ئەحمەد كانی بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: راستگۆیی و دووركەوتنەوە لە بەڵێنی بەتاڵ خاڵی پرشنگدار و بەهێزی پارتییە

ئەحمەد كانی  بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:  راستگۆیی و دووركەوتنەوە لە بەڵێنی بەتاڵ خاڵی پرشنگدار و بەهێزی پارتییە
كوردستان لە بەردەم هەڵبژاردنێكی گەورە و گرنگدایە و جارێكی دیكەی ئیرادەی گەل ئەوە دیاری دەكات كێ زۆرترین متمانە بەدەست دەهێنێت بۆ ئیدارەدانی جڵەوی حوكمڕانی و هەڵگرتنی ئەرك و بەرپرسیارێتی لە هەڵسووڕاندنی كاروبارەكانی حكومەت و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە گوڕوتینەوە لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بەشداری دەكات و هەڵگری بەرنامەیەكە كە دەكرێت وەك نەخشەڕێگایەك لێی بڕوانرێت بۆ پتەوكردنی پێگەی كوردستان. ئەمانە و چەند پرسێكی دیكە بوونە تەوەرێكی دیدارێكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ ئەحمەد كانی بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان.
تەنیا ئەو كاتەی كورد یەكگرتوو بووە و پارتی پێشەنگ بووە، دەستكەوتەكان بەدەست هاتوون



* سەرەتا دەمانەوێت تیشك بخەنەسەر گرنگی و بایەخی ئەم هەڵبژاردنەی كە بڕیارە لە 30ی ئەیلوولدا بكرێت، ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان بە متمانەبەخۆبوونەوە بەشداری تێدا دەكات؟
- سەرەتا ئێمە پەرۆشی ئەوەین پرۆسەكە بە سەركەوتوویی بەڕێوەبچێت و پرۆسە دیموكراتییەكە تۆكمەتر و جوانتر بكەین، چونكە خەباتی سەدان ساڵەی ئێمە بۆ ئەوە بووە خەڵك ئازاد و سەربەستانە بتوانێت دەنگی خۆی بدات، لەم روانگەیەوە پێموایە پێویستە ئاراستەی كاركردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بە شێوەیەك بێت كە ئەو رۆژە وەك جەژن و كەرنەڤاڵێكی لێ بێت، نەك ئەوەی پرۆسەكە وا وێنا بكرێت بۆ دەنگدەر كە ئەوە ئەركێكی قورسە لەسەر شانیانە، بە پێچەوانەوە دەبێت كارێك بكرێت خەڵكی بە خۆشحاڵی و دڵێكی شادیبەخشەوە پێشوازی لێبكەن و بەو شێوەیە لێی بڕوانن كە ئەمە ئەو رۆژەیە كە ئێمە لە پێناویدا قوربانیمان داوە و شەهیدمان بۆ داوە. لەم گۆشەنیگایەوە دەڵێم پێموایە براوەی یەكەم لەم پرۆسەیەدا گەلی كوردستانە، دواتر هەموو لایەنە سیاسییەكانیش تێیدا سەركەوتوون. كەواتە لێرەدا پارتی حەقی خۆیەتی كە ئومێدی ئەوە بخوازێت سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت لەم پرۆسە ئازاد و دیموكراتەدا. دواتر من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە پارتی تەنیا بۆ رۆژانی هەڵمەتی هەڵبژاردن ئیشی نەكردووە، بەڵكو ئێمە پێشتریش ئیشمان بۆ كردووە، مەبەستم ئەوەیە پێشتریش پارتی هەموو هەوڵ و كۆششێكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی باشترین خزمەت بە خەڵكی كوردستان بكات و بەم شێوەیە متمانەی خەڵك بە پارتی زیاتر بووە. خاڵێكی دیكە ئەوەیە پارتی هیچ كاتێك لە بەرپرسیارێتی رای نەكردووە، بەتایبەتی ئەو كاتەی كە قەیرانێكی سەختی ئابووری و شەڕی داعش یەخەی كوردستانی گرت، ئێمە هاوشێوەی ئەو حزبانە نەبووین كە كاتێك حكومەت ئیمكانیەتی هەبوو لە نێو حكومەتدا بون و لەگەڵ دروستبوونی قەیرانیشدا شانیان نەدایە بەر بەرپرسیارێتی و كشانەوە. لە دەرئەنجامدا خەڵكی هۆشیار و چاودێر و خاوەن ویژدان ئەو راستییە لەبەرچاو دەگرن كە پارتی پێشەنگ بووە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان. خاڵێكی درەوشاوە و بەهێزی دیكەی پارتی راستگۆیی ئەم حزبە بووە، واتە ئێمە هیچ كات بەڵێنێكمان بە خەڵك نەداوە كە پێمان جێبەجێ نەكرێت، هەروەك جەنابی سەرۆكیش دووپاتی كردەوە كە نابێت كاندیدەكانی پارتی بەڵێنێك بە خەڵك بدەن كە قابیلی جێبەجێكردن نەبن.
* خاڵێكی دیكە كە پارتی دووپاتی دەكاتەوە بریتییە لەو دەستكەوتانەی لەسەر دەستی ئەم حزبە بەدەست هاتوون و ئەمەش دەكاتە بەڵگەی ئەوەی كە دەتوانێت لە ئایندەدا دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان دەستەبەر بكات، دەكرێت ئەمە زیاتر روون بكەنەوە؟
- لە راستیدا ئەگەر ئێمە لە دەستكەوتەكان بڕوانین، ئەوا گەورەترین دەستكەوتی ئێمە لە رووی مێژووییەوە 48 ساڵ بەر لە ئێستا بەدەستهات، كە دەستكەوتێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو كە مافی ئۆتۆنۆمی بوو، راستە حكومەتی ئەوسای عێراق لە ساڵی 1974دا وەك خۆی رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانی هەڵیبوەشێنێتەوە و ئەم رێككەوتنە بووە بناغەیەك و هەر مایەوە. ئەگەرچی دواتر دوچاری نسكۆ بووین و ئازارمان چەشت و رۆژانی سەختمان بینی. هەروەها دەبێت ئاماژەش بەوە بكەین كە لە ساڵی 1974 بۆ 1975 كاتێك جەنابی مەلا مستەفا رابەرایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی دەكرد، پارتی مافی فیدڕاڵی كردە پڕۆژەیەك، ئەویش بۆ ئەوەی ئەگەر لە داهاتوو گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراقدا كرا، ئەوا ئەو پڕۆژەیە بكرێتە بناغە. دواتر هەموو دەستكەوتەكانی دیكە ئەگەر بە تەنیا لەسەر دەستی پارتیش بەدەست نەهاتبێت، ئەوا پارتی پێشەنگ بوو لە بەدەستهێنانیاندا، بۆ نموونە چەسپاندنی فیدڕاڵییەت لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لە ساڵی 1992، كە ئێمە دەزانین ئەوە جەنابی سەرۆك بارزانی بوو كە بانگەشەی بۆ ئەو مافە كرد. هەروەها جەنابی سەرۆك بارزانی بوو، وەك كەسایەتی و كاریزمایەكی بەهێز و وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن و گرتنەبەری پرۆسەی دیموكراتی كرد وەك شێوازێك بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیدارەی كە حكومەتی بەعس لە كوردستاندا دروستی كرد، كە ئێمە دەزانین ئامانجی حزبی بەعسیش ئەوە بوو كوردستان زیاتر بەرەو هەڵدێر ببات، بەڵام جەنابی سەرۆك بەر لە هەموو كەس لە شاری كۆیە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كرد. دەستكەوتێكی دیكەی پارتی لەسەر دەستی جەنابی سەرۆك بارزانی لە ساڵی 1999دا بوو كە لە پەرلەمان داوای كرد و دواتر بوو بە بڕیار، ئەویش بریتی بوو لەوەی ئاڵای كوردستان لە سەرتاسەری كوردستان هەڵبكرێت و بشەكێتەوە، ئەو كاتەی ئێمە بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانمان دا، خەڵكانێك هەبوو زیاتر بایەخیان بە هەڵكردنی ئاڵای بەعس دەدا. لە ساڵی 2003 و بە شاهێدی هەموو حزبەكان ئەوە سەرۆك بارزانی بوو كە پێداگری كرد لەسەر ئەوەی كە دەبێت دەستوورێكی هەمیشەیی هەبێت و كاتێكیش دەستوورەكە نووسرایەوە، جەنابیان دووپاتی كردەوە كە دەبێت مافی نەك تەنیا كورد، بەڵكو مافی سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی دیكە، بە توركمان و مەسیحی و ئاشووری و كلدان و ئەرمەن و ئێزیدی و.. هتد، لە دەستورەكەدا بچەسپێنرێت و بسەلمێنرێت، هەر جەنابی سەرۆك بارزانی بوو سوور بوو لەسەر ئەوەی كە دەبێت لە دەستوورەكەدا فیدڕاڵییەت بۆ كوردستان دەستەبەر و جێگیر بكرێت، ئەمە لە كاتێكدا خەڵكانێكی دیكە هەبوون داوای فیدڕاڵییەتی پارێزگاكانیان دەكرد. دەستكەوتێكی هەرە گەورەی دیكە كە ساڵی رابردوو ئەنجاممان دا ریفراندۆم بوو، ئەگەرچی ناحەزانی كوردیش ئازاریان داین لەسەری، بەڵام ریفراندۆم بناغەیەكە بۆ مافە ستراتیژییەكانمان، بۆ مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانمان. لەبەر ئەوە ئێمە بە دەستكەوتێكی مەزنی دەزانین، چونكە بۆ یەكەمجار كورد نەك لە مێژووی نزیكی خۆیدا، بەڵكو لە مێژووی دووریدا چووبێتە سەر سندوقی دەنگدان و بڕیار لە چارەنووس و ئایندەی خۆی دابێت، كە رۆژی 25/9/2017یە، كە خودی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی بە تەنیا شانیان دایەبەر بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی ریفراندۆم، واتە راستە كەسانێكی دیكەش لەگەڵیدا بوون، بەڵام بەشداریكردنیان شەرمنانە بوو، دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریش رایانگەیاند كە هەڵە بوون، خەڵكانێكی دیكەش هەبوون دەستیان دایە دەستی داگیركەران و كارێكیان كرد كەركووك داگیربكرێت. خەڵكانێكیش هەبوو پاساویان ئەوە بوو ناكرێت بەرەنگاری سوپای عێراق ببینەوە، بەڵام بۆچی لەو ناوچانەی پارتی لێ بوو، پێشمەرگە توانی گەورەترین لەشكركێشی حكومەتی عێراق تێكبشكێنێت، كە مەبەستم لە داستەكانەكانی پردێ و سحێلا و مەحمودیە و بازاڕگەی مەخموورە، كە هەموو ئەمانەش داستان و سەركەوتنن و لەسەر دەستی پارتی بەدی هاتوون.
* بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم دەستكەوتە گەورە و مەزنانە لەسەر دەستی پارتی، كەچی ئەم حزبە رووبەڕووی ئیرهابێكی فیكری بۆتەوە لە هەندێ ناوچەی كوردستان، ئێوە ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
- هەموو ئامانجی ئەو ئیرهابە فیكرییەی كە رووبەڕووی دڵسۆزانی رێبازی پیرۆزی بارزانی و رووبەڕووی هەڤاڵان و جەماوەری پارتی بۆتەوە، بۆ ئەوەیە كە بمانخەنە شەرمەوە و باسی دەستكەوتەكانمان نەكەین، ئەوەتا رایاندەگەیاند كە بەسە چیتر باسی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول مەكەن، لە كاتێكدا ئەمە شۆڕشێك بوو كە هەموو كوردستان لە سایەیدا یەكپارچە بوو، هەر لە زاخۆوە تاوەكو خانەقین، پرسیارەكەش ئەوەیە ئایا دوای ئەو شۆڕشە كوردستان دوچاری لێكترازان نەبوو؟ ئایا شەڕی براكوژی نەهاتەئاراوە؟ كەواتە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول گۆڕانكاری گەورەی بەسەر كۆمەڵگەی كوردیدا هێنا و ئێمە شۆڕشی گوڵانیش بە تەواوكار و گرێدراوی شۆڕشی ئەیلوول دەزانین. ئێمە لەو كاتەدا و لە سایەی ئەم شۆڕشەدا مافی ئۆتۆنۆمیمان بەدەستهێنا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەستكەوتی حزبەكانی دیكە چی بوو لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا؟ كەواتە تەنیا ئەو كاتەی كورد یەكگرتوو بووە و پارتی پێشەنگ بووە، دەستكەوت و مافەكان بەدەستهاتوون. بەڵام خەڵكانی دیكە كاتێك دێن و دەڵێن ئێوە باسی خۆتان مەكەن، ئەوا وەڵامی ئێمە ئەوەیە كە ئێمە باسی جوانی و سەروەرییەكانی خۆمان دەكەین و ئێوەش باسی دەستكەوتەكانی خۆتان بكەن. كەواتە دەتوانین بڵێین كە پارتی بۆ خزمەتی گەلی كوردستان دروست بووە، لە كاتێكدا لایەنی دیكە بۆ لەناوبردنی پارتی دروست بوون، واتە دوو ئەجێندای زۆر جیاواز هەن، بەڵام دەرئەنجامەكەی بەم شێوەیە بوو: ئەوانەی دژایەتیی پارتییان كردووە، رۆژ بە رۆژ زیاتر بەرەو پووكانەوە دەچن، پارتیش رۆژ بە رۆژ لەگەڵ گەلی كوردستاندا نزیكتر دەبێتەوە لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی لە پێناویدا دامەزراوە، كە ئەوانیش مافە دەستووری و نەتەوەییە رەواكانی گەلی كوردستانە.
* باشە ئێوە رەنگدانەوەی ئەم حاڵەتە لەم سەروەختی هەڵبژاردنانەدا بەدی دەكەن؟
- ئەوەی لە ئێستادا ئێمە زیاتر هەستی پێدەكەین، ئەوەیە كە گەلی كوردستان زیاتر راستیییەكانی بۆ روون بۆتەوە و باش دەزانن ئەوانەی كە دژایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كرد، لە دەرئەنجامدا زیانیان بە گەلی كوردستان و بە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان گەیاند، چونكە ئامانجی زۆربەیان لەناوبردنی پارتی بوو، نەك بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكان، بەڵام سەرەڕای تیروتوانج و برینداركردنی جەستەی پارتی، ئەم حزبە توانیویەتی هەر لە پێشەنگدا بمێنێتەوە و لەگەڵ رێزمدا بۆ لایەنەكانی دیكە، ئێستا پارتی حزبێكی بێ ركابەرە و زۆرترین متمانەی گەلی كوردستانی بەدەست هێناوە.
* باشە پارتی لە ناو حكومەتدا و لە بواری دابینكردنی خزمەتگوزاریدا چی كردووە و دەتوانێت چی بكات؟
- لە راستیدا ئەگەر ئێمە لەو پڕۆژە گەورانە بڕوانین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی پارتی ئەنجامیداوە، دەتوانین ئاماژە بە چەندین كار و خزمەتگوزاری بەرچاو بكەین، بۆ نموونە ئەگەر شاری هەولێر بە نموونە وەربگرین كە ئاوەدانییەكی بەرچاوی تێداكراوە، لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە شەقامە پشتێنەییە بكەین كە دەستپێكرا لە هەولێر، مەبەستم لە شەقامی 120 مەترییە- كە بڕیارە شەقامی 150 مەتریش دروست بكرێت-، كە بینیمان تەنانەت لە سەروەختی قەیران و تەنگژەشدا توانرا بە هیممەتی حكومەتی هەرێم و بە هاوكاریی دڵسۆزان كاركردن تێیدا رانەوەستێت. ئێمە كە لێرەدا ئاماژە بە هەولێر دەكەین، ئەوا راستە هەولێرمان زۆر لا خۆشەویستە، بەڵام شارەكانی دیكەشمان كەمتر لە هەولێر خۆش ناوێت. چونكە لای ئێمە كوردستان یەكپارچەیە و هەموو لە یەك سایە و سێبەردا دەژین. دواتر من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە حكومەتی هەرێمی كاری جددی كردووە بۆ بنیادنانی ژێرخانی ئابووری و لێرەدا بە پێویستی دەزانم رووبكەمە ئەوانەی رەخنە لە سیاسەتی حكومەت دەگرن لە بواری نەوت و غازدا و پێیان بڵێم، پەلەمە مەكەن، ئەم سیاسەتە لە بواری بنیادنانی ژێرخاندا لە ئایندەیەكی نزیكدا دەرئەنجام و دەستكەوتی باشی لێدەكەوێتەوە، واتە ناكرێت ئێمە بە كورتبینی لە مەسەلەكان بڕوانین و ئەو كەسانەی لە سیاسەتدا كار دەكەن، نابێت لە پێناوی لێدان لە پێگەی پارتی خەڵك چەواشە بكەن، ئێمە ئەگەر لە ساڵی 2014دا نەوتمان نەبووایە، چی دروست دەبوو، ئێمە دەرئەنجامەكەی لە 2020 تا 2024 دەبینین و ئێستا ئێمە قەیرانە داراییەكەمان تێپەڕاندووە و سەرقاڵی سڕینەوەی ئاسەوارەكانیشین. دواتر ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ پەیامی جەنابی سەرۆك كە خۆی سەرپەرشتیی دەستپێكی بانگەشەكەی كرد، ئاماژەی بە ئەنجامدانی چاكسازیی گەورە كرد لە دوای ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنانە. ئێستاش ئێمە داوای ئەوە دەكەین كە خەڵك لە رێی دەنگدانەوە پشتیوانی لە پارتی بكەن بۆ ئەوەی پارتی بەهێز بێت، تاوەكو كوردستان بەهێز بێت و كورد لە پەرتەوازەیی و لێكترازان رزگار بكەن و بۆ ئەوەی سیستمێكی حوكمڕانیی ئەوتۆ لەسەر دەستی پارتی –وەك هێزی سەرەكیی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان- بەڕێوەبچێت كە بتوانێت بە باشترین شێوە خزمەت بە ئامانج و ئاواتەكانی خەڵك بكات.
* دیارە مەبەستتان لە رزگاربوون لە پەرتەوازەی و پاشاگەردانی سیاسی، ئەمە خۆی یەكێك لە خاڵەكانی بەرنامەی پارتییە بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵام چ نەخشەڕێگەیەكتان بۆ ئەوە هەیە؟
- هەروەك ئاماژەم پێكرد، تاكە حزبی بەهێز لە گۆڕەپانەكەدا بە پشبتەستن بە جەماوەری كوردستان پارتییە و خۆ ئەگەر هاتوو بە راددەیەكی گەورە خەڵكی متمانەیان پێدایەوە، ئەوا دەتوانێت لە پێگەیەكدا بێت بۆ خزمەتكردنی باشتری خەڵك. خۆ ئەگەر دیمەنە سیاسییەكەش پەرتەوازیی زاڵ بێت بە سەریدا و 10 بۆ 12 حزب لە گۆڕەپانەكەدا بن، ئەوا هیچیان ناتوانن لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا باڵادەست بن، ئەو كاتە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت درێژە دەكێشێت و حزبەكانیش زیاتر موزایەدە لەسەر یەكتر دەكەن، چونكە هەمیشە حزبی بەهێز لە دەرئەنجامی ململانێی دوو یان سێ حزبی گەورە دێتەئاراوە، هەروەها ئەزموونی وڵاتانی جیهان ئەوەی سەلماندووە كە بوونی 10 حزبی بێهێز لە گۆڕەپانەكەدا حكومەتێكی بێهێزی لێدەكەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەمانەوێت خەڵك دڵنیا بكەینەوە، كە پارتی لە سەدا 90ی دەنگەكانیش بەدەست بهێنێت، بە تەنیا حكومەت پێكناهێنێت، ئەوەتا لە هەڵبژاردنەكەی پێشوودا پارتی 38 كورسی هێنا، بەڵام زۆر كەمتر لە ئیستیحقاقی خۆی وەزارەتی وەرگرت بە وەزارەتە گرنگەكانیشەوە، وەك وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی كە بە دەستی گۆڕانەوە بوو، تەنانەت ژمارەی وەزیرەكانی پارتی زیاتر نەبوون لە ژمارەی وەزیرەكانی لایەنەكانی دیكەش. ئەمەش لە سۆنگەی ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە پارتی پێیوایە كوردستان نیشتمانی هەمووانە و هەرگیز پارتی نەیویستووە تاكەحزب بێت و تاكڕەوی بكات لە حوكمڕانیدا، بەڵام بە راستی دەمانەوێت ئەوەندە بەهێز بین كە كەسانێك نەتوانن كودەتا بەسەر شەرعییەتدا بكەن، یان كەسانێك بوێری ئەوە بكەن لە پێناوی بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی بچن لەگەڵ داگیركەرانی كوردستان رێككەوتن بكەن، بۆ ئەوەی دەستیان رابكێشن تاوەكو جارێكی دیكە كوردستان داگیربكەنەوە، یان لە ناو پەرلەمان كودەتا بەسەر شەرعییەتدا بكەن.
* باشە ئێوە وەك بەرپرسی لقی دوو پێتانوایە ئەدای پارتی لە هەولێردا چۆن دەبێت لە هەڵبژاردنەكاندا؟
ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە ئەوەیە كە ئێمە خەڵكێكی زۆر دەبینین لە سنووری پارێزگای هەولێر و لقەكەمان كە بە پەرۆشیەوە ئامادەن بەرەو سندوقی دەنگدان بچن و دەنگ بە لیستی 183 بدەن، چونكە هەولێر خەسڵەت و تایبەتمەندێتییەكی ئەوتۆی هەیە كە هیچ كەسێك ناتوانێت هەولێر لە پارتی و بارزانی جیابكاتەوە، ئەمە دەمارگیری نییە، ئەمە هەڵقوڵاوی خواست و ویستی خەڵكەكەیە، چونكە خەڵكی دیكەش هەن لە هەولێر كە رێزیان لێدەگێرێت و لەم روانگەیەوە ئێمە پێمانوایە ئەگەر هەموومان بۆ بەرژەوەندیی باڵای كوردستان بە یەك رۆحییەت كار بكەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەموومان لەم وڵاتەدا جێمان دەبێتەوە و دوژمنیش ناتوانێت زەفەرمان پێ ببات. مەبەستم ئەوەیە كاتێك هەموومان بۆ ئامانجێكی نەتەوەیی تێبكۆشین، ئەوا دەبێت دەست لە ناو دەست بە یەكەوە بین.
Top