عارف تەیفور بەرپرسی سەركردایەتیی پارتی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بۆ گوڵان: هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە رێژەی بەشداریی هەوادارانی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا زۆر بەرز بێت
September 24, 2018
دیمانەی تایبەت
پرسی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەگشتی و لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەتایبەتی، هەروەها ئەو ئیرهابی فیكرییە كە چەند لایەنێكی سیاسی دژی پارتی دیموكراتی كوردستان پیادەی دەكەن، هاوكات تاوتوێكردنی چۆنیەتی بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز و رۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو بوارەدا و چەند پرسیارێكی گرنگی دیكە، لەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵان-دا ئاراستەی عارف تەیفور بەرپرسی سەركردایەتیی پارتی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە كراون.* هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرموگوڕییەكی بێ وێنەی پێوە دیارە، ئێوەش وەك سەركردایەتیی پارتی لە دەڤەری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە سەرقاڵی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنن، ئایا هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی پارتی لەم دەڤەرە چۆن بەڕێوە دەچن؟
- ئامانجی سەرەكیمان لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن ئەوەیە كە خەڵكی ئەم دەڤەرە لە بایەخ و گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە بە باشی تێبگەن، بۆ ئەوەی بەشدارییەكی فراوان لە دەنگداندا بكەن، هەر بۆیە ئێمە زیاتر جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە دەبێت هەوڵ بدرێت هەوادار و جەماوەر و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی 30ی ئەیلوول رووبكەنە سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن. ئەم بەشدارییە فراوانەی جەماوەر و لایەنگرانی پارتی دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێز بێت، بیگومان كە پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەهێز بێت، ئەوا پارتی دەتوانێت وەك هێزێكی كاریگەر لە حكومەتدا دەستكراوە بێت و توانای ئەوەی دەبێت كە خزمەتی هەموو هەرێمی كوردستان وەك یەك بكات و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ هەردوو دەڤەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بكات، هەروەها هەڵبژاردنی ئەمجارە ئاراستەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش دیاری دەكات و ئەگەر پارتی لەم دەڤەرە سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێت، ئەوا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیشدا پێگەی پارتی بەهێزتر دەبێت و دەتوانێت رۆڵێكی كاریگەر لە ئەنجومەن و حكومەتی خۆجێی سلێمانی بگێڕێت و رێگە نەدات ئەو داهاتەی دەگاتە سلێمانی تەخشان و پەخشانی پێ بكرێت، بە پێچەوانەوە ئەو داهاتە دەخرێتە خزمەتی دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و پەرەپێدانی گەشتوگوزاری و خۆشگوزەرانیی خەڵكی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە.
* بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر جەخت لەسەر بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز و حكومەتێكی بەهێز دەكاتەوە، هەر بۆیە هەوڵی پارتی بۆ ئەوەیە زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، ئایا ئەمە بۆ ئەوەیە پارتی بە تەنیا حوكمڕانی بكات و حكومەت پێكبهێنت؟
- مەبەستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز و حكومەتێكی بەهێز ئەوەیە كە پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا راست بكرێتەوە، واتە ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن لە حوكمڕانی بە راستی نوێنەرایەتی حوكمڕانی بكەن و ئەوانەشی دەبنە ئۆپۆزسیۆن بە راستی نوێنەرایەتی ئۆپۆزسیۆنێكی تەندروست بكەن، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا هەتا ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی رەهای دەنگەكانی خەڵكی كوردستانیش بەدەست بهێنت، بە تەنیا حوكمڕانی ناكات، یان بەتەنیا حكومەت پێكناهێنێت، بەڵكو ئەوانەی دەبنە هاوبەش و هاوپەیمان بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پارتی لەسەر بنەمایەكی راشكاوانە ئەو هاوپەیمانییە پێكدەهێنرێت و ئەو بەرنامەیەی پەسەند دەكرێت، دەبێت لەماوەی ئەو چوار ساڵە جێبەجێ بكرێت، بێگومان بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پێویستی بەوەیە كە پارتی لەناو حكومەت بەهێز و دەستكراوە بێت و قۆناخی هاوپەیمانی و شەراكەتی لەرزۆك و فشۆڵ كۆتایی بێت، لێرەدا ئەگەر ئاماژە بە حكومەتی چوار ساڵی رابردوو بكەین، دەبینین لایەنێكی سیاسی وەك بزووتنەوەی گۆڕان كە لەسەر بنەمای چوار ساڵی ئارامی رێككەوتنمان لەگەڵ ئیمزا كردو بووە هاوبەش لە حكومەتدا، بەڵام نەیتوانی تەنیا دووساڵیش پێی پابەند بێت و هەموو بارودۆخەكەی تێكدا و خەریك بوو كارەساتێكیش بەسەر كوردستاندا بهێنێت، هەروەها لایەنەكانی دیكەش بە یەكێتی و حزبە ئیسلامییەكانیشەوە، پێیەكیان لەناو حكومەت و پێیەكی تریان لەناو ئۆپۆزسیۆن بوو، ئەمەش وایكردبوو كە حكومەت نەتوانێت بەرنامەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بۆیە ئامانجی بەرنامەی پارتی ئەوەیە كە ئەو بارودۆخە كۆتایی بێت و پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە كوردستاندا بە جۆرێك راست بكرێتەوە كە لە ئاستی وەڵامدانەوەی خواست و پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستاندا بێت.
* پێشتر لە سلێمانیدا جۆرێك لە ئیرهابی فیكری لەلایەن چەند لایەنێكی سیاسییەوە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان پیادە دەكرا، ئایا ئێستاش ئەم ئیرهابە فیكرییە هەر بەردەوامە؟
- بە مەزندەی من ئێستا هەستدەكرێت كە پارتی توانیویەتی ئەو ئیرهابە فیكرییەی پێشتر دەكرایە سەر پارتی ئەو قۆناخەی تێپەڕاندبێت و هەوادارانی پارتیش چیتر لەو ئیرهابە فیكرییە ناترسن و دەتوانن چالاكانە ئەركەكانی خۆیان راپەڕێنن، ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی كە پشتر ئەم ئیرهابە فیكرییەیان دژی پارتی دیموكراتی كوردستان پیادە دەكرد، ئێستا هەر یەكەیان بەدەست كێشە ناوخۆییەكانی خۆیانەوە گرفتار بوون و ناپەرژێنە سەر ئەوەی وەك جاران دژایەتی پارتی بكەن، بۆیە دەكرێت بڵێم، ئەوانەی دەیانویست بە ئیرهابی فیكری كار و بەرنامەكانی پارتی ناشیرین بكەن، یان دژایەتی بكەن، ئێستا نائومێد بوون و دەزانن چیدیكە خەڵكی دەڤەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەو ئیرهابە فیكرییە هەڵناخەڵەتین، هەروەها خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە بە چاوی خۆیان پڕۆژەكانی بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك دەبیینن و دەزانن ئەگەر پارتی دەسەڵاتی هەبێت لەم دەڤەرە، بەهەمان شێوە پڕۆژەكانی بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوە لەم دەڤەرەش دەست پێدەكاتەوە، كەواتە لەم قۆناخەدا ئەركی سەرەكیی ئەندام و كادران و جەماوەری پارتی بە پلەی یەكەم ئەوەیە كە باشتر تێكەڵاوی خەڵكی ئەم دەڤەرە ببن و لە نزیكەوە بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانیان بۆ روون بكەنەوە، بۆ ئەوەی باشتر لەو راستییە تێبگەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە كردەوە خزمەتی گەلی كوردستان دەكات و بەڵێنی واش بە خەڵك نادات كە بۆی جێبەجێ نەكرێت، راشكاوانەتر پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی لە توانای خۆیدا بێت، بەڵێن دەدات و جێبەجێ دەكات، ئەمەش یەكێكە لە خەسڵەتە جوانەكانی پارتی كە هەمیشە لەگەڵ میللەتی خۆی راستگۆ بووە، ئەم راستگۆییەش هەموو كات نهێنیی گەشەی خەباتی پارتی و ئەو متمانەیە بووە كە خەڵكی كوردستان بە پارتییان داوە.