دكتۆر بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: هیوادارم ئەو دیوارە ئەستوورەی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووە لەم خولەی پەرلەماندا نەمێنێت
October 2, 2018
دیمانەی تایبەت
هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەم دواییەی عێراق گۆڕانكاری لە پەیوەندی و هاوسەنگییەكاندا دروستكرد، دوای كۆتاییهاتنی ئەو هەڵبژاردنەو پەسەندكردنی ئەنجامەكانی، هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق چڕتركراونەتەوە، ئەمانە و پرسی رۆڵی كورد لە بەغدا و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری گفتوگۆی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ دكتۆر بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانیان دایەوە.* لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی، ئەمجارە لە كاندیدێك زیاتر بوونی هەبوو، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری دووەمیشی كە بەڕێزتانن، لە خولی یەكەم یەكلایی نەبووەوە، ئایا ئەمە بە جۆرێك لە گۆڕانكاری لە قەڵەم دەدرێت، یان نیشانەی پەرتەوازەیی سیاسییە لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا؟
- هەڵبژاردنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شتێكی ئاساییە كە زۆرجار لە گەڕی یەكەم هەڵبژاردنی یەكلایی نابێتەوە، هەر بۆیە گەڕی دووەمیش لە یاساكە دانراوە، هۆكاری سەرەكیی یەكلا نەكردنەوەی لە گەڕی یەكەم تا راددەیەكی زۆر بە هۆی پەرتەوازەیی نێوان فراكسیۆنە كوردییەكان بووە، چونكە فراكسیۆنە كوردییەكان لەم مەسەلەیەدا یەكدەنگ نەبوون و هەندێ لە ئەندام پەرلەمانە كوردییەكان هەر بەئاشكرا دژایەتییان دەكردین و دەیانگوت ئێمە دەنگ نادەین و هەندێكیشیان شتی خراپتریشیان كردووە، لەوانە پڕوپاگەندەیان بڵاودەكردەوە لە دژمان دەیانگوت دەنگ بە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان مەدەن، چونكە ئەو كەسەی بۆ ئەو پۆستە كاندید كراوە، كەسێكی توندڕەوەو و دژی ئەهلی بەیتە و چەندین پڕوپاگەندەی ناڕەوای دیكەیان كردووە، خاڵێكی تریش كە بووە هۆكاری ئەوەی لەم رۆژە نەتوانرێت ئەم پۆستە یەكلا بكرێتەوە، ئەویش ئەوە بوو كە دانیشتنی ئەو رۆژە ماوەیەكی زۆری خایاند كە لە11ی بەیانی دەستی پێكرد بۆ كاتژمێر 7ی ئێوارە و ئەندام پەرلەمانەكان نانی نیوەڕۆ و ئێوارەیان نەخوارد و زۆر ماندووبوون و پڕۆسەی هەڵبژاردنەكەش بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كەوتە كاتژمێر (6،30 بۆ 7) ئێوارە بۆیە هەندێك لەو ئەندام پەرلەمانانەی كە رێككەوتنیان لەگەڵ كرابوو كە دەنگ بە ئێمە بدەن، لەهۆڵی پەرلەمان چوونە دەرەوە و گوتیان تۆ دەنگی خۆت مسۆگەرە، پێویست ناكات ئێمە زیاتر لێرە بمێنینەوە، سەرەڕای ئەمەش دوو ركابەری تریش لەبەرامبەر من هەبوون، كە یەكێكیان دكتۆر موسەنا بوو لە یەگگرتووی ئیسلامی و دووەمیان ئەحمەد حاجی رەشید بوو لە كۆمەڵی ئیسلامی و بوونی ئەم دوو ركابەرەش ژمارەیەك دەنگیان برد، هاوكات هەندێ لەو كاغەزانەی كە دەنگیان لەسەر درابوو بە بەتاڵی خرابوونە سندوقی دەنگدانەكە، ئەمانەش پووچەڵ كرانەوە، هەموو ئەو هۆكارانە وایكرد دەنگی پێویست كە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆك پەرلەمان پێویست بوو كە 166دەنگ نەبوو، منیش 152دەنگم هەبوو، ئەم ژمارەش نابێت، چونكە بەپێی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت جێگری سەرۆكی پەرلەمان 166 دەنگ بێنێت، بۆیە بۆ گەڕی دووەم مایەوە كە گەڕی دووەمیش كەوتە دانیشتنی پەرلەمان بۆ رۆژی دواتر لە رۆژی دووەمدا بەو ئەندام پەرلەمانانەی كە رێككەوتنمان لەگەڵیان كردبوو كە دەنگ بە ئێمە بدەن و قسەمان لەگەڵیان كرد كە لە هۆڵی پەرلەمان نەچنە دەرەوە و دەنگ بدەن و دكتۆر موسەناش وەك ركابەر كشایەوە، بەمەش كێشەكە تەواو بوو و دەنگی تەواوم هێنا، بەڵكو ژمارەی دەنگەكانم زیاتر بوو لەو ژمارەش كە سەرۆكی ئەنجومەن پێی هەڵبژێردرا.
* لە پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەشێك لە پەرلەمانتارەكانی یەكێتی لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان نووسیبوویان ئێمە دەنگمان بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان نەداوە كە پشكی كوردە، ئایا تۆش لەو بڕوایەدای كە ئەوان دەنگیان بە تۆ نەداوە؟
- بێگومان هەندێك لە ئەندام پەرلەمانە كوردییەكان بە شانازییەوە دەیانگوت دەنگمان بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان نەداوە، ئەگەرچی بەهەر حاڵ حەزمان دەكرد ئێمە وەكو فراكسێونە كوردییەكان یەك هەڵوێست بووینایە و رێككەوتنمان لەسەر دیاریكردنی یەك كاندید بۆ ئەو پۆستە بكردبایە، چونكە دیتمان ئەندام پەرلەمانی غەیرە كورد پشتگیری ئێمەیان كردو دەنگیان پێداین، بەڵام هەندێك ئەندام پەرلەمانە كوردیەكان دەنگیان پێنەداین. واتە سەرەڕای ئەوەی هەندێ پەرلەمانتاری كوردیش دەنگیان پێنەداین، ئێمە دەرچووین.
* سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق (سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی) یەكەم سەردانتان بۆ بەسرە بوو، دیارە ئەوە چەند مانگێكە لە بەسرە خۆپیشاندان هەیە و خەڵك ناڕەزایی زۆری هەیە، ئایا پێتوایە ئەم خولەی پەرلەمان دەتوانێت رۆڵی خۆی بەو ئاستە وەك چاودێر بەسەر حكومەتەوە بگێڕێت كە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ عێراق دابین بكات؟ مەبەستمان ئەوەیە ئایا خولی ئەم جارەی پەرلەمان لە خولەكانی پێشوو بە هێزتر دەبێت؟
- نەك تەنیا خەڵكی شاری بەسرە، بەڵكو هەموو شارەكانی عێراق لە پشتگوێخستنی داواكارییەكانیان و لە نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی ژیان وەكو ئاو و كارەبا و...تاد ناڕازین، شاری بەسرە كە سەردانمان كرد، ئەو شارەیە كە بە داهات و بەروبوومەكانی عێراق بەخێو دەكات، هەر وەكو خەزێنەی عێراقە و زیاتر لە 85%ی بودجەی عێراق لەسەر داهاتی شاری بەسرەیە و لەسەر دەریایە. كەچی ئەوە حاڵی خەڵكەكەیەتی كە لە تینووییان خەریكە دەخنكێن، هاوكات گەنجەكانیان رێژەیەكی زۆریان بێكارن و لەسەردانەكەماندا لە بارودۆخی خەڵكەكەمان پرسی، ئەوان داواكارییان زۆر بوو، راپۆرتێكمان لەسەر خراپیی بارودۆخی خزمەتگوزاری و داواكارییەكانیان ئامادەكردووە. هەروەها چەند رۆژێك پێش ئێستا سەردانی شاری نەجەفمان كرد هەر بۆ بەدواداچوون لەسەر كەمی و كێشە خزمەتگوزارییەكان و گوێگرتن لە نزیكەوە لە داواكاری خەڵكی شارەكە كە ئەوانیش كۆمەڵێك داواكارییان هەبوو و گلەیی زۆریان لەحكومەت و كاربەدەستانی حكومەتی عێراق هەبوو. هەروەها بەرنامەمان بەردەوامە بۆ سەردانی شارەكانی تریش، بۆی هەیە ئەمجارە بۆ شاری موسڵ بێت و جارێكی دی بۆ شاری هەلەبجە بێت، لە پاشان داواكاری و كەموكوڕیی خزمەتگوزاری و نەبوونی پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە و...تاد هەر هەمووی دەكەینە بەرنامەی كاری خۆمان، هەر بۆیەش وەكو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارمان داوە ئەم خولی چوارەمی پەرلەمانە بكەینە خولی خزمەتگوزاری و چاكسازی و كاركردن بۆ خزمەتكردنی خەڵك و تەنیا خۆمان نەهێڵینەوە لەهۆڵی پەرلەمان، بەڵكو دەربچین بۆ ناو خەڵك و لە نزیكەوە داواكاری و سەرنجەكانیان وەربگرین و كەموكوڕییەكان بەچاوی خۆمان ببینین و بەدواداچوون بۆ ئاستی ژیانی خەڵك و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بكەین. چونكە ئێمە دەمانەوێت ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق ببێتە خولێكی جیاواز و دیار لەچاو خولەكانی دیكە تاوەكو خزمەت بە خەڵك و وڵاتەكە بكەین.
* لەم ماوەیە حەلبوسی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ سەرۆك مسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی كۆبووەوە، ئەوەندەی لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو سەردانەیت، ئایا ئەم سەردانەی سەرۆكی پەرلەمان ئامانجی سەرەكی چی بوو؟ ئایا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئامانجیەتی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكات؟ ئایا بەرای نەخشەڕێگای بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر چۆنە؟
- وەكو بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە كە نەخشەی سیاسیی ئێستای عێراق و هاوسەنگییەكانیش گۆڕاوە، لەبەر ئەوەی ئەو كوتلەی لە خولەكانی رابردوو گەورە بوو، ئەوە ئێستا كوتلەی گەورە نەماوە، هەر بۆیە هەموو كوتلەكان پێویستیان بە یەكتر هەیە و هیچ كوتلەیەك بەتەنیا ناتوانێت هیچ بكات و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، مەبەستیەتی بەجددی كار بكات و دوو جێگرەكەشی هاوڕان لەگەڵی كە ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق خولی چاكسازی و چاككردن و خزمەتگوزاری بێت، هاوكات ئومێد دەكەین كە حكومەتی داهاتووش كە دادەمەزرێت حكومەتێكی بەهێز بێت و بتوانێت گۆڕانكاری بكات و ئومێدم زۆرە لەم چوار ساڵەی داهاتوو گۆڕانكاریی باش لە خزمەتگوزارییەكان و لە دروستكردنی پەیوەندییەكی ئەرێنی و پتەو لەنێوان لایەنە سیاسییەكان دروست بكرێت، بەتایبەتی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا. بێگومان لە دوای دەستبەكاربوونی سەرۆكی پەرلەمان راستەوخۆ دەستیكرد بە ژمارەیەك سەردان بۆ لای لایەنە سیاسی و كەسایەتییە سیاسییەكانی عێراق یەكێك لەسەردانەكانمان بۆ لای موقتەدا سەدر بوو لە شاری نەجەف كە لەگەڵ موقتەدا سەدر ئاڵوگۆڕی بیروڕا كراو موقتەدا سەدر پشتگیری خۆی بۆ پەرلەمان دەربڕی و باس لەوەشكرا كە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق پێویستە ئەرێنی بێت هاوكات سەبارەت بە سەردانەكەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ كوردستان لەمیانەی ئەو سەردانانەی بوو بۆ لای سەركردە سیاسییەكانی عێراق كە سەردانی كوردستانیشی كرد كە سەركردە سیاسییەكانی كوردستانی بینی كە تێیدا باس و گفتوگۆ لەپێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و دانانی كاندید بۆ سەرۆك كۆماری عێراق كرا و زیاتر ئەوان سەرۆكی ئەنجومەنی عێراق وەكو لایەن و كوتلەی خۆی كە كوتلەی هاوپەیمانی نیشتمانییە بۆ كوردستان هاتبوونە لای جەنابی مسعود بارزانی بۆ گفتوگۆ و پتەوكردنی پەیوەندیی سیاسیی نێوانیان.
* پێتوایە كورد لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراقدا چ رۆڵ و پێگەیەكی باشی دەبێت؟
- بە تەئكید كورد لەحكومەتی داهاتووی عێراقدا رۆڵ و پێگەی باشی دەبێت، چونكە وەكو لە سەرەتاوەش ئاماژەم پێدا كە ئێستا كوتلەی گەورە لە عێراق نەماوە و هەموو كوتلەكان پێویستیان بەیەكترە و هەر هەمووشیان پێویستیان بەكورد هەیە، بۆیە من وای دەبینم كە كورد رۆڵێكی بەرچاو و باشی لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا هەبێت، بەتایبەتی لە بارودۆخی ئێستاكەدا لایەنە سوننە و شیعەكان تێگەیشتنیان فراوانتر بووە و بۆ ئەوەی لاپەڕەیەكی نوێ بكرێتەوە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق و كێشەكانی رابردوو بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ و چارەسەر بكرێت، پێویستە دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت وەكو یەك پاكێج، نەك بە شێوەیەكی هەڵبژاردنی ئینتیقائی و ئەو كاتە بێگومان هەموو كێشەكانیش بە دەستوور چارەسەر دەكرێت و خاڵێكی هاوبەش لەلایەن كوردو لایەنەكانی تری عێراق هەیە كە هەر هەموویان دەڵێن بەپێی دەستوور كار بكرێت و لێرەدا دەڵێن ئەدی بۆچی ئەو دەستوورە جێبەجێ ناكرێت، كە لە كاتێكدا ئەو یاساو ماددەو بابەتانەی لە دەستووردا هەیە بۆ كورد جێبەجێ بكرێت، ئەوە هیچ كێشەیەك نامێنێت و لەو كاتەدا پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و بەغداش باش دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی جارانی خۆی.
* لە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر كاندیدەكانی سەرۆك كۆماری عێراق دەدرێت، دیارە تا ئێستا 7 كەس خۆی بۆ ئەو پۆستە ناوی خۆیان تۆمار كردووە، بەتایبەتیش كە پارتی هاوشانی یەكێتی كاندیدی خۆی تۆمار كردووە، ئایا وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، چۆن ئەم سیناریۆیە دەخوێنێتەوە، بۆچی ئەم فرە كاندیدییە هەیە؟ ئایا چانسی كام كاندید لە هەموویان بەهێزترە؟
- ئەمجارە دیارە پڕۆسەی دیموكراسی لەعێراقدا دەیەوێت هەندێ لە شێوازەكانی خۆی بگۆڕێت و مومارەسەی دیموكراتی بەرفراوان و زیاتر بكرێت بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، چونكە تا 25/9/2018 ئەوەی من زانیومە كە زیاتر لە 30 كەس بۆ سەرۆك كۆمار لەكوردو غەیرە كورد خۆی كاندید كردبوو، ئەمەش وەكو مومارەسەكردنی دیموكراتی هەموو تاكێكی عێراق كە مەرجە یاساییەكانی پێویست بەم پۆستەی هەبێت، ئەوە مافی خۆیەتی خۆی كاندید بكات. لە دانیشتنی 25/9/2018 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ باسكردن لە پۆستی سەرۆك كۆمار تەرخان نەكرا و رۆژی 24/9/2018 دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار داخرا، ئینجا تاوەكو سێ رۆژ بەپێی دەستوور ئەو داواكارییانەی كە بۆ سەرۆك كۆمار پێشكەش كراوە، دراسە دەكرێن و سەیری مەرجەكان دەكرێت، لەپاشان ناوەكان وەكو كاندید رادەگەیەندرێن، لە پاشان ئەو كەسەی ناوی لەناو كاندیدەكان نەبێت، بۆی هەیە تانە لێبدات و بۆ تانەلێدانەكەش سێ رۆژ دانراوە، لەم ماوەیەشدا دووبارە ئەو ناوانەی تانەیان لێداوە، دراسە دەكرێنەوە، ئەم كارەش سێ رۆژی تری دەوێت بۆ وەڵامدانەوەی تانەكان واتە لەدوای 4/9/2018 كە دەرگا بۆ خۆپالاوتنی سەرۆك كۆمار داخرا، تاوەكو پڕۆسەی دراسەو سەیركردنی مەرجەكان و تانەلێدان و وەڵامدانەوەی تانەكان 9 رۆژ دەخایەنیت، ئینجا سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێردرێت ئەمە بەپێی رێكارە دەستوورییەكانە و ئەم رۆژانەش تەوقیتاتی دەستوورییە و بەهیچ شێوەو حاڵەتێكیش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ناكەوێتە دوای 2/10/2018، چونكە ئەمەش دووبارە كاتێكی دەستوورییە بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نابێت بكەوێتە رۆژی 3/10/2018.
* بەڵام بەپێی عورفێكی سیاسی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كوردە، ئیتر بۆچی لە نەتەوەو پێكهاتەكانی تریش خۆیان پاڵاوتووە؟
- ئەمە عورفێكی دەستووری نییە، بەڵكو عورفێكی سیاسییەو پەیڕەوكراوە، چونكە لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكاندا رێككەوتن كراوە كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە و سەرۆك وەزیران بۆ شیعە و سەرۆك كۆمار بۆ كورد بێت، بەڵام بەپێی دەستوور هەموو تاكێكی عێراق بەپێی مەرجە یاسایی و پێویستەكان دەتوانێت خۆی كاندید بكات، بەڵام لەكۆتاییدا كێ سەردەكەوێت ئەو كەسەی كە كارو تەوافوقاتی بۆ خۆی دەكات و ئەو دەنگە دەهێنێت كە پێویستە، بەڵام بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان پێكهاتەكان كراوە، تەنیا دەنگ بە كورد دەدرێت و كەس دەنگ بە غەیرە كورد نادات، لەبەر ئەوەی رێككەوتن و تەوافوقاتیان نییە ئەو غەیرە كوردانە تەنیا چەند دەنگێك دەهێنن، بەڵام دەنگی زۆر بۆ ئەو لایەن و كاندیدەیە كە هەموو لایەنەكان تەوافوقیان لەگەڵی هەیە و ئەم كەسەش هەڵدەبژێردرێت بە سەرۆك كۆمار.
* ئەی پرسی دەستنیشانكردنی پاڵێوراوی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی عێراق بە كوێ گەیشتووە؟
- ئەم سێ سەرۆكایەتییە، سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار لەعێراقدا سێ گرێكوێرەن و هەر گرێكوێرەیەك بكرێتەوە ئەوەی دوای خۆی ئاسانتر دەكات كە تەماشا دەكەین كە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەنجامدرا، ئەوە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئاسانتر كردووە و چەند هەنگاوێك چووەتەپێش و دڵنیام كە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، ئەوە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكومەت ئاسانتر دەبێت، لەبەر ئەوەی باسی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران و پێكهینانی حكومەت ناكرێت، تاوەكو سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرێت، چونكە سەرۆك كۆمار داوا لە كوتلەی گەورە دەكات كاندیدی خۆی پێشكەش بكات، لەو كاتەدا كاندیدی خۆی بۆ سەرۆك وەزیران پێشكەش كرد و متمانەی بەدەست هێنا، ئینجا تەكلیف دەكرێت حكومەتی خۆی پێشكەش بكات.
* سەبارەت بە لایەنە شیعەكان تا ئێستا خۆیان یەكلایی نەكردۆتەوە كە كاندیدیان بۆ سەرۆك وەزیران كێیە، ئایا دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئەم پرۆسەیە چۆن بەڕێوە دەچێت بۆ تەكلیفكردنی كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەت؟ زۆر باس لە د. عادل عەبدولمەهدی دەكرێت، ئایا پێتوایە چانسی بەهێزە، یان دوای كۆبوونەوەكەی حزبی دەعوا باردۆخەكە گۆرانكاری بەسەردا دێت؟
- لە ئێستادا كەسایەتی عادل عەبدولمەهدی لە راگەیاندنەكانەوە باس دەكرێت كە كەسێكی مامناوەند و رۆشنبیرو سیاسییە و لەلایان زۆربەی لایەنەكان پەسندكراوە، بەتایبەتی لەلایەنی كوردی، چونكە كەسێكە دۆستی كوردە و تێگەیشتنێكی باشی بۆ داواكانی كورد هەیە، هەرچەندە مەرج نییە ئەو كەسەش بۆ سەرۆك وەزیران دابنرێت، لەبەر ئەوەی دانانی ئەو پۆستانە بە رێككەوتنی پێكهاتەكان و تەوافوقاتە و رێككەوتنی سیاسییە.
* پێتوایە لەم خولەی پەرلەماندا بتوانرێت هەموو ئەو كێشەو گرفتانە چارەسەر بكرێت كە لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە؟
- من وای بۆدەچم و ئومێد دەكەم ئەو تەشەنوجات و قەیرانانەی كە لەخولی رابردوو دروستبوو و ئەو دیوارە ئەستوورەی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستبووە، ئەوە لەم خولەی پەرلەماندا وردە وردە كەم دەبێتەوە و ئەو دیوارە بەفرینەش كە دروستبووە دەتوێتەوە، ئەگەر ئێمە وەكو ئەندام پەرلەمانە كوردەكان بتوانین هەڵسوكەوت و پەیوەندیی باش و جوان لەگەڵ بەرامبەری خۆمان دروست بكەین، هەروەها چەندین كێشەو قەیران هەیە كەم دەبێتەوە و چارەسەر دەبێت، لەلایەكی دیكەوە كەسایەتی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كورد لەبەغدا زۆر گرنە تاوەكو بتوانن پەیوەندی باش و دروست لەگەڵ لایەنی بەرامبەر دروست بكەن، بۆ ئەوەی تێڕوانینێكی جوان بۆ مەسەلەی داوا رەواكانێ گەلی كوردستان لەلایەن خەڵكی شیعە و سوننە دروست بكەن، چونكە زۆربەی خەڵكی شیعەو سوننە لەبەر نەبوونی زانیاریی تەواو و واقیعی لەسەر كوردو داوا رەواكانمان دژایەتی كورد و دوژمنایەتی داواكانمان دەكەن، بۆیە پێویستە ئێمە بتوانین داواكانمان بە شێوەیەكی جوان و رێكوپێك پیشانیان بدەین، تاوەكو قەناعەتیان پێ بێنین و نابێت ئێمە هەر لەبازنەی خۆمان بخولێینەوە، بەڵكو پێویستە لەبازنەی خۆمان دەربچین و سەردان و پەیوەندیی باش لەگەڵ لایەنەكانی بەرامبەر لە عێراقدا دروست بكەین.