دكتۆر محەمەد شاكر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: ئەو گوتارە عێراقچییەی ئێستای یەكێتی تەنیا دژی پارتی نییە بەڵكو دژی هەموو خەڵكی كوردستانە
October 10, 2018
دیمانەی تایبەت
لەگەڵ دەستپێكردنی كاری پەرلەمانی عێراقدا چاوەڕوان دەكرا، كوتلە كوردییەكان هاوهەڵوێست بن و پێكەوە پێداگریی جددی بكەن لەسەر دەستەبەركردنی مافەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەك ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر جەختی لەسەر دەكاتەوە، بەڵام كەمترین شتێك كە لەسەر رووداوەكانی ئەم دواییە و بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە بوترێت، ئەوەیە كە ئەمە سەرەتایەكی ئومێدبەخش نەبوو بۆ هێنانەدی ئەو هاوهەڵوێستییە، ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری گفتوگۆیەكی گوڵان لەگەڵ د. محەمەد شاكر ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان.* لە خولەكانی پێشتری پەرلەماندا، ئاستەنگی سەرەكی بۆ جێبەجێنەكردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان تەنیا شۆڤێنی عەرەبی بوو كە (شیعە و سوننە) لە دژی كوردستان لە بازنەیەك پێكەوەی كۆدەكردنەوە، بەڵام ئەمجارە هەر لەسەرەتاوە پێدەچێت، بەشێك لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ دژایەتیكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان بوونە رێگەپیشاندەری فراكسیۆنەكانی دیكە، ئایا لەم ماوە كورتەدا تاچەند هەستان بەم حاڵەتە كردووە؟
- فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە گیانێكی برایەتییەوە چووەتە عێراق و بە یەك شێواز مامەڵەمان لەگەڵ هەموو پەرلەمانتارەكانی سوننە و شیعە كردووە، بەڵام بە داخەوە ئەوەی هەرگیز بەبیرمان نەدەهات و چاوەڕواننەكراو بوو، ئەوە بوو ئەندام پەرلەمانەكانی یەكێتی بەمشێوەیە مامەڵە بكەن، چونكە شاندی باڵای دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ عێراق و كوتلەكانی سوننەو شیعە لە پارتی و یەكێتی پێكهاتبوو، واتە هاوپەیمانیی كوردستانی ئەم دوو لایەنەی لەخۆدەگرێت كە وەرەقەی گفتوگۆیان هەبوو بۆ بەرگریكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان. بەڵام بەداخەوە ئەوان بوون كە خیانەتیان دەرهەق بە گەلی كوردستان كردو یەكڕیزیی نێوماڵی كوردیان تێكدا، چونكە ئەگەر ئێمە- وەك پارتی و یەكێتی- پێكەوە بووینایە، هەڵوێست و پێگەمان بەهێز دەبوو بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان و دەمانتوانی بەشێكی زۆری ئەو مافانە بەدەست بهێنن، نەك لە پشتەوە خەنجەر لە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.
* سەرۆك بارزانی و پارتی بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەتا ئەگەر هەمووشیان پێكەوە بن ئەوا ژمارەی كورسییەكانیان نزیكەی 60 كورسی دەبێت و هەر كەمینە دەبن، بۆیە گرنگە هەموو فراكسیۆنەكان پێكەوە كار بكەن و لەناو پەرلەماندا لۆبی دروست بكەن بۆ ئەوەی بتوانن كاریگەرییان لەسەر یاساكان و بڕیارەكانی ناو پەرلەمان هەبێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین، ئێستا فراكسیۆنە كوردستانییەكان خۆیان لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا لۆبی دژی پارتی دەكەن، ئایا تاچەند لەم خولەدا ئەركی فراكسیۆنی پارتی قورستر دەبێت؟
- ئێمە لەگەڵ ئەوە بووین هەموو كورد لەژێر یەك هاوپەیمانی بچنە نێو دانوستانەكانەوە، جەنابی سەرۆك بارزانی چەندین جار داوای ئەو یەكڕیزی و هاوپەیمانێتییەی لە فراكسیۆنە كوردییەكان كرد، بەڵام لە كۆتاییدا هاوپەیمانێتی بەو جۆرە كرا، تەنیا پارتی و یەكێتی بەشدار بوون و لایەنەكانی تری كوردستانی بەشدارییان لەو هاوپەیمانێتییە نەكرد، چونكە ئێمە وەكو كورد بەراورد بە 329 كورسی پەرلەمانی بە هەموو كورسیی لایەنە كوردستانییەكانەوە كەمینەین و تەنیا 58 كورسیمان هەیە، بەڵام هێزی ئێمە لەوەدایە كە ئێمە نوێنەرایەتی نەتەوەیەك دەكەین و ئەگەر بتوانین یەكهەڵوێست و یەكڕیز بین ئەوا زۆرترین ماف بۆ گەلەكەمان دەستەبەر دەكەین. هەر لەم روانگەیەوە جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو كات تەئكید لەسەر یەكهەڵوێستی و یەكڕیزیی كورد دەكاتەوە، داوای لە ئێمەش كرد وەكو ئەندام پەرلەمانەكانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەڵسوكەوت و هەڵوێستمان لەگەڵ هەموو لایەنەكانی تری كورد باش بێت، هەر واش بووە و بەمشێوەیە هەڵسوكەوتمان كردووەو زۆر هەوڵی كۆكردنەوەی هەموو لایەنە كوردستانییەكانمان دا لەناو یەك هاوپەیمانێتی، بەڵام بەداخەوە لایەنەكانی دیكە هەندێ ئامانجی حزبییان لا گرنگتر بوو لە یەكڕیزیی نێوماڵی كورد. بەڵام ئەوەی پەرۆشە لەم رووەوە تەنیا پارتییە، راستە سەرەتا یەكێتی لەگەڵ ئێمە بوو كە پێكەوە 43 كورسیمان هەبوو، دەمانتوانی بەناوی كوردیشەوە قسە بكەین، بەڵام بەداخەوە ئەوان بە شێوازێكی دیكە مامەڵەیان كرد، ئەمەش دۆخێك دروست دەكات كە ئەگەر ئێمە لە نێو ماڵی خۆمان رێكنەكەوین، ئەوا هەر داواكارییەكی ئێمە لەبەغدا وا دەخوێندرێتەوە كە داواكاری پارتییە. كەواتە چوونی هەندێ لە كوردەكان بۆ ژێر باڵی ئەوان، ئەوا تا راددەیەكی زۆر نائومێدی دروست دەكات كە نەتوانین بەرەوپێش بچین و نەتوانین ئەو غەدرو زوڵمانەی لەگەلی كوردستان كراوە، نەیهێڵین، هەر لە بودجەی گشتی و مافی پێشمەرگە و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری و تا دوایی. ئەمەش ئەركی ئێمەی قورس كردووە، كە ئەركی ئێمەش ئەوەیە لە پەرلەمانی عێراق داواكار و بەرگریكاری بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد بین، بەتایبەتی مافە دەستوورییەكان كە بەدەست نەهاتووە و، كار بۆ بەدیهێنانی بنەمای (تەوافوق و تەوازن و شەراكەت) بكەین كە ئێمە هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دانوستاندنمان كردووە، چونكە ئەمانە پێویستیان بە هاوهەڵوێستی دەبێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لایەنە عەرەبییەكان باش دەزانن پارتی هێزێك نییە وا بەئاسانی پەراوێز بخرێت، چونكە پارتی نوێنەرایەتی شەقامی كوردی دەكات و زۆرترین كورسی بەدەستهێناوە و لەسەر ئاستی عێراق وەكو حزب و لەسەر ئاستی كوردستانیش خاوەنی زۆرترین كورسییە.
* لایەنێكی دیكەی مەترسیدار كە ئێمە لە دوورەوە هەستی پێدەكەین، ئەوەیە كە خەریكە ململانێیەكی توند لەنێوان خیتابی كوردستانی و پارتی و خیتابی عێراقییانەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دروست دەبێت، ئەمەشمان بە راشكاوانە لە ململانێی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بینی، پرسیاری گرنگ ئەوەیە تاچەند خیتابی عێراقییانەی یەكێتی بۆتە هۆكار و ئاستەنگ بۆ خیتابی كوردستانیی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان؟
- كە ئێمە دەچینە بەغدا نوێنەرایەتیی گەلی كورد و كوردستان دەكەین، كوردستانیش بەشێكە لە عێراق و ئێمە بەشداریی هەڵبژاردنمان كردووە و دەنگی خەڵكمان مسۆگەر كردووە، ئاشكرایە كە پارتی و یەكێتی و هەموو حزبەكانی دیكەش بەشدارییان لە بونیادنانی عێراق كردووە، ئێمە لە 2003 وەكو سەركردایەتیی سیاسیی كورد بەشداریمان لەم بونیادنانە كردووە، لە كاتێكدا ئێمە لە كوردستان ئیدارە و حوكمی سەربەخۆی خۆمان هەبووە. واتە ئێمە ئارەزوومەندانە گەڕاینەوە و لەسەر بنەمای ئەوەی عێراقێك دابمەزرێت كە دەستوور ببێتە دادەوەر لە نێوانماندا و دەوڵەتێك دروست بێت كە یاسا سەروەر بێت تێیدا و مافی هەموو لایەك پارێزراو بێت. ئەوان پێچەوانەی ئەمە رەفتاریان كرد، هەر لە پەراوێزخستن و بڕینی بودجە و سەپاندنی ئابڵوقە بەسەر هەرێمی كوردستان، تا گەیشتە راددەی بەكارهێنانی هێز. هەر بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێداگری دەكات لەسەر مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی گەلی كوردستان و داوای ریفراندۆمی كرد، ئەو كات جەنابی سەرۆك بارزانی لەچەندین كۆبوونەوەدا باسی لەو راستییە كرد، كە عێراق ئێمەیان ناوێت و هەموو دەرگاكانیان بۆ ژیان و گفتوگۆ داخستووە، بۆیە ئێمە ناچاربووین و هیچ رێگایەكی دیكەمان نەما و دواجار رێگای ریفراندۆممان گرتەبەر كە ئەمەش مافێكی رەوا و سرووشتیی خۆمانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، ئێستاش كە دووبارە گەڕاینەوە بەغدا بە ئامانجی ئەوەیە بەشداربین، بەڵام پێویست بەوە ناكات یەكێتی نیشتیمانی كوردستان خیتابی عێراقییانە پەیڕەو بكات، كە ئەوان بۆ بەرژەوەندیی حزبی خۆیان بەكاری دەهێنن، بەڵام كاریگەری خراپی لەسەر كوردستان و خەڵكەكەمان دەكات، ئەوەی یەكێتی لە خیتابی عێراقچێتی دەیكات دژی پارتی نییە، بەڵكو دژی خەڵكی كوردستانە. دواتر ئێمە هەرهەموومان لە پرۆسەی ریفراندۆم بەشدار بووین و ئێستا كە چووینەتە بەغدا پێویستە ئێمە بە عەرەبەكان بڵێین، ئەوە ئێمەین دەستی هاوكاری و پێكەوەژیانمان بۆتان درێژ كردووە، ئەوە ئێوە بوون بە دەنگمانەوە نەهاتن و وەكو هاووڵاتی هەڵسوكەوتتان لەگەڵ نەكردین، مەبەستم ئەوەیە دەبوو ئەمە خیتابی هەموومان بێت لە بەغدا بۆ كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ. نەك ورووژاندنی پرسێك كە كورد تێیدا زیانمەند بێت. بەڵام دیارە یەكێتی نیشتمانی بەرژەوەندیی حزبی لا گرنگترە.
* فراكسیۆنەكانی شیعەو سوننە لەگەڵ ئەوەی بەشێكیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانن، بەڵام كە دەگاتە سەر خیتابی كوردستانییانەی پارتی و خیتابی عێراقییانەی یەكێتی هەست دەكەین پەرلەمانتارەكانیان پابەندی هاوپەیمانیی فراكسیۆنەكانیان نابن، ئایا ئەگەر بارودۆخەكە بەمجۆرە بڕوات خیتابی عێراقییانەی یەكێتی نابێتە هۆكاری ئەوەی كە قسەكردن بە زمانی خیتابی كوردستانییانەی پارتی لەناو پەرلەمانی عێراقدا جێگەی نەبێتەوە؟
- ئەمە زۆر راستە؛ چونكە ئەندام پەرلەمانەكانی هەر فراكسیۆنێك ئەگەر گوێڕایەڵی فراكسیۆنی خۆیان بن، ئەوا تەماشای هەندێك رەهەندی دوورتر دەكەن و بە شێوەیەكی سادەو ساكار بیرناكەنەوە، بەڵام ئەو حزبانەی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئامانجی ستراتیژی هەیە و ئەندامەكانیشی پابەندی ئەو ئامانجەن، لەهەموو كاتێكدا سەركەوتووتر و دووربینتر دەبن. دواتر من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە هەندێ فراكسیۆن- بە شیعە و سوننەوە- هەن عەقڵانی بیر دەكەنەوە و هەڵوێستیان لەگەڵ پارتی باشە و كاتێكیش هەڵسوكەت لەگەڵ پارتی دەكەن، بۆیان دەردەكەوێت كە پارتی چەند بەهێزەو كاریگەری گەورەی هەیە و پارتی لە شەقامی عێراقدا بەهیچ جۆرێك ناتوانرێت پەراوێز بخرێت و لەكوردستانیشدا بەهێزترین حزب پارتییە بۆیە بە لۆژیك مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەن و هەڵوێستیان باشە لەگەڵ پارتی و دەزانن مامەڵەی باش لەگەڵ پارتی دەرئەنجامی باشی هەیە. بەڵام ئەو عەرەبانەی دیكە كە عاتیفییانە بیر دەكەنەوە، ئەوا دەكەونە ژێر كاریگەری هەندێ خیتابەوە، لەوانە خیتابی یەكێتی نیشتمانی كە ئەوەی بەلای ئەم حزبەشەوە گرنگە بەدیهێنانی ئامانجەكانی خۆیانە- بەدیهێنانی ئەو پۆستانەیە كە دەیانەوێت- و زمانێك بەكاردەهێنێت كە دەیەوێت بەرامبەرەكەی ناشیرین بكات و بەخراپ پیشانی بدات كە ئەمەش بە دڵنیاییەوە كاریگەری خراپی دەبێت.
* دیارە لایەنە كوردستانییەكان جەخت لەسەر (توازن و تەوافوق و شەراكەت) دەكەنەوە لەگەڵ لایەنە عەرەبیەكانی عێراق، پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە ئێمە لەناو خۆماندا بڕوامان بە (توازن و تەوافوق و شەراكەت) نەبێت، چۆن ئەم داوایە لەبەرامبەرەكەمان دەكەین؟
-ئەمە پرسیارێكی گرنگە؛ كاتێك یەكێتیش لەگەڵماندا بوو لە دانوستانەكان تەئكیدمان لەسەر ئەو سێ بنەمایە دەكردەوە، چونكە تەوازن و تەوافوق و شەراكەت چەند بنەماو داواكارییەك زۆر گرنگ لەخۆدەگرێت كە ئایندەی گەلی كوردستان دەگۆڕێت، لەمەشدا پێویستمان بە یەكهەڵوێستی دەبێت، چونكە ئەگەر مامەڵە لەسەر بنەمای زۆرینە و كەمینە بكرێت، ئێمە هەر كەمینەین، بەڵام لە دەستووری عێراق لەسەر بنەمای تەوافوق نووسراوەتەوە، واتە دەستووری پێكهاتە و نەتەوەكانە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت خۆمان یەكهەڵوێست بین، چونكە ئەو پەرتەوازەییەی لە ئێستادا هەیە، كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر داواكارییەكانمان. یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی هەر پەیوەندی بەو بنەمایانەوە هەیە مەسەلەی دەستنیشانكردن و كاندیدكردنی سەرۆك كۆمارە وەكو عورفێك بە تەوافوق لەنێوان پێكهاتەكاندا كە سەرۆك پەرلەمان بۆ سوننەیە و سەرۆك كۆمار بۆ كوردەو سەرۆك وەزیران بۆ شیعەیە لە خولەكانی پێشووتریش بە دوو حاڵەت بووە، لەهەردوو حاڵەتەكەدا سەرۆك كۆمار نوێنەرایەتی پێكهاتەی كوردی بووە و حاڵەتی یەكەم كورد بە یەك كاندید بەشداری كردووە، لە حاڵەتی دووەم لە هەندێك خول بەمجۆرە بووە، ئەگەر دوو یاخود سێ كاندیدی كورد بۆ سەرۆك كۆمار هەبووایە، فراكسیۆنە كوردییەكان لەنێوان خۆیاندا لەم چەند كاندیدە تەنیا یەك كاندیدیان هەڵدەبژارد و دەبووە نوێنەری كورد و دواتر دەچووە ناو هۆڵی پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدرا، بەداخەوە ئەمجارە هەموو عورفەكە تێكدراو بەچەند كاندیدێك چووە ناو پەرلەمان و لایەنی سوننەو شیعەش ئەو كاندیدەیان هەڵبژارد كە بەدەنگی كورد هەڵنەبژێردراوە و بەدەنگی عەرەب دانراوە، بۆیە دەتوانین بڵێین سەرۆك كۆماری عێراق نوێنەری عەرەبەكانە، نەك نوێنەری گەلی كوردستان. ئەمە لە كاتێكدا هەر لە سەرەتاوە هەوڵ و ئامانجی پارتی- كە جەنابی سەرۆكیش تەئكیدی لەسەركردەوە- ئەوە بوو كاندیدێكی كورد بۆ ئەم پۆستە دیاری بكرێت، بۆ ئەوەی ئەو كاندیدە هەست بكات كە نوێنەری كوردە، بەڵام یەكێتی نیشتیمانی تاكلایەنانە د.بەرهەمیان كاندید كرد، دواتریش كە گفتوگۆ كرا، یەكێتی رازی بوو كە بە یەك كاندید دەچینە ناو پەرلەمان و دكتۆر بەرهەم خۆی لە كاندید دەكشێنێتەوە و لەسەر ئەم بنەمایەش ئێمە چووینە نێو پەرلەمان و تەنانەت ئەو تێڕوانینە لای عەرەبەكانیش دروست بوو كە تەنیا یەك كاندیدمان هەیە، هەر بۆیە رێژەی ئەندام پەرلەمانەكان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە تەواو بوو، ئەوە بوو بڕیار درا تەنیا كاندید دكتۆر فوئاد حوسێن بێت، كەچی یەكێتی دكتۆر بەرهەمیان هێنایە ناو هۆڵی پەرلەمان و گوتیان ئێمە پەشیمان بووینەتەوە و كاندیدی خۆمان ناكشێنینەوە، من نازانم ناوی چی لەم حاڵەتە بنێم، كە ئەوان راستگۆ نەبوون لەگەڵ هاوبەشەكەیان كە پارتییە و چەندین ساڵە رێككەوتنی ستراتیژی لەنێوانیاندا هەیە و بە هاوبەش لە بەغدا دانوستانیان كردووە.