دكتۆر ئارام باڵەتەیی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: یەكێتی بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی خۆی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردی تێكدا
October 9, 2018
دیمانەی تایبەت
هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق و كاریگەرییە خراپەكانی لەسەر پرسی تەوافوق و سازانی نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكانی بەغدا، بەتایبەتی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستانداو گرتنەبەری خیتابی عێراقچێتی لەلایەن لایەنێكی كوردییەوە لە بەغدا و چەند مەسەلەیەكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە بنەمای دیدارێكی گوڵان لەگەڵ د. ئارام باڵەتەیی ئەندام پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان.* ئێوە وەكو كاندیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بەڵێنتان بە خەڵكی كوردستان دا كە لە بەغدا و لە بەرامبەر فراكسیۆنەكانی دیكەی عێراقدا بە هەموو توانایەك بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، بەڵام هەر لەم ماوە كورتەدا پرۆسەكە وابەڕێوە دەچێت، كە شەڕی ئێوە لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێت، بەتایبەتی فراكسیۆنی یەكێتی، ئایا بۆ ئەم واقیعە ناخۆشە لەم ماوە كورتەدا دروست بوو؟
- ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەو پەیمان و بەڵێنانەی كە بە گەلی كوردستانمان داوەو لەبەغدا نوێنەرو داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانیان دەبین، هەرچەندە ئێستاكە جێگای داخە بۆ ئەو ململانێیەی لە نێوماڵی كوردی دروست بووە، ئەگەر هەموو لایەنە كوردی و كوردستانییەكان لەبەغدا یەكدەنگ و یەك هەڵوێست بین، ئەوا دەتوانین بەهێز و یەكگرتووییەوە بەرگری لە مافی كورد بكەین، بەڵام یەكێتی ئەم یەكدەنگییەی تێكدا، كاتێك بەڵێنی بە دكتۆر بەرهەم دابوو، ئەگەر بگەڕێتەوە ناو یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری پێ دەدەن، یەكێتی هیچ بەڵێن و سۆزێكی تری نەبوو، جگە لەم بەڵێنە، بەمەش یەكێتی لەپێناو بەرژەوەندیی حزبی و بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆی كێشەو ململانێی خستە ناو ماڵی كوردو كردیە قوربانیی چارەسەری گرفتەكانی ناوخۆی حزبەكەی. هەرچی سوننەو شیعەش بوون، موعجیبی خیتابی عێراقچێتی دكتۆر بەرهەم و یەكێتی بوون بۆ پاراستنی سەروەری و یەكپارچەیی عێراق، ئەمەش لەسەر حیسابی خیتابی كوردستانی بووە.
* لە پرۆسەی هەڵبژاردنی دكتۆر بەشیر حەداد وەك كاندیدی پارتی بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، فراكسیۆنی یەكێتی نەك هەر دەنگی بە كاندیدەكەی پارتی نەدا، بەڵكو شانازیشیان دەكرد كە دەنگیان بە كاندیدێكی كورد نەداوە، باشە كە ئەم رق و كینە توندە دژی فراكسیۆنی پارتی هەبێت، ئایا فراكسیۆنی پارتی چۆن دەتوانێت لەناو پەرلەمانێكی وەك پەرلەمانێكی عێراقدا داكۆكی لە مافەكانی گەلی كوردستان بكات؟
- تائێستا نەمانتوانیوە لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی سوننە و شیعە دابنیشین و گفتوگۆ لەسەر ماف و داواكارییەكانی كورد بكەین، هەر لە سەرەتاشەوە یەكێتی لەسەر كاندیدكردنی دكتۆر بەرهەم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئێمەیان وەكو پارتی بە ریفراندۆمچی بە عەرەبەكان پیشانداوە و خۆیان كردۆتە عێراقچی و پۆستی كۆماریان وا نیشاندا كە پۆستێكی گرنگە بۆ پاراستنی سەروەری و یەكپارچەیی عێراق، ئەمانە هەر هەمووی كاریگەری خۆیان بە شێوەیەكی سلبی لەسەر پەیوەندییەكانی ئێمە وەك پارتی لەگەڵ لایەنەكانی تری عەرەب دروستكرد، سەرەڕای ئەمانەش ئێمە دەستی خۆمان درێژ دەكەین و هەوڵدەدەین پەیوەندی خۆمان باش بكەین لەگەڵ هەموو لایەن و حزب و كوتلەكان كە بەشدارن لە پەرلەمان بە ئامانجی ئەوەی بتوانین داواكاری و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بەدەست بهێنین، بەپێچەوانەوە لەكاتێكدا ئەگەر ئێمە نەتوانین مافەكانی گەلەكەمان بەدەست بهێنین، دەستی خۆمان لەبەغدا دەكشێنینەوەو دێینەوە كوردستان بۆ ناو میللەتی خۆمان، چونكە ئێمە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلی خۆمان لەبەغداین، نەك بۆ پۆست و پلە.
* ئێوە كۆمەڵێك كێشەی گەورەتان لەسەر شانە وەك چارەسەركردنی پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و پێشمەرگە و مەسەلەی نەوت و گێڕانەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان؛ هەموو ئەم پرسانە و جێبەجێكردنیان ئەو كاتەش قورس بوو كە لە نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكان هاوپەیمانیەكی پتەو هەبوو، ئێستا فراكسیۆنەكان خۆیان دژی خۆیان كار دەكەن، ئایا ئەم پرسانە چۆن داكۆكییان لەسەر دەكرێت و چۆن چارەسەر دەكرێن؟
-گرنگ ئەوەیە ئێمە وەكو نوێنەرانی گەلی كوردستان پەیامێك بگەیەنینە لایەنی عەرەبی بە شیعە و سوننەوە كە هەرچی كێشەو گرفتی نێوان هەرێم و عێراق هەیە، پێویستە بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێن، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم كێشانە چارەسەر نەكرێت، ئەوە كاریگەری خراپی لەسەر هەموو عێراق دروست دەكات و لە بەرژەوەندی خەڵكی عێراقدایە كە گەلی كورد و كوردستانیش بگەنە مافی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیان لە چوارچێوەی دەستووردا، كاتێكیش دەستوور پێشێل بكرێت، ئەوا عێراق بەرەو ئاراستەیەكی نادیار دەڕوات و یەكێكیش لە داواكاری و مافەكانمان دەبێت جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور بێت، هەر كاتێكیش بینیمان بەغدا دەستوور جێبەجێ ناكات و لەسەر بنەمای (تەوازن و تەوافوق و شەراكەت) كار لەگەڵ كورد ناكات، ئەوا ئیشوكاری ئێمە لەبەغدا نامێنێت، چونكە ئێمە چ وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان، چ وەكو فراكسیۆنە كوردییەكان لەبەغدا هیچ كاتێك نابینە زۆرینە، بەڵكو هەر كەمینەین و كاركردنیش بە پرەنسیپی زۆرینە و كەمینە ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان بەدەست ناهێنێت، بەڵام بەدەستنیشانكردنی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیران كە كەسایەتییەكی سیاسی میانڕەو و رۆشنبیر و دۆستی كوردەو پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ سەركردایەتی سیاسیی كوردستان هەیە، كورد دەرفەت و هەلێكی بۆ دەرەخسێت كە بتوانێت مافەكانی بەدەست بهێنێت و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا بدات.
* وەكو ئەوەی لە هەندێك پەرلەمانتاری یەكێتی و لایەنەكانی دیكە گوێبیستی دەبین، ئەوەیە كە بۆ خۆنزیككردنەوە لە فراكسیۆنە عەرەبییەكان و دەستكەوتی تەسكی حزبایەتی، دژایەتی خیتابی كوردستانی دەكەن و پاكانە بۆ ریفراندۆم دەهێننەوە بەوەی ئەوان دژی بوون، ئەمەش خەریكە دەبێتە خیتابێكی بێشەرمانەی كورد لە بەغدا، ئایا تاچەند ئەم خیتابە بێ شەرمانەیەی ئەو لایەنانە كاری ئێوەی قورس كردووە؟
- ئێمە لەماوەی ئەم مانگەدا كە وەكو ئەندام پەرلەمان لە بەغداین لەهەوڵی ئەوەداین پەیوەندی و گفتوگۆ لەنێوان لایەنە جیاجیاكانی عێراقدا دروست بكەین، وەكو ئاشكرایە یەكێتی یەكێكە لەو لایەنە كاریگەرانەی كە بەشداری ریفراندۆمی كرد، كەچی ئێستا خۆی لەو پرۆسە دیموكراتی و رەوایە دەدزێتەوە، لەكاتێكدا ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە شانازییەوە ریفراندۆمچین و بەردەوامیش بیری عێراق دەخەینەوە كە ئەگەر رازین بە بنەمای تەوافوق و شەراكەت و تەوازن ئەوا لەگەڵیان دەبین بۆ بونیادنانی عێراقێكی دیموكراتی و ئاوەدان و بۆ بەرژەوەندی هەموو عێراق و مافی رەوای گەلی كوردستان تێدەكۆشین، رێگای دووەمیش ئێمە لە عێراق دەربچین و بچینە هەرێمی كوردستان و دژایەتی و دوژمنایەتی و ململانێی یەكتر بكەین و پێشێلی دەستوور بكەین، كە ئەمە دژی هەموو خەڵكی عێراقە و بۆی هەیە لە بەرژەوەندی كوردستانیش نەبێت، بۆیە هەرچی داواكاری و مافی گەلی كوردە دەیخەینە بەر دەست لایەنی عەرەب، تاوەكو لەچوارچێوەی دەستووردا جێبەجێی بكەن، ئێمە وەكو پارتی هەرگیز پاشەكشە لە ئەنجامی ریفراندۆم ناكەین، چونكە ریفراندۆم بڕیارێكی خەڵكی كوردستانە و بە رێژەیەكی زۆر خەڵكی بەشداری تێدا كردووە و بۆتە فاكتەر و دۆكۆمێنتێكی نەتەوەیی لە بەردەستی كورددا، باشە لە كاتێكدا ریفراندۆم بەهەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان پرۆسەیەكی رەوایە بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسینی هەموو نەتەوەو گەلێك و لە هەموو دنیادا رێگەپێدراوە، ئیتر بۆچی ئینكاری بكەین؟ ئێمە لە عێراق جیانەبووینەتەوە، تەنیا پرسیارمان لە میللەتی كورد و كوردستان كردووە لە چوارچێوەی عێراق بمێنینەوە، یاخود دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دەوێت.
* ئێستا پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق دەستی پێكردووەو لایەنە كوردستانییەكان هەر هەموویان چاویان لەوەیە لەسەر بنەمای حزبی پشكیان بەركەوێت، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە لایەنی كوردستانی دەبێت وەكو پشكی كوردستان دانوستان بۆ بەشداری لەحكومەت بكات، كەچی لەئێستادا وەكو پشكی حزبی دانوستان دەكرێت، ئایا تاچەند ئەم حاڵەتە كاریگەری لەسەر پشكی بەشداریی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا دەبێت؟
- یەكێتی هەنگاوی تاكلایەنانەی ناوەو بە پاڵپشتی عەرەبی شۆڤێنی سوننە و شیعە كاری كردو گوێی بە دەنگی زۆرینەی كورد نەدا لە دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار، ئەمە عورفێكی سیاسی لە كوردستان و عێراق تێكدا، تا ئێستاش یەكێتی لەپێناو وەرگرتنی پۆست و پلەو پایە بە پاڵپشتی شۆڤێنییەكان دوور لە بەرژەوەندی مافە رەواكانی گەلی كورد و كوردستان كاردەكات، پێویستە و ئێستا دەبێت یەكێتی لە پاكێجێكی تر هەوڵبدات و بێتە لای پارتی دانوستان و گفتوگۆ بكات بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتییەك دروست بكەن، بەڵام یەكێتی ئەمە ناكات و تەنیا دوای بەرژەوەندیی تەسكی حزبی خۆی كەوتووە.
* ئایا ئەم سەفقەیەی یەكێتی لەگەڵ شۆڤێنییە عەرەبییەكاندا بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمارو لادان لە هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی بە پاڵپشتی و دەستتێوەردانی دەرەكی بەتایبەت لەلایەن ئێرانەوە وەكو سزادانێكی گەلی كوردستان ئەنجام دراوە؟
- یەكێتی پەیوەندی پێشینەی لەگەڵ ئێران هەیە، ئەگەر رۆڵیشی هەبووبێت، رۆڵێكی كاریگەر و فشار نەبووە، بە راو بۆچوونی من ئێران هیچ پەیوەندییەكی لە سەر كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح نەبووە، ئێران نایەوێت جەنابی سەرۆك بارزانی بكاتە نەیار و دوژمنی خۆی.
* وەكو ئاشكرایە دانانی بەرهەم ساڵح لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارە عەرەبە شۆڤێنی و سوننەكانەوە بۆ لێدان لە خیتابی كوردستانی و تێكدانی نێوماڵی كورد بووە، ئەمە چ كاریگەرییەكی لەسەر چارەنووسی ئایندەی گەلی كورد لە چوارچێوەی عێراقدا دەبێت؟
كاندیدكردنی دكتۆر بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ رازیكردنی بوو، تاوەكو بگەڕێتەوە ناو یەكێتی، دواتریش عەرەبە شۆڤێنییەكان باش دەزانن كە یەكێتی و بەرهەم ساڵح ساڵانێكی زۆرە نەفەسی عێراقچێتییان هەیە، هەموو ئەندام پەرلەمانەكانی عێراق بەرهەم ساڵحیان دەناسی كە پێشتر لە بەغدا پۆستی جیاجیای هەبووە و لە عەرەبەكان نزیك بووە و وتار و هەڵسوكەوتەكانی عێراقچێتی بووەو دوور لە هاوبەشیی پێكهاتەی كورد لەعێراق كاری كردووە و بۆ بەرژەوەندی خۆی لەماوەی هەشت ساڵدا پەیوەندی ژێربەژێری لەگەڵ زۆر لە كەسایەتی سیاسی و عەشائیر و خەڵكی عەرەب هەبووە، هەربۆیە ئەمە هیچ سەركەوتن نەبوو بۆ بەرهەم ساڵح و یەكێتی، تەنیا شكاندنی عورفی یەكڕیزی و یەكگوتاری لایەنی كوردی بوو لە بەغدا، ئەوان نەك بەرهەم ساڵح هەر لایەنێكی دیكەیان دەستبكەوێت، كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی باڵای گەلی كورد بگەیەنێت، دەنگی پێ دەدەن و دەڵێن ئەمەیە نوێنەری كورد بە هاوشێوەی سەدام حوسێن كە تەها محێدین مەعروف و تەها یاسین رەمەزان لە حكومەتی بەعس بەشدار دەكردو هیچ كارێكیان بۆ مافە راواكانی گەلی كوردستان نەدەكرد.