بەشار كيكی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەرەسەندنێكی مەترسیدار بوو
October 9, 2018
دیمانەی تایبەت
هەمیشە باس لە گرنگیی یەكڕبزی و یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردییەكان دەكرێت لە بەغدا بۆ ئەوەی بتوانن لە پێگەیەكی بەهێزەوە كار لەسەر دەستەبەركردنی مافەكانی كورد بكەن و رۆڵی چاوەڕوانكراوی خۆیان ببینن، بەڵام هەر لە سەرەتای خولی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا وا دەردەكەوێت ئاستەنگ بۆ ئەم یەكڕیزییە دروست بووبێت، ئەم پرسە و رەوشی سیاسیی عێراق و رۆڵی كورد تێیدا لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشار كبكی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان تاوتوێ كران.* لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی سیاسیی ئەمجارەی عێراق تازە دەستی پێكردووە، بەڵام هەر سێ سەرۆكایەتییەكە دانران، ئایا بەشێوەیەكی گشتی چۆن سەیری پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەكەیت و بەرەو كوێ هەنگاو هەڵدەگرێت؟
- ئەگەر پرۆسەی سیاسی وا بڕوات دەرئەنجام كەموكورتی و كێشەی تێدەكەوێت بەتایبەت بۆ كورد، ئەم حاڵەتە بەجوانی دەركەوت لەكاتی یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كە دوور بوو لە تەوافوق و دەنگدانێك كە بە راستی پۆستەكە بۆ كورد بێت، بەمەش تەواوی پرۆسەكە تێكدراو بە رێكاری سرووشتیی خۆیدا تێپەڕ نەبوو، ئەمەش كاریگەری لەسەر كۆی پرۆسە سیاسییەكەی عێراق دەبێت، چونكە یەكەم ئەو عورفە تێكدرا كە پۆستەكە بە رێكاری خۆیدا بڕوات و بۆ كورد بێت، هەروەها لایەنی دووەمیش ئەوەیە كە چۆن دەبێت كەمینەیەك لەناو كورد بەپێچەوانەی عورفی سیاسی و پرۆسەی دیموكراتی نوێنەرایەتی زۆرینەی كورد بكات؟ چونكە ئەو كەسە هەرگیز ناتوانێت فاكتەرێكی كاریگەر بێت لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، یاخود نوێنەرایەتیی كورد بكات لە بەغدا، ئەمەش لەلای ئێمە قابیلی قبووڵ نییە.
* وەكو ئاماژەت پێدا عورفی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لەدوای 2003 بەو جۆرە بووە كە هەرسێ پۆستی سەرۆكایەتیی (كۆمار و پەرلەمان و وەزیران) لە نێوان هەرسێ پێكهاتەی سەرەكیی (كورد و شیعە و سوننە) دابەش بكرێت، بەڵام لە پرۆسەی ئەمجارەدا هەندێك گۆڕانكاری بەسەردا هات و زیاتر پرسەكان لەناو پەرلەمان یەكلاكراوەتەوە، ئایا تاچەند ئەم گۆڕانكارییانە جێگەی سەرنجە و ئێوە چۆن سەیری ئەم گۆڕانكارییە دەكەن؟
- كاتێك لە عێراقدا هەوڵێك هەبێت بۆ بێبەشكردنی زۆرینەی كورد لە پۆستێكی سیادی، ئەمە گۆڕانكارییەكی مەترسیدارە لەسەر كۆی پرۆسە سیاسییەكە و كاریگەری دەبێت بێبەشكردنی كورد لەمافە دەستووری و یاساییەكانی، چونكە ئەوان دەچن خەڵكانێك دەهێنن بۆ ئەوەی هەموو داوا رەواكانی خەڵكی كوردستان داواكاریی رواڵەتی بن. باشە كە دكتۆر بەرهەم دوو كورسیی هەیە و نیوەی حزبەكەی لەگەڵ نییەو بە زۆرینەی دەنگی كورد دانەنراوە، ئیتر چۆن دەتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانە كە 15 ساڵە لەنێوان بەغداو هەولێر هەیە؟ دەبووایە پەرلەمانتارانی یەكێتی لە پەرلەمان ئەمەیان قبووڵ نەكردایە كە دكتۆر بەرهەم بەدەر لە زۆرینەی دەنگی كورد بچێتە ناو قووبەی پەرلەمان، تەنانەت دەبووایە یەكێتیش ئەمەی قبووڵ نەكردایە، بگرە پێویستە بو سوننە و شیعەش ئەمە قبووڵ نەكەن، چونكە سوننە و شیعە دەبووایە لەگەڵ زۆرینەی كوردو ئیستحقاقاتی كورد هەڵسوكەوتیان بكردایە، كە بە گوێرەی ئیستحقاق پۆستی سەرۆك كۆمار مافی كوتلەی گەورەو زۆرینەی كورد بوو كە پێویستە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان بكەوتایە، كە بەپێچەوانەی ئەمەشەوە هەڵسوكەوت كرا، واتا گەڕاینەوە بۆ سەردەمانی كۆن كە كابرایەكیان بە ناوی كوردەوە دەهێناو دەیانكردە جێگری سەرۆك كۆماری عێراق، یاخود جێگری سەرۆك وەزیران، گوایە ئەم كەسە لە حكومەتی بەعسی عێراقدا نوێنەرایەتی كورد دەكات، بەڵام ئەوانەی نوێنەرایەتی كوردیان بەشێوەی راستەقینەو دیموكراتی و زۆرینە دەكرد، پشتگوێ دەخران، هەر بەم شێوەیەش دكتۆر بەرهەم چارەسەری كێشەی نێوان عێراق و هەولێر ناكات.
* باشە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا كە پشكی كوردە دەبوو كاندیدەكە بە بژاردەی نوێنەرانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بێت، بەڵام یەكێتی نیشتمانی نەیهێشت لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەڵبژێردرێت و راستەوخۆ پرسەكە برایە ناو پەرلەمان، ئایا ئەو ئالیەتەی ئەمجارە سەرۆك كۆماری پێ هەڵبژێرا، لەگەڵ عورفی سیاسی و پرۆسەی سیاسیی عێراق لەدوای 2003 یەك دەگرێتەوە؟
- وەكو ئاماژەم پێدا ئەم هەنگاوەی دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆماری عێراق دوور بوو لە عورفی سیاسییەوە، ئێمە لە بەرامبەر دوو ئاراستەدا بووین، ئاراستەیەكیان ئێمە كاندیدێكمان دەستنیشان بكردایە كە دەنگی زۆرینەی كوردی لەناو هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان لەسەر بێت، كە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە، یاخود كاندیدێك بێتە پەرلەمان بەدوور لە زۆرینەی دەنگی كوردی، لەمەدا پارتی دیموكراتی كوردستان لە خولەكەكانی دواییدا دەیویست كات دەستەبەر بكات، تاوەكو پارتی بە زۆرینەی دەنگ كاندیدەكەی بێنێتە ناو پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی ئەو عورفە سیاسییەی لەنێوان پێكهاتەكاندا لە عێراق هەیە، نەشێكێندرێت، هەر بۆیە پارتی پێداگری كرد لەسەر پابەندبوون بەو عورفەی پێشووەوە بەوەی كورد خۆی نوێنەری خۆی دەستنیشان بكات و دواتر لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت، ئەو كاتە سوننە و شیعەش ئەوە رەچاو بكەن كە نوێنەرو كاندیدی كورد هەڵبژێرن، بەڵام ئەوەی روویدا تێكدانی ئەم رێكارە بوو، چونكە بەرهەم ساڵح لە ساڵی 2014وە چاوی لەوە بووە ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق، ئەوە بوو برادەرانی یەكێتی نیشتمانیش ئەو بارودۆخەیان دروست كرد كە بینیمان، چونكە یەكێتی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و كارەساتی كەركووك تووشی رەوشێكی خراپ و سەخت بوو و نەیتوانی وەڵامی خەڵكی كوردستان بداتەوە، تەنانەت نەیانتوانی لە پرۆسەی پاراستنی نیشتمان و ئارامیی كەركووك سەركەوتوو بێت.
* ئەم هەنگاوەی یەكێتی بۆ خۆدوورخستنەوە لە رای فراكسیۆنە كوردستانییەكان جارێكی دیكە بۆنی ئەوەی لێ دێت كە یەكڕیزیی نێوان پارتی و یەكێتی درزی تێبكەوێت، ئایا ئەگەر ئەو درزە بكەوێتە نێوان پارتی و یەكێتی تاچەند كاریگەری لەسەر پشكی كورد لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا دەبێت؟
- لەسەر ئاستی فراكسیۆن بۆ هەڵسوكەوتكردن لەسەر بارودۆخەكە چاوەڕوانی رێنمایی و بڕیارەكانی پارتی دەكەین، كە بە تەئكید دیراسەتێكی وردی بارودۆخەكە دەكرێت، ئێمە دوژمنمان نییە، بەڵام پێویستە بزانین كێ دۆستمانە و كێ دۆستمان نییە، چونكە هەندێك كەس دۆستمان نین، لە ئەزموونی پێشوودا ئێمە هۆكاری سەركەوتنی پێكهێنانی سەرۆكایەتی پەرلەمان بووین و دەمانویست ئەمجارەش بەهەمان شێوە هۆكار بین بۆ دەستنیشانكردن و كاندیدكردنی سەرۆك كۆمار. سەبارەت بە سەرۆك وەزیران بە تەئكید پارتی دەستی تێدا نییە، چونكە ئێمە دەمانویست بە فاكتەرێكی یەكگرتوو ئەو بابەتە پێكبهێنین، بۆیە نەچووینە ژێر باڵی هیچ كوتلەیەكی گەورەی پەرلەمانی، ئێمە كێشەی مەزهەبیمان نییە، بەڵكو كێشەی نەتەوەییمان هەیە و كار بۆ پاراستنی مافەكانی نەتەوەییمان دەكەین، لەمەشدا ئەركی سەرشانمانە پلەو پۆستی سیادی و سیاسیش بپارێزین تاوەكو لەو رێگایەوە ئەو ئامانجە نەتەوەییە دەستەبەر بكەین و جارێكی دی كەس نەیەت و بڕیار لەدژی كورد بدات، ئەم هەفتەیە لە هەولێر دەبین تاوەكو بزانین سەركردایەتیی ئێمە چ بڕیارێك دەدات. پارتی وەكو فاكتەرێكی بەهێزی ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراق هەر دەمێنێت، هەموو كوتلە و خەڵكە سیاسییەكەش باش دەزانێت لەناو عێراق و كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان رۆڵ و پێگەو بڕیاری خۆی هەیە، ئەوان بە فەرزكردنی سەرۆك كۆمار ناتوانن چییان بوێت لەدژی كورد فەرزی بكەن، پارتی خاوەن دۆزێكی رەوای خەڵكی كوردستانەو لەناو ئەو ستراتیژییەتەدا كار دەكات و ئەو ئیجرائاتانەی گرتیانەبەر بۆ هەڵبژاردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار قابیلی قبووڵ نییە، چونكە ئەو كارو رێكارانە مەترسی لێدەكەوێتەوە لەسەر یەكڕیزیی كورد، ئێمە گلەییمان لە برادەرانی یەكێتی و كوتلەی دیكەش هەیە، چونكە ئەم مەسەلەیە تەنیا تایبەت نییە بە پارتی، بۆ دەبێت تەنیا پارتی داوای یەكڕیزیی نێوماڵی كوردو خەمخۆرو دڵسۆزی ئەو یەكڕیزییە بێت؟
* ئێستا عادل عەبدولمەهدی وەك كاندیدی لیستی فەتح و سائیرون راسپێردراوە بۆ ئەوەی كابینەی حكومەت پێكبهێنێت، بۆ ئەمەش لەگەڵ لایەنەكان و پێكهاتەكان دەست دەكات بە دانوستاندن بۆ ئەوەی بەشداری لە حكومەتدا بكەن، ئایا كورد لەم حكومەتەدا پشكەكانی چۆن دەبێت و چۆن لەنێوان لایەنە سیاسییەكان دابەش دەكرێت؟
- ئەم بابەتە لە دیراسەتدایە، بەڵام رای شەخسی خۆم ئەوەیە مادام نەفەسی لەبەرچاونەگرتنی راوبۆچوونی زۆرینەی كورد هەیە، كەواتە دەبێت هەڵوەستە بكەین و بەئاسانی بەشداری لە پێكهێنانی حكومەتی تازەی فیدڕاڵی نەكەین.
* هەندێك لە چاودێران پێیانوایە حكومەتی داهاتووی عێراق حكومەتێكی بەهێز نابێت، ئەو مەزەندەیە لەسەر چی هاتووە كە بەهێز نابێت؟ ئایا ئەگەر بەهێز نەبێت و نەتوانێت ناوچە كاولكراوەكانی وەك نەینەواو ئەنبارو دیالە ئاوەدان بكاتەوەو خزمەتگوزاری پێشكەشی هاووڵاتیان بكات، تاچەند مەترسیی ناسەقامگیريی سیاسی و فەشەلیی حكومەتەكە دەكرێت؟
ئێمە وا بەئاسانی ناچینە حكومەتێكەوە رەچاوی مافەكانی كوردو كوردستانی تێدا نەكرێت، ئەمەش زەمانەتی زۆر روون و ئاشكرای دەوێت. لەلایەكی ترەوە بەهیچ شێوەیەك پێشبینی ناكەین ئەو حكومەتە تازەیەی عێراق كە دروست دەكرێت، بەهێز بێت و لەو ئاستەدا بێت بتوانێت شاروشارۆچكە وێرانكراوەكانی وەكو دەشتی نەینەواو شاری موسڵ و ئەنبارو.. تادوایی ئاوەدان بكاتەوە، هەروەها لەئاستی پێویست نابێت بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفت و كێشە ئیداری و خزمەتگوزارییەكان، چونكە حكومەتێك بەرنامەیەكی سیاسی روون و ئاشكرای نەبێت و سەرۆك وەزیران بەرنامەی خۆی پێشكەش نەكردبێت، بە تەئكید حكومەتێكی سەركەوتوو نابێت لەسەر داواكارییەكانی خەڵك و گەلی عێراق و كوردستان.