حاكم ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: ستراتیژیەتی دژایەتیكردنی گەندەڵی لە كوردستاندا گەڵاڵەكراوەو رەزامەندی لەسەر دراوە و ئەنجومەنی باڵاشی بۆ پێكهێنر

حاكم ئەحمەد ئەنوەر   سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:  ستراتیژیەتی دژایەتیكردنی گەندەڵی لە كوردستاندا گەڵاڵەكراوەو رەزامەندی لەسەر دراوە و ئەنجومەنی باڵاشی بۆ پێكهێنر
بەشێك لە كەیسەكان یەكلا كراونەتەوە كە ژمارەیان 50 بۆ 60 كەیس دەبێت و هەندێكیان بەهۆی نەبوونی بەڵگە داخراون
بەشێك لە كەیسەكان یەكلا كراونەتەوە
كە ژمارەیان 50 بۆ 60 كەیس دەبێت و هەندێكیان بەهۆی نەبوونی بەڵگە داخراون


نەهێشتنی گەندەڵی و خۆپاراستن لەگەندەڵی پێویستە لە ریزبەندی پێشەوەی كارەكانی هەموو حوكمڕانییەكی باش بێت، لەم روانگەیەوە لە هەرێمی كوردستان دەستەی دەستپاكی دامەزراوەو لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پاڵپشتی و ئاسانكارییەكی باشی بۆ كراوەو دەكرێت، هەر لەو پەیوەندییەدا گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی حاكم ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان كردووە، كە لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.

* دەستەی دەستپاكیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ماوە كەمەی دامەزراوە تاچەند توانیوێتی رێكاری پێویست بگرێتەبەر بۆ خۆپاراستن و دژایەتیكردنی گەندەڵی؟ ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان تاچەند پاڵپشتی و كارئاسانی پێشكەش كردوون؟
- دەزگای دەستەی دەستپاكی بە یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2011 لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان دامەزراوەو لە پەرلەمانیش لە ساڵی 2013 سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەڵبژێردرا، بەمەش دەستەكە دەسەڵاتی یاسایی هەیەو هەموو ئەرك و چالاكی و دەسەڵات و پێكهاتەكەی بۆ دیاریكراوە. پرۆسەی دامەزراندنەكەش كەوتە نێوان كابینەی حەوت و هەشتی هەرێمی كوردستان كە هاوكات بوو لەگەڵ بڕینی بودجە لەلایەن حكومەتی مەركەزی بەغداوە، كە بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی، بڕینی بودجەكەش لە قۆناغێكی سەخت و دژواردا بوو، كە هاوكات بوو لەگەڵ شەڕی داعش و هاتنی بەلێشاوی ئاوارەو پەناهەندەو دابەزینی نرخی نەوت و چەندین گرفت و كێشەی دیكە، كە هەر هەمووی دۆخێكی دژواری لێكەوتەوە. واتا دەستەی دەستپاكی لەناو جەرگەی بارودۆخێكی دژوارو سەختدا دەست بەكاربوو، لەلایەك بودجە و توانای لەبەردەستدا نەبوو، لەلایەكی دیكەوە نیوەی ئەو هۆبە و بەشانەی لە پەیڕەوی ناوخۆدا ئاماژەی پێكراوە، دانەمەزران، تەنانەت ژمارەی لێكۆڵەرمان زۆر كەمە، بە رادەیەك لە سەرجەم پارێزگاكانی كوردستان ژمارەی لێكۆڵەرەوەكانمان ناگاتە 13 لێكۆڵەر، ئەمە لەكاتێكدا لە كوردستان پێویستمان بە 50 بۆ 70 لێكۆڵەر هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و بەو ماوە كەمە و بەو توانا سنووردارەی بەردەستمان توانیمان كاروچالاكی گەورە ئەنجام بدەین، كە رەنگە لە وڵاتانی دیكەی پێشكەوتوودا نەتوانرابێت بەم ماوە كەمە و توانا داراییە نزمە ئەو هەموو كاروچالاكییە ئەنجام بدرێت. سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەشتان ئاشكرایە كە كاروچالاكیی سەرەكیی ئێمە دژایەتیكردنی گەندەڵییە؛ راستە تا ئێستا دژایەتیكردنی گەندەڵی لە كوردستاندا نەبووەتە ریزبەندی ژمارە یەكی كارەكانمان، چونكە لە 2014 تا ئەمڕۆ ئەولەوییەت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و پێدانی مووچە و رانەوەستانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و پاراستنی كوردستان لە تیرۆریستانی داعش بووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لەو ماوە كەمەدا كارو چالاكیی زۆر گەورەمان ئەنجام داوە، بۆ ئەم مەبەستەش بەچەند ئاراستە كارمان كردووە، كە گرنگترین ئاراستە هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەیە لە رێگەكانی كۆڕو سیمینارو خول و دەزگاكانی راگەیاندن و پڕۆگرامەكانی خوێندن، بڕیاریش بوو لەگەڵ رێكخراوی UNDP دەستپاكی و دژە گەندەڵی بخرێتە ناو پڕۆگرامەكانی خوێندن بۆ پۆلەكانی (1) تاكو (10) بنەڕەتی، بەداخەوە ئەم پرۆژەیەی دەستپاكی بەهۆی نەبوونی 150 ملیۆن دینار پەكی كەوت. ئەوەی پەیوەست بێت بە پرۆسەی خۆپارێزی كە ئاراستەی دووەمی كاركردنی دەستەكەمانە، پێویستمان بەوە هەیە كە دەبێت كار بۆ بنبڕكردنی هۆكارو ژینگەی دروستبوونی گەندەڵی بكرێت، بۆ ئەمەش پێویستیمان بەوە هەیە رێكاریی خۆپارێزی بگرینەبەر كە لە بەندو بڕگەكانی رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بوونی هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی عێراق لەساڵی 2007 بە یاسایەك چووەتە ناو رێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دژایەتی گەندەڵی، بەمەش ئەم رێككەوتننامەیە بۆتە بەشێك لەیاساكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.
* كەواتە لەو ماوە كەمەدا توانیوتانە دەستنیشان و لێكۆڵینەوە لەسەر زۆرترین كەیسی گەندەڵی بكەن، ئایا ئەمە ناچێتە ناو بواری چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە؟
- ساڵانە ژمارەیەكی زۆر كەیسمان تۆماركردووەو لێكۆڵینەوەمان تێدا كردوون و رەوانەی دادگامان كردوون و بەشێك لە كەیسەكان یەكلا كراونەتەوە كە ژمارەیان 50 بۆ 60 كەیس دەبێت و هەندێكیان بەهۆی نەبوونی بەڵگە داخراون و چەند كەیسێكیش بەم دواییە بەر لێخۆشبوونی گشتی كەوتن. واتە لە سێ ساڵی رابردوودا لە سەرووی 400 كەیس هەبووە كە لێكۆڵینەوەی تێدا كراوە، بەمەش بەراورد بەو توانا كەمەی هەمانبوو، سەرەتایەكی باشەو دەكرێت بكرێتە بەردی بناغە بۆ داهاتوو. خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە بەنیازین لە داهاتوودا پێشنیار بۆ ئەنجومەنی دادوەری بكەین كە دوای ئەوەی خۆیان رێكخستۆتەوە و دوای ئەوەی ژمارەیەك دادوەر لە دادگای تەمییز دامەزران و ژمارەیەكیش خانەنشین بوون كە دادگایەكی تایبەتمەند دابمەزرێت بۆ كەیسەكانی گەندەڵی هاوشێوەی بەغدا، چونكە ئەگەر ئەم كەیسانە بچنە دادگانی دیكە، ئەوا یەكلاكردنەوەیان زۆر دوادەكەوێت. بەشێوەیەكی گشتی دەستەی دەستپاكی هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بووە لەسەر ئەو پرۆسە چاكسازییەی دەستی پێكردووە، بەتایبەتی لە كەیسی كەموكورتی لە بەرزكردنەوەی نایاسایی پلەی فەرمانبەران و ئەوانەی لە پلەباڵاكانن، وەكو پلەی وەزیر خانەنشین كراون، بێ ئەوەی وەزیر بووبن كە ئێستا 464 كەسمان لەوانە لەبەردەستدایە. ئێستاش لەگەڵ ژمارەیەك لە لایەنەكانی دیكە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانین لە زۆر بواری بایۆمەتری و كۆكردنەوەی داتاو زانیارییەكان و بوارەكانی ژینگە و دامەزراندن و شێوازی ئیشكردن و كەمكردنەوەی رۆتین و لێكۆڵینەوە لە پاڵاوگە نایاساییەكان، بۆ نموونە لەم بوارەدا هاوكاری دەستەی ژینگە بووین و لەكۆتاییدا تەنیا 28 پاڵاوتگە دەمێنێتەوە كە كۆمەڵێك مەرجی ژینگەییان تێدایە، هەروەها ئێمە لە ساڵی 2015 بە نووسراوی فەرمی داواكاریمان هەبووە بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان، چونكە كوردستان پێویستی بە 9-10 وەزارەتە، ئەوەتا وڵاتێكی وەكو فەرەنسا كە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشە و بەو قەبارە گەورەیەو ژمارەی دانیشتووان و بودجەیەكی زەبەلاحەوە تەنیا نزیكەی 15 وەزارەتی هەیە.
* ئاشكراكردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان بە یەكێك لەو رێكارانەی خۆپاراستن دادەنرێت لەبەرامبەر گەندەڵیدا؛ ئایا تاچەند توانراوە ئەم رێكارە لە رووی پراكتیكییەوە جێبەجێ بكرێت؟
- خۆشبەختانە لەم بوارەدا توانیمان رێنمایی ئاشكراكردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان لە یاسا دەربكەین و یەكەمین كاری دەستەكەشمان بوو كە لەمانگی 3ی 2014 پرۆسەی ئاشكراكردنی سەروەت و سامانی بەرپرسانی باڵامان دەست پێكردو فۆرممان بەسەر هەموو ئەو بەڕێزانە دابەشكرد كە یاساكە بە پۆست ناوی هێناوە؛ كە هاتووە بەرپرسە باڵاكانی هەرێم بە سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی و وەزیرە بەڕێزەكان و جێگرەكانیان و پەرلەمانتاران تاكو ئەوانەی بە پلەی جێگری بەڕێوەبەری گشتی دامەزراون، بەشێوەیەكی بەردەوام و لەسەر داوای سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دەبێت سەروەت و سامانی خۆیان ئاشكرا بكەن.
* ئەی لە بواری رەفتاری وەزیفییەوە چیتان كردووە، بەتایبەتی كە زۆربەی جار گلەیی و گازندەیەكی زۆر لەسەر رەفتار و هەڵسوكەوتی ئەو كەسانە هەیە كە فەرمانبەرن، یاخود پۆستێكی باڵایان هەیە؟
- پێوەرێكی جیهانی هەیە بەوەی كە فەرمانبەر چۆن كار دەكات و ئەركەكانی چۆن جێبەجێ دەكات ؟ بۆ ئەم مەبەستە چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام داو بە سوودوەرگرتن لەو رێنماییانەی لە 2011 لەلایەن لێژنەی دەستپاكی و حوكمڕانیی باش لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچووبوو، تونرا رێنماییەك دەربكەین و فەرمانبەر پابەند دەكات بە كۆمەڵێك رێنمایی تایبەت بە هەڵسوكەوت و ئیشوكاری دڵسۆزانە و بێلایەنانەی كاركردنی. هەروەها رێنماییەكی دیكەمان لەبەردەستدایە كە پێی دەوترێت بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكان، بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكان لەكوردستان و عێراق یەكجار زۆرە، بەتایبەتی بۆ ئەو فەرمانبەر و بەرپرسانەی كە لە شوێنێكی حكومەت كار دەكەن و لەشوێنێكی تایبەت خۆی یاخود كەسێكی نزیكی كاردەكات، كە لە زۆر وڵات وەكو ئوردن ئەمە بەیاسا كراوەتە تاوان. هەروەها زۆر رێگای دیكەش هەن بۆ خۆپارێزی، بەڵام بەهۆی سنوورداربوونی توانای ماددی ئێمە و بەهۆی هاوكارینەكردنی دەزگاكانی راگەیاندن نەمانتوانی هەڵمەتێكی گەورە بكەین و ئێمە دروشمەكانی خۆمان لە رێی «سی دی»یەوە دایە كەناڵە ئاسمانییەكان، بەڵام بەداخەوە هیچ دەزگایەك ئامادە نەبوو بڵاویان بكاتەوە، بەڵام ئەگەر بێتو پێیان بڵێین كۆنگرەیەكی رۆژنامەنەوانیمان هەیەو زانیاری دەخەینەڕوو، ئەوا رەنگە هەموو ئەو دەزگایانە ئامادە بن.
* سەركەوتنی هەر كارو پرۆژەیەك پێویستی بە ستراتیژییەتێك هەیە، ئایا ئێوە لە دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان لەسەر چ ستراتیژییەتێك كار دەكەن؟
- ئێمە بە هاوكاریی دەزگای وێستمنیستەری بەریتانی ستراتیژیەتی كوردستانمان بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی ئامادە كردووە و لە ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەند كراوە، لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە لێژنەیەكی بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی و ژمارەیەكی دیكەی ئەنجومەن و لایەنە پەیوەندارەكان دامەزراوە. وەكو لە سەرەتای قسەكانمدا ئاماژەم پێدا بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش پرۆسەی دژایەتیكردنی گەندەڵییەكە دواكەوتووە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە كار نەكراوە، چونكە پرسی دژایەتیكردنی گەندەڵی پرسێكی نیشتمانییەو هیوادارین ئەگەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دوانەخرێت، لەكابینەی نوێی حكومەتدا دژایەتیكردنی گەندەڵی وەكو پرسەكانی دیكەی باشكردنی باروگوزەرانی خەڵك و پاراستنی كوردستان ببێتە ریزبەندی پێشەوەی كارەكانی حكومەت، هەروەكو چۆن لەگەڵ دەزگاكانی تری چاودێری دەستەی دەستپاكی هاوكارو هەماهەنگ بووە بۆ دەستنیشانكردنی گەندەڵی و لێكۆڵینەوە لە كەیسەكان، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بەرەو كاروانی دژایەتیكردنی گەندەڵی لەكوردستاندا، چونكە تاوانی گەندەڵی بە هاوشێوەی تاوانی دزین و كوشتن لەگەڵ مرۆڤایەتیدا هەر دەمێنێت، بەڵام پێویستە رێژەو شوێنەوارەكانی كەم بكرێتەوە و تاوانباران سزا بدرێن و سەرجەم پرۆسەكەش پێویستی بە ئەرك و ماندووبوونی زیاتر هەیە.
Top