عەلی تەتەر بەرپرسی لقی هەشتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: تەنیا پارتی دەتوانێت حكومەتێكی بەهێز دروست بكات و چاكسازی بكات
September 25, 2018
دیمانەی تایبەت
روونە كە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا كە لە كوردستان ئەنجام دراون، پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە جێی متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان بووە، بەتایبەتی لە دەڤەری بادینان، كە چاوەڕوان دەكرێت ئەمجارەش پارتی سەركەوتنی گەورە تۆمار بكات و حكومەتێكی بەهێز پێكبهێنێت. ئەم پرسە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ عەلی تەتەر بەرپرسی لقی هەشتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.ئومێدمان ئەوەیە دەنگەكانی ئەمجارەی پارتی لە بادینان لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو زیاتر بێت
* هەروەك ئاشكرایە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە دەنگی زۆرینەی دەڤەری بادینان بەدەست دەهێنێت لە هەڵبژاردنەكاندا، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ پەیوەندیی نێوان پارتی و ئەم دەڤەرە چییە؟
- لە راستیدا دەتوانم بڵێم لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا تەنیا رێبازی بارزانی هەبووە لەم دەڤەرە و لە ماوەی 72 ساڵی رابردووش جگە لە پارتی هیچ حزبێك لە بادینان بوون و رۆڵێكی كارای نەبووە، هەروەها لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیش جگە لە پارتی هیچ لایەنێكی دیكە لەم دەڤەرە نەبووە، كەواتە تاكە حزبێك بوونی هەبووبێت و ئاوەدانی كردبێت و بەرگری لێ كردبێت لەم دەڤەرە لە دژی هەموو هێرش و هەڕەشەكانی حكومەتی عێراق و داگیركاری دەوروبەر و هەندێ حزبی چەكدار كە دەیانویست پشێوی دروست بكەن، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لە شەڕی داعشدا پارتی هێزی سەرەكی بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و لە دوای 16ی ئۆكتۆبەریش تەنیا پارتی بوو رووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە بووەوە. كەواتە پرسیارەكەی من ئەوەیە ئایا لە بادینان جگە لە پارتی چ لایەنێك هەبووە قوربانی دابێت و خزمەت كورد و كوردستانی كردبێت؟ لەم رووانگەیەوە ئێمە پشتڕاستین بە خەڵكەكەی خۆمان و پێمانوایە خەڵكی بادینان ئەم راستییانە لەبەرچاو دەگرێت و زۆرینەی دەنگیان بۆ لیستی 183ی پارتی دەبێت.
* باسی ئەوەت كرد كە دوای 16ی ئۆكتۆبەر تەنیا پارتی بوو بەری بە هێرش و هەڕەشەكان گرت، دەكرێت ئەمە زیاتر روون بكەنەوە؟
- ئەوەی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر روویدا، ئەوە بوو كە حكومەتی عێراقی دەیویست بێت و دەروازە سنوورییەكانی ئێمە لەگەڵ توركیا و سووریا داگیر بكات، ئەوە بوو دوو شەڕی گەورە روویدا، یەكێكیان لە 20ی هەمان مانگدا –شەڕی پردێ- و هەفتەیەك دواتر شەڕە گەورەكە لە مەحمودیە و كانی عەوێز رووی دا، كە روونە كێ شەڕی كرد و كێ بەرگری كرد، یەكێك لەوانە بەرپرسی لقی 17ی پارتی بوو كە شەهید بوو، ئەوانی دیكەش كە شەهید بوون، كادری پێشكەوتووی پارتی بوون، زۆربەی زۆر و بگرە هەموو ئەو فەرماندەیانەی شەهید بوون، ئەگەرچی سەر بە لەشكری كوردستان بوون، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەندامی پارتی بوون. كەواتە ئەگەر خۆڕاگریی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبوایە ئەوا رەنگە ئێستا حەشدی شەعبی حوكمڕانیی زاخۆی بكردایە.
* ئەگەر بێینە سەر باسی هەڵبژاردنەكان، ئەوا ئاشكرایە پارتی بانگەشەی دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز و ئەنجامدانی چاكسازیی بنەڕەتی دەكات، ئێوە چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟
- بێگومان تەنیا پارتی دەتوانێت حكومەتی بەهێز دروست بكات و بگرە چاكسازییش هەر بە پارتی دەكرێت. ئێمە لە ماوەی رابردوودا بینیمان كاتێك پڕۆژەی چاكسازی لە پەرلەمان تاوتوێ كرا، ئەو لایەنانەی پێشتر بانگەشەی چاكسازییان دەكرد، خۆیان دژی ئەو پڕۆژەیە وەستانەوە، واتە دیار بوو لەو كاتە كە چ لایەنێك پشتیوانی لە چاكسازی دەكرد و چ لایەنێكیش دژی چاكسازی بوو.
* باشە ئێوە چۆن دەتوانن دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان بگۆڕن بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە بتوانێت لە ئاست خواست و چاوەڕوانییەكانی خەڵكدا بێت؟
- لە هەموو وڵاتە دیموكراسییەكاندا خەڵكی متمانەی خۆی بە حزب دەدات، بۆ ئەوەی حزبیش حكومەتێكی رێكوپێك دابمەزرێنێت و ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكات، كە بە خەڵكی داوە، ئێمەش هاتووین لەم هەڵبژاردنەدا بەرنامەی خۆمان بۆ خەڵك خستۆتەڕوو، لە دوای پێكهێنانی حكومەتیشەوە كاری حزبە چاودێری حكومەتەكە بكات، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا بەرنامەی هەڵبژاردنەكە جێبەجێ دەكات، یان نا، بەم شێوەیە دەبێتە پردێك لە نێوان خەڵك و ئەو حكومەتەی دایمەزراندووە.
* ئێمە بینیمان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقدا زۆرینەی زۆری خەڵكی بادینان دەنگیان بە پارتی دا، ئایا چاوەڕێ دەكەن جارێكی دیكە پارتی زۆرینەی زۆری دەنگەكانی بادینان بەدەست بهێنێتەوە؟
- ئەمجارە لەبەر ئەوەی كوردستان هەمووی یەك بازنەی هەڵبژاردنە، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە كاندیدی دیكەش لە بادینان دەربچن، لەگەڵ ئەوەشدا ئومێدی ئێمە ئەوەیە كە نەك هەر پارێزگاری لە دەنگەكانی پێشوو بكەین، بەڵكو پشت بە خوا زیاتریشی دەكەین.
* هەروەك ئاشكرایە كە كەسایەتیی كاندیدەكانیش رۆڵیان هەیە لە بەدەستهێنانی متمانەی خەڵكدا، ئایا پارتی لە دەستنیشانكردنی كاندیدەكانیدا- بە تایبەتی لە دەڤەری بادینان- زیاتر رەچاوی چی كردووە؟
- ئێمە رەچاوی ئەوەمان كردووە كە ئەو كەسانە گونجاون بۆ كاری پەرلەمانی، بەشی زۆریان جگە لەوەی رۆڵەی شەهیدن و خەڵكی خەباتگێڕن خۆیان خاوەن كەسایەتین و بەتوانا و كارامەن، واتە سیمای دیاریش ئەوەیە كە زۆربەیان گەنجن و كوڕ و كچی بەتوانان و ئەوانەن كە لە بواری جیاجیا كاریان كردووە و ئێمە دڵنیاین كە ئەو كەسانە دەتوانن خزمەتی بەرچاوی كوردستان بكەن.
* خاڵێكی گرنگی دیكە بوونی پێكەوەژیان و ئاشتیی كۆمەڵایەتییە لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی دەڤەری بادینان، تاچەند پارتی رۆڵی بەرچاوی لەم رووەوە هەبووە؟
- ئەو كەلتوورەی لە ئارادایە، كەلتوورێكی كوردستانییە و تەنیا هی پارتی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم زۆر بە دڵنیاییەوە بیڵێم كە هیچ كاتێك پێكهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندەی ئەو دەڤەرانەی لەژێر دەسەڵاتیدا پارتیدان، ئاسایش و تەناهی بە خۆیانەوە نابینن.