبێك، بەڵكو لەبەر ئەوەی مسعود بارزانی وەك مەرجەع و رێبەری كورد لە عێراقدا سەیر دەكرێت. هەروەها ئەوان دەزانن ئەو بڕیارە سیاسییانەی پەیوەستن بە كورد، ئەگەر سەرەنجام كاك مسعود بارزانی پێی رازی نەبێت، ئەوا ئەو بڕیارانە ناتوانن نوێنەرایەتی كورد بەشێوەیكی گشتی بكەن. ئەوەشی ئێستا روویداوە، بێگومان سەركردە سیاسییەكانی شیعە و سوننە دەزانن، ئەو بەرهەم ساڵحەی كە ئێستا سەرۆك كۆماری عێراقە، ئەگەر پشتیوانییەكی بەهێزی كورد و شەخسی كاك مسعود بارزانی نەبێت، ئەوا سەرۆك كۆمارێكی لاواز دەبێت و لە پرۆسەی سیاسیی عێراقیشدا هیچ رۆڵێكی سەرەكی نابێت. خویندنەوەی شەخسی من بۆ دەنگدانی شیعەكان بە بەرهەم ساڵح ئەوەیە كە لایەنە شیعەكانی عێراق سەرۆك كۆمارێكی بەهێزیان ناوێت، بەو مەبەستەش نایانەوێت، چونكە لە دەستووردا هاتووە كە سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی جێبەجێكردن پێكدەهێنن، بۆیە نایانەوێت لەناو دەسەڵاتی جێبەجێكردندا حكومەت شەریكێكی بەهێزی هەبێت.
* د. عادل عەبدولمەهدی كە راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، شێوازێكی نوێ بۆ پێكهێنانی كابینەكەی پیادە دەكات، ئایا بۆچی پەنای بردۆتە بەر ئەم شێوازە تازەیە و پێتوایە تاچەند سەركەوتوو دەبێت؟
- لایەنە سیاسییە شیعەكان دەیانەوێت گۆڕانكاری لە پێكهێنانی حكومەتدا بكەن و ئامانجیشیان لەم گۆڕانكاریە ئەوەیە كە بتوانن چاكسازی ئەنجام بدەن، هەروەها خەڵكی عێراقیش بە شیعەكانیشەوە لە شێوازی 15 ساڵی رابردووی حوكمڕانیی عێراق ناڕازین، ئەمەش ئەركێكی زۆر قورس دەخاتە سەر شانی حكومەتی داهاتووی عێراق و شەخسی عادل عەبدولمەهدی، بۆیە بە خوێندنەوەی من حكومەتی داهاتووی عێراق چوار ئەركی زۆر گەورەی دەكەوێتە سەرشان كە بریتین لە:
1. بەرەنگاربوونەوەی ئەو گەندەڵییە گەورەیەی كە لە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقدا بوونیان هەیە.
2. دەبێت میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ نەهێشتنی بیكاریی سێبەر، ئاشكرایە ژمارەیەكی هێجگار زۆر فەرمانبەری زیاد هەن و هیچ ئیشوكارێكیان نییە، بۆیە دەبێت كەرتی گشتی بچووك بكاتەوە و كەرتی تایبەت چالاك بكات.
3. دەبێت لایەنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان چاكسازی تێدا بكرێت و توانای ئەوەی هەبێت خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان دابین بكات.
4. لایەنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق كە ئەمەش دەبێت چاكسازی تێدا بكرێت، بۆ ئەوەی توانای ئەوەی هەبێت سەقامگیری دابین بكات.
لەم چوار خاڵەش گرنگتر ئەوەیە كە حكومەتی داهاتووی عێراق هەوڵبدات كێشە كەڵەبووەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكات، بەتایبەتی كێشەی خاك كە پەیوەستە بە ماددەی 140ی دەستوور، پرسی پێشمەرگە، چارەسەركردنی پرسی نەوت لەگەڵ هەرێمدا، دۆسێی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا. بۆ ئەم پرسە لایەنی كوردی چاوەڕێ دەكات، بزانن حكومەتی داهاتوو تاچەند بەپیر ئەم پرسانەوە دێت، كە هەموویان پرسی دەستوورین لە نێوان هەرێم و حكومەتی داهاتووی عێراقدا.
* بمانەوێت، یان نەمانەوێت، ئەو میكانیزمەی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لێكترازانێكی لەنێوان شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتی دروستكردووە، ئایا پێتوایە پارتی چۆن لەگەڵ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراقدا مامەڵە دەكات؟
- بێگومان ئەوە كاریگەریی خراپی دەبێت و هەنگاوێكی ناتەندروست بووە، بەڵام سەبارەت بە مامەڵەی پارتی لەگەڵ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق، ئەوەی دەیبینین ئەوەیە كە جارێ سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە كە ئێمە هێشتا بڕیارمان نەداوە كە بەشدار دەبین، یان بەشدار نابین لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا، ئەم هەڵوێستە لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتیدا دووبارە جەختی لەسەر كراوەتەوە، بۆیە ئەوەندەی من بزانم هێشتا پارتی لەسەر ئەم پرسە خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە و جارێ چاودێری ئەوە دەكات بزانێت پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە چوارچێوەی چ بەرنامەیەك دەبێت، لە بەشێكی زۆری ئەو كۆبوونەوانەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی پارتی لەسەر ئەم پرسە كردوویەتی و لە راگەیاندنەكاندا ئاماژەی پێكراوە، پارتی جەخت لەسەر بەرنامەی داهاتووی عێراق دەكاتەوە، پرسی پۆستەكان وەك شتێكی لاوەكی سەیر دەكات. بەپێی زانیاریی من ئەوەی كە پرسی سەرەكین لای جەنابی كاك مسعود و پارتی بریتین لە بەرنامەی داهاتووی حكومەتی عێراق و دانانی سەقفی زەمەنی بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە، هەروەها میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە، بۆیە وەك هەنگاوی یەكەم ئەگەر لەسەر ئەمانە رێككەوتن نەكرێت، ئەوا بۆچوونی من ئەوەیە نەك تەنیا پارتی، بەڵكو پێویستە كۆی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان هەڵوێستی روونیان هەبێت.
* ئاشكرایە قورسایی و ئاستەنگ لە چارەسەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بوونیان هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی گەشبینییە كە د.عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرێت مامەڵەیەكی باش لەگەڵ ئەو كێشانە بكات، لەسەر ئەمە رات چییە؟
- بە بڕوای من نابێت زۆر بە گەشبینییەوە سەیری رۆڵی كەسەكان بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەر كەسێك پۆستی سەرۆك وەزیران لە عێراقدا وەربگرێت، كۆمەڵێك فاكتەر لە دەرەوەی ئیرادەی خۆی تەحەكومی لەسەر دەكات، وەك شەقامی عێراقی، بەرنامەی حزبە سیاسییە بەشدارەكان لە حكومەتدا، لە سەرووی هەمووشیانەوە موزایەداتی سیاسی، بۆیە مەزندەكە بەو جۆرەیە كە ئەو عادل عەبدولمەهدیەی كە وەزیری نەوت بوو، ئەو عادل عەبدولمەهدیە نابێت كە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دەبێت، هەربۆیە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە، ئەوە نییە كێ دەبێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ رێزمان بۆ كەسەكە، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك وەزیران رێز لە دەستوورو یاساكانی عێراق و رێز لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بگرێت و پابەند بێت بە جێبەجیكردنی ئەو مافە دەستوورییانە لە چوارچێوەی سەقفێكی زەمەنی و دیاریكراودا.
* كێشەیەكی دیكە كە ئێستا خەریكە بۆ لایەنی كوردی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان دروست دەبێت، پێداگریی یەكێتییە لەسەر دانانەوەی پارێزگاری كەركووك لەم بارودۆخە نالەبارەی كەركووكدا، تەنانەت باس لەوە دەكرێت هەتا ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیش ئەو بڕیارە نەدات، پەنا بەرنە بەر سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق بۆ ئەوەی پارێزگاری كەركووك دابمەزرێنن، ئایا ئەمەیان تاچەند كاریگەری دەبێت؟
- ئەوەی بۆ كەركووك لە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە گرنگە، ئەوەیە چیدیكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر هەمان شێواز بەردەوام نەبێت كە درزێكی گەورەی خستە نێوماڵی كوردەوە، دیارە پۆستی پارێزگاری كەركووكیش لەم قۆناخەدا كە شارەكە بە ئەحكامی عورفی و عەسكەرتاری بەڕێوەدەبرێت، هەر كەسێك بكرێتە پارێزگار هیچ رۆڵێكی نابێت، ئێستا لەناو شاری كەركووك ئەفسەرێك دەسەڵاتی لە پارێزگار زیاترە، بۆیە ئەوەی بۆ ئێستا گرنگە ئەو لیژنەیەی لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە و ئامانجیان ئەوەیە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك رێككەوتن بكەن، بۆ ئەوەی ئیدارەی هاوبەش پێكبهێنرێت و هەماهەنگیی ئەمنی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەبێت و هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی عێراقدا لیژنەی هاوبەش دروست بكەن، هیچ كارێك لە دەرەوەی ئەو لیژنەیە نەكرێت، ئەوجا دوای پابەندبوون بە هەنگاوەكانی ئەو لیژنە هاوبەشەی پارتی و یەكێتی، لایەنە كوردستانییەكان بەگشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی چۆن رێكدەكەون، كاندێدێك بۆ پارێزگاری كەركووك دادەنێن، ئەوا دەكرێت پارێزگاری كەركووك دابنرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر پارێزگاری كەركووك پشتیوانییەكی بەهێزی سیاسی نەبێت، ئەوا ناتوانێت هیچ رۆڵێك بگێڕێت، ئەوەشی ئێستا باس لە دانانەوەی پارێزگاری كەركووك دەكات بەم بارودۆخەی ئێستاوە، ئەوا هەتا ئەگەر داشبنرێتەوە، بێجگە لەو كورسییەی لەسەری دانیشتووە، هیچ رۆڵێكی لە ئیدارەی شارەكەو خزمەتكرنی هاووڵاتیانی شاری كەركووكدا نابێت، سەبارەت بەو لایەنەی پرسیارەكەشتان و دامەزراندنی پارێزگار لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە، بە دڵنیایەوە بە هیچ جۆرێك دامەزراندنی پارێزگار لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیراندا نییە و دانانی پارێزگار لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگادایە، هەر بۆیە دانانەوەی پارێزگاری كەركووكیش هەر لەلایەن ئەنجومەنی پاریزگای كەركووكەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
* لەدوای ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، چاوەڕێی ئەوە دەكرێت كە هاوكێشەیەكی تازەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دروست بێت، ئایا تاچەند ئەم هاوكێشە سیاسییە تازەیە یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان دروست دەكاتەوە؟
بۆ ئەم قۆناخە تازەیە زۆر گرنگە هەموو پێكەوە هەوڵبدەین پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد نەمێنێت و ئەوەی هەیە چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بۆ پەرلەمانی كوردستان، من پێشبینی دەكەم پرۆسەی سیاسی لە كوردستان ئاراستەیەكی دیكە بگرێت، بۆیە پێویستە پێش هەموو شت رێز لە ئیرادەی دەنگدەرانی كوردستان بگیرێت و هەوڵبدەین قۆناخی داهاتوو، قۆناخی سەقامگیری و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان بێت، ئەو ئەزموونەی كە لە بەغدا لەسەر پۆستی سەرۆك كرا، هەوڵبدەین لە شوێنی دیكە دووبارە نەبێتەوە، لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستانیشدا گرنگە هەر لایەنێك بە قەوارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و شەریك بێت لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەبێت پەندێك لە ئەزموونی رابردوومان وەربگرین، لە چەند ساڵی رابردوو چەندین ئەزموونی ململانێ و هەوڵی لاوازكردنی یەكتری دراوە، بەڵام سەرەنجام هەر گەڕاوینەتەوە سەر ئەوەی پێكەوە دابنیشین و دانوستاندن بكەین، لە ئاكامی ئەم ململانێیانەشدا هەر تەنیا كوردی پێ لاواز بووە، بۆیە ئەمجارە گرنگە كە لەسەر بنەمای ئاكامی هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی كوردستان بكەین و هەوڵبدەین لەسەر ئاستی عێراقیشدا لــــەسەر پرسە نیشتمانییەكان یەك هەڵوێست بین.
Top