ویلیام وۆلفۆرس تایبەتمەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: ترەمپ بە رۆحیەتی بازرگانی مامەڵە لەگەڵ پرسە نێودەوڵەتییەكان دەكات
October 10, 2018
دیمانەی تایبەت
ویلیام وۆلفۆرس پڕۆفسیۆرە لە بەشی حكومەت لە كۆلێژی دارتسمۆس و وانەبێژ و توێژەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە و پتر بایەخ بە ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوە دەدات و بە شێوەیەكی گشتی تایبەتمەندی تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و شەڕی ساردو كۆتاییهاتنی ئەم شەڕەو سیاسەتی دەرەوەی رووسیایە. پێشتر وانەبێژ بووە لە زانكۆكانی پرینستۆن و جۆرج تاوون. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵ تاتوێكرد، سەرەكیترینیان پەیوەست بوو بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە بەكارهێنانی سزای ئابووری و داراییەوە بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوە، ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خستەڕوو.* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە بەكارهێنانی فشار و رێكارە بازرگانییەكان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە دیپلۆماتییەكان؟
- لە راستیدا ئەمە سیاسەتێكی ناتەقلیدی و سیاسەتێكی تێكەڵە و توانیویەتی چەند بەرەوپێشچوونێكیش بەدەست بهێنێت، وەك ئەو رێككەوتنەی بەم دواییە پێداچوونەوەی تێدا كرا لەگەڵ وڵاتی مەكسیكدا، هەروەها كار كرا لەسەر بەكارهێنانی فشاری ئابووری لە دژی رووسیا بە مەبەستی گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی دەرەكیی ئەو وڵاتە كە تا ئێستا ئەم هەوڵەش سەركەوتوو نەبووە، هەروەها ئەم ئیدارەیە هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ بۆ گۆڕینی رێسا بارزگانییەكان لەگەڵ وڵاتی چیندا.
* بەڵام ئاماژە بەوە دەكرێت كە ئەم شێوازی دروستكردنی فشارە سەركەوتنی بەدەست هێناوە لەگەڵ كۆریای باكووردا، هەڵسەنگاندنی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەوە راستە كە ئەوان وەك بەڵگەی سەركەوتن ئاماژە بە كەیسی كۆریای باكوور دەكەن لە پەیوەندی بە مومارەسەكردنی فشاری ئابوورییەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی و دیپلۆماسی، كە دواتریش هەوڵ و كۆششی هاوشێوەیان- دروستكردنی فشاری ئابووری- لە ئاست ئێراندا گرتەبەر بە ئامانجی ناچاركردنی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە، یان دووبارە گفتوگۆ بكاتەوە لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكادا. لە ئێستادا ئەم هەنگاو و هەوڵانە خراونەتەگەڕ، بەڵام نازانرێت دەرئەنجام و ئاكامەكانی چی دەبن. كەواتە ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەزموونێكە لە پەیوەندی بە دروستكردنی فشارەوە لەدژی نەیار و ركاربەرەكانی ئەمریكا لە رێی گرتنەبەری فشار، یان سزای ئابووری و داراییەوە.
* كەواتە پێتوایە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە رۆحیەتی بارزگانییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا دەكات؟
- بەڵێ، ئەمە راستە، چونكە لەسەر ئاستی هەرە باڵای ئیدارەی ئەمریكا- واتە خودی سەرۆك ترەمپ- بایەخێكی كەمتر دەدرێت بە پرسی شەراكەت و هاوپەیمانێتی و پەرەپێدانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و سیستمی لیبڕاڵی و بەها لیبڕاڵییەكان، لە هەمان كاتدا گرنگییەكی زیاتر دەدرێت بە ئەنجامدانی رێككەوتن. هەروەها ئەو خۆشحاڵە بە كاركردن لەگەڵ رژێمە خۆسەپێن و نادیموكراتەكان و بایەخ بە گەیشتن بە رێككەوتن دەدات لەگەڵیاندا، سەرۆك ترەمپ پێیوایە ئەگەر جەخت لەسەر پرسی پەرەپێدانی دیموكراسی نەكرێتەوە لە نێو ئەم وڵاتانەدا، ئەوا ئاسانتر دەتوانێت بگاتە رێككەوتن لەگەڵیاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەمە رۆحیەتی كاركردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە ئەمریكا، بەڵام هێشتا لە نێو كۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەدا راددەیەك لە پابەندبوون هەیە بە بەها لیبڕاڵییەكانەوە.
* باشە تا چ راددەیەك ئەم شێوازە نوێیەی ئەنجامدانی سیاسەتی دەرەوە لەلایەن ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە سەركەوتوو و درێژخایەن دەبێت؟
- زەحمەتە بتوانین ئەمە یەكلابكەینەوە، هەرچونێك بێت ئەگەر ئێمە لە سیاسەتی ئیدارەی پێشوی ئەمریكا بڕوانین- ئیدارەی ئۆباما- ئەوا سیاسەتەكە لە چوارچێوە گشتییەكەیدا بە ئاراستەی كەمكردنەوەی پابەندبوونەكانی ئەمریكا بوو لە پەیوەندی بە توانای ئەمریكا بۆ داڕشتنی سیستمی جیهانی و پەرەپێدانی بە بەها لیبڕاڵییەكانەوە. ئەوەی سەرۆك دۆناڵد كردی لەم رووەوە ئەنجامدانی ئەم كارە بوو بە شێوەیەكی دراماتیكتر و ریشەییتر بە چەشنێك كە مایەی ناسەقامگیری بێت، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد، پێش ترەمپیش ئەم ئاراستەیە بوونی هەبوو، بەڵام كاركردنی ترەمپ بە ئاراستەیەكە كە رەنگە ئەمریكا نەتوانێت پابەندبوونەكانی خۆی لەم رووەوە بگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای سەردەمی ئیدارەی جۆرج بوشی كوڕ، كە ئەمریكا زۆر جەختی لەسەر پەرەپێدانی دیموكراسی و بەها لیبڕاڵییەكان دەكردەوە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەگەر پرسیار لە خەڵكی ئەمریكا بكەیت لەبارەی هاوپەیمانێتی و شەراكەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، ئەوا دەبینیت زیاتر مەیلی جیهانگیرییان هەیە – بە بەراورد بە پێش دەستبەكاربوونی ئیدارەی ترەمپ، كەواتە بەلای كەمەوە لە نێو بەشێك لە خەڵكی ئەمریكا مەیلێك هەیە بۆ سیستمی نێودەوڵەتی.
* هەندێ لە چاودێران پێیانوایە ئەم سیاسەتە نوێیەی ترەمپ كە نادڵنیاییەكی زۆری دروست كردووە، دەبێتەهۆی ئەوەی لە مەودای نزیكدا سازش بە هەندێ وڵات بكات، بەڵام لە مەودای دووردا كاریگەری خراپی لەسەر بەرژەوەندی و پێگەی ئەمریكا دەبێت، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- من هاوڕام لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەداو پێموایە ئەم سیاسەتەی ترەمپ كورتبینانەیە، چونكە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمریكا چی دەچنێتەوە لە وەرگرتنی ئەم هەڵوێستە توندە و لە دوورخستنەوەی هاوپەیمانەكانی، ئێوە بڕواننە ئەو قسە توندانەی لەبارەی هاوپەیمانە ئەوروپییەكانەوە كردی، ئایا چ بەرهەمێكی هەبوو؟ راستە هەندێ بودجەی بەرگرییان زیاد كرد، بەڵام پێموانییە كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبووبێت لەسەر ئەو هاوپەیمانێتی و شەراكەتانە.
* زۆر باس لە هێزی هەڵكشاوی چین دەكرێت و تەنانەت ترەمپ لە ستراتیژیەتی ئاسایشی نەتەوەییشدا پتر جەختی لەسەر ململانێی نێوان هێزە گەورەكان كرد، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئایندەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چین-وەك دوو هێزی مەزنی جیهان- بەرەو كوێ دەچێت؟
- پێموایە چین تەحەددییەكی گەورەیە بۆ ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ئاسیادا، هەرچەندە پێموایە ئەمریكا هێندە توانا و هێزی هەیە كە بتوانێت ئەو تەحەددییە ئیحتیوا بكات، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمریكا دەتوانێت بە چەشنی پەنجا ساڵی رابردو رۆڵ بگێڕێت لە رۆژهەڵاتی ئاسیادا بەتایبەتی كە ئێستا چین بۆتە هێزێكی گەورە كە زۆنی ئەمنیی خۆی و ناوچەی دەستڕۆیشتوویی ئابووریی خۆی بەرفراوان دەكات. دووپاتی دەكەمەوە، ئەمریكا دەتوانێت ئەم تەحەددییە ئیحتیوا بكات، بەڵام ئەمە كارێكی سەخت و دژوار دەبێت.
* ئەی چۆن لە سیاسەتەكانی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ دەڕوانیت لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی لە ئاست وڵاتی ئێراندا؟
- ئاشكرایە پێشبینیكردنی كاروبارە نێودەوڵەتیەكان زۆر زەحمەتە، ئیدارەی پێشوو- ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما- پێی وابوو گەیشتۆتە باشترین رێككەوتن لەگەڵ ئێراندا و تێڕوانینی وابوو كە زیادكردنی فشارەكان لەسەر ئێران سەركەوتوو نابێت و دیدگای ئەوە بوو كە ئەمریكا ئەو توانایەی نییە كە تاكلایەنانە ئێران ناچار بكات بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی باشتر، بەڵام ئیدارەی ئێستای ئەمریكا هاوڕا نییە لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا و بە نیازە فشار و سزای ئابووری بەسەر هەموو ئەو هاوپەیمانانەشدا بسەپێنێت كە دەیانەوێت درێژە بە پەیوەندییە بازرگانییەكان بدەن لەگەڵ ئێراندا. بۆچوونی شەخسی منیش ئەوەیە كە ئیدارەی پێشوو هەڵسەنگاندنێكی باشی بۆ دۆخەكە كردبوو، بەڵام ئیدارەی ئێستا تێڕوانینێكی بەرزەفڕانەی هەیە بۆ تواناكانی ئەمریكا و من نازانم ئایا سەركەوتوو دەبێت لەم رووەوە یان نا.
* ئایا بە شێوەیەكی گشتی گەشبین نیت بەلەبەرچاوگرتنی ئەو نادڵنیاییەی كە سەرۆك ترەمپ دروستی كردووە؟
- من نازانم سەركەوتوو دەبێت یان نا، بەڵام ئیدارەی ئێستا بانگەشەی ئەوە دەكات دەتوانێت ئامانجەكان لەئاست ئێراندا لە رێی گرتنەبەری سزای ئابوورییەوە بەدەست بهێنێت و گومانیشی تێدا نییە ئێران نەیاری ئەمریكایە و هەندێ هەڵسوكەوتی هەن كە كاریگەری خراپیان لەسەر ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەبێت. بەڵام ئیدارەی پێشوو- ئیدارەی ئۆباما- بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە توانای ئەوەیان نییە رەفتارەكانی دیكەی ئێران- بەدەر لە پرۆگرامە ئەتۆمییەكە- بگۆڕن، بەتایبەت لە پەیوەندی بە پشتیوانیكردن لە میلیشیا و كردەوە تیرۆریستییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام ئیدارەی ئێستا دەڵێت: ئێمە دەتوانین ستانداردی بەرزتر بۆ ئێران دابنێین كە دەبێت بە پێی ئەو ستانداردانە رەفتار بكات، هەرچەندە من پێموانییە ئەمە سەركەوتوو دەبێت و لەو باوەڕەدا نیم توانای ئەمەمان هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەمە وەك ئەگەرێك لەبەرچاو نەگرین.