ماجید شنگالی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ گوڵان: بە بێ پارتی و بارزانی گەڕاندنەوەی شنگال بۆ سەر هەرێمی كوردستان مومكین نییە

ماجید شنگالی   ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ گوڵان: بە بێ پارتی و بارزانی گەڕاندنەوەی شنگال بۆ سەر هەرێمی كوردستان مومكین نییە
كوردانی ئێزیدی وەكو سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان چاوەڕوانن لەم خولەی نوێی پەرلەمانی عێراقدا كۆتایی بە دۆخی عەسكەرتاریەت و داگیركراوی ناوچەكانیان بهێنرێت و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و دواگۆڕانكارییەكان لە هاوكێشەی عێراقدا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی ماجید شنگالی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی كرد. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی عێراقدا چ كاریگەرییەكی لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق دەبێت؟ ئایا هاوكێشەكان هیچ گۆڕانكارییەكیان بەسەردا دێت؟
- لە 12/5/2018 پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد، كاتێك لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقدا توانی 25 كورسی بەدەست بهێنێت و دوو كورسیی كۆتاش بەدەست هات، كە ئەمە دەكاتە 27 كورسی، كە دەبێت لەبەرامبەر ئەمەدا پارتی پۆست بەدەست بهێنێت. كەواتە وەك ئاماژەم پێ دا، مادام پارتی دیموكراتی كوردستان لەچاو حزبە كوردستانییەكانی دیكە و تەنانەت حزبە عێراقییەكان زۆرترین دەنگەكانی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق بەدەست هێناوە، وەكو ئیستحقاقی بەدەستهێنانی زۆرترین كورسیی هەڵبژاردن دەتوانێت زۆرترین پۆست بەدەست بهێنێت، ئەمەش مافێكی ئاسایی و سرووشتییە بەتایبەتی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەیتوانیوە لە سێ خولی رابردوودا لە پۆستس سەرۆك كۆماری رۆڵێكی ئەوتۆ بگێڕێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم. لەگەڵ ئەوەشدا هەموومان لەسەر ئەوە كۆكین كە دەستنیشانكردنی یەك كەسایەتی لەلایەن كوردەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار گرنگییەكی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی كار بكات بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی كورد. بەتایبەتی داخوازی خەڵكی ئەو ناوچانەی لە كوردستان دابڕێنراون، چونكە خەڵكی ئەو ناوچانە ئیدی لە خانەقین بێت، یان دووزخورماتوو یا كەركووك و شنگال و دەشتی موسڵ، لە دۆخێكی زۆر خراپدان و تەنانەت زۆرێكیان لە نێو كامپەكان و بگرە تەنانەت لە نێو خێوەتدان.
* باسی ناوچە داگیركراوە كوردستانییەكانت كرد، ئایا تاكەی كەركووك و تەواوی ئەو ناوچانەی كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە داگیركراون، هەر وا بەداگیركراوی دەمێننەوە؟
- لە راستیدا هەموو ئەو ناوچانە بوونەتە ناوچەی سەربازی، كە ئێمەش دەزانین هەر ناوچەیەك لەژێر دەسەڵاتی عەسكەرتاریەتدا بوو، ئەوا ژیانی مەدەنی تێدا نامێنێت و بگرە كەڵكی ژیانیشی نامێنێت. لەم روانگەیەوە پارتی بە هیچ شێوەك قبووڵی ناكات ئەو ناوچە دابڕێنراوانە بۆ هەمیشە لەژێر دەسەڵاتی سەربازیدا بمێننەوە.
* دەوترێت هەموو ئەمانە كاردانەوە بوو لە بەرامبەر ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- ریفراندۆم پرۆسەیەكی سەركەوتوو بوو بۆ كورد، كە ئەم پەیامەی بە عێراق و هەموو جیهان گەیاند، هەروەها سەركەوتن بوو بۆ پارتی، لەبەر ئەوەی رابەرایەتیی ئەم پرۆسەیەی كرد. راستە حكومەتی عێراق و دەوڵەتە ئیقلمییەكان دژی وەستانەوە و راستە ئەو وڵاتانەی ئومێدی ئەوەمان لێدەكردن، پشتیوانمان بن، پاڵپشتییان لێ نەكردین، بەڵام كاتێك ئەو وڵاتانە باس لەوە دەكەن كە باشترە كورد لەگەڵ عێراقدا كار بكات، ئەوا پێویستە ئەوەشیان لەبەرچاو بێت كە دەبێت كێشە دەستوورییەكانی نێوان كوردستان و عێراق بێنەچارەسەكردن، وەك جێبەجێكردنی ماددەی 140 و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە و تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی خەڵكی عێراق سوود لە داهاتەكەی وەربگرن، بەتایبەتی خەڵكی كوردستان.
* ئەوەی پەیوەست بێت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، ئەوا ئێستا ئەو هەڵبژاردنانە كۆتاییان هاتووە و هەنگاوی داهاتوو پێكهێنانی حكومەتە، ئایا ئێوە وەكو كوردانی ئێزیدی داواكاریتان لەحكومەتی داهاتووی كوردستان چییە؟
- خەڵكانی كوردی ئێزیدی چاوەڕوانن حكومەتی داهاتووی كوردستان دابمەزرێت و ئاوڕێكی جددییان لێبدرێتەوەو دەڤەرەكەیان كە لێیان دابڕێنراوە، بۆیان بگەڕێنێتەوە و ئەو خوشكانەی ئێمە كە رفێندراون بیانگەڕێننەوە و هاوكاری خەڵكە زیانمەندەكە بكرێت.
* بەڵام هەموو ئەو داواكاری و داخوازییانەی كوردانی ئێزیدی لە شنگال و دەشتی نەینەوا ناتوانرێت لە رووی كردارەوە جێبەجێ بكرێت، تاوەكو چەكدارانی پەكەكە و حەشدی شەعبی لەو ناوچانەدا بن و تاوان ئەنجام بدەن، ئێوە چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟
- بەڵێ، لای هەمووان ئاشكرایە شنگال لەدۆخێكی زۆر زەحمەت و ئاڵۆزدایە و بگرە ململانێی نێودەوڵەتیشی لەسەرە، ئێستاش پەكەكە و حەشدی شەعبی لەو دەڤەرە بوونیان هەیە. كە من پێموایە تا ئەم هێزانە نەكشێنەوە و تاوەكو سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە نەگەڕێنەوە بۆ ئەو دەڤەرە و تاوەكو زەمینە خۆش نەكرێت بۆ گەڕاندنەوەی خەڵك و ئارامی دابین نەكرێت، ئەوا دۆخی شنگال وەك خۆی لێ نایەتەوە و ئاسایی نابێتەوە. كەواتە داخوازیی خەڵكی شنگال ئەوەیە كە پەكەكە و حەشدی شەعبی ئەو دەڤەرە جێبهێڵن و دەست بكرێتەوە بە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی هەلومەرجی ئەوە دروست بێت كە خەڵكی بتوانن بگەڕێنەوە سەر شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان. چونكە بوونی ئەو هێزانە بەتایبەتی حەشدی شەعبی رێگر و ئاستەنگ دروست دەكەن لەم رووەوە.
* باشە ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە پارتی لایەنێكی بەهێزە لە پەرلەمانی عێراقدا، ئومێد و هیواو وچاوەڕوانی ئێوە چییە لە پەرلەمانتارەكانی پارتی بۆ ئەوەی بە جددی كاری لەسەر پرسی دەڤەری شنگال بكەن؟
- ئومێدی ئێمە ئەوەیە پارتی كە پێگەیەكی بەهێزی هەیە لە بەغدا و ئامانجی ستراتیژی هەیە كاریگەری و هەوڵی هەبێت بۆ كشاندنەوەی هێزە عەسكەرییەكان، وەك حەشدی شەعبی و پەكەكە، لەو ناوچانە كە لە كوردستان دابڕێنراون، وەك خانەقین و دوزخورماتوو و كەركووك و دەشتی موسڵ و شنگال. كەواتە هیوای ئێمە ئەوەیە كە پارتی لە رێی پەرلەمانتارەكانی و لە رێی ئەو پۆستانەی دیكەوە كە وەریدەگرن، كاری جددی بكەن و بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم دەڤەرە هەوڵ بدەن، وەك گەڕاندنەوەی خەڵكەكە بۆ ناوچەكە و قەرەبووكردنەوەیان و ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكەیان.
* زۆر باس لە گرنگیی یەكڕیزیی كورد لە بەغدا دەكرێت، باشە ئێوە گرنگیی یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی لایەنە كوردییەكانی بەغدا لە چیدا بەدی دەكەن؟
- من هەمیشە ئەوەم وتووە كە ئەگەر كورد لە بەغدا یەكڕیز نەبێت، ئەمە رەنگدانەوە و كاریگەریی خراپی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، لەم ڕوانگەیەوە من بە پێویستی دەزانم كە پێداگری بكەم لەسەر ئەوەی پێویست كورد یەكڕیز بێت و لایەنە كوردییەكان لە پێناو گەشەپێدان و پێشخستنی هەرێمی كوردستاندا هاوكاریی یەكتر بكەن.
* بەڵام زۆرجار دەبینین پارتی رووبەڕووی هەڵمەتێكی ئیرهابی فیكری دەبێتەوە، ئێوە لێكدانەوەتان چییە بۆ ئەم مەسەلەیە و هۆكارەكانی بۆچی دەگەڕێننەوە؟
- لە راستیدا بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەندە بەسە كە بڵێین پارتی نوێنەری سەرەكیی میللەتی كوردە و لە سەنگەری بەرگریدایە لە دژی هەموو دوژمنانی كوردستان و هەڵگری خواستی سەربەخۆیی و گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەكانە بۆ كوردستان.
* ئێوە چۆن لە رۆڵی سەرۆك بارزانی دەڕوانن بۆ بەرگریكردن لە ناوچەكەی ئێوە و لە مافی خەڵكەكەی؟
كوردانی ئێزیدی باش دەزانن كە سەرۆك بارزانی پشتیوانی خواست و داخوازییەكانی ئەوانە و ئەو راستییەش دەزانن كە بێ پارتی و بارزانی مومكین نییە خاكی دەڤەرەكەمان بگەڕێتەوە سەر كوردستانێكی ئاوەدان.
Top